هاننا شوێنهوود

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

حەسەن قازی

72097.jpg

هاننا شوێنهوود مامۆستای زمانی ئینگلیسی پێشەوا قازی محەمەد مێسیۆنێرەکانی کۆمەڵەی میسیۆنی لوتێری رۆژهەلات لە ساڵی 1911 وە لە سابڵاغ دامەزران و تا ساڵی 1935 درێژەیان بە چالاکییەکانیان دا. لەوێ لە دەورەی جۆربەجۆری چالاکییەکانیاندا، ماڵی بێوە ژنان و پیران، ماڵی منداڵانی بێ دایوباب، کلیسا، دەرمانگە، نەخۆشخانە، مەدرسەی کچانە و کوڕانەیان دروست کردو تەنانەت لە نەغەدەش دەرمانگەیەکیان ساز کرد و بەپێی ئیمکان و دەرەتانی رۆژ بەڕێوەیان برد.

ئەگەرچی لەو ناوە دا، دووجار ناچار بوون بە ساڵان چالاکییەکانیان رابگرن. جاری یەکەم لە سەرەتای ساڵی 1916 تا ساڵی 1921 و جاری دووەم لە ئۆکتۆبری 1921وە تا ساڵی 1924. لە بەڕایی ساڵی 1916لە بەر بارودۆخی شەڕ و قات قڕی بە پێچەوانەی ئارەزووی خۆیان سابڵاغیان بەجێ هێشت و لە ساڵی 1919 دیسان بە مەبەستی درێژە پێدان بە خزمەت و کارەکانیان بەرەو کوردستان وەڕێ کەوتن، بەڵام لە بەر گیرانی رێگا و بان تا هاوینی ساڵی 1921ی پێچوو بگەنەوە سابڵاغێ و لەوماوەیە دا ئەو هاوکارەیان کە دنەدەری سەرەکی کارکردن لە نێوکوردان دابوو واتە ئێل. ئو.

فاسوم بە ئاواتی ئەوەی خۆی بگەیێنێتەوە سابڵاغ لە ئێریوان سەری نایەوە و هاوکارەکانی دیکەی بە هەزار دەردیسەری چوونەوە سابڵاغێ و بەسەر کلیسا و ماڵی رووخاو دا کەوتن.

دیسان دوای ماوەیەکی کورت واتە لە حەوتووی یەکەمی مانگی ئۆکتۆبری ساڵی 1921بەدەم کێشە و هەرای سمکۆ لە گەڵ حکوومەتی نێوەندی تاڵان کران و هاوکارێکی دیکەیان قەشەجۆرج باشیمۆن کە زمانزانێکی گەورەی بە رەچەڵک فەڕانسەیی- ئاڵمانی بوو بە ناحەق و بەهەڵە کووژرا و ناچار بوون خۆیان رزگار کەن و بگەنە تەورێزێ..

هەرچەند کارەکانی ئەو میسیۆنێرانە لە زۆر بوارانەوە خزمەتی زۆر گەورەن بە کۆمەڵی کوردەواری، بەڵام لە مێژووی سیاسی کوردستان دا گرینگییەکی ئەوتۆ بە کارو تێکۆشانەکانیان نەدراوە.(1) یەکێک لەومیسیۆنێرانە یای هاننا شوێنهوود بوو کە جاری یەکەم لە ساڵی 1921 چووەتە سابڵاغێ و لە بنکەی میسیۆنەکەدا بەرپرسی کاروباری پەروەردە و خوێندن بووە و لە ژمارەکانی کوردستان میشنێری دا زۆر گوزاریشتی بە وردە ریشاڵی سەبارەت بە خوێندن، ژیانی خەڵک، گەشتە دوورو درێژەکانی بە سواری ئەسپ بە ناوچەکانی باکووری کوردستانی ئێران و ئازەربایجانی خواروو دا بڵاو کردووەتەوە.

هاننا بە رەچەڵەک نوڕوێژی بوو، بابی ئولاف کریستییان شوێنهوود قەشەی لوتێری لە ساڵی 1834 لە ڤاردال لە لە نۆڕوێژلە دایک بووە و دوایە موهاجەرەتی کردووە بۆ ئەمریکا بۆ ئەیالەتی ئیۆوا، دایکی ئینگا فرێمستاد ئاندرسۆن لە نوڕوێژ لە دایک بووە و لە ئەمریکا مامۆستایەتی کردووه. هاننا 7 خوشکی لە خۆی گەورەتری هەبووە و هەموویان لە نوڕوێژ لە دایک بوون و لەگەڵ دایکوبابیان هاتوونە ئەمریکا. هاننا کریستینا شوێنهوود تاقە کچی ماڵێ بووە کە دوای ئەوەی باب و دایکی چوونەتە ئەمریکا لە 12ی دیسامبری 1878 لە هوستۆن لە ئەیالەتی مینێسۆتا لە دایک بووە.

ڕۆژنامەی کوردستان مێشنێری لە ژمارەی 1ی، خولی 12ی مانگی ژانڤییەی ساڵی1920 ی خۆیدا یای هاننا شوێنهوود ئاوا دەناسێنێ : رۆژنامەی ناوچەیی لە (Clear Lake) لە ئەیالەتی Iowa، ئەم بابەتەی خوارەوەی سەبارەت بە یای هاننا شوێنهوود بڵاو کردووەتەوە بەرلەوەی نێوبراو بەرەو ئێران وەڕێ کەوێ: یای هاننا شوێنهوود ئەم مانگە بەرەو کوردستان وەڕێ دەکەوێ. یای هاننا شوێنهوود وەک میسیۆنێرێک دەچێتە ئەوێ بە یارمەتی میسیۆنی رۆژهەڵاتی کلیسای لوتێری یای شوێنهوود لە هوستۆن، مینێسوتا (Houston، Minn.) لە دایک بووە...... یای شوێنهوود لە مەدرەسەکانی کلێر لەیک خوێندوویە. ئەو لە ساڵی 1895 خوێندنی ئامادەیی تەواو کرد. ساڵی دواتر دەستی کرد بە مامۆستایەتی کردن لە مەدرەسەکانی کلێر لەیک دا و دەرسی بە شاگردانی پۆلی شەش دەگوتەوە.دوایە بۆ ماوەی ساڵێک لە تامپسۆن، لە ئەیالەتی ئیۆوا مامۆستایەتی کرد. دوای ئەوەش بۆ چەندین ساڵان لە کلێر لەیک وانەی مووزیکی دەگوت.

لە ساڵی 1910 دا دیسان لە گەڵ مەدرەسەکانی کلێر لەیک دا پێوەندی پەیدا کردەوە و تابەهاری ساڵی رابردوو بە بەردەوامی لەواندا مامۆستایەتی دەکرد. پارەکە بڕیاری دا ئیدی کۆنتراتی ساڵانەی لەگەڵ مەدرەسەکان تازە نەکاتەوە، چونکوو بڕیاری دابوو وەک میسیۆنێر بچێ بۆ کوردستان. لەوماوەیە دا بەرپرسی بەشی قۆناغی سەرەتایی بوو.

لەماوەی پشووی هاوینیش دا ئەو کاتی خۆی بە فیڕۆ نەدەدا. هێندێک سەفەری دەکرد، لە ئەنیستیتووی جۆر بە جۆر دا درێژەی بە خوێندن دەدا. ئەو ئەنیستیووانەی کە کاری تێدا کردوون بریتین لە کالیجی هایلەند پارک، کالیجی دی نەشناڵ کیندرگارتن، شیکاگۆ و زانکۆی کۆلومبیا. لەبەر پەروەردە، ئەزموون و رێکوپێکی خۆی یای شوێنهوود وەک فێرکاری منداڵان تەواو گونجاوە. دایکوبابان و منداڵانی کلێر لەیک زۆریان پێ ناخۆش بوو ئەو پێوەندی خۆی لەگەڵ مەدرەسەکان دەپسێنێ.

یای شوێنهوود وەکوو کرێکارێکی کلیسا، کەسێکی بەئیمان و وشیارە. چەندین ساڵان ئۆرگ ژەنی کلیسا بووە. ئەو هەر وەها بە بەردەوامیش لە مەدرەسەی یەکشەمۆیان دا دەرسی گوتووەتەوە.لەو ساڵانەی دواییدا لە پۆلێکی کچان لە مەدرەسەی یەکشەمۆیان قوناخی پێشکەوتوو دا دەرسی داداوە.لەماوەی دووساڵی رابردوو دا ئەو یارمەتی قشەی داوە لە مەدرەسەی شەمۆیانیش، و لە کاری ئاسایی دا بەشداری کردووە. یای شوێنهوود بە ساڵان سرنجی داوەتە سەر کاری میسیۆنەکان لە هەندەران. جگە لە بەشداری چالاکانە لە کاروباری کلیسا دا، پشتیوانی میسیۆنێرێکی خۆجێیی کردووە لە چین.

چەندین ساڵ بوو یای شوێنهوود بیری لێدەکردەوە وەک میسیۆنێرێک بچێتە هەندەران، بەڵام دڵساردکردنەوە و بەرهەڵستی دیکە لە سەر رێگەی بوون. دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە کلیسای ناوچەیی لوتێری دا لە فێڤرییەی 1917، بڕیاری دا وەک میسیۆنێر بچێتە هەندەران. جەنابی ئێل.ئو.فاسوم کە تازە لە میسیۆنی هەندەرانەوە گەڕابووەوە و، دوکتور توولێسۆن، سێکرێتری کاروباری مەڵبەندی میسیۆنی لوتێری، لەو کۆبوونەوانەدا قسەکەری سەرەکی بوون.

بۆ ماوەیەک یای شوێنهوود بڕیاری بۆ نەدەدرا بچێتە کام میسیۆن لە هەندەران. بەڵام دوای ئەوەی لە میسیۆنی رۆژهەڵاتی لوتێرییەوە بانگەوازێکی بۆ هات بچێ بۆ کوردستان، لە دوای بیرکردنەوەی ورد و دۆعا و پاڕانەوە، نێوەندەی میسیۆنی کوردستان ی هەڵبژارد. بە هاوڕێیەتی لە گەڵ جەنابی، ئێل.ئو.فاسوم و ژمارەیەکی دیکە لە میسیۆنێرەکان ئەو نزێک نێوەڕاستی نۆڤامبر بەرەو شوێنی کارکردنی دەچێ.

دیارە شوێنهوود و هاوڕێیانی لەبەر بارودۆخی شەڕ نەیانتوانی یەکسەر بگەنە سابڵاغێ. ماوەیەک لە هەرمەنستان مانەوە و لە چوار چێوەی ئاژانسی ئەمریکایی وەفریا کەوتنی رۆژهەڵاتی نزیک کە سەر بە رێکخراوەی خاچی سوور بوو کاریان کرد و لەو ماوەیە دا زمانناس و دۆستی گەلی کورد ئێل.ئو.

فاسوم کە هەر بە سواربوونی کەشتی لە نیویۆرک دەستی کردبوو بە کوردی فێرکردن بە هاوڕێیانی، لە 10ی ئۆکتۆبری 1920 لە ئێریوان سەری نایەوە. لە نامەیەک دا کە هاننا شوێنهوود لە هەرمەنستانەوە بۆ سیکرێتری میسیۆنەکەیانی نووسیوە و لە کوردستان میشنێری دا بلاو بووەتەوە باسی ئەوە دەکا لەو ماوەیەی کە لە فاسوم دوور بووە و کەس نەبووە دەرسی کوردی پێ بڵێ، بۆ خۆی هەموو رۆژێ بە کەلک وەرگرتن لە کتێبە رێزمانەکەی فاسوم و لەبەر کردنی شێعرەکانی نێو کتێبی شعرانی روحانی حەولی داوە کوردییەکەی پێش بخا. تەنانەت لە هەرمەنستان رۆژژێک تووشی دوو ژن هاتووە کە سەر بە عەشیرەتێکی کورد بوون و توانیویە چەند رستەیان بە کوردی لەگەڵ ئاڵوگۆڕبکا.

یای هاننا لەو ماوەیەی لە هەرمەنستان و کوردستان بووە، نامە و راپۆرتە هەموو لایەنە و بە نێوەرۆکەکانی لە ژمارەکانی کوردستان میشنێری دا بڵاو کراونەتەوە. نووسینەکانی لە روانگەی داڕشتن و ئەدەبیشەوە زۆر چاوڕاکێشن. ئەویش باسی تاڵانی بنکەکەیان لە سابڵاغ و کووژرانی هاوکاریان جۆرج باشیمۆن ی کردووە. جەنابی ئێن.جەی.لۆڕ سەرۆکی کۆمەڵەی میسیۆنی لوتێری رۆژهەڵات لە ژمارەی 2ی، خولی 14، فێڤرییەی 1922. لاپەڕەکانی 19، 20، 21، 22 کوردستان میشنێری دا لەگەڵ سەرەتایەکی خۆی ئەو راپۆرتەی بڵاو کردووتەوە.

کارەسات لە سابڵاغ. ئاخرەکەی زانیاریی تەواومان لە میسیۆنێرەکانمان لە سابڵاغەوە بە دەست گەیشت. ئەو نامانە لە بۆکان، ئێران لە 22ی ئۆکتۆبری 1921، و ئیدیکە کە لەتەورێزەوە لە 8ی نۆڤامبری 1921 نووسراون هاو کات بە دەست من گەیشتن. هەر لەو پۆستەی دا بۆم هات نامەیەکی ئاغای H.C.Jaquith یش هەبوو کەتێیدا باسی ئەو هەنگاوانە دەکا کە کاربەدەستانی ئاژانسی ئەمریکایی وەفریاکەوتنی رؤژهەڵاتی نزیک هەڵیان هێناوەتەوە بۆ بە تەنگەوە هاتن و ئاگاداریی لە میسیۆنێرەکانمان.ئێمە زۆر قەرزداری ئاغای جاکویت و ئەندامانی وەفریا کەوتنی رۆژهەڵاتی نزیکین بۆ ئەوەی یارمەتی دارایی یان کردووە بە میسیۆنێرەکانمان کە لەبەر تاڵانکران و وڕووتکرانیان پێنی یەکیشان نەبوو، هەر وەها زۆر سپاسیان دەکەین کە کاری چوونەوەی خانمی باشیمۆن یان رێک خستووە و دراویان داوەتێ بۆ ئەوەی پێی بگاتەوە ئەڵمان. سەبارەت بە چارەنووسی خانمی باشیمۆن ئاغای جاکویت لە نامەکەیدا ئاوا دەنووسێ: ئەمن رێگەمدا خانمی باشیمۆن ئێران بەجێ بهێڵێ و بچێتەوە ماڵی خۆی --- ئەندامانی دیکەی میسیۆنەکە پێیان خۆش نەبوو فەرمان بدرێ یەکێک لە ئەندامانی میسیۆنەکەی خۆیان لە ئێران بڕوا.بەڵام هەلومەرجی لەشساخی خانمی باشیمۆن کارێکی وای کرد بڕیاربدەم هەرچی زووترە ئێران بە جێ بهێڵێ و ئەو بەڕێگەی قەوقاس دا لە گەڵ ئاغای گرادرز، ئەندامێکی میسیۆنی پرێسبێتێری لەتەورێز- وەڕێ دەکەوێ و بێگومان تا نێوەڕاستی مانگی ژانڤییە دەگاتە کۆنستانتینپۆل (ئەستەنبوڵ). ئەم نامەیەی خوارەوە یای شوێنهوود ووردە ریشاڵی کارەساتی سابڵاغ دەگێڕێتەوە:

تەورێز. ئێران، 8ی نۆڤامبری 1921

جەنابی. ئێن. جەی.لۆر، مەی ڤیل. داکۆتای باکوور.

برای عەزیز لۆر:

ئێمە چوار ژنەکان (مەبەستی یای ئاگوستا گودهارت، یای ئاڵما فاسوم و یای باشیمۆن ە - حەسەنی قازی) لە گەڵ جەواهێر و چوار منداڵەکانی، دوێنێ شەوێ گەیشتینە ئێرە، و دیسان داڵدەمان هێناوە بۆ میسیۆنێرە پرێسبێتیرییەکان، کە ئەوەی لەدەستیان بێ بۆ ئاسوودەیی و حاواندنەوەی ئێمە دەیکەن. ئەمن لە بۆکانەوە سەبارەت بە ئەوەی کە چۆن دوای حەوتوویەک لە نەبەردەکە سابڵاغمان بەجێهێشت بۆم نووسی.هاوکات لەوێوە وڵاممان لە جەنابی Pitman لە تەورێز نارد کە بەتێلگراف ئێوە ئاگادار بکا لە مردنی جەنابی باشیمۆن. لە بۆکانێ ئێمە دە رۆژان لە ماڵی سەرداری موکری ماینەوە (مەبەستی عەلی خانی سەردار کوڕی محەمەدحوسێن خان، حاکمی سابڵاغە، کە ترکەکان لە ساڵی 1915 لە مەراغە کوشتیان – حەسەنی قازی). کە زۆر بە دەرد و مەرگی ئێمەوە بوو بە دڵدانەوەمان و جلوبەرگ پێدان و ئامادەکردنی ئەسپ بۆئەوەی رەوانەمان بکا. ئەوە هێندێک لە دەرد و ژانی بەشی یەکەمی سەفەرەکەمانی کەم کردەوە، کە زیاتری رێگایەکە بە پێیان هاتین جگە لە هێندێک جار نەبێ بە نۆرە سواری پشتی گوێدرێژێک دەبووین کە هیچ باری نەبوو.

ئێمە بە دوو رۆژان لە بۆکانەوە گەیشتینە سایین قەڵا، لەوێ حاکمی ئێرانی لە ماڵە خۆیدا جێی کردینەوه، لە کاتێکدا چاوەڕێی فایتوونمان دەکرد لە مەراغەوە بێ و هەڵمان گرێ. کە حاکم هەر بە گەیشتنمان فەرمانی دابوو بۆ مان بێ.فایتوونەکە پێنج رۆژی پێ چوو تا بگاتێ و بە چوار رۆژان ئێمەی گەیاندە تەورێز. ئەوکاتەی ئێمە لە بۆکان بووین چەندین کەسی دەستڕۆیشتووی کورد لەوێ بوون. ئەوان زۆریان پێ ناخۆش بوو ئێمە بۆکان بەجێ دەهێڵین و پێیان وابوو رۆیشتنی ئێمە بۆ نێوونێوبانگی کوردە موکرییەکان باش نابێ. یەکێک لەوان کە دەیزانی ئێمە وەزعی ماڵییان چۆنە، پڕێسکەیەکی کە 36 تمەنی تێدابوو دا بە یای گودهارت. ئێمە هیوادار بووین بە گەیشتنی تەورێزێ خەبەڕێک لە ئێوە دەستەی بەڕێوەبەری بزانین و ئەو دراوانەی کە لە مێژە چاوەڕێمان دەکرد بە دەستمان بگا. هەر وەها هیواداربووین تائێستا جەنابیBecker یش گەیشتبێتە ئێرە، بەڵام ناهومێد و دەم لە پووش بووین. ئەم میسیۆنێرانەی ئێرە هیچیان لەو بارەیەوە نەبیستووە و ئەگەریش لەو مانگانەی دواییدا پۆستمان بۆ هاتبێ بە دەستمان نەگەیشتووە.

میسیۆنێرەکانی ئێرە پێیان وایە لەبەر هەلومەرجی هێمنی مان جارێ بە مەسڵەحەتە بۆ ماوەیەک نەگەڕێینەوە سابڵاغێ. بارودۆخی وڵاتەکە زۆڕ ئاڵۆزە و مرۆ نازانێ دەبێ چ بکا. ئەوەی لە دەستمان دێ ئەوەیە خۆمان بسپێرین بە کەڕمی باریتەعالا، بەڵکوو لەم تەنگانەیەمان رزگار کا و رێمان نیشان دا تا ئەوەی تۆز و خۆڵ دەڕەوێتەوە و جارێکی دیکە لە دەستمان دێ شوکرانەی گەورەیی بکەین لەبەر ئامۆژگارییە بەنرخەکانی.

وابزانم، ئێوە سەبارەت بە ئەو گێرەو کێشانەی هاتنە گۆڕێ دەنگۆیەکی زۆرتان بیستووە. وەک لێرە بۆمان باس دەکەن زۆر دەنگووباس لەوبارەیەوە گەیشتوونە تەورێزێ و لێرەوە بە تێلگراف ئێوەیان لێ ئاگادار کردوون. دیارە ئەو دەنگۆیانە هەموویان راست نین. هیوا دارم ئێوە ئەو تێلگرافانەی ئێمەتان بە دەست گەیشتبێ بۆ ئەوەی بکرێ راستی رووداوەکان بزانن. خانمی باشیمۆن حەول دەدا دەرببا و ددان بە جەرگیدابگرێ، بەڵام هەموومان دەزانین بەتەواوی جەرگی سووتاوە. لەکاتێکدا بە تەواوی چاو لە قەیرانی سیاسی هەڵنابوێردرێ، بەڵام وێناچێ کەس پێی وابێ تێکهەڵچوونەکان هەر بە سابڵاغ سنووردار بێ. بەڵکوو ئێرانییەکان بەرەو ناوچەی سندووس دەچن بۆ رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ دۆژمن.

لە دوای نیوەڕۆی شەشی ئۆکتۆبر (ی 1921) یەکەم تێکهەڵچوون خۆی دەرخست. سەربازانی ئێرانی لە چیایان خۆیان دامەزراندبوو و خەبەرهات کە لەشکری سمکۆ (کوردە شکاکەکان) بەرەو شاری سابڵاغ دێن. شەوێ تەقە دەستی پێکرد. تەقەی موسەلسەل و زرمەی تۆپان دەبیسترا و ئەوە تا لای نیوەڕۆی رۆژی دوایی بەردەوام بوو، و لەو کاتە دا سوارانی سمکۆ لە چیاکانەوە رژانە نێو شاری.دەستبەجێ تاڵان دەستیپێکرد. ئەوان هەرچییەکی لە ماڵەکەماندا هەبوو بردیان تەنانەت کراس و جلوبەرگی بەریشمان، تەنێ هێندێک شڕە پەڕۆیان بۆ هێشتینەوە بەدەنی خۆمانی پێ داپۆشین؛ جوڵانەوەیان ئەوەندە بێ بەزەییانەوە بوو لە گێڕانەوە نایە، بە قۆنداغە تفەنگان لێیان دەداین، بە شەق لێیان دەداین و قژی سەریان رادەکێشاین و هتاد.

ئاغای باشیمۆن بە رادەستکردنی ئەو قوتووەی دراوی تێدابوو و بە دانی سەعاتی دەستی خانمی باشیمۆن دێتە نهوومی خوراێ بە ژنەکەی بڵێ هەموو شت رۆیی و بەو قسانە دڵخۆشی دەداتەوە، ئەوە هیچ نییە، بەس نییە خۆمان ماویین. ماوەیەکی کورت دوای ئەوە دەستەیەکی دیکە دێنە نێو خانووەکە و ئاڵۆزیی و تێکەولێکەیی زیاتر بەردەوام دەبێ.هەر کە خانمی باشیمۆن بەرەو دیوی ئیدارە دێ دەبینێ میردەکەی بە ئەسپایی لە پلیکانەکانی نهۆمی سەرەوە را دێتە خوارێ و سێ پیاوی بە دووەوەیە.بە تێکچوونی رەنگی رووی مێردەکەی را دەزانێ شتێک جیدی قەوماوە، کاتێک دەنگی دەدا و قسەی لە گەڵ دەکا دەبینێ ناتوانێ وڵامی بداتەوە، بەڵام باشیمۆن لە کاتێک دا حەوڵ دەدا بەرەو وی بچێ و خۆی لەسەرپێیان بگرێ لەوێ بە سەر عەرزی دا دەکەوێ. خوێن لە شوێنی نزیک دڵییەوە فیچقە دەکا. دوایە چاوی وێک دەنێ، بۆ ماوەی نزیک پێنج دەقیقە نەفەس دەکێشێ و ئیدی دڵی لە کار دەکەوێ. ئەو زۆر جار ئاواتی ئەوە بوو بێتوو بکوژرێ، پێی خۆش نییە ئەشکەنجە بدرێ، پێی خۆشە روحی زوو دەرچێ، و بە دڵنیاییەوە ئاواتەکەی وەدی هات.

ماوەیەکی کورتی بەرلەوەی لاتولووتەکە بێنە نێو خانوویەکە، ئاغای باشیمۆن هاتە جێی ئیدارە و گوتی: ئەمن هەر ئێستا ئەو نامیلکەیەی فاسومم وەبەر دەست هات دوو رستەی تێدابوو عیسا، ئاشقی روحی من و ئەو پێی خۆش بوو هەموومان بەیەکەوە بیخوێنینەوە. ئەو ئینجیلە گەورەکەی هێنا و کردییەوە بەو هیوایەی بەشێک بدۆزێتەوە لەگەڵ ئەو بارودۆخەی تێیدا بووین بگونجێ.

کاتێک گەیشتە بەشی عیسا. 43:1 مەترسێ، چونکوو ئەمن رزگارکەری تۆم، بە نێوی خۆت نێوت هەڵدەدەم، ئەتۆ ئی منی. ئەو بە حاڵەتێکی ئاسوودەیی و رەزایەتەوەچاوێکی لێکردین و کتێبەکەی بەیەکەوەنا. ئەو ئینجیلە گەورەیە یەکەم شتی بوو بە عەرزیدا کەوت. بۆ ئەوەی بەجۆرێک داوای پارێزگاری لە دەستەڵاتداران بکەین، یای گودهارت، جەواهێر، یای فاسوم، و بۆخۆم لە دەروازەی ماڵەکەمان دەرکەوتین بۆ ئەوەی خۆمان رزگارکەین دیتمان ئەوە پاشماڵەکەمان لە خوێنی خۆیدا دەتلێتەوە. ئەویش گوللە پێکابووی.خانمی باشیمۆن لە هیچ کوێیەک دیار نەبوو. ئەو لەپێشدا داڵدەی بردبووە بەر ژووری پاشماڵەکە و لەوێوە خۆی گەیاندبووە کەلاوەیەکی پشتەوەی خانووەکەمان، لەوێ کزوولکەی کردبوو لە گۆشەیەکی ئەو دیوارە قوڕانەدا تا دوای نیوەڕۆی رۆژی دواتر خۆی حەشاردابوو. ژنی پاشماڵەکەمان دۆزییەوە و هێنایەوە نێو ماڵەکەمان. لە هەمانکاتدا، ئێمە بەدەستە کوتە بە نێو لینگی ئەسپی سواران و بە خیابانی تەنگەبەر دا، بە پێی پێخاوس خۆمان گەیاندە بەرزاییە کی ئەستەمی داوێنی شاخی (تەپەی مەحموودکانی – حەسەنی قازی)، لەوێ سمکۆ بەخێری هێناین و داوای لێبوردنی کرد لەوەی قەوماوە و ئەفسەرێکی لەگەڵ ناردین بمانباتە شوێنێکی هێمن. ئەوێ ئیدارەی گوومرگی ئێران بوو، ماڵی ئەفسەران کە دانیشتووەکانی هەڵهاتبوون.ئێمە تا دوای نیوەڕۆی رۆژی دواتر لەو شوێنە ماینەوە. هەر دووک رۆژان گەڕان بە دووی خانمی باشیمۆن دا کرابوو و بۆ رۆژی دووهەم دوای چەند دەقیقەیەک کە گەیشتینەوە ماڵێ، ئەو دۆزرایەوە و هێنرایە نێوماڵێ. ئێمە لەخۆشیان سەڕەڕای ئەو پەژارە گەوەرەیەی دایگرتبووین لەکوڵی گریانمان دا.

لەوێوە هەموومان چووینەوە ماڵی یای گودهارت و تا رۆژی جومعەی دواتر کە شارمان بەجێ هێشت هەموومان لەوێ ماینەوە. رۆژی یەکشەمۆ، 9ی مانگ (ی ئۆکتۆبر) مەیتی باشیمۆن مان لە گۆڕستانی هەرمەنیان، کە حەسارێکی چکۆڵەی کلیسایەکی کاولکراوە بە تەنیشت Damman وە ناشت، کە چەندین ساڵ لەوە پێش لە بنکەی میسیۆنێکەمان دا کووژرابوو. یای گودهارت و یای فاسوم بە یارمەتی چەند کەسی خۆجێیی، تابووتێکیان بۆ وێنەی گۆڕی ئێمانوێل دامان لە قەبرستانی هەرمەنییان لە سابڵاغێ، کە جۆرج باشیمۆن کێشاوییەتەوە و بە خۆشی بە تەنیشت دامانەوە هەرلەوێ نێژراوە ساز کرد، بە لێکبەستن و بە بزمارداکوتانی دوو قوتووی دار کە لە ئەنبار دا هەبوو. ئەو بۆچوونەی موسڵمانان کە ئەگەر دەستیان وە بەدەنی مردووی مەسیحی بکەوێ گڵاو دەبن بووە هۆیە ئەوە کە ئێمە سێ ژنەکان بۆخۆمان تەرمەکە هەڵگرین و لە سەر نێردیوانێکی دانێین و دوایە ئەو حەماڵانەی بەکرێمان گرتبوون مەیتەکەیان برد بۆ ناشتن. یای گودهارت و یای فاسوم لە گەڵ مەیتەکە چوونە سەرقەبران، و لەوێ پیاوێکی پیری کە یارمەتییەکی زۆری دابووین و دڵداری دەداینەوە، ئاخرەکەی گوتبووی، ئەگەر ئەو پیاوە گڵاو بێ، با ئەمنیش گڵاو بم و یارمەتی کردبوون بۆ هەڵێنانی مەیتەکە بۆ ئەوەی لەو تابووتە تەنگەی بنێن.لە سەر گۆڕی باشیمۆن یای گودهارت بە کورتی و بە کوردی رێوڕەسمی ناشتنی بەجێ هێنابوو کە چەند کەسیش لە خەڵکی خۆ جێیی بۆ بەخاک ئەسپاردنەکە لەوێ دەبن.خانمی باشیمۆن هێزی ئەوەی نەبوو لە گەڵیان بچێ بۆیە لە ماڵێ مایەوە و ئەمنیش لەگەڵی بووم. چەند رۆژ دواتر کە ئەو ئاهێکی بە بەردا هاتبووەوە، ئێمە هێندێک لەوگوڵانەی لە باغچەی خانووەکەماندا مابوونەوە چنی و هەموومان بە یەکەوە چووینە زیارەتی گۆڕی باشیمۆن.

یەکشەمۆی بەر لە مردنی باشیمۆن یەکەم وەعزی خۆی بە زمانی کوردی دادا.ئەو دۆعانامە یەی بەکارهێنابوو کە کرابووە کووردی. میرزا کەریم کە کاری لەگەڵ کردبوو بۆ راستکردنەوەی وەرگێڕانەکان، لە کاتی وەعز دانەکەی دا لەوێ ببوو. باشمۆن رۆژی بەر لە مردنی خەریکی وەرگێڕان و خوێندنی دۆعای Werde munter mein Gemte ببوو. ئێمە رۆژی دووشەمۆ کۆبوونەوەی میسیۆن مان هەبوو، و ئەمن پێوەبووم رۆژی شەمۆ گوزارشتێکتان سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بۆ بنێرم. ئەو دەفتەری باسی کۆبوونەوەکانمان تێدا دەنووسین نەما بەڵام بەخۆشییەوە دەفتەری ژمێریاری و حیسابمان هەر ماوە.

بە مێهرەوانەترین سڵاو لە لایەن هەموومانەوە، دڵسۆزتان لەخزمەتی ئاغامان دا، (ئیمزا) هاننا. ک. شوێنهوود لەو راپۆرتەی شوێنهوود دەبێ ئەو بڕگەیەی راپۆرتی ئاغای جاکویت سەبارەت بەو کارەساتە زیاد بکەم کە دەنووسێ:.... ئەو سەرهەڵدانەی ئێستای سمکۆ بۆ دەستبەسەر داگرتن و کۆنتڕۆڵی هەرێمێکی بەپیتە کە لە نێوان سابڵاغ و ورمێ دایە. ئێرانییەکان بەهێزێکی نزیک 800 کەسەوە سابڵاغیان بە دەستەوە بوو لە بەرانبەر سمکۆ دا کە هێزەکەی نزیک 2500 کورد دەبوون و لە چیاکانەوە هاتنە نێو شار، ماڵەکانیان تاڵان کرد و چەپاندیان، و کەلەوپەلەکانیان کردە باری ئەسپ، یەستر، کەڵ و گامێشان و لە شاری دەرکەوتن.

هاننا شوێنهوود لە یەکەم نامەیدا، کە بۆ جاری یەکەم هاتووەتە سابڵاغێ و لە رۆژی جومعە 21ی مەی 1921 دا بۆ ئێدیتۆری کوردستان میشنێری ئەوکاتی ئێم.ئۆ. وی ناردووە و لە ژمارەی 9ی خولی سێزدەهەمی کوردستان میشنێری لە مانگی سێپتامبری ساڵی 1921 دا بڵاو بووەتەوە دەنووسێ: برای عەزیز وی:--- یەکەم رۆژی ئێمە لە سابڵاغ --- چەند سەعات لەمەو بەر گەیشتینە جێ. ئاستەمە باوەڕ بکەم کە ئاخری توانیمان بگەینە شوێنی مەبەست. ئێستا ئەوە سێ رۆژی ماوە ببێتە ساڵ و نیوێک کەئێمە بە کەشتی لە ئەمریکا دەرکەوتین.هیچ پێمان وانەبوو ئەوەندەی پێ بچێ هەتا دەگەینە ئێرە. سەفەرەکەمان لە تەورێزەوە بۆ ئێرە زۆر خۆش بوو.دیارە ریگە و بان، لە هێندێک شوێنان زۆر ناخۆش بوو، و پردەکەی نزیک میاندواو بەشێکی تێک رووخابوو، بۆیە ناچار بووین بە گەمی لەچۆمی بپەڕینەوە، هەموو شتێکیان لە گەمی نا، ئەسپ، فایتوون، عەڕابە، لە سەر گەمییەکی تەخت....... لە یەکەم رۆژەکانی سەفەرەکەمان دا لە هێندێک شوێن دیمەنی دەریای ورمێ مان دەدیت. پێم سەیر بوو هێندە گەورەیە.

رۆژی دووشەمۆ زۆری لێ نزیک کەوتینەوە و گەیشتبوونە قەراغەکانی. نەمتوانی پێش بە وەسوەسەی خۆم بگرم و بۆ مەلە خۆم تێخست. ئاوەکەی زۆر سوێرە. دوایە کە گەڕامەوە ئەو مزڵەی لە رێگا لێمان لادابوو دەبینم کونەگوێم پڕی خوێ یە. ئیمە زۆر شوکرانە بژێرین کە بە سەڵامەت گەیشتینە ئێرە. و ئاخری لە بنکەکەمان دادەمەزرێین.خانووەکە تەعمیر کراوەتەوە. ئێستا خەریکن پەنجەرە لە وژوورانە دەگرن کە وەک ژووری خەو بەکاریان دەهێنین. ئێمە دەتوانین هەر نەبێ بچین دەو ژوورانەوە. ماوەیەکی پێ دەچێ هەموو خانووبەرەکە تەعمیر بکرێتەوە. جارێ بۆ ماوەی کاتی لەلای دراوسێی خانووەکەمان دەژین. سابڵاغ زۆر جیاوازە لەو شارانەی دیکەی ئێمەی لێ بووین.لە جێیەکی زۆر جوان هەڵکەوتووە، چوار دەورەی شاخە و چۆمێکی جوانی پێدا دەخوشێ. هەلبەت خیابانەکانی بەردەڵان و سستن و لە هێندێک شوێن جۆگە تا نێوەندی شاری درێژ دەبێتەوە. نازانین چەندی پێ دەچێ تا میسیۆنێرەکانی دیکە دەگەنە جێ.وای بۆ دەچم هەرنەبێ یای گودهارت بە زوویی بگاتە ئێرە. هیوادارم بە زوویی لە ئەمریکاوە نامەمان بگاتە دەست. جگەلەو نامانەی نەبێ کە کۆنسوولی ئێران لە یێریوانەوە بۆی هێناین لەو دەمییەوە هیچ نامەمان بە دەست نەگەیشتووە.

بە دوای ئەوە دا ئەم پارچە شێعرەی خوارەوەی لەسەر رێگا و بان و دیتنی دیمەنی سابڵاغ بۆ جاری یەکەم نووسیوە:

The Last Day of Our Journey

(By Miss H.C. Schonhood)

We are plodding along towards Soujbulak—

The mountains and valleys between

Are clad with flowers as beautiful

As ever our eyes have seen.

We are gathering a few of the choice ones

To press and send over the sea

To the dear ones we left in the homeland،

Who can not enjoy them as we

We have often been told of this country

By our brother we left by the way.

And now we drink of its beauties

On this mild sweet day of May.

Now we climb the steep hill to the summit

The first view of the city to take،

Then drive down the valley in silence

The last stretch of our journey we make.

Oh، God of this wonderful nature

Will thou grant that while sojourning here

We may serve thee with heart، soul and spirit

In the steps of our own master dear.

دوایین رۆژی سەفەرمان

ئەوا دەڕۆین بەرەو سابڵاغ رێگە دەبرێن

کێو و چیا، دۆڵ و دەرە لە نێواندا !

تا ئەو جێیەی چاو بڕ دەکا

گوڵی جوانن دایپۆشیون

لەو گوڵانە چەند چڵێکی دەستبژێریان

دەچنین و بە دەریا دا دەیانێرین

بۆ ئەو خوشەویستانەمان

لە وڵاتی خۆن جێمانهێشتن

زۆرمان باسی ئەم وڵاتە کەوتە بەرگوێ

بە سوێوە بووین زووبینینین

بۆمە خۆشترە لە ئێوە

سەدمخابن براکەمان ئەم وڵاتەی نەدەیتەوە (2)

ئەو جوانییەی بۆی باس کردین

بەڵام ئێستا ئێمە لێرە

بۆنی خۆشی هەڵدەمژین

لەو رۆژە خۆشەو شیرینەی مانگی مەی دا

دەڕۆین بەرەو دووندی شاخی

دیمەنی شار دەردەکەوێ

ئۆغژنی دڵ، سۆمای چاوە

بە بێدەنگی لە کەڵکێ را دادەکشێین

هێندن نامەوە بۆ شاری

ئەتوو، ئافرێنەری خۆڕسک

دەستەبەری ژیانمان بە

ئەو ماوەیەی لێرە دەبین

بە دڵ و گیان، روح و رەوان خزمەتکارین

وەفادارین بە رێبازت، وەفا دارین

هاننا و ئەو کچە کوردەی وەک کچی خۆی وەخۆی کردووە

وەک پێشتر باسکرا، میسیۆنێرەکانی بنکەی سابڵاغ بە رێکوپێکی راپۆرتی چالاکییە کانی خۆیان لە بواری جیاوازدا بۆ نێوەندەکەیان لە ئەمریکا ناردووە. ئەم راپۆرتەی خوارەوەی یای هاننا شوێنهوود باسی بارودۆخی مەدرەسەکەیان دەکا.

ڕاپۆرتی ساڵانە کاری پەروەردەیی لە سابڵاغ، ئێران. راپۆرت بۆ ساڵی 1924 – ئەنجومەنی میسیۆن

ئەم راپۆرتەی خوارەوە باسی وەزعی کارەکەمان لە کۆتایی یەکەم ساڵمانە لە پێگەی میسیۆن ئەو جۆرەی کە وەبەر چاو دێ. لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە ئێوە هەستی پێ نەکەن ئەمن چەندە بە نابەدڵی ئەو ئەرکەم خستووەتە سەر شانم بۆ ئەوەی ئەم راپۆرتە بنووسم. لەوانەیە ئێوە هەست پێ نەکەن بۆچی ئەمن وای بۆ دەچم.ئەویش لەبەر ئەو دژوارییەیە کە ئەمن هەمە بۆ ئەوەی ئەو پێوەندییەتان بۆ روون بکەمەوە کە لە نێوان ئێمە و ئەو خەڵکەی کاری مەدرەسەیان لەگەڵ دەکەین لە گۆرێ دایە. با لە پێشدا مەبەستی خۆمان لە بەکارهێنانی کاری مەدرەسە وەک یەکێک لە چالاکییەکانی میسیۆنەکەمان لەبەرچاو بگرین. هۆی سەرەکی ئەوەیە ئەوەندە کەسە زۆرەی کە دەست دەدا فێری خوێندنەوە بکرێن بۆ ئەوەی بکرێ بۆخۆیان لە ووشە دآ رێگەی رزگاری خۆیان ببینەوە. هۆی دووەم ئەوەیە کە دەکرێ بە تەنیشت ئەوەی یەکەمەوە باسی بکەین، ئێمە فێری خوێندنەوەیان دەکەین بۆ ئەوەی شاگردەکان بخەینە ژێر کارلێکەری مەسیحییەت.

با ئێستا مەسەلەکە لە چاو ئەوانەوە تەماشا بکەین. بەڕاستی ئەوان پەروەردەیان دەوێ؟ هەڵبەت، بەڵام نەک لە بەر هەمان هۆکاری کە ئێمە دەرەتانی خۆێندنیان بۆ دەڕەخسێنین. ئەوان بە دینەکەیانەوە نووساون و بە دڵنیاییەوە خۆ لە هەر و هەموو ئامرازێک دەپارێزن کە مەبەستی جوێکردنەوەی ئەوان لە دینەکەیان بێ. لێرە، وەکوو شارەکانی دیکەی ئێران، مەدرەسەی میسیۆنەکان بەرتەنگیان بۆ ساز دەکرێ و داوایان لێدەکرێ بۆ بەڕێوەبردنی مەدرەسە دەبێ ئیزنی دەستەڵاتدارانیان هەبێ لە تاران. ئێران مەدرەسەی حکوومەتیی خۆی هەیە بۆ کوڕان و لەو مەدرسانە دا ئەوان شاگردی ئەوتۆ وەردەگرن کە زۆر لەوە هەژزارترن بتوانن خەرج ومخاریجی خوێندن بدەن. ئێران هەر وەها مەدرەسەی تایبەتیشی هەیە بۆ کچان.

بە زانینی ئەو هەلومەرج و ئەو دژوارییانە ئێوە لەوتێدەگەن کە بۆچی ئێمە بەوهێندە کارە کەمەش کە دەستمان پێکرد رازین. ئێمە لە هەمیشە زیاتر دەبێ تەنێ پشت بە کەڕەمی خوڵای ببەستین کە بابەتەکەی لە دەست دایە و دەتوانێ رێگەمان نیشان دا چۆن ئەو دەرفەتانەی هەڵدەکەون بقۆزینەوە. دۆستانی عەزیز، دۆعامان بۆ بکەن ئێمە لەکارەکەمان دا ئێمانێکی زیاترمان بە ئینجیل و حەول و تەوەکولی خوڵای هەبێ! ئێمە هەلێکمان هەیە کە پشتی پێ ببەستین. رەنگە خوڵا ئەوەمان پێ رەوا ببینێ وەکوو رێیەک بۆ نزیک بوونەوە. لە سابڵاغێ چەندین هەرمەنی هەنە بەوە رازی نێن بچنە مەدرەسەی موسوڵمانەکان.جا ئەوە ئیمتیازێکە بۆ ئێمە کە جێیان بکەینەوە. ئێستا ئێمە 7 شاگردی هەرمەنی، دوو کوڕی چکۆڵەی کوردمان لە مەدرەسەکەماندا هەیە، کە بابەکانیان لەلای ئێمە کار دەکەن، شاگردێکی پچووکی ئێرانی (عەجەم) یشمان هەیه. سەر باقی ئەوانە دوو پیاوی لاوی کوردیش، لە لای ئێمە فێری ئینگلیسی دەبن و لە بری ئەوە زمانی ئێرانی (فارسی) فێری کوڕەکانی دیکە دەکەن. ئەو پیاوە لاوانە سەرلەبەیانیان وا زوو دێن کە پێ رابگەن لە رێوڕەسمی عیبادەت و دۆعای نەخۆشخانە دا ئامادە بن ولەخوێندنەوەی ئینجیلیش دا بەشداری دەکەن هەرکاتێک داوایان لێ بکرێ. لە یەکەم رۆژ دا ئەوان لە دۆعا کردندا ئامادە بوون چونکوو بە هەڵکەوت لە ژووری چاوەڕوانی بوون کە ئێمە لەوێ پۆلی مەدرەسەکەمان رێک دەخەین. ئەوان داوای مۆڵەتیان کرد رێگەیان بدرێ بێنە ژووری دەرمانگە کە لەوێدا بەیانان عیبادەت و پاڕانەوە دەکرێ.

ئەو کچانەی زمانی کوردی دەخوێنن ئەوانەن کە سەربە خێزانی خۆمانن و چەند کچێکی دیکەش. ئەوە زۆر دڵساردکەرەوەیە ئێمە لە هەلومەرجێکی ئاوا داین کە نەمانتوانیوە کچانێکی زیاتر هان بدەین بۆ ئەوەی بێن و بخوێنن چونکوو ئەوان کەسانی هەرە کەمتەرخەمی لەگەڵ کراون لەم وڵاتە دا.جگە لە چەند رێزپەڕێک نەبێ، تەنانەت ئەوان بە قابیلی ئەوەش داناندرێن کە بخوێنن--- لە راستیدا هێندێک لەوان هەر بە قابیلی ئەوەش داناندرێن کە بژین. پۆلێکی شەوانەمان هەیە بۆ ئەو لاوە هەرمەنییانەی کە پێیانخۆشە فێری کوردی بن و ئەوە لە سەرەتای پاییزیی رابردووەوە دەستی پێکردووە. زۆربەی ئەو لاوانە کەوشدروون، کە بەڕۆژ کاری خۆیان دەکەن و تەنانەت هێندێک جار شەوانەش. ئامادە بوونیان لە سەر پۆل زۆر رێک و پێک نییە. جاری وایە 5 تا 6 کەس دێن و جاری واش هەیە ژمارەی بەشدارانی پۆلەکە دەگاتە 23 کەس. (بڵێی باوەر بکەن، تەنانەت لە نێو هەرمەنییەکانیشدا، کە بە خۆیان دەڵێن مەسیحی، دەستەی ئاوا هەن کە چەت دەکاری میسیۆنەکەمان دەخەن لە جیات ئەوەی پەرە بە کارەکانی بدەن) لە جیاتی ئەوەی میسیۆن بە شتێکی ئاوا دابنێن کە دەگاتە ژیانێکی راستەقینەی عیسایی، ئەوان لەوە دەترسن ئێمە لە ئیمانی خۆیان بە کلیسای گرێگۆری یان کاتۆلێکی دووریان خەینەوە کە ئەوان توند پێیەوەیان نووساون هەر وەک موسوڵمانەکان دەستیان بە ئیسلامەوە گرتووە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە سپاسی ئەو چەند کەسانە دەکەین کە واوەبەر چاو دێ هەتا دەچێ زیاتر و زیاتر مرخیان لە کاری میسیۆنە و زۆر کەم وایە لە دۆعاخوانی دا بەشداری نەکەن.سێ لەو پیاوانەی کە دێنە پۆلی شەوانە، ئەوەندە لە خوێندنەکەیاندا چوونەتە پێشەوە کە دەتوانن بۆخۆیان ئینجیل بخوێننەوە کە لە کریسمەس دا کۆپی خۆیان وەرگرت. ئەوان لە کۆبوونەوەی دۆعا کردنی شەوانە دا هێندەیان پێ خۆشە سروودە کوردییەکان بخوێننەوە نەبێتەوە.ئێمە هەموومان بزەمان دێتێ کاتێک مێگێردیش داوا دەکا سروودی ژمارە 21 ئی تۆم یا خوڵا I am Thine، O Lord! بخوێنینەوە. ئەگەر ئەو سروودە لە رێوڕەسمی دۆعا خوێندنەوە دا نەخوێندرێتەوه، ئەو کۆبوونەوەکە وەدرەنگی دەخا و هەر داوای خوێندنەوەی سروودی ژمارە 21 دەکا.

حەوتووی رابردوو دوکتور شاڵک سەبارەت بە کوڕە چکۆلەکانی مەدرەسەکەمان، کە هەمیشە لە کۆتایی رێوڕەسمی دوعا و پاڕانەوە لە خوڵای دا بەشداری دەکەن، گوتی ئەوانەی کە کەلک لەو شتانەی وەردەگرن و بەو رێگایە دا فێری بوون بە راستیش پشتگەرمی و ئیلهامێکن بۆ ئێمە.

ئێستا بەو شتانەی بۆم باسکردن، هێندێک زانیاریتان دەست دەکەوێ سەبارەت بە کاری پەروەردەیی ئێمە لە یەکەمساڵی چالاکیمان لێرە. ئەگەر نێوی شاگردەکان بنووسم رەنگە شتێکی ئەوتۆ نیشان نەدا، بەڵام ئەمن ئەو ژمارانە دەنووسم کە قەید کراون و ئەوە باش دەبێ بۆ بەراوەرد کردن لە گەڵ راپۆرتەکانی داهاتوو دا.

ژمارەی شاگردەکان: شاگردی کوڕ، هەرمەنی 5، سوریانی 1، عەجەم (ئێرانی)1، کورد 2. بە گشتی 9 شاگردشاگردی کچ: هەرمنی 3، سوریانی 1، عەجەم 1، کورد 5 گشتی 10 شاگرد لەبەر ئەوەی ئێمە لە مانگی مارسی 1924، بە سێ شاگردی کچ مەدرەسەمان دەست پێکرد، چەندین نێوانی تێکەوت و ئەوەش کارتێکەری خۆی هەبووە لە سەر پێشوەچوونی کاری مەدرەسە. لەوانە باسی هێندێکیان دەکەم. ئەو سەفەری کە بەهارێ کردمان، پشووی هاوینێ، پشووی کریسمەسی خۆمان، بە دوویدا کریسمەسی هەرمەنییان و هەر وەها ماوەیەک لە بەر ساردی هەوا کلاسەکانمان دایر نەبوون. سەرەڕای گیروگرفت و دژوارییەکان چ هۆیەک نابینین لە کارەکەمان دڵسارد بینەوە و دەزانین خوداوەند رێنوێنمانە. بە ئاگاداری لەوەی کە ئەو ئێمەی ناردووەتە ئێرە، ئێمە دڵنیاین نەخشەکەی جێبەجێ دەبێ. تەنیا شتێکی کە بیری لێدەکەینەوە ئەوەیە دەبێ ژیانی خۆمان بەختی وی بکەین و ئەویش بە رێگەی ئێمە دا دەتوانێ ئازادانە کارەکانی بەرێتە پێشێ. ئەمن لە خوڵای دەپاڕێمە لە ماوەی ساڵی داهاتوو دا بە شاگردی مەدرەسەی خۆییم رابگرێ تائەو کاتەی کە من دەرسی خۆ بێبەشی، باوەڕی و گوێڕایەڵی فێر دەبم بە شێوەیەک کە خزمەتەکەم لە رێبازی ویدا ئەوەی بێ کە ئەو دەیەوێ، ئەی ئەوە چ خاوەیەکی گەورەیە....

دڵسۆزتان لە رێی عیسا دا،

هاننا شوێنهوود

هاننا شوێنهوود لە نامەیەکیدا کە لە بەرواری 8 ی فێڤرییەی 1926 لە سابڵاغەوە نووسیویە و لە ژمارەی 4ی خولی 18ی کوردستان میشنێری، ئاوریلی 1926 دا بڵاو بووەتەوە بە کورتی ئاماژەی کردووە کە قازی محەمەد دەرسی ئینگلیسی لە لای خوێندووە و لەو بارەیەوە دەنووسێ:

یەکێک لە کوڕەکانی قازی (قازی شەرعی شاری) دەرسی ئینگلیسیم لە لا دەخوێنێ و بەڵێنی پێداوم یارمەتیم پێبکا سەبارەت بە ئامادەکردنی ئەو قامووسە کوردییەی کە ئەمن ماوەیەک زۆر لەمەو پێش دەستم پێکردووه.” یای هاننا بەر لەوەی بۆ جاری دووهەم بێتەوە سابڵاغێ لە تەورێز ماڵێکی منداڵانی بێ دایوبابی بەڕێوەبردووە و تا بگاتەوە شوێنی مەبەست لەوێ وەک هاوکارەکەی دیکەی یای ئاگوستا گودهارت یارمەتی کارەکانی میسیۆبێرە پرێسبێترییەکانی داوە.

ڕەنگە درێژترین و سرنجڕاکێشترین نووسینی شوینهوود لە کوردستان میشنێری دا باسی ئەو گەشتەی بێ کە لەگەڵ دوکتور شالک و خزمەتکارەکەیان عەبدولخالەق، لە سابڵاغەوە کردووەیە بۆ ورمێ و لەوێوە بۆ تەورێز و لە تەورێزەوە بۆ سابڵاغ. ئەو بابەتە بە زنجیرە لە 6 ژمارەی کوردستان میشنێری لە ژمارەی 8ی ئووتی 1924 تا ژمارەی 1ی ژانڤییەی 1925 بە نێوی گەشتێکی چل رۆژە بە دەوری دەریای ورمێ دا، بیست و نۆ رۆژ لە سەر زینی ئەسپبڵاو کراوەتەوە.

هاننا شوێنهوود لە 28ی ژووییەی 1926 سابڵاغی بەجێ هێشتووە، بۆ سەردان و حەسانەوە گەڕاوەتەوە ئەمریکا. ئیدی نازانین دوای ئەوە شوێنهوود چووەتەوە سابڵاغ یان نا. شوێنهوود لە یەکێک لە نامەکانی دا دەڵێ ئەو رۆژانە بیرەوەرییەکانی خۆی نووسیوەتەوە و لەوانەیە هێندێکیان لە بەر ئەو گۆڵمەزانەی بەسەریان هاتووە لە نێو چووبن. لە ژمارەکانی بەردەستی کوردستان میشنێری لە نێوان ساڵانی 1921 – 1927 دا نزیکەی 60 نامە، راپۆرت و نووسینی شوێنهوود بڵاوکراونەتەوە.

لە ساڵی 1936 بنکەی چاپەمەنی ئاوگسبرگ لە ئەمریکا کتێبێکی یای هانناشوێنهوودی بە نێوی My First Sunday School Book Grade One یەکەم کتێبی مەدرەسەی یەکشەمۆیانی من پۆلی یەکەم بڵاو کردووەتەوە و گۆڤاری The Lutheran Orient Mission کە درێژەدەری کاری کوردستان میشنێری بووە لە ژمارەی 1ی ساڵی 33، ژانڤییەی 1945 دا ئەو زانیارییەی سەبارەت بە کتێبێکی دیکەی هاننا شوێنهوود بڵاو کردووەتەوە.

کتێبێکی نوێ بە کوردی. دەستنووسی کتێبێکی بە نرخ، کە لە بنکەکانی میسیۆنی ئێمە کەلکی لێوەردەگێرێ و لە لایەن یای هاننا شوێنهوودەوە ئامادە کراوه، کە بەساڵان مامۆستا بووە لە بنکەی میسیۆنی ئێمە دەنێو کوردەکان دا. ئەو ماوەیەکی کورت بەرلەوەی ماڵاوایی لە ژیان بکا ئەو دەستنووسەی بۆ ئێمە ناردبوو.لەبەر نەبوونی دراو ماوەیەک نەمانتوانی ئەو کتێبە چاپ بکەین. فێدراسیۆنی ژنانی میسیۆنێری کلیسای لوتێری لە ئەمریکا بە دەستکراوەییەوە ئامادەییان نیشان دا کە خەرجی چاپی ئەو کتێبە بە ئەستۆوە بگرن. ئەو کتێبە نزیکەی 300 لاپەڕە دەبێ و وێنەشی تێدایە. چاپکاران ئێستا بەگەرمە خەریکن چاپی دەکەن. ئێمە زۆر سپاسی ئەو فێدراسیۆنە دەکەین بۆ مرخ و ئامادەییان بۆ وەئەستۆ گرتنی خەرجی ئەو کتێبە کە پێویستییەکی زۆری پێ هەیە. لە خودا دەپاڕێینەوە پشتیوانی خۆی لەو حەولە زیاد بکا. هاننا شوێنهوود لە ساڵی 1938 لە تەمەنی 62 ساڵی دا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانیClare Lake، لە لە کاونتی Cerro Gordo لە ئەیالەتی Iowa نێژراوە.

ئەیالەتی Iowa و ئەیالەتی Minnesota مینێسوتا لە ئەمریکا ئێستاش بەشێکی زۆر لە دانیشتووانیان ئەو خەڵکەن کە رەچەڵەکی نۆڕوێژییان هەیە و لە بۆنە و پشووەکانیان دا نەریتی نۆڕوێژییان هەر پاراستووە. راوێژی ئینگلیسیی مینێسوتا ئێستاش کارلێکەری ئەژدادی نۆروێژی پێوە دیارە.

بەشێک لە سروودێکی نەتەوەیی کە ئێل.ئو.فاسوم لە سابڵاغ بۆ نەتەوەی کوردی داناوە.

(1)نووسەری کورد بەڕێز عەبدوڵڵای سەمەدی یەکێک لە نامەکانی هاننا شوێنهوودی کە بۆ دۆستێکی خۆی نووسیوە لە ماڵپەڕی LOMSی وەرگرتووە و بە شێوەیەکی زۆر جوان وەرگێڕاوە و بە نێوی نامەی خاتوو هەننا بڵاوی کردووەتەوە، رەنگە ئەمە یەکەم کاری یای شوێنهوود بێ کە وەرگێڕدرابیتە سەر زمانی کوردی

(2) مەبەستی هاننا ئێل. ئو.فاسوم ە کە لە 10ی ئۆکتۆبری 1920 لە یێریوان سەری نایەوە.

تێبینی: ئەم نووسینە بە کەلکوەرگرتن لە ژمارەکانی بەردەستی کوردستان میشنێری ئامادە کراوە.

لێرە دا جێی خۆیەتی سپاسی خانمی Catherine Eystad لە ئەمریکا بکەم بۆ ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە بنەماڵەی شوێنهوود و یەکەم کتێبی چاپکراوی هاننا شوێنهوود بۆی ناردم.

بەڕێزیان بۆرە خزمایەتییەکی لەگەڵ نەمر یای هاننا شوێنهوود هەیە. وێنەکان لە ژمارەکانی کوردستان میشنێری، ماڵپەڕی LOMS و وێنەی کێلی قەبری هاننا لە ئینترنێت وەرگیراوە

00015554.jpg