مەلا ئاوارەی شۆڕشگێر و شاعیر و نیشتمانپەروەر.
شیعری مەلا ئاوارە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی مرۆڤ ی کوردە بە د ەست زۆردارانەوە . شیعری ئەو بەو واتایەی خوێندنەوە “رۆژهەڵا تناسییەکان” باسی دەکەن، شیعری چینی بندەستی کۆمەڵگایە بە دژی سەردەستێک کە هەموو مافێکی لە ژێر چنگی خۆی دا شاردۆتەوە. گرینگترین و ناسراترین شیعری لەو بوارەدا شیعری “هاواری توتنەوانێکی ناوچەی سەردەشت”ە.
“ئەحمەد شەڵماشی” ناسراو بە “مەلا ئاوارە” یەکێک لە ناوە ناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی چەکداریی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاویی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە ڕێژیمی گەندەڵی “حەمەرەزا شا”ی پەهلەوی ڕۆڵی کاریگەری بووە.
ئەو زاتە جودا لەوەی شۆڕشگێڕێکی شێلگیر بووە، زەوقی ئەدەبی و هونەرییشی هەبووە و لە کاتی پشوودانەکانی لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا، هەندێ دەقی خوڵقاندوون کە شیاوی ئاوڕ لێدانەوە و سەرنجن.
بەڵام سەرەتا با بزانین مەلا ئاوارە کێ بووە و پاشان لە سەر دەقەکانیشی بە نموونە و بە کورتی دەدوێین.
مەلا ئاوارە ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی واتە ٩٠ ساڵ لەمەوبەر لە ئاواییی “شەڵماش”ی ناوچەی “سەردەشت” لە بنەماڵەیەکی ئایینی و چەوساوە لە دایک بووە. باوکی مەلا ئاوارەش هەر مامۆستای ئایینی و کوردپەروەر بووە، بە ناوی “مەلا موحەممەد ئەمینی هەمەوەندی شەڵماشی” و بە بۆنەی ڕۆحی کوردانەی خۆیەوە مەلا ئاوارە بە نێوی “فەقێ ئەحمەدی دارشمانە” و “ئەحمەدی خانی”یەوە دەکا.
مەلا ئاوارە سەردەمی منداڵی هەر لە حوزوور باوکیدا وانە ئایینییەکانی خوێند و پاشان لە ئاوایی “بێژوێ” لای “مەلا سا ڵحی بێژوێ” درێژەی بە خوێندن دا. بەڵام بەر لە تەواو کردنی خوێندنی ئایینی بە هۆی خوێندنەوە و ئاگاداری لە دۆخی نالەباری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەستی بە بەرپرسێارێتی کرد و وەک دیندارێکی ناسیۆنالیست، پەیوەندیی بە ئەندامانی ئەوکاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە کرد و بوو بە ئەندامیان. لە پاش ئەو ڕووداوە ناوی ئاوارەی بۆخۆی هەڵبژارد و بوو بە مەلا ئاوارە. مەلا ئاوارە بە هۆی توانایی لە شیکردنەوەی بابەتەکاندا و لێهاتوویی لە قسەکردن و شرۆڤەی دۆخی گەلانی بن دە ست، وەک کادرێکی سیاسی دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی سیاسیی خەڵکی کورد لە گوند و لادێکانی کوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر ئاواییەکانی ناوچەی سەردەشت و مهاباد و پیرانشار و بانە ببوونە مەودای جەولەکانی. ماوەیەک دواتر و بۆ تەواو کردنی خولی فێرکاری پارتیزانی چووە ناو شۆڕشی کوردانی باشووری کوردستانەوە و شان بە شانی ئەوان خەباتی کرد. ساڵی 1964ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ 1343ی هەتاوی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی درێژە بە کاری سیاسی و حیزبی بدا.
ئەوجار زیاتر لە چەوساوە و نەدار و وەرزێرانی کوردستان نزیک بووەوە و باشتر دەرد و مەینەتییەکانی هەست پێکردن، لەلایەکی دیکەشەوە بە هۆی ئاشنا بوونی بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی و فارسی و دەستڕاگەیشتنی بە ڕۆژنامە و بڵاڤۆکەکانی عەڕەبی و فارسی ئاسۆی بیری فراوانتر ببووەوە، هەر بۆیە ئەرکێکی دیکەی خستە سەرشانی خۆی و ئەوجار جودا لەوەی وەک کادرێکی سیاسی خەریکی ڕاپەراندنی ئەرکی سیاسی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بوو، وەک ڕ ۆشنبیرێکیش هەستی بە بەرپرسێارێتی کرد و بەو هۆیە لە هەر کوێیەک دەرفەتی هەبایە، هەرچەند ژیانی شۆڕشگیڕانە کەمتر ئەو هەلە دەڕەخسێنێ، بەڵام هەر دەرفەتێکی دەقۆستەوە تا بتوانێ ئەوەی وەک چارەسەر بۆ چەوەساوەکان و بزووتنەوەی کوردی دەیزانێ، لە چوارچێوەی شیعر و پەخشاندا بینووسێ. هەر چەند بەداخەوە کەمترین بەرهەمی مەلا ئاوارە لەبەردەستدایە، بەڵام هەر ئەو بەرهەمە کەمانەش نیشان دەدەن کە ئەو کەسێکی هەستیار و خاوەن مێتۆدی بیرکردنەوە بووە و زانیویەتی بۆچی خەبات دەکا و ئەوەشی زانیوە کە چۆن دەبێ گەرای ئەوخەباتە لە نیو دڵی خەڵکی کوردستان دابندرێ و پەرەی پێ بدرێ .
شیعری مەلا ئاوارە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی مرۆڤ ی کوردە بە د ەست زۆردارانەوە . شیعری ئەو بەو واتایەی خوێندنەوە “رۆژهەڵا تناسییەکان” باسی دەکەن، شیعری چینی بندەستی کۆمەڵگایە بە دژی سەردەستێک کە هەموو مافێکی لە ژێر چنگی خۆی دا شاردۆتەوە. گرینگترین و ناسراترین شیعری لەو بوارەدا شیعری “هاواری توتنەوانێکی ناوچەی سەردەشت”ە. مەلا ئاوارە لەو شیعرەدا بە باشی وەک چۆن “مامۆستا هێمن” لە شیعری “ئارەق و تین” دا دوو چین لێک جودا دەکاتەوە و لە زمان کارگەرەوە دەدوێ و ئازارەکان بەیان دەکا. مەلا ئاوارە لە زمان توتنەوانێکەوە؛ کە نموونەیەک لە مرۆڤی چەوەساوەی کوردە دەدوێ. توتنەوان ئازارەکانی مرۆڤی کوردی ژێردەست و برسی دەردەبڕێ. پاش ئەوەی گرفت و کێشەکانی کورد و چەوەسانەوەی کورد لە شیعرەکەیدا بە وردی باس دەکا، لە بەشی کۆتایی شیعرەکەیدا، ڕێگاچارە بە خوێنەران و ڕەنجدەران و چەوساوەکان نیشان دەدا و بە گشتی شیعرێکە ڕەخنەگر و ڕێ نیشاندەرە.
چەند بەیتێکی شیعری توتنەوانێکی هەژار
- تووتنەوانیکی هەژارم
- بێ خانوو بێ زەوی و زارم
- منداڵم ڕووت و برسییە
- ژیانم پڕ مەترسییە
- رووم نییە بچمە نیو خەڵک
- بێ بەرگ و پێڵاو بێ کەڵک
- بەڵام چ بکەم چارە ڕەشم
- خەرمانم زۆرە و بێ بەشم
- و…
- دوژمن تاکەی بدەم باجت
- دەک وەرگەڕی تەخت و تاجت
- ئەی وەرزێران ئەی جووتێران
- ئەی تووتنەوانی ماڵ وێران
- با بە یەک دڵ و یەک زوبان
- با بەخەباتی شێلگیرمان
- تا دواپشوو هەوڵ بدەین
- شەق لەو دوژمنەی هەڵبدەین
- یەک گر تن هۆی سەرکەوتنە
- خەبات ڕێگەی دەست کەوتنە
- ئەگەر یەک بین و یەک بگرین
- لەگەڵ یەکدا بژین، بمرین
- زاڵ دەبین و سەردەکەوین
- بەرز دەبین و نانەوین
- هەوڵ و تەقەللای بێ وچان
- بێ ماندوویی بێ پشوودان
- تاقە ڕێگای ئازادییە
- هێنەری ڕۆژی شادییە.
مەلا ئاوارە هەرچەند تەمەنی لاو بووە بەڵام هەستێکی زۆر پتەوی هەبووە. جودا لە شیعر، پەخشان نووسی باشیش بووە و ئەوەش لەو پارچە پەخشانەوە دەردەکەوێ کە لە دامێنی شیعری توتنەوان نووسیویەتی.
جودا لەوە شیعری “رەش بگیری” و چەند شیعری دیکەشی لە دەستدان کە بەگشتی سیمای مرۆڤێکی خەمخۆری ئازادی و چەوساوەکان لە زەینمان دا دەنەخشێنێ. بەداخەوە ئەو نووسەر و شۆڕشگێرە گەورەیە بە هۆی خەیانەتی بەکرێگیراوێکەوە دەگیرێ و پاشان لە ٩ی گە لاوێژی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی دا، لە شاری سەردەشت تیرباران دەکرێ .[١]
- ↑ سەرچاوە:https://giareng.com/