لوتی لە كوڕە كاژاوە!

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

گۆشەی (هەرجارەو ئیدیۆمێک) ...

792792.jpg

لوتی لە كوڕە كاژاوە!

ئامادەكاران: سەرهەنگ عەبدولڕەحمان و داناز عەبدولڕەحمان

ئەم ئیدیۆمە بەزۆری لەناوچەی شارباژێڕ و سلێمانی و دەوروبەری بەکاردەهێنرێت. ئەگەر لە سلێمانییەوە بچین بەرەو سیتەک و شارباژێڕ لوتکەی شاخێکی بەرز سەرنجمان بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت.

ئەویش چیای کوڕە کاژاوە، کە شاخێکی بەرزەو دەكەوێتە بەرزنجە و شارباژێڕ و (٢٢٢٥ م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزەو لوتكەیەكی بڵندی هەیە، لەشارەزوریشەوە تا هەڵەبجە کوڕەکاژاو دیارە، کە لەکۆنەوە بەنمونە هێناویانەتەوە بۆ ئەو كەسانەی بە دەعیەو دەمارن، یاخود لەخۆبایین و لوتبەرزو فیزیان زل و خۆبەشتزانن.

بەلای خەڵکی ناوچەکەوە شاخەکە زۆر بەرز بووە، هەربۆیە وەک ئاماژەی لوتی لە ئاسمانە، یاخود لوتی زۆر بەرزە، بەکاریان هێناوە، بەتایبەت بۆ کەسێک کە خۆی بە گەورەتر لەخەڵکانی تر زانیوە، وتویانە:

لوتی لەکوڕە کاژاوە. وشەی کوڕە کاژاو بەمانای شاخی کاژاو دێت. کاژاویش دێیەکی نزیکی شاخەکەیەو وشەی کاژاو، یان کارژاو کە خەڵکی دێیەکە خۆیان وای پێدەڵێن.

لە کاژ یان کارژی ئاوەوە هاتووە، واتە ئەو توێژاڵە سپیەی ئاو کە بەخوڕ بەسەر بەردو قەڵبەزدا دەڕوات. وشەی (کوڕ) یش (٦٠٠٠)ساڵ پێش ئێستا سۆمەرییەکان بە قەڵا و کێو و شاخیان وتوە (کوڕ)، بۆیە کورد بە منداڵی بە نێرینەیان وتووە (کوڕ)، واتا قەڵاو پشت و پەنا، هەرچەندە وشەی کوڕ هەتا ئێستاش هەر وەک کێو و شاخ لەزمانی کوردیدا پارێزگاری لێکراوە.

بۆچوونێکی تریش لەبارەی کوڕەوە هەیە، کە کوڕ بەمانای قووچ دێت بۆ شوێنێك کە زۆر قیت و بەرزبێت. وشەی کوڕ لەناوی چەندین جێگای تریشدا بەرگوێ دەکەوێ، وەکو: کوڕەداوێ، کوڕکوڕ، کوڕیس، تەپە کوڕە، کوڕەک.

کوڕەکاژاو لە باکورەوە گوندی حاجی مامەندە. لەباشورەوە گوندی وەندەرێنەیە. کە نزیکترینیانە لەلوتکەی شاخەکەوە. لەڕۆژهەڵاتەوە گوندی بەرقەڵایە. لەڕۆژ ئاواشەوە گوندی باراوە.

هەڵبەت لەو نێوەندەدا گوندەکانی باساک و شوکێ و کانی دڕکە و مایاوا و بەرزنجە و چنگیان و گێڵەرە و مۆریاس بەشێکن لەو لوتکە سەر بڵندە.

پیرەمێردی شاعیریش لەبارەی کوڕە کاژاوەوە دەڵێت:

  • کاروانکوژە لەسەر کوڕە کاژاوەوە هەڵات
  • قاچاخچی باری کردو بەبێ چرپە هەر دەهات".
  • تێبینی: ئەم گۆشەیە هەر جارەو ئیدیۆمێک بۆ خوێنەران دەخاتەڕوو، کە تایبەتە بەناوچەی شارباژێڕ.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ لە ژمارە (٢) ی وەرزی زستانی ٢٠٢٣ لاپەڕە (٣) بڵاوکراوەتەوە.

304bb6.jpg
2b32b5.jpg