حاجۆ ئاغا و بنەماڵەی
لە کتێبی: چێشتی مجێوری هەژار موکریانی (1921-1991).
حاجۆئاغا لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیراندا بێتەرەف بووە و هێندێکیش یاریدەی تورکانی کردووە. بەڵام تورکیا لەپاش شکستی شێخ سەعید و هەواڵانی، بە ئاغاوەتی کوردەوە گەڕاوە، زۆری ئیعدام کردوون. زۆری لە شوێنی خۆیان کۆچ داون. حاجۆ ئاغای بێتەرەفیش گیراوە و لە زیندانی نوسەیبین خزێنراوە. دادگای تورکان گوتوویانە: تۆ یەزیدی و شەیتان دەپرستی!
- نەخێر موسوڵمانم و دنیا ئەوە دەزانێ.
- دە ئەگەر یەزیدی نیت بڵێ نەحلەت لە شەیتان.
- نایڵێم.
- ئەوە دەردەکەوێ کە شەیتانپەرستی.
- من نوێژ دەکەم؛ ئەوی ئێوەش دەڵێن من لە هەموو نوێژێکدا دەیڵێم؛ بەڵام بۆ ئێوەی ناڵێم.
یەزیدییەکانی خزمی لە بەری دەپاڕێنەوە: بڵێ نەحلەت لە شەیتان! با تۆمان بمێنی.
- نا کوڕم! هەرگیز نامەوێ سەر بۆ زاڵم دانەوێنم. بۆ کەوچکە خوێنێک ناپاڕێمەوە...
لە زینداندا چاوەنۆڕی ئیعدامە. شەو هەوێرکی یەزیدی و موسوڵمان پەلاماری زیندان دەدەن و دەینێرنە سووریای بەر حوکمی فەڕانسە. ئەو دەشتەیان پێ دەسپێرن کە لەسەر سنووری تورکیایە. مستەفا کەماڵ داوایان دەکاتەوە، ژنەراڵێکی فەڕانسی دێتە جزیرە کە تەحویلی تورکانیان بداتەوە. حاجۆ ئاغا دەچێتە دیدەنی ژنەراڵ؛ لە مەجلیسدا بەر دەمانچەی دەدا. هەوێرکی کە لە دەوری شوێنەکەدا دامەزراون؛ دەیکەنە تەقە و حاجۆ دەپارێزن. فەڕانسە لە تەسلیمکردنیان واز دێنێ و خۆیان تێ ناگەیەنێ و دەیانکاتە دۆستی خۆی. دەڵێن ژنەراڵێکی فەڕانسی هاتۆتە جزیرە، عەشایری کورد و عەرەبی تێگەیاندووە کە خۆیان ڕانێن و ڕێژە بڕۆن. بێوەژنی ژنەراڵە کوژراوەکە دەمانچەیەکی دە کیفە دەستییەکەیدا بووە، بڕیاری داوە کە تۆڵەی مێردەکەی بکاتەوە. دەپرسێ: کامە حاجۆ ئاغایە؟ کاتێ کە حاجۆ دەبینێ ئەو شۆڕەسوارە ئەسمەرە چاو و برۆ جوانەی بە شان و باهۆی مەردانە و بەهەیبەت، سارد دەبێتەوە، دەڵێ: حەیفە پیاوی وا بکوژرێ...
حاجۆئاغا کە لە شۆڕشی شێخ سەعید بەشدار نەبووە، پەشیمانە؛ حەول دەدا لە جزیرە ئەمارەتێک بۆ کوردەکانی جزیر دامەزرێنێ؛ بەڵام کوردی تر هاوکاری دەگەڵ ناکەن. ئەوانەی بە ناوی ڕەعییەت لەو ناوە بوون، هەموو خزم و لە عەشیرەتێک بوون. لەپاش حاجۆ، حەسەناغای کوڕی سەرۆک عەشیرەت بوو. پێنج کوڕی حاجۆ لە گوندی تربەسپی دەژیان کە بنکەی چەکدارانی فەڕانسی بووە و ئێستاش قشڵەکەیان ماوە. کوڕێکی یووسف کە باس کرا لە گوندێکی سەر لێواری سنووری تورکان و دوو کوڕ لە شاری حەسەکە دەژیان. ئاغا و ڕەعییەت هەر ناو بوو، ناوەرۆک نەبوو. گاوانێک بە کەسی نەدەگوت ئاغا، حەسەن، جەمیل، حەمەشەریف، چەچان و هیچی تر. تەنانەت هەڵبژاردنی شوان و گاوانیش بە بیری هەموو خەڵکی گوند بوو. ئاغاش تاقە ڕەئیەکی هەبوو. ڕەعییەت لینگیان ڕادەکێشا. ئیوا هەبوو پرخەی خەوی دەهات و ئاغاش لە دیوەخان دانیشتووە. ئەرمەنی و کلدانی و ئاشووری زۆر بوون؛ جوولەکەیەکیش هەبوو. چەندم پێ جوان بوو: لە دیوەخانێکدا مەلا، کەشیش، فەقیری یەزیدی دەگەڵ موسوڵمان، مەسیحی، جوولەکە و یەزیدی دەبینرا کە هەموو وەک برا یەکتریان دەدواند و کەس دەربارەی دینەوە قەت شتێکی وای نەدەکرد و نەدەگوت کە دڵی کەس بێشێنێ. قەت نەمدی موسڵمان تف ڕۆکا یان ناوی شەیتان لە مەجلیس بێنێ؛ نەوەک دڵی یەزیدی لێ بمێنێ.
ڕۆژێک لە قاوەخانە بووم، کابرایەک بە یەکێکی گوت: بڕو بێچووی شەیتان! یەزیدییەکە دڵی ئێشا و دەنگی نەکرد. کابراش هەوێرکی نەبوو. بانگم کرد: برا! ئەوە کوردە و براتە. دەزانی بە ناوی شەیتان دەیڕەنجێنی؛ حەیفە دڵی فەقیرێکی وا بشکێنی. جنێوی تر زۆرن! کابرا پەشیمان بۆوە؛ هات عوزری لە یەزیدی خواستەوە. پاش چەند ڕۆژ لە ماڵەوە بووم، گوتیان میوان هاتن. فەقیرێکی یەزیدی (فەقیر ڕۆحانییە) دەگەڵ چوار کەسان چوار بار کۆڵویان هێناوە. فەقیر ویستی دەستم ماچ کا: «سەیدا تۆ ناهێڵی موسڵمان خەڵەتان بکەن؛ زۆر منەتبارتین». ئیتر ئەوە سەرەتای دۆستایەیتم دەگەڵ یەزیدییەکان بوو؛ کە زۆر خەست ببوو؛ زۆریان خۆش دەویستم.
ماڵە حاجۆ زۆریان حورمەتی شاعیر و نووسەری کورد لە بەر بوو. ساڵەها ژیانی «جگەرخوێن» لە سەر ئەوان بوو؛ کە چی ببووە چەپی و جنێوی پێ دەدان و هەڕەشەی کۆمۆنیستانەی لێ دەکردن! بەڵام دیسان هەر زۆر حورمەتیان دەگرت. ژیانیان وەک عەشایری عەرەبە. تەنیا بەیانییان چای دروست دەکەن؛ دەنا هەر قاوەی تاڵە. ئێواران قاوەچی دەبێ قاوەی خڕ و کاڵ لەسەر ساج بۆ بدا، لە دەسکاونگدا بیکوتێ، دەنگی دەسکاونگ بگاتە ماڵانی دێ، یانێ وەرن قاوە بخۆنەوە. دەبێ هەر جار بەشی ڕۆژێک ساز دا. ئێوارەی تریش دووپاتە دەکرێتەوە. جگە لە قاوەی ئێوارە، شەو لە مەجلیسدا قاوەچی بە فینجانی چکۆڵەوە بە خەڵکەوە دەگەرێ و بەری لێ دەگرێ. بۆ هەر کەس چەند دڵۆپێک تێدەکا و هەر تاوناتاوێک تازەی دەکاتەوە. من کە تازە چووبووم، قاوەی تاڵ لە دەمم ژەهری مار بوو. هەرگا قاوەچی دەگەیشتە من، دەمگوت ناخۆمەوە. حەسەناغا - کە بە تەنیا بووین - گوتی: سەیدا نازانم تۆ بۆ لە ئێمە عاجزی؟!
- من؟ خوا نەکا. بۆ چی دەفەرمووی؟
- پیاوێ لە دیوەخان قاوە وەرنەگرێ، یانی دوژمنایەتیم دەگەڵ خاوەن دیوەخانە.
- بمبەخشە بەڵام زۆر تاڵە! بە قاوەچی بڵێ فینجانی بێ قاوەم بداتێ؛ وە بزانن دەیخۆمەوە!
کەچی بۆ خۆم وای فێر ببووم، تەنیا داوای قاوەی تاڵم دەکرد. شیعرێکم کە بۆ جەلال تاڵەبانی نووسیوە و لە «بۆ کوردستان»دا چاپ کراوە، باسێکم لەو بارەوە کردووە.
تورک لەو مەڵبەندە، خەتی سنووریان دوورودرێژ مین چاندبوو؛ کە لە قاچاغچی بتەقێ. زۆر جار کوردی بەستەزمان بەو مینانە دەکوژران. بەڵام زۆربەی قاچاغچی - کە سەربازی تورک یان کورد بوون - مینەکانیان کۆ دەکردەوە. بەردی دووکاندارانی تربەسپی، بەشی زۆری قاپۆڕەمین بوو. بەرتیلیش زۆری کار دەکرد. جەندرمە مەڕیان بۆ قاچاغچی لێدەخوڕی! تفەنگیان دەدانێ؛ لە عەرزی سووریا تفەنگیان وەردەگرتەوە.
مەلا زوبێر ناوێک، لاوێکی خەڵکی دەوری شاری «میدیاد» دەهاتە جزیرە، کتێب و شیعری کوردی کۆ دەکردەوە. جارێک درەنگتر لە پێشو هات؛ بۆی گێڕامەوە: لە شاری نوسەیبین پشکنیانم. دیوانی جگەرخوێن و چەند شتێکی دیکەیان لێ گرتم. بێسیمیان بۆ دیاربەکر لێدا. ئەفسەرێکی دەرەجە سەروان هات، کەلەبچەی کردم و خستمیە ناو جیپ بۆ دیاربەکر. لە ڕێ زۆر گریام؛ پاڕامەوە. لەناو شیوێک دەمانچە بە دەستەوە دایبەزاندم. گوتم دەمکوژێ. تاوێکی باش بەر شەق و زللەی دام. بە کرمانجی گوتی: سەی کوڕی سەی! کەرێکی وەک تۆ ماڵی هەزار کورد وێران دەکا. کتێبی کوردی لە پۆستی سنوورەوە دێنیە ژوور؟! بڕۆ ڕاکە! خۆی بەرەو نوسەیبین گەڕاوە. کە لە میدیاد لەپاش سەردانی ماڵەوە بە نوسەیبیندا هاتمەوە، جەندرمەکان دەستیان ماچ کردم: خۆجە تۆمان گرت عەفوومان بکە! جەناب سەروان هاتەوە فەرمووی کتێبەکانت هەموو مانای قورعان و حەدیس بوون!
لەپەنای ماڵە حاجۆ ئاغادا
لەپەنا دیوەخانی ماڵە حاجۆ وەتاغێکم بۆ تەرخان کرا. ساڵێک مامەوە. لە ماڵ و منداڵم هیچ خەبەرم نەبوو، حاجی مەلا ساڵحێکیان ڕاسپارد کە منداڵەکانم بۆ بێنێ. مەلا لە بەغدا دیبوونیەوە و هێنابوونیە مووسڵ و لەوێوە بە قاچاغ بۆ سووریە. لە ڕێگە، شەو پۆلیس تفەنگیان پێوە نابوون؛ بەڵام دەرباز ببوون. بە ناو عەشیرەتی کۆچەردا تێپەڕیبوو؛ کە مەعسووم گۆتەنی: ژنەکانیان عەگاڵیان بە سەرەوە بوو!
کە من لە سووریا و ماڵ لە بەغدا بوو، وەهابی بلووری و مینەی شەرەفی هاتبوونە بەغدا و لە منیان پرسیبوو. وەباڵ بەستۆی خەڵک، گوتیان لەلایەن ئێرانییانەوە هاتبوون بتبیننەوە! لە زەمانی قاسمدا نامەیەکی شەرەفیم بۆ هات. سوێندی خواردبوو کە لەو تۆمەتە دوورە و پاکانەی خۆی کردبوو. جارێک مەعسووم گوتی: بە منداڵی بیستوومە کابرایەک چەند ساڵ دیار نەبووە، گەیبووە وڵاتی شەیتانپەرستان؛ ئەرێ لە کوێیە؟ گوتم: ئێمە سێ ڕۆژە ڕێ وڵاتی شەیتانپەرستانمان بەجێ هێشتووە!
ڕۆژێک زۆر بە سەبرۆکە پرسی: ئەرێ ئێمە تا کەی ماڵەوماڵ و ئاوارە دەبین؟ گوتم: تۆ چاوت بەرەوژوور دەڕوانێ. لە ماڵە دۆمان بڕمانە! هەر حەوتەی لە دێیەکن، زۆریش بە ژیانی خۆیان ڕازین. وەبزانە ماڵە دۆمین... ئیتر نەمدیتەوە هەرگیز گلە لە بەختی خۆی بکا.
لەم بەینەدا من لە وەڕەزییان چووبوومە شاری قامیشلی، وەتاغێکم گرتبوو. سووکە ناوماڵێکم بۆ پیاوێکی ڕەبەن هەبوو. ئێوارەیەک کوڕێکی ماڵە حاجۆ هات: هەستە ماڵت بپێچەوە! ماڵ و منداڵت هاتوون و لە ماڵە محێددین حاجۆن. چۆن ماڵێک؟ دایک و دوو منداڵ وەک خۆ ماون. بەڵام ماڵ؟ کوا ماڵ! هەرچی هاتبوو باری کەرێک نەدەبوو! بیستمەوە کە دەگەڵ عەبدوڵڵا عەلی برای عەزیز گەڕاونەوە؛ عەبدوڵڵا ئەسپابی ماڵە خۆی جێبەجێ کردووە و ناوماڵەکەی ئێمەی لە حەسار هەڵڕشتووە.
- کاکە! ئەدی ئێمە؟
- دەتوانن چاوە خانوویێک بۆ خۆتان پەیدا کەن!
چاری ناچار پەنایان بە کاک محەممەدی ئیمامی بردووە. لە حەسارێکدا - کە خۆی ئیجارەی کردووە و سێ وەتاغە، وتاغێکی داونەتێ - خۆی و ژنەکەی وەک خوشکی دایک و بابی لە مەعسووم ئاگادارییان کردووە و چاویان لە منداڵەکان بووە. کاک محەممەد لە زەمانی عوروسی هەووەڵیەوە کەوتبووە وڵاتی تورکان.جەندرمەیی، قاوەچییەتی، فەعلەیی و زۆر کاری دیکەی فەقیرانەی کردووە. لە شۆڕشی شێخ مەحمووددا بەشدار بووە. بۆتە کرێکار لە بەنزینخانە و بازخرید کراوە و دووکانی داناوە و دووکان دزراوە و لەوپەڕی دەستەنگیدایە؛ بەڵام لە پیاوەتی و شەرەف زۆر باڵایە و کەمتر وێنەی و دیتراوە. وا بزانم شکسپیر دەڵێ: «ئەی شەرەف! تۆش وەک پێغەمبەران هەر لە جێگەی نەوی و کۆخی وێرانەدا دەژی!». ژنەکەیشی خەڵکی «خەفتەخاری» دەوری کەرکووک بوو؛ بە بێوەژنی مێردی بە ئیمامی کردبوو. دوو منداڵی لە مێردی پێشوو هەبوو؛ ئیمامی بەخێوی دەکردن. ناوی ژنەکە «بەهیە» بوو؛ پێیان دەگوت «دایکی کەریم».
دایکی کەریم، مستەفای وەک عەولادی خۆی و زیاتریش دەزانی. کاتێ ئیمامی لەبەر کرێ گرانی و دەستەنگی لە خانووەکەی گوێستبۆوە، منداڵی منیشی بردبووە ماڵی تازە بەکرێگیراو، لە وەتاغێک دایمەزراندوون کە هەمیشە ئاگای لێ بن.
- ئەدی حیزبی پارتی و دوازدە دیناری؟!
- پارتی چی و دیناری چی؟! تەنانەت نەیانزانیوە لە کوێین و چمان بە سەر هاتووە! لەم ساڵەدا، وردەوردە ناو ماڵمان فرۆشتووە و ژیانێکی نەمر نەژی گوزەراندوومانە و ئەوەندەمان ماوە کە هێناومانە...
لەناو گوندی تربەسپی - کە نیمچە شارۆکەیەک بوو - ژوورێکمان لە ماڵە کلدانییەک بە کرێ گرت و حەسیر مەسیرمان لێ ڕاخست و دیسان لێک کۆ بووینەوە. مستەفام - کە هاتە سووریا دوو ساڵانە بوو - تا ماوەیەکی زۆر ناوی مامە محەممەد و دایکی کەریمی هەر لەسەر زمان بوو. محەممەدی کوڕم - کە لە سابڵاغەوە هات و لە ماڵ دەرسم پێ دەگوت - پاییزی ساڵی ئایندە بردمە مەدرەسە. ئەزموویان، لە کلاسی سێهەمی سەرەتایی قبووڵ کرا. کە هاتە سووریا، لە کلاسی چوار دامەزرا و ساڵی تر پێنجمی تەواو کرد کە لە جێگەی پێنج و شەشی عێراق بوو.
ماڵەکەمان زۆر ڕووت بوو. هەر حەسیری لێ ڕاخرابوو. جۆڵایەکمان دیتەوە جلە کۆنی بۆ ڕیشاڵ ڕیشاڵ کەین و بە تەشی بۆی بادەین، میتری بە لیرەیەکی سووری دەیتەنێ. کۆنە پاتۆڵ و کراس و هەرە جۆرە کۆنەیەکمان باریک دادڕی و جۆڵا دوو بەڕەی میتر لە میترونیودا بۆ تەنین.
سەکۆیەکی دەوراندەور لە وەتاغەکەمان بوو، لەسەر وێم ڕاخستن. گوتم: «جێگەی میوانە، جێ گەورەکانە» بەڵام ئەوەی خراپ بوو کە داوەکانمان دەناسییەوە: «ئەوە داوی پاتۆڵی خۆمە! ئەوە هیی کراسی تۆیە! ئەوە و ئەوە و ...».
نان گەنم و پێخۆر ساوارە. مەعسووم قۆڵی لێ هەڵماڵی و بە تەندوور نانی دەکرد. هەرگیز لەوێ برسی نەبووین. گەنم لە ماڵە حاجۆ بۆمان دەهات و ئەوان خۆیان بەبێ ئەوە بە من بڵێن بە زەکاتیان حیساب دەکرد. شەوانە وەک هەموو خەڵکی گوند دەچوومە دیوەخانی ئاغا. چەقە و هەرای گوندییان، قسەی قۆڕ و لابەلا. هەرچی نەبیستراوە دەتبیست. دە پێشدا لام وابوو ئاغا هەموو وەک ئەوانەی موکریانن، بەڵام خراپی تێگەیبووم ماڵە حاجۆ ڕەئیسی عاشیرەتی هەوێرکان بوون کە گەورەتر عەشیرەتی دەوری سعێرت و میدیادن. بەشێکی زۆر دەگەڵ حاجۆ ئاغا لە چنگ تورکان هەڵاتوون و لە جزیرەی «ئیبن عومەر» - نێوانی دەجلە و فورات - گیرساونەوە. دێمەکار و دەشتی زۆریان داونێ؛ چەند گوندێکیان ئاوەدان کردۆتەوە و نیشتەجێ بوون. بەشی هەرە زۆریان لە تورکیان. هەموویان موسوڵمان نیین؛ یەزیدیی هەوێرکیش زۆرن.