محەمەد حاجی وەلی

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٠:٤٥، ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «ئامادەکردن و نووسینی: مامۆستا عەلی پەرلەمان وێنۆک پێشمەرگەو تێکۆشەری دێرینی کوردایەتی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی گەرمیان پیاوێكی كه‌ڵگه‌ت، سیما سپی، قۆز، شیكپۆش، هه‌ر له‌ بڕنه‌وی دارشووشه‌ ده‌چی.. چۆن بڕنه‌وی دارشووشه‌ی ئه‌ڵم...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

ئامادەکردن و نووسینی: مامۆستا عەلی پەرلەمان

422921605 .jpg

پێشمەرگەو تێکۆشەری دێرینی کوردایەتی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی گەرمیان

پیاوێكی كه‌ڵگه‌ت، سیما سپی، قۆز، شیكپۆش، هه‌ر له‌ بڕنه‌وی دارشووشه‌ ده‌چی.. چۆن بڕنه‌وی دارشووشه‌ی ئه‌ڵمانی ژماره‌ 17 له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا له‌ڕووی جوانی و نیشانه‌ ئه‌نگاوتن و له‌دووره‌وه‌ پێكان باوبوو، كاكه‌ حه‌مه‌ی وه‌لیش ئاوا له‌ناو شۆڕش و له‌ناو خه‌ڵكیشدا جوانخاس، به‌هه‌ڵوێست، به‌په‌رۆشی كوردایه‌تی بوو.

ئه‌و له‌ گوندی جڵه‌وگیره‌ی ناوچه‌ی عه‌للایی خانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات ساڵی 1932 پێینایه‌ناو كه‌لاوه‌كانی ژیانه‌وه‌.. دواتر ماڵباته‌كه‌یان له‌و زێده‌ نامێنن و رووده‌كه‌نه‌وه‌ كوردستانی باشوور و له‌ گوندی حه‌وشكوڕوودا بنه‌وبارگه‌ ده‌خه‌ن.

كه‌ سته‌می داگیركه‌ر هه‌بی و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ چاره‌نووس بكری، خه‌ڵكیی ده‌سته‌وه‌ستان نابن، به‌ڵكو توێشووی گه‌شتێك هه‌ڵده‌گرن و له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی و حیزبایه‌تیدا هه‌وارێك ئاوه‌دانده‌كه‌نه‌وه‌.. حه‌مه‌ی وه‌لی له‌ 26 ساڵیدا په‌یوه‌ستده‌بی به‌ رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌.. ئه‌و ده‌مه‌ عێراق كه‌وتبووه‌ دۆخێكی وه‌رچه‌رخانه‌وه‌، رژێمی كۆماری راگه‌یه‌نرابوو، په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ڕووی ئازادی و ژیانێكی نوێدا كرابووه‌وه‌، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند بۆ كورد بووه‌ شمڵی شه‌ڕ..

عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی به‌ڵێندان به‌ خه‌ڵكی پاشه‌كشه‌یكرد، ئه‌و دیموكراسییه‌ته‌ی چاوه‌ڕوانده‌كرا عێراق بكاته‌ وڵاتی خۆشیی و به‌هاری ژیان شه‌ڵاڵی ته‌پوتۆزی كۆنه‌په‌رستی كرایه‌وه‌، ته‌نیا ده‌سته‌ی پاشایه‌تی گۆڕا و باندێكیتر هاته‌سه‌ر حوكم، به‌ هێزی سه‌ربازیی په‌لاماری كوردستانی دا.. كوردیش بێوه‌ڵامنه‌بوو، رۆژی 11/9/1961 چووه‌ناو مێژووی شۆڕشگێڕیی كورده‌وه‌.. ئه‌وكاته‌ خه‌ڵكیی پێیانده‌وت هه‌رای ده‌ربه‌ندیخان.

حه‌مه‌ی وه‌لی ئه‌و ساڵه‌ بووه‌ پێشمه‌رگه‌.. وه‌كو كه‌سێكی دیار ده‌ركه‌وت، له‌ناو فه‌رمانده‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول ته‌نیا له‌گه‌ڵ یادبوو عه‌زیز قازیدا دۆستایه‌تی و تێكه‌ڵی هه‌بوو، تا پێش مردنی هه‌ركه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ بهاتایه‌ته‌وه‌ سه‌ردانیده‌كرد.. زۆرتر له‌گه‌ڵ مامۆستا حیلمی عه‌لی شه‌ریف و شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری و مامۆستا عوله‌ما و كه‌مال مفتیدا نێوانی خۆشبوو. له‌میانه‌ی كاركردن و چالاكیی رێكخستن و جموجووڵی حیزبیدا چه‌ندینجار له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ گیراوه‌ و ئازاردراوه‌، به‌ڵام وه‌كو كه‌سێكی خه‌مخۆری كوردایه‌تی هه‌رگیز ساردنه‌بووه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ره‌تی كارواندا به‌رده‌وامبووه‌.

وه‌نه‌بی شۆڕش گیروگرفتی نه‌بووبێ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ناو سه‌ركردایه‌تیدا بیروبۆچوونی جیاواز، دیدی ناكۆك، هه‌ڵوێستی دژیه‌ك له‌مه‌ڕ زۆر مه‌سه‌له‌ی گرنگ سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ هه‌رگیز نه‌توانرا چاره‌سه‌ربكری تا به‌ لێكترازان و جیابوونه‌وه‌ گه‌یشت.. ئه‌مه‌ش كوردی دڵته‌نگ و دوژمنه‌كانی خۆشنوودكرد، ته‌نیا به‌ قازانجی ئه‌وان ده‌شكایه‌وه‌! حه‌مه‌ی وه‌لی كه‌وته‌ به‌ره‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی، ئه‌م به‌ره‌یه‌ زۆرترین خه‌ڵكی سیاسیی و رووناكبیر و خوێنه‌وار و ته‌نانه‌ت نه‌خوێنه‌واری به‌ئاگای له‌ده‌وربوو.. ئه‌و پێوه‌ندیی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ مامجه‌لال هه‌بوو به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌مانه‌ی كه‌ باره‌گایان له‌ كه‌لار بوو.

شكستی شۆڕشی ئه‌یلول كاری زۆر تێكرد، به‌تایبه‌تی كه‌ حیزبی به‌عس هه‌موو جومگه‌كانی ژیانی كۆنترۆڵكردبوو، له‌وڕۆژگاره‌دا پاگنده‌ی ئه‌وه‌ده‌كرا كه‌ كورد رووبه‌ڕووی شاڵاوی گواستنه‌وه‌ و گۆڕینی دیمۆگرافی به‌رفراوان ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌رپابوونی شۆڕشی نوێ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی به‌عسی له‌ نیوقه‌دی رێگادا په‌كخست.. له‌عه‌زره‌ت ناسۆرییه‌كانی نیشتماندا ئۆقره‌ی نه‌ده‌گرت، به‌ناو ته‌لیسمی پلانه‌ ترسناكه‌كانی دوژمندا بێباكانه‌ رێیده‌كرد و هه‌میشه‌ له‌ پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ تێكۆشه‌ره‌كانیتردا چراوگی هوشیاریی هه‌ڵده‌كرد تا سیاسه‌ته‌ دژی كوردییه‌كه‌ی دوژمن بپووكێته‌وه‌. ئه‌و یارمه‌تیده‌رێكی باشی شۆڕش نوێ بوو، له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا پێوه‌ندی هه‌بوو.. ئابوونه‌ی مانگانه‌ی ده‌نارد، كۆمه‌كی ده‌كرد، پێداویستیی پێشمه‌رگه‌ی دابینده‌كرد، له‌كه‌ناڵیتریشه‌وه‌ پێوه‌ندی هه‌بوو.

له‌ بارودۆخی دوای ئه‌نفال وه‌كو پیاوی رۆژی ته‌نگانه‌، ژیانی خۆی خسته‌ خزمه‌تی یارمه‌تیدانی پێشمه‌رگه‌ پارتیزانه‌كان، ده‌واجینه‌كه‌ی سه‌رچه‌می سیروان له‌عاست گوندی ئاوه‌خوێڕی وێستگه‌یه‌كی پشوودان و گه‌یاندنی پێداویستی و كه‌لوپه‌لی پارتیزانه‌كان بوو، ده‌شیزانی باجی ئه‌وه‌ لای دوژمن ملپه‌ڕاندنه‌. كه‌چی له‌ڕووداوێكیتردا كه‌ پێوه‌ندی به‌ شه‌هید سه‌یید محه‌ممه‌د و هاتنه‌ناو شاره‌وه‌ هه‌بوو گه‌یشته‌ پای قه‌ناره‌ و به‌ هه‌وڵێكی فره‌ ئه‌و و كۆمه‌ڵێك له‌ هاوڕێكانی ئازادكران، ته‌نیا سه‌یید محه‌ممه‌د و حاجی سیروان له‌ سزای به‌عسییانه‌ رزگاریاننه‌بوو.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌م مرۆڤه‌ په‌رۆشه‌ی كوردایه‌تی، له‌ژیانیدا بۆی هه‌ڵنه‌كه‌وت بخوێنی، به‌ڵام وه‌كو تێكۆشه‌رێكی دیار ئاگای له‌ زۆر حیكایه‌تی ئه‌م كورده‌ و باسوخواسی شۆڕش و هه‌واڵه‌كانی رۆژگار هه‌یه‌ و بیره‌وه‌رییه‌كانی هی ئه‌وه‌یه‌ سرنجبدرێ.

حه‌مه‌ی وه‌لی وه‌كو تێكۆشه‌رێك رۆژێك له‌ كایه‌ی خه‌بات دوورنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌، هه‌رگیز له‌به‌رده‌م دێوه‌زمه‌ی داگیركه‌ردا چۆكیدانه‌داوه‌، هه‌میشه‌ به‌عیشقه‌وه‌ به‌دوای نواڵه‌ نانی ئازادیدا ده‌گه‌ڕا تا له‌ ته‌نووری گه‌رمی خۆبه‌ختكردندا ده‌ستیبكه‌وێت.. ئه‌و و سه‌دان خه‌مخۆریتر به‌ته‌نگی چاره‌نووسه‌وه‌ بوون تا ویستی كورد زینده‌به‌چاڵنه‌كری و هیوای دواڕۆژی نه‌تاسێنری.

ئێستاشی له‌گه‌ڵدابی كاكه‌ حه‌مه‌ وه‌كو لاوه‌ 26 ساڵییه‌كه‌ له‌ ئاته‌شگه‌ده‌ی خۆشه‌ویستی نیشتماندا بڵێسه‌ی ئاواته‌كانی به‌رزده‌بێته‌وه‌ و هه‌رگیز ئه‌و ئه‌سكڵانه‌ی خه‌ونه‌ خۆشه‌كانی دواڕۆژی گه‌ش خامۆشنابنه‌وه‌.