هێندێک بەڵگەی ساواک سەبارەت بە شەهادەتی سەرکردەی نەمر سولەیمان موعینی
نووسین و ئامادەکردنی: حەسەن قازی
هێندێک بەڵگەی ساواک سەبارەت بە شەهادەتی سەرکردەی نەمر سولەیمان موعینی
لە ساڵوەگەڕی شەهادەتی سولەیمان موعینی دا ٢٥- ی بانەمەڕی ١٣٤٧ ( ١٥ – مەی ١٩٦٨) هێندێک لە سەنەد و بەڵگەی ساواک مان کۆ کردوەتەوە. ئاشکرایە مەبەستی ساواک لەو کارە ناوزڕندان و هەر وەها لە ناوبردنی ئەو ڕۆڵە بەوەجەی گەلی کورد بووە . ئەو بەڵگەنامانە بەشێوەی چلونیوەچل لە کتێبی مەحمود نادری؛ 'حزب دمکرات کردستان ایران ، موسسە مطالعات و پژوهشهای سیاسی ، تهران زمستان ١٣٩٤ ' بڵاو کراونەتەوە.
لە یەکێک لەو سەنەدانە دا دەردەکەوێ کە محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی ڕاستەوخۆ فەرمانی گرتن و کوشتنی سولەیمان موعینی (فایق ئەمین ) و سەید عەبدوڵا ئیسحاقی (ئەحمەد تۆفیق) ی داوە و ڕای ئەسپاردووە هەڕەشە لە مەلا مستەفا بارزانی بکرێ کە ئەگەر ئەو ویستەی ڕێژیمی ئێران بەجێ نەهێنن ئێران سیاسەتی هاوکاری خۆی لەگەڵیان دەگۆڕێ.
بەڵگەیەکی گرینگی دیکە دەقی لێپرسینەوەیە لە سولیمانی موعینی لە زیندانی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق دا و وەرگێڕانی بە فارسی و ناردنی بۆ ساواک . لێرە دا سەنەدەکان نەک بە پێی تاریخ بەڵکوو بە گوێرەی ئەو ڕیزەی لە کتێبەکە دا هاتوون دەخەینە بەر چاو لەگەڵ وەرگێڕانیان بە کوردیی سۆرانی . ئاگاداری لە مێژوو و لێ فێر بوون لە ئەزموونەکان مەرجێکی پێویستە بۆ دووپاتە نەبوونەوەی تراژێدی لە داهاتوو دا .
حەسەن قازی ١٤- ی مەی ٢٠٢٠
بەڵگەی ١
تاج و شێر و شمشێر وخورشید
سەرۆکوەزیرایەتی
سازمانی ئیتلاعات و ئەمنیەتی ووڵات
مۆری زۆر نهێنی
ژمارە ٥٠١٥٤ / ٢٣٢
بەروار ٥/ ٦ / ١٣٤٦ [ ٢٧ / ٨ / ١٩٦٧ ]
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئێدارەی سێیەم
لە ووڵامی ژمارە ٢٦٨٦٦ / ٣١٤ - ١٤ / ٥ / ١٣٤٦ [ ٥ / ٨ / ١٩٦٧ ]
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کران:
سولەیمانی موعینی لە لایەن خۆی و ئەو کەسانەی لەگەڵنی پەیامی ناردووە بۆ شەفیق ئاغا نوێنەری مەلا مستەفا لە ئوستانی سلێمانی کە ناوبراو لای مەلا مستەفا شەفاعەت بکا کە لەوان خۆش بێ بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە کوردستانی عێڕاق و بەرعۆدە بووە بێتوو داوخوازی لێخۆشبوونی قەبووڵ بکرێ دەست ناداتە هیچ جۆرە چالاکی حیزبی و کردەوەی دژی بەرژەوەندییەکانی ووڵاتی شاهەنشاهی ئێران.
بەڕێوەبەری گشتی ئیدارەی دووەم – فەرازیان
ئیمزا
مۆری زۆرنهێنی
بەڵگەی ٢
زۆر نهێنی
کەڵەکەبەندی پارێزراوە
بەرگی خەبەر
سەرۆکایەتی سازمانی ئیتیلاعات و ئەمنییەتی ووڵات
لە لایەن سازمانی ئیتیلاعات و دژی ئیتیلاعاتی ئەڕتەشی شاهەنشاهی
ژمارە ١٧٦ – ١/٢/ ٠٢ – ٥٠١ / ئەلف ١٨
وەرگران فەرماندەیی ژآندارمەری گشت ووڵات
سەرۆکایەتی ئیدارەی دووەمی ستادی گەورەی ئەڕتەشتاران
بەروار ٢٧ / ٦ / ١٣٤٦ [ ١٨ / ٩ / ١٩٦٧ ]
ماوەیەک لەمەوبەر سولەیمان موعینی و هاوڕێیانی چوونەتە ماڵی حاجی ئەحمەد کوێخای دێی گڵێنەی سەردەشت و دەستدرێژیان کردووە بە نیسبەت ماڵ و نامووسی کوێخای ناوبراو و ئەو پەڕی بێ عیفەتیان کردووە لە ئاکامدا ناوبراو زۆر شەمزاوە و توورە بووە و چەندین جار چووەتە لای پۆلیس و سەربازخانەی ئەوێ و داوای کردووە کە بە مەبەستی پاراستنی ماڵ و نامۆسی چەکێک بدرێ بە ناوبراو . لە ڕێگای ئەڕتەشی یەکەمەوە بە لەشکرەکانی ٣و ٤ و مەڵبەندی ژاندارمەری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستوور درا کە بۆ پێشگیری و لەناو بردنی تاکوتەرای دەستدرێژکەر و دارودەستەی سولەیمانی موعینی هەنگاوی خێرا هەڵبهێندرێتەوە مۆر
٢٩ / ٦ / ١٣٤٦
زۆر نهێنی
هەڵسەنگاندنی خەبەر: دەکرێ تا ڕادەیەک متمانە بکرێ بە دروستی خەبەرەکە.
خەبەری سەرەوە تا ئێستا لە لایەن سەرچاوەیەکی دیکەوە لەدووی نەدراوە بەڵام واوێدەچێ ڕاست بێ،
بەڵگەی ٣
مۆری نهێنی کەڵەکە بەندی پاراستنی ڕاپۆرتی خەبەر نوسخەی ژمارەیەک لە ناو شەش نوسخە ١-بۆ ٣٢٤ ٢- لە ١٣ وە ٣-ژمارەی ڕاپۆرت ٤٩٩١ ٤-بەرواری ڕاپۆرت ١٤ / ٨ / ١٣٤٦ [ ٥ / ١٢ / ١٩٦٧ ] ٥-پەیوەست - ٦-وەرگرانی خەبەر – ٧-سەرچاوە: ١٠٣٨ ٨-مەنشەء: ئەحمەد ئەورازی ٩-بەرواری ڕوودان – ١٠-بەرواری گەیشتنی خەبەر بە سەرچاوە ١٤/ ٨ / ١٣٤٦ ١١-بەرواری گەێستنی خەبەر بە ڕێبەری عەمەلیاتی ناوچە ١٤ / ٨ / ١٣٤٦ ١٢-تێبینی پاراستنی
بابەت : بڵاوە کردنی گرووپی سولەیمان موعینی
چاردە نەفەر لە هاوکارانی سولەیمان موعینی لەبەر ژیان لە چیایان خۆڕاگری خۆیان لە دەست داوە و لە سولەیمان جوێ بوونەتەوە و ئێستا لە مەهاباد لە ماڵی خزمەکانیان خۆیان شاردووەتەوە بەڵام سولەیان هەڕەشەی لێ کردوون بێتوو لەگەڵی نەکەون بە ناچار نێو و نێونیشانیان دەدرکێنێ تا لە لایەن مەئموورانی دەوڵەتەوە بگترێن و زیندانی بکرێن.
تێبینییەکان
بۆچوونی سەرچاوە ، لەوانەیە ئەو قسانەی سەرەوە ڕاست بن
بۆچوونی ڕێبەری عەمەلییات. لەو بارەیەوە لە سەرچاوەکانی دیکەوە زانیاری نەهاتووە لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
مۆری نهینی
بەڵگەی ٤
تاج و شێر و شمشێر و خورشید
سەرۆکوەزیرایەتی
سازمانی ئیتیلاعات و ئەمنییەتی ووڵات
ڕاپۆڕت
نهێنی
لە ٣١٤ وە
بەروار ١١ / ١٠ / ١٣٤٦ [ ١ / ١ / ١٩٦٨ ]
سەبارەت بە: مەلا مستەفا بارزانی
مەبەست: پێ گەیاندی فەرمانە موبارەکەکانی شایانە
پێشینە،لە شوورای تەنسیق لە بەرواری ١١ / ١٠ / ١٣٤٦ [ ١ / ١/ ١٩٦٨ ] دا رەدەی ١-ی ناوند تیمساری فەرماندەیی ژاندارمەری گشت ووڵات لە گەڵ هێنانە گۆڕی هێندێک بابەت سەبارەت بە هاوکاری نەکردنی ئەڕتەش و ساواک لەگەڵ ژاندارمەری کە بە باوەڕی بەڕێزیان نەتیجەکەی بووەتە هۆی پێش نەکەوتنی چالاکییەکانی دەستە ڕاونەرەکان بۆ لە ناو بردنی سولەیمانی موعینی و هاوکارەکانی ئاماژەی کرد بە پشتیوانی مەعنەوی مەلا مستەفا بارزانی لەو گرووپە و لێی زیاد کرد کە بە پێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوون دڵنیایە کە مەلا هەر کاتێک بییەوێ دەتوانێ ئەوان لە ناو خاکی عێڕاق دا سەرکوت بکا ، بە پێی ڕاگەیاندنی ژەنەرالی ئاجودانی خاوەن شکۆی هومایوون شاهەنشای ئاریا مێهر ( نامەی ژمارە ٦٢٠/ ژ ١٦/١٠/١٣٤٦ ) و پڕۆتۆکۆلی ڕۆژەوی شووڕای تەنسیق ( ٥٥ – ١١ / ١٠/ ٤٦ ) ڕەدەی یەکەم بە شەرەفعەرزی شایانە گەیشت و فەرمانی شیاوی سەروەبەرهێنانی شایانە سەبارەت بە هەڵاتووە ئێرانییەکان بەم شێوەی شەڕەفی دەرچوونی پەیدا کرد: سازمانی ئەمنییەت بە مەلا مستەفا ئیبلاغ بکا کە هەڵاتووە ئێرانییەکان وەکوو سولەیمانی موعینی ناسراو بە فاییق و عەبدوڵا ئیسحاقی ناسراو بە ئەحمەد تۆفیق و لایەنگر و پێڕۆیەکانی دیکەیان کە خەریکی شەرارەتن هەر چی زووتر بیانگرێ و تەحویلمان بدا دەنا ئەگەر ئەوە نەکا لەمەو دوا نیسبەت بە قسەکانی و هەنگاوەکانی وی باوەڕییەک لە گۆڕی دا نابێ.
ئێستا بە عەرز کردنی بابەتەکانی سەرەوە و ئەو نامەیەی کە لە ژەنەڕال ئاجودانی خاوەن شکۆی هومایوون شاهەنشای ئاریامێهرەوە هاتووە و هەر وەها پڕۆتۆکۆلی ڕۆژەوی بەرواری ١١ / ١- / ١٣٤٦ ی شووڕای تەنسیق ی ڕەدەی یەکی ناوند بە مەبەستی ئاگاداری زیاتر بە پەیوەست پێشکێش دەکرێ ، هەر وەها بابەتەکە بە ئیدارەی گشتی دووهەمیش ياگەێێندراوە سەرۆکی بەشی ٣١٤ موبینی
سەرۆکی ئیدارەی یەکەمی عەمەلیات و هەڵسەنگاندن . سابیتی
بەڕێوەبەری گشتی ئیدارەی سێیەم ، موقەدەم
نهێنی
سەرۆکایەتی
١-ئەم کەسانەی کە ئەمساڵ بە وەسیلەی بارزانییەکان گیراون و تەحویل دراونەتەوە بە ناو وناونیشانیانەوە [...] دەکرێ،
٢-سەبارەت بە گرتنی سولەیمانی موعینی پێشتر تێلگراف ناردراوە ١٢ / ١٠ / ١٣٤٦ [ ٢ / ١ / ١٩٦٨]
بەڵگەی ٥
ئیفادەی تاوان خراوە پاڵ فائق ئەمین
پ-بۆچی یاغی بووت و ڕات کردە ئێران بۆ ئاژاوە نانەوە کێ هانی دایت
و-کەس هانی نەداوم ، بەڵام هەواڵم زانی کە سەرۆک بارزانی تەحویل مان دەداتەوە بە ئێران لەناچاریدا ڕام کرد وە بۆ هیچ ئاژاوەیەک نەچوومەتە ئێران
پ-عیلاقەت بە مراد شیرێژەوە هیچ جۆرە عیلاقەت هەیە.
و-هیچ جورە عیلاوەیەکم نیە
پ-چەند جارت دیوە لەو دیو
و- دوو جار
پ-باسی چیتان کرد لەو بینینە
و- باسی تەنزیم کردنمان کرد هەرچەند ووتی من سیاسی نیم بەڵام وەعدی دا کە تەعاون مان لەگەڵ بکات.
پ-قوەتی ئێوە چەندە و هی ئەو چەندە
و-قوەتی ئێمە ٨٥ نەفەرە و نزیکەی ٢٥ نەفەر لەگەڵ ئەوە
پ-قوەتی ئێوە ئێستا لە کوێیە و کێ قیادەیان دەکات
و- قوەتی ئێمە بڵاوە ، هەر چوار پێنج نەفەر جیا جیا دەگەڕێن لە ناوچەی مەنگوڕ – وە هەر وەها لە ناوچەی خانە تا شنۆیە . و محەمەدەمین سیڕاجی سەرۆکیانە ئێستا.
پ-بۆچی لە جەریدەکەتان هێرشتان بردە سەر شۆڕش و سەرکردایەتی شۆڕش و ئیتیهام تان کردین بەوەی کە ئێمە بە رابەی ئێران دەچین بە ڕێگاوە و مەنتەقەمان تەسلیم کردۆتەوە.
و-ئەو جەریدەیە ئێمە دەرمان نەکردووە، بەڵکوو قادر شەریف دەری کردووە بە ئەمری جاشان
پ-تا ئێستا چەند چوویتە بەغدا وە ئیتیسالت بە کێ کردووە
و- دوو جار چوومە بەغدا وە لەوێ ئیتیسالم کرد بە کەریمی حیسامی کە لە پەیکی ئێران ئیشی دەکرد هەر وەها بە نوێنەرێکی حیزبی توودە و نوێنەرێکی حیزبی شیوعی حێڕاق و باسی تەعاون مان کرد لە نێوان ئەم سێ حیزبە.
پ-ڕای نوێنەری حیزبی شیوعی عێڕاقی چی بوو
و-ڕای ئەوە بوو کە هیچ ئاژاوەیەک نەنێینەوە لە ئێران تا بزانن مەوقیفی شۆڕش لێرە چی لێ دێت.
پ-ڕای خۆتان و حیزبی توودە چی بوو
و-هەڵبەتە ئاشکرایە ئێمە موخالیفی نیزامی ئێرانین
پ-ئایا تۆ وەک کوردێک نازانیت هەموو ئاژاوەیەک لە ئێران بە دژی مەسڵەحەتی کورد و شۆڕش دەبرێتەوە
و-بەڵێ دەزانم
هەندێ شت
-لە قسەکانیدا ووتی شێخ لطیف زۆر راءی باشە و حەزی بە یەک کەوتنەوەمان دەکرد
-لێم پرسی کەی هات بۆ لای شێخ لطیف جاشەکان کە هاتەوە لە بغداد وە گوتی لە وێ بووین.
ووتی من لە دیوێکی تر بووم دوور نیە کە هاتبن بەڵام من کەسم نەدیوە.
-ڵیم پرسی ئایا لە مصلحەتی کورد و شۆڕشە ئێوە بچنە ئەو دیو ئاژاوە بنێنەوە ، لە وەڵامدا ووتی نەخێر – ووتم ئەی بۆچی ئەتان کرد ووتی لە ترسی ئەوەی تەسلیمی اێراننمان بکەنەوە ڕامان کرد.
-بە تەواوی انکاری ئەوەی کرد کە عیلاقەی هەبێت بە میری و جاشەوە
-لێم پرسی باشە ملا ابوبکرە شەلە چی دەکات لە کوێستانی پشت بارەی گەورە دعایە دەکات دژی شۆڕش و عیلاقەی بە فرقەی ( ٥) هەیە ووتی عیلاقەی بە ئێمەوە نیە وە بە انسانێکی پیسی ازانین.
-ووتم پێش ڕۆیشتنتان بۆ ئەو دیو ئێمە تەنها بۆ ئەوە بانگمان دەکردن کە نشاطتان نەبێت دژی ایران .. چونکە پەناهەندە بوون و وە لە هەموو دنیا پەناهەندە کە حکومەتێک قبووڵی کرد نابێت چالاکی بنوێنێت دژی ئەو ووڵاتەی کي لێی ڕای کردووە، بێجگەلەوەی کە ئێران لوتفی هەیە لە سەر ئێمە و مەسەلەی ئێمە . و ووتی تازە دەست دەرچوو.
-ووتم دڵنیام کە زۆرت شت پێ یە ئیتر خواحافیزت بێت بەڵام بە ڕوو سووری ناچیتە قاپی خودا
ئیمزا
وەرگێڕانی فارسی : لە دەقە ڕا دەردەکەوێ ئەو کەسەی لێپرسینەوەی لەگەڵ فایق ئەمین کردووە، فارسی باش نەزانیو
.................
بەڵگەی ٦
نهێنی
کووژرانی سولەیمان موعینی ڕێبەری هەڵاتووی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بە دەست سەرهەڵداوانی کوردیی عێڕاقی سولەیمانی موعینی کە لە مانگی بانەمەڕی ١٣٤٦ [ ئاوریلی ١٩٦٧] لە ژێر هێندێک هەڵومەرج دا هاتە ناو ئێران (ناوچەی سەردەشت گرێدراوی ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ) و بە هاوکاری کەسانی پێرۆی خۆی دەستی کردبوو بە نانەوەی هێندێک ئالۆزی و نا ئەمنی نزیکەی چوار مانگ لەمەوبەر بە مەبەستی نەتیجە وەرگرتنی کاریگەر لەو حەولانەی کە دابووی چووە عێڕاق و بە کەلک وەرگرتن لە پشتیوانی سیاسەتەکانی دژی ئێران لە بەرواری ١٩/٢/ ١٣٤٧ [ ٩ / ٥ / ١٩٦٨ ] لە کاتێکدا لەگەڵ کەسێکی دیکە لە کەسایەتییە بە نفووزەکانی حیزب بە ناوی خەلیل مستەفا زادە بۆ پێک هێنانی کۆنفڕانسێک بە بەشداری سەرانی دیکەی هەڵاتووی حیزب و بڕیار دان لە مەڕ چالاکییەکانی داهاتوو خەریک بوو بەرەو ئێران بێ لە دەور و بەری شاری چوارتا گرێدراوی ئوستانی سلێمانی عێراق لە لایەن سەرهەڵداوانی کوردی عێراقییەوە دەناسرێنەوە و دەی گرێن . ئەو هەنگاوانەی نراونەتەوە: ١-ساواک پێشتر ئاگای لێ بوو لە جەرەیانی جووڵەی سولەیمانی موعینی و ڕێبازی پێدا چوونی ناوبراو و ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون و ئامادەکارییەکی ئەوتۆ کرا بوو تا لە شوێنی کۆنکرێت دەست بکەن گرتنی ناوبراوان بەڵام لەبەر ئەوەی تووش بوونی سولەیمانی موعینی و هەڵسووڕراوانی سەرهەڵدان لەپڕ و چاوەڕاونکراو نەبوو بۆیە بە ئاگاداری لە جەریانی گیرانی وی داوا لە کاربەدەستانی سەرهەڵدان کرا تا ئەو نەفەرەی باس کراوە هەرچی زووتر تەحویل بدەن.
٢-بە پێی ڕاگەیاندنی سەرانی سەرهەڵدان لەبەر ئەوەی موعینی و ئەو کەسەی لە گەڵی بوو تەمای هەڵاتنیان/...
نهێنی
تێبینی : ئەو بەڵگەیە ناتەواوە و هەر وەک خۆی لە کتێبی مەحموود نادری وەرگیراوە.