نالی

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٠:٠٧، ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «مەلا خدر (خضر) کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلی ناسراو بە نالی (١٨٠٠–١٨٥٦ز) بەردی بناغە و دامەزرێنەری خوێندنگەی شیعری بابان و لە یەکەمین و بەناوبانگترین شاعیرانی شێوەزاری کوردیی ناوەندییە. لە گوندی خاک و خۆڵ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاو...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

مەلا خدر (خضر) کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلی ناسراو بە نالی (١٨٠٠–١٨٥٦ز) بەردی بناغە و دامەزرێنەری خوێندنگەی شیعری بابان و لە یەکەمین و بەناوبانگترین شاعیرانی شێوەزاری کوردیی ناوەندییە.

لە گوندی خاک و خۆڵ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە. لە سەرەتاوە وردەپەرتووکی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر مۆڵەتی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندەھا شوێن وەک سنە و سابڵاخ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندویەتی. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی لێدەردەچێت، بێجگە لە زاراوەی دەیکی کە کوردی بووە فارسی و تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون.

مشت و مڕێکی زۆر ھەیە لەسەر لە دایکبوون و کۆچکردنی نالی لە نێو میژوونووسان و ڕۆشنبیرانی کورددا، ئەگەرچی لەلایەن مێژوونووسانەوە چەند ڕایەکی جیاواز خراونەتە ڕوو بەڵام ھیچیان دان بە ڕاستی لە دایکبوون و کۆچکردنی نالی دا نانێن بە بەڵگەوە، ھەر بۆیە تا ئێستاشی لەسەر بێت نەتوانراوە ڕۆژی لەدایکبوون و کۆچکردنی بە بەڵگەوە دەقیق دیاری بکرێت.

ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕاو سەرنجانەی نووسەرانی کورد ھەیانە لەسەر ھاتن و کۆچی نالی:

محەمەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێت: «نالی لە ساڵانی١٨٠٠–١٨٥٦ زایینیدا ژیاوھ». و مارف خەزنەدار و کەمال فوئادیش ھەر ھەمان مێژوویان دیاری کردوە.

عەلائەدین سەججادی دەڵێت: «لە ١٧٩٧ی زایینیدا ھاتوەتە دنیاوە و لە ١٨٥٥ دا کۆچی دوایی کردوھ».

ئەگەر بەپێی زۆرینەی لیکۆڵەڕەوان کار بکەین بێجگە لە عەلائەدین سەججادی دەتوانرێت بوترێت نالی ٥٦ ساڵ ژیاوە ھەر وەک زۆربەی لێکۆڵەرەوان لەسەر ئەم ڕایە کۆکن. تەنھا بەپێی بۆچوونەکەی عەلائەدین سەججادی نالی ٥٨ ساڵ ژیاوە.

ئەم جیاوازییەش وەکو سەرنجی بۆ دراوە قسەی مامۆستا عەلائەدین سەججادی لەلایەک و دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد لە لایەکی ترەوە دەربارەی تەمەنی و ساڵی لەدایکبوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیلھ، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی ١٢١٥ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی ١٧٩٧ی زایینیدا بەراوردکردووە. جا ئەگەر وەھا بێت، ئەوا وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی ئەفەرموون نالی ٥٨ ساڵ ژیاوە؛ بەڵام لە ڕۆژنامەکانی ڕۆژھەڵاتناسی ئەرمەنییی «وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی» دا ساڵی ١٢١٥ی کۆچی لەگەڵ ساڵی ١٨٠٠–١٨٠١ی زایینی بەرامبەر کراوە. بەپێی ئەمە وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەماڵ فوئاد لەسەری ڕۆیشتون، ساڵی لە دایکبوونی نالی دەکاتە ١٨٠٠ی زایینی و تەمەنیشی دەبێتە ٥٦ ساڵ.


لەوانەی باسکران ھیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایکبوون و کۆچی نالی دیاری بکەن؛ بەڵام ھەندێ شت ھەیە دەبنە ھۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی نالی و نزیکبوونەوە لە زانینی ساڵی لە دایکبوون و مردنی.

لە دیوانەکەی نالیدا ھاتووە کە تێیدا مامۆستا مەلا عەبدول کەریمی مودەڕڕیس دەڵێت «مەسەلەی دیاری کردنی ساڵی لە دایکبوون و مردنی کەسێک، شتێک نییە بنیادەم بتوانێ بە ئیجتیھاد بڕیاری بدا و، بە بەڵگەو نیشانەی مێژووی لەوە زیاترمان پی نەکرا کە تێکڕا ھەندێ لەو ساڵانە دیاری بکەین کە نالییان تیا ژیاوە؛ بەڵام بەڵگەی تریش بەدەستەوە ھەیە پێمان ئەسەلمێنێ کەوا نالی نە لە ساڵی ١٨٥٥ و نە لە ساڵی ١٨٥٦ مردووە و نە تەمەنیشی ٥٦ یا ٥٨ ساڵ بووە، جا خواە ئیتر لە ١٧٩٧ دا لە دایک بووبێ وەک عەلی موقبیل ئەڵێ یا لە ١٨٠٠ وەک ئەوانی تر ئەڵێن» ساڵی ٢٠١٧ د. ھێمن عومەر خۆشناو لە توێژینەوەکەیدا بەناوی «نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا» بە بەڵگە ئەوەی ڕوون کردەوە کە نالی لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ١٨٧٧ لە ئەستەنبوڵ کۆچی دوایی کردووە. گەلێ بەیتی نالی ھەیە وا دەگەیەنن نالی گەیشتووەتە تەمەنی پیرییەکی ڕاستەقینەو بێ ھێز بوون کە دیارە ئەوەش لە ٥٨ ساڵیدا پەیدا نابێ، وەک ئەمانە:

مووی سپی کردم بە شوشتن ئاوی عەینی شۆرە شەت.

بۆ مەمک نالی چ منداڵانە وەی وەی کردووە.

گەرچی مووی وەک شیرە، بەو شیرە شکۆفەی کردووە.

ئەی تازە جوان! پیرم و ئوفتادە و کەوتووم.

من پیرم و فانی.

ئەوەی کە گوتراوە ئەحمەد پاشای بابان لە ١٨٥٣ دا لە پاریس باسی نالی بۆ (خۆدزکۆ)ی شابەندەری ڕووسیا کردووە وادەگەیەنێ نالی لەو سەردەمەدا لە شام ژیاوە. چونکە شیعرەکەسی کە پاش تێکچوونی حوکمی بابانییەکان بۆ سالمی ناردووە بۆ سلێمانی، لە شامەوە ناردوویە. لە لایەکی کەشەوە ھەموو ئەوانەی مێژووی ژیانی نالییان خستووەتە سەر کاغەز باسی ئەوەیان کردووە کەوا نالی پاشان چووەتە ئستانبوول و لەوێ لەگەڵ ئەحمەد پاشای بابان ماوەیەکی دوور و درێژیان پێکەوە بەسەر بردووە.

جا سەرەڕای ئەوە کە لەوانەیە نالی ماوەیەکی زۆریش لە شام مابێتەوە ئەنجا چووبێتە ئستانبووڵ، ئەو ماوەی کەمتر لە دوو ساڵەی نێوان یەکتری دیتنی خۆدزکۆ و ئەحمەد پاشا و مردنی نالی لە ئستانبووڵ لە ١٨٥٥ دا کە دەڵێن لەو ساڵەدا لەوێ مردووە، بەپێی توانای ھاتوچۆی ئەو سەردەمە بە حاڵ بەشی تەنھا ڕۆیشتنیکی لەسەر خۆی ئەو چەرخە ئەکا، چ جێی ئەوەش ماوەیەکی دوور و درێژی لە ئستانبووڵ لەگەڵ ئەحمەد پاشا بەسەربردبێ.

نالی لە شیعرێکیا لە بەرابەری مەرقەدی پێغەمبەر ئیسلام دا دەڵێ: موددێکە کە ھەم گەردشی دەورانی سوپێھرم. واتە: دەمێک ئاوارەی نیشتمانم و دەسووڕێمەوە و ئێستا گەیشتوومەتە ئێرە. دەبێ ئەم دەمە چاند ساڵی خایاندبێ و ئەو ماوەیەی لە کوێ بەسەر بردبێ و کوێ گەڕابێ؟

لە شوێنێکی تردا ھاتووە. حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە باوکی (مەلای گەورەی کۆیە) گێڕاوییەتەوە و بێ گومان قسەیشی جێگای متمانەیە، کە وا لە ساڵی ١٢٨٨ی کۆچی. ١٨٧١–١٨٧٢ ی زایینی دا نالی لە مەککە دیوەو کە دیویشییە زۆر پیر بووە.