بۆچی ئەدەب؟

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: ماریۆ بارگاس جۆسا

Hereeesh.jpg

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هێرش سەعید

زۆرجار تووشی ئەو حاڵەتە بووم، لە پێشانگاکانی کتێبدا، یان لە کتێبفرۆشییەکاندا، پیاوماقووڵێک هاتووە بەرەو ڕووم و داوای واژۆیەکی لێ کردووم و وتوویەتی، "بۆ ژنەکەمە، بۆ کچەکەمە، یان بۆ دایکمە." منیش یەکسەر لێم پرسیوە: "ئەی خۆت چی؟ تۆ حەزت لە خوێندنەوە نییە؟" وەڵامەکەش هەمیشە تەقریبەن هەمان شت بووە، "بێگومان حەزم لە خوێندنەوەیە، بەڵام من کەسێکی زۆر سەرقاڵم." دەیان جار ئەم جۆرە وەڵامانەم بیستووە، ئەم پیاوانە و هەزارانی وەک ئەمانە، زۆر کاری گرنگیان هەیە کە ئەنجامی بدەن، لە ژیاندا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی زۆریان لەسەر شانە، کە ناتوانن بۆ ماوەی چەندین سەعات کاتە بەنرخەکانیان لە خوێندنەوەی ڕۆمانێک، کتێبێکی شیعری، یان وتارێکی ئەدەبیدا بەفیڕۆ بدەن. جا بەگوێرەی ئەم تێگەشتنە باوە بێت، ئەدەبیات چالاکییەکی ئەوتۆ نییە کە شوێنگرەوەی نەبێت، هەڵبەتە گومانیان لەوە نییە کە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە بۆ چاندنی بەهەستی و ڕەوشت بەرزی لە کەسەکاندا، بەڵام لە بنەڕەتدا هەر بابەتی خۆشی وەرگرتنە، زینەت و جوانییەکە کە تەنها ئەو کەسانە لێی سوودمەند دەبن وا کاتیان هەیە بۆ ڕابواردن. شتێکە دەشێت بخرێتە بۆشایی نێوان وەرزشەکان، فیلمەکان، یاریی کۆنکەن و شەترەنجەوە؛ وە دەکرێت بەبێ هیچ دوودڵییەک بکرێتە قوربانی، ئەو کاتەی کەسێک لە کێشمەکێشی ژیاندا ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی سەر شانی گرنگتر و پڕ بایەختر دەبینێت.

وا دیارە کە ئەدەب زیاتر و زیاتر بووەتە چالاکییەکی ئافرەتانە. لە کتێبفرۆشییەکاندا، لە کۆنفرانسەکاندا، لە خوێندنەوە گشتییەکانی نووسەراندا، تەنانەت لە کۆلێژەکانی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆکاندا، ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی پیاوان تێدەپەڕێنن. ئەو وەڵامە نەریتییەی کە بەم پرسە دەدرێتەوە ئەوەیە کە ژنانی چینی ناوەند زیاتر دەخوێننەوە، چونکە سەعاتەکانی کارکردنیان کەمترە لە پیاوان، بۆیە زۆربەیان وا هەست دەکەن ئاسانتر لە پیاوان دەتوانن کاتەکانیان تەرخان بکەن بۆ وەهم و فەنتازیا. من کەمێک هەستیارم سەبارەت بەو ڕوونکردنەوانەی وا ژنان و پیاوان دابەش دەکەن بۆ پۆلێنی بەستووی لێکجیا، وە خاسیەتی فەزیلەت و کەموکورتیی دەدەنە پاڵ هەرکام لەو ڕەگەزانە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە خوێنەرانی ئەدەبیات کەمتر و کەمترن، وە لەناو ئەو خوێنەرانەشدا ژنان ئامادەییەکی فراوانتریان هەیە.

ئەم حاڵەتە لە هەموو شوێنێک چونیەکە. لە ئیسپانیا، بۆ نموونە، ڕاپرسییەکی نوێ کە لە لایەن کۆمەڵگەی گشتیی نووسەرانی ئیسپانیاوە ڕێکخرا، ئەوەی خستەڕوو کە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە هەرگیز کتێبێکیان نەخوێندۆتەوە. ڕاپرسیەکە ئەوەشی خستەڕوو لەو ڕێژە کەمەی خوێنەراندا، ژنە خوێنەرەوەکان ژمارەی پیاوەکانیان بە ڕێژەی لەسەدا ٦.٢ تێپەڕاندووە. من دڵخۆشم بۆ ئەم ژنانە، بەڵام بەداخیشم بۆ پیاوەکان و بۆ ئەو ملیۆنان ئادەمیزادانەی وا توانای خوێندنەوەیان هەیە و کەچی بڕیاری نەخوێندنەوەیان داوە.

بەزەییم پێیاندا دێت، نەک تەنها لەبەرئەوەی ئاگاداری ئەو چێژی خوێندنەوەیە نین وا لەدەستیان داوە، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە من لەو قەناعەتەدام کۆمەڵگای دابڕاو لە ئەدەبیات، یاخود کۆمەڵگایەک کە ئەدەبیات تیایدا دوورخراوەتەوە - وەک ئەوەی نەنگییەکی شاراوە بێت - بۆ کەنارەکانی ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتی، وە گۆڕدراوە بۆ جۆرێک لە دەستە و توێژی مەزهەب‌ئاسا، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە لە ڕووی ڕۆحییەوە بەر نەفرەتی بەربەری بوون کەوتووە، تەنانەت ئازادییەکەشی لە مەترسیدایە. بۆیە دەخوازم هەندێک ئارگومێنت پێشکەش بکەم لە دژی ئەو بیرۆکەیەی وا ئەدەب وەک بابەتی ڕابواردن و کات بەسەربردن دەبینێت؛ لە بەرژەوەندیی ئەو دیدگایەی کە وەک یەکێک لە سەرەکیترین و پێویستترین وابەستبوونەکانی مێشک دەبینێت. چالاکییەک کە شوێنگرەوەی نییە بۆ ڕێکخستنی هاووڵاتیان لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و دیموکراتدا، کۆمەڵگەیەک کە تاکی ئازاد دەخولقێنێت.

ئێمە ئێستا لە سەردەمی تایبەتمەندبوونی زانیندا دەژین، سوپاس بۆ ئەو گەشەسەندنە پڕتاوەی زانست و تەکنۆلۆجیا، بۆ ئەو پارچە پارچەبوون و دابەشبوونەی زانین بەسەر پاکەت و زەرفی پێچراوەی بچووک بچووکدا! ئەم وەرچەرخانە کولتوورییە، وا دیارە بەگوڕتریش دەبێت لە ساڵانی دادێت. ڕاستە تایبەتمەندبوون سودی زۆر لەگەڵ خۆیدا دێنێت، ڕێدەدات بە پشکنینی قووڵ و تاقیکردنەوەی مەزنتری شتەکان؛ وە تاکە بزوێنەری پێشکەوتنە. لەگەڵ ئەوەش دەرئەنجامی نەرێنیی هەیە. چونکە ئەو خەسڵەتە کلتووری و ڕۆشنگەرییە هاوبەشەی نێوان مرۆڤەکان دەسڕێتەوە کە سەرچاوەی پێکەوەژیان و تێکەڵاوبوونە، سەرچاوەی هاوسۆزی و وابەستەبوونە. تایبەتمەندبوون بەرەو نەمانی تێگەشتنی کۆمەڵایەتی دەڕوات، بەرەو دابەشبوونی مرۆڤەکانمان دەبات بەسەر گەڕەکی تەکنیککارەکان و تایبەتمەندەکاندا. لەکاتێکدا کە زانیاریی تا دێت زیاتر و زیاتر تایبەتمەند و پەڕگیر دەبێت. تایبەتمەندبوونی زانینیش پێویستی بە زمانی تایبەتکراو و بە کۆدی ئاڵۆز و تەمومژاوی دەبێت. ئەمەش ئەو تایبەتگەرایی و دابەشکارییەیە کە پەندێکی کۆن ئاگادارمان دەکاتەوە لێی: هێندە داڵغەت لای لق و گەڵا نەبێت کە لەیادت بچێت ئەوانە بەشەکانی درەختێکن، یان هێندە سەرنجت لای درەخت نەبێت کە لەیادت بچێت ئەو بەشێکە لە دارستانێک.

ئاگایی لە بوونی دارستان هەستی گشتێتی دروست دەکات، هەستی ئەوەی هەموومان سەر بە یەکین، ئەمەش کۆمەڵگە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ڕێ لە کەرتبوونی دەگرێت بۆ بەشە دوورەپەرێز و پەڕگیرە جوداخوازەکان. پەڕگیریی نەتەوەکان و تاکەکان پارانۆیا و شڵەژاوی و شێواندنی واقیع دروست دەکات، ئەمەش دەبێتە بزوێنەری کینە و شەڕ و تەنانەت جینۆساید.

لەم سەردەمەی ئێمەدا، زانست و تەکنەلۆجیا ناتوانن ڕۆڵێکی هەمەکی و گشتگیر ببینن، بەتایبەت لەبەر دەوڵەمەندی و بێسنووریی زانست و خێرایی گەشەکردنی کە بووەتە هۆی تایبەتمەندبوون و ئاڵۆزی، بەڵام ئەدەب یەکێک بووە، وە یەکێک دەبێت -تا ئەوکاتەی هەبێت- لەو ئەزموونە هاوبەشانەی ئادەمیزاد کە لەوانەیە بەهۆیەوە مرۆڤەکان خۆیانی تێدا بناسنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یەکدا بکەن. ئیتر گرنگ نییە چەندە پیشەکانیان، پلانی ژیانیان، شوێنی جوگرافی و کلتوورییان، بارودۆخی کەسێتییان لێک جیاواز بێت. ئەدەب هەمیشە ئەو توانایەی بە تاکەکان بەخشیوە -بە هەموو جیاوازیی و تایبەتمەندێتییەکانیانەوە- کە مێژوو تێپەڕێنن: ئێمە وەک خوێنەرانی سێرڤانتس، شەیکسپیر، دانتی و تۆڵستۆی، لە یەکدی تێدەگەین لەودیوی کات و شوێنەوە، هەروەها وەک ئەندامانی یەک چەشنی بوونەوەر هەست بە خۆمان دەکەین و لە خۆمان دەڕوانین، چونکە لە کارەکانی ئەو نووسەرانەدا فێری ئەوە دەبین وەک زادەی مرۆڤ چی شتێکی هاوبەش کۆماندەکاتەوە، چی شتێک بە هاوبەشی لەنێوانماندا دەمێنێتەوە لەژێر ئەو مەودا بەرینەی جیاوازیدا کە لێکمان جیادەکاتەوە. هیچ شتێک نییە هێندە بەباشی مرۆڤێک بپارێزێت لە دژی گەمژەییەکانی لەخۆبایی بوون، نەژادپەرستی، هەڵاوێردی ئاینی یان سیاسی و جیاکاریی نەتەوەیی، هێندەی ئەو ڕاستییەی کە هەمیشە لە ئەدەبی مەزندا دەردەکەوێت: ئەوەی کە پیاوان و ژنانی سەرجەم شوێن و نەتەوەکان لە جەوهەردا یەکسانن، وە ئەوە تەنها نادادییە کە تۆوی هەڵاوێرکردن و ترس و چەوسانەوەیان تێدا دەچێنێت.

هیچ شتێک باشتر لە ئەدەب فێری ئەوەمان ناکات، بەم جیاوازییە ئیتنی و کولتوورییانەی نێوانمانەوە، دەوڵەمەندیی میراتی مرۆڤایەتیمان ببینین، وە ئەو جیاوازییانەمان وەک دەرکەوتەیەکی فرەڕەهەندی داهێنەرانەی مرۆڤایەتی بەرز بنرخێنین. بێگومان، خوێندنەوەی ئەدەبی چاک ئەزموونێکی چێژبەخشە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەزموونی فێربوونی ئەوەشە کە ئێمە چین و چۆنین، لە دروستیی و باڵایی مرۆڤبوون و لە پاشڤەڕۆیی و ناکامڵیی مرۆڤانەماندا، لە کار و کردەوەکانماندا، لە دنیای خەون و خێوەکانماندا، لە تەنیاییماندا و لەو پەیوەندییانەی دەمانبەستێتەوە بەوانی ترەوە، لە وێنە جەماوەرییەکەمان و لە کەلێنە پەنهانەکانی ویژدانماندا.

ئەم گڵۆڵە ئاڵۆزەی ڕاستییە دژیەکانە - وەک ئایزایا بەرلین ناوی دێنێت - مادەی بنچینەیی ڕەوشی مرۆڤبوونمان پێکدەهێنێت. لەمڕۆی جیهاندا، ئەم مەعریفە هەمەکی و گشتگیر و زیندووەی مرۆڤ‌بوونە ڕەنگە تەنها لە ئەدەبدا دەست بکەوێت. تەنانەت لە بەشەکانی تری زانستە مرۆییەکانیشدا نییە - نە فەلسەفە، مێژوو، هونەر، وە بێگومان نە زانستە کۆمەڵایەتیەکانیش - هیچیان توانای ئەوەیان نییە ئەم دیدە یەکانگیر و هەمەکییە، ئەم گوتارە جیهانییە بپارێزن. لەبەرئەوەی، زانستە مرۆییەکانیش، تەسلیمی ئەم دابەشبوون و دابەشتربوونە سەرەتانییەی زانین بوون، بەردەوام تا دێت خۆیان پەڕگیر دەکەن بۆ کەرت و سێکتەری تەکنیکی ئەوتۆ کە بیرۆکە و واژەکانیان دەکەونە ئەودیو سنووری دەستڕاگەشتنی ژنان و پیاوانی ئاساییەوە. تەنانەت هەندێک ڕەخنەگر و تیۆرزانیش حەزدەکەن ئەدەب بگۆڕن بۆ یەکێک لە زانستەکان. بەڵام ئەمە هەرگیز ڕوونادات، چونکە ئەدەب بۆ ئەوە دروست نەبووە کە تەنها لە ئەزموونێکی چوارچێوەدار بکۆڵێتەوە. بەڵکو بۆ ئەوە دروست بووە لەڕێی هێزی خەیاڵەوە تەواوکۆیی ژیانی مرۆیی دەوڵەمەند بکات، بە شێوەیەک کە لەتلەت و پەلوپۆ ناکرێت، یان کورت ناکرێتەوە بۆ چەند هێڵکاری و هاوکێشەیەک کە ئیتر هیچی لێ نەمێنێتەوە. ئەمەیە واتای سەرنجدانەکەی مارسێل پروست، "ژیانی ڕاستەقینە، تاقە ژیانێک کە دواجار بە ڕۆشنی و پەردەهەڵماڵراوی و بە پڕی تیایدا ژیابین، ئەدەبیاتە." ئەو زیادەڕۆیی نەکردووە لەو قسەیەدا، ئەوەش نییە کە بڵێی تەنها بەهۆی عەشقی خۆیەوەتی بۆ پیشەکەی وا دەڵێت. ئەو پێشنیارێکی خستۆتە بەردەممان کە لە سایەی ئەدەبدا ژیان باشتر دەبێتە مایەی تێگەشتن و باشتر ئەزموون دەکرێت؛ ئەوەی کە ژیانێک پڕتر بەسەر ببەین، لەڕێی هاوبەشی کردن و پێکەوە ژیانەوە دەستمان دەکەوێت.

ئەو بەستەرە برایەتیەی ئەدەب لەنێوان ئادەمیزادەکاندا دەیڕەخسێنێت، هانیان دەدات بۆ چوونە ناو گفتوگۆوە و هۆشیاریان دەکاتەوە سەبارەت بە ڕیشەی هاوبەش و ئامانجی هاوبەشیان، هەروەها گشت بەربەستە زەمەنییەکان دەبڕێت. ئەدەب، لە ڕێی ئەو دەقانەوە وا گەیشتوون پێمان، دەمانگوێزێتەوە بۆ ڕابردوو و دەمانبەستێتەوە بەو مرۆڤانەی وا لە سەردەمە تێپەڕیوەکاندا پلانیان داناوە، خۆشییان وەرگرتووە و خەونیان بینیوە. ئەم هەستی ئەندامبوونە لەو ئەزموونەی کۆمەڵگەی مرۆییدا بەدرێژایی چاخەکان و شوێنەکان، بەرزترین دەستکەوتی کولتوورییە، وە هیچ شتێک هێندەی ئەدەب لە هەر نەسلێکدا بەشداریی نوێبوونەوەی ناکات.

پرسیاری ئەوەی کە "سوودی ئەدەب چییە؟" هەمیشە بۆرخیسی سەغڵەت دەکرد، بە لایەوە پرسیارێکی گەمژانە بوو، کە وەڵامەکەی بەم شێوەیە دەدایەوە: "هیچ کەسێک پرسیاری ئەوە ناکات سوودی جریوەی کەناری، یان زەردەپەڕی خۆرئاوابوون چییە." ئەگەر ئەم شتە جوانانە هەبن، وە ئەگەر بەهۆی ئەمانەوە، ژیان بۆ ساتێکیش بێت کەمتر ناشیرن و کەمتر خەمگین بێت، ئایا سۆراخی بەهانەی کردەییان نابەجێ نییە؟" بەڵام خۆی لەڕاستیدا پرسیارێکی چاکە، چونکە ڕۆمان و شیعر وەک دەنگی خوێندنی باڵندە و دیمەنی نوقم بوونی خۆر لە ئاسۆدا نین، لەبەرئەوەی شیعر و ڕۆمان بە هەڵکەوت یاخود بەهۆی یاساکانی سروشتەوە دروست نەبوون. ئەوانە دەستکردی مرۆڤن، بۆیە شتێکی ڕەوایە مرۆڤ بپرسێت چۆن و بۆچی هاتوونەتە دنیاوە و مەبەست لە بوونیان چییە، وە بۆچی ڕەوتی مانەوەیان هێندە درێژخایەنە.

کارە ئەدەبیەکان وەک خێوی بێ شکڵ و شێوە لەدایک دەبن، وەک نزیکایەتی و ئاشنایەتییەک دێنە ناو ئاگایی نووسەرەوە، کاتێ لە هێزی کۆکراوەی نائاگاییەوە بۆی دەهاوێژرێن، هەروەها لە هەستیاریی نووسەرەوە بەرانبەر جییهانەکەی دەوروبەری، وە لە هەست و سۆزەکانی نووسەرەوە؛ جا لەگەڵ ئەم شتانەدایە هۆنەر یان گێڕەرەوە لە ململانێی هێنانە زماندایە تا ئەوەی وردە رودە فۆرم و شێوە و جەستە و جووڵە و ڕیتم و هارمۆنی و ژیانیان پێ دەبەخشێت. بێگومان ژیانێکی دەستکرد، ژیانێکی وێناکراو، ژیانێک سازکراو لە وشە، کەچی هەر ئەم ژیانە دەستکردەشە کە ژنان و پیاوان سۆراخی دەکەن، هەندێکیان یەکبینە و بە بەردەوامی، هەندێکیشیان بە پەرتەوازەیی و پچڕپچڕی، لەبەرئەوەی پێیان وایە ژیانی ڕاستی کورت دەهێنێت بۆیان، وە توانای پێشکەشکردنی ئەو شتەی نییە وا ئەمان دەیانەوێت. ئەدەب لە کارەکانی تاقە فەردێکەوە نایەتە بوون، بەڵکو ئەو کاتە دێتە بوون کە خەڵکان دەیگرنە خۆیان (تەبەنیی دەکەن) و دەبێتە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی. ئەو کاتەی بەهۆی خوێندنەوەوە دەبێتە ئەزموونێکی هاوبەشی‌پێکراو.

یەکێک لە کاریگەرییە بەسوودەکانی لەسەر ئاستی زمان دەردەکەوێت. جڤاکێک بەبێ بوونی ئەدەبیاتێکی نووسراو، بە وردبینییەکی کەمترەوە گوزارشت لە خۆی دەکات، بە زەنگینییەکی کەمترەوە لەئاست شتە لێکنزیکەکاندا، بە ڕوونییەکی کەمتری مانا و مەبەستەوە لەچاو جڤاکێکدا کە ئامرازی سەرەکیی پەیوەندیکردنیان، وشەکانیان، لەڕێی دەقە ئەدەبیەکانیانەوە کشتیاریی تێدا کراوە و پێگەیەنراوە. مرۆڤایەتی بەبێ خوێندنەوە و دەستلێنەدراویی لەلایەن ئەدەبەوە، لە کۆمەڵگەیەکی کەڕولاڵ و قڕوقەپ دەچێت، کە تووشی چەندەها کێشەی پەیوەندیکردن بووەتەوە بەهۆی زمانە خام و سەرەتاییەکەیەوە. ئەمە بەنیسبەت تاکەکانیشەوە ڕاستە. کەسێک کە ناخوێنێتەوە، یان کەم دەخوێنێتەوە، یاخود تەنها شتی بێکەڵک و پڕوپووچ دەخوێنێتەوە، کەسێکی بەربەستکراوە، دەتوانێت قسەی زۆر بکات، بەڵام کەم دەڵێت (کە واتای هەبێت)، لەبەرئەوەی فەرهەنگی وشەکانی کورت دەهێنێت کاتێ دەیەوێت گوزارشت لە خۆی بکات.

ئەمە تەنها سنووردارییەکی زارەکیی نییە، بەڵکو گوزارشت لە سنوورداریی ئەو دەکات لە ڕووی بیر و خەیاڵەوە. ئەمە هەژاریی بیرکردنەوەیە، لەبەر هۆیەکی سادە کە ئایدیا و بیرۆکەکان، ئەو چەمکانەی بەهۆیانەوە لە نهێنییەکانی بارودۆخمان دەگەین، هیچ بوونێکی سەربەخۆیان نییە لە دەرەوەی وشەکان. ئێمە تەنها لەڕێی ئەدەبەوە، تەنها لەڕێی ئەدەبێکی باڵاوە فێری ئەوە دەبین چۆن بە شێوەیەکی ڕاست و دروست قسەبکەین – هەروەها بە قووڵی و بە دیقەت و بەوپەڕی ناسکیی و پێکانی مەبەستەوە. هیچ ڕشتەیەکی تر یان بوارێکی تری هونەرەکان ناتوانێت شوێنی ئەدەب بگرێتەوە، لە ڕازاندنەوەی ئەو زمانەی خەڵکان پێویستیانە بۆ گفتوگۆ و پەیوەندیکردن. بۆئەوەی بەباشی قسە بکەین، بۆئەوەی لە هەنبانەی کەسێکدا زمانێکی زەنگین و ڕەنگینمان هەبێت، بۆئەوەی بتوانین بۆ هەر بیرۆکەیەک، هەر هەست و سۆزێک کە نیازی گەیاندنیمان هەیە، دەربڕینێکی گونجاو بدۆزینەوە، دەبێ باشتر خۆمان ئامادە بکەین بۆ بیرکردنەوە، بۆ فێرکردن، بۆ فێربوون، بۆ ئاخاوتن، هەروەها بۆ خەیاڵکردنەوە و خەوبینین و هەستکردنیش. بە شێوەیەکی ڕازئامێز، دەنگی وشەکان لە تەواوی کارەکانماندا دەزرنگێنەوە، تەنانەت لەو کارانەش کە وا دەردەکەون هیچ سەروکارێکیان لەگەڵ زماندا نەبێت. هەروەها ئەودەمەی زمان پەرەیسەند، لەڕێی ئەدەبیاتەوە، وە گەیشتە ئاستێکی بەرز لە ڕازاوەیی و ڕاقی بوون، ئیمکانی خۆشیی‌وەرگرتنی مرۆڤیشی زیادکرد.

ئەدەبیات تەنانەت بە ڕاژەکردنی عەشق و حەزوئارەزووەکان و خودی کردەی زایەندییش ئەوانی گەیاندە ئاستی ڕەوشی داهێنانی هونەری. بەبێ ئەدەبیات، ڕۆمانسیەتیش نەدەبوو. عەشق و خۆشییەکان هەژارتر دەبوون، ئەو نەشمیلی و دڵبەرییەیان لەدەست دەدا، نەیاندەتوانی ئەو تینوتاوە بەدەست‌بێنن وا ئەدەبی خەیاڵئامێز دەیبەخشێت. ڕەنگە زیادەڕۆییمان نەکردبێت گەر بڵێین ئەو جووتە دڵدارەی کە وا گارسیلاسۆ، پێرتراک، گۆنگۆرا، یان بۆدلێریان خوێندۆتەوە، زیاتر چێژوخۆشی دەنرخێنن و ئەزموونی دەکەن لەچاو ئەو خەڵکە نەخوێنەوارەی وا بە کاریگەریی دراما تەلەفیزۆنییەکان گەمژێنراون. لە جیهانی نەخوێنەواراندا، حەزوئارەزوو جیاوازیی نیە لەگەڵ ئەوەی ئاژەڵەکان تێردەکات، لە دەستکەوتنی مادەی خامی غەریزە سەرەتاییەکانیان بەولاوە تێناپەڕێت.

میدیا دەنگوڕەنگییەکانیش هێندە پڕچەک نین شوێنی ئەدەبیات بگرنەوە، و بتوانن لە ئەرکی فێرکردنی مرۆڤەکاندا بەوپەڕی دڵنیایی و شارەزاییەوە شوێنی ئەو ئیمکانیەتە بێشومار زەنگینە بگرنەوە وا زمان دەیتەنێتەوە. بە پێچەوانەوە، میدیا دەنگوڕەنگییەکان وشەکان دادەبەزێنن بۆ ئاستێکی لاوەکی و پلەدوو لەچاو وێنەکاندا، کە زمانی ئەزەلیی میدیایە، وە زمان بەرتەسک دەکەنەوە بۆ دەربڕینی زارەکی، بۆ ئاستە نزم و سەرەتاییەکەی، دوور لە ڕەهەندە نووسراوەکەی. کاتێک فیلمێک یان بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی ناو دەبرێت بە "ئەدەبی" ئەوە شێوەیەکی زەریفانەیە بۆ وتنی ئەوەی کە شتەکە بێزارکەرە. لەبەر ئەم هۆکارەیە بەرنامە ئەدەبیەکانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکان بە دەگمەن سەرنجی جەماوەر ڕادەکێشن. تا ئێستا، هێندەی ئاگادار بم، تاکە ئاوارتەیەک بۆ ئەم یاسایە بەرنامە فەرەنسییەکەی بێرنارد پیڤۆتە، "ئەپۆسترۆفییەکان". ئەمەش دەمگەیەنێتە ئەوەی وا بیربکەمەوە ئەدەب نەک هەر بابەتێکی پێویست و جەوهەرییە بۆ زانینێکی تەواوەتی و کارامەیی بەسەر زماندا، بەڵکو چارەنووسیشی وابەستە و جیانەکراوەیە لە چارەنووسی کتێب، ئەو بەرهەمە پیشەسازییەی وا زۆر کەس جاڕی بەسەرچوونی دەدەن.

ئەم باسەش دەمبات بۆ لای بیڵ گەیتس. ئەو ماوەیەک لەمەوپێش لە مەدرید بوو، سەردانی ئەکادیمیای شاهانەی ئیسپانیای کرد، لە گەشتێکی سەرکێشانەی هاوبەشدا بوو لەگەڵ مایکرۆسۆفت. لەپاڵ شتەکانی تردا، گەیتس ئەندامانی ئەکادیمیای دڵنیاکردبوویەوە کە ئەو خۆی زەمانەتی ئەوە دەکات هەرگیز پیتی (fl) لە نەرمەواڵەکانی کۆمپیوتەردا لانەبرێت - بەڵێنێک وای لە چوارسەد ملیۆن قسەکەری ئیسپانیی لە پێنج کیشوەردا کرد ئاهێکیان بەبەردا بێتەوە، لەبەرئەوەی لادانی پیتێکی بنچینەیی لە فەزای مەجازیدا (سایبەرسپەیس) کێشەیەکی قەبەی دەسازاند. دەستبەجێ، هەر دوای ئەو دەستکەوتە دۆستانەیەی بۆ زمانی ئیسپانی، تەنانەت پێش ئەوەی بینای ئەکادیمیا بەجێبهێڵێت، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە چاوەڕێی بەدەستهێنانی بەرزترین ئامانجی دەکات پێش ئەوەی بمرێت. ئامانجەکەشی ئەوەیە کۆتایی بە کاغەز و پاشان کتێب بهێنێت.

بە داوەریی‌کردنی ئەو، کتێبەکان شتومەکی زەمەنێکی بەسەرچوون. گەیتس مشتومڕی ئەوەی دەکرد شاشەی کۆمپیوتەرەکان دەتوانن شوێنی کاغەز بگرنەوە، لە هەموو ئەو ئەرکانەی تا ئێستا کاغەز بەجێی هێناوە. هەروەها پێداگریی لەوەش دەکرد، لەپاڵ ئەوەی کەمتر ماندووکەرن، کۆمپیوتەرەکان شوێنێکی کەمتریش داگیردەکەن و ئاسانتر دەگوێزرێنەوە؛ هەروەها گواستنەوەی هەواڵەکان و ئەدەبیات لەڕێی ئەم میدیا ئەلیکترۆنییانەوە، لەجیاتی ڕۆژنامە و کتێبەکان، سوودی ژینگەیی دەبێت بۆ وەستاندنی بڕینەوەی دارستانەکان، کارەساتێک کە بەرئەنجامی پیشەسازیی کاغەزە. گەیتس گوێگرەکانی دڵنیا دەکردەوە کە خەڵکی بەردەوام دەبن لە خوێندنەوە بەڵام ئیتر لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکان دەخوێننەوە، لە ئەنجامی ئەمەش کلۆرۆفیلی زیاترمان دەبێت لە ژینگەدا.

من لەو گوتارە بچووکەی گەیتس دا ئامادە نەبووم، ئەم وردەکاریانەم لە ڕۆژنامەوە وەرگرت. ئەگەر لەوێ بوومایە، دەمدا بە گوێی گەیتس دا کە بێشەرمانە نیازی خۆی ڕادەگەیەنێت و دەیەوێت ڕاستەوخۆ من و هاوپیشەکانم - نووسەری کتێبەکان - بنێرێت بۆ ڕیزی فەرمانبەرانی دانەمەزراو. هەروەها بەتوندی بەرپەرچی لێکدانەوەکەیم دەدایەوە. ئایا بەڕاست شاشەکان دەتوانن لە هەموو ڕوویەکەوە جێی کتێبەکان بگرنەوە؟ من هێندە دڵنیا نیم. من تەواو دڵنیام لەو شۆڕشە مەزنەی تەکنەلۆجیای نوێ، وەک ئینتەرنێت، لە بواری پەیوەندییەکان و زانیاریی بەشکراودا هەڵیگیرساندووە، وە دان بەوەدا دەنێم کە ئینتەرنێت ڕۆژانە لە کارەکەمدا یارمەتیی پڕبەهام پێشکەش دەکات؛ بەڵام سوپاسگوزاریی من بۆ ئەم ئاسانکارییە نایابانە دەلالەت لە باوەڕبوونم بەوە ناکات شاشە ئەلکترۆنییەکان دەتوانن شوێنی کاغەز بگرنەوە، یان ئەوەی خوێندنەوە لەسەر کۆمپیوتەر جێی خوێندنەوەی ئەدەبی بگرێتەوە. ئەوە خەرەندێکە من ناتوانم لێی بپەڕێمەوە. ناتوانم ئەو بیرۆکەیە قبووڵ بکەم وا چالاکییەکی نا-ئەرکباریی و نا-کردەیی وەکو خوێندنەوە، کە نە عەوداڵی دەستکەوتنی زانیارییە و نە پەیوەندییەکی بەسوود و خێرا، دەتوانێت لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرێک خەونەکان و چێژەکانی وشە کۆبکاتەوە، بە هەمان هەستی ئاشنایەتی و هاوسۆزی، بە هەمان تەرکیزی مێشک و دوورەپەرێزیی ڕۆحی، کە دەشێت لەڕێی خوێندنەوەی کتێبێکەوە بەدەستی بهێنین.

لەوانەشە ئەم پێشداوەریی‌کردنە بەرئەنجامی نەبوونی ڕاهێنان بێت، وە لە هاوەڵیی لەمێژینەی ئەدەب و کتێب و کاغەزەوە سەرچاوەی گرتبێت. گەرچی من چێژ لە وێبگەڕیی وەردەگرم کاتێ بەدوای هەواڵەکانی جیهاندا دەگەڕێم، بەڵام هەرگیز ناڕۆمە بەر شاشە بۆ خوێندنەوەی شیعرێکی گۆنگۆرا یان ڕۆمانێکی ئۆنێتی یان وتارێکی پاز، لەبەرئەوەی دڵنیام کاریگەریی وەها خوێندنەوەیەک هەمان شت نابێت. قەناعەتم بەوە هێناوە، هەرچەندە ناتوانم بیسەلمێنم، کە لەگەڵ دیارنەمانی کتێبدا، ئەدەب زەبرێکی جددی، تەنانەت کوشندەی بەردەکەوێت. بێگومان واژەی "ئەدەب" ون نابێت، بەڵام بە دڵنیاییەکی زۆرەوە بەکاردەهێنرێت بۆ ئاماژەکردن بە جۆرێک لە دەق دوور لەو مەبەستەی ئێمە ئەمڕۆ بۆ ئەدەب هەمانە، جیاوازییەکە وەک دراما تەلەفزیۆنییەکان دەبێت لەچاو تراجیدیاکانی سۆفۆکلیس و شەیکسپیر دا.

هێشتا هۆکارێکی تریش هەیە کە وامان لێدەکات پێگەیەکی گرنگ بە ئەدەب ببەخشین لە ژیانی نەتەوەکاندا. بەبێ بوونی ئەو، مێشکی ڕەخنەیی - کە مەکینەی ڕاستەقینەی گۆڕانکاریی مێژووییە و باشترین پارێزەری ئازادییە – زیانێکی ساڕێژنەبووی بەردەکەوێت. ئەمەش لەبەرئەوەی هەموو ئەدەبێکی چاک ڕادیکاڵە و پرسیاری ڕادیکاڵ دەخاتە بەردەممان سەبارەت بەو جیهانەی تێیدا دەژین. لە هەموو دەقە ئەدەبییە مەزنەکاندا، زۆرجار بەبێ ئەوەی نووسەرەکانیشیان ئەو مەبەستەیان هەبووبێت، مەیلێکی ئاشوبگێڕی تیایاندا بەرقەرارە.

ئەدەب هیچ ناڵێت بەو مرۆڤانەی وا ڕازی بوون بە بەشی خۆیان، ئەوانەی ژیانیان بەدڵە بەو جۆرەی ئێستا تێیدان. ئەدەب خۆراکی ڕۆحی یاخیبووە، یاساداڕێژەری ناتەبایی و ناسازییە، پەناگەی ئەوانەیە وا زۆر زیاد یان زۆر کەمیان هەیە لە ژیاندا. مرۆڤ بۆیە پەنا دەباتە بەر ئەدەب تاکو ناشاد نەبێت، تاکو ناکامڵ نەبێت. تاکو هاوسەفەریی ڕۆسینانتی باریک و لەڕولاواز و سوارچاکە شڵەژاوەکە بکات لە دەشتەکانی لا مانچا، تاکو دەریاوانیی بکات لەسەر پشتی نەهەنگێک لەگەڵ کاپتن ئاهاب، تاکو زەرنیخ بخواتەوە لەگەڵ ئێما بۆڤاری، تاکو ببێتە مێروویەک لەگەڵ گریگۆر سامسا: ئەمانە هەموو ئەو شێوازانەن کە دامانهێناون بۆ داماڵینی خۆمان لە نەخوازراویی و نالەباریی ئەم ژیانە نادادپەروارانەیە، ژیانێک کە هەمیشە زۆرمان لێدەکات هەمان کەس بین ئەو دەمەی خۆزگە دەخوازین زۆر کەسی جیاواز بین، بۆ تێرکردنی ئەو هەموو حەزوئارەزووانەی داماندەگرنەوە.

ئەدەب ئەم ناڕازیبوونە ژیانییە بەشێوەیەکی کاتی دادەمرکێنێتەوە – بەڵام لەم ساتە مۆجیزەئاسایەدا، لەم وەستانە کاتییەی ژیاندا، وەهمی ئەدەبی هەڵماندەگرێ و دەمانگوێزێتەوە بۆ دەرەوەی مێژوو و دەبینە هاوڵاتیی خاکێکی بێکات و بەم شێوەیەش دەبینە نەمر. دەبینە کەسێکی بەتینتر، زەنگینتر، ئاڵۆزتر، دڵخۆشتر، ڕوونتر لەو کەسە شەتەکدراوەی ڕۆتینی ژیانی ئاسایی. کاتێک کتێبەکە دادەخەین و ئەو ئەدەبە هەڵبەستراوە بەجێدێڵین، دەگەڕێینەوە بۆ وجوودی ڕاستەقینە و بەراوردی دەکەین بەو خاکە سەرنجبەرەی وا تازە جێمان هێشتووە. چ نائومێدییەک چآوەڕێمانە! کەچی پەیپێبردنێکی بێئەندازەش چاوەڕێمانە، بەو واتایەی ژیانی فەنتازیانەی ڕۆمان باشترە – جوانترە و ئاڵوواڵاترە، باشتر شیاوی تێگەشتنە و کامڵ و تەواوترە – لەچاو ئەو ژیانەی لە بەئاگاییماندا تیایدا دەژین، ژیانێکی سنووردار و ڕەوشێکی ماندووکەر. بەم جۆرە، ئەدەبی چاک، ئەدەبی ڕەسەن، هەمیشە ڕاماڵەرە، خۆبەدەستەوەنەدەرە، یاخییە: ئالنگاریی ئەو شتانە دەکات وا لە ئارادان.

چۆن هەست بە فریوخواردن ناکەین پاش خوێندنەوەی جەنگ و ئاشتی یان بیرکەوتنەوەی شتە لەدەستچووەکان و گەڕانەوەمان بۆ جیهانەکەمان! جیهانی وردەکارییە ناچیز و بێسوودەکان، جیهانی سنووربەند و قەدەغەکراوەکان کە لە هەموو شوێنێکدا دەوری داوین و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا، وەهمەکەمان دەشێوێنێت؟ تەنانەت زیاد لەو پێویستییەی بۆ بەردەوامیدانی کولتوور و زەنگینکردنی زمان هەمانە، مەزنترین بەشداریکردنی ئەدەب بۆ پێشکەوتنی مرۆڤ ڕەنگە لەو ڕووەوە بێت(لە زۆبەی حاڵەتەکاندا، بەبێ ویستی خۆیان) تا بیرمان بهێنێتەوە جیهان خراپ سازێنراوە؛ وە ئەوانەشی بەپێچەوانەی ئەوەوە خۆیان دەنوێنن - کەسە بەهێز و بەختەوەرەکان - درۆ دەکەن؛ ئەوەی کە جیهان دەکرێت پێشبخرێت بە هەمان شێوەی ئەو جیهانەی لێبکرێت کە خەیاڵەکانمان و زمانەکەمان دەتوانن دروستی بکەن. کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکرات، دەبێ هاووڵاتی بەرپرسیار و ڕەخنەگری هەبێت، بەردەوام بەئاگا بێت لە چاودێریکردنی ئەو جیهانەی تێێدا نیشتەجێین، وە هەوڵ بدات – گەرچی زیاتر و زیاتر لە ئەرکێکی ئەستەمیش بچێت – نزیکی بخاتەوە لەو جیهانەی وا حەز دەکەین تێیدا نیشتەجێ ببین. هیچ ڕێگەیەکی باشتریش بۆ دنەدانی ناڕازیبوون لە وجود هێندەی خوێندنەوەی ئەدەبێکی چاک لەئارادا نییە، هیچ ڕێگەیەکی باشتر بۆ سازکردنی هاووڵاتی ڕەخنەگر و سەربەخۆ لەئارادا نییە، کە ڕێ بە فریودان و یاریی‌پێکردن نەدات لەلایەن ئەوانەی فەرمانڕەواییان دەکەن؛ وە ئەوانەی بەهرەوەر بوون بە ڕۆحێکی گەڕیدەی هەمیشەیی و خەیاڵێکی پڕ جۆشوخرۆش.


سەرباری ئەمەش، ناوبردنی ئەدەب بە ئاشوبگێڕ لەبەرئەوەی ئاگایی خوێنەر دەبزوێنێت بۆ ناکامڵیی جیهان - وەک ئەوەی کەنیسە و حوکمەتەکان بیری لێدەکەنەوە ئەوکاتەی سانسۆر دەخەنە سەری - مانای ئەوە نییە کە دەقە ئەدەبیییەکان دەستبەجێ دنەی شۆڕش و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی دەدەن، یاخود هەڵگیرسانی شۆڕشەکان پێشدەخەن. کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکانی شیعرێک، شانۆیەک، یان ڕۆمانێک پێشبینی ناکرێت، لەبەرئەوەی جڤاکییانە دروست ناکرێن و جڤاکییانە ئەزموون ناکرێن. لەلایەن تاکەکانەوە دروست دەکرێن و لەلایەن تاکەکانیشەوە دەخوێنرێنەوە، کە تەواو جیاوازن لە یەکتر سەبارەت بەو دەرئەنجامانەی لە نووسین و خوێندنەوەکانیانەوە هەڵی دەهێنجێنن. لەبەر ئەم هۆکارە، دژوارە و تەنانەت ئەستەمیشە، هێڵکارییەکی ڕێکیان لێوە دابڕێژین. هەروەتر، بەرئەنجامە کۆمەڵایەتیەکانی کارێکی ئەدەبی ڕەنگە هێندە پەیوەندیی بە جۆرایەتییە جوانناسییەکەیەوە نەبێت. وا دەردەکەوێت ڕۆمانێکی ئاسایی هارێت بیچەر ستۆو ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیوە لە بەرزبوونەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی سەبارەت بە تۆقێنەریی کۆیلایەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. ئەو ڕاستییەی کە دەستنیشانکردنی کاریگەریی ئەدەب لەسەر تاکەکان دژوارە، دەلالەت لەوە ناکات بوونی نییە. خاڵە گرنگەکە ئەوەیە ئەو کاریگەرییانە لەلایەن کردەی هاوڵاتییانێکەوە هاتوونەتە ئاراوە کە وا کەسایەتییان بەشێکی بەهۆی کتێبەکانەوە شکڵی گرتووە.

ئەدەبی چاک، لەکاتێکدا بە شێوەیەکی کاتی ناڕازیبوونی مرۆڤ دەڕەوێنێتەوە، لە ڕاستیدا ناڕازیبوونی زیاد دەکات، لەڕێی برەودان بە هەڵسوکەوتێکی ڕەخنەیی و ناتەبایی بەرانبەر ژیان. تەنانەت دەشێت بووترێت ئەدەب وا لە ئادەمیزاد دەکات زۆرتر لە کەسێکی ناشاد بکات. ژیان بە ناڕازیبوون و شەڕکردنەوە لەگەڵ وجوود، سۆراخی شتانێکە کە ڕەنگە پەیدا نەبن، سەرکۆنەکردنی خودە بۆ چوونە ناو جەنگێکی بێهوودە، وەک ئەو جەنگەی کۆڵۆنێڵ ئۆرلیانۆ بۆیندیا هەڵیگیرساند لە سەد ساڵ تەنیایی دا، سووریش دەیزانی هەموویان دەدۆڕێنێت. دەشێت هەموو ئەمانە ڕاست بن، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە بەبێ یاخیبوون لە دژی ژیانی ئاسایی و نەهامەتیەکانی ژیان، ئێمە هەر لە ڕەوشێکی سەرەتاییدا دەژیاین و مێژووش ئێستا وەستابوو. تاکی سەربەخۆ دروست نەدەبوو، زانست و تەکنەلۆجیا گەشەیان نەدەکرد، مافەکانی مرۆڤ نەدەناسران، ئازادی وجودی نەدەبوو. تەواوی ئەم شتانە لە ئاکامی ناشادییەوە وەدیهاتوون، لە ئاکامی کردەی بەرەنگاریی دژ بەو ژیانەی وا پێویستیەکانی مرۆڤی پڕ نەکردۆتەوە و شیاوی تێدا هەڵکردن و بەرگەگرتن نییە. بۆ ڕۆحیەتێکی وەها کە ڕقی لە ژیان دەبێتەوە بەو شێوەیەی هەیە – وە لەگەڵ سەرشێتییەکانی دۆن کیخۆت دا دەکەوێتە گەڕان، کە شێتبوونەکەی لە خوێندنەوەی ڕۆمانی سوارچاکانەوە سەریهەڵداوە – ئەدەب وەک پاڵنەرێکی مەزن ڕاژەی کردووە.

ئێستا با هەوڵێکی خەیاڵاوی بۆ بنیاتنانەوەی مێژوو بدەین. با وێنای جیهانێک بکەین بێ بوونی ئەدەب، مرۆڤایەتییەک بەبێ خوێندنەوەی شیعر و ڕۆمان، لە شارستانیەتێکی لاوازی لەم جۆرەدا، بە فەرهەنگێکی لاوازی وشە و دەربڕینەوە کە تیایدا ئاهوناڵین و ئاماژەی شێوە مەیمونیانە بەسەر وشەدا سەردەکەون، هێندێک ئاوەڵناو بوونیان نابێت. لەو ئاوەڵناوانە وەکو: کیخۆتی(زۆر ئایدیالی و ناواقیعی)، کافکایی (دۆخێکی زۆر فشارهێنەر و کابووسی)، ڕابیلیاسی(کەشێکی گاڵتەجاڕی و بێشەرمانە)، ئۆروێڵی (دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و چاودێریکار)، سادی (چێژوەرگرتن لە ئازاردان و سووکایەتی پێکردنی بەرانبەر)، ماسۆخی (چێژوەرگرتنی کەسێک لەوەی ئازار بدرێ و سووکایەتیی پێ بکرێت)، ئەمانە و هەموو ئەو واژانەی ڕیشەیەکی ئەدەبییان هەیە. بێگومان – بێ بوونی ئەمانەش – هێشتا خەڵکانی شێتمان دەبوو، قوربانیەکانی گرێی چەوسانەوە و پارانۆیامان دەبوو، خەڵکانێک بە تەبیعەت و سەلیقەیەکی ناساز و لادانێکی پیس و قێزەونەوە، هەروەها ئەو دوو پێیانەی وا چێژ لە ئازاردان یان ئازارچەشتنی خەڵکی وەردەگرن. بەڵام، لەودیوی ئەم ڕەفتارە لە ڕادەبەدەرانەوە کە بەگوێرەی نۆرم و پێودانگەکانی کولتوورەکەمان قەدەغەکراون، فێری بینینی ئەو خاسیەتە ڕیشەییانەی ڕەوشی مرۆیی نەدەبووین. سیماکانی خودی خۆمان نەدەدۆزییەوە، گەر بەهرە و دەستڕەنگینیەکانی سێرڤانتس، کافکا، ڕابیلیاس، ئۆروێڵ، دی ساد، و ساچەر-ماسۆخ، ئاشکرایان نەکردایە بۆمان.

کاتێک ڕۆمانی دۆن کیخۆتی دێ لا مانچا دەرکەوت، خوێنەرە یەکەمینەکانی کەوتنە گاڵتەکردن بەم خەونبینە زیادەڕەوە و تەواوی ئەکتەرەکانی تری ناو ڕۆمانەکە. ئەمڕۆ ئێمە دەزانین پێداگرییەکانی سوارچاکی خەمناک و لێوبەبار سەبارەت بە بینینی دێوەکان لەبرێتی ئاشەهەواییەکان، وە شێوازی هەڵسوکەوتە بێماناکانی، لەڕاستیدا بەرزترین فۆرمی بەخشندەیی بوون و ئامرازی بەرەنگاری بوون دژ بە خەم و پەژارەی ئەم جیهانە و بە هیوای گۆڕینی. بۆچوونمان سەبارەت بە ئایدیاڵ و میسالی بوون، کە لێوڕێژە بە دەلالەتی ڕەوشتی ئەرێنی، بەو شێوەیە نەدەبوو کە هەیە، هێندە ڕوون و هێندە بەهای ڕێزلێگیراو نەدەبوو؛ ئەگەر لە پاڵەوانی ڕۆمانێکدا خۆی بەرجەستە نەکردایە لەڕێی توانا قایلکەرەکەی سێرڤانتسی بلیمەتەوە. هەمان شت دەشێت بووترێت سەبارەت بە ئێما بۆڤاری، ئەو ئافرەتە وردیلە و واقیعبینە کیخۆتییەی بە تینوتاو و سەوداسەرییەوە جەنگا تاکو ئەو ژیانە درەوشاوەیەی سۆزداری و خۆشگوزەرانی ئەزموون بکات وا لەڕێی خوێندنەوەی ڕۆمانەکانەوە پێی ئاشنا بووبوو. وەک پەپوولەیەک زۆر نزیک بوویەوە لە گڕەکە و بە ئاگرەکەی سووتا.

داهێنانەکانی سەرجەم گەورە ئافرێنەرانی ئەدەب چاوانمان دەکەنەوە بە ڕووی دیوە نەناسراوەکانی بارودۆخی خۆماندا. توانای پشکنین و تێگەشتنێکی پڕترمان دەدەنێ سەبارەت بە دۆزەخی هاوبەشی مرۆیی. کاتێک دەڵێین "بۆرخیسی" وشەکە دەستبەجێ جیابوونەوەی مێشک لە ڕێکخستنە ئەقڵانیەکەی واقیع و چوونەناو جیهانێکی فەنتازیمان بە خەیاڵدا دێنێت، بنیاتنانێکی پڕ وردەکاری و سەرنجڕاکێشی مێشک، کە تەقریبەن هەمیشە پێچەڵپێچ و ڕازدار و نهێنی ئامێزە و لێوڕێژە لە ژێدەری ئەدەبی و ئاماژەگەری، کە سەیروسەمەرەییەکی نامۆ نییە لامان، لەبەرئەوەی حەزوئارەزووی شارەوەمان و ڕاستییە ئاشناکانی کەسێتیمانی تێدا بەدیدەکەین کە بەهۆی داهێنانە ئەدەبییەکانی خۆرخە لویس بۆرخیسەوە شکڵ و شێوەیان گرتووە. وشەی "کافکایی"ش، میکانیزمی فۆکەسی ئەو کامێرا کۆنانەمان بە بیردا دێنێت وا قۆڵێکی ئۆکۆردیۆنییان هەیە، هەرکاتێ هەست بە ترساوی دەکەین، وەک تاکێکی بێچارە و بێدەسەڵات، لەژێر فشاری مەکینەکانی دەسەڵاتدا کە بوونەتە هۆی هێنانی ئێشوئازار و نادادییەکی زۆر لە جیهانی نوێدا – جیهانی ڕژێمە سەرکوتکەرەکان، حیزبە ستوونییەکان، کەنیسە دەمارگرژەکان، بیرۆکراسییە خنکێنەرەکان. بەبێ کورتە چیرۆک و ڕۆمانەکانی ئەو جوولەکە دەردناکەی پراگ کە لە ئەڵمانیا و هەمیشە بە حەزەرەوە دەژیا، نەماندەتوانی لە هەستی دەسەوسانیی تاکێکی گۆشەگیر تێبگەین، یاخود لە تۆقینی کەمینە چەوسێنراوە و جیاکراوەکان تێبگەین، وەختێ ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی سەراپاگیر دەبنەوە کە دەتوانێت تێکیان بشکێنێت و لەناویان ببات، بەبێ ئەوەی پشتیوان و سەرخەرانیان تەنانەت ڕوخساریشیان دەربخەن.

ئاوەڵناوی "ئۆروێڵی" یەکەم ئامۆزای "کافکایی"، ئەو برک و ژانە دەهێنتە دەنگ، ئەو هەستی بێماناییە قووڵەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی سەدەی بیست بەرهەمیان هێنابوو، کە وردەکارترین دیکتاتۆری دڵڕەق و ڕەهای مێژوو بوون لە جڵەوکردنی کاروکردەوە و دەروونی ئەندامانی کۆمەڵدا. لە ڕۆمانی ١٩٨٤ دا، جۆرج ئۆروێڵ، بە شێوەیەکی سارد و لەیادنەچوو وەسفی مرۆڤایەتی دەکات لەژێر سایە و ڕکێفی برا گەورەدا، دەسەڵاتدارێکی ڕەها، لەڕێی پێکەوەبەستنێکی کارامەی تیرۆر و تەکنەلۆجیاوە ئازادی و یەکسانی و هەڵسوکەوتی خۆڕسکی تاکەکانی لەناو بردووە، و کۆمەڵگەی گۆڕیوە بۆ پوورەیەک لە مرۆڤی میکانیکی. لەم جیهانە کابووسییەدا، زمان هەمیشە گوێڕایەڵی دەسەڵاتە و گۆڕاوە بۆ "قسەکردنی نوێ"؛ پاککراوەتە لە هەموو داهێنانێک و هەموو خودێتییەک و گۆڕاوەتە سەر زنجیرەیەک قسەی دووپاتە کە کۆیلەبوونی تاک بۆ سیستەم دڵنیا دەکاتەوە. ڕاستە پێشگۆییە نەگریەسەکانی ١٩٨٤ نەهاتنە دی، کۆمۆنیزمی خۆسەپێنی یەکێتیی سۆڤیەت بە ڕێی فاشیزمی ئەڵمانیا و شوێنەکانی تردا ئاوەوئاو چوو؛ هەرچەندە دواتر و بە شێوەیەکی خراپتر لە چین و وڵاتە لە-کاروان-جێماوەکانی کووبا و کۆریای باکووردا دەرکەوتەوە. بەڵام مەترسییەکە هەرگیز بەتەواوی ڕیشەکێش نەکراوە، و وشەی "ئۆروێڵی" بەردەوامە لە وەسفکردنی ئەو مەترسییە و یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەشتن لێی.

بۆیە ناڕاستی و درۆکانی ئەدەب، کەرەستەی بەهادارن بۆ زانینی شاراوەترین ڕاستییەکانی مرۆڤ. ئەو ڕاستییانەشی ئاشکرایان دەکات هەمیشە خۆشمژدە نین؛ بگرە هەندێ جار وێنەکانمان کاتێ لە ئاوێنەی شیعر و ڕۆمانەکاندا دەردەکەون وێنەی دێوێکن. ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە دەربارەی کوشتوبڕە جنسییە وەحشەتناکەکان دەخوێنینەوە لە فەنتازیاکانی دی ساد دا، یان لە هەڵدڕینە هۆڤی و قوربانییە دڕندانەکانی ناو کتێبە نەفرەتییەکانی ساچەر-ماسۆخ و باتێیلی دا. هەندێکات دیمەنەکە هێندە کرێت و دزێوە کە بەرگەی ناگرین. کەچی خراپترینی ناو ئەم کتێبانە لە خوێنڕێژی و سووکایەتی و حەزی ڕسواکەری ئەشکەنجەداندا نییە؛ خراپترینەکە لەوەدایە کاتێ دەڕوانین ئەم توندوتیژییانە، ئەم تاوان و دەستدرێژییانە نامۆ نین پێمان، بەڵکو پێکهێنەری دیوێکی قووڵی مرۆڤایەتین. ئەم دێوانە کە تینووی دەستدرێژیکردنەسەرن، لە ئاشناترین کەلێنەکانی بوونماندا شاراونەتەوە، وە لەو سێبەرانەی تیایدا دەژین بەدوای هەلێکی لەباردا دەگەڕێن تاکو خۆیان ئاشکرا(مانیفێست) بکەن، تاکو حوکمی بێئامانی حەزوئارەزووەکانیان بسەپێنن کە وا ئەقڵانیەت و جڤاک و تەنانەت بوونیش وێران دەکەن. ئەوەش زانست نەبوو یەکەمجار پڕکێشیی چوونەناو ئەم شوێنە ڕەش و تاریکانەی مێشکی مرۆڤی کرد، وە پەی بەو لێوەشاوییە وێرانکەر و خۆ-وێرانکەرەی مێشک برد. بەڵکو ئەدەب بوو پەی بەم دۆزینەوەیە برد. جیهان بەبێ ئەدەب، شەوکوێر دەبێت لەئاست ئەم قووڵاییە ترسناکانەدا، قووڵاییەک کە پێویستە دەستبەجێ بیبینین.

ناشارستانی، بەڕبەڕی، داماڵراو لە هەستیاری و قسەی کرچوکاڵ، نەزان و غەریزی، ناشی لە سۆزداریدا، ناپوخت و نەگەیو لە عەشقدا، ئەم جیهانی بێ ئەدەبیاتە، ئەم دێوەزمەیەی من باسی لێ دەکەم، لە سیما دیارەکانی خۆگونجاندن و خۆبەدەستەوەدانی جیهانییانەی ئادەمیزادە لە بەرانبەر دەسەڵاتدا. بەم واتایەش، بەتەواوی دەبێتە جیهانێکی ئاژەڵی. غەریزە و ڕەمەکە بنچینەییەکان ڕاهێنانە ڕۆژانەییەکانی ژیانێک دەستنیشان دەکەن کە خاسیەتەکەی ململانێیە لەپێناوی مانەوەدا، و ترس لە نەزانراو، و تێرکردنی پێویستییە جەستەییەکان. ئیتر شوێنێک نامێنێتەوە بۆ ڕۆح. هەروەتر، لە جیهانێکی وەهادا، ژیانی پڕوکێنەری یەکڕەوتی، سێبەری ڕەشبینییەکی بەدفەڕ و نەگریس هاوەڵیی دەکات، ئەو هەستەی کە ئیتر ژیانی مرۆڤ هەر بەم شێوەیە بووە و هەمیشە هەر وایش دەمێنێتەوە، وە ئەوەی کە ئیتر هیچ کەس و هیچ شتێک توانای گۆڕینی نییە.

کاتێک کەسێک وێنای جیهانێکی لەو شێوەیە دەکات، وێنەی ئەو مرۆڤە بەراییانە لە مێشکیدا دروست دەبێت کە وا بە پشتەماڵێک عەورەتیان داپۆشیوە، ئەو جڤاکە سیحربازە-ئاینییە بچووکانەی لە لێوارەکانی مۆدێرنەدا دەژین لە ئەمریکای لاتین و ئۆشیانا و ئەفریقادا. بەڵام من وێنەی شکستێکی ترم لە مێشکدایە. ئەو دێوەزمەیەی من هۆشداریی دەدەم لەبارەیەوە بەرئەنجامی کەم-گەشەکردویی نییە، بەڵکو بەرئەنجامی زۆر-گەشەکردوییە. وەک لێکەوتەیەکی تەکنەلۆجی و ملکەچیی ئێمە بۆی لەوانەیە وێنای کۆمەڵگەیەکی داهاتوو بکەین پڕ لە شاشە و سپیکەری کۆمپیوتەر و خاڵی لە کتێب، یان کۆمەڵگەیەک کە کتێبەکان – مەبەستمان کاری ئەدەبییە – تیایدا وەک ئەلکیمییان لێ هاتبێت لە چاخی زانستی فیزیادا: پەرۆشییەکی لەمێژینەی مرۆڤ بۆ زانین، تەنها لە ژێرزەمینەکانی ناوەندێکی ڕۆشنبیرییدا مومارەسە بکرێت، لەلایەن کەمینەیەکی دەروون شێواوەوە. من ترسی ئەوەم هەیە ئەم جیهانە سایبەرنێتییە، سەرباری پێشکەوتن و تواناکانی، ئاستی بەرزی ژیوار و دەستکەوتە زانستییەکانی، تا ئاستێکی قووڵ ناشارستانی و بەتەواویی بێڕۆح ببێت – مرۆڤایەتییەکی دەستەمۆ و ڕامکراوی پاش-ئەدەبیات، دنیای ئەو مرۆڤە میکانیکیانەی دەستبەرداری ئازادییان بوون.

بێگومان، زۆر ڕێتێنەچووە ئەم یۆتۆپیا ترسناکە بێتەدی. کۆتایی چیرۆکەکەمان، کۆتایی مێژوو، هێشتا نەنووسراوەتەوە و پێشوەختە دیاری نەکراوە. ئەوەی کە چیمان لێ بەسەردێت بەتەواوی پشت دەبەستێت بە دیدگا و تێڕوانین و ویست و ئیرادەمان. بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە هەژارکەوتنی خەیاڵ و ئەندێشەکانمان بەدوور بین، وە لە دیارنەمانی ناڕازیبوونە بەهادارەکانمان کە هەستیاریمان خاوێن دەکاتەوە و فێرمان دەکات بە ڕوونی و ڕەوانی و دیقەتەوە بئاخڤین، وە ڕێ بە بەرتەسکبوونەوەی ئازادیمان نەدەین، ئەوا دەبێ دەستبەکار بین لەو پێناوەدا. ڕوونتر بدوێم، پێویستە بخوێنینەوە.