ژن سەرچاوەی ژیان و ئازادی
نووسین: ناسک نەسیری
ساڵانێكی زۆرە كە ژنان لەسەرتاسەری جیهان بۆ مافەكانیان خەبات دەكەن و قوربانی دەدەن، بەڵام هێشتا ئەوەی پێویستە بۆ ژنان نەكراوە و لەژێر هەر ناو و ئایدیایەك ژن دەچەوسێندرێتەوە. لەسەرتاسەری جیهان چ لە وڵاتانی پێشكەوتوو و زلهێز و چ لە وڵاتانی دواكەوتوو و بێهێز، ژنان بە دەیان و بگرە بە سەدان شێوە دەچەوسێندرێتەوە و مافەكانی پێشێل دەكرێت، لە وڵاتانی پێشكەوتوو هەندێكجار ژن وەك كاڵایەك دەبیندرێت و هەڵسووكەوتی لەگەڵدا دەكرێت و مافەكانی دەخورێت و بە پێی پێویست مافەكانی پێنادرێت هەر لە مووچە و كارەوە بگرە هەتا زۆر شتی تر. لە وڵاتانی دواكەوتوو و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش ژن لە ژێر ناوی شەریعەت و ئایینەوە وەك كۆیلە و خزمەتكار و بەردەست حیسابی بۆ دەكرێت و مافەكانی زەوت دەكرێت و زۆر جاریش بە سەرچاوەی فیتنە لە قەڵەمدەدرێت و بە گشتی دەتوانین بڵێین زۆر جار ڕوانینیان بۆ ژنان ڕوانینێكی سێكسییە.
هەر بۆیە سەرەڕای ئەم هەموو خەبات كردن و قوربانیدان هێشتا لەسەرتاسەری جیهان ژن مرۆڤی پلە دوو و پلە سێ چاولێدەكرێت. بۆیە هەتا ئەو كاتەی كە ژن وەك مرۆڤ سەیر نەكرێت و مرۆڤ نەكرێت بە سەنتەر ئەو كێشانە هەر بەردەوام دەبێت، دەبێت لە سەرتاسەری جیهاندا مرۆڤ سەنتەر بێت نەك ئایین و ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت و كەلتوور. چونكە بە درێژایی مێژوو ژنان لە هەموو بوارەكانی ژیان قوربانیان داوە و بە داخەوە ئێستاش بەردەوامە. ژنان لە بواری تەندروستی، كۆمەڵایەتی، پەروەردە، ئابووری و سیاسەت هەمیشە قوربانی بوون. زۆرجاریش بە ناوی خوا و ئایینەوە ، هەندێكجار بەهۆی ئایدیۆلۆژیاوە، هەندێكجار بە هۆی ئابوورییەوە و زۆریش لە ژێر ناوی سیاسەتەوە بوونەتە قوربانی.
زیاتر لە شەش مانگە كە دۆخێك لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاتۆتە ئاراوە كە لە 40 ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە. شەهید كردنی ژینا و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژنان و گەنجان بە ڕادەیەك گوشاری خستۆتە سەر كۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران هەر نەبێتەوە.
پاش ئەوەی كە ژینا دەستگیر و شەهید دەكرێت بارودۆخی ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان كەوتە قۆناغێكی نوێوە كە چاوەڕیی ئەنجامی باشی لێدەكرێت و ئێستا ژینا تەنها كەسە ڕۆح سووك و خوێن شیرینەكەی سەقز نییە، بەڵكوو ئێستا ژینە بۆتە سیمبوولی هەموو ژنانی جیهان و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بۆتە وێردی سەر زمانی هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی لە سەرتاسەری جیهان و پرچی ژینا بۆتە ئاڵایەك كە لە ئاسمانی خەبات و تێكۆشانی ژنانی ئازادیخوازی جیهان دەشەكێتەوە.
لە 100 ساڵی ڕابردوودا ژنانی ئێران بە كوردیشەوە هەمیشە بوونە قوربانی ململانییە سیاسی و ئایینەكان. ئەگەر 100 ساڵ لەو مەوپێش ڕەزاشا بە زۆر و زۆرداری و بە گورز و گۆپاڵ حیجابی لەسەر ژنانی ئێران و كوردستان و جلی كوردی لە پیاوان قەدەغە كرد، لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 و هاتنە سەركاری كۆماری سێدارەی ئیسلامی جارێكی تر بە زۆر و زۆرداری حیجاب بەسەر ژناندا سەپاند و لەوەش زیاتر زۆربەی مافەكانی ژنان بە ژنانی كوردیشەوە لەژێر سایەی شەریعەتەوە زەوت كران.
هەر وەك هەموومان دەزانین كێشەی ژنان لە ئێران تەنها حیجاب و لەچكە و دەسماڵ و جلوبەرگ نییە، ڕوانینی حكومەتی ملهوڕی ئیسلامی بۆ ژنان هەمیشە روانینێكی نامرۆڤانە و دژە مرۆڤانە بووە. لەحاتێكدا نیوەی كۆمەڵگای ئێران ژنە، ئەو نیوەیە لەبەرچاو ناگردرێت و مافەكانیان پێشیڵ دەكرێت، ئەوە بەو مانایە نییە كە مافی پیاوان دەدرێت، بەڵكوو ئێستا لە ئێران هەموو كەسەكان بە ژن و پیاوە ، منداڵ و گەنج و پیر غەدریان لێدەكرێت و مافیان دەخورێت. ئێوە سەیری قوربانیانی ئەمدوایانەی ڕاپەڕینەكەی ئێران بكەن كە بە سەدان منداڵ خوێنیان بە دەستی چەكدارانی كۆماری ئیسلامی ڕژاوە. چاوی دەیان كچی مێرمنداڵ و تازە پێگەیشتووە كوێر كراوە و لەشی دەیان و بگرە سەدان ژن و كچی چالاك و ئازا بە ساچمە و گوللە دابێژ دابێژ كراوە.
ئەوەی لە ئێستادا جێی خۆشحاڵییە ئەوەیە كە هەموو ژنانی ئێران ( كورد، فارس، تورك، عەرەب، بلوچ ، توركمان) هەموویان هاودەنگ و هاوڕان. خوێنی پاكی شەهید ژینا بوو بە وانەیەك بۆ هەموو ژنانی ئێران و تەنانەت ناوچەكە و جیهانیش. بۆیە لە ئێستا دروشمی ژن، ژیان ، ئازادی كە لە بنەڕەتدا دروشمێكی كوردانەیە بۆتە دروشمێكی جیهانی و هەموو پێیانوایە هەتا ژن ئازاد و سەربەست نەبێت و هەتا ژن نەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێچكەی ژیان، تا مافەكانی ژن دەستەبەر نەكرێت ژیان شادی بە خۆیەوە نابینێت و ئازادی مسۆگەر نابێت. سەرچاوەی ژیان و ئازادی لە ژنەوە دەستپێدەكات.
ئێستا لە ئێران و تەنانەت لە كوردستانیش ژنان دەیانەوێت شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان بەدەست بهێنن، بە ڕاشكاوانە باس لە مافەكانی خۆیان دەكەن بۆ نموونە لە بابەتی حیجابدا. ئایا حیجاب ئەركە یان مافە؟ ژنان ئەوەندەی من بیزانم پێیان وایە كە حیجاب مافە نەك ئەرك، مافی خۆیانە حیجاب بكەن یان نەیكەین، هەر چەند لە شەریعەتدا وەك ئەرك سەپاوە، بەڵام ژنانی ئەمڕۆی ئێران بە كوردستانیشەوە بە مافی دەزانن.
ژنان بە گشتی زۆر هۆشیارن و ئاگاداری مافەكانی خۆیانن، سەبارەت بە خەبات و تێكۆشانی ژنان لە ئێران زۆر گەشبینم و پێموایە لە داهاتوودا ژنان ڕۆڵێكی باشتریان لە كۆمەڵگەی ئێران بە كوردستانیشەوە دەبێت.[١]