شانۆی کەرکەدەن و دیاردەی لاسایی کردنەوە

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٢١:٥٩، ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «وەرگێرانی: '''سەردار حەمەڕەش''' وێنۆک شانۆی کەرکەدەن، وەک شانۆی؛ (لە چاوەڕوانی گۆدۆ )ی ساموێل بیکێت، یەکێکە لە شانۆ بەناوبانگەکانی جیهان و لە هەمان سەردەمدا نووسراوە. باسی دیاردەی بڵاوبونەوەی مۆدێلێک لە کۆمەڵگەدا دەکات، ئەگەریش ئە...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

وەرگێرانی: سەردار حەمەڕەش

Karkaden.jpg

شانۆی کەرکەدەن، وەک شانۆی؛ (لە چاوەڕوانی گۆدۆ )ی ساموێل بیکێت، یەکێکە لە شانۆ بەناوبانگەکانی جیهان و لە هەمان سەردەمدا نووسراوە. باسی دیاردەی بڵاوبونەوەی مۆدێلێک لە کۆمەڵگەدا دەکات، ئەگەریش ئەو مۆدێلە لە سەرەتاوە شتێکی دڵگیر یان پێویستییەکی سەرەکی نەبێت، چۆن وردە وردە بڵاو دەبێتەوە و خەڵکی شکڵی ئەو مۆدێلە و پەیڕەوی ئەو مۆدێلە دەکەن بە خۆڕسکانە لە دەرەوەی ویستی خۆیان بە ئاگایی، بە مەرجێک لە سەرەتاوە وەک شتێکی نامۆ و ترسناکیش دەیبینن. ئیتر ئەگەر ئەو مۆدێلە لە هەر بوارێکدا بێت.

یۆنسکۆ؛ نوسەری شانۆی کەرکەدەن
یۆنسکۆ؛ نوسەری شانۆی کەرکەدەن

لە شارێکی بچوکی فەرەنسا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە گوایە شارەوانی وەهای نیازە ئاژەڵێکی کەرکەدەن لە ئەفریقاوە بهێنتە شارەکەیان، خەڵکی ترسیان لێ دەنیشیت، سەریان سوڕدەمێنێت لەو روداوە و دەکەونە باسکردن و رەخنەگرتن لە هێنانی ئەو ئاژەڵە نامۆ و ناشرینە بۆ شارەکەیان، پرسیار دەکەن ئاخۆ سوودی ئەو ئاژەڵە چی بێت و بە چ مەبەستێک شارەوانی دەیەوێت ئەوکارە ناڕەوایە بکات، زۆربەیان هەر لەسەرەتاوە دژی دەوەستنەوە، گوایە ئاژەڵێکی ناشرینە، هەندێکیان وایان باوەرە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی مندالەکانیان، لە قاوەخانە و لە تەلەفزوێن و بازاڕدا، باس باسی ئاژەڵی کەرکەدەنە کە کەس هێشتا نەی بینیوە. دەنگۆی ئەوە هەیە. هێزی پۆلیس و فریاگوزاری فریای روداوەکانی شار ناکەون کە ئەو ئاژەڵە دەی خولقێنێت.

کتێبی کەرکەدەن
کتێبی کەرکەدەن

چەند گەنجێکی ڕۆشنبیریش کە ئێواران پێکەوە کۆدەبنەوە و دەخۆنەوە پێکەوە، هەر لە سەرەتای روادوەکەوە دژی ئەو پرۆژەیە دەوەستنەوە، هەر یەکەیان بە جۆرێک باسی خراپەی کەرکەدەن دەکات، هەریەکەیان بە پێی شارەزایی خۆی، بە لۆژیکی کارەکەی شیکار بۆ ڕوداوەکە دەکات و دژی دەوەستێتەوە، بەڵام وا دەبینرێت کە پەیوەندیەکی بەتین نیە لە نیوان لۆژیکی تاکەکاندا لە حوکمدانیاندا بەرامبەر بە روداوەکە. لێکدان و بۆچوونەکانیان لە ناو ئەقڵی سیستەمەکەدا داخروان جگە لە بێغەنژێ، کەسایەتی سەرەکی شانۆکە نەبێت .

پاش سەردەمێکی کەم، یەکێک لە هاوڕێکانیان؛ ژۆن، ئەوەی کە زۆر بە توندی هەر لە سەرەتاوە دژی کەرکەدەن دەوەستایەوە و دەیگووت : روداوی وەها نەدەبوا بوونی هەبوایە . کوتووپڕ لە بەردەم هاوڕێکەیدا: بێغەنژێ، سەری دێتە ژان و لە ژورەکەیدا بە دەم ئازاری سەریەوە دەناڵێنێت. هاوڕێکەی دەیەوێت دکتۆری بۆ بانگ بکات بەڵام ئەو رازی نابێت، دەبینێت لە دوای سەرئێشەکەی شاخێکی وەک شاخی کەرکەدەن لەناوچەواونی دەروێت، پاشان وردە وردە پێستی وەک کەرکەدەن زبر دەبێت و دەنگی گڕ دەبێت و دەمارەکانی هەڵدەئاوسێن، شکڵی کەرکەدەن وەردەگرێت. ئیتر تاکەکانی شار هەموویان، وردە وردە، یەک بە یەک سەریان دێتە ژان و پاشان شاخێکی کەرکەدەن لە ناوچەوانیاندا دەڕوێت و شکڵی ئەو ئاژەلە ناشرینە وەردەگرن. کاتێک دەبینین هەموو خەڵکی شارەکە شکڵێ کەرکەدەنیان وەرگرتووە، تەنانەت ئەوانەشی کە زۆر بە توندی دژی دەوەستانەوە ؛ بەقاڵەکەی کە هاواری دەکرد و ئەگریا گوایە کەرکەدەنەکە پشیلەکەی پلیشاندۆتەوە، ئەویش دەبێتە کەرکەدەن و دەڵیت: کەرکەدەنیش ئاژەڵێکە و مافی ژیانی هەیە وەک ئێمە. تەنها بێغەنژێی ئەنەلەکتوێل نەبێت لە گروپەکە، نایەوێت ببێتە کەرکەدەن و بەرگری دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا گەنجەکە خۆی دەکوژێت نەوەکا ئەویش شکڵی کەرکەدەن وەربگرێت.

6635421.jpg
25476.jpg

شانۆی کەرکەدەن لە ساڵانی شەستا

سی ساڵ لەمەوبەر کاتێک ئەم شانۆیەم خوێندەوە زۆر کاری تێکردم، خاڵی لاوازی ئەم شانۆیەم لەوەدا دەبینیەوە کە کەسایەتی سەرەکی شانۆکە؛ بێغەنژێ، کە لەکۆتاییدا خۆی دەکوژێت، وەک چیرۆکێکی بێ هیوا و ڕەشبین دەهاتە پێش چاوم. پرسیارم لە خۆم دەکرد کە ئایا بۆچی یۆنسکۆ؛ نوسەری شانۆکە، چارەسەرێکی تری نەداوە بەو گەنجە جگە لە خۆکوشتن نەبێت؟ بۆچی قەدەری ئەو کەسەی کە لەگەڵ سیستەمدا نەڕوات دەبێت خۆکوشتن بێت ؟ پاش وردبوونەوە لە مێژووی هونەر و شانۆ، بۆم روونبویەوە کە شانۆی کەرکەدەن شانۆیەکی کلاسیکی نیە وەک ئەوەی کە لە رابووردودا راهاتبووین پێی؛ وەک جۆرێک لە ستایلی گێڕانەوەی چیرۆکێکی کلاسیک ؛ بە دەستپێکردنی روداوێک لە سەرەتاوە، پاشان دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو و چاوەڕوانکراو، بە پیشاندانی ڕێگە چارەیەک، وەک چۆن لە فلیمە هۆلیودەکاندا بۆتە نەریتێکی چەسپا، بە رودانی روداوێک و دۆزینەوەی چارەسەرێکی لۆژیک وەک مۆراڵێک یان ئاییدۆلۆژیەک. شانۆی کەرکەدەن جۆرێکە لە شانۆی ئەبسورد، لە شەڕی جیهانی دووهەمەوە هاتە کایەوە، دوای هیومانسیم سەری هەڵدا، کاریگەری بزوتنەوەی سوریالسیست و دادایسمی بە سەرەوەیە، کە بە جۆرێکی تر روداوەکان باس دەکات، روالەتی مرۆڤ و ژیان وەک شتێکی بێ مانا نیشان دەدات، بۆیە دەبێت دیاردەی خۆکوشتنی کەسایەتی سەرەکی شانۆکە؛ بێغەنژێ، لەو ڕوەوە ببینرێت، نەک وەک چیرۆکێکی کلاسیک کە نوسەر وەک کەسێکی شۆشسگێڕ و خاوەن ئایدیۆلۆژی ڕێگە چارەیەک بخاتە بەردەم خوێنەر وەک جۆرێک لە دۆزینەوەی بەختەوەری.


شانۆی کەرکەدەن چیرۆکێکی ساتیریکە، تێکەڵاوێکە لە وێنەی سوریالیستی و کۆمیک و ڕیالیسم، کە چۆن گروپێکی بچکۆلە وردە وردە دەتوانێت کۆمەڵگەیەک بەلای خۆیدا بەرێت، لە روی فەلسەفیەوە ئەو پرسیارە لە خۆمان دەکەین کە ئایا رێی تێ دەچێت ئێمە بە مرۆڤ بمێنینەوە لە کاتێکدا هەموو دەوروبەرمان بە جۆرێکی تر بیر دەکەنەوە و بونەتە ئاژەڵ ؟ .ىێ گومان باسەکە بە چەند شێوەیەک دەتوانرێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت، هەندێک کەس ئەم شانۆیە دەبەستنەوە بە هاتنەکایەی فکرەی تۆتالیتاریسمی نازیسم و ستالینیزم لەو سەردەمەدا، کە چۆن ئەم فکرەیە دەتوانێت باشترین مرۆڤ بەلای خۆیدا ببات و بی کات بە ئاژەڵێکی ناشرین و ترسناک، بە تایبەتی یۆنسکۆ بە توندی دژی ئەو فەرەنسیانە دەوەستایەوە کە لەسەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا دەستیان تێکەڵ کردبوو لە گەڵ نازیسمدا.

شانۆی کەرکەدەن ساڵی ١٩٥٩ نوسراوە و لە ساڵێ ١٩٦٠ لە سەر شانۆ پیشان دراوە لە پاریس، بۆ چەندەها زمانی بێگانە وەرگێڕاوە، لەم دوایانەدا کاک بڕوا بابان تەرجومەی کردووە بۆ سەر زمانی کوردی. چەند ساڵێک لە مەوبەر واتارێکم لەسەر خوێندەوە لە سایتی روداو، لەلایەن خانمێکەوە نوسرابوو، زۆر تێ نەگەشتم لە وتارەکەی، هەروەها فیلمی بەهمەن قوبادی بە ناوی (وەرزێک لە کەرکەدەن)، فکرەیەکی ئەم شانۆیەیەی تێدایە، هەرچەندە من خۆم فلیمەکەم نەدیوە و ناتوانم ئەوە بسەلمێنم. هەمووشمان دیاردەی کەرکەدەنە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەرچاو دەکەوێت، وەک چۆن لە سەردەمی نوێدا لە کوردستان چەندها کەسی ڕۆشنبیر بە توندی دژی پارتێکی سیاسی وەستاونەتەوە و تەنانەت جنێویشیان پێ داوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم هەمان کەس بۆتە بەرگریکارێکی توند لەو پارتە، وەک ئەوەی کە ئەو نەبووبێت ئەو هەڵوێستەی لە رابوردوودا نواندبێت، هەروەها لە سەردەمی سەدام حسەیندا هەموومان بینیمان چۆن وردە وردە کەسانی دەوروبەرمان دەبونە بەعسی، یان هەر ئەو سەردەمەی کە فکرەی کۆمۆنیستی هەموو جیهانی گرتبویەوە، تەنانەت موسڵمانەکانیش باسی کۆمۆنیستیان دەکرد، مام جەلالیش ببووە کۆمۆنیست، یان لەم دواییانەدا لە هۆڵەندا پیاوێکی سیاسی ڕەگەزپەرست کە هەمیشە دژی موسڵمانان دەدوا، کوتووپڕ بووە موسڵمان.

شانۆی کەرکەدەن لەسەردەمی نوێدا
شانۆی کەرکەدەن لەسەردەمی نوێدا
فاشیزم و دیکتاتۆرەکان توانایان هەیە بە وتار و کاریسمی خۆیان سروشتی مرۆڤ بگۆرن بۆ خراپترین بونەوەر، لە بەر ئەوەی مرۆڤ ئەو تایبەتمەندیەی هەیە کە هەر لە تەمەنێکی منداڵیەوە کاتێک پەنجەی ئیشارەتت لە بەردەم منداڵیکدا ڕادەکێشیت بەرەو شوێنێک، منداڵەکە خێرا سەیری ئەو شوێنە دەکات کە تۆ پەنجەت بۆ ڕاکێشاوە، ئاژەڵ ئەم سروشتەی نیە. زۆر لە پارتە سیاسیەکان و حکومەتەکانیش ئەم خەسڵەتە دەقۆزنەوە  بۆ بەلادابردنی بیری خەڵکی، بە شاردنەوەی راستیەکان و درۆکردن بە قەبارەیەکی ئێجگار گەورە بە پشبەستن بەو خەسڵەتەی مرۆڤ، بەدەست راکێشان بە ئاراستەیەکی بە مەبسی بەلابردنی بیری مرۆڤ بە ئاراستەیەکی تردا.

ئەگەر هەوێنی شانۆی کەرکەدەن بۆ یۆنسکۆ دیاردەی فاشیزم بێت ئەوا لاسایی کردنەوەش پاڵنەرێکی کارایە لەو دیاردەیەدا، لاسایی کردنەوە وەک دیاردەیەکی سۆشیاڵ؛ بۆ نمونە من جل وەک خەڵکی دەوروبەرەکەم دەپۆشم، یان گوێ لە هەمان مۆسیقای سەردەمەکەم دەگرم، هەمان هەڵسوکەت دەکەم، نەهێشینی جیاوازیەکانی نێوانمان دەبێتە جۆرێک لە یەک نزیکبوونەوە. لاسایی کردنەوە خەسڵەتێکی مرۆڤە. لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تێدایە، بە پێی زۆر لە لێکۆڵەرەوەکان، وای دەبینن کە لاسایی کردنەوە دەورێکی گرنگی بینیوە لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا، لە سەردەمی پالیۆلیتیک و نیۆلۆتیکدا، کاتێک مرۆڤ دەستی کرد بە دروستکردنی ئامێر، لاسایی کردنەوە دەورێکی گرنگی بینیوە لە بلاوبوونەوەی تەکنیک و جۆری دروستکردن و بەکارهێنانی ئامێر و جلک پۆشین و ڕەفتار.

لە سەردەمی مۆدێرندا بیرۆکەی مرۆڤدۆستی بە هەمان شێوەی فکرەی فاشستی هەر بە هۆکاری ئەو خەسڵەتەی مرۆڤ بڵاو بۆتەوە و ڕەگی داکوتاوە لە کۆمەڵگەدا وەک بینیمان لە سەردەمی نازیەکان و فاشیستەکانی ئیتالیا و ستالینیزمی ئەو سەردەمە، لەم سەردەمەشدا جارێکی تر جیهاندا وردە وردە بەرەوە فکرەی فاشستی و تۆتالیتاریسم هەنگاو دەنێت، ئەم فکرەیەش لە سەرەتادا لەلایەن کۆمەڵەکەسێکی بچوکەوە دەورووژێت، بێ گومان کاریگەری باری ئابوری و سیاسەتی جیهان بێ بەش نیە لێی، بۆیە وەک ئاژەڵی کەرکەدەن کە لەسەرەتاوە بە توندی هەموومان دژی دەوەستینەوە و لەکۆتایدا شکڵی ئەو وەردەگرین. هەروەها دەتوانرێت شانۆی کەرکەدەن بەوە لێکبدرێتەوە کاتێک کۆمەڵگەیەک یان شارستانیەتێک دەگاتە لێواری ئاوا بوون، کاتێک لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە و هیچ هیوایەکی تری نیە بۆ بەردەوام بوون، پێویستمان بە بیرۆکەیەکی نوێیە بۆ خۆ نوێکردنەوە، پێویستمان بە مۆدێلێکی نوێیە، ئامادەین هەر شکڵێکی نوێ بقۆزێنەوە بۆ خۆمان، بۆ هەژاندن و تەنانەت رووخاندنیشی، وەک چۆن سینت ئۆگوستین دەیوت؛ کۆتایی هەموو شتێک لە دایکبوونی جیهانێکی نوێیە. هەمووشمان وەک ئاژەڵی کەرکەدەن لە سەرەتاوە نامۆین پێێ، بۆیە دژی ئەو جیهانە نوێیە دەوەستینەوە.

ناوی نوسەر ؛  Eugéie Ionesco

ناوی کتێب بە فەرەنسی ؛ Rhinocèros