ئاژەڵەکانی ناوچەی سەقز

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٢:٠٩، ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

ناوچەی سەقز به هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی تایبەت به خویەوه و له هەمان کاتدا ڕووبەری زۆر و بەربڵاو و شاخاوی بوونی و هەروەها به هۆی ئەوەی که چەندین چەم وسەرچاوەی ئاوی گەورەی کوردستان و هەزاران کانی و ڕووبای گەوره و بچووکی تێدا هەڵکەوتوه، بووەته هۆکاری ئەوەی دەیان ئاژەڵ و گیان لەبەری تایبەتی و دەگمەن لەم ناوچەدا بوونیان هەبێت که ناوەندی هەواڵنێری سەقز لێرەدا هەوڵ ئەدات گرینگترین ئاژەڵەکانی ناوچەی سەقزتان پێ بناسێنێت.

305833Image1.jpg

ورچ

ئاژەڵ‌‌ یەکێک له ئاژەڵه کێوی ناوچەی سەقز ورچه، که به تایبەتی له سەرشیو و گەورک، له چاو باقی ناوچەکان زیاتره و له نێو ئەشکەوت و بناری کێو و ناوچە شاخاویەکانی سەقز ورچ به زۆری بوونی هەیه و ئەم ئاژەڵه تەنانەت له چیرۆک و ئەفسانەکانی دانیشتوانی ناوچەی سەقزدا له دێر زەمانەوه تا ئێستا ڕەنگی داوەتەوه و له سەر ئەم ئاژەڵه سامناکه دەیان گۆرانی فلکلۆر و چیرۆکی خۆش تۆمار کراوه. ورچەکانی ناوچەی سەقز له کاتی شەڕ و یاری کردندا له سەر پێ دەوستن و بەرزترینیان که تا ئێستا بینراوه، پتر له 3 میتر و نیو بوه. قورسایی ورچەکانی سەقز له نێوان 100 تا 250 کیلۆیه و ئەم ئاژەڵه پێش ئەوەی بچێته خەوی زستانی، زۆرترین کێشی هەیه، چونکا دەبێ بڕێکی زۆر چەوری و بەز بۆ خەوی زستانی له لەشیدا کۆ کاتەوه. ورچەکانی ناوچەی سەقز زۆرتر به تەنها دەژین و کەمتر ڕوویداوه که کەسێک ئەوان به کۆ لەم ناوچەدا ببینێت و ئەگەریش پێکەوه بینرابێتن لەگەڵ بەچکەکانیاندا بوون که هەندێک جار تا ماوەی 2 ساڵ لەگەڵ خۆیان دەیگێڕن. بەچکه ورچەکان زۆر بچووکن و کێشی ئەوان تەنها نیو کیلۆیه و تا دەگەنه یەک مانگی چاویان ناکرێتەوه و بەسراوه. له ناوچەی سەقز ورچەکان جگه له مرۆڤ هیچ دوژمنێکی دیکەیان نیه و دەکرێت بڵێین که ئەوان وەکوو به هێزترین ئاژەڵی ناوچەی سەقز دەژمێردرێن. ورچەکانی ناوچەی سەقز هەر چەند زۆرتر حەزیان له گۆشته، بەڵام به هۆی ئەوەی ڕاو کردنی ئاژەڵه بچووکەکان بۆیان زەحمەته، زۆرتر گژ و گیا دەخۆن و گەڵای دارەکانیشیان پێ خۆشه و ئەگەر بۆیشیان هەڵکەوێت پەلاماری کەنووی هەنگوین ئەدەن و له وەرزی بەهارانیشدا زۆر جار دێن بۆ چەم و ڕووبارەکانی سەقز و زگیان به ماسی تێر ئەکەن.زۆر جار بیندراوه ورچەکانی ناوچەی سەقز کاتێک برسی دەبن یا بریندارن، یاخی دەبن و پەلاماری مرۆڤ یان مەڕ و ماڵاتی خەڵک ئەدەن و زەرەر به خەڵک دەگەێنن.‌

بەراز

ئاژەڵ‌‌ یەکێکی دیکه له ئاژەڵه بە نێوبانگەکانی ناوچەی سەقز بەرازه. ئەم ئاژەڵه زۆرتر له ناوچەی سەرشیو و دەشتی شلێر بوونی هەیه و له هەمان کاتدا که گیان لەبەرێکی پیس و پۆخڵ و حەرام گۆشته، زۆر جار به هۆی وشکه ساڵی و هەروەها زۆر بوونیان به هۆی زا و زێ کردن له نێویاندا، هێرش دەکەنه سەر زەوییه کشت و کاڵییەکانی ناوچەی سەرشیوی سەقز و زەرەر و زیانێکی گەوره به جوتیارانی ئەم دەڤەره دەگەێنن. بەرازەکانی ناوچەی سەقز زۆرتر ڕەنگیان خۆڵە مێشی، قاوەیی و ڕەشه و هەروەها درێژیان له نێوان 1 میتر تا 1 میتر و نیوه و باڵایان له سەر شانیانەوه تا سەر زەوی 90 سانتیمێتر دەبێت و قورسایی و کێشیان له نێوان 60 تا 70 کیلۆیه. بەرازە نێرەکانی دەشتی شلێر و ناوچەی سەرشیو زۆرتربه شێوەی گەله دەژین و هەر گەله بەرازێکی نێر لەم ناوچه له 20 سەر پێک هاتوه، بەڵام زۆر جاریش دانیشتوانی ئەم دەڤەرانه، گەله بەرازی نێریان بینیوه که له 50 سەر پێک هاتون. بەرازه مێوەکانیش زۆرتر به شێوەی 3 تا 4 سەری لە گەڵ بەچکەکانیان دەگەڕێن و شایانی ئاماژەیه که بەرازه نێرەکان لەگەڵ مێکاندا ناگەڕێن و تەنها ساڵی 2 یا 3 جار و له کاتی جووت بووندا پەیدا دەبنەوه. بەرازکان تەنها به شەودا دەگەڕێن و لە گەڵ دەسپێکی شەو هەتا بەری بەیان خەریکی خواردن و لەوەڕ و تاڵان کردنی مەزرا و دەر و دەشتەکانی سەقزن و هەر شتێکیان بەر دەست کەوێت له گژ و گیا و ڕیشە و گەڵای دارەکانەوه بگره هەتا هەموو جوره دانەوێڵە و میوه و سەوزی و کەلاکی تۆپیو و تەنانەت مشک و مێلووره و قۆلانچه و.... ڕەحمی پێ ناکەن و دەیخۆن. بەرازەکان به هەڵکەندن و قووڵ کردنی زەوی، هێلانه و شوێنی پشوودان بۆ خۆیان و بەچکەکانیان درووست دەکەن و هەندێک جاریش بینراوه که له ئەشکەوت و بناری کێوەکان هێلانەیان چێکردوه. بەرازەکانی ناوچەی سەقز زۆرتر له نێوەڕاستی زستاندا زاوزێ دەکەن و له کات و وادەی جووت بووندا 3 تا 5 سەر بەرازی نێر و مێ پێکەوه دەگەڕێن و دەبێ ئەوەیش بڵێین که له دەورانی جووت بووندا بەرازەکان له چاو پێشوو زۆر کەمتر شت دەخۆن و دەلەوەڕن بەڵام زۆرتر ئاو دەخۆنەوه. وادەی زەیسانی بەراز 4 مانگه و پاش ئەم ماوه له نێوان 8 تا 12 بەچکەی دەبێت. له ناوچەی سەقز سەرەکیترین دوژمنی بەراز، گورگەکانن و زۆر جار بنیراوه که گەله گورگ، هێرشیان کردوەته سەر بەرازەکانی ئەم ناوچە و بەچکەکانیان خواردوون.

گورگ

ئاژەڵ‌‌ دەتوانین به دڵنیاییەوه بڵێێن که گورگ له هەموو ناوچه و گوندەکانی دەڤەری سەقز بوونی هەیه و کەمتر هاوڵاتیێک لەم ناوچه بەرچاو دەکەوێت که گورگی نەبینیبێ یان لوره لوری گورگی نەبیستبێت. گورگ ئاژەڵێکی وەحشی گۆشت خۆره و به ڕەگەز به بنەماڵەی سەگەکان دادەنرێت. هەنووکه گورگ له زۆر شوێنی دونیا ئاسەواری نەماوه و لەنێو چوه و تەنها له چیرۆک و فیلمه کارتۆنیەکاندا نێوی دەبینرێت، بەڵام به خۆشیەوه ئەم ئاژەڵه له ناوچەی سەقز پارێزراوه و هیچ مەترسیێک له مەڕ لەنێوچوونی بەدی ناکرێت و به پێچەوانەوه لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەی گورگ له سەقز به هۆی کۆمەڵێک هۆکاری تایبەتەوه پێوانه ئاساییەکانی تێپەڕاندوه و له زیاد بووندایه. گۆرگەکان زۆر جار له ژێر دار و درەختەکان، یان ئەو هێلانه و کونانەی که له لایەن ئاژەڵی دیکەوه چێکراوه دەژین و هەندێک جاریش له قڵەشی کێوەکاندا جێگە خۆش دەکەن. ڕ‌‌ەنگی گورگەکانی ناوچەی سەقز زۆرتر خۆڵه مێشی و قاوەیی تێکەڵ لەگەڵ ڕەشه، ئەم ئاژەڵه به تەنیا یا لەگەڵ جووتەکەیدا دەژی و هەندێک جاریش به کۆمەڵ و به شێوەی گەله گورگ دەژین و له شەو و ڕۆژدا به بێ جیاوازی ڕاو دەکەن. به هۆی زۆر بوونی ڕێژەی گورگ له ناوچەی سەقز، زۆر جار گەله گورگ هێرش دەکەنه سەر مەڕ و ماڵاتی هاوڵاتیان و هەندێک شەو‌یش بینراوه که هێرشیان کردوەته سەر گەوڕ و تەویلەی ئاژەڵداران و دەیان سەر ئاژەڵی ماڵیان له خاوەنەکانیان مردار کردوەتەوه. گورگەکانی دەڤەری سەقز زۆر مەترسیدارن و تا ئێستا به هۆی هێرشی ئەوانەوه بۆ سەر شوان و جوتیاران و خەڵکی ئاسایی، سەدان کەس گیانیان له دەست داوه یان بە توندی بریندار کراون.

بزنە کێوی

ئاژەڵ‌‌ له بەشێکی بەرچاوی شاخ و کێوەکانی ناوچەی سەقز و به تایبەت ناوچەی گەورگ، ئاژەڵێکی جوان و سەرنج ڕاکێش به نێوی بزنه کێوی له دوو شێوازی شاخدار و بێ شاخ بەرچاو دەکەوێت. بزنه کێویەکانی دەڤەری سەقز پێکەوه و به شێوازی گرووپی دەژین و هەندێک جار له گرووپی 10 تا 20 سەریدا بیندراون. ئەم گرووپه له لایەن بزنە کێویێکی پیر و بە هێز ڕێبەری دەکرێن بەڵام هەندێک جاریش ڕوویداوه که بزنه لاوەکان یاخی دەبن و گرووپی جیاوازی خۆیان پێک دە‌هێنن. بزنه کێویەکانی سەقز له گەڵای دارەکان و گژ و گیای ناوچە بۆ لەوەڕ کەڵک وەردەگرن و هۆکاری زۆر بوونیشیان له ناوچەی گەورک دەگەڕێتەوه بۆ چڕی دارستانەکانی ئەم ناوچە و له هەمان کاتدا شاخاوی بوون و سەرسەوزی گەورک و بوونی سەرچاوەی ئاوی بەرفراوان،له چاو ناوچەکانی دیکە. بزنه کێوی زۆرتر حەزیان له شوێنی بەرزه، بەڵام هەندێک جاریش له چیاکان دێنه خوارەوه و ڕوو دەکەنه پێدەشتەکان. بزنه کێوی تواناێکی باشی له هەڵخستنەوه و ڕاکردن له سەر شاخه بەرزەکان و شوێنه مەترسیدارەکان هەیه و ئەم ئاژەڵانه له بەره بیانەوه تا لای دواینیمەڕۆ ئەلەوەڕن و لەو کاتانەش که پلەی گەرما له سەرەوەیه له سێبەری دار و درەخت و قەراخ تەله سەنگەکان دەخەون و پشوو ئەدەن. بزنه کێویەکانی ناوچەی سەقز له وەرزی پاییزدا له گەڵ یەک جووت ئەبن و کاتی زەیسان بوونیان 5 تا 5 مانگ و نیوه. له کاتی جووت بووندا له نێو نێرەکاندا شەڕ و ململانێ دێته ئاراوه و نێره به هێزەکان نێره لاوازەکان ڕاو ئەنێن و ناهێڵن له گەڵ مێکاندا جووت بن و بۆ خۆیان ئەرکی ئەوان دەکێشن. له وەرزی بەهاردا زاوزێ دەست پێدەکات و زۆر جار بزنه کێویەکان به سکێک دوو کاژیلەیان ئەبێت. کاژیلەکان چەند کاتژمێرێک دوای له دایک بوونیان، ئەکەونه شوێن دایکیان و دەتوانن به پێوه بوەستن و پاش چەند ڕۆژێک زۆر به باشی ئەتوانن ڕابکەن. به هۆی به تام بوونی گۆشتی ئەم ئاژەڵه، به داخەوه ڕاوچیەکانی ئەم دەڤەره زۆر نابەرپرسانه هەڵس و کەوت لەگەڵ بزنه کێویەکاندا دەکەن و به ڕاو کردنی بەردەوامی ئەم ئاژەڵه ژیکەڵە، بوونیان خستوەته مەترسی له نێو چوونی هەتا هەتایی و پێویست دەکات که لایەنه بەرپرسیارەکان به سزادانی ئەم مرۆڤه بێ ویجدانانه، بزنه کێویەکانی ناوچەی سەقز له مەترسی فەوتان و لەبەین چوون ڕزگار بکەن.

سمۆرە

ئاژەڵ‌‌ یەکێکی دیکه له ئاژەڵه جوان و دەگمەنەکانی ناوچەی سەقز، سمۆرەیه. سمۆره، له زۆربەی ناوچەکانی سەقز و زۆرتر له سەرشیو،خوڕخوڕه و گەورک بوونی هەیه. زانا بوون و توند و تۆڵی له ڕادە بەدەر و فرز بوونی سمۆره، له خاڵه سەرنج ڕاکێشەکانی ئەم گەیان لەبەرەن و به دڵنیاییەوه هیچ مرۆڤێک شک نابەین که له سەیر کردنی سمۆره و هەڵس و کەوتەکانی تێر بێت یان ڕەقی لێی بێت و بیهەوێت له نێوی ببات. دارستانه چڕەکانی سەرشیو و گەورک شوێنێکی لەبارن بۆ سمۆره و به هۆی بوونی دار بەڕوو، دار گوێز و داری بادام لەم ناوچانه، سمۆرەکان له بواری خواردندا هیچ گرفتێکیان نیه و تەنها گرفتی ئەوان ترس له ڕاو کردنیانه، له لایەن هەڵۆ بەرزه فڕەکانی کێوه سەرکەشەکانی سەقز، که تەنگیان بەم سمۆره جوانانه هەڵچنیوه. سمۆرەکان زۆر فرزن و له چاو ترووکانێکدا له سەر پەل و پۆی دارێکەوه بۆ دارێکی دیکه باز ئەدەن و مرۆڤ به بینینیان وا هەست دەکات که سمۆرەکان خەریکن هەڵدەفڕن. چاوی سمۆرەش زۆر تیژه و یارمەتی ئەدات که به شەودا به جوانی دەور و بەری خۆی ببینێت و له بوونی مەترسیەکان ئاگادار بێتەوه. شەڕ کردنی سمۆره و مار، زۆر سەرنج ڕاکێشه و زۆربەی جار سمۆره لەم شەڕەدا به سەر ماردا سەردەکەوێت و پاشان ماره بەزیوەکەش دەخوات.

ڕێوی‌

ئاژەڵ‌‌ ڕێوی له زۆربەی نزیک به تەواوی ناوچەی سەقز بوونی هەیه و بێ گومان به یەکێک له بەنێوبانگترین ئاژە‌ڵەکان دەناسرێت له بواری فرت و فێڵ و خوێڕی بووندا، و هەر ئەمەش وایکردوه که له سەقز،پیاوی دەسبڕ و درۆزن به ڕێوی نێوزەد بکرێت و مرۆفی ترسەنۆک و خوێڕیش هەر نازناوی ڕێوی بۆ هەڵبژێرن. ڕێویەکانی ناوچەی سەقز دەستێکی باڵایان هەیه له پەلامار دان و دزینی هێلکه و مریشک و جوجەڵە و هەموو چەشنه پەلەوەرێک و زۆر جار ڕێویەکان پەلاماری کولانەی دێهات و گوندەکانی سەقز ئەدەن و دەستێکی باشی لێ دەوەشێنن و پاشان ڕێوی هەڕا ئەکەن و شوێنەکه به جێ دەهێڵن. رێوی به هۆی ئەم کردەوه دزێوانەیەوه له دێر زەمانەوه له نێو خەڵکی ناوچەکەمان بێزی لێ دەکرێت و سەرەڕای زیرەکی و فرت و فێڵەکەی، زۆر جار دەکەوێته داوی دێهاتیەکان و له بەین دەبرێت، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانەش ڕێژەی ڕێوی پێوانەێکی باشی له ناوچەی سەقزدا تۆمار کردوه و شارەزایان پێیان وایه که مەترسیێکی ئەوتۆی له سەر نیه که ڕەگەزی ئەم ئاژەڵه له نێو بچێت.


هەڵۆ‌ ئاژەڵ‌‌ هەڵۆ یەکێک له گەورەترین و بەهێزترین پەلەوەرەکانی سەقزه و به هۆی شاخاوی بوونی ناوچەی سەقز له هەموو شاخ و چیاێکی ئەم دەڤەرەدا بوونی هەیه. هەڵۆکانی ناوچەی سەقز درێژاییەکەیان له دەنووکیانەوه تا لای کلکیان 1 میتر دەبێت و کێشەکەیشیان له نێوان 3 تا 6 کیلۆدایه و هەروەها بەرزی باڵەکانیشیان تا 2 میتر دەبێت. هەڵۆ سیمای لەخۆبایی و ترس هێنەره و لە هەمان کاتدا، تواناێکی باشی له ڕاو کردندا هەیه. سەری هەڵۆکان گەوره و تووکنە و چاوەکانیان زل و زیته و زۆر به باشی دەتوانن ببینن و له کاتی هەڵفڕین له ئاسماندا دەتوانن هەر گیان لەبەرێک که هێزیان پێی بشکێت وەک هەوره تریشقه به سەریدا دابەزن و لە گەڵ خۆیان بیبەن. ڕەنگی هەڵۆکانی ناوچەی سەقز له دوو ڕەنگی سەرەکی قاوەیی و ڕەش پێک هاتوه بەڵام هەندێک جار هەڵۆی سووریش لەم ناوچه بینراوه. هەڵۆ له نێوان 25 تا 35 ساڵ ئەژی و هەندێک جاریش ئەم تەمەنه تا 45 و بگره زیاتریش ئەڕوات. هەڵۆ زۆرتر له کاتی ڕاو کردندا پەلاماری پەلەوەره بچووکەکان ئەدات و هەروەها مشک و کەروێشک و ڕێوی و سمۆرەیش لەو ئاژەڵانەن، که لە لایەن هەڵۆکانی ناوچەی سەقز ڕاو دەکرێن. هەڵۆ هێلانەکەی له سەر لووتکەی کێوە سەر کەشەکان و داره بەرزەکان چێ دەکات و له لای خەڵکی ناوچەی سەقز وەکوو هێما و سیمبۆلی سەربەرز ژیان و سەر دانەنەواندن چاوی لێدەکرێت و ئەم ڕوانینه له شێعر و هۆنراوەی شاعیرانی ئەم دەڤەرەش ڕەنگی داوەتەوه و تەنانەت یەکێک له سەرەکیترین مەیدانەکانی نێو شاری سەقز به نێوی فەلەکەی هەڵۆ ناونراوه و هەڵۆ به کردەوه بوەته هێما و سیمبۆلی شاری سەقز و له هەر شوێنێکی کوردستان نێوی هەڵۆ دەبیسترێت، بێ ئیختیارخەڵکی ئەو جێگایه، نێوی سەقز و دانیشتوانی ئەم شارەیان بیر دەکەوێتەوه.


کەو‌

ئاژەڵ‌‌ قاسپەی کەوی کوێستانانی سەقز له مێژه وێردی سەر زمانی پیر و لاوی ئەم دەڤەرەیه وبۆته هەوێنی عەشق و خۆشەویستی و وەک مۆسیقای دڵنشین، دڵ و ناخی دڵداران و عاشقان ئەهەژێنێت. کەو یەکێک لەو پەلەوەره جوان و بەنێو بانگانەی ناوچەی سەقزه که نه تەنها له شاخ و پێدەشتەکانی ئەم ناوچه بەڵکوو له ماڵ و مەنزڵی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی شار ودێهات، بەدی دەکرێت و قاسپە قاسپەی کەوی کوێستانان تێکەڵ به قاسپەی کەوی بەندی قەفەسی شار و لادێکان بوه و ئەم پەلەوەرەی کردوەته هاوڕێێک بۆ دانیشتوانی ناوچه. هەر چەند ناوەندی هەواڵنێری سەقز به تەواوی دژی ڕاوکردن و له نێو بردنی ئاژەڵانی ناوچەکەمانه و هەوڵ ئەدات کولتووری خۆشەویستی و پاراستنی ئاژەڵ لەم ناوچەدا پەره پێبدات، بەڵام ئەوەیش ناشارینەوه که زستانان، ڕاوه کەو دەبێته یەکێک له گرینگترین سەرقاڵیەکانی ڕاوچیان و مەنجەڵ و مەتبەخ و سفرەی بەشێکی بەرچاو له دانیشتوانی ناوچەی سەقز به گۆشتی کەو دەڕازێتەوه و بۆنی کەوی برژاو تەماح وەبەر هەموو کەس ئەنێت.

سەرچاوە: ناوەندی هەواڵنێری سەقز