ئەقڵی سادە و ئەقڵی ئاوێتە
نووسینی: سەردار حەمەڕەش
کاتێک سەیری ئەو پەیکەرە دەکەین کە لەلایەن خانمی هونەرمەند ئاڤان فەتاحەوە کراوە، بریتیە لە پەیکەری کچە شەرەڤانێک کەڵاشنیکۆفێکی بە شانەوەیە، باوەشی بۆ ئاسمان کردۆتەوە، وەک ئەوەی کە بیەوێت ئاسمان بخاتە باوەشی و سوپاسی بکاتەوە لە دوای سەرکەوتنێک. خانمێکی ئازیزییش زۆر بە شان و باڵی ئەم پەیەکەرەدا هەڵیدا و بە کارێکی بەنرخی دەزانی، بۆیە پرسیارم لێ کرد کە چی سەرنجی راکێشاوە لەو پەیکەرەدا و بۆچی بە کارێکی هونەری گرنگ دێتە بەرچاوی. لە وەڵامدا ووتی ئەم کچە شەرەڤانە وەک یاریکەرێکی فتبۆڵێن کاتێک سەردەکەوێت یان گۆڵیک دەکات، باوەش بۆ ئاسمان دەکاتەوە، لە دڵی خۆمدا ووتم پێ دەچێت کە خانمی هونەرمەند لە بیری چوبێت تۆپێکیش بخاتە بەر قاچی شەرەڤانەکە.
ئەم پەیکەرە بەرهەمی فکرێکی سادەیە، لە ئاستی دوو دێڕ هۆنراوەی فۆلکلۆریدایە. ئێمە کاتێک گوێمان لە گۆرانیەکی فۆلکۆلۆری دەبێت، پێکهاتووە لە ریتمێکی سادە و دوبارەکراوە بۆ هێنانە جۆش و هەڵپەڕکێ، ئاوازەکەی لەچەند نۆتێکی سادە پێکهاتوە کە هەمیشە دەگەڕێتەوە سەر نۆتی دەستپێک و وەک ریتمی هۆنراوەکە ساکارە، وەک هەست و سۆزی دێهاتیەکە لەکاتی هەڵپەڕکێدا، بەڵام سەمفۆنیایەک پێکهاتەیەکی ئاوێتەیە، لەبەر ئەوەی کە بەرهەمی فکرێکی ئاوێتەیە و مەبەستی باسکردنی هەستێکی ئاڵۆزە. هۆنراوەی شێرکۆ بێکەس بەرهەمی فکرێکی ئاوێتەیە، بەڵام هۆنراوەکانی عەبدوڵا پەشێو، سادە و ساکارن. پیرامیدی فیرعەونەکان ئارشیتاکتور و توانا و ئاستی فکری ئەو کۆمەڵگەیەمان بۆ دیاری دەکات.
هونەر لەهەموو بوارێکدا بە ئارشیتاکتور و هۆنراوە و سەما و مۆسیقا و شیوەکاری و ...تاد، ئاوینەی ئەو کۆمەڵگەیەن، پێمان دەڵێن کە بیرو هۆشیان لە چ ئاستێکدایە، هەتا چەندە ئاگامەند بوون. کە چویتە شارێکەوە ڕاستەوخۆ بڕۆ سەردانی مۆزەخانەکەی بکە، ئەوسا دەزانیت ئاستی ئەو کۆمەڵگەیە لە کوێدایە، لە مۆزەخانەی شارێکی مەغریب ئەوەی سەرنجی راکیشام، لە دەرگای چونە ژورەی مۆزەخانەکەدا، دوو دەرگای سەردەمێکی دێرینیان دانابوو؛ یەکێکیان دەرگای جولەکە، بە ئەستێرەی داڤیدەوە ئەوی تریان دەرگای مەغریبی بە ئەستێرەی ئالای مەغریبی، ئەم دیاردەیە بۆ ولاتێکی عەرەبی، لای من زۆر نامۆ بوو. لە مۆزەخانەی تایلاند کە وڵاتێکی نیمچە دیکتاتۆریە، لە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرندا، هەرچەندە بەرهەمی کەمی تێدا بوو، بەلام هەندێک لە کارە هونەریەکانیان لە ئاستی هونەری ئەورپادا بوون. مۆزەخانەی پرادۆ لە مەدرید و لۆڤەر لە پاریس بە هەمان شێوە شایەتی مێژووی بیرکردنەوەی ئەو کۆمەڵگەیەن.
شەرەڤانەکان باسی فکری ئێکۆلۆژیست و ژینگە پارێزی و ئازادی ژنان و خەباتی فێمینیست و کۆمەڵگەی سۆسیالیستی دەکەن، لە ناوچەیەکدا کە ئیسلامی ڕادیکاڵ و گەمژەیی بەربڵاوە، بەرامبەر بە دڕندەترین هێزی ناوچەکە دەجەنگن، بەجۆرێک کە سەرنجی جیهانیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشاوە، ئەگەریش لەگەلیاندا هاوڕا نەبین دەزانین کە بیرکردنەوەیان خێڵەکی نیەو کەسانێکی مۆدێرنن، وەلامی پێویستیەکانی سەردەمەکەمان دەدەنەوە، کەواتە ئەوان خاوەنی فکرێکی ئاوێتەن، یان باشتر بڵیین پەیڕەوی فکرێکی ئاوێتە دەکەن، بەڵام خانمی هەنەرمەند بە فکرێکی سادە گوزارشتی لەوان کردووە. خۆ ئەگەر ئەم پەیکەرەی بۆ سەردەمی مەلا مستەفا بکرایە ڕێی تێ دەچوو.
مێشکو پەرەسەندن لەگەڵ تەمەندا.
لە پێشانگایەکی گرنگدا لەسەر میشک لە پاریس، ڤیدیۆیەکی سادە زۆر سەرنجی ڕاکێشام ؛ باوکێک لە حەمامەکەیدا خەریکی بەلوعە چاکردنە، کتوپڕ زەنگی تەلەفۆن لێ دەدات، خێرا دەست لە ئیشەکەی هەڵدەگرێت و دەستکێشەکانی دادەکەنێت و بەبێ بیرکردنەوە و بە ئۆتۆماتیکی فڕێیان دەداتە ناو جانتای ماکیاجی ژنەکەی بەتەنیشتیەوە و دەڕوات. پاشان پرسیار لە سێ منداڵەکەی دەکەن کە هەر سێکیان لەتەمەنی جیاوازدان ؛ سێ ساڵان، حەوت ساڵان و چواردە ساڵان .
کە باوکتان گەڕایەوە لەکوێدا بە دوای دەستکێشەکانیدا دەگەرێت ؟
منداڵە سێ ساڵەکە چونکە مێشکی هێشتا پەرەی نەسەندوە و سادەیە، خێرا دەلێت باوکی لەناو جانتاکەی دایکیدا بە دوای دەستکێشەکانیدا دەگەڕێت. منداڵی دووەم کە تەمەنی حەوت ساڵە، دەڵێت ؛ لەبەر ئەوەی کە باوکی بە ئۆتۆماتیکی دەستکێشەکانی فڕی داوە، بیری نایەتەوە لە کوێدا دەستکێشەکانی داناوە، بەهەمو حەمامەکەدا دەگەڕێت هەتا دەیدۆزێتەوە. منداڵی سێهەم زۆر جیاوازە، تەواو خۆی دەخاتە ناو بیرکردنەوەی باوکی و دەڵێت : کاتێک باوکی دەگەڕێتەوە دەستکێشەکانی نابینێت، توڕە دەبێت و بە چواردەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە، پاشان دەچێتە خوارەوە هەتا بزانێت کە ئایا لە تەنیشت تەلەفۆنەکەوە لەبیری نەچووە، ئینجا دێتەوە سەرەوە و بە هەموو لایەکدا دەگەڕێت، دادەنیشیت و هەوڵ دەدات بیر بکاتەوە چۆن و لە کوێ دەستکێشەکانی داکەودووە، پاشان هەمان رووداو لە مێشکی خۆیدا دووبارە دەکاتەوە هەتاوەکو بزانێت لە کوێدا بە ئۆتۆماتیکی دەستکێشەکانی توڕ داوە....... تاد. بەم جۆرە منداڵە چواردە ساڵانەکە نزیکەی دوو خولەک لەسەر ئەم باسە دەدوێت.
بێ گومان مەبەستم ئەوە نیە کە بڵێم ئەو خوشکەی ئەم پەیکەرەی دروستکردووە ئاستی بیرکردنەوەی لە ئاستی منداڵە سێ سالانەکەدایە، نەخێر بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە ئەو هونەرمەندە لەو ئاستەدا و بەو بیرکردنەوەیە ئەو پەیکەرەی کردووە، لەبەر ئەوەی کە کەڵچەرەکەی فێری ئەوەی نەکردوە کە بتوانێت گوزارشت لە فکرێکی ئاوێتە بکات، دەنا هەمو مرۆڤێک لە تەمەنێکدا خاوەنی فکرێکی ئاوێتەیە، بەڵام دەبێت ئەو فکرە ئاوێتەیە لە زەینماندا بەخەبەر بکەینەوە، کەڵچەریش دەورێکی گرنگی هەیە لەو ڕوەوە، پێ دەچێت کە ئەم وتارەی من دەورەی ئەوەی هەبێت، هەر بۆیەش دەلێین ڕۆشنبیر بەواتای ئەوەیە کەسەکە ڕۆشنایی خسۆتە سەر ئەو بەشەی مێشکی کە بەرپرسە لە فکری ئاوێتە.
لە ئەوروپا هەندێک جار دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوایە ئەڵمان بە جۆرێک بیر دەکەنەوە و ئنگلیز و فەرەنسی بە جۆرێکی تر، بەلام بە تاقیکردنەوە دەرکەوتووە کە ئەوە هیچ بنەمایەکی نیە، واتە گەلێک بوونی نیە کە زیرەکتر بێت لە گەلێکی تر یان لۆژیکیان جیاواز بێت، بێ شک توانای مرۆڤ لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، ئەوەی کە یارمەتی کەسێک دەدات بتوانێت زیاتر و قوڵتر بیر بکاتەوە، زانیاری و کەڵچەرە.
لێرەدا مەبەستیشم نیە کە بڵێم ئەو پەیکەرە نابێت بکرێت، یان کارێکی ناڕەوایە، بەڵام بەم جۆرە کارانە دەلێن ؛ هونەری بوكەڵە. زۆر لە گەلەریەکانی ئەوروپاش پڕن لەم جۆرە کارانە بۆ فرۆشتن و رازاندنەوەی ساڵۆنەکانیان. ئەوەی کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە ئەم کارە بە کارێکی هونەری بەرز ناچوێنرێت، ناتوانێت ببێتە شایەتی سەردەمێک، لەئاستی ئەو باسەدا نیە کە خانمی بەڕێز ویستویەتی گوزارشتی لێ بکات. کەواتە ئەو هونەرمەندە بە فکرێکی سادە و بە وێنەیەکی دوبارەکراوە و ناسراو گوازارشتی لەو بزوتنەوەیە کردوە، نەیتوانیوە بە فکرێکی ئاوێتەوە بڕوانێتە ئەو بزوتنەوەیە. نەیتوانیوە گوزارشت لە فکرێکی ئاوێتە بکات .