حاجی قادری کۆیی و ناسیۆنالیزم

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٥:٠١، ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «نووسینی: '''هۆشیار جەمال''' وێنۆک ناسیۆنالیزم Nationalism، به‌ مانای “میله‌تگه‌رایی، نه‌ته‌وه‌په‌رستی، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی دێت”. له‌ زمانی فڕه‌نساییدا وشه‌ی:Nasionalisme به‌كار ده‌برێ و له‌ وشه‌ی...»ەوە)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: هۆشیار جەمال

Haji qadir Koyi.jpg

ناسیۆنالیزم Nationalism، به‌ مانای “میله‌تگه‌رایی، نه‌ته‌وه‌په‌رستی، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی دێت”. له‌ زمانی فڕه‌نساییدا وشه‌ی:Nasionalisme به‌كار ده‌برێ و له‌ وشه‌ی لاتینی (nascor)ه‌وه‌ واته‌ “من هه‌م، له‌دایك بووم، هاتوومه‌ دنیا”وه‌ هاتووه‌.

فره‌ بۆچوونی جیاواز له‌باره‌ی مێژوو و ڕه‌چه‌ڵه‌ك و ڕیشه‌ی ناسیۆنالیزمه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌شێك له‌ شرۆڤه‌كارانی بواری نه‌ته‌وه‌، مێژووی ناسیۆنالیزم ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ژیان و كه‌ونارای كۆن، چونكه‌ له‌ سه‌ره‌تای زینده‌گییه‌وه‌ مرۆڤ هه‌وڵی مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی داوه‌ و فكره‌ی خاوه‌ندارییه‌تی هه‌بووه‌ و هه‌وڵی داوه‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی فراوان بكات.

ژماره‌یه‌كی تر له‌ شاره‌زایان، مێژووی ناسیۆنالیزم ده‌گێڕێنه‌وه‌ سه‌رده‌می ڕێنسانس و به‌تایبه‌ت دوای شۆڕشی فڕه‌نسا ساڵی (١٧٨٩) كه‌ گۆڕانكاری فراوان به‌سه‌ر دنیادا هات و سه‌ره‌تا و ده‌روازه‌یه‌كی گه‌ش بوو بۆ سازبوونی ده‌یان ده‌وڵه‌ت. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ ئه‌وروپا ناسیۆنالیزم و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ به‌رهه‌می مۆدێرنیته‌ی سیاسی ناو ده‌برێ. له‌دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له‌ ساڵی (١٩٩١) نه‌خشه‌ی سیاسی و جیۆگرافیی دنیا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و له‌ ئه‌نجامی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كێتییه‌، شه‌پۆلێكی تری دروستبوونی ده‌وڵه‌ت هاته‌ ئاراوه‌.

ئارنست گیڵنه‌ر له‌باره‌ی ناسیۆنالیزمه‌وه‌ باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ پره‌نسیپێكی سیاسییه‌، هه‌وڵی ئالووده‌كردن و پێكه‌وه‌ گونجاندنی یه‌كه‌ی سیاسی و یه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دا. هاوكات ناسیۆنالیزم توانای گۆڕین و داهێنان و دووباره‌ دروستكردنه‌وه‌ی كولتووری هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و كولتووره‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ پێشتر هه‌بووه‌، ئه‌وجا ده‌یگۆڕێت بۆ نه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌ندێ كاتدا ئه‌و كولتووره‌ چێ ده‌كا.

له‌م سه‌رده‌مه‌دا دنیا گڵۆبالیزمی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، بۆیه‌ ناسیۆنالیزم وه‌ك خه‌بات و به‌رخۆدان و ڕزگاربوونی ژێرده‌سته‌یی و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ژمار ده‌كرێ. دواجار كه‌سانی ناسیۆنالیست له‌ خه‌می دروستكردنی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆییدان، سه‌ربه‌خۆیی ناسنامه‌ و شوناس. ناسیۆنالیزم و ده‌وڵه‌ت، رۆڵی چاره‌نووسساز و كاریگه‌ریی به‌هێزی هه‌یه‌، له‌ ئاراسته‌كردنی ڕووداوه‌ جۆراوجۆره‌كانی دنیا، وابه‌سته‌ی ته‌واوی سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانه‌، زۆربه‌ی ڕووداو و پێشهاته‌ سیاسی و ئابووریییه‌كان ده‌ستی ناسیۆنالیزمیان به‌ركه‌وتووه‌.

ناسیۆنالیزم و ده‌وڵه‌ت، گرێدراوی یه‌كن. ناسیۆنالیزم گوزارشت له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كات و ده‌وڵه‌ت ئه‌نجامی ئه‌رێنی ناسیۆنالیزمه‌، واته‌ هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناسیۆنالیستی ئامانجی دروستكردنی ده‌وڵه‌ته‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجه‌ نه‌بوو، ناچێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌. ناسیۆنالیزم بیر و هه‌ست و ویستێكه‌ مرۆڤ به‌شێوه‌ی جیاواز و جۆراوجۆر ده‌یدركێنن، به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی شوناس و ناسنامه‌ی خۆی، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ وه‌ده‌ست دێ.

ناسیۆنالیزمی كوردی.

ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ناسیۆنالیزی كوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاعیری ناسیۆنالیست “ئه‌حمه‌دی خانی ١٦٥١-١٧٠٧”، ئه‌و به ‌یه‌كه‌م كورد ئه‌ژمار ده‌كرێ كه‌ له‌باره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و سازكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ ڕێی نووسین و شیعر و داستانه‌وه‌ دواوه‌ و له‌ داستانی “مه‌م و زین”دا ساڵی ١٦٩٥ نووسراوه له ‌ڕێی ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستی و جوانی و پاكی، هاوكاران و دژان، باسی سه‌رده‌می خراپی خۆی ده‌كات و وێنای ده‌وڵه‌ت دروستكردن نیشان ده‌دا، ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌ به‌ هه‌ستی ناسیۆنالیستی و كوردایه‌تیی و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه‌، ئه‌م داستانه‌ له‌ دوای ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دانی كوردان نووسراوە کە هەر زوو شاعیری گەورە حاجی قادری کۆیی لەم پەیامە ناسیۆنالیستەی ئەحمەدی خانی گەیشت.

حاجی قادری کۆیی کێ بوو؟

حاجی قادری کۆیی سەرکردەی شاعیرە نیشتمانپەروەرە کوردەکانە بەپێی گوزارشتی مێژوونوس ئەمین زەکی بەگ حاجی شاعیرێکی نیشتمانیی و بە پەرۆش بووە، لە سەدەی نۆزدەییەمدا ژیاوە و هەر لەم سەدەیەدا کۆچی دوایی کردووە. لەگەڵ بزوتنەوەی نەتەوەی کوردیدا ژیاوە لەسەرهەڵدانیەوە و بە ئازارەوە ڕوخانی میرنشینە کوردیەکانی بینیوە لەسەر دەستی عوسمانییەکاندا و توندکردنی تەوقی کۆیلایەتی لەگەردنی گەلەکەی، حاجی بە سەروەرییەکانی کوردەکاندا هەڵیداوە و بانگیکردون بۆ یەکگرتن و خۆرۆشنبیرکردن و چەکداربوون بە زانست و مەعریفە و چوونە ناو کۆشش و خەباتی شۆڕشگێرییەوە بۆ ڕزگارکردنی نیشتمان..

شیعرەکانی بەوە ناسراون کە هۆگری زۆریان پێوە دیارە بۆ کوردستان و خۆشەویستی قوڵی بۆ کوردەکان و گرنگیدانی بە زمانەکەی یەکێکی ترن لە لە خەسڵەتەکانی شیعرەکانی ئەم شاعیرە.

حاجی قادری کۆیی شاعیرێکی جەماوەری بوو بە زمانێکی سادە هۆنراوەی دەهۆنیەوە، گوزارشتی لە هیواو هەستەکانی جەماوەر و خواستەکانیان دەکرد بەرەو پێشکەوتن و ئازادی. عوسمانیەکان زۆربەی هەرە زۆری هۆنراوەکانیان سوتاند و ئەوەی کە ماوەتەوە زۆر خواست و ئارەزووی لەسەرە لەنێو کوردەکاندا.

حاجی قادر کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا ساڵحی کوڕی مەلا ئەحمەدی گەورەیه. ناوی دایکی فاتێ (فاتیمە) بووه. وەک خۆی لە شیعرێکیدا نووسیویەتی.

((باوکم ئەحمەد بوو ناوی فکرم دێت، خەڵقی لادێ بوو، دایکی من فاتێ))

لە نێوەندی وێژە و رۆشنبیری کوردیدا ئەوە باوە وشەی حاجی پێشناوی چوونە حەجی نییه، چونکە حەجی نەکردووه، ناوی قادر یا عەبدولقادر بووە و لە مانگی حاجییان لە دایکبووە لەبەر ئەوە لە منداڵییەوە بەحاجی قادر ناوبانگی دەرکردووه.

بۆچوونێک هەیە کە پێی وایە حاجی لە ساڵی (1816) لە گوندی گۆڕقەرەج لە دایکبووه، ئەم ئاوایییە کەوتۆتە خوارووی رۆژئاوای شاری کۆیە نزیک شوێنەواری گۆمەلاڵەی دۆڵی مۆردان.

بەڵام هەندێک سەرچاوەی تری ئەدەبی کوردی دەڵێن لە ساڵی (١٨١٥) لە کۆیە لە دایک بووە، بەڵام زۆربەی لێکۆڵەرانی ئەدەبی کوردی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی لە حاجی قادر لە ساڵێ (١٨١٧) لە دایک بووە.

حاجی زۆر منداڵ بووە کە باوکی مردووه. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا (فاتێی) دایکی ناویەتی بەرخوێندن. لە نەریتی ناو کوردەواری ئەوە باو بووە کوڕی تاقانە بە منداڵی باوکی کۆچی دوایی کردبێ دایکی دەیخستە بەرخوێندن. خوێندنی بەرایی حاجی لای مەلا ئەحمەدی ئۆمەر گونبەتی بووه. ئەمە خاڵۆزاری حاجی بوو. لە دوای دوو ساڵ فاتێی دایکیشی کۆچی دوایی دەکا. بەم جۆرە بێ کەس دەمێنێتەوە و مەلا ئەحمەد بەخێوی دەکا.

لە خوێندنی حوجرە تا گەیشتۆتە قۆناغی فەقێیەتی لە کۆیە بووه. لە هاوینی ساڵی (1853) لەگەڵ مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە وەک فەقێیێک بۆ خوێندن روو لە گوندی شێخ وەتمان لە ناوچە باڵەکایەتی دەکا. هەردووکیان دەبن بەفەقێی مەلا محەمەدی کاک عەبدوڵڵا. لە دوای ماوەیەک حاجی لە مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە جیا دەبێتەوە و بە تەنیا بەرەو شارەکانی سەردەشت و سابڵاغ (مەهاباد) و شنۆ دەکەوێتە رێ، بۆ ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ لەم شارانەدا دەمێنێتەوە تا پڕۆگرامەکانی خوێندنی حوجرە تەواو دەکا لە زانستییەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی. لە ساڵی (1862) مۆڵەتی دوازدە زانستی وەرگرتووە و بەڕێگای دەشتی لاجان و باڵەکایەتی گەڕاوەتەوە کۆیه.

ژیانی حاجی لە کۆیە ئاسان نەبووه، لەبەر ئەوە بەهیچ جۆرێ بۆی نەکراوە مەلایەتی بکا، یا خۆی نەیویستووە خەریکی پیشەی مەلایەتی بێ، هەروەها بێ ئۆقرەیی کاری لە ژیانی تایبەتی خۆی کردووە و بووە بەهۆی ئەوەی ژن نەهێنێ و خۆی نەخاتە ناو داوی خێزانی و تووشی بەخێوکردنی ماڵ و منداڵ نەبێ.

پێوەندی حاجی بەئاغا و کارەبەدەستانی سەرەوەی کۆمەڵی کۆیە بنەماڵەکانی حەوێزی (بەتایبەتی ئەختەر – ئەمین ئاغای شاعیر) هەروەها غەفووری و مەلاکان باش بوو، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە لە تیر و توانجی سیستەمی دەرەبەگی و بزووتنەوەی دەروێشیزم کە هەمیشە لە خزمەتی دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی بوون رزگاری ببێ. لێرەدا شێخ نەبی ماویلی رۆڵی گرنگی بووە لە بەربەرەکانی کردنی حاجی و تەنگەتاوکردنی تا ئەوەی وڵات بەجێ بێڵێ و ئاوارەی وڵاتان بێ. ئەم شێخ نەبی ماویلییە لە رواندز خوێندوویەتی و لەوێ ژیاوه. شێخی تەریقەتی نەقشبەندی بووه، ماڵی لە کۆیە بووه، ئامادە بووە هەرچی خراپە هەیە بیکا بۆ بەرژەوەندی خۆی ، بێ گومان هەڵوێستی کەسێکی وا بەرامبەر بە بلیمەت و راستگۆ و زیرەک و نیشتیمانپەروەر لەخۆبردوویێکی وەکو حاجی لە کاری خراپە بەولاوە بەرامبەری هیچی دیکە نابێ.

حاجی سەری خۆی هەڵدەگرێ و روو دەکاتە وڵاتی ئاوارەیی، لە ئەنجامدا لە ئەستەمووڵ نیشتەجێ دەبێت. لە کوردی دڵسۆزی هاو زمانی خۆی دەگەڕێ، هەندێکیان دەدۆزێتەوه، دیارترینی ئەو کوردانە بەشێک لە لە ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان پاشا دەبن.

حاجی لە ئەستەمووڵ وەکو جووتیارێکی دواکەوتووی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەمی کوردستان ناکەوێتە روو، هەروەها وەکو کۆلکە مەلایێکی مردووشۆر نابینرێ، بەڵکو وەک رۆشنبیرێکی شارەزا و هوشیار و دڵ و دەروون پڕ لە هێزی پێشکەوتن و شۆڕشی خۆی دەنواند. لەبەر ئەوە کۆمەڵی تازەپێشکەوتوو لە چاو کۆمەڵە دواکەوتووەکەی خۆی زیاتر رێی بۆ خۆش دەکرد شتی نوێ فێر ببێ. نزیکی ئەستەمووڵ لە ئەوروپا رێگەی بۆ حاجی خۆش کرد بینینی بەرامبەر بەئەوروپا فراوانتر بێ. ئۆتۆمۆبیل و شەمەندەفەری لەو وڵاتەدا چاو پێ کەوت. لە نزیکەوە رۆژنامە و گۆڤارەکانی وڵاتی عوسمانی دەخوێندەوه.

بناغەی بوونی حاجی بە ڕۆشنبیر و زانای هاوچەرخ و رامیاری و ستراتیجی و دانا لە کۆیە دەستی پێکرد، لە کوردستانەوە ئەم بیروڕا نوێیانە لە لا دروست بووبوون، بەڵام لە وڵاتی عوسمانی لەم لایەنەوە گەلێ شتی نوێ فێر بوو. حاجی کە پشتی لە وڵاتی خۆی کرد تەنیا شاعیر نەبوو، هەڵگری بیروباوەڕی نوێی دەرەوەی دوازدە زانستەکەی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی بوو، کۆمەڵی نوێ یاریدەی دا ئاسۆی بیروڕای مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی زیاتر فراوان ببێ رۆژگارانی ماوەی ژیانی حاجی لە وڵاتی عوسمانی زۆر ئاشکرا نییه، سەرچاوەی هەرە گرنگ بۆ روونکردنەوەی ژیانی حاجی هۆنراوەکانی خۆیەتی، چونکە تەنیا هۆنراوەی دڵداری نەوتووە بەڵکو چۆتە ناو ناخی ژیانی کۆمەڵایەتی نەتەوەکەیەوه، بێگومان ئەم جۆرە هۆنراوانە زانیاری زۆر بەدەستەوە دەدەن، لەبەر ئەوە پێویستە بایەخ بەم جۆرە بەرهەمەی شاعیر بدرێ.

حاجی قادری کۆیی کە لە ئەستەمبوڵ دەژیا ئاگاداری ژیانی نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان بوو، کە هەوڵیان دەدا لە پێناو ئازادی نەتەوەکەیاندا، لەم کاتەدا کە ئاوڕی لە نەتەوەکەی خۆی دایەوە بینی نەک بەرەو ئازادی ناچێت بەڵکو بەرەو ئەو میرنشینانەی کە هەشتی بوو بەرەو لە ناوچوون دەچوون وەک (میرەکانی بابان، سۆران، بادینان، میرنیشینەکانی باکوری کوردستان) هەر بۆیە حاجی قادری کۆیی تا وەکو نەچووبووە شاری ئەستەمبوڵ، بیروباوەڕی کوردایەتی تێدا گەشەی نەکردبوو، شیعری نەتەوەی و کۆمەڵایەتی دانەناوە، چونکە هیچ بەڵگەیەکی بڕوا پێکراو نیە کە حاجی پێش ئەستەمبوڵ شیعری نەتەوەی دانابێت.

شیعرەکانی حاجی قادر ئەگەر چی هەر لە قاڵبی کۆن نەهاتە دەرەوە بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ، جۆر و سۆز و بیرێکی نوێ بوون، حاجی دەستی لە باسی زوڵفی درێژ و چاوی بە خەو هەڵگرت و کەوتە هەوڵدان بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوەی کورد و کۆمەڵایەتی میللەتەکەی.

ئەم کارەی حاجیش ڕێچکە و ڕێبازێکی نوێ بوو لە دونیای شیعری نوێ کوردیدا خوڵقاند، چونکە ئەگەر شیعری نەتەوەی لە سەردەمێکی پێش حاجیش سەری هەڵدابێت، ئەوا وەک شیعرەکانی حاجی پێگەیشتوو نەبوون.

حاجی پێیوابووە هەمو سیستەمی عوسمانی کە ئەو بە “رۆم” ناوی دەبا، لەسەرەوە تا خواری ستەمکارو گەندەڵە.

لە شیعرەکانیدا هیچ پیرۆزییەک بۆ سوڵتان دانانێ. جارێ بە “گای بنە”و جارێکی تر بە “گەورەکەیان” ناوی ئەبا. ئەو بەبەرپرسی یەکەمی ستەم و دواکەوتن و خراپی کاروباری دەوڵەتەکە ئەزانێ.

حاجی ویستویەتی سوڵتان و سەڵتەنەتی عوسمانی لەبەر چاوی کورد ئەوە ناشیرین بکاو ئەوەندە دزێو پیشانیان بدا، هەموو کەس هەڵگەڕانەوە و شۆڕش و جیابوونەوەی لەو دەوڵەتە بەلاوە کارێکی ئاسایی بێ .حاجی بەپێچەوانەی هەموو ئەوانەوە کە سوڵتانیان بە خەلیفەی ئیسلام و دەوڵەتی عوسمانییان بە دەوڵەتی ئیسلام زانیوە، داکۆکیان لە هەموو کارە چاک و خراپ و لە هەموو جەنگ و شەڕەکانی بە “ئەرکی دینی” زانیوە. زنجیرەی سەڵتەنەت گوایا کە “واریسی شەرعی نەبەوین” بە “کەرمیز” ئەشوبهێنێ و وەزیرو کەلاو دەستو پێوەندەکانی بە کۆیلەی بتپەرستی و گەورەکەیان کە سوڵتانە –بەلای ئەوەوە- ئەوەندە بە خراپ ناسراوە، پێویست بە باسکردن ناکاو لەوبارەیەوە دەڵێت:

  • ئەم سەگانە کە لەلای ئێمە وەزیرو وکەلان
  • بێنە لای تۆ، بەخودا، نایکەیە گاوان و شوان
  • ئەمە کەرمیزە، دەڵێن واریسی شەرعی نەبەوین
  • هەمو عەبدی سەنەمن، باسی مەکە گەورەکەیان
  • هەر ئەدیبێک بوە، سا خوا لە دەمی ناوە بڵێ
  • دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان

حاجی وەزیرەکان و وەکیلەکانی دەوڵەتی عوسمانی بە گورگ و ڕەعیەت بە گەلە، ڕانە مەڕ، ڕادەی ستەمکاری ئەو سیستەمە سیاسیە دەرخا، هەروەها بەرتیلخۆری لە هەموو ئاستەکانی کارگێردا بە ڕادەیەک یەکەی زۆر بڵاوبۆتەوە، کاربەدەستان بە گشتی ستەم لە هەموو خەلک دەکەن.

هەروەها لە ناوچە کوردیەکان دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی میرنشینە کوردیەکان، دەسەڵاتی عوسمانی بە شێوەیەکی ناوەندی لە ئەستەمبووڵەوە کاربەدەستیان بۆ داناوە بۆ بەڕێوەبردنی جومگە سەرەکیەکانی کاروباری کارگێری، دارایی، سەربازی، دادوەری ، شارو د‌ێهاتەکانی کوردستان، تەنانەت کارمەندە بچووکەکانیش هەر لەوان بوون حاجی لە مبارەیەوە دەڵێت:

  • ئێستەکێ ئامیرانی کوردستان
  • هەر لە بۆتانەوە هەتا بابان
  • لەم هەتیوانەی مەکتەبن، یەکسەر
  • کوردەکان باردەکەن وەکو ماکەر

حاجی قادرو زمانی کوردی.

بە درێژای چەندین سەدە زمانی فارسی، لە سنوری چینەوە تا ئەستەمبوڵ زمانی ئەدەب و نوسینی فەرمی دەوڵەتەکان و نامە و نامەکاری نێوان وڵاتان تەنانەت نێوان خەڵک بووە. دەربارەی سەفەوی زمانی فارسی بەکارهێناوەو دەربارەی عوسمانیش تا ماوەیەکی درێژ لە کاروباری دەوڵەتی و دیپلۆماسیدا هەر زمانی فارسی بەکارهێناوە، لە پاڵ زمانی فارسیدا لە مزگەوتەکاندا و بۆ بابەت و کاروباری دینی زمانی عەرەبی بەکار هێناوە.

زمانی کوردی لەلایەن ئەمیرەکانی کوردەوە بەکار نەهێنراوە، نە لە نامەونامەکاری نێوان خۆیاندا نە لەنێوانی ئەمارەتەکان دا. هەروەها لە مزگەوتەکانی کوردستاندا هەر عەرەبی و فارسی فێری فەقێ و مەلاکان کراون.

گەلانی مسوڵمانی ناو دەوڵەتی ئێران، فارسی و گەلانی مسوڵمانی ناو دەوڵەتی عوسمانی فارسی و دوای ئەویش تورکیان بەکار هێناوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی هەستی نەتەوەیدا، پرسی بەکارهێنانی زمان لەلایەن گەلانی نەتورک و نەفارسەوە هاتۆتە کایەوە، لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا ، عەرەب نەیتوانیوە لە ڕێگەی دینەوە هەستی نەتەوەی عەرەب دژی تورک بجوڵێنێ.

مەسیحیەکان هەڵگری ئاڵای زیندوکردنەوەی زمانی عەرەبی و بەکارهێنانی بوون. زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی لە ئەستەمبوڵ و قاهیرە و بێروت دەرچون، خاوەن و نوسەرەکانی مەسیحی بوون.

زمان فاکتەرێکی سەرەکی پڕۆسەی نەتەوەسازی بووە، حاجی قادریش زمانی وەکو هەمان فاکتەری نەتەوەسازی کوردی ناسیوە، داوای بەکارهێنان و ناسینی کردووە، داوای لە شاعیر و نوسەری کورد کردووە بەکاری بهێنن و برەوەی پێ بدەن.

لە شیعرێکدا کە سەرەتاکەی بە هێرشێکی توند دەست پێ ئەکا، بۆ سەر ئەوانەی کوردن و زمانی کوردی نازانن، ئەڵێت:

  • ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی
  • موحقەق داکی حیزە و بابی زانی
  • وەرە با بۆت بکەم باسی نیهانی
  • تەفەنون خۆشە، گەر چاکی بزانی
  • سەڵاحەدین و نورەدینی کوردی
  • عەزیزانی جەزیر و موش و وانی
  • موهەلهەل، ئەردەشێر و دەیسەمی شێر
  • قوباد و باز و میری ئەردەڵانی
  • ئەمانە پاکیان کوردن، نیهایەت
  • لەبەر بێ دەفتەری ون بوون و فانی
  • کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز
  • بە کوردی گەر بنوسرایە زمانی
  • مەلا و شێخ و میر و پادشامان
  • هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی

هەرچۆنی بێ لە دوای تەمەنێکی درێژ زۆربەی ژیانی بۆ خۆی نالەباری بوو، بۆ نەتەوەی بەختیار بوو لە ئەستەمووڵ لە ساڵی (1897) کۆچی دواییکرد. وا باوە لە ئەستەمووڵ نێژراوه، بەڵام گۆڕی دیار نییه.

ساڵی مردنەکەی بە هۆی رۆژنامەی “کوردستان”وە زانرا کە لە ی قاهیرە دەردەچوو، لە ژمارە (3) 20ی مایسی 1898 بەهۆی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی حاجی هەواڵی مردنی و شیعرێکی حاجی قادر.

حاجی قادری کۆی و پەیامە ناسیونالیستییەکەی مەم و زین.

لەوانەیە یەکەم کەسێک کە دەرکی بە پەیامە ناسیونالیستییەکەی مەم و زین کردبێت شاعیری باشووری کوردستان، حاجی قادری کۆیی بووبێت. دەتوانیین بڵێین کە حاجی قادری کۆیی وەک کەسایەتییەکی سەرەکی، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هۆشیارییە نەتەوەییەکانی کورد هەم لە باکوور و هەم لە باشووری کوردستان هەبووە. حاجی قادر فەقێ بووە و لە حوجرەکانی پارچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا خوێندویەتی.

حاجی لەسەردەمی ئاڵوگۆرە گەورەکانی کوردستاندا ژیاوە و ئەو کاتەی کە دوایین ئەمارەتە کوردەکان بە دەستی دەوڵەتی عوسمانی لەناو بران، حاجی پیاوێکی جحێل بوو. دەبێ حاجی لە ئەزموونەکانی دەوڵەتی دواین حاکمی گەورەی سۆران، میر محەمەدی ڕەواندوزی بەناوبانگ (کە بە میرە کۆرە ناسراوە و لە ١٨١٤ تا ١٨٣٥ حکومەتی کردووە کە سەردەمێک دەسەڵاتی بەشێکی گەورەی ناوەند و باکووری کوردستانی بە دەستەوە بووە، شتی زۆر فێر بووبێت، هەروەها حاجی قادر دەبێت چیرۆکی زۆری دەربارەی دەسەڵات و دادپەروەری بەدرخان بەگی بۆتان کە لە دەیەی (١٨٤٠)خۆی بە تەواوی لە دەوڵەتی عوسمانی سەربەخۆ کرد و زۆربەی ڕۆژئاوا و ناوەندی کوردستانی هێنایە ژێر دەسەڵاتی خۆی لە زمانی ڕێبوارەکانەوە بیستبێت.

ئەم دواین دەسەڵاتدارە گەورە کوردانە کە چیرۆکی ڕەفتارەکانیان هێشتا لە لایەن چیرۆک بێژەکانەوە دەگوترێتەوە و داستانی ستایشکردنەکانیان وەک گۆرانی دەگوترێتەوە، دەبێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر حاجی قادری گەنج کردبێت، ڕەنگە هەرسهێنانی ئەم کوردە دەسەڵاتدارانە بەدەستی سوپای تەکوزمەندی (ڕێکوپێکی) عوسمانی و پشێوی و نائەمنی قۆناغی پاش ئەوە کە تێیدا عەشیرەتەکان لەگەڵ یەکدی بەردەوام لەگێرە و کێشەدا بوون هەستی ناسیونالیزمی ڕۆمانتیکی حاجی قادر و سۆز بۆ رابردووی فیودالی ئایدیالی خۆی وروژاندبێت.

حاجی قادر پاشان چوو بۆ ئیستانبول و لەوێ لەگەڵ بنەماڵە گەورە کوردەکاندا پەیوەندی گرت. حاجی بەهۆی ئەوەی مەلایەکی خوێندەوار و پیاوێکی ئەدیب بوو بنەماڵەی بەدرخان کردیان بە مامۆستای منداڵەکانیان.

وادیارە خودی حاجی کە ئەشراف زادە نەبوو، شانازی بە خزمەتکردن بەم بنەماڵە گەورانە کردووە. لەوانەیە لایەنە ناسیونالیستییەکانی شیعرەکانی حاجی، لە ئەنجامی ئەم تێکەڵاوییەی لەگەڵ بەدرخانییەکاندا دروست بووبێت.

لەلایەکی دیکەوە نەوە گەنجەکانی بەدرخانییەکانیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ناسیونالیزمی حاجی قادرەوە. بەوتەی قەناتێ کۆردۆ، لەڕێگەی بەدرخانییەکانەوە بوو کە خاجی قادری کۆیی بۆ یەکەمجار لەگەڵ ئەحمەدی خانی ئاشنا بووە.

پارچە شیعرێکی خودی حاجی قادر، کاریگەری خانی لەسەر حاجی بە ڕوونی نیشاندەدات و لە ڕاستیدا حاجی قادر بۆ ئەدەبیاتی سۆرانی بوو.

بەو کەسایەتییەی کە ئەحمەدی خانی لە ئەدەبیاتی کرمانجیدا هەیبوو، بوو بە پێشەنگێک کە نەوەی دواتری ناسیۆنالیستە کوردەکان ئیلهامیان لێ وەرگرت و شیعرەکانیان دەخوێندەوە بۆ ئەوەی هەست و سۆزی ناسیونالیستی خۆیان دەرببڕن. هەروەکو خانی، نوسین بە زمانی کوردی بۆ حاجی قادری کۆییش هەڵبژاردنێکی سیاسی بوو. حاجی دەڵێت “بێ ڕێزگرتن لەزمانی کوردی، نەتەوەی کورد لە کردەوەدا بوونی نییە چونکە کۆمەڵگەی کورد ڕابردووی خۆی نایەتە بیر.

حاجی قادری کۆیی تاسەی رابردووی کوردە و وەک سەردەمی زێڕینی مێژووی کورد ناو لە ئەمارەتەکان دەبات:

  • حاکم و میرەکانی کوردستان
  • هەر لە بۆتانەوە تا بابان
  • یەک بە یەک حافیزی شەریعەت بوون
  • سەید و شێخی قەوم و میللەت بوون
  • سەید و شێخەکان لە ترسی ئەوان
  • مونزەوی بوون و زاکیری ڕەحمان
  • ئەو کە فەوتان ریای ئەوان دەرکەوت
  • سەیری چۆن بوونە پوش و ئاگر و نەوت
  • یەکێ لەم لاوە ڕوو دەکاتە عەجەم
  • دووش لەولاوە دەبنە دوژمنی هەم
  • کوا والی سەنندوج، بەگزادەی ڕەواندوز
  • کوا حاکمی بابان، میری جەزیر و بۆتان
  • کوا ئەو دەمی کە کوردان ئازاد و سەربەخۆ بوون
  • سوڵتانی میلک و میللەت، خاوەنی جەیش و عیرفان

ئەگەری ئەوە زۆرە کە حاجی قادر ئەم شیعرانەی پاش خوێندنەوەی “مەم و زین” نوسیبێت چونکە مرۆڤ هەست بە کاریگەری ئەحمەدی خانی لەسەر حاجی دەکات: حاجی هەروەک خانی بە دەست ناکۆکی و بوونی ڕق و کینەی هەمیشەیی لەنێوان عەشیرەتە کوردەکاندا دەناڵێنێت و ئارەزوو دەکات پادشایەکی کورد سەر هەڵبدات. بەهەرحاڵ جیاوازییەک لە نێوان خانی و حاجی قادردا هەیە: ئەحمەدی خانی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە پادشا کوردە ئایدیالەکەی کە بتوانێت سەرجەم عەشیرەتان یەکبخات قەد بوونی نەبووە، بەڵام حاجی قادر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە میری کۆرە و بەدرخان بەگ (هەرچەند کە حاجی ناویان ناهێنێت) دوو نمونە لەم جۆرە پادشانە بوون.

هەرچەند کە دەکرێت “مەم و زین” وەک ڕەخنەیەک لە کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتی سەیر بکرێت، کە بە تایبەت میری جەزیرەی بۆتان دەورێکی زاڵمانەی تێدا بینیوە، حاجی قادر بە تەواوی ستایشی میرە کوردەکان دەکات.

من زۆر گومانم لەوەدا هەیە کە بتوانم بە نیسبەت ئەحمەدی خانی باسی ناسیۆنالیزم بکەم، بەڵام دەتوانم بە ڕوونی ناسیۆنالیزمێکی ڕۆمانتیک و ئایدیالیستێک لە حاجی قادری کۆییدا ببینم، حاجی قادر مەم و زین بە “کتێبی نەتەوەی ئێمە” (کتێبا میللەتێ مە) دادەنێت، کەوابوو ئێمە دەتوانین بڵێین کە لە گەلێ لە قۆناغە گرنگەکانی پێشکەوتنی بزوتنەوەی کورددا، “مەم و زین” دەورێکی گرنگی وەک سمبولێکی نەتەوەی بینیوە.

کۆچی حاجی قادر و ناسیۆنالیزم.

گرنگترین ڕۆشنبیرانی بزاوتی ناسیۆنالیزمی کوردیی ئەم قۆناغە حاجی قادری کۆییە (١٨١٧-١٨٩٧). حاجی قادر وەک هەندێک لە ڕۆشنبیرە ئاینییەکانی ناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ڕۆشنبیرێکی ئاینی ڕۆشنگەر بووە، ئەو دیدە ڕەخنەییەی دەربارەی ئاین و ڕۆڵی پیاوانی ئاین لە دنیای کوردیی سەدەی نۆزدەدا هەیبووە لە ساڵی (١٨٥٨)دا تووشی سەرهەڵگرتن و هەڵاتنی دەکات. حاجی لەم هەڵاتنەدا لە دەستی تورک یان عەرەب واتە لەدەستی دوژمنە ئەتنییەکانی کورد هەڵنایەت. بەڵکو لەدەستی ئەو نوخبە ئایینیە تەقلیدییە کوردییە هەڵدێت کە توانای قبوڵکردنی دیدی ڕەخنەی ئەم شاعیرە گرنگەیان نەبووە. کە هەڵیشدێت ڕادەکات بۆ ئەستەمبوڵی پایتەختی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بۆ شوێنێک گەر بە چاوی ئەمڕۆ تەماشای بکەین، پایتەخت و سەرزەمینی دەسەڵاتی تورکی بووە، نەک بۆ شوێنێکی دیکەی ژێر دەسەڵات و نفوزی نوخبەی ئاینی کوردی.

کۆچی حاجی قادر دەشێت بە حەجکردن بشوبهێنین، بەڵام نە بۆ مەکەی مەڵبەندی ئاین و قەداسەت، بەڵکو بۆ سەرزەمین و سەرچاوەی بیر و بۆچونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نوێ لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەدەی نۆزدەدا ئەستەمبوڵ، هەر لەم شارەدا حاجی قادر بە چەمکەکانی نەتەوە و دەوڵەتی نەتەوە ئاشنا ئەبێت. لە ئەستەمبوڵ حاجی دەبێتە مامۆستای مناڵەکانی خێزانی بەدرخانییەکان، ئەو مناڵانەی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا ڕۆڵێکی ئاشکرا لە بزاوتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا دەگێرن.

کۆچی حاجی قادری کۆیی بە پێچەوانەی ئەوروپییە کۆچکردوەکانەوە بۆ ئەمریکای لاتین، کە نەوەی دووهەمیان نیشتمانی ئەسڵی خۆیان لە یاد ئەکەن و لەمەنفادا نیشتمانێکی دیکە دروست دەکەن، ڕۆشنیرە کوردە کۆچکردوەکان لە مەنفادا زادگەی خۆیان نەک لەبیر ناکەن بەڵکو بە شێوەیەکی ڕۆمانسییانە وێنای دەکەن. ئەگەر شتێک هەبێت لە ئەدەبی ئێمەدا ناوی ڕۆمانسیەت بێت ئەوا زیاتر لەو پەیوەندییە عاتفییەدایە کە شاعیرانی کوردی بە نیشتمانەوە گرێداوە نەک لە وەسفی سروشت و گۆرانی ووتن بە خۆرئاوابووندا. بەشێکی گەورەی ئەو دنیا کولتورییەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە گەشەی خۆیدا دروستیئەکات ڕەگەکانی لە ناو ئەم بە ڕۆمانسیکردنەی نیشتیماندایە کە تەقلیدێکی بەهێزە لەئەدەبی کوردیدا.

مانا سیاسییەکانی چەمکی نەتەوە و چەمکی دەوڵەت کە لەو ڕۆژگارەدا بەشێک بووە لەو فەزا ڕۆشنبیرییەی لەناو کۆمەڵێک ڕۆشنبیردا لە ئەستەمبوڵ لەئارادا بووە، ئەو توانای بەراوردکارییەیە کە بەشێکە لە وشیاریی و فانتازیا و سایکۆلۆژیای هەموو کۆچکردوویەک. لە دۆخی حاجی قادردا ئەم مەسەلەیە بریتیبووە لە بەراوردکردنی ئەستەمبوڵ بە کۆیە. بەراوردکردنی مەنفایەکی پێشکەوتوو و کراوە بە زادگایەکی دواکەتوو و داخراو. بە بۆچونی من سایکۆلۆژیای کۆچ بەپلەی یەکەم سایکۆلۆژیای بەراوردکارییە و ئەوەی کۆچکردویەک هەم چێژی لێوەردەگرێت و هەم ئازاریشی ئەدات ئەو بەراوردکارییە بەردەوامەیە کە لەنێوان ئێرە و ئەوێ. مەنفا و نیشتیماندا دەیکات.

وەک ئاشکراشە لەپشتی هەموو دیدێکی ناسیۆنالیستییەوە جۆرێک لە بەراوردکردن هەیە و سایکۆلۆژیای بەراوردکردن تا ڕادەیەکی زۆر بەشێکی گەورەی سایکۆلۆژیای ناسیۆنالیزم پێک دەهێنێت.

نەتەوە خۆی چییە جگە لە بوونێکی تایبەت کە خۆی لەبەراوردکردن بە نەتەوەکانی دیکە وەک نەتەوەیەکی جیاواز وێنائەکات. حاجی قادر ئەو شاعیرەیە ئەم بەراوردکارییە بە دواهەمین پلەکانی خەونی مۆدێرنیزەکردنەوە گرێدەدات، مەبەست لەم خەونەش خەونی بنیادنانی دەوڵەتە. لەم خاڵەدا ماناکانی مەنفای حاجی قادر خۆی لە هەموو ئەو مانایانە جیادەکاتەوە کە مەنفای کوردی بەر لە مەنفای حاجی قادر هەڵیگرتبوون.

ئەوەی حاجی قادر لە ئاستی ئەدەب و فانتازیاکانی نوسیندا ئەنجامی ئەدات، عوبەیدوڵای نەهری هەوڵی پراکتیککردنی لەسەر ئەرزی واقیع ئەدات. وەک ئاشکرایە عوبەیدوڵای نەهری خۆشی سەر بەو گروپە ئاینییەیە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا دەیانەوێ بە ئاین کۆمەڵێک مانای نەتەویی ببەخشن، یان ئاین بە مانای نەتەویی بارگاویبکەن. لە نامەیەکدا کە عوبەیدوڵای نەهری لە ساڵی (1880)دا بۆ سەرۆکی قنسوڵی بریتانی ئەنوسێت ئەڵێت: (میلەتی کورد میلەتێکی جیاوازە، ئاینەکەیان جیایە لە ئاینی ئەوانیدیکە، هەروەها عورف و عادەتیشیان جیاوازە). (بەڕای ئۆڵسن ڕاپەڕینەکەی شێخی نەهری قۆناغی یەکەمی لەدایکبوونی وشیارییەکی نەتەوەیی گەورەترە و شێخ داوای سەربەخۆبوونی کوردستانی کردوە.

بە کورتی هەم ژیانی سیاسی لە ئەستەمبوڵی نیوەی دووهەمی سەدەی ڕابردوودا، هەم ژیانی حاجی قادر خۆی، وەک ڕۆشنبیرێک لە مەنفا، خەیاڵی حاجی بەرەو ئەو دنیا کولتووریی و سیاسیە دەبەن کە دەشێت بە خەیاڵی ناسیۆنالیزم ناوونوسیکەین، دنیایەک لە زۆر ڕووەوە بەتەواوی تازەبوو بە ئەدەب و ڕۆشنبیریی و واقیعی کوردی.

حاجی قادری کۆیی نەک هەر برەوی بە بیرە ناسیۆنالیستەکەی خۆیدا، بەڵکو جۆرێک لە ناسیۆنالیزمی سەردەمیانەی لەلا ئاوێتەوە بوو، لە دوای سەدەی نۆزەدەوە کوردانی تاراوگە ڕۆڵی گرنگیان دیوە لە گەشەکردن و خەمڵینی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. ئاشکرایە کە ڕۆڵی کوردی تاراوگە لە گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە کۆتای سەدەی نۆزدەوە زۆر گرنگ بووە. ناسیۆنالیزمی کوردی هاوشێوەی ناسیۆنالیزمەکانی تر لە ناوچەکە بەتەنیا بەرهەمی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ناوخۆی ئەو نەتەوانە نەبوە. بەڵکو لە دەرەوە هاتۆتە ناو کۆمەڵگای کوردییەوە. تەنیا لەڕێی گەیشتنی ئەمەوە بۆ ناو پەیکەری کۆمەڵایەتی و سیاسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە لەمە تێدەگەین. ناسیۆنالیزمی کوردی و پرۆسەی گەشەکردنی کورد وەک نەتەوە بەردەوامە. ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد نەتەوە نیە. هەر کەسێک ئەمە بڵێ هەڵەیەکی سیاسی و ئایدۆلۆژیای گەورە دەکات، لای من گوناحێکی گەورەیە. سەرەڕای ئەمە، ناسیۆنالیزمی کوردی کۆدەنگیەکی نیشتمانی بۆ دنیای دەرەوە بەخۆوە نەگرتوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ڕیشە کلتورییەکەی بۆ پێش هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە.

شیعرەکانی حاجی لە تاراوگە و کۆتایی ساڵەکانی ژیانی بە ڕوونی کاریگەری لەسەر سەرهەڵدان و گەشە سەندنی ناسیۆنالیزمی ئەوروپی و تورکی پێوە دیارە و ویستویەتی کوردش هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بدات.

  • تاڕێک نەکەون قابیلی ئەکراد
  • هەروا دەبنە خەرابە ئاباد
  • ئەنواعی میلەل بە گەورە و چووک
  • خەمڵیوە مەمالیکی وەک بووک

بە گشتی نووسەر و ڕەخنەگرانی ئەدەبی کوردی هەریەکە بە جۆرێک لە حاجی قادری کۆیی دواون، هەیە دەڵێت:” حاجی قادر بە پێشڕەوی کاروانی ئەو شاعیرە کوردانە دادەنێرت کە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانیان بۆ نەتەوەی کورد کێشاوە و شیعریان کردوە بە بەشێکی جودانەکراو لە خەباتی گەل و بە چەکوشەکەی ( کاوە) بۆ وردوخاشکردنی دووژمنان.”

حاجی ئەو ڕاستیەی بۆ ساغ ببووە کە دەردی کوشندەی نەتەوەی کورد دوژمنایەتی و یەکنەگرتنی دەستە و چین و سەرپاکی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیەتی، بۆ هەردەم هەستێکی نەتەوایەتی پیرۆز و خۆشەویستییەکی بەسۆزی بۆ نیشتمان و گەلەکەی بووە، ئەو هەستی خۆشەویستیەی بوون بوون بە سەرچاوەی ئەو هەموو شیعرە بەرزانەی کە چ ئەو کاتەو چ ئێستاش بە چرایەکی ڕێگا ڕوونکەرەوەی نەتەوەی کورد دادەنرێن و هەر ئەو هەست و خۆشەویستیەی بووە وای لێکردوە کە یەکێتی هەموو ڕوویەکی ژیانی میللەتی کوردی زۆرمەبەست بێت.

لیستی سەرچاوەکان.

١/ دیوانی حاجی قادری کۆیی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی سەردار حەمید میران و کەریم مستەفا شارەزا، بڵاوکراوەی(انتشارات)سنە، کوردستان، چاپی دووەم، ساڵی ٢٠١١.

٢/ مەریوان وریا قانع، ناسیۆنالیزم و سەفەر، چاپ و بڵاوکردنەوەی چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٥.

٣/ نەوشیروان مستەفا ئەمین، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، کتێبی دووەم، بەرگی یەکەم، الدار العربیە للوم_ ناشرون بیروت، لوبنان، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٣.

٤/ نەوشیروان مستەفا ئەمین، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، کتێبی یەکەم ، بەرگی سێیەم، چاپخانەی ژین، سلێمانی چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٩.

٥/ د، شۆرش حاجی، ناسیۆنالیزمی کوردی پەرچەکردار، چاپ و بەخشی ماد، شاری تاران، ئێران، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٨.

٦/ ناسیۆنالیزمی کورد و ڕوانگەی ڕۆژئاوا، وەرگێرانی وریا ڕەحمانی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١.

٧/ جەلال تاڵەبانی، کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەی کورد، بڵاوکار،کتێبخانەی جەمالی عەلی باپیر، سلێمانی

سەرچاوەی ئەلکترۆنی

١/ سایتی وشە، http://wishe.net/detailsWtar.aspx?NusarID=36&Jmare=385&fbclid=IwAR33A-R4h9aSzV_wnFNAIKJw1HhCHbiUIBjnzcjk