مەلا مستەفا قوربانی ئەقدەم

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

کەسایەتیی ناودارو نیشتمانپەروەری ناوچەی مەهاباد (مەلا مستەفا قوربانی ئەقدەم )

2020-03-21 16-.jpg

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی کەسایەتیی خۆشناو و کوردپەروەری گوندی “گوێکتەپەی” ناوچەی شاروێرانی مەهاباد ” مەلا مستەفا قوربانی ئەقدەم” دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

مەلا مستەفا قوربانی ئەقدەم هەر لە منداڵییەوە دەنێردرێتە بەر خوێندن و لە حوجرەی فەقێیان بە خوێندنی دەرسی ئایینی لای خاڵی درێژە بە خوێندن دەدا.

پاشان لەم گوند بۆ ئەم گوند درێژەی بە خوێندن داوە و تا دواتر لە مەدرەسەی زانستە ئاینییەکان لە مزگەوتی سووری سابڵاغ درێژە بە خوێندنی مەلایەتی دەدات کە ئەوکات ئەو شوێنانە کانگەی بیری کوردایەتی و نەتەوایەتی بوون و لە لای هەر یەکە لە مامۆستایانی ئایینی وەکوو “مەلا حوسێن مەجدی، مەلا عەبدوللا مودەریسی، مەلاکەریم شاریکەندی و مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنی” دەرسی خوێندووە.

لەم قوتابخانەیەدا هاوڕێ لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک مەلا “قەسیم سەوجە و مەلا یوسف خزری، لەگەڵ تێکۆشەر و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان نەمر سەید سەلام عەزیزی دەرسی خوێندووە و ئەوکات بنەمای دۆستایەتییان لەسەر بیروباوەڕی پیرۆزی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری دامەزراندووە.

ناوبراو دوای کۆتایی هاتنی خوێندنی مەلایەتی لە زۆر گوندی دەورووبەری مەهاباد پێشنوێژ و مامۆستا بووە و بۆ ماوەیەک لە گوندی شیلاناوێ لە لای بنەماڵەی مامۆستا هێمن موکریانی شاعیری گەورەی کورد ماوەتەوە کە ئەوە سەرەتای ئاشنایەتی ناوبراو بووە لەگەڵ مامۆستا هێمن.

مامۆستا مەلا مستەفا دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن چۆتە زانکۆی تاران و لە بەشی ئینگلیزی وەرگیراوە و دواتر لە زۆر گوند و شوێنە دوورە دەستەکان وەک مامۆستایەکی دڵسۆز خەریکی وانە وتنەوە بووەو هەروەها یەکێک بووە لەو کەسانەی کە بەردەوام لە بەندیخانەکان سەردانی زیندانییەکانی کردوە.

ناوبراو دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەبات و تێکۆشان و هاوکاری تێکۆشەرانی دێموکڕات و هاوڕێکانی کە لە ڕیزەکانی شۆڕشدا بوون بەردەوام بووە و بە هەموو شێوەیەک هاوکاری دۆزی ڕەوای خەباتی کوردی کردووە.

لە ساڵی ١٩٨٣ی زایینی کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردە سەر گوندەکەیان و خەڵکیان کۆمەڵکوژ کرد، برایەک و خاڵی و چەند کەس لە خزم و کەسوکاری بەناهەق شەهید کران.

جێی ئاماژەیە، ئەم هەستی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریەی ناوبراو بۆ گەیشتن بە ئازادی نەتەوەکەی و خزمەت بە ڕێبازی کوردایەتیی تا دوا ساتەکانی ژیانی بەردەوام بوو.[١]

  1. سەرچاوە:kurdistanukurd