لاچین و دەنگی کوردانی یەریڤان
نووسینی: جوان عومەر ئەحمەد سەرەتا ویستم تەنیا لەسەر رادیۆی یەریڤان و کارمەندەکانی شتێک بنووسم، ، بەڵام خۆ نەدەکرا ئاماژە بە کوردانی کوردستانی سوور یان کوردانی ئەرمینیا و بەگشتی کوردانی یەکێتی سۆڤێتی ئەو دەم نەکەم.
هەڵبەت ساخکردنەوە و نووسین لەسەر بابەتێکی وەها هەستیار نەک هەر بەکاری خۆمی نازانم بەڵکو رێگەنادەم بەخۆم لەسەر نووسینێک تەنیا یەک بست لەو خاکەی ناوی خاکی کوردستانە ببەخشمە وڵاتانی ئەو ناوچەیە یاخود بوونی کورد لەو ناوچەیە بە زادەی ئاوارەبوون و هەڵهاتن لەو جەنگە ترسناکەی تورکەکان دەرهەق بە نەتەوەی کوردیان کردووە بەگەرێنمەوە..
کوردستانی سوور چی بەسەر هات؟
ئەم هەرێمە لەساڵ 1923 دامەزاو تا ساڵی 1929 بەردەوامی هەبوو واتا تەنیا شەش ساڵ توانیان بەئارامی بەرێوەی بەرن هەرێمی لاچین بەرووسی کراسنێ کوردستان و بە ئەزەری قیزل کوردستان پێ دەگوترا (Krasniy Kurdistan; bi azerî: Qizil Kürdistan) پایتەخەتی کوردستانی سوور لاچین (Laçîn) بووە.
زمانی فەرمی زاراوەی کرمانجی (zaraveyê kurmancî) بەتیپی کیریلی (tîpên kîrîlî) نووسیویانە.
شامیل ئێسگرۆڤ لەکاتی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی لە لاچین
کوردستانی سوور پێکهاتبوو لەم ناوچانە:
کەرەکیشڵاک (قەرەقیشڵاغ)، کەلبەجار، کوباتلی (قوبادلی)، کوتورلی (قوتورلی)، کوردگاجی (کوردحاجی) و مورادخانلی.(Laçîn, Qûbadlî, Kelbajar) ئەم ناوچانەش خاکێکی دانەبراوی کوردەکان بووە و ئەو هەرێمە ئەتۆنۆمیان تیدا دامەزراند.
ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمەکە
ئاوایی کەرەکیشڵاک 07، 99% دانیشتوانەکەی کورد بوون.
ئاوایی کەلبەجار 08، 99% دانیشتوانەکەی کورد بوون.
ئاوایی قوتورلی 09، 99% دانیشتوانەکەی کورد بوون.
ئاوایی کوردحاجی 06، 99% دانیشتوانەکەی کورد بوون.
ئاوایی مورادخانلی 02، 98% دانیشتوانەکەی کورد بوون.
ئاوایی قوبادلی 09، 98% دانیشتوانی ئازەری بوون و 1% تریشی ئەرمەن بوون.!؟
هەرێمی لاچین :
دکتۆر جەبار قادر لە توێژنەوەکەی خۆیدا دەڵیت : بەهۆی ئەوەی لە کوردستانی سووردا هیچ باڵەخانەیەکی گونجاو نەبوو بۆ راپەڕاندنی کاروباری دەوڵەت، بۆیە ناوەندی هەموو دام و دەزگا فەرمییەکانی هەرێمەکە لە شاری (شوشێ) ی ئازربایجان بووە.
ئەوەی هەر ئەو دەمە مایەی پرسیاری لای زۆر کەس دروستکردبوو لکاندنی ناوچەی قوبادلی بوو بە هەرێمی کوردستانەوە، چونکە 98، 9% دانیشتوانی ئازەری بوون و 1% تریشی ئەرمەن بوون، واتا هیچ کوردی لێ نەدەژیا.
یەکەکانی دیکەی هەرێمەکە ڕێژەی کورد تیاندا نزیکی سەد دەر سەد بوو، ، هەروەها دەڵیت: بە بۆچوونی توێژەری ئەرمەنی داڤید بابایان ئەمە بۆ ئەوە کرا ڕێژەی کورد لە کوردستانی سور لە 100% کەم بکرێتەوە بۆ 73% دانیشتوان. قەوارەیەکی سیاسی لە سەر خاکی ئازربایجان کە سەد دەر سەدی دانیشتوانی کورد بن مایەی نیگەرانی بوو بۆ کاربەدەستانی وڵات.
هۆکاری بە ئۆتۆنۆمیکردنی هەرێمی لاچین!
وەکیل مستەفا لە وتاری بۆچی لینین وگۆرباچۆڤ ویستیان کوردستانی سوور لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا دابمەزرێنن؟ کەلەلایەن سوارە شاکەلی وەرگیڕانی بۆ کراوە هۆکارەکەی دەگەرێنێتەوە بۆ قەیسەرەکانی رووسیا و چەتە (دەشناک)ەکانی ئەرمێنیا و دەڵیت :
لە ئەنجامی جەنگەکاندا، جەنگی سەد ساڵەی قەوقاز، جەنگی ڕووس و تورکەکان، جەنگی ڕووس و ئێران. لە سەر ئه و خاکەی کە کوردەکانی بەر لە هەشت هەزار سال لەسەر دەژیان، لە ئەکامی ئەم جەنگانەدا ملیونێک ئەرمەنی، یۆنانی و ئاشوری و یەزیدی و تورکی و ئێرانی لە تورکیا و ئێرانەوە گوزرانەوە بۆ ئەم ناوچەیە و نیشتەجێ کران.
ئەمەش لەسەر بیرۆکەی قەیسەری ڕووس نیکۆلای یەکەم و قەیسەرەکانی تریش کە بەدوای ئەودا هاتنەسەر حوکم تا دەگاته نیکۆلای دووەم درێژەی هەبوو.
ئەم ڕاگوازراوانە کە بوونە نیشتەجێی ئەم ناوچانە، تەنها ئەرکیان پاراستنی هێزەکانی پشتوانی سوپای ڕووسی نەبوو بەرامبەر کوردە موسوڵمانەکان، کە بەرهەڵستی ڕووسە داگیرکەرەکانیان دەکرد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەڵکو لەسەریان بوو هەموو خواردن و ئالیکی سوپای ڕووسیا ئامادەبکەن، سەرباری ئەمانەش دەبوو وەک کرێکار کار بکەن لە ناوچەی دەر هێنانی نەوتی باکۆ و شیرڤان (بەدوورو درێژی لەسەر ئەمە نوسراوە لە کتێبەکەی مینۆرسکی-دا بەناوی کورد).
لەم نێوەندەدا کریستیانەکان ناوچە شاخاویەکانیان بۆمایەوە کەدەکاتە ئەرمینیای ئێستا، کەرەباخ و زەنگە زورە. لەگەڵ بەردەوامی هێرشی بێ کۆتایی بۆسەر کوردەکان. ئەوانیش لەبەر خۆپاراستن له و هێرشانە ڕوویان لەچیاکان کرد، بەشێکی زۆریشیان سەدان هەزار کەس دەبوون ناوچەکەیان بەجێهێشت و ڕوویان لە ڕووسیا و ئاسیای ناوەڕاست و ئەوروپا کرد، کە ئێستاشی لەگەڵ بێت له و ناوچانە نیشتەجێن.
ئه و ئەرمەنانەی کەمانەوە بەهاوکاری ڕووسە کازاخەکان زیاتر خەریکی ڕاوڕوتکردن و دەسترێژکردنە سەر و بەرەنگار بوونەوەی موسوڵمانەکانی ناوچەکەبوون تا دەگاتە سنوری باکۆ.
ئەم ڕاوڕوت کردن و تاڵانکاریە زیاتر پەرەی سەند لەسەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانیدا بەتایبەت پارتی (دەشناک) کە پارتێکی شۆرشگیڕی ئەرمەنی بەهێز بوو، ئەمان بارودۆخی ئەوسەردەمەی بەلشەفیکەکانیان بۆ خۆیان قۆستەوه و حکومەتی دەشناکی ئەرمەنیان ڕاگەیاند کە پاتیەختەکەی شاری گویمری بوو.
هەر لەم ساڵەدا بە بیانووی پاراستنی موسوڵمانانەوه لەبەرامبەر دەستدرێژی ئەرمەنەکان، سوپای تورک هاتنەناو خواروی قەفقازەوە بۆ بە دامەزراوەکردنی تورکە ڕاگوازراوەکانی سەر خاکی کوردستان لە ناو خاکی تاڵیشی و لیزگین حکومەتێکی تورکیان بۆ دامەزراندن لەژیر دەسەڵاتی (موساڤاتدا) بۆموسوڵمانەکان.
هەرچەندە لەسەردەمی بونیادنانی سۆڤیەتدا ئەرمەنیا و ئازرباییجان و نیکچان سەر بەیەکێتی سۆڤیەت بوون بەڵام ئەم تاڵانکاروی وڕاو ڕووتکردنەی ئەرمەنەکان لەسەر دەستی دەشناک، نەک نەتوانرا کۆتایی پێبهێنرێت بەڵکو هەر دڕێژەی هەبوو بۆسەر شارو شارۆچکەکانی ئازربایجان.
لەساڵی 1923 لینین و لایەنگیرەکانی لەوانە کیرۆڤ ناچاربوون حکومەتی ئۆتۆنۆمی کوردستانی سور دابمەزرێنن کە دەکەوێتە نێوان ئەرمینیایو ئازرنایجانەوە. تەنها ئەم کارە توانی کۆتایی بەهێرشی ئەرمەنەکان بۆ سەر ئازەربایجان بێنێت.