سه‌رنجێكی خێرا له‌سه‌ر سێ غه‌زه‌لی (مه‌حوی)

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٩:٣٩، ١ی تەممووزی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «نووسینی: '''عادل قادری''' وێنۆک '''مه‌حوی''' بێگومان به‌شێكی بوون و زمانی له‌ ده‌ور و ته‌وه‌ری میتافیزیكی ئیسلامی سووڕاوه‌ته‌وه‌ و مانا و مه‌به‌ستی شیعره‌كانیشی له‌و ئاراسته‌دا بوون. ته‌نانه‌ت باسكاریی شاعیر له‌م شیع...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: عادل قادری

Ima6620ges (23).jpg

مه‌حوی بێگومان به‌شێكی بوون و زمانی له‌ ده‌ور و ته‌وه‌ری میتافیزیكی ئیسلامی سووڕاوه‌ته‌وه‌ و مانا و مه‌به‌ستی شیعره‌كانیشی له‌و ئاراسته‌دا بوون. ته‌نانه‌ت باسكاریی شاعیر له‌م شیعره‌ی خواره‌وه‌دا جیاوازه‌ و وه‌ك ئانتی تێزێك ده‌چێت له‌ هه‌مبه‌ر كۆمه‌ڵێك كردار و مانا له‌و قه‌واره‌ و پێكهاته‌دا:

  • له‌م به‌حری فیتنه‌ به‌ڵكی نه‌جاتت بدا خودا
  • داوێنـی باخودا بـگره‌، بـه‌رده‌ ناخـودا
  • بێ كه‌س منم، كه‌سێ له‌ زوبانم بگا نییه‌
  • هه‌مده‌م خودا نه‌ناسن و ده‌م پڕ له‌ یاخودا
  • عه‌هد و وه‌فایه‌ سوخره‌یی به‌دعه‌هدی و جه‌فا
  • هه‌ر ما به‌ دادی ئه‌هلی وه‌فادا بگا خود

ا وه‌ك له‌م سێ به‌یته‌یدا هاتووه‌ شاعیر جیاكارییه‌ك ده‌كا له‌ نێوان دوو چه‌شنه‌ له‌ خوداپه‌رستان كه‌ یه‌كیان خوداپه‌رستانی راسته‌قینه‌ن و ئه‌وی تریان خودانه‌ناسانن. بێگومان مه‌به‌ستی مه‌حوی له‌ خودانه‌ناس خودا نه‌په‌رستان نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و تاقمه‌یه‌ كه‌ به‌ رواڵه‌ت خودا ده‌ناسن و راستیی خودا (به‌و واتایه‌ی كه‌ له‌ گوتاری عیرفانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا باو بووه‌) ناناسن. لێره‌دا شاعیر رێی فام و په‌رستش و مه‌عریفه‌ی خۆی له‌ لایه‌نێك كه‌ ده‌كرێت به‌ ئه‌ویدی ناوی ببه‌ین جیا ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر له‌ درێژه‌دا مه‌حوی ئه‌م ئه‌ویدییه‌ ده‌خاته‌ شوێنگه‌یه‌كی ئیستاتیكی و جوانیناسانه‌وه‌ و ده‌ڵێ:

  • لوتفێ به‌ حاڵی من كه‌، وتم، ئه‌و وتی به‌ قار
  • تۆ شۆخی باخودا و ئه‌من شۆخی ناخودا

دواتر له‌ درێژه‌دا و له‌ دوا به‌یتی ئه‌م غه‌زه‌له‌دا شاعیر زایه‌ڵه‌ و ئاواز و پێكهاتێكی فه‌لسه‌فی-عیرفانی ده‌دات به‌ شیعره‌كه‌ی:

  • تـا زوڵمه‌تی وجـووده‌ تـه‌ریكی لـه‌ نووری عیشق
  • سێبه‌ر نه‌ما هه‌تاوه‌ كه‌ (مه‌حوی) نه‌ما، خودا

ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌و شیعرانه‌ی مه‌حوی بوو كه‌ به‌ تێمی زاڵی عیرفانی و تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ شه‌ریعه‌ت و عیرفان و فه‌لسه‌فه‌ و بن مایه‌یه‌ك له‌ عیشق هۆنراوه‌ته‌وه‌.

وشیاری زمانیی مه‌حوی و كاره‌كته‌ری چه‌ند زمانه‌بوونی مه‌حوی

له‌ روانگه‌ی رێبازه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی مۆدێرن و پۆست مۆدێرنه‌وه‌ "زمان" بنه‌وا و بنچینه‌ی پێكهات و ناوه‌ڕۆكی ده‌ق، دانه‌ر یان راوی و خوێنه‌ره‌. لێره‌دا نامه‌وێ باسی روانینه‌كانی ده‌روونشیكاریی بۆ زمان و رۆڵی شوناسمه‌ندانه‌یه‌ك كه‌ بۆ زمان قایلن، بكه‌م و هه‌روه‌ها ناپه‌رژێمه‌ سه‌ر روانینه‌ مه‌عریفه‌تناسانه‌ و فه‌لسه‌فییه‌كان بۆ زمان كه‌ له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مه‌وه‌ به‌ جۆرج ئیدوارد مۆره‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد و به‌ناو هایدیگه‌ر و هوسرێل دا تێپه‌ڕی له‌ لای ڤیتگینیشتاین و به‌رتراندراسێل و هه‌روه‌ها گوتلوب فیریگه‌ گیرسایه‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ باس و خواسگه‌لی رژد و چاره‌نووسسازن له‌ پانتای بوون و مه‌عریفه‌تناسی و شوناس و ده‌قدا، به‌ڵام لێره‌دا كاتی ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ سۆنگه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌مانه‌وه‌ جیهانی زمانیی مه‌حوی بخرێته‌ به‌ر كۆڵشت و خوێندنه‌وه‌وه‌. لێره‌دا ته‌نیا غه‌زه‌لێكی شاعیر كه‌ له‌ نۆ به‌یت پێكهاتووه‌ و به‌ سێ زمانی فارسی و كوردی و عه‌ره‌بی هۆنراوه‌ته‌وه‌، ده‌خه‌مه‌ به‌رباس و خوێندنه‌وه‌وه‌.

  • یار از وفا گژشت بر این كشته ی جفا
  • شد مشهدم ز مقدم او روچه ی صفا

واته‌ یار له‌ سۆنگه‌ی وه‌فاداریی و به‌ هۆی به‌سیفه‌تبوونیه‌وه‌ هاته‌ سه‌ر ئه‌م كوژراو و شه‌هیدكراوه‌ی جه‌فا و غه‌دری خۆی، به‌ هۆی ئه‌م به‌سه‌ركردنه‌ی یاره‌وه‌ شوێنگه‌ی كوژران و شه‌هاده‌تگاهم بوو به‌ گوڵزار و باخێكی ناودار و باسه‌فا، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی پێقه‌ده‌می ئه‌فسووناوی ئه‌وه‌وه‌.

  • چون در قفاش دل شده گانش نمی فتند
  • كاكل كمند جان و دل افگنده بر قفا

واته‌ كاتێك كه‌ كاكۆڵ و زوڵفی په‌پكه‌ خواردووی یار بووه‌ به‌ كه‌مه‌ند و داوگه‌ی گیانی ئه‌ڤینداران و دڵ به‌داوانی، ئیتر چۆن دۆسته‌ دڵ دۆڕاو و دڵڕۆشتووه‌كانیشی دڵ به‌داو و گیرۆده‌ی داو و كه‌مه‌ندی نه‌بن؟!

  • كوردی، زوبانی ئه‌سڵمه‌ گه‌ر ته‌ركی كه‌م به‌ كول…
  • بۆ فارسی، به‌ كوللی ئه‌من ده‌بمه‌ بێ وه‌فا

له‌م غه‌زه‌له‌دا مه‌حوی پاش هۆنینه‌وه‌ی دوو به‌یتی فارسی كه‌ تێیدا وه‌فای عاشقانه‌ی جنوون ئامێزی تێدا ره‌نگڕێژی كراوه‌، به‌یتی سێیه‌م به‌ زمانی كوردی و له‌وه‌ش گرینگتر به‌ ئاماژه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌ ره‌سه‌نبوونی ئه‌و زمانه‌ لای مه‌حوی و بوونمه‌ندی مه‌حوی له‌ قه‌واره‌ی ئه‌و زمانه‌دا، ده‌ست پێ ده‌كات. له‌ به‌شی دووه‌می ئه‌م به‌یته‌دا زمانی فارسی وه‌ك ئه‌ویتر زمانی كوردیی پێناسه‌ ده‌كات و وه‌فاداری بۆ زمانی كوردی له‌ هه‌مبه‌ر فارسیدا باس ده‌كات. له‌ دوو به‌یتی پێشوودا وه‌فا لایه‌نی عاشقانه‌ و هه‌سته‌وه‌رانه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ كوردییه‌كه‌دا به‌ له‌هه‌مبه‌ر دانانی كوردی و فارسی وه‌ك دوو زمان و یاری و بوونی جودا لایه‌ن و ره‌هه‌ندی شوناسمه‌ندانه‌ ده‌دات به‌ وه‌فا.

ئه‌م غه‌زه‌له‌ش لایه‌نێكی تری دنیای فره‌ره‌هه‌ند و پارچه‌ پارچه‌بووی حه‌زره‌تی مه‌حوی ده‌خاته‌ روو. لێره‌دا درێژه‌دادڕی ناكه‌م و ته‌نیا فایلێك بۆ خوێنه‌ران ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ دواتر خۆیان ده‌توانن دوای ئه‌و فایله‌ ماناییه‌ی جیهانی مه‌حویی بكه‌ون و له‌ ژێر تیشكی ئه‌م نیگایه‌دا هه‌ڵیسه‌نگێنن. دوا غه‌زه‌لێك كه‌ لای من زۆر شیاوی سه‌رنجدانه‌ و هه‌ڵگری ماناگه‌لی فه‌لسه‌فی و تێمی نیهیلیزمه‌ و لێره‌ سه‌ره‌داوێكی ده‌كه‌مه‌وه‌ ده‌رخه‌ری ئیراده‌ی مه‌حوی وه‌ك بگێڕ(راوی)ێكه‌ كه‌ دنیا لای ئه‌و گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغی پووچی و نیهیلیزم و ئه‌م ئاره‌زووی تۆزقاڵه‌بوون یان ورده‌ هه‌بوونێكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كار و كارایی دا تا مانای بوونی خۆی له‌ رێچكه‌ی نیهیلیزمدا ببینێته‌وه‌. نیهیلیزم لێره‌دا به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی زۆر به‌ چه‌واشه‌ و كاڵ لێی تێگه‌یشتوون، مانایه‌كی باش و ئه‌رێنی هه‌یه‌، واته‌ نیهیلیزم ئه‌و دۆخه‌ وجوودی و رۆحییه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ تێیدا پرسیاری قه‌به‌ و گه‌وره‌ ده‌ور و ته‌نیشتی ته‌نیوه‌ و نیهیلیزم ئه‌و ئیراده‌یه‌یه‌ كه‌ به‌ دوای ئاكام و ده‌رئه‌نجامی پرسیاره‌كانیدا له‌ هه‌رچی شۆڕش و یاخیگه‌ری له‌وانه‌ش شۆڕشی میتافیزیكی و كۆمه‌ڵایه‌تی و وجوودی خۆی نابوێرێت. نیهیلیزم لێره‌دا به‌مانا ئالبێر كامۆییه‌كه‌ی ئه‌و بۆشایی و قڕۆڵاییه‌یه‌ كه‌ به‌ دووی پڕبوونه‌وه‌ به‌ ناوكی مانا و قووڵایی و بارستایی پرسیاردایه‌. ده‌قی شیعره‌كه‌ (كه‌ هه‌ندێ به‌یتی وه‌ك پرسیار ده‌ركه‌وتووه‌) من لێره‌دا ته‌نیا ده‌یهێنمه‌وه‌:

  • له‌ ناكه‌س كارییا، خاكم به‌سه‌ر، رۆیی به‌ با عومرم
  • خودا! تۆ بمژیێنه‌ تا له‌به‌ر قاپی كه‌سێ ده‌مرم
  • به‌زایع چوو له‌ "ما لا یعنی” یاوه‌قتم هه‌موو، یه‌عنی…
  • ده‌بێ وه‌قتێ له‌ "بوالوقت”ێ بخوازم دا تیا بمرم
  • ئه‌جه‌ل ده‌ورم ده‌دا: حازر به‌، واده‌ی ده‌ور و ته‌سلیمه‌
  • منی غه‌فڵه‌ت زه‌ده‌ هێشتا خه‌ریكی مه‌سئه‌له‌ی ده‌ورم
  • خه‌یاڵی پووچی دنیا وا ده‌ماغ و دڵمی پێچاوه‌
  • قیامه‌ت، هه‌ر مه‌گه‌ر رۆژی قیامه‌ت بێته‌وه‌ فكرم
  • له‌ پێ كه‌وتووم و نه‌فسم بۆ هه‌وا ده‌شنێ وه‌كو منداڵ
  • له‌به‌ر پیری سه‌رم خۆی ناگرێت و تازه‌ پێ ده‌گرم
  • چیه‌ سووچ و گوناهی؟ بۆچی ده‌یكاته‌ جه‌زاخانه‌؟
  • له‌ قه‌بر هه‌ڵكه‌ن، هه‌تا رۆژی جه‌زا ده‌عوا چییه‌ قه‌برم
  • سبه‌ینێ ”یوحشیرولمه‌رئه‌”، براگه‌ل فرسه‌ته‌ ئه‌مڕۆ
  • ته‌به‌ڕڕا بن له‌ من، با كه‌س نه‌بێ حه‌شری له‌گه‌ڵ حه‌شرم
  • له‌ من نازانم ئیتر نه‌فسی به‌دخوو چی ده‌وێ مه‌حوی
  • كه‌ به‌دكردار و به‌دڕه‌فتار و به‌دئه‌فكار و به‌دته‌ورم

سه‌رچاوه‌كان:

1-دیوانی مه‌حوی، لێكۆڵینه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی: مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم. ئینتشاراتی كوردستان، ساڵی چاپ 1379.