عەبدولڕەزاق بیمار
عەبدولڕەزاق بیمار، شاعیر و ڕۆژنامەنووس و توێژەر و ڕەخنەگر و مامۆستای زانکۆ بووە.. یەکێک بووە لە شاعیرە ڕۆمانتیکییە هەرە ناسکەکانی قوتابخانەی گۆران..
لە ساڵی 1936 لە شاری کۆیە لەدایکبووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە کۆیە تەواو کردووە..
لە ساڵی 1963 لە بەشی کوردیی زانکۆی بەغدا، بە یەکەم دەرچووە..
یەکەم شیعری لە ساڵی 1954لە ڕۆژنامەی (ژین) ی گۆراندا بڵاو کردووەتەوە.
هەڵبەستی شاعیرانی نوێی عەرەب و ئەورووپایی کاریان تێ کردووە و یەکێکە لەوانەی دەورێکی باڵایان گێڕا لە چەسپاندنی ڕێبازی شیعریی گۆران.
لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی و دەزگای ڕۆشنبیریی کوردی لە بەغدا فەرمانبەر بووە.
لە ساڵی 1984 بە مامۆستای زانکۆ، وەک وانەبێژێک لە بەشی کوردیی زانکۆی بەغدا دامەزراوە.
ئەندامی دەستەی نووسەران بووە لە گۆڤاری هیوا و پاشکۆی (الادیب العراقی) و گۆڤاری ڕەنگین و گۆڤاری ڕۆشنبیریی نوێ و نووسەری کورد و هاوکاری و...
مامۆستا عەبدولڕەزاق بیمار نووسەرێکی بە پیت بووە.. بە سەدان گوتار و لێکۆڵینەوە و باسی هەمەچەشنەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردووەتەوە.
بەشێک لە بەرهەمە چاپکراوەکانی:
- - بووکی پەردە (شانۆ) 1960
- - شانۆی کوردستان 1961
- - دیوانی وەنەوشەکان (هەڵبەست) 1981
- - دڵداریی ئێمە (هەڵبەست) 1982
- - کانیلە و خۆشەویستی 1984
- - نانی دەریا (هەڵبەستی بابلۆ نیرۆدا) 1987
- - کیش و مۆسیقای هەڵبەستی کوردی 1992
- - سەڵاحەدین (لە عەرەبییەوە) 1993
- - پەخشانی کوردی (لێکۆڵینەوە) 1998
- - ناوچەوان (شیعر) 2000
- - خوێندنەوەیەکی تازەی هەڵبەستی نوێی کوردی (لێکۆڵینەوە) 2006
- - ڕۆژانێک بوو (هەڵبەست) 2006
- - پەنجە گوڵی مێخەک (شانۆ لە عەرەبییەوە) 2007
- - لۆرکا (وەرگێڕاو) 2012
- - لە سێبەری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا 2019
لە ساڵی 1983 لە بەشی کوردی کۆلێژی ئاداب زانکۆی بەغدا بووەتە وانەبێژ تا ساڵی (1990) بەردەوام بووە.
عەبدولڕەزاق بیمار مرۆڤێکی هێمن و پاک و دەروون ڕوونە. شارەزا و قسەخۆش و لێزانە. زمانێکی شیعریی ڕەوان و پاراو و ناسکی هەبوو.
چالاکانە بەشداریی کرد لە پتەو کردن و پەرەسەندنی بەرنامەکانی خوێندنی بەشی کوردی.
وانەی ئەدەب و ئەدەبی بەراوردی و پەخشانی بە پێی تازەترین ڕێبازەکان دەوتەوە.
زیاتر لە نیو سەدە لە بەغدا نیشتەجێ بوو.. بەم دواییە گەڕایەوە مەڵبەندی لە دایک بوونی شاری کۆیە.. ڕێکەوتی 15-06-2022 کۆچی دوایی کرد.
ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق