ئەوڕەحمانی حاجی مارف

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٩:٣٦، ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

زانا و نووسەر و زمانزان و زمانناسی مەزنی کورد (ئەوڕەحمانی حاجی مارف) ، نیو سەدە بێ پسانەوە کونجکاو بەدوای وشەی کوردی و خجڵی کاری زمانەوانی، ئەمێستاش لەنێو وشە و قەڵەمی هەمووماندا دەژیت، یەکێکە لە سەرچاوە و کۆڵەکە سەرەکی و پتەوەکانی زمانی کوردی، بە نووسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان و سەرنجەکانی خزمەتێکی گەورەی پێشکەش بە نەتەوەکەی کردووە و لە زۆربەی لایەنەکانی زمان دواوە و گەلێک دیوی شاراوەشی دەرخستوون و پەردەی لەسەر هەڵماڵیون و ساغیکردوونەتەوە.

249171231 .jpg

زانای گەورەمان (ئەوڕەحمانی حاجی مارف) لە دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەییدا، بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن ڕوو لە وڵاتی ڕووسیا دەکات، سێزدە ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و بە هەوڵ و کۆشش و توانستی خۆی لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرە گەورەکانی جیهان زمانی ڕووسی فێردەبێت. لە زانکۆی (لینینگراد) بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماجستێر بەدەستدەهێنێت، دواتریش لە (ئامۆژگاری ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای سۆڤیەتی لینینگراد) بە هاوکاری مامۆستا کوردەکەی پڕۆفیسۆر (قەناتی کوردۆ - کوردۆیف) ، کە کەڵک و قازانجێکی زۆری لێبینیوە و بۆ ئەو پاڵپشتێکی بەهێز بووە، نامەی دکتۆرایەکەی لەبارەی (مێژووی فەرهەنگنووسیی کوردی و شێوازی دانانی فەرهەنگی ڕووسی-کوردی) تەواودەکات و بڕوانامەی دکتۆراش بەدەستدەهێنێت.

لە ساڵی (1973) دا دەگەڕێتەوە و نیشتمان و لە کۆڕی زانیاریی کورد و زانکۆکانی: (سلێمانی و ئیبن ڕوشد و خانەقین) قۆڵی خزمەتکردن هەڵدەکات و وانە بە قوتابییانی بەکالۆریۆس و ماجستێر و دکتۆرا دەڵێتەوە و سەرپەرشتی دەیان نامەی ماجسێر و دکتۆرای کردووە، ئاریکار و هاندەری گەورەی قوتابییە کوردەکانی بەشی کوردی بووە لە شاری بەغدا و پاڵپشتێکی بەهێزیان بووە، هەروەها لە کۆلێژی پەروەردەی (ابن رشدی) زانکۆی بەغداو کۆلێژی ئادابی زانکۆی گەرمیان وانەی دەوتەوە.

لە ماوەی ژیانیدا زیاتر لە بیست پەڕتووک و سەدان وتار و لێکۆڵینەوە و چەندین پەڕتووک و وتاری وەرگێڕراوی لە بارەی زمان و ئەدەب و کوردناسی و ڕەخنە و فەرهەنگنووسی پێشکەش بە پەڕتووکخانەی کوردی کردووە و ئەو بەرهەمانەش گرنگی و تایبەتیی خۆیان هەیە و بوون بە هەوێنی چەندان پەڕتووک و وتار و توێژینەوەی دیکە، کە بڕواناکەم نووسەرێک لە سەردەمی ئەو و دوای ئەویش هەبووبێت، دوو قسەی لەسەر زمانی کوردی کردبێت و سوودی لە نووسین و بیروڕایەکانی ئەوڕەحمان وەرنەگرتبێت، ئێستاش نووسینەکانی لە قوتابخانەکان و زانکۆکان دەخوێنرێن و نرخ و بایەخی تایبەتییان هەیە، بە جۆرێک زۆربەی هەرە زۆری خاوەن قەڵەم و خوێندەوارانی ئەم وڵاتە مشتێک لە خەرمانی زۆر و زەوەندی ئەم کەڵە زانایەیان بەرکەوتووە، بەرهەمەکانی پڕن لە داهێنان و بابەتی نوێ، بەردەوام ملی داوەتە بەر ئەو لایەنانەی زمان، کە قسەیان لەسەر نەکراوە یان کەمترین سەرچاوەیان لەسەر هەیە و پەڕتووکخانەی کوردی پێویستی پێ هەبووە. لە ڕێگەی وەرگێڕانیشەوە دەیان کوردناس و زمانناس و کەڵەنووسەری جیهانی بە خوێنەرانی کورد ناساندووە.

0002 (16654).jpg

دوای تەمەنێک لە نووسین و خزمەت و خەمخۆری، کاروانی خزمەتی ئەو کەڵە زانایەمان بەردەوام دەبێت و بڕیاری کارێکی درێژخایەن وەکوو دانانی فەرهەنگێکی کوردی-کوردی دەدات، کە خەونێکی لە مێژینەی خۆی بووە و ماوەیەک بەتامەزرۆییەوە خەریکی فەرهەنگەکە دەبێت، بەڵام نەخۆشی بەرۆکی دەگرێت و تا ڕادەیەک لە کاری فەرهەنگەکە دووری دەخاتەوە، دواجاریش مەرگ مەودای تەواوکردنی فەرهەنگەکەی پێنەدا. فەرهەنگەکەی ناوی میدیای لێنابوو، خۆی لە بیست و پێنج بەرگدا دەبینییەوە و بە ڕێوشوێنێکی زانستیی فەرهەنگنووسی دایڕشتبوو و بە پشتبەستن بە یاسا و دەستوورەکانی بواری فەرهەنگسازی وشە و واتایەکانی تۆمارکردبوون و لەسەر هەمان ڕێچکەی فەرهەنگەکەی عەبدولڕەحمانی زەبیحی (قاموسی زبانی کوردی) دەڕۆیشت. مخابن (میدیا) ش وەک فەرهەنگەکەی زەبیحی بە نامورادی سەرینایەوە.

ئەوڕەحمانی حاجی مارف نزیکەی چل ساڵ وەک خزمەتکارێکی شارەزا و دڵسۆز شەو و ڕۆژی لێکگرێداوە و لێرە و لەوێ بە وشە و هەڵوێست خزمەتی نەتەوەکەی کردووە، ئەوەتە خاکییانە و لەخۆبوردوانە نووسیویەتی: (کۆڵەوارم و هەر هێندەم لە دەست دێت، خۆزگە کاری گەورەم لە باردا بووایە، خەجاڵەتی قاپیی دڵسۆزی میللەتەکەمم، کە هێندە دڵپاک و لەخۆ بووردوون، دەست بە ڕوومەوە نانێم ئەو جۆرە دیاریانەم لێ وەرگرن) .

لە شەوی 7\08-07-2007 بە کارەساتێکی دڵتەزێن بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی پاکی سپارد و لە دەست نەتەوەکەی چوو، زمانەکەمان پێویستی زۆری بەم زانایە مەزنە مابوو، هێشتا چەندین مەڵۆ و شارای دیکەی لە باوەش بوو بیانخاتە سەر خەرمانی زانستیی کارەکانی، تا گەلێک مەسەلە و کێشەی دیکەی زمانی کوردیمان بۆ ڕوون و یەکلابکاتەوە.

دانەبڕان و درێژەدان بە کاروانی خزمەتەکانی جوانترین وەفایە پێشکەش بەو پیاوە مەزنەی دەکەین، پێویستیشە لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار و دڵسۆزانەوە، لە ئاست خزمەتە بەرچاوەکانیدا ساڵانە یادی ئەم زانایە بکرێتەوە، پەیکەرێکی شایستەی لە بەردەم کۆلێژی زمان یان کۆڕی زانیاریی کورد بۆ چێبکرێت، هەروەها ئاوڕ لە بەرهەمە چاپ نەکراوەکانی بدرێتەوە و کار بۆ چاپکردنیان بکرێت، بەرهەمە چاپکراوەکانیشی دووبارە چاپ بکرێنەوە، کە هەموویان سەرچاوەی پێویست و گرنگن. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی (ئەوڕەحمانی حاجی مارف) گۆڕەکەی شاد و پڕ نوور بێت.

ھەندێک لە پەڕتووکە چاپکراوەکانی بریتییە لە:

  • چی لەبارەی زمانی کوردییەوە نووسراوە، بەغدا 1974
  • وشەی زمانی کوردی، کۆڕی زانیاری کورد، 1975
  • وشە ڕۆنان لە زمانی کوردیدا، کۆڕی زانیاری کورد، 1977
  • ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-ناو) ، کۆڕی زانیاری عێراق، 1979
  • نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی، ھەولێر 1986
  • ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-جێناو) ، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا 1987
  • لە بواری فەرھەنگ نووسیی کوردیدا، بەغدا 1987
  • ڕابەری سەرچاوە لەبارەی زمانی کوردییەوە، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا 1989
  • ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-ئاوەڵناو) ، کۆڕی زانیاری عێراق، بەغدا 1992
  • کرداری کارا دیار و کرداری کارای بزر لە زمانی کوردیدا، یەغدا 1994
  • ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-ژمارە و ئاوەڵکردار) ، کۆڕی زانیاری عێراق، بەغدا 1998
  • ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-کردار) ، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی 2000
  • مشتێک لە فڕوفێڵی پەڕتووکی «چەند ئاسۆیەکی تری زمانەوانی»، بەغدا 2005


سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە: 1-بەرهەمە زمانەوانییەکانم، ئەوڕەحمانی حاجی مارف، بەرگی یەکەم سلێمانی، 2002. 2-بەرهەمە زمانەوانییەکانم، ئەوڕەحمانی حاجی مارف، بەرگی دووەم، سلێمانی، 2004. 3-نیوسەدە لە ژیان و زانستی پڕۆفیسۆر ئەورەحمانی حاجی مارف، نەریمان عەبدوڵڵا خۆشناو و حەمید ئەبوبەکر بەدرخان، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان، هەولێر، 2007. ئامادەکردنی: دادیار ئازاد[١]

  1. سەرچاوە: نەورۆز کۆم