سوریالیست

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

0012oard02.jpg

ئەندرێ برۆتۆن ( andré breton 1896-1966 )، سەرۆکی سوریالیستەکانی فەرەنسا، دەیانگووت ؛ ( گەورەترین ئەکسیۆنی سوریالیستی ئەوەیە کە مرۆڤ بێتە سەر جادە و بە چواردەوری خۆیدا دەستڕێژ بکات ). ئەم وتەیەش دەچیێە خانەی تێۆری سوریالیستەکانەوە کە لەو سەردەمەدا پەیڕەویان دەکرا، کە مرۆڤ دەبێت ئەوەی لە ناخیدا شاراوەیە ئازادی بکا، سەردەمی شیکاری نەفسی و تیۆریەکانی فرۆید بوو، ئەو سەردەمە بوو کە مرۆڤ دەیویست بزانێت چی بە مێشکیدا گوزەر دەکات لە کاتێکدا کە بێ دەنگە.

Andre-breton.jpg

بزانێت ئەو وەک ئۆمۆساپیانێک بیر لە چی دەکاتەوە ؟ نیاز و ئامانجی چیە ؟

با خۆمان لە باسەکان نەشارینەوە، دەروازەیان بۆ واڵا کەین هەتاوەکو وەک باڵندەیەک باڵبگرن و خۆیان دەرباز کەن، تەنانەت هەندێک درەگیشیان دەخوارد بۆ ورووژاندنی هەست و ئارەزووەکانیان، بەڵکو بەو بۆنەیەوە لە ناو نۆرۆنەکانی مێشکۆلەیاندا نهێنیەکانی خۆیان، هەست و ئارەزووی شاراوەی خۆیان بدۆزنەوە. ئاواتەکانیان، ئارەزووی بوونیان. ئەو سەردەمەش بوو، کاتێک مرۆڤ شتێکی نوێی دەدۆزیەوە ئیتر وەهای باوەڕ بوو کە ئەوانی ڕابوردوو هەمویان هەڵەو بێ مانان. ئەو سەردەمەی کە گیتاری ئەلەکتریک و پیانۆ، جێگای هەموو ئالەتە مۆسیقاکانی تری گرتبویەوە، ئەو سەردەمەی کە مۆسیقارێکی ئێرانی گووتی : کاکی برا پیانۆ ئالەتێکی پیرۆزە، بتهۆڤن و مۆزارت بەکاریان هێناوە، بەڵام با ئالەتەکانی خۆشمان لەبیر نەبەینەوە. هەر ئەندرێ برۆتۆنیش لە کۆتایی ژیانیدا دەچوو بۆ لای بودیستەکان هەتاوەکوو بتوانێت چۆن مردن قبوڵ بکات.

هیچ کامیش لەم سوریالیستانە نەهاتنە سەر جادە و خەڵکی بکووژن، لەبەر ئەوەی کە ئەوان مرۆڤی هۆشمەند بوون، بەڵام ئەو ئارەزوەیان لەناخی خۆیاندا هەڵهێنجا؛ کاتێک خۆت بەرامبەر بە کۆمەڵگە و بەرامبەر بەو سیستەمە دەبینیتەوە، سەرنجی مێژووی خوێناوی مرۆڤایەتی دەدەیت، دەرئەنجام هەموو شتێک بێ نرخ و بێ هودەیە. یان دەبێت گێل بین و پێکهاتەی بێۆکیمیاویمان ئەو توانایەمان پێ نەدات کە درک بەو تەنگژی و ئەشکەنجە و هاوارانە بکەین، شیکار بۆ چەمکەکان بکەین، هەموو شتێک وەک خۆی و بەبێ تەنگژە وەربگرین، یان ئەوەیە کە تۆ مرۆڤێکی هۆشمەندیت، ڕێگە بەخۆت نادەیت ئەو تاوانانە ئەنجام بدەیت.

سەتەیەک دوای ئەو قسەیەی ئەندرێ برۆتۆن، چەندەها گەنج، بەتایبەتی گەنجانی ئەمریکیمان بینی دەهاتنە سەرجادە و بە چواردەوری خۆیاندا دەستڕێژیان دەکرد، ئەگەر هەندێک گەنج، هۆکارێک و بیانویەکی ڕاستەوخۆیان دەکرد بە دەلیلی ئەکسیۆنەکانیان، بەڵام لە راستیدا دەچنەوە سەر هەمان چەمکی سوریالیسەتەکان.

R0147.jpg

لێرەدا تەنها مەبەستم لە هۆشە و باسی ئاگایی دەکەم؛ ئەوکاتەی کووتوپڕ تامی جوانیەکان وەک ژەهری مار، تاڵ دەبن لەسەر زارمان، ئەوکاتەی کە ئیتر قاقای پێکەنینت نایەت، کە ناتوانیت جارێکی تر سەر بکەیتە سەر سەرین بەبێ خەم، ئەو کاتەی لەتاریکیدا خێوی پرسیارەکانت بەرۆکت دەگرن، ئەو کاتەی کە ئیتر حوکم ناتوانیت بدەیت، ئەو کاتەی ئارتیور ڕامبۆ دەڵیت: ئێوارەیەک جوانیم لەسەر ئەژنۆمدا دیت، کووتووپڕ تاڵ بوو لەبەر چاووم.

هۆش، ئاگایی؛ ئەو دیاردەیەی کە ئەنکیدۆی پەشیمان کردەوە لە شارستانیەت، ئاواتی بەو کاتانە دەخواست کە لەو دەشتەدا لەگەڵ ئەژەلاندا بەبێ خەم هەڵدەبەزیەوە. کە گەلگامشی نە گەیاندە ئاستی خواوەندەکان، لەبەر ئەوەی هۆش ترسی خستبووە دەرونیەوە، ناچار پاشاکان سەری خۆیان بە ئاژەڵان دەچواند، ئەو ئاژەلانەی کە نازانن هۆش چیە و ترسیش بەو هۆیەوە، بۆیە ئەوان خواوەندن و ئێمە کۆیلە. بە بیری یارسانەکان، کاتێک گابریەل؛ یەکەم مرۆڤ، بەبێ خەم، دەهاتوو دەچوو، فڕەی باڵی دەهات لەم پەری دەریاوە بۆ ئەو پەری دەریا. دەنگێک لە سەروی خۆیەوە پرسیاری لێ کرد :

تۆ کێیت ؟ من کێم کە دەتدوێنم ؟

R (1).jpg

گابریەل گاڵتەی بەو پرسیارانە دەهات، هەتاوەکو ئیزدان سێ جاران باڵەکانی سوتاند، بەڵام گابریەل هێشتا نەزانە و بەهۆش خۆیدا نایەتەوە. ناچار ئێزدان دەیەوێت بەجوانی گابریەل وەخەبەر بکاتەوە، بۆیە خودا؛ درەوشاوە وەک ڕۆژ، بەرگی گەنجێکی جوان خاس دەپۆشێت و دەچێتە بەردەم گابریەل، لەو دەریا بێ سنورەدا و پرسیاری لێ دەکات :

من کێم ؟ هەی خۆش ڕەسەن ؟ لەم بەرزاییەوە دەت دوێنم، تۆ کێیت بە تەنیا دێیت و دەچیت لەم دەریا بێ سنورەدا ؟ راستیم پێ بڵێ ڕزگارت دەکەم. گابریەل لە بەردەم ئەو جوانیەدا دەمی دەکەوێتە تەتەڵە و بەهۆش خۆیدا دێتەوە.

منیش وەک گابریەل؛ هۆش وەک هەرەسی بەفرێک بەسەرما داڕما، وەک گابریەل هەردەم باڵەکانم دەسوتان، چەندەها جار لەژێر ئەو هەرەسەوە سەرم دەردەهێنایەوە و بێ هیوا لە بنی ئەو دەریایەدا مات و بێ دەنگ دەمامەوە، هەناسەم لێ دەبڕا و توشی شۆک دەبووم، بەجۆرێک شۆک جێگای چڕنوکی خۆی لە ناخمدا داکوتا بوو، کە ڕۆژێک لە باکوری ئەفریقا، لە ماڵیکدا بووم، لە ژورێکی نسرمدا. هەرچەندە دەرەوە هەتاوێکی بەتین بوو بەڵام وەک زۆر لە خانووە کۆنەکانی شاری عەفەز، پەنچەرەکانیان بچوک و بە بەرزایەوەن، هەتاوەکوو بێگانە نەزانن تۆ چ دەکەیت، یان بۆ ئەوەی کە خۆت لە خودا و لە راستی بشاریتەوە، وەک ئیزیدیەکان لە ئەشکەوتا. لەکاتێکدا دەهاتموو دەچووم لە ژورێکدا، وام هەست دەکرد کە دەمێکە کەسێک تێم دەڕوانێت، لە پشتمەوە لێم وورد دەبێتەوە؛ پیرەژنێک لە کونجوڕی ژوری ئەو خانوەدا بە لاچاو تێم دەڕاما و لێم وورد دەبویەوە، سەرنجی دەدام. چەند خۆشە کاتێک کەسیک سەرنجت دەدا. پیرەژنەکە داوای لە کچەزاکەی کرد کە پێم بڵیت من مرۆڤێکم توشی شۆکێکی گەورە بووم لە ژیانمدا، منیش پرسیارم لێ کرد، چۆن دەزانێت شۆک بناسێتەوە لە چاووی مرۆڤێکدا ئەگەر خۆی لەو شۆکەدا نەژیابێت.

کانت دەی ووت؛ کاتێک سەگێک ئەقروسکێنێت، مەبەستی ئەوە نیە کە ئازار دەچێژێت، ئەو قروسکەیە شتێکی میکانیکیە و ئاژەڵان نازانن ئازار چیە. زانستی ئەو سەردەمە بە سەلماندن نەبوو، بە تێروانین و بۆچون بوو، تەنانەت هەتا ساڵانی هەفتاش زانست زانیاری هەڵەی ئەدا، ئەمڕۆش هەموو زانیاریەکانمان بەرپەرچ دانەوەی زانیاریەکانی ڕابوردوون، بۆیە ئەمڕۆ بەهۆش خۆمانەوە هاتوین و ناتوانین شتێک بڵیین بەبێ سەلماندن، ئەمانە هەمووی بەرهەمی هۆشن. بەڵام خۆ لە دێر زەمانەوە مرۆڤ هۆشمەنەدە بە هاوار و نائومێدی خۆی، دەزانێت و ئاشنایە بە تەنگژیەکانی . ئێستاکە کە ئێمە ئاشناین بە باری ژیانی خۆمان، ئێستاکە کە توانامان هەیە خواردن لەم پەری دنیاوە بە ماوەیەکی کورت ببەین بۆ ئەو پەڕی دنیا، کە توانای چارەسەرکردنی زۆر نەخۆشیمان هەس، بۆچی کەسانێک هەن لە برسا دەمرن ؟ کەسانێک هەن کە توانایان نیە چارەسەری تەندروستی خۆیان بکەن ؟ کاتێک لەسەفەرێکمدا لە هۆتێلێکی گرانبەهای تورکیا بووم، مەلەوانگە و دەریای شین تێکەل بەیەکتری بووبون، هەرچەندە ئەو هۆتێلانە ستایلی ژیانی من نینە، بەڵام وەها بڕیاردرا بوو کە لەو کاتەدا لەوایاد خۆم ببینمەوە. هەموو ئێوارەیەک کاتێک بە بەردەم مەلەوانگەکەدا تێپەڕ دەبووم و ئەو هەموو خەڵکەم دەبینی شیرینی هەمە جۆر بەتەنیشت مەلەوانگەکەوە دەخۆن. هۆتێلەکەمان، سینیە شیرینیە هەمە جۆرەکەمان، دوو سەد کیلۆمەتر بە فڕەی باڵندە لە سوریاوە دوور بوو.

بیرم دەکردەوە لە کاتێکدا ئێمە زگمان پڕدەکرد لە شیرینی، ژن و منداڵ لەو بەرەوە لەبرسانا جرجیان دەخوارد، شەو بەترس و لەرزەوە لە ژێر خانوی داڕوخاودا دەخەوتن، من هێڵنجم دەدا بەبینی ئەو شیرینیە گرانبەهایانە. هۆشمەندی ئەوەیە ؛ کاتێک لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە کەسێک ئازار دەچێژێت تۆ هەست بەو ئازارە دەکەیت، ئەگەر ئەمڕۆ تۆ ئارەزوی پێکەنین و هەڵپەڕکێت نەماوە، پێ دەچێت ئەوە بێت هۆکاری خەمەکانت.

Efb4a7.jpg

نۆسترا داموس لەمن و تۆ زیاتر نەیدەزانی پێشبینی داهاتوو بکات، بەڵام دەیزانی کە شتەکان دوو بارە دەبنەوە، روداوەکان وەک خۆیان نا، بەڵک و بە لۆژیکێک دوو بارە دەبنەوە. بەڵام بۆ ئەوەی نەیان ناسینەوە، بەرگێکی نوێ دەپۆشن، هەموو جارێک وەک بوکێکی ڕازاوە. بۆیە وەهامان باوەڕە کە شتێک گۆراوە، بێ شک وادیارە کە خودا یاریمان لەگەڵ دەکات.

چارەسەر ئەوەیە، یان دەبێت ئازار و ئەشکەنجە و نەهامەتی مرۆڤ وەک ئاوازێکی خۆش ببیستین، وەک هاوارێکی میکانیکی، یان ئەوەیە کە دەبێت سیستەمێک بهێنینە کایەوە کە کۆمۆنیست بێت و لەهەمان کات کاپیتالیست بێت، دیکیاتۆر بێت و لە هەمان کاتا دیموکراسی، هەتاوەک و بتوانێت هەستی ئاڵۆزی ئۆمۆساپیان تێر بکات.

هەوڵبدە هەرکاتێک پاڵ دەنێیت بە دەرگای کەنیسەیەکەوە، با برسی بیت، با زگت پڕنەبێت، بەشکو یارمەتیت بدات باشتر بیر بکەیتەوە، چونکێ هەرگیز ناتوانیت تێ بگەیت کە بۆچی عیسا لەسەر ئەو خاچە لە خاچ دراوە.