قەڵای والی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

قەڵای والی لە ئیلام

Qelay-wali w500 h500.jpg

قەڵای والی ئیلام، لە دەشتی "میان کوهی"ی ئیلام و لەسەر تەپەی "چگا میرک"ی شاری ئیلام هەڵکەوتووە و لە ساڵی ١٢٨٧ی هەتاوی و لە سەردەمی "قاجاڕ"دا، ساز کراوە. کانیی "بی‌بی"، ئاوی ئەم قەڵایەی دابین کردووە کە بە شێوازی ڕابردوو، بە کەڵکوەرگرتن لە "بۆڕیی گڵی"، ئاوی کانی دەنێردرایە حەوشەی ناوەندیی قەڵاکەوە. ئەم میراتە، ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ١٣٧٦ی هەتاوی، بە ژمارەی "١٧٩٨"، وەکوو میراتێکی نەتەوەیی ئێران، تۆمار کراوە.

قەڵای والی لە بەشی باکووری شەقامی "پاسداران" لە ناوەندی ئیلام هەڵکەوتووە و نۆژەن کراوەتەوە. ئەم بینا مێژووییە لە شوێنە گرینگە گەشتیارییەکانی شاری ئیلام و کوردستانە و مۆزەی خەڵکناسیی ئیلام لەوێدایە. قەڵای والی وەک زۆرینەی قەڵاکانی دیکەی کوردستان بە فەرامۆشی سپێردراوە و لەلایەن حکوومەتی ئێرانیشەوە بایەخی پێ نادرێت.

قەڵای والی یەکێک لە بینا فەرهەنگی- مێژووییە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ساڵی ١٢٨٧ی هەتاوی بە فەرمانی "غوڵامڕەزا خانی فەیلی" لە گەڕەکێک بە ناوی "حوسەین ئاوای فەیلی" کە بە "گوندی سەروو" ناوبانگی هەبووە، ساز کراوە. "غوڵامڕەزا خانی والیی فەیلی"، ئەم شوێنەی بۆ مانەوەی خۆی لە وەرزی هاویندا هەڵبژاردووە و قەڵاکەی لەسەر تەپەیەک ساز کردووە.

قەڵای والی لە زەوییەک بە گەورەیی ٤٦٨٧ مەتری چوارگۆشە ساز کراوە کە لەم ڕێژەیە، فەزایەکی سەوز بە گەورەیی ١٧٩٢ مەتری چوارگۆشە لە بەشی باشوور ماوەتەوە. ژێرخانی ئەم قەڵایە ١٤٦٦ مەتری چووارگۆشەیە و گەورەیی حەوشی نێو قەڵاکە ١٣٦٣ مەتری چوارگۆشەیە. درەختگەلێکی بەرز و کۆن و حەوزێک لە بەشی پێشەوە، دیمەنێکی جوانی بەم قەڵایە بەخشیوە.

Qelay-wali-2 w500 h500 (1).jpg

قەڵای والی لە کاتی دروستکردنیدا لە فەزایەکی بەتەواوی کراوەدا ساز کراوە، بەڵام دواتر پاش پێشکەوتنی شارنشینی، دەوروبەری بە بینای ئیداری و خانووی هاووڵاتییان گەمارۆ دراوە.

لە بەشی باکووری ئەم قەڵایەدا تەلارێکی (شانشین) جوان بوونی هەیە کە ئەندازەی نێوەوەی گەورەتر لە ژوورەکانی دیکەی قەڵاکەیە. لە نێوەڕاستی تەلارەکەدا حەوزێکی گچکە بوونی هەیە کە بە بەردی "مەڕمەڕ" ڕازێندراوەتەوە. ئەم حەوزەیە لە تەنیشت کانییەک کە لەو کاتەدا پڕئاو بووە، ساز کراوە، بەڵام دوای تێپەڕینی کات ئەم کانییە وشک بووە و بۆ ئەوەی جوانیی ئەو سەردەمەی بمێنێتەوە، لە کاتی نۆژەنکردنەوەدا بۆڕیی ئاویان بۆ ڕاکێشاوە.

شایانی باسە کە ئەم قەڵایە لە کاتی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقدا، ٥٠ لەسەدی وێران کرا و لە دوای شەڕ، کۆمەڵێک لە بەشەکانی نۆژەن کرایەوە کە بە ڕادەی پێویست نییە.[١]

  1. سەرچاوە:kurdshop