یادی شاری سلێمانی و سەرنجێک
نووسین و لێکۆلێنەوەی: رێبوار حەمەتۆفیق محەمەد
ئەوەی وا لە شارێک دەکات یادی بکرێتەوە و ڕۆژێکی بۆ دیاری بکرێت، شارستانییەت و مێژووەکەیەتی. هەردوو ئەم هۆکارە پێکەوە ناسنامەی شارێک بە زیندویی دەهێڵنەوە و ئاوەندانییەکەی لە بوون بە شوێنەوار و نەمان دەپارێزن.
شاری سلێمانی لەگەڵ ئەوەشدا کە تەمەنێکی زۆری نییە لەچاو شارەکانی تری کوردستاندا، بەڵام بە دیوە شارستانییەکەیدا، زۆرترین سەرنجی مێژووی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیری پێ دراوە.
مێژووی شارستانییەتی شارەکە، لەگەڵ مێژووی دروستبوونەکەیدایە، بوونی مزگەوت، گەرماو، بازاڕ و سەرچاوەی ئاو و ئاوەڕۆ، لەگەڵ تەرزی هونەری بیناسازیی و زۆر بابەتی تر، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن. بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە کە ئایا ئەم شارە کەی دروست کراوە و چی لەبەردەستدایە کە بیسەلمێنێت ساڵی 1784 دامەزراوە وەک ئەوەی کە باوە و ڕۆیشتووە...
شەرەفخانی بەدلیسی
(1) کە لە نیوەی دووەمی سەدەی شازدەدا شەرەفنامەی نووسیوە، نە ناوی میرنشینی بابان و نە ناوی شاری سلێمانی دوورونزیک نابات و دەنووسێت (لەکاتی سەرهەڵدانی دەسەڵاتی سەفەویدا، میر بوداقی کوڕی میر ئەبداڵ، قەڵەمڕەوەکەی لە کەرکوکەوە تا شارباژێڕی دەگرتەوە. لاجانی لە ئێلی زەرزاو سێویی لە میرنشینی سۆران و شارباژێڕی لە میرنشینی ئەردەڵان و سندوسی لە قزڵباش سەندەوە. چەند کەسێکی لە دەوروبەری خۆی بە سنجاق داناوە.)
(2) ئاشکرایە کە ئەم زانیارییانەی شەرەفخان زانیاری ڕۆژگاری پەیدابوونی دەسەڵاتی شا ئیسماعیلی سەفەوییە کە لە (1501- 1523) دەسەڵاتداربووە. لەمبارەیەوە کۆنترین بەڵگە کەلەبەردەستدا بێت و بە ئاشکرا ئاماژە بە ناوی سلێمانی تێدا هاتبێت، نامەیەکی (مەحموود پاشای بابان)ە کە مێژووەکەی بۆ (29ی ڕەجەبی 1231) واتە (25ی حوزەیرانی ساڵی 1816) دەگەڕێتەوە
(3) و مەحموودپاشای بابان (سەید مەحموود ئەفەندی موفتی)ی شاری کەرکووک لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە کۆمەڵێک عەسکەر هاتوونەتە ناو شاری سلێمانییەوە.
(4) ئەگەرچی زۆربەی سەرچاوەکان، ئەو بۆچوونەی (ئەمین زەکی بەگ) یان کردووە بە بنەما کە گوایە (ئیبراهیم پاشا لە نزیک سەراکەی (مەحموودپاشا)ی مامیەوە کە لە ساڵی 1781 لە گوندی (مەڵکەندی) دروست کرابوو، دەستی کردووە بە بینای شارێک و خانوو مزگەوت و حەمام و بازاڕ و خانی دروست کردووە و لەساڵی 1199ک-1784ز ئەم شارە تازەیەی تەواوکردووە و مەرکەزی ئەمارەتی لە قەلاچوالانەوە بردووەتە ئەوێ و بەناوی (سلێمان پاشا)ی والی بەغدادەوە ناوی ناوە سلێمانی.)
(5) بەڵام نە ئەمین زەکی بەگ و نە ئەوانەشی ئەم بۆچوونەیان وەک سەرچاوە وەرگرتووە هیچ بەڵگەیەکیان بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەم ساڵە نەخستووەتە ڕوو و پێمان ناڵێن کە ئایا ئەم زانیارییانە لە کوێ و لە کێوە هاتووە؟! لەمەش زۆرتر، هەندێ نووسەر و دامەزراوە، ماوەیەکی زۆر لە چواردەیەمین ڕۆژی مانگی یازدەیان وەک ڕۆژی شار ناساندبوو؟
بەو باوەڕەی کە گوایە دامەزراندن یان دروستکردن و گواستنەوەی پایتەختی میرنشینی بابان لە قەلاچوالانەوە بۆ سلێمانی کەوتووەتە ئەم ڕۆژەوە؟!
ئەگەر دروستکردنی خۆبەخۆیی مێژوو و جاڕدانی بەبێ بەڵگە ڕوویەکی دزێوی ڕۆشنبیریی هەر کەس و لایەنێک بێت، گشتاندن و بە فەرمی ناسینی ئەم مێژووە و بڵاوکردنەوەی بە ڕاگەیاندن و پرۆگرامەکانی خوێندن و نەستی هاووڵاتیاندا، هیچی لەو تاوانانە کەمتر نییە کە دوژمن لە ڕۆژگاری خۆیدا بە بەرنامە کاری بۆ دەکرد؟!
لێرەدا و ئاماژە بە ژیاننامەی زانایەکی ئایینی شار و ئەو قوتابخانەیەی کە دەرسی تێدا وتووەتەوە، هەوڵ دەدەم گومان و پرسیار لەو ڕۆژ و ساڵە بخەمە ڕوو کە بەهەرجۆرێک بێت وەک ڕۆژی شاری سلێمانی ناسێنراوە.
(شێخ عەبدولکەریمی بەرزنجی) یەکێک بووە لە زانا ئایینییەکانی شاری سلێمانی و ساڵی 1727 لە بەرزنجە لەدایک بووە و لە 1798 بە نەخۆشی تاعون کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانێکدا بەخاک سپێردرا کە بەناوی خۆیەوە ناو نراوە (گردی کاسە و کەوچک)
(6) وەک یەکەم مودەریس، بە فەرمانی عەبدولڕەحمان پاشای بابان، لە مزگەوتی عەبدوڕەحمان پاشا (کە ئێستا بە مزگەوتی شێخ بابا عەلی ناسراوە) دەستی بە وانەوتنەوە کردووە و چەند زانایەک لەلای دەرسیان خوێندووە، لەوانە: مەلا ئیبراهیمی بیارەیی و سەید عەلی بەرزنجی قازی سلێمانی و مەولانا خالیدی نەقشبەندیی و زۆری تریش.... بە فەرمانی عەبدوڕەحمان پاشای بابان مەولانا خالید لەشوێنی سەید عەبدولکەریمی بەرزنجەیی بۆ دەرس وتنەوە، لە مزگەوتی عەبدوڕەحمان پاشا لە گەڕەکی سەرچیمەن دانراوە کە ئێستا بە مزگەوتی شێخ بابا عەلی ناسراوە.
(7) تەنانەت مەولانا خالیدی نەقشبەندی شارەزووری، بە نووسینی هۆنراوەیەکی فارسی، خەم و پەژارەی خۆیی بۆ دەربڕیوە و لاواوەتەوە
(8) بنی تاریخهم ربی الرحیم
کفاکم خالدا داری النعیم
(9) بە ڕەچاوکردنی سەنەداتی ژیاننامەی مەولاناخالید (1193- 1242ک) واتە (1779- 1827ز) و بوونی مزگەوتی (شێخ بابا عەلی) لە ساڵی 1774دا، ئەم لێکدانەوەیە جێی سەرنجە: مزگەوتی شێخ بابا عەلی لە پێشدا بەناوی (عەبدولڕەحمان پاشای بابان)ەوە بووە کە دامەزرێنەرەکەی بووە و ئیمام و مودەریسەکانی بەپێی ڕیزبەندی مێژوویی بریتی بووە لە: شێخ عەبدولکەریمی کاسەوکەوچک، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، محەمەد فەیزی زەهاوی (موفتی بەغدا) (1208- 1308)، شێخ بابا عەلی (1275- 1359) و شێخ نوری شێخ بابا عەلی باوکی بەهادین نوری (1305- 1956) (10) مەولانا خالیدیش لەو شیعرەیدا کە بۆ کۆچی دوایی شێخ عەبدولکەریمی نووسیوە لە ڕستەی (کفاکم خالدا داری النعیم) ساڵی مردنی شێخ بە 1213ک دیاری کردووە کە دەکاتە 1798ز.
کە دەبێت هەر لەو ساڵەشدا لە شوێنی مامۆستاکەی، بووبێتەوە بە مامۆستا.
(10) مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی (المجد التالد فی مناقب الشیخ خالد-ی ابراهیم فصیح الحیدری، التعریف بمساجد السلێمانیە و مدارسها-ی شێخ محەممەد قزڵجی، الشیخ معروف النودهی-ی شێخ محەمەدی خاڵ) ئەوە دەخاتە ڕوو کە مەولانا خالید خوێندکاری سەیید عەبدولکەریمی بەرزنجی مامۆستای مزگەوتی (عەبدولڕەحمان پاشا) بووە.
(11) مەولاناخالید نزیک بە ساڵی 1190ک (1776ز) لە قەرەداغی نزیک سلێمانی لەدایک بووە و لە تەمەنی شەش بۆ حەوت ساڵی نراوەتە بەر خوێندن و کە بەتەواوی پێگەیشتووە و وایلێهاتووە بتوانێت دوور لە باوک و دایکی بژی، ناردویانە بۆ سلێمانی و بە ئسوڵی ئەو سەردەمە تا ئەم دواییەش لەیەکێک لە مزگەوتەکاندا بووە بە فەقێ و خەریکی خوێندن بووە.
(12)مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەنووسێت: لە سەیید ئەحمەد کوڕی شێخ عەبدولڕەحمانی عازەبانیم بیست و وتی: مەولانا بەر لەوەی بڕواتە مزگەوتی عەبدولڕەحمان پاشا (شێخ بابا عەلی ئێستا) لە مزگەوتی ناوبازاڕا دەرسی وتووەتەوە کە عەزیز ئاغای مەسرەف لەسەردەمی ئەحمەد پاشادا تەعمیری کردووەتەوە.
(13)ئەگەر ساڵی کۆچی دوایی شێخ عەبدولکەریم 1798بێت هەروەکو مەولانا لە شیعرەکەیدا ئاماژەی بۆ کردووە، دوو ڕاستی سەلمێنراوە: یەکەمیان: تەمەنی مەولانا لەوکاتەدا نزیک بووە لە بیست و دوو ساڵ شیاوێتی ئەوەی کە وەک مامۆستا لە شوێنی شێخ عەبدولکەریم دابنرێت، دووەمیان: مێژووی دروستکردنی مزگەوتی شێخ بابا عەلی بۆ ساڵی 1774 کە مەولانا لە تەمەنی پێگەیشتنیەوە ڕووی تێکردووە و وەک فەقێ دەرسی لێ خوێندووە.
بوونی مزگەوتی شێخ بابا عەلی بەر لە دە ساڵ لەو مێژووەی کە بۆ دروستکردنی شاری سلێمانی دیاری کراوە، گومانی تەواو دەخاتە سەر ئەو بۆ چوونەی کە گوایە ئیبراهیم پاشای بابان لە نزیک سەراکەی مامیەوە لە گوندی (مەڵکەندی) بینای سلێمانی هەڵکەندبێت؟ چونکە ئەگەر مزگەوتی مەڵکەندی مزگەوتی گوندەکە بووبێت و ساڵی 1775 دروست کرابێت، ئەی چۆن مزگەوتێک چەند سەد مەترێک لە خواریەوە ساڵێک پێش ئەو دروست دەکرێت و بەسەر ئەمدا بەخت یاوەری دەبێت قوتابخانەی فێرکردنی تێدا بکرێتەوە و لە هەموو لایەکەوە فەقێ و سوختە ڕووی لێ بکات و بە فەرمانی میرانی بابان باشترین مەلا و مامۆستاکانی سەردەم دامەزرێن و دەرسی لێ دەڵێنەوە؟!