سدیق ڕەنجبەر

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ناوی تەواوی، سەدیق ساڵح عەزیزە، بە مامۆستا سەدیق ناسراو، لەدوای ئەوەی جەمیل ڕەنجبەر شەهید دەبێ، گەلێک لە هاوڕێکانی بە سەدیق ڕەنجبەر بانگی دەکەن، یەکێک لەوانە کاک نەوشیروان مستەفا، واتە سەدیق ڕەنجبەریش ناوێکی تری مامۆستا سدیقە.

326375295 .jpg

لە ساڵی 1954 لە گوندی گۆمەگڕوی سەر بە شارۆچکەی قوشتەپەی دەشتی هەولێر لەدایکبووم. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی و هەتا ئامۆژگەی مامۆستایانم هەر لە هەولێر لە ساڵی 1974 تەواو کردووە. لە ساڵی 1974 هەتا هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، پێشمەرگە و مامۆستابووم. لە ساڵی 1975 هەتا 1980 پیشەی مامۆستایەتیم کردووە، لە گوندەکانی دەربەندی ڕایات و پیرئۆمەری دۆڵی ڕوستێ و گوندی گۆمەشین.

387617307.png

لە ساڵی 1969دا پەیوەندیم بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان کردووە. لەدوای ئەوەی کە لە ساڵی 1970دا کۆمەلەی مارکسی- لینینی دروستبوو، لە ئەلقە ڕەوشەنبیریەکانی کۆمەلەدا بەشداریم کردووە. لەدوای هەرەسیش لەگەل دەسپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ، هێڵی ڕێکخستنی نوێمان دروستکردووە، بە تایبەتی لە کاتی نەکسەی گیرانەکانی ساڵی 1977 ی هەولێر. دواجار لە ساڵی 1979 لە دروستبوونی یەکەم کۆمیتەی شاری هەولێر، وەک ئەندامی کۆمیتەی کۆمەلەی ڕەنجدەران، کاری ڕێکخراوەییم کردووە.

لە هاوینی ساڵی 1980دا، بە هۆی سیخوڕیکەوە لەکاتی ئەنجامدانی چالاکیەکدا، لە گەڵ سەرداری کاکەحەمە دەسگیردەکرێم لە نزیک شارەدێی هیران. ڕاپێچماندەکەن بۆ دەزگای ئەمنی ئیستیخباراتی مەدەنی لە هەولێر. لەدوای چەندین مانگ ئەشکەنجەی بەندیخانە، کە نەیانتوانی هیچمان لێهەلوەرێنن، بەهۆی پلانێکی تۆکمەوە، توانیم پەنجەرە مۆدێلکۆنەکەی ژووری بەندیخانە بشکێنم، بەبێئەوەی پاسەوانەکان هەستی پێبکەن، لە ئێوارەیەکی مانگی یازدەدا، لەگەڵ داکردنی ڕێژنەی باران، من هاتمە دەرەوە و خۆم دەرباز کرد، ئەو هاوڕێیەی کە لەگەڵ من گیرابوو، لە ژورێکی تر بوو، ئاگاداری هەموو هەنگاوەکانی ڕاکردنەکەمبوو، چونکە بەتەمابووین بە نیشانەی تەپەی دیوار، هەردوکمان پێکەوە ڕابکەین.

لە مانگی یانزە خۆم گەیاندە هێزەکانی پێشمەرگە لە گوندی نێرەگینی بەستی شەرغە، دواتر بەناوچەکانی دۆڵی نازەنین و بالیسان. بەڕێکەوتم و خۆم گەیاندە سەرکردایەتی لە زەڵێ و نێوزەنگ و تووژەلە. ماوەی نزیکەی هەشت مانگ لە ئێسگەی دەنگی کوردستان لە تووژەڵە مامەوەو دوو بەرنامەم ئامادە دەکرد. کە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە مالیمۆس تەواو بوو، من خۆم ئامادەکرد، بۆ ئەوەی بچمە خوارەوە، لەگەڵ ئەو قوەتە تازەیەی کە هاوڕێی شەهید شاخەوان عەباس لێپرسراوە سەربازیەکەی بوو. بۆیە لە هاوینەکەی کە دەکاتە ساڵی 1981 هاتینە خوارەوە بەرەو وەرتێ و خۆشناوەتی و دەشتی هەولێر. لە دەشتی هەولێر وەک لێپرسراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و لێپرسراوی ناوچەی یەکێتی بووم لەهەمان کاتدا. لە ساڵی 1982، گەڕاینەوە سەرکردایەتی و کۆنفرانسی دووەمی کۆمەلە لە ناوزەنگ بەسترا. دوای ئەوە، ئەمجارەیان بەرەو ناوچەی ڕەواندوز بەڕێکەوتم، وەک لێپرسراوی پۆلی هەلگورد و دواتر لە ساڵی 1984 بوومە لێپرسراوی ڕێکخستنی ڕەواندوز..

گۆڕەپانەکەی مالیمۆس، کە کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەلەی لێبەسترا. ئەوەی یەکەم دیارە شەهید ئەحمەد قەنبەریە، ئەوەی خەریکی نووسینەوەیە سدیق ڕەنجبەرە، ئەوەی سەریشی دیارە یوسف زۆزانیە، ئەوی پاشی ویش سەری حەمەتۆفیق رەحیمە.
گۆڕەپانەکەی مالیمۆس، کە کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەلەی لێبەسترا. ئەوەی یەکەم دیارە شەهید ئەحمەد قەنبەریە، ئەوەی خەریکی نووسینەوەیە سدیق ڕەنجبەرە، ئەوەی سەریشی دیارە یوسف زۆزانیە، ئەوی پاشی ویش سەری حەمەتۆفیق رەحیمە.

لە ساڵی 1984 یش، لەکاتی گفتوگۆی یەکێتی و حکومەت، کۆنفرانسی سێیەمی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە پیرەمەگرون گرێدرا. لە کۆنفرانسەکە من یەکیکبووم لەوانەی کە گومانی چالاکی بەشداری ئۆپۆزیسیۆنی ئەوکاتی لێدەکرا، ئەو کاتە ناوی عیراقچیان بۆ ئێمە هەڵبەستبوو، دواتر بووە ئالای شۆڕش، بۆیە لێپرسراوەتی ڕێکخستنی کۆمەلەم لێسەندرایەوە.

154519637 .jpg

وەک پێشمەرگەیەکی سەربەخۆ هەرجارەی لە شوێنێک بووم. تا ئەو کاتەی لە شوباتی ساڵی 1985 هاوسەرگیریمکرد و لە ژوورێکی قوتابخانەکەی گوندی کاموسەکی سەر بە هیران، مانگی هەنگوینیم بەڕێکرد. ئێستاش دوو کوڕو دووکچم هەیە. هەر بەهۆی ململانێکانی ئەوکاتەوە، ناچارکرام بچمە سەرکردایەتی کە لە دۆڵی جافەتی بوو ئەو کاتە، بۆیە بۆ ماوەی دوو سالان، ماڵم لە سەرگەلو بوو. پاشان ماڵم بردە گوندی خەتێ، لەوێش لە هێڕشێکی بەعس و جاشی، ساڵی 1987 دا بۆ دۆڵی بالیسان، لەم هێڕشەدا بەعس چەکی کیمیاوی لە بالیسان و شێخوەسانان و خەتێش بەکارهێنا و کارەساتەێکی گەورەی بەدواوەبوو، بەڵام کیمیاویەکەی سەر گوندی خەتێ بە هۆی بارانێکی بەخوڕەوە پوچەڵبووەوە و کاری لە ئێمەنەکرد، بەڵام مالەکەم وەکو ماڵی هەموو خەڵکی دێیەکە تاڵانکراو و سووتێندرا.

دواجار ماڵم بردە گوندی نازەنین، بۆ ماوەی ساڵێکیش لەوێ بووم، دواتر بە هۆی توندی هێرشەکانی ئەنفالەوە، تووشی پاشەکشە بووین بەرەو ئاکۆیان و وەرتێ و سەرکردایەتی. لەم ماوەیەدا، هەستمکرد توشی نەخۆشی کوشندەی مەلاریا بووم، دواتر زانیم کە ئەوە حکومەتی بەعس میکرۆبی ئەم نەخۆشیەی وەک چەکی بایۆلۆجی بلاو کردۆتەوە.

لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی 1991دا، کۆمیتەیەکمان دروستکرد بە ناوی کۆمیتەی شەهید جەمیل ڕەنجبەر کە من سەرپەرشتیم دەکرد، دواجار خۆم و خێزانم وەکو ئەو خەڵکە تووشی کۆڕەوەکە بووین، بەرەو پیرمام و شەقلاوەو ناوچەی ڕاوەندوز بەڕێکەوتین، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە گوندی هاودیان ماینەوە. دواتر لەکاتی گفتوگۆی بەعس و بەرەی کوردستانی گەراینەوە هەولێر. دوای ئەم دابڕانە زۆرە لە پیشەکەم، سەرلەنوێ لە قوتابخانەی هەژار وەکو مامۆستا دامەزرامەوە. زۆرنەبرد، چوومە زانکۆی سەلاحەددین و لە ساڵەکانی 1992-1996 توانیم سەرکەوتوانە کۆلێجی زمان و ئەدەبی ئینگلیزیم تەواو بکەم لەدوای 31 ئاب، کە ڕژێمی بەعس بەهاوکاری پارتی هەولێری گرتەوە، بە خێزانەوە چووین بەرەو ئۆردوگای ئەشکان لەسەر سنووری ئێران، پاشان گەراینەوە بۆ سلێمانی، لەبەرئەوەی هیچ باوەرم بە شەری براکوژی نەبوو، ئەم سەرکردانەشم بە لاواز دەهاتە بەرچاو، وە لەبەرئەوەی دەموچاوم مەرغوب نەبوو لەلای دەسەلاتدارەکان، بەتایبەتی کە ڕابردویەکی باشمان پێکەوە نەبوو، بۆیە بە ناچاری ملی ڕێگای هات و نەهاتم گرت، بەرەو هەندەران، بە ئومێدی ئەوەی لەم بارودۆخە کارەساتبارە دەربازم ببێ کە تێی کەوتووم.

لە مانگی دوازدەی ساڵی 1996 بە قاچاخ ڕۆشتم بەرەو ئێران و تورکیا، ماوەی شەش مانگ بە زەحمەتی لە تورکیا مامەوە. پاشان هەر بە قاچاخ، سنوری وولاتەکانی یۆنان و ئیتالیاو فەرەنساو ئەلمانیام بڕی، دواجار لە مانگی تەموزی 1997 دا گەیشتمە هۆڵەندا، زۆر بەخێرایی ئیقامەم پێدراو و پاشان جنسیەی هۆلەندیم وەرگرت، ئێستاش لە هۆڵەندا نیشتەجێم.

سدیق ڕەنجبەر و فاروقی عەلی مەولود
سدیق ڕەنجبەر و فاروقی عەلی مەولود

لەدوای ڕوخانی ڕژێم بۆ ماوەیەکی زۆر لە کوردستان مامەوە، بەلام کە تەماشامکرد، ئەو بارودۆخە ئەوە نیە کە من ئاواتم بۆی دەخواست، وەنەبێ هەوڵم نەدابێ کە کارێکی بچوکی حکومی وەگرم، بەڵام دیارە بەهۆی کۆنە قینی هەندێ لە دەسەلاتدارەکان پێیان ڕەوانەدیتم، هەروەها زۆر هەوڵمدا وەکو مامۆستای ئینگلیزی کە پیشەکەی خۆمە دابمەزرێمەوە، ئەویشیان نەکرد، ئینجا زانیم کە ئەم حکومەتە هەرکەس بۆ خۆیەتی و تەراتی تێدا نەماوە. هەرجارەو ئەوەم بەبیردەهاتوە کە دایی ڕەحمەتی بۆچی دەیگوت، جانم لێدە شۆرشە شۆرش. بۆیە لە ساڵی 2014 بریارمدا بگەڕێمەوە لە هۆڵەندا بژیم. هەمیشە بە ئاواتم ڕۆێک لە ڕۆژان کورستانێکی سەربەخۆ ببینم کە یاسا و کەرامەتی تاکی کوردی تێدا بەرقەراربێت و بە ئاسوودەیی بژیم.


تێبینی: تۆماری تایبەت بۆ مانو بەرزنجی