زیاتر لە 183 ساڵ لە مێژوی ئیسلام ونە!
نووسینی: دكتۆر نزار الحيدري
وەرگێڕانی: بارزان شێخ عوسمان
دەمەوێت، سەرنجی خوێنەری ئەم بابەتە بۆ ئەوە رابکێشم، کە من نامەوێت سوکایەتی بە ھیچ کەسێک بکەم. بە دیاریکراوی زانا و موفتییەکان بە جیاوازی پێگە و پلەکانیانەوە.
ئەمە توێژینەوەیەکی بابەتییانە، زانستیی و مێژوییە چەندین پرسیار دەخاتە رو، کە پێویستیان بە وەڵامی رون و بێ پێچ و پەنایە، بەدەر لەو پرسیار و سەرنجانەی دەیانخەمەرو، کە بە بڕوای من زۆر گرنگن. بابەتەکە پەیوەستە بە مەسەلەیەک کە زۆرینەی موسڵمانان پشت بە حەدیسەکانی پێغەمبەر (د.خ) و کتێبەکانی وەک (سەحیحی موسلم، بوخاری، تەرمزیی و ئەوانیتر دەبەستن، کە سەرەکیین و ھیچ گومانێک ھەڵناگرن بەو جۆرەی باوەڕیان پێیەتی . با سەیرێکی راستیی مێژویی ئەم سەرچاوانە بکەین، پێغەمبەر (د.خ) ساڵی یانزدەی کۆچی گەڕایەوە لای پەروەدگاری خۆی.
1. کتێبی سەحیح بوخاریی، دانەرەکەی (محمد کوڕی ئیسماعیل کوڕی ئیبراھیم کوڕی موغەیرەی کوڕی بەردزبەی جەعفەری ناسراو بە بوخارییە). رەچەڵەک وشوێنی لەدایکبونی لە شاری بوخاریی لە خۆراسانی گەورە و (ئۆزبەکستان)ی ئێستایە، لە ساڵی (194)ی کۆچیی لە دایکبوە و ساڵی (256)ی کۆچیی لە تەمەنی (62) ساڵییدا وەفاتیکردوە، واتە (184) ساڵ دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر لەدایکبوە !.
2. صحیح مسلم: دانەرەکەی (ئەبو الحسین مسلم کوڕی حەجاجی نیشاپور)يە لەشاری نیشانپوری وڵاتی فارس ساڵی 206 کۆچیی لەدایکبوە و ساڵی 261 کۆچیی لە تەمەنی 54 ساڵیێدا کۆچی دواییکردوە، واتە 195 ساڵ دوای وەفاتی پێغەمبەر لەدایکبوە !.
3. کتێبی سنن النسائي: دانەرەکەی (ئەبو عبد الرحمن ئەحمەد کوڕی شوعەیب کوڕی عەلی کوڕی بەحر کوڕی سینان النسائي)ە، ساڵی 215 ی کۆچی لە شارۆچکەی ( خۆراسان ) ئۆزباكستانی ئێستا لەدایکبوە و ساڵی 303 لەتەمەنی 88 ساڵیدا لەشاری رەملەی فەڵەستین کۆچی دواییکردوە، 204 ساڵ دوای کۆچی پێغەمبەر لە دایکبوە.
4. کتێبی تەرمزی: دانەرەکەی م(حەمەد کوڕی عیسى کوڕی سورەی کوڕی موسى کوڕی زوحاک سەلمیی ترمزیی)ە، نازناوی (ئەبو عیسى ترمزي)ە ساڵی 209 ی کۆچیی لە شاری (ترمز)ی باشوری ئۆزبەکستان لەدایکبوە و ساڵى 279 کۆچیی لەتەمەنی 70 ساڵیدا کۆچی دوایی کردوە، ،198 ساڵ دوای کۆچی پێغەمبەر لەدایکبوە؟
5. کتێبی (ابن ماجە): دانەرەکەی (عبدالله محمد کوڕی یەزید کوڕی ماجة ئەلڕەبعیی قەزوینی)یە ساڵی 209 ی کۆچیی لە وڵاتی فارس لەدایکبوە لە رەمەزانی 273 ی کۆچییدا لە تەمەنی 64 ساڵییدا کۆچیی دواییکردوە، ئەویش 198 ساڵ دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر لەدایکبوە .
ئەم بەڕێزانە ، گرنگترین مەرجەعی سەرەکی حەدیسەکانن .
وەک ئەوەی باوە وا بڕوا دەکرێت ئەوانە راستگۆترینن بۆ گواستنەوەی وتەکانی پێغەمبەر و ھەمو زانایانی ئیسلام کۆکن لەسەر ئەوەی راستگۆن لە دۆکێۆمێنتکردنی ھەمو حەدیسەکانی پێغەمبەر (د خ). ئەوانە ھیچیان عەرەب نین، مەبەستم ئەوە نییە گومان بکەم لە باوەڕیان، بەڵام عەرەب نین و ھیچیان لە خاکی دورگەی عەرەبیی لەدایکنەبون، کە سەرچاوە و زێدی ئیسلامە.
باشە با گرنگتر ورد بینەوە، ئایا دەزانن ئەم ژمارانە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا مانای چی دەبەخشن 183، 195، 204 و 198؟ زانایانی بایەلۆژیی وادەی نێوان نەوەیەک بۆ نەوەیەکی تر بە 33 ساڵ دیارییکردوە، کەواتە نێوانی کۆچی دوایی پێغەمبەر و دەرکەوتنی نوسەردانەری حەدیسەکان شەش نەوەیە .سەردەم و زەمەن گەشە دەکات و دەگۆڕێت، مرۆڤەکانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت .ئەوانەی کە خاوەنی ئەو حەدیسانەن بەر ئەو گۆڕانە دەکەون، کە ناکرێت تا سەر پشتیان پێ بپەسترێت کە راست بن .بەو واتایەی رەنگە ئەو مرۆڤە ئەمڕۆ کەسێکی ئاسایی بێت، بەڵام سبەینێ ئەقڵی تێكبچێت، یا ئەمڕۆ پیاو خراپی بکات سبەینێ ببێتە کەسێکی باش و ئاقڵ. ئەوە قانونی ژیانە، مرۆڤ تاوان دەکات، هەڵە دەکات، باشە و چاکەش دەکات بە جۆرێک خێر و شەڕ، چاکە و خراپە تێکەڵ دەکات واتە مرۆڤ فریشتە نییە و بێبەش نییە لە هەڵە .
کرۆکی باسەکەمان ئەوەیە کە زیاتر لە شەش نەوە بە ساڵەکانیانەوە و سەردەمێکی دورو درێژی مێژو ونە و دیار نییە کەس هیچیان لە بارەیەوە نازانێت. بێ گومان هیچ بەڵگەیەکی زانستییش بە دەستەوە نییە . با وردتر بم لە مەسەلەکەدا، هیچ کام لە (بوخاریی، موسلیم، نسایی، ترمزیی و ابن ماجی)، نەك پێغەمبەریان نەبینیوە و نەیان ناسیوە، بەڵکو لە سەردەمی پێغەمبەر یا هاوەڵەکانی، تەنانەت لە سەردەمی خەلیفەکانی راشیدینیشدا لەدایك نەبون .
- ئەبو بكری سدیق لە 11 -13 کۆچی (ك)،
- عمر بن خەتاب لە 13 - 23 ك ،
- عوسمان بن عەفان لە 23 -35 ك ،
- عەلی بن ئەبی تاڵب 35 - 40
- معاویە بن ئەبی سفیان 41 – 60ك ،
- یزیدی یەکەم کوڕی معاویە : 60 – 64ك,
- مەروان کوڕی حەكەم : 64 – 65ك
- عبد الملك بن مروان : 65 – 86ك ،
- وەلیدی یەکەم بن عبد الملك : 86 -96
- سلیمان بن عبد الملك : 96- 99ك ،
- عمر بن عبد العزیز : 99-101،
- یەزیدی بن عبد الملك : 101 – 105ك –
- ھشام بن عبد الملك : 105-125ك –
- وەلیدی دوەم کوڕی یەزیدی دوەم ،کوژرا ( : 125-126ك -
ئیتر تەواوی سەردەمی ئەمەوییەکان و عەباسییەکان تا سەردەمی خەلیفە ئەمین کە لە ١٩٣ - ١٩٨ حوکمی کردوە .
هیچ کام لە بوخاریی، مسلم، نسایی، ئیبن ماجی، ئەوانەیان نەبینیوە تەنانەت لە دورگەی عەرەبییش لە دایك نەبون ،ئیتر ئەم وتانەی پيغەمبەریان لە کوێوە هێناوە و سەرچاوە و مەرجەعەکانیان لە کوێ بوە ؟! کێ شایەتییان بۆ دەدا ؟!، بەڵگە و دەستنوسە ئەسڵییەکانیان چی لێکردوە؟ چونكە هەر وتەیە دەبێ دەستنووسی ئەسڵی هەبێت.
ئەوە ئاین و باوەڕ و شەریعەتە نەك بۆچون روانینێك بە ئارەزوی خۆمان چیمان بەدڵ بێت هەڵی ببژێرین ئەوەیشی بەدڵمان نەبێت توڕی هەڵدەین؟!.
کوان وتارەکانی هەینی؟!، ناڵێم ماوەی پێغەمبەرایەتیی ٢٣ساڵ بوە دەڵێم گریمان ماوەکە دەساڵ بوبێت .
با بیژمێرین مانگێك چوار هەفتەیە یانی ٤هەینی، ٤رۆژی هەینی × ١٢مانگ = ٤٨هەفتە ،٤٨ × ١٠ = ٤٨٠ هەینی و ٤٨٠ وتاری هەینی .
پێویست بو ئەو وتاری هەینیانە لە کتێبەکانی بوخاری و موسلیم و ئەوانیتر دا بوایە !. ئەی باشە ئەو وتارانە چی یان لێهات ؟!. مەعقولە کتێبەکانی بوخاری و موسلیم و ئەوانیتر،هەزاران حەدیسی گشتیی و شەخسییان هێناوە و داویانەتە پاڵ پێغەمبەر و نەیان توانیوە و دۆش داماون یەك وتار و خوتبە بگێڕنەوە، تەنانەت یەك خوتبە و وتاریشیان لانییە . بەراستیی سەیرە !.پرسیارەکە ئەوەیە کوا نوسەرەکانی پێغەمبەر و دەستنوسەکانیان لەکوێ یە ؟!.
ئەو قسە و نوسراوانە لە کوێن کە لە زاری ئەهلی بەیتەوە دەگێڕدرێنەوە ؟!.
کوان نوسراوەکانی هاوەڵانی پێغەمبەر ؟!،
ئایا زانایانی ئاینیی گرێبەستیان لەگەڵ خەلیفەکاندا کردوە لەسەر حسابی ئاینەکە؟!،
ئایا سەردەمی نا سەقامگیری ئەمەوییەکان هۆی دیار نەمانی ئەو حەدیسانە و تەزویر کردنیانن ؟!. کێ دەستنوسە ئەسڵییەکانی لەناوبردوە یا سوتاندوە ؟!.
ئایا ناکۆکیی نێوان ئەمەوییەکان و نەیارەکانیاندا، لەپشت دیارنەمانی ئەو ساڵانەوەیە؟!.
ئەگەر کتێبەکانی بوخاریی و موسلم نەبونایە دەبوایە ئێستا چیتان بگوتایە ؟!.
ئەوە کێ یە بەرژەوەندیی لەوەدا بوبێت قورئانی پیرۆز بخاتە لاوە و بیگۆڕێت بە حەدیسەکانی پێغەمبەر و تەحریمی ئەو شتانە بکات کە خوداوەند حەرامی نەکردوە؟!.
ماقوڵە ئۆمەتی ئیسلام دوای مردنی پێغەمبەر (د.خ) دوای شەش پشت و نەوە ،دوای ١٨٣ساڵ دوای ٢٤خەلیفە ،نەیتوانیبێت حەدیسەکان کۆ بکاتەوە!، تا ژمارەیەك موسڵمان دور لە کلتوری عەرەب و لەدورەوە لە خۆراسان و وڵاتی فارسە وە بێن موسڵمانان فێر بکەن کە پێغەمبەر چی گوتوە !.
لە کاتێکدا بەشی زۆری ئەو کتێبانە روانین و مەزاجی نوسەرەکانیانە !.
باشە بۆچی پاشماوەی نوسین و دەستنوسەکانی شارستانیەکانی سۆمەریی ، بابلیی، فیرعەونیی کە گرنگترین شارستانیی مرۆڤایەتیین تا ئەمڕۆش ماون کە بە هەزاران ساڵ پێش ئیسلام بون ؟!. لە کاتێکدا سەردەمی پێغەمبەر هێندە دور نییە کەچی زۆربەی هەرە زۆری دۆکێۆمینت و بەڵگەکانی ونن ؟. ئەوانەی کە خۆیان بە زانایانی ئومەی ئیسلام دەزانن دەکرێت پێمان بڵێن ،ئایا بە هۆی پیلان و دزیکردن و خیانەتەوە بوە لەسەر دەستی موسڵمانان خۆیاندا کە ئەو مێژوە ون بوە ؟!.
چونکە رۆژێك لە رۆژان نەمان بیستوە رۆم ،تەتەر ،مەغۆل یا فارسەکان هاتبن مەککە یا مەدینەیان داگیر کردبێت تەنانەت بۆ رۆژێکیش نەبوە !.
لە کاتێکدا خەلیفەعەرەبەکانی موسڵمانان کەعبەیان وێرانکردوە ، و هاوەڵانی پێغەمبەر و پەیڕەوکارانیان کوشتوە!.
هیچ دەستنوسێکی ئەسڵیی حەدیسەکان لەبەردەست نییە و هیچ بن کۆڵ و کنە کردنێکیشیان بۆ نەکراوە ، هیچ مەرجەعێکیش باسیان ناکات !.
ئایا ئەوە بەو مانایە نییە کە هەمو کتێبەکانی بوخاریی ،موسلم ، نسایی ،ترمزیی و ابن ماجی پشتیان پێ نابەسترێت و جێ متمانە نین یا تەزویر کراون یاخود شێوێنراون .
هەمو ئەگەرێك لە ئارادایە .ئەگەر دەترسن لەوەی راستییەکان بڵێن ئیتر وەزعەکە لە گرێژنە دەردەچێت !، ئەوا عوزر کە قەباحەت خراپترە .
لە هیچ حاڵەتێکدا نابێت قسەیەک بە ناوی پێغەمبەر (د.خ) بکرێت کە سەرچاوەکەی دیار نەبێت و لێی دڵنیا نەبین .
کەواتە مەسەلەکە لە تەزویر و هەڵبەستن زیاتر نییە ، وەك چۆن زۆر راستیی مێژویی ئیسلام لە چیرۆکی درۆ و خەیاڵ بەولاوە هیچی تر نییە ( کە ئەوە بابەتەکەم نییە) بەڵام ئێستا من وەك موسڵمانێك بەلامەوە گرنگە و مافی فیکریی و لۆژیکیی و شەرعیی خۆمە بزانم کە ئەو ١٨٣ ساڵە ون بوەی مێژو چی رویداوە ؟!.