مەولانا خالیدی نەقشبەندی
مەلا شێخ خالیدی شارەزووری ناسراو بە مەولانا خالید یا خالید بەغدادی لە 07-06-1779 لە دایکبووە.
لە 08-07-1827 کۆچی دوایی کردووە. کە نازناوی (ضیاءالدّین) و (ذی الجناحین)یشی ھەبووە، زانای ئاینی و سۆفی کورد بووە.
ئەو لە ھیندستان لای شا عەبدوڵڵا دیھلەوی فێری تەریقەتی نەقشبەندی دەبێ و دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و عێراق و پەرە بەو تەریقەتە دەدات و ڕێبازی خالیدی دادەمەزرێنێت.
لە یادی182 ساڵەی مەولانا خالید، لە27-04-2009دا دیدارێکی جیھانی لە سلێمانی بەڕێوە چوو.
بە فارسی و کوردی هۆنراوە و پەخشانی لێ بەجێ ماوە.
زۆربەی هۆنراوە کوردییەکانی بە گۆرانین، بەڵام پەخشان و هۆنراوەی سۆرانیشی ھەیە.
ژیان
مەرقەدی حەزرەتی مەولانا خالیدی شارەزوری نەقشبەندی - سوریا
مەولانا خالید کوڕی ئەحمەد ئاغا کوڕی حوسەینە و لە تیرەی جافی میکایلییە. دایکی ناوی فاتمەیە و لە سەییدەکانی پیر خدرییە.
لە ساڵی 1193ی کۆچیدا لە شارۆچکەی قەرەداغ لەدایک بووە و بە منداڵی ھەر لەوێ خوێندوویەتی. لە تەمەنی لاوێتییدا بە فەقێیەتی چووە بو سلێمانی و لەلایەن شێخ محەممەد قەسیمی سنەیی ئیجازەی وەرگرتوە. کاتێک سەیید عەبدولکەریمی بەرزنجی مامۆستای خۆی لە ساڵی 1213دا کۆچی دوایی دەکات، مەولانا بە فەرمانی عەبدولڕەحمان پاشای بابان لەجێی دادەمەزرێ و دەست دەکات بە دەرسگوتنەوە و ناوبانگ دەر دەکات.
لەو ماوەیەدا کە خەریکی تەدریس بووە، ھەمیشە موشتاق بووە مورشدێکی ڕۆحی بدوزێتەوە و تەسەوفی لێ وەربگرێت.
خوێندنی
لە قەرەداغ دەستی کردووە بە خوێندن.
لەلای چەندین زانا خوێندوویەتی لەوانەش :
- سەید عەبدولکەریم بەرزنجی
- شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی
- سەید عەبدولڕەحیم بەرزنجی
- مەلا ساڵحی تەڕەماری
- مەلا ئیبراھیمی بیارەیی
- مەلا جەلالی خورماڵی
- مەلا سیبغەتوڵڵای زیارەتی
- مەلا محەممەد ئیبن ئادەم بالەکی
- شێخ قەسیمی سنەیی مەردۆخی
- مەلا عەبدوڵڵای گەورە
پاشان دێتە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی عەزیز ئاغا دەست دەکات بە دەرسدانەوەی فەقێکان. دواتر دەچێتە مزگەوتی عەبدولڕەحمان پاشا کە ناوسراوە بە مزگەوتی بابا عەلی، ماوەیەکی زۆر لەوێ دەرس دەدات، پاشان ساڵی1805ی زایینی لە ڕێگای شامەوە دەچێت بۆ حەج.
مەولانا دەفەرموێ لەوێ بەدوای پیاوچاکان دەگەڕام تا گوێ لە ئامۆژگارییەکانیان بگرم، گەیشتم بەخزمەت شێخێکی یەمەنیی زانا و دانا، ئەویش چەند ئامۆژگارییەکی کردم. یەکێک لەوانە فەرمووی : لە مەککەدا ئینکاری مەکە لە شتێک کە بینیت ڕووکەشەکەی پێچەوانەی شەرعە. مەولانا دەفەرموێت کە گەیشتمە مەککە، ڕۆژی ھەینی چوومە حەرەمی مەککی، لەلای کەعبەی شەریفە دانیشتم و کتێبی دەلائیلم دەخوێند، پیاوێکی ڕیشڕەشم بینی کە جلێکی سادەی لەبەر بوو و پشتی دابوو بەسەر قەراغەکانی کەعبەدا و ڕووی کردبووە من؛ منیش لە ناو دڵی خۆمدا وتم «ئەم پیاوە ئەدەبی نییە لەگەڵ کەعبەدا.» ئەویش پێی وتم : «ئەی تۆ نازانی ڕێزی مرۆڤ و حورمەتی لای خودا گەورەترە لە حورمەتی کەعبە، ئیتر بۆچی ڕێگری لە پشتکردنم لە کەعبە و ڕووکردنم لە تۆ دەکەیت؟ ئایا گوێت لە ئامۆژگاریی خەڵکی مەدینە نەبووە؟» منیش گومانم لا نەما کە یەکێکە لە ئەولیا گەورەکان و بەم ڕەفتارانە خۆی شاردۆتەوە، دەستیم ماچ کرد و داوای لێبوردنم لێی کرد و داوام لێ کرد ڕێگای ڕاستم نیشان بدات. ئەویش بە دەستی ئاماژەی بۆ لای ھیندستان کرد و فەرمووی : «لەم شارەدا فەتحت بۆ ناکرێ، لەوێ فەتح و نیشانت بۆ دێت.»
پاشان دەگەڕێتەوە کوردستان و وەک جاران دەست بە دەرسدانەوە دەکات. ڕۆژێک موریدێک بەناوی «میرزا ڕەحیموڵڵا» ھاتە لای مەولانا و داوای لێ کرد بچێت بۆ ھیندوستان بۆ خزمەت شێخ عبداللھی دەلھی. پاشان مەولانا دەزانێت کە ئەمە ئەو نیشانەیەیە کە چاوەڕوانیی دەکرد و دەچێت بۆ ھیندوستان و کە شێخ عەبدوڵڵا دەیبینێت شیاوە، دەیکات بە خەلیفەی خۆی و فەرمانی گەڕانەوەی بۆ کوردستان دەدات.
پاشان دەگەڕێتەوە سلێمانی و خەڵک دێنە پێشوازیی. دوای ئەوە دەچێتە بەغداد و شەش مانگ لە مزگەوتی حەزرەتی شێخ عبدالقادری گەیلانی دەمێنیتەوە.
ساڵی 1811ی زاینی دەگەڕێتەوە سلێمانی و پاشان لەسەر فەرموودەی شێخ عەبدوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد و لەو مزگەوتە نیشتەجێ دەبێ کە ئێستا بە تەکیەی خالیدییە ناودەبرێ.
پاشان میر مەحموود پاشای بابان چووە بەغداد و داوای لە مەولانا کرد بگەڕێتەوە کوردستان؛ ئەویش ھاتەوە سلێمانی و میر مزگەوت و تەکیەی بۆ دروست کرد کە ئێستا بە خانەقای مەولانا خالید ناو دەبرێت. مەولانا خالید بە دامەزرێنەری تەریقەتی نەقشبەندی لە شاری سلێمانیدا دادەنرێت.
ھەرچەندە بەھۆی ھەڵەلێکتێگەیشتن ھەندێک کێشەی بچووک لەنێوان مەولانا خالیدی شارەزووریی نەقشبەندی و شێخ مارفی نۆدێی قادری ڕووی داوە، بەڵام دواتر بوون بە دۆستی یەکتر و تەبایی و ئاشتەوایی لەنێوانیان بەردەوامیی داوە و شێخ مارفی نۆدێ بە داوای لێبوردنەوە نامەی بۆ مەولانا خالید نووسیوە ((مێژووی ناودارانی کورد - 301))
پاشان لە سلێمانییەوە باری کرد بۆ بەغداد و لە تەکیەی خالیدییە خەریکی دەرس و فتوا بوو، ساڵی 1822ی زایینی چووە دیمەشق، لەوێ دەستی بە دەرسدانەوە و ئامۆژگاری کرد، پاشان زیارەتی قودسی کرد و پاشان دووبارە حەجی کرد و پاشان گەڕایەوە بۆ شام.
ھەندێ لە مورید و خەلیفە و فەقێکانی مەولانا:
شێخ عوسمان سیراج الدینی تەوێڵە مەلا عەبدوڵڵای جەلی کۆیی شێخ تاھیری بامەڕنێ سەید تەھای نەھری سەید عوبەیدوڵڵای نەھری شێخ عەباسی کەرکوکی شێخ ئیسماعیلی شێروانی شێخ موحەمەد سلێمانی شێخ فەتاحی ئاکرێ شێخ ئەحمەدی سەرداری سەرگەڵوویی
بەرهەمەکانی مەولانا :
- حاشیە لەسەر خەیالی و سەیلەکوتی شەرحی عەقائید
- العقد الجوھري , في الفرق بين كسبي الماتريدي و الأشعري
- شەرحی (أطباق الذھب)ی زەمەخشەری بە فارسی
- نامیلکەی (اداب المريد)
- نامیلکەی رابیطە
- نامیلکەی زیکری نەقشبەندی
- مەکتوباتی عەرەبی و فارسی
- فرائد الفوائد في العقائد
- حاشیە لەسەر (جمع الفوائد)
- حاشیە لەسەر شەرحی عەقائیدی (عضد)
- حاشیە لەسەر (نھاية المحتاج) لە فیقھی شافعی
- دیوانی شیعر
منداڵەکانی مەولانا :
- فاطمە (فاتمە).
- بھاء الدین (بەهائەدین).
- عبدالرحمن (عەبدولرەحمان).
- شھاب الدین(شەهابەدین).
- نجم الدین (نەجمەدین).
کۆچی دوایی
مەولانا لە شەوی ھەینی، 08-07-1827 (13ی مانگی «ذي القعدة»ی ساڵی 1243ی کۆچی) بەھۆی تووشبوون بە نەخۆشیی تاعوونەوە کۆچی دواییی کرد و لە گۆڕستانی کێوی قاسیۆن لە دیمەشق بەخاک سپێردرا کە لەوێ ناسراوە بە (زیارەتگای سەید خالیدی کوردی)، ساڵی 1842ی زایینی لەسەر فەرمانی خەلیفە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم گومبەز بۆ مەرقەدەکەی دروست کرا.
بابەتەپەیوستکراوەکان.