داڕێژە:Shasham
عەبدولڕەزاق بیمار، شاعیر و ڕۆژنامەنووس و توێژەر و ڕەخنەگر و مامۆستای زانکۆ بووە.. یەکێک بووە لە شاعیرە ڕۆمانتیکییە هەرە ناسکەکانی قوتابخانەی گۆران..
لە ساڵی 1936 لە شاری کۆیە لەدایکبووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە کۆیە تەواو کردووە..
لە ساڵی 1963 لە بەشی کوردیی زانکۆی بەغدا، بە یەکەم دەرچووە..
یەکەم شیعری لە ساڵی 1954لە ڕۆژنامەی (ژین) ی گۆراندا بڵاو کردووەتەوە.
هەڵبەستی شاعیرانی نوێی عەرەب و ئەورووپایی کاریان تێ کردووە و یەکێکە لەوانەی دەورێکی باڵایان گێڕا لە چەسپاندنی ڕێبازی شیعریی گۆران.
لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی و دەزگای ڕۆشنبیریی کوردی لە بەغدا فەرمانبەر بووە.
لە ساڵی 1984 بە مامۆستای زانکۆ، وەک وانەبێژێک لە بەشی کوردیی زانکۆی بەغدا دامەزراوە.
ئەندامی دەستەی نووسەران بووە لە گۆڤاری هیوا و پاشکۆی (الادیب العراقی) و گۆڤاری ڕەنگین و گۆڤاری ڕۆشنبیریی نوێ و نووسەری کورد و هاوکاری و...
مامۆستا عەبدولڕەزاق بیمار نووسەرێکی بە پیت بووە.. بە سەدان گوتار و لێکۆڵینەوە و باسی هەمەچەشنەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردووەتەوە.