بەهێ حامید بەگی جاف
بەهێ جاف، کچی حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشای جافە. باوکی لە 1924 قایمقامی هەڵەبجە بووە. بەهێ جاف لە ساڵی 1925 لە هەڵەبجە لەدایکبووە. یەکەم کچ بووە، لە ساڵی 1932 چووەتە قوتابخجانەی کوڕان بۆ خوێندن.
بەهێ لە ماوەی تەمەنیدا و لە هەموو گەشت و سەفەرەکانیدا تەنیا جلی کوردی و سەروبەستەی دەستووری جافی پۆشیوە. ئێستاش ماوەی 30 ساڵە لە لەندەن دەژی و بەردەوام بە جلی کوردییەوە دەردەکەوێت.
بەهێ حامید بەگی جاف، ژنێکی نیشتمانپەروەر بووە، لە چەندین کۆڕی هۆنەر و ئەدەبیدا بەشداری کردووە و هەمیشە خاک و نیشتمانی خۆشویستووە، لە بەرەوپێشچوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە و ئامادەیی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بووە، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان بووە و لەگەڵ هۆنەردا پەیوەندی هەبووە و بە زمانی هۆنەران دەدوا و هۆنراوەی بەشێکی بەرچاوی هۆنەرە کوردەکانی لەبەرە.
لە ئێستادا ئەم ژنە کۆڵنەدەرە کە تەمەنی گەیشتووەتە نزیکەی 100 ساڵ لە دەرەوەی کوردستان و لە وڵاتی بەریتانیا دەژی، گەرچی لە ئێستادا چاوەکانی لە دەستداوە، بەڵام خۆشبەختانە ڕووداوە مێژووی و یادگارییە مێژووییەکانی لە بیر و هزریدا ماوەتەوە و لە زاری خۆیەوە دەیان گێڕێتەوە، وەک مێژوویەک باسی خەباتی تێكۆشانی خۆی دەکات کە چۆن ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرستییە بووەتەوە کە نابێت ژن خوێندەوار بێت.