ڕووباری سیروان
ڕووباری سیروان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە لە نزیک سنە و لە چیای چلچەمە نزیک شارەکانی سەقز و دیواندەرەوە ھەڵدەقوڵێت و سەرچاوە دەگرێت. پاشان لە نێوان ھەورامانەوە دێتە باشووری کوردستان دواتر لە باشووری شاری بەغدادی پایتەختی عێراقەوە دەڕژێتە ڕووباری دیجلەوە.
سیروان درێژییەکەی لە ھەردوو دوو دیوی کوردستان و عێراقدا دەگاتە445 کم. چەندین شار دەکەونە سەری لەوانە دەربەندیخان، کەلار، بەعقوبە. دوو بەنداوی لەسەر دروستکراوە کە بەو ھۆیەشەوە دوو دەریاچەی دروستکردووە کە دەریاچەی دەربەندیخان و دەریاچەی حەمرینن، دەریاچەی حەمرین ڕووبارەکە دابەشدەکات بۆ چەند لقێک لەوانە: رووباری مەھروت کە بە شارەباندا دەڕوات، ڕووباری روز یان بەلەدروز، رووباری خاڵس و ڕووباری سیروان کە دەڕژێتە دیجلەوە. بەڵام لقەکانی تر بۆ ئاودێری و باخات بەکاردەھێنرێن و تا کۆتاییان دێت. رووباری سیروان بەعەرەبی لە عێراق دا بە دیالە ناو دەبرێت.