بەدیع باباجان
بەدیع باباجان، ناوی تەواوی بەدیع حسێن باباجانە، ساڵی 1923 لەشاری کەرکووک لەدایک بووە.
بۆخوێندن چۆتە سلێمانی و لەماڵی ئامۆزاکانی نیشتەجێ بووە، خوێندنی سەرەتایی لەشاری سلێمانی تەواوکردووە، پاشان گەڕاوەتەوە کەرکوک و قۆناغی ناوەندی لەوێ تەواوکردووە.
بەدیع باباجان ساڵی 1945 چۆتە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغدا، ئەگەرچی ئارەزووی ئەوەی هەبووە لەبەشی مۆسیقای ڕۆژئاوایی وەربگیرێت، بەڵام بەبیانوی ئەوەی نەیزانیوە نۆتە بنوسێت لەو بەشە وەرنەگیراوە، بۆیە ناچار چۆتە بەشی وێنەکێشان و ساڵی 1950 سەرکەوتوانە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغدای تەواوکردووە.
بەدیع باباجان وەک فەرمانبەرێکی هونەری لەبەڕێوەبەرایەتی مەساحەی گشتی لەبەغدا دامەزراوە، لەبەر لێهاتوویی ساڵی 1973 بەمامۆستای بەشی خۆشنوسی و زەخرەفە لەپەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغدا دامەزراوە و ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بووە.
بەدیع باباجان بۆپەیداکردنی بژێوی ژیان، لەشەقامی ڕەشیدی شاری بەغدا لەگەڵ خۆشنوسێکی دیکە بەناوی مەهدی جبوری نوسینگەیەکییان بەناوی (الخط العربي) داناوە.
بەدیع باباجان ساڵی 1939 – 1949 وەک یەکەم هەنگاو هێڵکاری و وێنەی گۆڤاری گەلاوێژی کێشاوە و ساڵی 1948 – 1949 لەگۆڤاری نزاردا بەهەمان شێوە دەستێکی باڵای هەبووە.
بەدیع باباجانی نیگارکێش ساڵی 1970 نەخشەی دروشمی یەکێتی نوسەرانی کورد و، وێنەی بەرگی چەندین پەرتوکی کێشاوە، لەوانە: أغانی کوردستان، پەرتوکی مارف خەزنەدار ساڵی 1972، شاهیدانی قەڵای دم دم، کە کۆمەڵە چیرۆکێکی مستەفا ساڵح کەریمە، دیوانی بێخود و دیوانی سەلام و وێنەکانی پەرتووکی کوردی ئەلف و بێ ی نوێ و لەخۆشنوسیشدا دەستێکی باڵای هەبووە و چەند پەرتوکێکی بەشێوەیەکی قەشەنگ و بە خەتێکی خۆش نوسیووە.
بەدیع باباجان ڕۆژی 15 ی تشرینی دووەمی ساڵی 1996 بۆ دواجار ماڵئاوایی لەژیان کردووە و لەشاری بەغدا بەخاک سپێردراوە.