عیسا به‌رواری
هونەرمەندی گۆرانیبێژ عیسا بەرواری، ناوی تەواوی (عیسی حوسێن یوونس ئه‌حمه‌د به‌رواری) ە. یەکێکە لەو گۆرانیبێژە دەنگ خۆشانەی کە ساڵانی حەفتا و هەشتەکانی سەدەی ڕابردوو ڕۆڵی خۆی بینی لە نێو هونەری ستران و ئاوازی کوردی. ئه‌م هونه‌رمه‌نده به جۆرێك به‌ناوبانگه له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی سترانی كوردی نازناوی (باڵوێزی سترانی كوردی) پێ دراوه.
له‌ساڵی 1933 له گوندی (گاراڤا) ی سه‌ر به (به‌رواری ژێری)ی شارۆچكه‌ی (ئامێدی)، له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری هونه‌ر و ئه‌ده‌ب دۆست هاتۆته دنیاوه، هێشتا هونه‌رمه‌ند منداڵێكه و تازه چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه، كه‌باوكی به‌هۆی هه‌ر كێشه‌یه‌ك و بارودۆخێكه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆی هاتۆته پێش، بنه‌و بارگه‌ی ده‌پێچێته‌وه و گونده‌كه‌یان به‌جێ دێڵێت و به‌خۆیی و ماڵباته‌كه‌یه‌وه له‌شاری (مووسڵ) له‌گه‌ڕه‌كی (شار سوق ) نیشته‌جێ ده‌بن، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی 1939ده‌خرێته به‌رخوێندن و پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی له‌قوتابخانه‌ی (الفلاح) له‌ساڵی (1945) له مووسڵ ته‌واو ده‌كات.
ساڵی 1952 وەکوو کارمەندێک لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری مووسڵ دادەمەزرێت. پاش خانه‌نشین بوونی و به مه‌به‌ستی دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی تۆمارگایه‌ك له‌گه‌ڕه‌كی (جه‌زایر ) داده‌نێت، حوسێنی كوڕی له‌سه‌ری كارده‌كات به‌ناوی ( تۆمارگای عیسی به‌رواری).
گۆرانییەکانی: -
لە ساڵی 1950 دەچێتە ئێزگەی کوردی ڕادیۆی بەغدا و له‌ڕێكه‌وتی 02/12/1950 یه‌كه‌م گۆرانی خۆی به‌ناوی ( مه‌دینایێ) تۆمارده‌كات بە ناوێکی خوازراوەوە بەناوی (عەبدولقادر بەرواری)، لەبەرئەوەی باوکی سەرەتا لەگەڵ ئەو کارەی ئەودا نەبووە. ئەم گۆرانییە دەبێتە نۆبەرەی بەرهەمەکانی. لەساڵانی حەفتاکاندا بەتەواوی خۆی بۆ کاری هونەری تەرخان دەکات و هەر لە و کاتەشدا وەکوو بەرپرسی بەشی میوزیکی کوردی لە ئێزگەی کوردی بەغدا دەست بەکار بووە. لەمەوە پەیوەندی تەواوی لەگەڵ هونەرمەندانی ئەو سەردەمەی ئێزگەی بەغدا پەیداکردووە.
هونەرمەند بۆ یە کەم جار لەگەڵ هونەرمەند محەممەد عارف جەزراوی گۆرانی دووقۆڵی دەچڕێت، دوو قەوان پڕ دەکاتەوە بۆ کۆمپانیای (بشیرفوان) لە بەغدا. دواتریش لەگەڵ هونەرمەندانی تردا؛ حەسەن جزیری، گوڵبەهار، عایشەشان، تەحسین تەها، نەسرین شێروان، فەوزیە محەممەد، سەبیحە محەممەد، ساڵحی ئامێدی، کەمال ئاکرەیی، عەبدۆ ئالانی و سالم حەلەبی گۆرانی دوو قۆڵیان گوتووە. هەروەها پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ هونەرمەندان؛ عەلی مەردان، تاهیر تۆفیق، مەحموود حەسەن کەلهوڕی، محەممەدی شێخۆ، ڕەسووڵ گەردی، محەممەد عەزیز شاکر، خەلیل باکووری و جگەرخوێنی شاعیردا هەبوو. هونەرمەند لە درێژەی تەمەنی هونەری خۆیدا لە ئێزگەی کوردی نزیکەی (300) بەرهەمی پێشکەشی جیهانی هونەری کوردی کردووە. لە تەلەڤزیۆنیش نزیکەی (50) گۆرانی تۆمار کردوون. کە بابەتەکانی: سروشتی کوردستان، نیشتمانی، خۆشەویستی و ئەوینداری، کۆمەڵایەتی، فۆلکلۆری و لاوکی قارەمانێتی بەشی زۆری ناوەڕۆکی گۆرانی لە خۆ دەگرێت.
دیارترین گۆرانییەکانی کلیپی بۆ کردوون بریتین لە: (زەمبیل فرۆش) کە بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند گوڵبەهار ساڵی 1983 گوتوویەتی، هەڵبەست و ئاوازی فۆلکلۆرە، غازی فەیسەڵ و سەباح ئیبراهیم دەرهێنانیان بۆ کردووە. هەروەها گۆرانی (جیرانێ) کە هەڵبەستی خۆیەتی و تاریق فازڵ دەرهێنانی کلیپەکەی بۆ کردووە. هەروەها گۆرانی (عەردێ مە) هەڵبەستی خۆیەتی و سەباح ئیبراهیم دەرهێنانی بۆ کردووە.
لەلایەنی نیشتمانیشەوە خاوەن هەستێکی بەرز بووە و خۆشەویستیەکی قولی بۆ خاک و سروشتی کوردستان هەبووە، لەم ڕووەوەش سێ لاوکی بەهەستێکی پڕ لەئەحساسەوە گوتووە ئەوانیش: لاوکی (وەلاتێ مە کوردستانە.. جهێ عەگیدو خۆش مێرانە)، لاوکی (کوردۆ دینۆ)، لاوکی (کوردستانە ڕەنگینە.. تێدا مێرگ و کانینە). لەلایەنی ئەوینداریشەوە کۆمەڵێک بەرهەمی هەن؛ ناودارترینیان: لاوکەکانی (ئەسمەرێ و صالحێ نوری- 1966)، (خەجۆو سیابەند) و (زەمبیل فرۆش) نوێی کردوونەتەوە و بە شێوازێکی تایبەت زیندووی کردوونەتەوە. هەروەها لاوکی (مازی چنێ - 1970) لاوکی (شەمسی خانێ) و ئەوانە و چەندان بەرهەمی تری، کە لە پێگەی ئەلیکترۆنی (یوتیوب)ەوە بەردەستن.
ناوبانگیەکەی:
بەشێکی زۆری ناوبانگی هونەرمەند دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەشدارییە گەورەیەی، کە لە ساڵانی حەفتاکاندا لە ئاهەنگ و ڤیستیفالە هونەرییەکانی دەرەوەی وڵات‌دا بینیویەتی. لە ساڵی 1973 لەگەڵ هونەرمەندان محەممەد عارف جزیری و گوڵبەهار بۆ ڤیستیفالی بەیرووت دەچن، گۆرانی بۆ ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی لوبنان تۆمار دەکەن، ئاهەنگێکی هونەری گەورەشیان لە (سینەما ڕۆلێت) لەو وڵاتە تۆمار کرد. هەروەها لە ساڵی 1977 بە هەڵکەوتنی جەژنی نەورۆز لەگەڵ هونەرمەند گوڵبەهار دەچێتە ولاتی بەریتانیا و بە جلی کوردی و سازەکەیەوە بەشداری ڤیستیفالێکی لەندەنی کردووە. لە ساڵی 1978یشدا لەگەڵ تیپی (التراث العراقی) بە سەرۆکایەتی هونەرمەند و ئەدیبی گەورەی عێراقی «منیر بشیر» (موسڵ1930- 1997) دەچێتە هەر دوو وڵاتی فەرەنسا و نەمسا. ساڵی 1979 دەچێتە یۆنان و لەسەر داوای کۆمپانیایەکی هونەری لە شاری ئەسینا (6) کاسێتی گۆرانی پڕ دەکات. یەکەمین هونەرمەندی کوردە دەچێتە ئێزگەی (مونت کارلۆ) و گۆرانی دەڵێت. هەروەها وڵاتانی ئەڵمانیا، بولگاریا، هەنگاریا، ڕۆمانیا، ئیسپانیا و تورکیای سەردانکردووە و ئەزموونی هونەری ئەو وڵاتانەی بینیوە. لە هەموویان بەناوبانگتر ئەو ئاهەنگەیە بوو کە لە شاری نیس لەوڵاتی فەرەنسا ئەنجامی دا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە جەماوەر هەوادارانی ئامادەی ئاهەنگەکە بوون و لەلایەن بەڕێوەبەری هونەری شاری نیس خەڵات کراو میدالیایەکی زێڕ و کاسەیەکی پێ درا.
بەهۆی ئەو بەشدارییە گەورەیەی لە ئاهەنگ و کۆنسێرت و ڤیستیفالەکانی دەرەوەی وڵات‌دا هەیبووە، لەلایەن ئەدیبان و نووسەرانی بواری هونەری گۆرانی کوردی نازناوی «باڵیۆزی گۆرانی کوردی» پێدراوە.
ژیانی خێزانیی:
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ئه‌و گه‌نجه شۆخ و شه‌نگ و شیكپۆشه پۆشاكه كوردییه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی خۆی ، له‌ته‌مه‌نی (24) ساڵیدا ، واته ساڵی (1957) له‌گه‌ڵ كچه خاڵی خۆی ژیانی هاوسه‌رگیری پێك دێنێت و ده‌بنه خاوه‌نی (11) منداڵ، دوو كوڕ به ناوه‌كانی (كه‌ریم و حوسێن) و (9) كچ. هونەرمەند عیسا بەرواری تاوەکوو ساڵی 1990 لە ئێزگەی کوردی بەغدا کاری کرد، کۆمەڵێک بەرهەمی خۆی لەوێ تۆمار کردووە. لە ساڵی 2000دا بۆ حەجی ماڵی خودا دەچێت و دوای گەڕانەوەشی چیتر گۆرانی ناڵێت و تۆمارگەکەشی لە شاری مووسڵ دادەخات. لە ڕۆژی 19/7/ 2002 لە مووسڵ کۆچی دوایی کرد و له گۆڕستانی شاری مووسڵ بە خاک دەسپێررێت.
هونه‌رمه‌ند له‌دوای خۆی چه‌ند كه‌ل و په‌لێكی به‌نرخی له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا به‌ده‌ستی هێناوه‌و له‌گه‌ڵ سێ ئامێری ساز به‌جێ دێڵێ و ده‌بێته ئه‌رشیفی هونه‌رمه‌ند و به‌هایه‌كی پیرۆز بۆ خانه‌واده‌و منداڵه‌كانی، له‌ساڵی (2014) كه داعش شاری مووسڵی داگیر كرد، هه‌ڵئه‌كوتنه سه‌ر ماڵی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو عیسی به‌رواری، هه‌موو كه‌ل و په‌له به‌نرخه‌كانی هونه‌رمه‌ند ده‌به‌ن و ماڵی تاڵان و وێرانی ده‌كه‌ن.
ئامادە کردنی: دلێر ڕەفیق