پیرەمێرد

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
0002 (0012).jpg

پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە لە ساڵی 1867 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە.

شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو. لە سلێمانی لەدایک بووە و لە لاویدا زانستی ئایینی لەوێ خوێندووە.

پیرەمێردیش بەو دەستوورە ھەر وەکوو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی کردووەتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

Fullscree1413.jpg

شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە1898دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ.

لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت.

لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە 1925و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی دەبێت.

پیرەمێرد بەرھەمی وێژەییی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردیی کردووە.

لە بواری ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، ھەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە دامەزراندنی (ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب و ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی و ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین)

ژیاننامە

سەردەمی منداڵی و لاوێتی

ناوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە.

لە ساڵی 1868 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە.

پیرەمێرد لە بارەی ژیانی منداڵیی خۆیەوە لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت:

کاتێ ھاتمە ئەم کۆنە جیھانەوە، دەوری منداڵی لای ھەموو ڕۆڵەیەک خۆشە، چونکە غەمی گوزەران نازانێت، بەو سەودایی منداڵییەوە خۆشم ڕابوارد.

پیرەمێرد بەم ناز و نیعمەتەوە و بە چاودێری و خۆشەویستییەوە پەروەردە کرا، تا تەمەنی گەیشتە حەوت ساڵان، ئەوسا ئیتر بردیانە حوجرەی مەلا حسێن گۆچە، ھەتا خوێندنی تەواو کرد لەوێ مایەوە، ئینجا سمایلنامە و چەند کتێبێکی تری وردیلەی خوێند.

ڕۆژێک تۆفیقی تەمەن ھەشت-نۆ ساڵان لەگەڵ مامۆستاکەیدا لەسەر ھۆزانێکی (حافز)ی شیرازی تێک دەچن، چونکە پیرەمێرد خۆی بە خاوەن ماف دەزانێت، نایەوێت لە قسەی خۆی پاشگەز ببێتەوە و داوای لێبوردن لە مامۆستاکەی بکات، ناچار حەسەن ئەفەندی مامی لەو حوجرەیە گواستییەوە و بردی بۆ حوجرەی مەلا سەعیدی زڵزڵەیی، کە دەیباتە ئەوێ، حەسەن ئەفەندیی دەڵێ: «تۆفیق، ئومێد دەکەم دەم و نەفەسی ئەم زاتە پاکە بتکا بە ھەڵبەستوانێکی وەکوو من.

بەمەدا دەردەکەوێت کە حەسەن ئەفەندی مامیشی ھەر ھۆزانڤان بووە، ھەرچەندە بەداخەوە کە ئێمە ھەتا ئێستا ھیچ ھۆنراوەیەکی ئەومان دەست نەکەوتووە.

لەم حوجرەیەدا سەرەتای بەھرەی شیعر وتنی تێدا دەرکەوت، خووی دایە خوێندنەوەی وێژە و شیعر و سەرگوزشتەی ئەدیبان و ھۆزانوانان، لەسەر دابونەریتی کوردەواری و بەپێی ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی عەشایەردا چاوی ھەڵھێنابوو، ئارەزووی سوارچاکی و تفەنگچێتیی پەیدا کرد. شۆرەتی سوارچاکیی پیرەمێرد بەناوبانگ بوو، وەک مامۆستا سەجادی دەیگێڕێتەوە، لە شاخی ھەڕووتە، کە پیادە بە ئاستەم پێیدا سەردەکەوێت، ئەم بەتا و لەسەردا ئەسپی ھێناوەتە خوارەوە، بەسەر پردی قەشان و تەپادا بەغار پەڕیوەتەوە. لە دوای ئەوەی کە ئیتر بەرەبەرە لە خوێندنەکەشی پێش کەوت، وا پێویست بوو لەسەر فەقێیەتی دەوام بکات.

لە سەرەتاوە لە مزگەوتەکەی باپیری کە ئێستاش ماوە (مزگەوتی ھەمزاغا)، کە نزیک ماڵی خۆیان بووە و لە نزیک باخێک بووە پێیان وتووە باخی پوورە بەگی، کە لە گەڕەکی گۆیژەیە و چاپخانەکەی پیرەمێرد لە نزیک ئەو مزگەوتەیە، لای مەلا مەحموود دەرسی عەرەبی دەخوێنێت، لە خوێندنی عەرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست ئەکا بەخوێندنی (سیوتی)، بە دوای خوێندندا وەک ھەر فەقێیەکی ئەو سەردەمە لە شار و و جێگەی خۆی دوور دەکەوێتەوە، بەپێی ئەو نەریتەی، کە لە کام مزگەوتدا مامۆستای چاک بووبێ فەقێکان ڕوویان تێ کردووە، وەکوو چۆن مامۆستایانی ئێستا ھەر یەکەی لە بوارێکدا شارەزایی پەیدا دەکەن و وانە دەڵێنەوە، مامۆستایانی ئەوساش ھەر مەلایەی لە بوارێکی تایبەتدا شارەزاییی پەیدا دەکرد.

پیرەمێردیش ھەروەکو حاجی قادری کۆیی، نالی، مەحوی، مەولەوی و، زێوەر، مزگەوتا و مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە،دەگاتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.

بەڵام، پێش ئەوەی تەواوی بکات، دەستی لە خوێندن ھەڵگرت و ڕوویکردە ژیانی ڕۆژانەی ئەم دنیایە.

لەو سەردەمەشدا ھەر کەسێک خوێندنی مەلایەتیی تەواو بکردایە و مەلایەتیی بکردایە، ئەوە دەبوو بە مەلا، بەڵام گەر وازی لێ بھێنایە پێیان دەوت (میرزا)، بەو پێیەی پیرەمێردیش وازی لە خوێندنەکەی ھێنا، بوو بە میرزا.


پەیکەری پیرەمێرد لە سەرای سلێمانی.

Piremed.jpg

لە ئەیلوولی ساڵی1882ی زایینیدا، واتە لە تەمەنی (15) ساڵیدا، دەبێت بە کاتبی نفووسی سلێمانی، زۆری پێناچێت دەکرێت بە کاتبی (زەبت) لە دادگای سلێمانی، لە حوزەیرانی ساڵی1883دا بووە بە فەرمانبەری زەویوزار و موڵکی میری لە ھەڵەبجە، نزیکەی سێ ساڵان لەوێ مایەوە. بەپێی نووسینەکانی پیرەمێرد بێت کە لە (ژیان) و (ژین) دا بڵاوی کردوونەتەوە، وا دەردەکەوێت کە ئەو سەردەمە عەشقی ھۆنراوە لە دەروونیدا بووە؛ خولیای ھۆنراوە کۆکردنەوە کەوتووەتە سەری.

تا ئەو دەمە ھەر خەریکی لەبەرکردنی ھۆنراوەی (نالی) بووە، بەڵام کە چووەتە ئەو ناوچەیە، شەیدای (مەولەوی) و (بێسارانی)یش بووە، بە ھەموو دەشتی شارەزووردا گەڕاوە، کەشکۆڵی ڕەنگینی بۆ خۆی پێکەوە ناوە و ھەرچی ھۆنراوەیەکی دەست کەوتبێت یان بینیبێت یان بیستبێ، لە کەشکۆڵەکەیدا نووسیویەتییەوە، پاشان بوو بە سەرنووسەر (باشکاتب) لە دادگای چوارتا، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1895دا گوازرایەوە بۆ (کەربەلا) بە وەزیفەی مودەعی یاریدەدەریی گشتی، بەڵام بڕیاری دا کە نەچێت بۆ ئەو وەزیفەیە و بەیەکجاری دەست لە فەرمانبەریی دەوڵەت ھەڵگرێت.

شێخ مستەفای نەقیب دڵخۆشیی دایەوە و کردی بە نووسەری تایبەتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی، بەم جۆرەش ژیانێکی باش و لەباری بۆ خوڵقاندووە.

ژیانی لە تورکیا

لەبەر ئەوەی تۆفیق لاوێکی زرنگ و زیرەک و بەڕەوشت بوو و خوێندەوارییەکەشی بەپێی ئەو سەردەمە باش بوو، لە تەک بنەماڵەی شێخانی سلێمانیدا پەیوەندییەکی پتەوی پەیدا کرد، تا وای لێھات متمانەی زۆر شتیان پێکرد، خۆشیاندەویست، جێی بڕوایان بوو، بۆیە کاتێک لە ساڵی 1898 شێخ سەعیدی حەفید (باوکی شێخ مەحموودی نەمر) لەسەر بانگێشتی سوڵتان عەبدولحەمید بانگکرا بۆ ئەستەمبوڵ، شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب ڕوویان لە تۆفیقی مەحموود ئاغا نا کە لەگەڵیان بچێت بۆ تورکیا، ئەمیش بەپێی ئەو نزیکی و پەیوەندییەی لەگەڵیاندا ھەیبوو، دەستی نەنا بەڕووی داواکەیانەوە، بەمجۆرە شێخ سەعید جگە لە شێخ مستەفای نەقیب، چەند کەسێکی ھەڵبژارد لەگەڵیاندابن، یەکێکیان تۆفیقی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەف بوو.

ئەو دەمە تۆفیق خاوەن ژن و ماڵ بوو، بەڵام دیسان ماوەی ئەوەی نەدا کە ژن و منداڵەکەی ببنە کۆسپ لە ڕێگەی ئەم سەفەرەدا، ئەو دەمە تۆفیق غەزالە خانی کچی عەبدوڵڵا فەندیی عەزیز ئاغای بابەکر ئاغای مەلا وەیسی ھاوسەری بوو، دوو کچیشی لێی بوو بوو بە ناوەکانی (ڕەحمە) و (ئامینە)، ئەو دەمە تۆفیق ماڵاوایی لە دۆست و ھاوڕێیانی و لە (غەزالە) خانی خێزانی کرد، کە دەستی بە سەر و قژی کچە بچکۆلەکانیدا دەھێنا، ھەرگیز بیری نەدەکردەوە، کە ئەم سەفەرەی ئەوەندە درێژخایەن دەبێت، مستەفا سائیب لە دەستنووسێکیدا دەڵێ:

تاریخی ڕۆشتنی خاڵم ھەرگیز لەبیر ناچێت، چونکە لە کاتی سەفەریا لەسەر دیواری ماڵەوە نووسرابوو، ئیتر لە منداڵییەوە ھەر لەبیرم مابوو.


تۆفیق لە خزمەت شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب و شێخ مەحموود و دەستە و دایەرەیانا گەیشتە ئەستەمبوڵ، لەوێش بوونە میوانی بارەگای سوڵتان.

لە پاش ساڵێک لەگەڵ شێخ سەعید و شێخ مستەفا و گەلێ ڕۆشنبیر و پیاوانی بەناوبانگی سەفەرەکەیاندا دەچن بۆ (حەج)، تۆفیق دەبێت بە حاجی تۆفیق، کاتێک لە حەج دەبن وەفایی شاعیر و سەید ئەحمەدی خانەقای کەرکووک، دەبنە ھاوڕێی حاجی تۆفیق.

پیرەمێرد لەمبارەیەوە دەڵێت:

وەفایی کە لە پێشدا موفتی شیعرە جوانەکانی بووم، واڕێکەوت لە ماڵی خوایشا ھاوناڵە و ئەفغانی بووم، لە پاش حەج لە ڕێگەی حیجازدا مردو سەید ئەحمەدی خانەقا لەسەری بەند بوو، تا ناشتنی ڕەفیقی گریانی بووم.


لە پاش ئەوە سەید ئەحمەد ڕووەو عێراق دێت و حاجی تۆفیقیش دەچێتەوە بۆ تورکیا.

بەمشێوەیە تۆفیقی مەحموود ئاغا، لە تەمەنی ٣٢ ساڵیداو لە ھەڕەتی لاویدا، بوو بەحاجی تۆفیق.

بەھۆی زیرەکی و ھۆشیاریی خۆیەوە، حاجی تۆفیق زوو دەچووە دڵەوە، ئەمەیان لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە لە نووسین و داڕشتنی فارسیدا دەستێکی باڵای ھەبوو، لەبەر ئەوە عزەت پاشای نووسەری دەرباری شەھریاری لە ئەستەمبوڵ، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو نامەیەی کە ناسرەدینی شای ئێران بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی ناردبوو، داوا لە حاجی تۆفیق دەکات بە فارسی وەڵامی سوڵتان بۆ شای ئێران بنووسێتەوە، وەڵامەکە ھێندە جوان دەبێت سەرنجی کاربەدەستانی دەرباری سوڵتان ڕادەکێشێت، بۆ پاداشتی ئەمە، لە ١٤ی ئەیلوولی 1899 ئیرادەی سوڵتانی بۆ دەردەچێ.

دەبێتە ئەندام لە ئەنجومەنی باڵادا لە ئەستەمبوڵ، ھەروەھا پلەی بەگێتیشی دەدرێتێ، ئەمجا ئیتر بەناوی حاجی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەفەوە، لە دیوانی سوڵتانی و لە ڕەسمیاتدا ناودەبرا.

ھەر لەو ماوەیەدا بەھۆی عزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ، لە کۆلێجی یاسا (کلیة الحقوق) وەردەگیرێت و بڕوانامەی حقوق وەردەگرێت.

سەردەمی گەنجێتی

شێخ مستەفای نەقیب کردوویەتی بە جێگری خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و ژیانێکی باش و لە باری بۆ گونجاند. لەسەر بانگھێشتی سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید، کاروانێک ڕێکدەخەن؛ لە ساڵی 1898دا دەچن بۆ تورکیا، پیرەمێرد ھاوسەفەریان دەبێت.

ساڵی 1899 شێخ سەعید و پیرەمێرد پێکەوە چوون بۆ حەج و لە گەڕانەوەیاندا بۆ ئەستەمبوڵ سەید ئەحمەدی خانەقا و وەفاییی شاعیریشیان لەگەڵ دەبێ، وەفایی لە ڕێگا کۆچی دواییکردووە.

لە ساڵی 1899دا بە فەرمانی شاھانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ.

بەھۆی عیزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت، بڕوانامەی یاساناس وەردەگرێت.

لە نێوان ساڵانی 1905 تا 1908 لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە.

لە 1907دا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی کورد کە بە نھێنی پێکھاتبوو بە سەرۆکایەتیی شێخ عەبدولقادری شەمزینی.

حاجی تۆفیق کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا ڕابواردبوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی (نەژاد و وەداد) لێ ھەبوو.

لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانییەوە دەست دەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆناردوە و داوای گەڕانەوەیان لێکردوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

بەھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەھۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی 1923 پیرەمێرد، ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت و لەڕێگەی سووریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێک بڵاودەکاتەوە:

Piremerd-2.jpg

جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لەوەتەن دوورکەوتووەتەوە، شەوی 30ی کانوونی دووەمی 1925 تەشریفی ھاتەوە مەملەکەتەکەمان، بەقدومی ئەم زاتە زۆر مەسروور و خۆشحاڵە، بەناوی ھەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرھاتنی دەکەین»

گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان

پیرەمێرد کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا بەسەر بردبوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی بە ناوەکانی (نەژاد و وەداد) ی ھەبوو.

لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانیەوە دەست دەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆ ناردووە و داوای گەڕانەوەیان لێکردوە کە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

بەھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەھۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی 1923.

پیرەمێرد ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت و لە ڕێگەی سووریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێک بڵاودەکاتەوە:

جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لە وەتەن دوورکەوتووەتەوە، شەوی 30ی کانوونی دووەمی 1925 تەشریفی ھاتەوە مەملەکەتەکەمان، بە قدومی ئەم زاتە زۆر مەسروور و خۆشحاڵین، بەناوی ھەموو ھاوڵاتییەکەوە بەخێرھاتنی دەکەین.

و پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا دەمێنێتەوە تا لە ساڵی 1926دا لە مانگی کانوونی یەکەمدا، شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەردەھێنێت بە سەرۆکایەتیی حسێن کازم و پیرەمێردیش دەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە.

ھەروەھا کاتێک لە ساڵی 1924دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی پاش 25 ساڵ ژیان لە تورکیا وای چاوەڕوان دەکرد ئەو وڵاتەی لە 1898 جێی ھێشتووە گۆڕابێت و لە بارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆی تیادا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلەوپایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە ھاتبۆوە، بەھیچ جۆرێک بەلای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری و میریدا نەچوو، کاری ڕۆژنامەوانی بە پێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لە خۆیەوە نەھێنابوو، بەڵکو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەمبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەمبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و ئەدەب بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیھان بەیەک دەگەیشتن، جیھانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژھەڵات، و جیھانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا پیرەمێرد دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەر ئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بە مەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە میللەت تا خوێندەوار نەبێت ھەنگاوێک نانێت. ھەر لەبەر ئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستیدا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی.

601851f4b262a.jpg

لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی بینی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و ھاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە. لە بەرامبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ ھێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەئەدا، و گەرمتر و جوانتر شیعری بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت.

لە ساڵی 1932دا حسێن کازم کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد دەکرێت بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی 1934دا چاپخانەکەی شارەوانی بە کرێ دەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان دەگۆڕێتە سەرخۆی.

لە ساڵی 1937دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد ھەر کۆڵنادات دەچێت خانووەکەی دەخاتە ڕەھنی بەڕێوبەرایەتیی (ھەتیوان) ەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت و بەناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری دەھێنێت و چاپخانەی (ژین) دادەمەزرێنێت.

کۆچی دوایی

NiyahKurdistan.jpg

پیرەمێرد تا دواھەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بووە، تا لە 19ی حوزەیرانی 1950، بەرامبەر بە 4ی ڕەمەزانی1369ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی 83 ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییکردوە.

لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاھەنگگێڕانی جەژنی نەورۆزی بوو، بەرامبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بووە، لەوێدا نێژراوە.

قانع شاعیری کورد کە پێشتر لەگەڵ پیرەمێرددا پەیوەندیی ھەبووە، ھۆنراوەیەکی درێژی بە بۆنەی مردنی پیرەمێردەوە نووسیوە، کە لە دوای ناوبردنی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیرانی کورد دێتە سەر باسی پیرەمێرد و شیوەنی مردنی ئەو.

بابەتە پەیوەستکراوەکان.