شانۆگەری فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

شانۆگەری فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ ئەم بەرهەمە لە وەرگێرانی: (سەعدوڵڵا ونوس) و (کاوە ئەحمەد میرزا)

24 122818.jpg

دەرهێنانی: غازی بامەڕنی

یاریدەدەری دەرهێنانی هونەری: سمکۆ عەزیز فەرەج

ئەکتەرەکان: سەڵاح باڵابەرز، عومەر دڵپاک، عومەر عەلی ئەمین، نەوزاد حوسێن عەبدوڵڵا، عەبدوڵڵا پەیمان، بورهان مەجید رەحیم، محەمەد عەلی نوری، جەلال دڵخواز، جەزا چنگیانی، بورهان مەسرەف، کەمال ڕەشید موختار.



یەکێک لەشاکارە شانۆگەریەکانی چیرۆکی کوردی کە تیپی نواندنی هونەرمەندانی کوردی سلێمانی لەتەلەفیزیۆنی کەرکووک لەسەردەمی حوکمی سەدام نمایشیانکردو چەندین هونەرمەندی بەتوانای کوردی ئەوسەردەمە بەشداربوون و ڕۆڵیان تیائەگێڕا (فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ) بوو.

جیرۆکی ئەم شانۆگەریە زیندووەو کاریگەرییەکەی دەچێتە خانەی ئەو هونەرە ڕەسەنانەی لەژیانا دەمێنێت و هەرگیز کۆن نابێت کە دەچێتە بەشی ئەدەب بۆ ژیان. چیرۆکی شانۆگەرییەکە باس لەدانیشتوانی شارێک دەکات کە کێشەی فیلێکیان هەیە فیلەکەش فیلی پاشایەو ڕۆژانە زیان بەدانیشتوان و بەروبووم و زەوی و زاری هاوڵاتیان دەگەیەنێت و تەنانەت چەندین مناڵی ئەو شارەی شێلاوەو بەکورتی بووەتە جێی نەهامەتی و ناڕەزایی هاوڵاتیان، بەجۆرێک هەندێکیان لەتاو ئەو فیلە شارەکەیان جێهێشتووەو هەندێکی تریشیان پشێوی و دڵەڕاوکێیان گرتووە لەترساو کارو کەسابەتیان شێواوە بەشێوەیەک گوزەرانیان سەختبووە.

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کێشەی ئەم فیلە زیاترو ئاڵۆزتر ئەبێت تا کارئەگاتە ئەوەی پیاوانی شارەکە ڕۆژانە کۆئەبنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی تووشیان بووە، ئیتر هەر کەسەو لای خۆیەوە سکاڵای دڵی خۆی ئەکات و پڕوپاگەندەی بێ سەرچاوەش دێتەئاراوە سەبارەت بەفیلەکە وەک ئەوەی کە فیلەکە کە کۆشکی پاشا جێدێڵێت بۆ دەرەوە میوزیکی تایبەتی بۆ لێدەدرێت لەلایەن پاسەوانانی پاشاوەو پاشا ئەو فیلەی زۆرخۆشئەوێ تەنانەت لەژنەکەی توڕە بووە کە خواردنی لەکاتی خۆی بۆ ئامادەنەکردووەو زۆر شتی تری بێسەروبەر ، ئەم کێشەیە وای لێدێت هەرڕۆژەی یەکێک خۆی ئەکاتە دەمڕاستی خەڵکەکەو دەچێتە سەرسەکۆو دروشم ئەڵێ چەپڵەی بۆ لێدەدرێ تاڕۆژێ پیاوێکی لێزانیان بۆ دەرئەکەوێ پێکەنینی بەو هەڵسوکەوتە دێت و ئامۆژگاریان ئەکات، پێیان ئەڵێت ئەبێ ئێوە لەبری ئەوەی کاتی خۆتان بەم دروشم و قسە بێ بنەمایانە دەکوژن و ناتانگەیەنێتە هیچ ئامانجێک بیر لەوە بکەنەوە سکاڵای خۆتان بگەیەننە پاشا، چونکە کێ ئەڵێ پاشا ئاگای لەم ماڵوێرانیەی هاوڵاتیەکانیەتی و ئەو زەرەروزیانەی بەر زەوی و زاری دانیشتوانەکەی ئەکەوێ لەلایەن فیلەکەیەوە؟ یا دوور نیە ئەوانەی یاوەری فیلی پاشان بۆیان نەگێڕابێتەوە ئیتر لەبەرئەوەی نایانەوێ پاشا بزانێت یا لەترسان یا بەهەر هۆیەکی ترەوە بێت، بۆیە دەبێت هەرهەموومان دەنگمان یەکبخەین و بچینە لای پاشاو سکاڵای خۆمانی لابکەین خۆ ئەویش پاشامانەو ئێمەش هاوڵاتی ئەوین داوای لێبکەین بمانپارێزێت لەفیلەکەی.

270289297 .jpg

زۆربەی ئامادەبووان ئەترسن چۆن ئێمە پاشا ببینین لەوانەیە هەر ئەشکەنجەمان بدات و زیندانمان بکات. پیاوە لێزانەکە ئەڵێت کە بترسن و نەچنە لای پاشا ئەبێ چاوڕوانی لەوە خڕاپتر بن و هەر وابمێننەوەو قبوڵی هەموو ئەو زیان و ماڵوێرانیانەش بکەن بەهەرحاڵ وای لێدێت قایل ئەبن بەوەی بچنە لای پاشا بەو مەرجەی ئەو پیاوە لێزانە ڕابەریان بکات و ئەمانیش گوێڕایەڵی بکەن، پیاوە لێزانەکە ئەڵێ ئەبێ هەموو قسەمان یەک بێ و بزانین چیمان مەتڵەبە تا پاشا گوێمان لێبگرێ و داواکاریەکانمان پەسەندبکات، ئەبێ هەموو یەک دەنگبن و نابێ بترسن و بشڵەژێن و چەندینجار لەسەر داواکاریەکانیان ڕاهێنانیان پێئەکات و ئەڵێت من لای خاوەن شکۆ ناوی فیلەکە دێنم و ئێوەش زەرەرو زیانی فیلەکە بەیەک دەنگی و لەسەر یەک ئاواز بەخاڵبەندی بۆ پاشا بخەنەڕوو هەموو ڕێکئەکەون بەقسەی بکەن و بەرەو کۆشکی پاشا دەکەونەڕێ هەرلەڕێگا هێشتا نەگەیشتوونەتە جێ بەشێکیان ترس دایاندەگرێت بەهەرحاڵ تا نزیکئەبنەوە لەکۆشک پاسەوانانی کۆشک دێن ئەپرسن چیتان ئەوێ ئەوپیاوەی ڕابەری خەڵکەکە دەکات ئەڵێ ئێمە نوێنەری خەڵکین و ئەمانەوێ دیدەنی پاشابکەین و داواکاریمان هەیە، دەرگای کۆشکیان بۆ ئەخەنە سەرپشت و ئەچنە ژوورەوەو چاوەڕوان ئەبن تا پاشا دێت و سڵاو لەپاشای خۆیان ئەکەن، نوێنەرەکەیان کە پیاوە لێزانەکەیە بەشێوەیەکی زۆرجوان بەپاشا ڕائەگەیەنێت کە ئێمە هاتووین هاوڵاتی بەڕێزتانین گەورەم خوا پایەدارتان کات چەند داواکارییەکمان هەیە لەپاشای سەروەرمان گەر گوێمان لێبگریت و ڕێمان بدەیت سەبارەت بەفیلەکەی جەنابتان هەموو بەیەک دەنگ داواکەتان ئاراستەبکەین، پاشاش ئەڵێ فەرموو بزانم دانیشتوان داواکاریان چییەو چیان ئەوێت لەپاشای گەورە؟

پیاوە ژیرەکەی ڕابەریان دەکات دەچێتەپێش ئەو خەڵکەی هاتوونەتە لای پاشا ئەڵێت فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ ئەوانەی کە چەندینجارە ڕاهێنانیان پێئەکات هەموو لەترسا زمانیان تەتەڵە ئەکات و هەرکەسەی بەلای خۆیەوە ورتەیەکی لەدەم دێتە دەرێ و هەر کەسەی بەئاوازێکی جیا وەڵامدەداتەوەبەجۆرێک کە پاشا تێناگا چییان ئەوێت و داواکاریان چییە بۆیە ئەبێتە جێی نیگەرانی پاشاو پیاوەژیرەکە بەپاشا دەڵێت گەورەم گەر ڕێگەم بدەیت لەنزیکەوە بچمە ناویان دڵنیاییان بدەمێ ناحەقیان نیە لەوانەیە لەبەر شکۆو هەیبەتی ئێوە کە سامتان هەیە نەوێرن و بترسن بادڵنیاییان بدەمێ پاشا دەڵێ فەرموو، ئەویش ئەچێتەوە ناویان و پێیان ئەڵێ بڕیارتان نەدا کە نەترسن و داواکانمان بەیەک دەنگ بگەیەنینە پاشا؟ ئەی بڕیار نەبوو من بڵێم فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ ئێوەش بەیەک دەنگ و یەک ئاواز وەڵامبدەنەوەو زیانەکانی بۆ پاشا باسکەن؟

7674861.jpg

هەموو دەڵێن وابوو ئەویش ئەڵێ گەر وەڵام نەدەنەوەو داواکاریەکانتان نەگەیەننە پاشا ئەوا هەمووتان دارکاری ئەکاو سزاتان ئەدا وا بەئاسانی ناچنە دەرەوەی کۆشک ئەوکاتە زیانیشی زیاتر دەبێت، ئەوانیش ڕازی ئەبن و جارێکیتر پیاوە ژیرەکە ئەچێتەوە لای پاشاو ڕووئەکاتە خەڵکەکە ئەڵێ فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ، بەهەمانشێوەی پێشوو هەرکەسەو بەئاوازی خۆی وەڵام ئەداتەوەو تێکەڵی ئەکات کە هیچیان لەویتر تێناگاو دەبێتە دەنگەدەنگ و گێرەلاوژێ کە پاشای پێ بێتاقەت ئەبێ و داوا ئەکا بێدەنگیان بکەن. پیاوە ژیرەکە کە دڵنیا دەبێت لەوەی کە ئەوان ناتوانن پەیامەکەیان بەو شیوەیەی لەسەری ڕێکەوتبوون بگەیەنن بەپاشا نیگەران دەبێت لەخەڵکەکە و ڕوودەکاتە پاشاو دەڵێت پاشای سەروەر خوا تەمەن درێژو پایەدارترتان بکات دیارە ئامادەبووان لەبەر سامی ئێوەی مەزن زمانیان گۆ ناکات پەیامی دانیشتوانی شارتان پێڕاگەیەنن، بۆیە گەر ئیزنم بدەیتێ من داواکارییەکان بە بەڕێزتان ڕادەگەیەنم، پاشاش دەڵی فەرموو.. پیاوە ژیرەکە دەڵێت پاشای گەورەمان نوێنەری دانیشتوانی شارەکەت ئەمڕۆ هاتوونەتە کۆشک بۆئەوەی خۆشەویستی خۆیان بۆ فیلەکەی جەنابتان دەربڕن و سوپاسی بەڕێزتان بکەن کە ئەرکت کێشاوە و ئەو فیلەت هێناوە کە بووەتە مایەی خۆشحاڵی دانیشتوان و جێی ئارامیان بەجۆرێک شاری ئاوەدان کردووەتەوەو هەموو دانیشتووانی ئاسوودەکردووە...

پاشاش کە گوێی لەمە دەبێت پێدەکەنێ و دڵخۆش دەبێت و سوپاسی ئامادەبووان دەکات و دەڵێت لەبەرئەوەی دانیشتووانی شارەکەم دڵیان بەفیلەکەم دەکرێتەوەو وا خۆشیان دەوێت منیش بڕیارم دا بەزووترین کات فرستەها واتە نێردراوی پاشایەتی بنێرمە وڵاتی هیندستان بۆئەوەی فیلێکی وەجاغزادەی مێینەی شایستە بەفیلی پاشا ئامادەبکەن و بینێرن بۆئەوەی ببێتە هاوسەری ئەم فیلەو نەوە بنێنەوە هەروەها لەشەوی بەزاوابوونی فیلەکە ئاهەنگێکی چاک سازدەکرێت و خواردن بەسەر دانیشتووان دابەشدەکرێت. هەروەها لەبەر بوێری و ڕاستگۆیی تۆش واتە پیاوە ژیرەکە بڕیارمدا بتکەم بەیاوەری فیلەکە. خەڵکەکە ئەبێتە دەنگەدەنگیان پیاوەژیرەکە ئەچێتە ناویان و دەڵێت چەندم پێووتن یەک دەنگی و مەبەستتان بپارێزن و بوێرانە پەیامی خۆتان بگەیەنن بەڵام ترس هەر بەرۆکی گرتن و بەری نەدان بۆیە ڕاڕایی و بێدەسەڵاتی نەهامەتیەکانتان زیاتر دەکات وەک لەوەی چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە.. تەنها فیلێک بوو ئەو هەموو پەنەو حەشرەی پێکردن ئەوا دەبێت بە دوو و نەوەشیان دێتەئاراوە ئیتر چارەی سەری خۆتان بدۆزنەوە.


سیروان بەرزنجی