ڕۆژی ڕەشی سلێمانی کارەساتی 9ی حوزەیرانی ساڵی 1963
نووسینی : سەرکەوت عەلی حەبیب
گرافیكی وێنە : ئامانج. مەسرەف
لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا چی ڕوویدا لەشاری سلێمانی
۹ / ٦ / ۱۹٦۳، بە فەرمانی ( زەعیم سدیق مستەفا ـ فەرماندەی لیوای ۲٠ ـ سوپای عێراق )، هاتوچۆ لە سلێمانی قەدەغە کرا، حەرەس قەومییەکان، لە رەشبگیریەکدا سەدان کەسی بێتاوانیان گرت و لە حامیەی سلێمانی بەندیان کردن، پاشان لە دادگایەکی گاڵتەجاڕیدا، کە پێکهاتبوو لە: زەعیم سدیق ـ سەرۆکی دادگا و ئەندامێتی: ( ۱.عەبدولرەزاق سەید مەحمودـ موتەسەڕیفی سلێمانی، ۲. موقەدەم فەیسەڵ، ۳. عەقید جاسم بەغدادی، ٤. دکتۆر محەممەد عەلی حوسین.)، فەرمانی گوللەبارانکردنیان بۆ (۸٤ )کەسی شاری سلێمانی دەرکرد و دواتریش فەرمانەکە جێبەجێ کرا، جگە لە چەندین کەسی دیکەش لە سەر شەقام و دەوروبەری شاردا شەهید کران، کە تێگڕا ئەو رۆژە ( ۱۷٦ )، هەندێک دەڵێن ( ۱۸٠) کەس شەهید کران.
هەموو شەهیدەکان لە حامیەی سلێمانی، ( پارکی ئازادی ـ ئێستا) و بناری چیای گۆیژە لە گۆڕی بە کۆمەڵدا ژێر خاک کران، تا لەگفتوگۆی نێوان شۆڕش و حکومەت، رێگەدرا بە گواستنەوەی تەرمی شەهیدەکان بۆ گردی شەهیدان.
مامۆستا محەممەد باقی سەعید دەڵێت:
مامۆستایان ( ئەنوەر سەعید دارتاش، یاسین محەممەدساڵح، محەممەد حەمە ساڵح و ئیسماعیل ئیبراهیم) ئەو شەوە بە دڵنیاییەوە لە مەلعەبەکەی سلێمانی نووستبوون، کاتێک کۆمەڵێک سەرباز دێنە مەلعەبەکە، دەرگای ژوورەکان دەشکێنن، بە داخەوە هەر چواریان دەگیرێن و بەرەو کارێزەوشک دەیانبەن و گوللەبارانیان دەکەن، هێشتا زیندوبوون بە شۆڤڵ دەیانکەن بە ژێر خۆڵەوە.
هەروەها یەکێک لە شەهیدەکان، حاجی باقی، خەڵکی کۆیە، مامۆستا لە دواناوەندی سلێمانی، ماڵیان لە گەڕەکی سابونکەران بەرانبەر مزگەوتی سەید حەسەن بوو، لە کاتی پشکنینی ماڵەکەی، دووربینێکیان لە ماڵەکەیدا دۆزیبووەوە، لە کارێزەوشک شەهیدیان کرد.
حەرەس قەومییەکان، زۆر دڕندانە پەلاماری هەموو کەسێکیان داوە و دەستیان نە لە پیر، نە لە منداڵ نەپاراستووە، ( مام قادر چاوشین ـ باپیری د. کارزان محەممەد) بانگبێژی مزگەوتی حاجی عەلی بەگ، کە تەمەنی ۸۲ ساڵ دەبێت، لەو رۆژە شوومە زۆر بێ بەزەییانە شەهیدی دەکەن.(* ) ـ مامۆستا عیزەت عەبدوڵڵا مەڵکەندی دەڵێت: شریتی عومری رابردووم، وەکو خەو دێتە پێش چاوم، لەو رۆژەدا هەر کەسێک لە ماڵ بهاتایە دەرەوە شەهید دەکرا، بۆیە زۆر لە شەهیدەکان لە ماڵی خۆیان یان لە گەڕەک و تەنانەت لە مزگەوتەکان نێژراون.
حەرەس قەومییەکان، کە دەچنە ماڵی مامۆستا مستەفا عەبدولرەحمان، هەر بە بەرچاوی دایکیان و خێزان و منداڵ، هەردوو براکەی شەهید دەکەن و هەر لە حەوشەکەی خۆیاندا دەنێژرێن.
هەر لە ۹ ی حوزەیرانی ۱۹٦۳ چەندین هاووڵاتی دیکەی شارەکانی کەرکوک، هەولێر، کۆیە،چەمچەماڵ، رانیە و بێتواتە لە لایەن حکومەت دەستگیر دەکرێن و شەهید دەکرێن. ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ سەرچاوەکان، کتێبی:
- ۱.بیرەوەری دەربارەی تاوانەکانی زەعیم سدیق و ئینزیباتخانە، چاپی سێیەم ـ ۲٠۱٦
- مامۆستا محەممەد باقی سەعید.
- ۲.شاری سلێمانی، لێکۆڵینەوە لە بارو دۆخی سیاسی و رۆشنبیری ( ۱۹٥۸ ـ ۱۹٦۸ )
- هەوراز جەوهەر مەجید. چاپی یەکەم ـ ۲٠۱۲
- ۳.بە دەم پیاڵە چایەکەوەـ سەرکەوت عەلی
چاوپێکەوتن: عیزەت عەبدوڵڵا مەڵکەندی.
سلێمانی ـ ۲٠٠۸
مام قادر: بە سوپاسەوە لە پەیجی ـ وێنە کۆنەکانی سلێمانی، وەرگیراوە.