حوسێن عەلی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و مەقامبێژ حوسێن عه‌لی ناسراو به‌ ( حوسێن عه‌لی گورجی)  یان (حوسێن عه‌لی زەند)، له‌ساڵی (1925) له‌ گوندی حەفته‌غاری سه‌ر به ‌شارۆچكه‌ی داقووقی سه‌ر به ‌پارێزگای کەرکووک له‌ خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری زه‌حمه‌تكێش ‌لە دایک بووە و له‌ عه‌شره‌تی (داویه‌)یە.

2022-11-08 111754.jpg

به‌هۆی هه‌ژارییەوە نەیتوانیوە  بچێته‌ به‌رخوێندن و هەر بۆیە بەکاری كشتوكاڵ و كرێكاری بەردەوام بووە. حوسێن عەلی بە هۆی ئەوەی باوکییش دەنگێکی خۆشی هەبووە بەردەوام به‌سته‌ و مه‌قامی له‌دیوه‌خانی گونده‌كه‌ی و خانەوادەکەی خوێندووە، ئه‌و ده‌نگخۆشییه‌ی باوكی ده‌بێته‌ هاندان و فێرگه‌یه‌ك بۆ حوسێن و هەر بۆیە لە منداڵیشەوە هەست بە بەهرەی دەنگخۆشییەکەی کراوە.


2022-11-08 115931.jpg

هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی، له‌هه‌رشوێنێك شایی و خۆشی و زه‌ماوه‌ند و بووك گواستنه‌وه‌ هه‌بوایه‌ خۆی گه‌یاندۆته‌‌ نێو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و زه‌ماوه‌نده‌كه‌ و به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی مه‌قام و به‌سته‌ی پڕ چێژی بۆ خوێندوون، هه‌واڵی گۆرانی چڕینی ده‌گاته‌وه‌ به ‌باوكی و به‌و كرداره‌ی لێی نیگه‌ران ده‌بێـت و سه‌رزه‌نشتی ده‌كات و پێی خۆش نه‌بووه‌ كه‌  كوڕه‌كه‌ی گۆرانی بچڕێت.

هونەرمەند حوسێن عەلی لەگەڵ مامۆستا عەلی مەردان.

پاش ئەوەی لە نێو گوند و ناوچه‌كه‌ی ده‌نگخۆشیی و توانای چڕینی دیار دەکەوێت له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ هانی ده‌ده‌ن تا گۆرانی بخوێنێ بۆیە له‌لایه‌ن خزم و ئیختیاره‌كانی ئاواییه‌كه‌یان پێشنیاری بۆ ده‌كه‌ن و پێی ده‌ڵێن ده‌نگت خۆشه‌ و بۆچی ناڕۆیت بۆ ئیزگه‌ له‌به‌غدا گۆرانی بخوێنی؟ بە هۆی ئەوەی هێڵی شەمەندەفەری کەرکووک-بەغدا بە تەنیشت گوندی حەفتەغارەوە بووە هۆکارێک بووە بۆ ئەوەى خۆی بگەیەنێتە بەغدا و ئاواتەکانی لە بواری چڕینی گۆرانی و مەقام بەدی بهێنێت.

حوسێن عەلی
حوسێن عەلی


هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی ساڵی 1948 بۆ یه‌كه‌مجار له‌ڕێی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه‌ دەچێتە بەغدا و لە ڕادیۆی كوردی به‌غدا، لەوێ به ‌دیداری هونه‌رمه‌ند (عەلی مەردان) شاد بووه‌ و له‌لایه‌ن مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه‌وه‌  ده‌نگی تاقی ده‌كرێته‌وه‌ هه‌ر زوو ڕه‌زامه‌ندی پێداوه‌ و چاوه‌ڕوانی ئایینده‌یه‌كی گه‌شی لێكردووه‌. ڕۆژی 30-05-1948 بۆ یەکەم جار لە ڕادیۆی کوردی بەغدا گۆرانی چڕیوە. به‌داخه‌وه‌ خاوه‌ن ئه‌و توانا به‌رزه‌ له‌چڕینی به‌سته‌و مه‌قام ، خوێنده‌واری نه‌بووه‌ ، به‌ڵام زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و توركی و فارسیشی زانیوه ‌و جیا له‌زمانی دایكی به‌زمانی توركمانی مه‌قام و به‌سته‌ی خوێندووه.

2022-11-08 115201.jpg

دوای كرانه‌وه‌ی ڕادیۆی كوردی به‌غداد، به‌ڕووی هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م و گۆرانی و مه‌قامه‌كانی و ئاشنابوونی گوێگر له‌ده‌نگ و هونه‌ری حوسێن عه‌لی، دەبێتە جێگای سه‌رنج ڕاكێشانی ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان، هونه‌رمه‌ند ئاشنایه‌تی و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و هونه‌رییانه‌ی لە گەڵ زۆر لە هونەرمەندانی وەک: مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، ئه‌حمه‌د داووده‌، حەسەن زیرەک، سەڵاح داووده‌، شكور خه‌یات، تایه‌ر تۆفیق، ڕه‌سوڵ گه‌ردی، خه‌لیل موراد وه‌ندی، فایه‌ق داووده‌ و ....تاد.


حوسێن عه‌لی، هەر له ‌گونده‌كه‌ی خۆیان (حه‌فته‌غار) ژیانی هاوسه‌ریی پێكهێناوه‌ و به‌ر‌هه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ (3) كوڕە به‌ناوه‌كانی (جه‌مال و كه‌مال و نه‌وزاد)، حوسێن عەلی له‌سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، ڕوو ده‌كاته‌ شاری به‌غدا و له‌و شاره‌ نیشتەجێ ده‌بێت و درێژه‌ به ‌ژیان ده‌دات  و هه‌موو ژیانی هونه‌رمه‌ند بریتی بووه‌ له‌كاركردن، سه‌ره‌تا كرێكاری و دواتر بووە بە شۆفێر تا دوا ساته‌كانی ژیانی .

هونەرمەند جگه‌ له‌ وتنی گۆرانی ئه‌وینداری و هه‌ڵدان به لارو له‌نجه‌ی كچی شۆخ و شه‌نگ و جوانی ئافره‌تی كورد، له‌ڕێی مه‌قامه‌كانییه‌وه ‌لە بواری نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتیمانیشیدا گۆرانی چڕیوە، له زۆر ‌ئاهه‌نگه‌كاندا باسی له‌ جوانی سرووشت و به‌رزی كوردستانی كردووه‌، له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی هونه‌رمه‌ند دووچاری گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌بێته‌وه‌.


ساڵی 1968-1969 بە هۆی هەڵوێستی بەرزی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی لە گۆرانییەکانیدا لە لایەن بەعسییەکانیەوە دەستگیر دەکرێت و لە زیندانی قصر النهایە و ئەمنی عامەی بەغدا ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێت، پاشان بە هۆی ڕێکەوتنەکەی 11ی ئاداری 1970 دەکەوێتە بەر لێخۆشبوون و ئازاد دەکرێت و دوای ئەو ئازادی و ئۆتۆنۆمیییەی بە کورد درا حوسێن عەلی توانی ئازادانە تر و پاراو تر گۆرانی دەڵێت و بەشداری خۆشییەکانی جەماوەری کورد دەکات لە شارەکانی بەغدا و کەرکووک. پاشان لە ساڵی 1971 ولە ساڵیادی بەیاننامەکەی 11ی ئاداری 1970  له‌شاری خانەقین ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌ سازده‌كرێت، هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكی عه‌ره‌ب به ‌ناوی ( ستار جه‌بار) ئه‌و ئاهه‌نگه‌ ماوه‌ی چوار شه‌و، له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی شاری خانەقین به‌رده‌وام ده‌بێت، هونه‌رمه‌ند به‌ به‌سته‌ و مه‌قامه‌ شۆڕشگێریه‌كان دڵی ئاماده‌بووانی ئاهه‌نگه‌ پڕ جۆش و خرۆشتر ده‌كات، له ‌نێو به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی حوسێن عه‌لی، ئاهه‌نگی خانه‌قین ناوبانگێكی تایبه‌تی هه‌یه‌، له‌و ئاهه‌نگه‌دا گۆرانی و مه‌قام به‌سه‌ر كورد و پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدانی كوردستاندا ده‌ڵێت، له‌ كۆپله‌یه‌كدا ده‌ڵێت (ئه‌م شه‌و شادمانه‌، سه‌رۆك بارزانی میوانه‌)، دوای ته‌واوبوونی ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی حیزبی به‌عسه‌وه‌، ده‌ستگیر ده‌كرێت و ده‌خرێته‌وه‌ زیندان، دوای ئازاردان و لێپرسینه‌وه‌یه‌كی توند هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی ئازاد ده‌كرێت.

2022-11-08 115226.jpg
نیـگارکێش دلێر ڕەفیق و تابلۆکەی حوسێن عەلی. مانگی 5-2017.
نیگارکێش دلێر ڕەفیق و تابلۆکەی حوسێن عەلی. مانگی 5-2017.
پەردە لادان لەسەر تابلۆکە.
پەردە لادان لەسەر تابلۆکەی حوسێ، عەلی لە لایەن جەمال حوسێن عەلی کوڕی گەوەری هونەرمەند و بە ئامادەبوونی کەسایەتی و خەڵکی ناوچەکە لەسەر ڕێگای گوندی حەفتەغار لە سەر شاڕێی کەرکووک-خورماتوو. 25-05-2017.
شێواندنی تابلۆکە
شێواندنی تابلۆکەی حوسێن عەلی لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی لە کارەساتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر.


گۆرانیيه‌ ناودارەکانی: -

(نازدار و نازه‌نینه‌، نیه‌ له‌ماڵ، ته‌نكه‌ گیانم ته‌نكه‌، نه‌رمه‌، باڵا گه‌ردانی چاوت بم، پێم بڵێ مه‌زه‌دار، دانه‌ دانه‌، كۆڵان به‌ كۆڵان، له‌سلێمانی به‌و لاوه‌، ئه‌ی زاڵم، شیرین به‌هاره‌، كراس زه‌ردێ، لای لای و  خۆشه‌ویستیت له‌دڵ چه‌سپاوه‌..... تاد).


هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی تا دواساته‌كانی ژیانی به‌ده‌ست ئازاری نه‌خۆشیی شه‌كره‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی، هەر بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە و له‌ماڵی جه‌مالی كوڕه‌ گه‌وره‌ی له‌شاری به‌غدا له‌ڕێكه‌وتی 18-07-1991 کۆچی دوای ئەکات و لە گۆڕستانی شێخ مەعروف لە بەغدا تەرمەکەی دەنێژرێت.



ڕێکەوتی 25-05-2017 لە زێدی خۆی و لەسەر ڕێگای کەرکووک-حەفتەغار-خورماتوو تابلۆیەکی یادگاری لە لایەن وێنەکێش دلێر ڕەفیقەوە کێشرا لەسەر ئەرکی قایمقامی قەزای داقووق، بەڵام لە کارەساتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر سوپای حەشدی شەعبی و عێراقی داگیرکەر وێنەکەیان شێواند.



ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق