مردنی خودا (نیچە و نیهلیزم)

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٠:٢٩، ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

نووسین و وەرگێرانی: سەردار حەمەڕەش

نیچە....jpg

ئەمە دەقی وانەوتارێکی پرۆفیسۆر (شارل ڕۆبەن)ی فەڕەنسییە بە ڤیدیۆ بڵاوی کردووەتەوە.

ڕۆژتان باش

کاتێک باسی نیچە دەکەین، بە بەردەوامی ڕووبەڕووی کۆنسێپتێک دەبینەوە، کۆنسێپتێک زۆر جاران بە چەوتی تێی گەیشتووین. بەلام ناتوانین تێی نەگەین ئەگەر بمانەوێت بەڕاستی لە جەوهەری فەلسفەی نیچە تێ بگەین. ئەو کۆنسێپتەش نیهیلیزمە. خۆ ئەگەر بمانەوێت باش لە کۆنسێپتی نیهیلیزم تێ بگەین لای نیچە، گەورەترین هەڵە ئەوەیە بەدوای مانای ئەو وشەیەدا بگەڕێین لە فەرهەنگدا، لەبەر ئەوەی پێدەچێت ئاراستە و مانای گشتیی نیهیلیزم دەگەڵ ئەوەی نیچەدا تەواو دژ بەیەک بن. ئەگەریش لە ناوەرۆکی وشەکە تێ نەگەین ئەوا ناتوانین لەو هەقیقەتە تێ بگەین کە لەپشتی وشەکەوەیە، گەر لە هەقیقەتی مانای نیهیلیزم لای نیچە تێ نەگەین، ئەوا دەکەوینە تەنیشتی ناوەڕۆکی پتەوی ڕەخنەکانی، ئەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی جیهانی مۆدێرنیان دەکاتەوە، بۆیە ناتوانین لە وەڵامەکانی بۆ جیهانی مۆدێرنتێ بگەین.

ڕخنەی نیچە چییە لە جیهانی مۆدێرن؟

باشتر وایە بڵیین؛ جیهانی مۆدێرنی ئەوروپی. رەخنەی نیچە ئەوەیە کە ئەوروپا میراتی بەهای مەرگاوییە، کوشندەیە، قڕتێخەرە. ئەمەیە ڕەخنەی نیچە لە ڕۆژهەڵاتی مۆدێرن لە سوقراتەوە هەتا ئەمڕۆ، هەڵگری بەهای مەرگاوی. بەڵام ئایا ئاوەڵناوی مەرگاوی بە مانای چی دێت؟ ئایا لە هزری نیچەدا مانای چی دەدات؟ لەوانەیە ئێوە وەهاتان باوەڕ بێت کاتێک نیچە باسی بەهای مەرگاوی دەکات، ئاماژە بە جەنگ بکات، یان وێرانکاریی سروشت و ژینگە. نۆوا هەراری لە کتێبی ساپیاندا هەردەم باسی مرۆڤ دەکات وەک بوونەوەرێکی ڕەشەکوژ، مرۆڤ بوونەوەرێکی داڕمێنەرە و دژواریی تەواوکەریەتی، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ناتوانین بە مێژوو بیسەلمێنین کە ڕۆژئاوا دەزگایەکی داڕمێنەر و ڕەشەکوژ بووە لەسەر گۆی زەوی. ئایا ئەمەیە کە نیچە دەیەوێت پێمانی بڵێت؟ نەخێر. بەهای مەرگاوی لای نیچە هیچ پەیوەندی بەم بیرۆکەیەوە نییە، دەتوانین بڵیین بە تەواوی پێچەوانەکەیەتی. بەهای مەرگاوی لای نیچە ئەو بەهایانەن کە لێیانەوە ئێمە گوزارشت دەکەین بە دژایەتیکردنی بەهای بەگوڕ، بەهای بنچینەیی. بەهای بەگوڕ چییە؟ بەهای بەگوڕ ئەو هێزەیە کە هەموو شتێکی زیندوو دەبزوێنێت و هاندەریەتی بە درێژەدان بە بوونی.

هەندێک لە ئێوە هەستتان بەوە کردووە کە ئەو هێڵی باسانەی دەیبینیەوە لای زۆر لە نووسەران، یان هەموو ئەو شتانەی بوونیان هەیە، هەموویان لەلایەن هێزێکەوە دەبزوێن. لای شۆپنهاوەر ئەو هێزە ناوی “ویست”ە، لای سپینۆزا “کۆناتوس-زانین”ە، لای فرۆید هێزی “هەژێن”ە، لای نیچە ئەو هیزە ڕاکێشەرەی کە جیهان دەبات بەڕێوە و شتەکان بە یەکدا دەکێشێت و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەنە لە هەناوی جیهاندا، ئەو ناوی ناوە “ویستی هێز، ئیرادەی هێز”، خۆ ئەگەر لە ویستی هێز تێبگەین ئەوا دەتوانین لە هەمان کاتدا لە نیهیلیزم تێ بگەین، لەبەر ئەوەی نیهیلیزم بەرپەرچدانەوەی بەهای ویستی هیزە. بێشک بۆ ڕوونکردنەوەی هەموو ئەمانە، دەبێت زۆر شتتان بۆ باس بکەم. پێیش هەموو شتێک با تابلۆیەکی ئەنتیکیتێ بهێننە بەرچاوی خۆمان، چی لەو تابلۆیەدا دەبینین؟ لەو تابلۆیەدا خوداوەندەکان، نیوەخوداوەندەکان، زیوس دەبینیەوە لەگەڵ پەنجا خاتوونەکانی، زیوس کە کاتەکانی بە دژایەتیکردنی لەگەڵ باوکیدا بەسەر دەبرد، هەروەها پرۆمێتێش دەبینینەوە، پرۆمێتێ کە سزا درابوو بەوەی هەموو ڕۆژێک جگەری بخورێت لەلایەن داڵێکەوە لەبەر ئەوەی ئاگری پیرۆزی خواوەندەکانی دزی بوو. لەناو ئەو تابلۆیەدا ئەندرۆژینەکان دەبینینەوە، ئەو بوونەوەرانەی لە هەمان کاتدا نێرینە و مێینەش بوون، بووبوون بە دوو بەشەوە بەهۆی ئەوەی بەرەنگاریی خواوەندەکان بووبوونەوە، سزا درابوون بەوەی هەموو ژیانیان بە دوای نیوەی دابڕاوی جەستەیاندا بگەڕێن. لە بەرەی مرۆڤیش، پاڵەوانی تراژیک دەدۆزینەوە، پاڵەوانی تراژیک کە لەژێر ویستی خوداوەندەکاندان، کە لەنێوان پێبەندی مۆراڵ و پێبەندی سۆز و خۆشەویستیدا دابەش بوون، کە لە بێهیوایدا خۆیان دەکوژن، لەبەر ئەوەی گوشاری سۆز و خۆشەویستیی زۆر بەهێز و کاریگەرە لەواندا.

ئەم نەخشە دیوارییەی بۆم باس کردن، نەخشە دیواری ژیانە، تابلۆی هیزی هەژێنە کە لە ئێمەوە گوزارشت لە خۆی دەکات و ڕەوشی ئێمە ڕوون دەکاتەوە. ژیان پشوودان نییە، ژیان بزاوتنە، بە پێناسە بزاوتنە. ئەگەر ئەم تابلۆیە وەک تابلۆی ژیان دەچوێنین بە مەبەستی وەرگرتنی بارێکی حەقدار نییە بە خود، مەبەستیش ئەوە نییە بڵێین؛ ئەمە خراپە یان باشە، دەبێت بڵێین؛ ئاوەهایە، بمانەوێت و نەمانەوێت ئەوە ژیانە کە وەها مەرجدار کراوە، بەرپەرچدانەوەی هیچ ناگۆڕێت لەوەی کە وەهایە. ئەمە تابلۆی ژیانە، ئەم تابلۆیە ئەو ویستە بەهێزەیە کە نیچە دەیەوێت ئاهەنگی بۆ بگێڕێت، دەیەوێت ئاهەنگ بۆ ژیان بگێڕیت لەژێر هەموو شکڵێکیەوە، ژیان لە خێوی بێشوماری جیاوازیدا، ئەو ژیانەی کە دەمانگریێنێت و دەمانخاتە پێکەنین، کە حەزمان لێیەتی و قینمان لێیەتی، خۆمان دەپارێزین یان دەکوژین، ژیان بە هەموو بەرز و نزمییەکییەوە. ژیان بەرز و نزمییە لەبەر ئەوەی تێپەڕبوونی وزەیە بە ماتریاڵدا، ژیان وەک زەوییەکی شاخاوی ڕووکەشی بومەلەرزە و بورکانی پێوە دیارە. ئەگەر دەیچوێنم بە تابلۆیەکی ئەنتیکیتێ، بە میتۆلۆژی و تراژیک، لەبەر ئەوەی ژیان بۆ نیچە وەهایە، لێزمە و لافاوێکە بە یەکدا دەکێشن، کۆنسێرتێکی بەتینە هەرگیز واز لە جیهان ناهێنێت بە بێ پشوو. گەیشتن بە پشوو ئاواتی بوون نییە بە بیری نیچە، ئامانجی بوون تەنها یەک ئامانجە ئەویش ژیان بەسەربردنە، لە باوەشکردنی ژیانە، گوشینیەتی هەتا لەهۆشچوونی، ئاهەنگێڕانە بۆی هەتا شەکەت بوون.

پیاهەڵگوتنی نیچە بۆ تراژیدیی ئەنتیک، لەوەوە ڕەگی داکوتاوە کە تراژیدی ئەنجامگیری جوانی باری ژیانی مرۆڤە، بارێکی ژیان کە دیاری کراوە، داخ کراوە بە تێکۆشان لەنێوان سۆز و ئەقڵ و سەرکەوتنی هێزی ناڕاسیۆنێل، ئەو تراژیدییە بریتییە لە بەیەک گەشتنی دیۆنیزیاک و ئەپۆلینیان، یەکگرتنی نێوان مەستی و ئەندازەیە، ناوەخنی ژیان دیۆنیزیاکە، ناوەڕۆکی ژیان هێز و هەروەها بێئاراستە و ئەنارشیکە. ئەپۆلۆی ژیر، ئەپۆلۆی ڕێکخەر و ئۆرگانیزەکەر ئاراستە دەخاتە ناو ئەوەی لە بنەڕەتدا نەیبووە. مۆرالیستەکان ئەپۆلۆ دەپەرستن، بەڵام نیچە لە بەرەی دیۆنیزۆسە. لەبەر ئەوەی ژیان خۆی ئاراستەیەک و مەبەستێکی تری نییە لەوەی کە هەیە. لەبەر ئەوەی بێهودەیە باوەڕمان بە ئەپستراکسیۆنی میتافیزکیکە ئامانجی بەلاڕێ بردنمانە لە ئەپسوردیتێی ڕادیکاڵی، بۆیە دەبێت پەلەپروزکێ بە ژیانکردن بدەین، بە توندی بژین، بژین وەک ئەوەی ئارەزوی ئەوە بکەین ژیانمان هەردەم دووبارە دەبێتەوە.

وەها بیر دەکەینەوە کە لاوازیی تەندروستی نیچە، گەیاندوویەتی بە جۆرێک لە شەیدابوونی بۆ ژیان، لەبەر ئەوەی نیچە خۆی دەڵێت؛ فەلسەفەکەمان بەرهەمی جەستەمانە، ئەوە جەستە(فیزیۆلۆژی)یە کە دەروون(پسیکۆلۆژی)مان دیاری دەکات. ژیانی جەسەتە، ژیانی قووڵاییە کە شکڵێک دەدات بە ژیانی بیرۆکەکان، ئەو هەرەهەستەوەرییەیە، بەهێزیەی ژیانە، ئەو دڵ خۆشییەیە بە ژیان کە نیچە وەهای باوەڕە هەزارەها ساڵە حوکم دراوە، سزای دراوە. نیچە وەهای باوەڕە کە مێژوو دژی شاگەشی بە ژیان دەوەستێتەوە، مرۆڤ دژی دەوەستێتەوە، بۆچی دژی دەوەستێتەوە؟ لەبەر ئەوەی شارستانیەتەکەمان وەهای فێر کردووین کە دژی بوەستینەوە، لەبەر ئەوەی شاگەشی بە ژیان، بەگوڕ تێکشکاوە لەلایەن هەموو سیستەمەکانەوە بە بەهای زاڵی خۆیان لە سەردەمی ئەنتیکیتێوە.

چ شتێکی هاوبەش لەنێوان ئەم سیستەمانەدا هەنە؟ ئەگەر بیرۆکەی باشە بریتی بێت لەو باشەیەی کە لەلایەن خوداوە نێردراوە، یان باشەی سوقرات و پلاتۆ، باشەی مۆراڵ و باشەی سیاسی.

هەموو سیستەمە بەهادارەکان، هاوبەشن لە بیرۆکەی باشەدا، خۆ ئەگەر مانای باشە فرەمانایە و هەندێک جار هاودژن، بەڵام ئەم ئاماژەکردنە بە باشە هەردەم چەسپاو بووە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. لێرەدا تووشی تەنگژەیەک دەبینەوە، تەنگژەیەکی گەورە، چونکە کێ بڕیار لەسەر باشە دەدات و باشەمان بۆ دیاری دەکات؟ بە چ داخوازییەک سیستەم باشە و خراپەمان بۆ دیاری دەکات؟ ئەم پرسیارەیە کە نیچە ڕووبەڕووی خۆی دەکاتەوە؛ کێ بڕیار لەسەر باشە دەدات؟ وتراوە کە ڕێزگرتن لە دەوروبەرت باشەیە و کوشتن خراپەیە، زۆر باشە، بەڵام بۆچی؟ وتراوە کە داڕمان خراپەیە و پەنابردنە بەر هێز خراپەیە، بۆچی؟ کێ سنووری ڕێگەپێدانی ڕەوا و ناڕەوا دیاری دەکات؟ کاتێک ئەم پرسیارە دەکەین نیچە دەزانێت کە پرسیارێکی یەکلاکەرەوە پێشنیار دەکات، نیچە دەزانێت کە پرسیارێک دەکات وەڵامەکەی لەوانەیە ناوبژیوانی بێت، لەبەر ئەوەی ئاشکرایە کاتێک ئێمە دەڵێین ئەو شتە باشە، لەبەر ئەوەی باشە بەگوێرەی باوەڕی ئێمە. باشە شتێکی گومان لێ نەکراوە بەپێی ئەو باوەڕەی کە تێیدا دەژین، شتێکی تەواو سەربەستە لە ڕوانگەی مرۆڤەوە.

وەک ئەوەی باشە بیرۆکەیەک بێت بە سەروومانەوە فڕەی باڵی بێت. لێرەدا فکرەی پلاتۆنی دەدۆزینەوە، پەیوەندیی بیرۆکە ئاسمانییەکان، ئەو بیرۆکانەی کە دەبنە بیرۆکەی نەگۆڕی ڕاستەقینە کە بوونیان هەیە بە سەربەخۆیی و جودا لە ئێسپری مرۆڤ، بەڵام نیچە هەموو ئەم بیروباوەڕ و بۆچوونە هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆ نیچە بیرۆکەکان هەقیقەتی میتافیزیکی لە سەرووتربوونیە، بیرۆکەکان بوونەوەر نین بە سەروومانەوە، بیرۆکەکان بەرهەمی بەرژەوەندییەکانمانن، ئەمەیە کە نیچە دەیەوێت پێداگری لەسەر بکات، بیرۆکە و بەهاکان تەرجومەی بەرژەوەندییەکانمانن، بە هەمان شیوە کاتێک ئێمە ڕەچاو لە مێشولە دەکەین وەک زیندەوەرێکی زیانبەخش، لەبەر ئەوەی بێزارمان دەکات، بە هەمان شیوە بە خراپ و زیانبەخش ڕەچاو لە هەموو کارەکانمان دەکەین کە لایەنگری بەرژەوەندییەکانمانن، لەبەر ئەوەی وەک بوونەوەری خاوەن هەست، بوونەوەری تواناهەستکەر بە ئازار، ئێمە هەموو ئەو شتانە دەخەینە بەرەی خراپەوە کە ئازارمان دەدەن.

با لە دژوارییەوە دەست پێ بکەین، ئەگەر ئێمە دژواری دەخەینە بەرەی خراپەوە لەبەر ئەوە نییە کە لە سەرووی ئێمەوە کۆنسێپتێکی خراپە هەیە و دژواری دەقێکیەتی. حوکمدانی دژواری لە بوونەوەرێکی میتافیزیکی و ئەپستراکتەوە نایەت، تاوانبارکردنی دژواری لەوەوە ڕەگی داکوتاوە لەبەر ئەوەی ئێمە دەیچەژین، لەژێر کاریگەریداین و نامانەوێت بیچەژین، بۆ نیچە ئەمەیە سەرچاوەی کۆنسێپتی مۆراڵەکانمان؛ تەرجومە لەژێر شکڵی بەها، بەڵام لە ڕاستیدا هاوبەشە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانمان. بەو بۆنەیەوە ژێرێمی بانتام دامەزرێنەری ئوتیلیتاریسم (utilitarisme) کاتێک دەیگووت”هەموو سیستەمە مۆراڵییەکان ئەو سیستەمانەن خۆشگوزەرانی مرۆڤ مەکسیمیزێ دەکەن بە شیوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لەبەر ئەوەی ئێمە ئارەزووی خۆشگوزەرانی دەکەین و دژی ئازار دەوەستینەوە بۆیە کۆنسێپتە مۆراڵییەکانمان دەگونجێنین دەگەڵ ویست و کاریگەریی جەستە” ئەوەش بۆ نیچە یان بۆ ژێرێمی بانتام ئەفراندنی ئەنتەلێکتە، پێش هەموو شتێک وەڵامی ویست و پێویستیی جەستەیە، بە بیری ئەوان تەواو دووڕووییە کە بڵێین؛ کۆنسێپتە مۆراڵەکانمان سەربەخۆن بە پەیوەندیی جەستەوە، دووڕووییە ئەگەر بڵێین بەها مۆراڵەکانمان بێ مەیلن، بەها مۆراڵەکانمان بێلایەن نین، بەرهەمی تەکانێکی خۆڕسکانە نین بە مۆراڵیتێ، ئێمە خاوەنی مۆراڵی ئاواتی فیزیۆلۆژین. بۆیە ئەگەر دژی دژواری بوەستینەوە، بیخەینە بەرەی خراپەوە، لەبەر ئەوەی گەرەکمانە لە بنەڕەتەوە خۆمان لادەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی، ئەوەیە کە ناومان ناوە؛ هەڵوەشاندنەوەی یەکپارچەییمان، ئەگەر فیزیکی بێت یان مۆراڵی، کە دەسازێت بەرامبەر بە فۆرمەڵەکردنی قانونی بەرپەرچدانەوەی زگماکیمان بەرامبەر بە دژواری. ڕاستە دژواری لە چەندەها سیستەمی بەهاداردا دۆزراونەتەوە، بەڵام کاتێک بوونی هەیە بە شێوەیەکی گشتی وەک سەروبەندی سزادان، دژواری بەکار دەهێنین بۆ سزادانی تاوانێک یان کەتنێک، جۆرێکی ترە لە گوتنی ئەوەی کە مۆراڵ جێگای سزادراو دەگرێتەوە کاتێک باسەکە سزادانە.

بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ خراپە و کۆنسێپتی مۆراڵی خراپە، نیچە لە خستنەڕووی مۆراڵی دژواری، مۆرکی لایەنگری فەلسەفی هەست پێ دەکات. ئەو لایەنگرییە فەلسەفییەش گرفت بۆ نیچە دەنێتەوە، چونکە بریتییە لە لایەنگری دژی ژیان خۆی. لەم حوکمدانە مۆراڵییەی دژواری، هەست بە قەمعێک بۆ جەوهەری ژیان خۆی دەکات، بەم حوکمدانە مۆراڵییەی دژی دژواری، نیچە هەست بە داپڵۆساندنی جەوهەری ژیان دەکات، چونکە بینیمان ژیان دژواریشە، هەروەها هێزێکە کە گوزارشت لە خۆی دەکات، کەواتە حوکمدان بەسەر گوزارشتی ژیاندا واتە حوکمدانی ژیان خۆیەتی، ئەمە هاندەرە بۆ نیچە کە بڵێت: مۆراڵ داهێنانی لاوازەکانە. لێرەدا باسی مۆراڵ دەکەم بەو مەبەستەی بەرگوێمان دەکەوێت، ئەو مۆراڵەی لە کریستیانیزم و ئیومانیزمەوە هەڵدەقوڵێن، ئەو مۆراڵەی بەرگری لە لاوز دەکات و پەلاماری بەهێزەکان دەدات، ئەوەی نیچە ناوی ناوە؛ مۆراڵی کۆیلەکان، مۆراڵی کۆیلە بە هاوشیوەی مەڕ کە باڵندەی ڕاوکەر بە دڵڕەق دەناسێنێت، نەک لەبەر ئەوەی لە سەرووی جیهانەوە شتێک بوونی هەیە کە ناوی دڵڕەقییە، لەبەر ئەوەی کە کە باڵندەی ڕاوکەر لەسەر بەرخ دەژی، لەبەر ئەوەی کە بەرخ نایەوێت بخورێت بۆیە چەمکی خراپەکار هەڵدەبەستێت، لەبەر ئەوەی لە گۆشەنیگای بەرخەکەوە، خراپە باڵندەی ڕاوکەرە، خراپە ئەوەیە کە ژیانی ئەوی دەوێت. با بیهێنینە بەرچاوی خۆمان کە باڵندە ڕاوکەرەکە دەکەوێتە ناو گێژەڵوکەیەکەوە، ئایا باڵندە ڕاوکەرەکە دەڵێت؛ گێژەڵوکەکە دڵڕەقە و خراپەکارە؟ لەوانەیە و بێشک. ئەگەر وەها بیر دەکاتەوە لەبەر ئەوەی باڵندەی ڕاوکەر لەو کاتەدا لەژێر هێزی دژواری گێژەڵوکەکەدایە. بۆ نیچە، ئێمە حوکم بەسەر ئەوەدا دەدەین کە لەژێر کاریگەریداین، ئەیچەژین. ئەگەر مۆراڵ سزای تێکۆشان دەدات، لەبەر ئەوەی ئەفرێندەرەکانی مۆراڵیش دووچاری هێزی کۆشش دەبنەوە.

لێرەوە سێ ڕخنەی نیچە دەبینینەوە بەرامبەر بە مۆراڵ، یەکەمیان ئەوەیە کە ناوبژیوانە، چونکە مۆراڵ شتێکی تر نییە جگە لە ماسکی بەرژەوەندیی مرۆڤ، بە جۆرێکی تر، بە قازانجی لاوازانە. دژی دژواری ناوەستینەوە لەبەر ئەوەی کە ناپەسەندە، لەبەر ئەوەی حوکم دەدەین بەسەریدا کە ناپەسەندە بۆیە دژی دەوەستینەوە.

دووهەمیان، ئەگەر مۆراڵ ناوبژیوانە، کەواتە ڕێژەییە، کەواتە ئەگەر مۆراڵ ڕێژەییە ئێمە هەڵەین وەک ڕەها ڕەچاوی لێ بکەین، واتە ئێمە هەڵەین کە جیهانی رابردوو زیندوو بکەینەوە بەو باوەڕەی کە ئێمە خاوەنی جەوهەری باشە و خراپەین. لەبەر ئەوەی باشە و خراپە لەدەرەوەی هزری ئێمە بوونی نییە، مۆراڵ شتێک نییە لەو دیو جیهانی فیزیاییەوە بوونی هەبێت، مۆراڵ وەک هەقیقەتێک لەسەرەوە بوونی نییە، ئەفرێندراوێکی دەروونییە کە دەیەوێت خۆی وەک لە سەرووترەوە بناسێنێت، ئەمەش زەبرێکە لە هەموو میتافیزێکێکی باشە.

سێهەمیان ئەو خاڵەیە کە لە سەرەتاوە باسمان کرد ئەوەیە کە مۆراڵ مەرگاوییە، مەرگاوییە لەبەر ئەوەی دژی جەوهەری ژیانە، دژی دڵی جیهانە کە ناتوانرێت جیا بکرێتەوە لەوەی کە ژیان ئەشکەنجە و لەزەتە، خۆشی و ئازارە، خراپە و باشەیە. بەها و بیرۆکەی لا پەسەندترە لە ژیان کە لەسەر هیچ بنەمایەک دانەمەزراون، ئەگەر نا ویستێکی منداڵانەی باوەڕدارییە بە بوونی جیهانێکی بەسەرچوو.

ڕیزگرتن لەوی تر لەسەر چی بەندە؟ ئایا لەسەر باوەڕداری بە بیرۆکەی باشەیە کە ناچارم دەکات ڕێز لەوەی بەرانبەرم بگرم بەبێ هۆکارێکی تر؟ نەخێر، ڕێزگرتن لە کەسی بەرانبەر لەسەر ترس بەندە، ڕیزگرتن لەوی تر لەسەر ترسنۆکی بەندە. لەسەر ئەو ترسنۆکییەی کە دەیەوێت ڕێز لە یەکپارچەیی و ڕیگاچارەیەکی تری نییە ئەو داواکارییەیمان بەسەردا بەسەپێنێت جگە لە هەڵکۆڵینی نەبێت لەناو قانونی مۆراڵدا.

ئەوەی کە پێویستی پێیە ویستی خۆی لە قانونی مۆراڵدا بنووسێتەوە، ئەگەر نا دەزانێت کە ویستی جێبەجێ ناکرێت. قانونی مۆراڵ بۆ لاوازانن، قەڵغانە دژی دەستێوەردان، تەنانەت قەڵغانێکی ئاوێنەییە، چونکا بینیمان کاتێک دژواری جلکی ڕەواداری، قانونی دەپۆشیت، ئەویش سزادانە. وەک لە بایبڵدا هاتووە “هەرکەسێک شمشێر ببینێت، بە شمشێر کۆتایی دێت”. دەتوانین ئەم پەندانە وەک ئاگادارییەک تێبگەین دژی پەرەپێدان بە دژواری، هەروەها دەتوانین وەک ئاگاداری سزادانیش تێی بگەین. با هەر لە پەندەکاندا بمێنینەوە، کاتێک دەڵێین “ئەوە مەکە بە کەسی بەرانبەرت ئەگەر ناتەوێت ئەویش هەمان کار بکاتەوە بەرانبەر بە تۆ”، ئەمە پەندەمان ناو ناوە؛ قانونی ئاڵتونی، ئەم فەلسەفە مۆراڵانە لە زۆربەی ترادیسۆنە جیهانییەکاندا دەدۆزینەوە، کاتێک دەڵێین “ئەوە مەکە بەرانبەر بە کەسی نزیکت کە ناتەوێت شتێکت بەرانبەر بکاتەوە، لەبەر ئەوەی ناتەوێت ئەو شتێکت بەرانبەر بکات کە تۆ بە خراپەی لە قەڵەم بدەیت. لێرەدا تێدەگەین لە تەنگژەی جۆری فۆرمەڵەکردنی قانونی مۆراڵ و سیستەمی بەهاداری بە شیوەیەکی گشتی، ئەوەیە کاتێک پرەسنیپێکیان تێدا دەدۆزینەوە ئەو پرەنسیپە بەستراوەتەوە بە ویستی خۆلادان لە گورزێک. شتێک بنیات دەنێین، دوولایەنی دادەمەزرێنینەوە کاتێک دەترسین ئەوی بەرانبەرمان گورزێکمان لێ دەوەشێنێت. لێرەوە تێ دەگەین کە بیرۆکەی مۆراڵێکی بێلایەن ناکۆکە لە خۆیدا. بۆ نیچە ئەمە ناکۆکە لەگەڵ خۆیدا، کۆنترادیسیۆنێکی نەشیاوە تەنگژە دەنێتەوە لە بەهای خۆماکی کۆنسێپتە مۆراڵەکان. بەهای کۆنسێپتی مۆراڵەکان بوونی نییە لەبەر ئەوەی کۆنسێپتە مۆراڵەکان بەرهەمی پسیکۆلۆژیی لاوازەکانن. لاوازەکان، لەبەر ئەوەی دەیانەوێت خۆیان لە بەهێزەکان بپارێزن، لێشیان تێدەگەین. پۆزلێدان بە بەهای بێمەرج، پرەنسیپی پارێزگاریکردنە لە خود پێش هەموو شتێک. مۆراڵ داهێنانێکی بەرگریکردنە لە خود نەک هەقیقەتێک لە خۆیدا. بۆ نیچە نیهیلیزم ئەندامێتییە لە سیستەمێکی بەهاداری بنیاتنراو لەسەر باوەڕبوون بە بوونی مۆراڵێکی لە ڕادەدەرچوو.

لە سەرەتاوە وتم ئەو داوەی کە نابێت تێی بکەوین ئەوەیە کە مانای نیهیلیزمی نیچە تێکەڵ بکەین لە ماناکەی لە فەرهەنگدا، لەبەر ئەوەی لە فەرهەنگدا بە مانای بەرپەرچدانەوەی هەموو بەها کۆمەڵایەتی و مۆراڵییەکانە، بە شێوەیەکی سادە دەتوانین بڵێین؛ باوەڕبوون بە هیچ. لێرەوە دەتوانن بڵێین؛ کەواتە هیچ تێنەگەشتین، پێمان دەڵێن کە نیچە ڕەخنە لە نیهیلیزم دەگرێت و گاڵتە و سووکایەتی پێ دەکات بەڵام لەم چیرۆکەدا وای دەبینین کە نیچە نیهیلیزمە، لەبەر ئەوەی ئەوە نیچەیە کە دژی دەسەڵاتی بەهای مۆراڵە، ئەوە نیچە کە ناپیرۆزی بە بەهاکان دەکات، کەواتە ئەمە مانای چییە؟ کێ نیهیلیستە لەم چیرۆکەدا؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە هەردووکیانن، هەردووکیان، بەڵام بە هەمان ئاراستە نا. ئا لێرەوە دەبێت ئاگادار بین لەوەی کە لە ڕاستیدا دوو نیهیلیزم هەنە لای نیچە. یەکەم نیهیلیزم بەرپەرچدانەوەی سیستەمی بەهای دامەزراوەکانە، بەرپەرچەدانەوەی دەسەڵاتی بەهای مۆراڵە، ئەوە نیهیلیزمی نیچەیە. واتە بەرپەرچدانەوەی پرەنسیپی سەرکەوتوو کە دەیەوێ حوکمی ژیانمان بکات بەپێی نرخدانان بەو حوکمەی گوایە خراپن یان باش، بە شیوەیەکی تر یەکەم نیهیلیزم ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی بەهادارە کە لەسەر باوەڕی جیهانی بەسەرچوو بنیات نراوە، لەو ڕوانگەیەوە نیچە بەتەواوی نیهیلیستە بەگوێرەی ئەم ڕوونکردنەوەیە چونکە بۆ ئەو بەهای مۆراڵ دروست کراوە، لەبەر ئەوەی دروست کراوە بۆیە دەبێت جێگە چۆڵ بکات بۆ دەرکەوتنی ئەپسوردیتێی ڕادیکاڵ. ژیان ئاراستەیەکی تری نییە لەوەی کە خۆی هەیەتی، ژیان ئاراستەیەکی تری نییە جگە لە دەستپێکردنەوەی بێ وچان نەبێت، لەبری گەڕانەوەی ئەبەدی. ویستی لە چوارچێوەگرتنی ژیان و پێدانی ئاراستەیەکی تر کە دەمانگەیەنێت بە داهاتوویەکی تر بە مانای داپۆشینی ڕووکەشی خودە لە بەردەم هەقیقەتی مەبەستمان، ئاراستەمان.

ئێمە ئیدۆل هەڵدەبەستین، بەها هەڵدەبەستین، خوداوەندەکان، جەوهەرەکانی پلاتۆنی، بەڵام هەموو ئەم دروستکراوانە کە دەیانەوێت ئاراستەیەک بپێکن حوکم دراون بە داڕمان، داڕمانی بەهاکانیش، ئەوەی نیچە ناوی ناوە؛ جیهانی ڕابردوو، دواکەوتوو، بیرۆکە میتافیزیکەکان، نیچە بە پێویستیان دەزانێت. هەرکاتێک بە سەرخۆماندا کڕ دەکەوین، خۆمان دەشارینەوە لە پشت جیهانی دواکەوتوو وەک چۆن منداڵان پەنا دەبەنە بەر جیهانی خەیاڵ، ژیان ڕەت دەکەینەوە، ئەوە ڕەت دەکەینەوە کە بەڕاستی بە بەهایە، هێز و بەرز و نزمی ڕەت دەکەینەوە، سۆز و تراژیدی ڕەت دەکەینەوە، تراژیدییەک ڕەت دەکەینەوە کە دەمانترسێنێت لە بری ئەوەی ترس خۆی بگرینە باوەش، لەبەر ئەوەی بە بیری نیچە هەموو شتێک لە ژیاندا دەبێت بخرێتە باوەش.

بۆ نیچە بەها و دەستوور دیکۆرێکی میتافیزیک و ئەلیمەنتی دیکۆرێکی هەڵبەستراو و دەستکردن. کاتێک نیچە بیرۆکەکانی دەنووسێت، دەستنیشانی ئەو ساتە دەکات کە هەموو ئەو جیهانە دواکەوتووانە دادەڕمێن، لەو جیهانە دواکەوتووەدا لە پێش هەموویانەوە خودا. ئەو ڕستەیەکی کە نیچە گۆی دەکات لە کتێبی (Die Fröhliche Wissenshaet) داهاتووبینانەی داڕمانی بەهاکانە کە ئێمە دواجار بە چاوی خۆامان دەیانبینین. ئەگەر کەسایەتیی کتێبەکە وەها دیارە کە لە حاڵەتی پانیکدایە و سەرلێشیواو دیارە کاتێک ئەم هەواڵە بانگەواز دەکات، دەگەڵ ئەوەشدا وەک هەلی بنیاتنانەوەی بەهای نوێیە، دەڵێت : “خودا مرد! خودا بە مردوویی دەمێنێتەوە، ئێمە کوشتمان. چۆن خۆمان دڵنەوا بکەینەوە، ئێمەی بکوژی بکوژەکان؟ ئەوەی مرۆڤ هەتا ئەم ساتە خاوەنداری بوو وەک بەهێزترین و پیرۆزترین، خوێنی ڕۆچوو لەژێر چەقۆکانماندا، کێ دەمانشوواتەوە لەو خوێنە؟ بە چ ئاوێک دەتوانین خۆمان پاکژ بکەینەوە، چۆن خۆمان بکڕینەوە، چ یارییەکی پیرۆزی تر بە ناچاری بئافرێنین؟ بە توانایی ئەو ئاکتە ئایا زۆر لە سەروو توانامانەوە نییە؟ ئێمە ناچار نین خۆمان بەئاسایی ببینە خودا؟ تەنها بۆ ئەوەی وەک شایەنی ئەوان وەدەرکەوین؟”

خودا مرد، چونکە جیهانی ڕابردووی میتافیزیک کە مرۆڤایەتی بنیاتی نا، گەشتە شەکەتبوون، راسیۆنالیتێی تەکنیک وەهای کرد کە پەردە لەسەر ئەپسرودیتێی ژیان و بوون لا بدات، ئەگەر ئیمان کە بستراوەتەوە بە خوداوە هێشتا بەتەواوی نەمردووە و کۆتایی نەهاتووە، بەڵام هەرچۆنێک بێت حوکم دراون بە مردن وەک شیلەی درەختێکی مردوو کە ناگاتە میوەکانی. بە سەرنجدان لەم وتەیە ؛ خودا مرد، نیچە ڕاپۆرتێکمان پێ دەدات، ئەویش پەکخستنی بیرۆکە دینییەکانە، لەوەوە هەموو ئەو مۆراڵانەی لێیەوە هاتوونەتە کایەوە. بۆ نیچە هەموو شتێک لەژێر حوکمی قانونی بەگوڕی گەشەسەندن و سیس بووندایە. چاکە و خراپە سەردەمی زێڕینی خۆیان ژیان، ئەمڕۆ کاتی پوچەڵبوونەوەیانە، دامرکاندنەوەیانە. بەداخەوە بوونە هەتیووی و بێئاراستەیی، مرۆڤی مۆدێرن خەریکی بنیاتنانی بەهای نوێیە، بەهایەک کە جارێکی تر مەرگاوی نابێت بەڵام بەگوڕە.

نیهلیزمی نیچە ئاهەنگێرانە بۆ ژیان، سەرکەوتوو بەسەر هەموو جیهانە پێشووەکان و هەموو بەها دەستکردەکاندا. لێرەوەیە کە دەگەینە دووهەم نیهیلیزم، ئەو نیهیلیزمەی دژایەتی کراوەتەوە لەلایەن نیچەوە، ئەوەی خۆی ئەژیێنێتەوە لە مۆراڵ و لە دیندا، واتە نیهیلیزمی ژیان، بەرپەرچدانەوەی ژیان و نەفیکردنی ویستی هێز. مەبەستی ویستی هێز پلیشاندنەوەی ئەوی تر نییە یان خزمەتکردنی، بریتییە لە ویستی هێزی ژیان کە خۆی بە توانا و بەهێزە، ژیان بەهێزە لە پێداگریدا، هێزێکە کە گاڵتە بەو چوارچێوانە دەکات کە لەلایەن مرۆڤەوە دروست کراون بۆ بەلادابردنی، خستنە لاوەی. لە گۆشەنیگای ویستی هێزەوە، لە گۆشەنیگای ژیان لە پێداگرییە پوختەکەیدا، ئەوە مۆرالیستەکانن کە نیهیلیستن، ئەگەر بەهای هەرە بەرز بریتییە لە ژیان، ئەگەر مۆراڵ بەربەستە لە بەردەم گوزارشتی ژیان، کەواتە ئەوە مۆراڵە کە نیهیلیستە، لەبەر ئەوەی ئەوە مۆراڵە کە بەرپەرچی ئەو بەها هەرە بەرزە دەداتەوە کە ژیانە.

ئەگەر نیچە شاگەشەیە بە داڕمانی بەها دامەزراوەکان، لەبەر ئەوەی تێیدا هەلێکی مێژوویی دەبینێت بە جێگۆڕکێکردنی بەهای مەرگاویی مۆراڵ بە بەهای بەگوڕی ویستی هێز. کەواتە جیاوازییەکی سروشتی هەیە لەنێوان نیهیلیزمی پاسیڤی مۆرالیستەکان کە دەکشێنەوە لە بەردەم ژیان، لەگەڵ نیهیلیزمی ئەکتیڤی نیچە کە کۆشش دەکات بۆ ئەوەی ویستی هێز وەک بەهایەکی نوێ دامەزرێت، ئەوەی ناومان ناوە سەرەونوخونکردنی ڕادیکاڵانە (transvaluation) ی بەهاکان، کە پێکهاتووە لە بەتێپەڕکردنی بەهای دووالیستی خراپە و چاکە بە قازانجی بەهایەکی یەکخەر، گرەدەر، کە ژیان خۆیەتی. ئەگەر نیچە نیهیلیستە لەسەر پلانی بەهای مۆراڵ لەبەر ئەوەی خەبات دەکات دژی ئەوەی کە دەیەوێت ژیان دەمکووت بکات. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خۆمان ڕووبەڕووی هەمان نیهیلیزم نابینینەوە. نیهیلیزمی بەهێزەکان نەفیکردن، پێکدژی کردنی بەهاکانە، نیهیلیزمی بێهێزەکان نەفیکردنی ژیانە، نیهیلیزمی بەهێزەکان ڕەتکردنەوەی فۆرمەکانە، نیهیلیزمی بێهێزەکان بەرپەرچدانەوەی هێزە. لەبەر ئەوەی نیچە لە بەرەی ئەوانەیە کە بەرپەرچی فۆرم دەدەنەوە، بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵیین کە ئەو دژی بەها و کۆنسێپتە میتافیزیک و مۆراڵەکانە و زیاتریش ڕێز لەو هێزە دەگرێت کە هیچ فۆرمێک ناتوانێت دژی بوەستێتەوە و سنوورداری بکات. سەرەونخونکردنی بەهاکان مانای دانانی بەهاکانە لە جێی خۆی (نەک بە پێچەوانەوە)، هەڵەوگێراوکردنی بەهاکانە بۆ خستنە سەرپێ، بێشک تێدەپەڕین بە فەزیلەتی شەڕانی و دژواریدا، بەڵام بە شیوەیەکی بنەڕەتی دەربازبوونە لە خۆداخستن لەناو کۆنسێپتێکدا. هێز، فۆرم تێدەپەڕێنێت، هێزی ویست سەر دەکەوێت بەسەر هەموو فەزیلەتێکی مۆراڵدا. ئەگەر بەهایەک بەهادارە، تەنها لەبەر ئەوەیە کە خاوەنی هێزێکە لێوەیەوە ویستی هێز خۆی مانیفێست دەکات. بەهایەک بەهاکەی نەبەستراوەتەوە بە ئایدیالێکی فەنتازیا یان دادپەروەری و باشی. بەها، بەهادارییەکە بەستراوەتەوە بەو هێزەی ئەیهەژێنێت، ئەیبزوێنێت. بەڵام بە باوەڕی نیچە بەهای دامەزارو لەلایەن ئارەزویەکی پتەواندنەوە ئەنیمێ نەکراون، بێگومان پتەودانی هێزی بەگوڕ ئەنیمێ کراون، بوژاونەتەوە، بە دژایەتیکردن. مۆراڵی کۆیلە، مۆراڵی دژایەتیکردنە بەرامبەر بە ژیان کە گوزارشت لە خۆی دەکات.

ئەگەر نیچە کۆشش دەکات دژی مۆراڵی کاردانەوە، ئەو مۆراڵەی ئەفرێندراوە بە هەڵوێستی قانونی بەهێز، بۆ ئەوەیە بە مۆراڵێکی بڕیاردراو، بە مۆراڵێکی بەبێ گومان جێگای بگرێتەوە، مۆراڵی بەرزەمرۆڤ. نیهیلیزم ئەو کەسەیە کە بەرزەمرۆڤ ڕەت دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی نیهیلیزم دەترسێت و لەهەمان کاتدا ئێرەییبەرە بەو هێزەی کە خۆی ناسەپێنێت، نیهیلیزم ئەوەیە کە بێز لە هێز دەکاتەوە، لەبەر ئەوەیە کە بێز لە هێز دەکاتەوە لەبەر ئەوەی بێز جۆرێکە لە تەنها ڕیگاچارە بۆ شاردنەوەی لە هێزی بەهێزتر و ئارەزووی لێکچوونی، بۆیە نیهیلیزم هاوار بۆ ڕێز دەبات، هاوار بۆ یەکسانی دەبات، هاوار بۆ دادپەروەری دەبات، ویستی بەهێزی خۆی ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی، نەفیکردنی خۆی دەبێتەوە، نەییکردنی ئەوەی وەک هێزێکی بەگوڕ، بەبزوێن، هێزی یوستی خۆت کار دەکات بۆ داڕمانی خۆی، لێرەوەیە کە نیهیلیزم مەرگاوییە، نیهیلیزم پاشماوە و خەوش و خاڵی ویستی هێزە، بە تەواوی تەرخان کراوە بە خۆلەناوبردن، ئەمەیە یەکەمین تاوان ئەگەر تاوانێک بوونی هەبێت. نیچە حوکمی بەسەردا دەدات، نەفیکردنە لە ویستی هێز. نیهیلیزم سزادانی ژیانە. ژیان لەسەر زەوی سزادانێکە بەگوێرەی گوناحی یەکەم، بەڵام ئەوە ژیان خۆیەتی کە دەبێت سزا بدرێت بەگوێرەی نیهیلیزم، بەرامبەر بەمە نیچە ئاڵای خۆ بێخەتابارکردن بەرز دەکاتەوە، ئێستا و ئێرە بە بەرز دەنرخێنێت، خۆخستنە ناو ژیان بە بەرز دەنرخێنێت، لەبەر ئەوەی ژیان تەنها شتە کە سوورین لەوەی کە هەمانە، لێرەوەیە هەموو شتێک هەڵدەقوڵێن، کەواتە با ژیانمان خۆش بوێت تەنانەت ئەو ساتانەی کە خۆشی ناوێین.

سوپاستان دەکەم.