ئەفسانەی شاماران لە ناو کورداندا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

میلاد قادر پەنا

9998oard01.jpg

کەم ماڵی کۆن و ڕەسەنی #کوردستان هەیە، فەڕش، بەڕە، نیگار، جاجم، دەستەنوێن یا شتێکی تری بە مۆتیڤ یا سیمبولی ‘شاماران’ یا شای ماران تێدانەبێ!

دەزانی چیرۆکی شامارن چییە؟

چیرۆکەکە بە شێوەی جۆراوجۆر دەگێڕدرێتەوە بەڵام فەرموون ئەوە نموونەیەکەی:


ئەفسانەی شاماران یەکێک لە کۆنترین و جوانترین ئەفسانەکانی کوردانە کە هەر لە ناوچەی کرماشان و ئیلامەوە هەتا دەگاتە ماردین و ڕەحا و عەفرین، زار بە زار گەڕاوە و کراوەتە تابلۆ و هەڵواسراوە و لە کۆڕەکاندا ئەفسانەکەیان گێڕاوەتەوە. تاماسب کە داربڕێکی هەژارە ڕۆژێک لە دارستاندا دەکەوێتە ناو بیرێکەوە تێیدا حاسێ دەبێ. زۆر هەوڵدەدا لێی بێتە دەرەوە بەڵام بێسوودە.

پاشان دەست دەکاتە کۆڵینی دیواری بیرەکە. دەیکۆڵێ و گەورەی دەکاتەوە و پێیدا دەچێتە ناو ئەشکەوتێکیەوە. ئەشکەوتێکی پڕ لە مار دەبینێ و مارەکان بە دیتنی تاماسب بەرەو ڕووی دێن. لەو کاتەدا چاوی دادەخا و لە خودا دەپاڕێتەوە کە قوتاری بکات، کە چاوی دەکاتەوە، ژنێک دەبینێ کە نیوەی جەستەی مارە و نیوەکەی تری مرۆڤ. ژنەکە خۆی دەناسێنی و دەڵێ من شامارانم، شای مارەکان و هەموو زانست و نهێنیەکانی جیهان دەزانم! ئیتر شاماران بەخێرهاتنی دەکا و تاماسب ماوەیێک لە لای دەمێنێتەوە و وردە وردە خۆشەویستی لە نێویان دروست دەبێ.

ساڵ دێت و دەچێ. ڕۆژێک تاماسب بڕیاردەدا بگەڕێتەوە لای بنەماڵەی خۆی، بەڵام شاماران هەوڵ دەدا پاشگەزی بکاتەوە چونکە دەزانێ بە ڕۆیشتی دەیخاتە مەترسیەوە. بەڵام دڵی نایا ڕێگری لێ بکا و تاماسب دەگەرێتەوە. ڕۆژێک پاشا نەخۆشییەکی دەگمەن دەگرێ و بە کەس چاک نابێتەوە. وەزیر بە پاشا دەڵێ، چارەسەریەکەی خواردنی گۆشتی شامارانە، بۆ دیتنەوەشی ئەگەر ئەو کەسەی کە لەگەڵی ژیابێ تەڕ بکرێ پێستی دەگۆڕێ وەک کاژی ماری لێدێ و ئاشکرا دەبێ کە لە لای بووە. بۆیە هەموو گەنجەکانی شار دەخەنە ناو حەوزێکەوە و تاماسبیش بە زۆری هەڵدەدەنە ناو ئاوەکە. تاماسب پێستی دەگۆڕێ و دەسبەجێ دەسگیر دەکرێ و ناچاری دەکەن شوێنی شاماران بدرکێنێ. تاماسب سەرەتا هیچ ناڵێ بەڵام ئەشکەنجەی دەکەن و ناچار جێگای ئاشکرا دەکا.

شاماران دەبیننەوە و دەیهێننە کن پاشای، شاماران پێش مردنی دەڵێ هەر کەس سەرم بخۆا دەمرێ و هەرکەس ناوقەدم بخوا چاک دەبێتەوە و هەرکەس کلکم بخوا ژیری منی پێدەگا، بەو شێوەیە وەزیر سەری دەرخواردی تاماسب دەدا و لە ناوقەدی دەدات بە پاشا و خۆشی کلکی دەخوا، بەڵام شاماران کە دەیزانی وەزیر تووشی ئەو بارودۆخەی کردوو درۆی کردبوو و وەزیرەکە دەمرێ و تاماسب زانایی پێ دەگا و پاشاش چاک دەبێتەوە و تاماسب دەکاتە وەزیری خۆی.

سێ ڕۆژ پاش مردنی شاماران و نێژرانی، لە ناو گۆڕێدا کچی شاماران لە دایک دەبێ کە ئەویش ژیری دایکی پێ دەگا!ئەگەر چی لە گێڕانەوەکاندا جیاوازی هەیە و دەکرێ ئەو چیرۆکە زۆر زیاتر بووبێ و ئەوەندەی لێمابێتەوە بەڵام ناوەڕۆکی ئەفسانەکە هاوبەشە کە ژنێکی نیوە ماری ژیر و زانایە و زۆر جار بە خواوەندی ژیری و زانایی و پارێزەری نهێنییەکانیش دەژمێردرێ.

کە ئاوڕێک لە مێژووش دەدەینەوە دەبینین مار هاوڕێیەکی نزیکی مرۆڤ بووە، لەسەر دەرگای لالەش پەرەستگای ئێزیدیەکان نەخشی مارەبینرێ، لە ناوچەی موکریان بە کەسێک کە لە قسە کردندا زۆر زیرەک بێ دەگوترێ دەم مار کە دەکڕێ وەک ئەو ئەفسانەیە مار بە سەرچاوەی ژیری دانرابێ و ئەو چەمکە بەکارهێنرابێ. باسی ئەفسانەی شاماران و خودی سیمبۆلی مار لە مێژووی کورددا لەو چەند دێڕەدا ناگونجێ و ئەمە تەنها ئاماژەیێک بوو بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بە دڵیان بوو، بۆ خوێندنەوە یاخود لێکۆڵینەوەی زیاتر بە دوایدا بچن و نەهێڵن داگیرکەران بیدزن و بە ناوی خۆیان تۆماری بکەن.