قەڵای هەڵۆ خان
شوێن؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگای سنە، شاری مەریوان.
قەڵای مێژوویی “هەڵۆخان” یان قەڵای “ئیمام” لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەریوان هەڵکەوتووە کە بەپێی بەڵگە مێژووییەکان لە سەدەی ٨ی کۆچی هەتاوی لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەردەڵانەکان (سەردەمی حوکمڕانیی سەفەوییەکان لە ئێران) لەسەر کێوێک بە ناوی (حکێوی ئیمام) کە بەرزاییەکەی ١٦٠٠ مەترە لەلایەن ئەمیر حەمزەی بابانــەوە بونیات نراوە و دواتر لەلایەن (سۆرخاب بەگی ئەردەڵانـ)ـەوە لە ساڵی ٩٠٢ی کۆچی هەتاوی، دروست کراوەتەوە.
ئەم قەڵایە دواتر بە قەڵای مەریوان ناوبانگی دەرکرد و بۆ ماوەی ٣ سەدە ناوەندی سەرەکیی حکوومەتی بابان و ئەردەڵانەکان بووە.
کێوی ئیمام بەسەر دەشت و شاری هەنووکەیی مەریواندا زاڵە.
بوونی قەڵای جۆراوجۆر و پتەو پیشاندەری ئەوەیە کە “مەریوان” یەکێک لە گرنگترین ناوچە کوردییەکانی کوردستانە. دواتر لە پاڵ قەڵای مەریوان و لەسەر کێوی (ئیمام) کە ناوەندی حکوومەتی بنەماڵە کوردەکان بووە، بە فەرمانی (ئەمیر حەمزەی بابان)، مزگەوتێکیان بە خشتی سوور سازکرد کە بە “مزگەوتە سوورە” ناوبانگی دەرکرد. ناوی کێوی ئیمام لە ناوی “شێخ ئەحمەد بێن ئەلئەنبار ئەلنەعیمی ئەلحەسەنی” وەرگیراوە کە لە سەدەی ٨ی کۆچی هەتاوی لەلایەن ئەمیر حەمزەی بابانەوە بە مامۆستای مزگەوتە سوورە دیاری کرابوو.
ئەم کێوە سێ لووتکەی بەرز و پتەو لەخۆ دەگرێت کە لە هەر کامی ئاسەواری مێژوویی بەجێ ماوە. لە یەکێک لەو لووتکانە، کۆمەڵێک ئاسەواری مێژوویی بوونی هەیە کە دەمانباتەوە بۆ قووڵایی مێژووی ئەم ناوچەیە و باس لە چیرۆکگەلێکی تاڵ و شیرین دەکات.
لە ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەم ناوچەیە دەتوانین ئاماژە بکەین بە؛ گۆڕستانی کۆن، مزگەوتە سوورە، دارێکی کۆنی بەتەمەن، ئەنبارئاوی کۆن، هەیوانی شانشین، حەمام و خانووی خەڵک و…. ئاسەواری ئەو خانووانەی خەڵک کە ماونەتەوە، یان بەپێی تێپەڕینی کات وێران بوونە یان لەو سەردەمەدا بەهۆی هێرشی دوژمنانەوە وێران کراون.
قەڵای دووەم یان بە واتایەکی تر قەڵای ناوەڕاست کە بە “قەڵای شانشین” ناسراوە، تا چەند ساڵ پێش لە دەووروبەریەوە دیوارگەلێکی ڕووخا و دەبینرا و لە هەنووکەدا بەشێک لە خشت و دیوارەکەی ماوەتەوە. لە دوورترین و بەشکۆترین شوێنی ئەم قەڵایە، بەردێکی کێوی تراشراوە و هەیوانێکی لێ ساز کراوە کە لەسەریدا دەشتی جوانی مەریوان و گۆلی زرێبار بە جوانی دیارە. پانتایی ئەم هەیوانە ١٨ تاکوو ٢٠ مەترە. دیواری ئەم هەیوانە بە “سارووج” ڕازێندراوەتەوە.
بەرزترین لووتکەی قەڵای مەریوان بە “قەڵای زیندان” ناسراوە کە دیل و زیندانییەکانیان لەوێدا زیندان دەکرد. ئەگەری هەیە بەهۆی بەرزی و دووری، ئەو قەڵایەیان کردووە بە قەڵای زیندان تاکوو هیچ دیل و زیندانییەک توانای هەڵاتنی نەبێت. بەرزیی قەڵای زیندان بە جۆرێکە کە زاڵە بەسەر هەموو کێوی ئیمامدا و ئەگەریشی هەیە شوێنێکی گرینگ بووبێت بۆ پاسەوانی و پارێزگاری لە قەڵاکانی دیکەی ئەم کێوە. ئەم قەڵایە تا ساڵی ١٠٢٣ی کۆچی هەتاوی ئاوەدان بووە.[١]
- ↑ سەرچاوە: chawykurd