کاپیتان حەمەدی مەولوودی
کاپیتان حەمەدی ڕاتبی ( حەمەدی مەولوودە چرچی)
کاپیتان حەمەدی ڕاتبی یەکێک لە فەرماندە بەوەجەکانی پێشمەرگە بوو لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان کاک حەمەد و هێندێک پێشمەرگەی دیکەی ڕۆژهەڵات خۆیان بە دەستەوە نەدا و تا ئەو جێی توانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانەوە.
کاپیتان ڕاتبی دواتر پەنای بردە لای شێخ لەتیفی حەفید کە ماڵەکەی داڵدەی هەموو ئەو غەوارانە بوو کە لە سنووری دەستکرد پەڕیبوونەوە.
حەمەدی مەولوودی دواتر لە ساڵی 1951-2 لە کوردستانی عێڕاقەوە چووە ئازەربایجانی شووڕەوی و ماوەیەک لە زیندان دا بوو لە زەمانی خۆڕۆشچۆف دا بەر درا و لە دەور و بەری باکۆ خەریکی باغەوانی بوو. پێوەندیی بەو تێکۆشەرە ڕۆژهەڵاتییانەی کە لە باشوور دەژیان پاراستبوو و زۆر جار لەگەڵ ڕەحمەتی ئەحمەد تۆفیق ( عەبدوڵا ئیسحاقی) نامەیان ئاڵوگۆڕ دەکرد. كاک حەمەد لەجەنگەی خەباتی کۆمەڵانی ڕاپەڕیوی ئێران بە دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی پەهلەوی دا نەخۆش کەوت و بەداخەوە لە ٢٨-ی ژووەنی ساڵی ١٩٧٨ لە تەمەنی ٧٠ ساڵی لە تاراوگەی ئازەربایجان چاوی وێک نا.
کاک حەمەد لە مەهاباد چوار منداڵی بە جێهێشتبوو کە وەک زۆر منداڵی دیکەی کورد بێ باب گەورە بوون و بە ئاواتەوە بوون چاویان بە بابیان بکەوێتەوە ، ئامینی ڕاتبی ( مامڵێ) یەک لەو منداڵانەیە. هاوسەری ڕەحمەتی خورشید ڕەهبەر لە نەبوونی کاک حەمەد دا منداڵەکانی گەورە کرد و هەتا مرد هەر بە هیوای دیتنەوەی بوو . حەمەد لە تاراوگەی ئازەربایجانیش بۆ جاری دووەم خێزانی پێکەوە نا و کچێکی هەیە کە وەک لەم وێنەی خوارەوە دا دەبینین ئەو کێلەی بۆ گۆڕی پیرۆزی بابی دروست کردووە. لە سەر کارنامەی ژیانی کاپیتان حەمەدی ڕاتبی دەبێ زۆر لەوە درێژتر بنووسرێ. هەژار لە ' چێشتی مچیور ' دا باسی هێندێک بیرەوەری خۆی لەگەڵ وی دەگێڕێتەوە.
سەبارەت بە سەردەمی چالاکی وی لە کۆمەڵەی ژیانی کورد و جمهووری دا دەنووسێ: " لە دامەزرانی " ژ- ک " دا هاتە حیزبەوە. پیاوێکی زۆر بە بڕشت و موخلیس بوو . " ژ – ک " کە دە پێشدا خەڵکی دەترساند، تفەنگ هاویشتن و ترساندن لە عۆدەی حەمەد بوو. دەگەڵ هێزی چەکداری کۆمەڵە لە هاوکارە هەرە ئازا و بەکارەکان بوو ، لە شەڕی ' مەکڵاوێ ' ی دەوری سەردەشت ، و لە ئەتڕافی سەقز ناوی دەر کرد .
پڵنگێک بوو لە بەر هەزار کەس نەدەپرینگاوە. هەموو زۆرمان خۆش دەویست "
نووسینێکی کاپیتان حهمهدی مهولوودی له ڕۆژنامهی 'کوردستان ' دا
ڕۆژنامهی کوردستان، ژمارهی 85، 21ی خهرمانانی 1325ی ههتاوی / 12ی سێپتامبری 1946 لهمیره دێ وه
وێنەکانی کاک حەمەد و وێنەی مەزارەکەی بە سپاسەوە بەڕێز ووریا مامڵێ نەوەی کاپیتان ڕاتبی بۆی ناردووین. لە سەر کێلەکە بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی نووسراوە: " کورد محەمەدی کوڕی مەولوود ، لە دایکبووی 1908 ، کۆچکردوو لە 1978.06.28، بیرەوەرییەک لەلایەن كچەکەیەوە.[١]
ئهمن محهمهدی مهولوودی به خۆم و پێشمهرگهکانمهوه که ماوهیهک بوو له گوندی بهڵهجهڕ کارمان پێ ئهسپێردرابوو، ئاغایانی بهڵهجهڕ مامهند ئاغا و فارس ئاغا و برایانی مامهند ئاغا ههمیشه به بوونی ئێمه شاد و خۆشحاڵ بوون و ههموو ڕۆژێ دیدهنیان لێ دهکردین و دهیانگوت ئێمه به نۆبهی خۆمان له هیچ جووره خۆ دهپێناونانێک کۆتایی ناکهین و ئامادهین به ماڵ و گیان ده ڕێی ئازادی و پاراستنی ئاڵای موقهدهس و به دوژمنایهتی ئیرتیجاع گیانبازی بکهین.دیسان ڕۆژی جێژنی ڕهمهزان تهواوی پێشمهرگهکانی بهڵهجهڕیان دیدهن کرد و جێژنه پیرۆزهیان لێ کردین.
له بهرواری 9-6-25 له لایهن جهنابی پۆت پۆلکۆڤنیک مستهفا خۆشناو به ئێمه ڕاگهیهندرا که پۆستی بهڵهجهڕ بگوێزیینهوه بۆ میره دێ. ئاغایانی بهڵهجهڕ به گوێزینهوهی ئێمه زۆر غهمناک بوون و تا میره دێ دهگهڵمان هاتن و بهڕێیان کردین.که چووینه پۆستی میرهدێ ئاغای ڕهسووڵ ئاغای جهوانمهردی هات به پیرمانهوه و له پۆستی میرهدێش دیدهنی لێ کردین و له ماوهی چهند سهعاتان که له کنمان دانیشتن ڕهسووڵ ئاغا به قورئانی مهجید سوێندی خوارد که ئهمن به نۆبهی خۆم ئامادهم ده ڕێی ئازادی و پاراستنی خاکی کوردستان و ئاژینی دهستووری پێشهوای مهحبووب دا له هیچ جۆره خۆدهپێناونانێک ڕوو وهرنهگێڕم، پاشان دهستی له ناو دهستی ههمووان نا و زۆر به دڵخۆشی و شادمانی به جێی هێشتین. ئێمه ئهو ئاغایانه: ڕهسووڵ ئاغا، مامهند ئاغا، فارس و ساییرین به کوردی نیشتمانپهروهر دهزانین و زۆریان سوپاس و قهدرزانی لێدهکهین.کاپیتان محهمهدی مهولوودی
محەمەد مەولوودیان کە لە سەرچاوەکاندا بە حەمەدی مەولوودی، حەمەدی مەولوودەچرچی، حەمەی مەولوود، حەمەدی ڕاتبی-ڕاتب یان کاپیتان حەمەدی مەولوودیان ناوی هاتووە، کوڕی سۆفی مەولودە چرچی بووە کە لە ساڵی 1908ی زایینی (1287هەتاوی) لە شاری سابڵاخ لەدایک بووە. زۆر بە چەرمەسەری و بەدبەختی پێیناوەتە مێرمنداڵی.
باوکی کە ئایینیدارێکی توندوتۆڵ بووە، زۆری هەوڵ داوە کە ڕەنێو خوێندی بنێ و لە حوجرە مەلایان دایناوە بەڵام کاک حەمەد مەیلی لە خوێندن نەبووە و لەلایان نەماوەتەوە. بەهۆی هەبوونی زڕدایکێکی خەراپەوە تا دەگاتە تەمەنی 12 تا 13 ساڵان لە ماڵەوە وەردەریان ناوە و بەو تەمەنە کەمەوە لە جمخانە و قاوەخانان نووستووە خۆی ژیاندووە. کە تەمەنی دەگاتە بان، ڕوودەکاتە کرێکاری. لەپاشان کە تەمەنی گەورەتر دەبێ ڕوودەکاتە گەرمێن و لەوێ بە کرێکاری کردن لە ڕێگای هامیلتۆن و قاچاخی کەلوپەل لە باشوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات دەوڵەمەند دەبێ.
لە ساڵی 1933 زایینی (1312ی هەتاوی) یای خورشیدی ڕەهبەر دەخوازێت و سەرجەم 3 کچ و کوڕێکی دەبێ. لەو کەسانەی کە دەگەڵ کاک حەمەد قاچاخچێتییان دەکرد دەتوانین ئاماژە بەحسێنی زێڕینگەران (فروهر) ، برایمە سوور، عەلی ڕیحانێ و برایمی حاجی ئەڵڵا (ئیلاهی) بکەین. لەو سەردەەمدا دەگەڵ خەباتگێڕانی حیزبی هیوا لە باشووری کوردستان ئاشنا دەبێ وەک پێوەندییەک لەنێوان ئەوان و ڕووناکبیران و تێکۆشەرانی مەهاباد ڕۆڵ دەگێڕێ. هەر ئەو پێوەندییان دەبێتە هۆی ئەوە کە لە مەهاباد یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی (حیزبی ئازادی کوردستان) لە ساڵی 1917ی زایینی لەسەر دەستی 9 کەسان درووست بکرێ کە یەکیان کاک محەمەدی مەولوودیان بوو.
هەر ئەو حیزبە لە دواییدا گۆڕانکاری بەسەردادێت و دەبێتە (کۆمەڵەی ژ.ک) و لە ئاکامدا (حیزبی دیموکڕاتی کوردستان) . لە سەردەمی کۆماردا بە پلەی کاپیتان دەبێتە فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی هوەشار و چارداوەڕوو. لە ڕاستیدا لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی پێشەوا قازی محەمەددا کاری کردووە و لە هەر شوێنێکی کوردستان گرفتیان هەبایە، پێشەوا کاپیتان حەمەد و پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانی بۆ ئەوێ دەنارد، بۆیە کاک حەمەد لە سەرجەم جەبهەکانی ئەوسەردەمدا خزمەتی کردووە و قارەمانەتییەکانی وێردی سەر زمانانە. شەڕەکەی مەکڵاوێ و ڕەبەت یەک لەو شەڕانەیە کە تەنانەت هێزەکانی دەوڵەتیش نەیانتوانیوە لە سەرچاوەکانیاندا باسی نەکەن و ڕۆڵی کاک حەمەد نەدیو بگرن. پلە و پایەی سەربازی کاک حەمەد بۆ هۆی ئەو سەرکەوتنە گەورانەی بۆ کوردستان تۆماریان دەکات، بەرز دەبێتەوە بو مایۆر (سرگرد) و هەروەها وەک قارەمانی کوردستان پێشەوا پێناسەی دەکات و قەول وابووە کە لە تەورێز میداڵەکەی بۆ بەدرووستکردن بدەن و لە مەراسیمێکدا هەم پلە مایۆری پێبدەن و هەم میداڵی قارەمانی نەتەوەیی کوردستانی پێوە هەڵاوەسن، کەچی کۆمار تێکدەچێت و ئەو کارە ناگاتە ئەنجام.
لە پاش تێکچوونی کۆمار بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە زیندانەکانی ئێراق دەگیرێت. بە پێی پەیمانی سعدآباد دەوڵەتی ئێران بەردەوان داوا لە دەوڵەتی ئێراق دەکاتەوە کە حەمەدی مەولودی بدەنەوە بە ئێران، لەو پێناوەدا چەند جاران ئەفسەری تایبەتی دەوڵەتی ئێران سەردانی زیندانەکەی کاک حەمەد دەکات تا وەریگرێتەوە کەچی لە سێبەری کوردانی نیشتمانپەروەرەوە پێناسەی ئێراقی بۆ کاک حەمەد دەردەکەن و ڕێگە لە ڕادەستکردنەوەی کاک حەمەد دەگرن. کە لە زیندان ڕزگار دەبێ لە گوندەکانی خەلان و زینوێ شێخی لە سێبەری حەزرەتی شێخ عوبەیدیلای نەقشبەندی دا حەشار دەدرێ و دەپارێزرێ بەڵام لەوێش دەوڵەتی ئێران دەستی لەسەر هەڵناگرێ و داوای دەکاتەوە.
بەناچار کاک حەمەد بڕیار دەدات بە هەمان ڕێگادا کە مەلامستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی چوون بۆ شۆڕەوی، ئەویش هەر ئەو ڕێگایە بگرێتە بەر و بچێتە ئەو وڵاتە. کە پێدەنێتە سۆڤیەت یەکسەر بە تاوانی جاسووسی دەیگرن و ڕەوانە زیندانەکانی سیبیری دەکەن. پاش دوو ساڵان کە ئێستالین دەمرێ، جا ئەویش ئازاد دەکرێت و مافی پەنابەریەتی پێدەدەن. ئیتر لەوساوە لە باکۆ نیشتەجێ دەبێت. لەوێ ژن دەخوازێت و کچێکی دەبێت کە ناوی دەنێت (ڕووناک) . ساڵی 1979 کە شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر دەستەڵاتی محەمەد ڕەزاشای پەهلەویدا سەردەکەوێ، کاپیتان بڕیار دەدات بێتەوە بۆ زێد و نیشتمانی خۆی. بلیتی تەیارە دەبڕێت و بەداخەوە 2 ڕۆژ پێش ئەوەی بگەڕێتەوە سەکتەی دڵ لێیدەدات و لە غەریبایەتی گیان دەدات.
بەخۆشییەوە توانیویەتی بەشێک لە بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە کە بەڕێز وریا ماملێ لە کۆی کتێبێک بە ناوی کوردبوون لە ساڵی 2022 دا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.
بابەتە پەیوەستکراوەکان
- کوردبوون یان تراژیدیای ژیان و مەرگی حەمەدی مەولوودی؟
- کوردبوون بەشێک لەبیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی
- ↑ سەرچاوە:https://ruwange.blogspot.com/