رازی- سابیر سەعید شوکری

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

شاعیر لە دیوانەکەیدا خۆنووسی کردووە و دەنووسێت: (ئەم کۆمەڵە هۆنراوەیەی لەم دیوانەدا بەرچاو دەکەوێ، زادەی مێشک و دڵمە، هەروەها بەرهەمی پێگەیشتووی پلە بە پەلی ئەم ژیانەمە.

14122017197800.jpg
Profile 61.jpg

لە بواری وێژەدا هەنگاوم ناوە بەپێی توانام بەم جۆرە دامڕشتوون. ئەگەرچی گشتیان قۆناغی ماندووێتیم پێوە چەشتوون، هەریرکر بەپێی بەهرە و بوونی ڕەخساودا گوتراون، بەڵام لە ناتەواوی خاڵی نین، وەنەبێ خوانەخواستە لە بڵاوکردنەوەیان پەلەم کردبێ. دیارە باوەڕی پتەوم بەو پەندە کوردییە هەیە، کە دەڵێ: هەڵەشەیی و پەلەکردن پەشیمانی لە دوایە.

من ئێستە خۆم بە پەشیمان نازانم چونکە بڕوام بە سەرهەڵدان و مانەوەی هۆنراوەکانم هەیە.

ئاشکرایە هۆنراوەکانم وەک خۆم سینگیان فراوان و ملکەچن، بۆ ڕەخنە. ڕەخنەیش ڕەخنەیەکی دروستکار، کە گیانی ڕاهێنان و بیری پێشکەوتنی تێدا بێ.

Download (4)478.jpg

سەرلەنوێ وا بکات بە هەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە و بژاری بکات. بەرە بەرە وازیان لێ بهێنێت. وشەی ناسک و لەبار و گونجاوتر بکاتە دروشمی بەرهەمی داهاتووی با ئەوەیش لە یاد نەکەین ڕەخنەی ڕووخێنەر دەبێتە مایەی پەشیمانی و وازهێنان لەو ڕێبازەی، کە ئەو گرتوویەتی.

ئەمەیش لە بازاڕی وێژەدا بە کاری ناڕەوا و دڵ ساردکردنەوە دادەنرێت. هەمیشە تۆوی ڕق و قینە و دواکەوتویی دەچێنێت، ڕێبازی وێژە بەرەو دواوە دەبات.

لە شیعردا جار جارێ پێڕەوی کردنم گرتووە نەک لاسایی کردنەوە، بەتایبەتی پێڕەوی شاعیرە بەنرخەکانی وەک (خەیام، مەولەوی) و چەندانی تر. گیانی هۆنراوە بەهرەیە، ئینجا خوێندنەوە، یان شیکردنەوەی ناوەرۆکە.

لەم ڕووەدا چەند هۆیەک دەروازەی شیعر گوتنی بۆ واڵا کردم و پاڵی پێوەنام: وەک دڵگیری دیمەنی دڵڕاکێشی چیا و دۆڵ و لالەزار و ئاوی سازگاری خاکیی نیشتمان، هەوای خۆش و شەپۆلی لارولەنجەی هەست بزوێن، هەروەها نازی شۆخانی خەم ڕەوێن بوونە هۆی بناغەی نووسینم. لەگەڵ دڵبەند بوونم بە هۆنراوەی چەندان هۆنەری کۆن و نوێ، وەک شاعیرانی (نالی، سالم، گۆران، ناری، ...) هەروەها زۆری تری وەک هێمن و پیرەمێرد و ئەوانی تر.

زۆر ئارەزووی هۆنراوەی نوێم لە دڵدا بوو، بەڵام سروشت ئەو ڕێگە و ڕێبازەی پێ چەسپاندم و گۆڕی.

لەو دەمەی کە خولیای هۆنراوەی جووڵاندم ناسناوی ڕازیم بۆ خەم هەڵبژارد، لێرەدا خۆناساندن پتر دێتە بەرهەمەوە، پێویستە کورتەیەک لە ژیانم باس بکەم: ناوم سابیر کوڕی سەعید کوڕی شوکرییە، لە ساڵی 1937دا، لە شاری سلێمانی گەڕەکی مەڵکەندی هاتوومەتە دنیاوە. ژیانی منداڵیم ئەوەندە شێواو و بزڕکاوە، تاڵ و تفت بووە، هەرگیز بۆ ئەوە ناشێ باسی لێوە بکەم یان لێی بدوێم.

پلەی خوێندنم، لە کام فێرگە یان کام قوتابخانەی ئەم شارە پان و بەرینەدا خوێندوومە، دەبێ بڵێم نەخێر لە فێرگە و هیچ قوتابخانەیەک نەمخوێندووە. بێبەش بووم لێیان لەبەر ئەوەی ژیانی منداڵیم هێندە ناساز بوو، تەنانەت لە خوێندن و قوتابخانەیشم کاری کرد.

تەنیا دڵسۆزێکم نەبوو کە خەمخۆری ژیانم بێت، نەخوازا کاتێ گەورەبووم هەستم بە هەژاری و جێماوی خۆم کرد، بەڵام باری گوزەران ڕێگەی قوتابخانەی گرتبووم، نووزەی لێ بڕیبووم ناچار خۆم بووم بە مامۆستای خۆم. دواتر لە ساڵانی 1953 – 1954 بە گەرموگوڕی گەڕامەوە خوێندن و نووسین پێشوازیمی لێ کرد.)

شاعیر لە مێژووی 09-08-2015 دا، کۆچی دوایی کردووە.