نەجۆ (نەجمەدین بیووک کایا)
نەجۆ (نەجمەدین بیووک کایا) کرمانجی (Necmettîn Bûyûkkaya) بە تورکی (Necmettin Büyükkaya) هەڵسووراوی سیاسی باکووری کوردستان، لە ساڵی 1943 لە گوندی قەرەهان (Dağbaşı) ی سەربە شارۆچەکەی سوێرگی (Siwêreg) لە دایکبووە.
دوای تەواوکردنی خوێندی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری ئامەد (Amed) و ئەدەنە (Edenê) ساڵی 1966 لە کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستامبوڵ وەرگیراوە. ساڵی 1969 یەکێک بووە لەو 13 خوێندکارەی کە کۆمەڵەی ڕۆشنبیری شۆڕشگێرانەی ڕۆژهەڵات- دەدەقەدە (Civîngehên Çandî yên Şoreşgerê Rojhilat) بە تورکی (Devrimci Doğu Kültür Ocakları)یان دەمەزراندووە بووە بە سەرۆکی کۆمەڵەکە.
دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1971 لە 12-03-1971 واز لە خوێندن دێنیت و بەرەو کوردستانی عێراق هەڵدێت و بووەتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان/باکوور(Partiya Demokrat a Kurdistanê - Bakur) هەرچەندە سەرەتا ناوی ئەو پارتە پارتی دیموکراتی تورکیا (Partiya Demokrat A Kurdistana Tirkiyeyê) بوو.
ساڵی 1972 چووە قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان، پاشان چۆتە چێکۆسلۆڤاکیا و دواتریش دەبێتە پەناهندە لە وڵاتی سوید تا ساڵی 1974.
ساڵی 1975 دوایی لێبوردنە گشتێکەی ساڵی 1974 پاش ئەوەی حکومەتی (بولەند ئەجەڤیت) لێبووردنی گشتی دەرکرد، ئەمیشە گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا و بووە بە ئەندام لە باڵی چەپی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا بە سەرکردایەتی (سەعید قرمز توبراخ- د.شڤان) ، دواتر دەستی لە کارکێشاوەتەوە و هاوکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی کردووە، لە سەرەتای دەسپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی چەکداریدا.
نەجۆ (نەجمەدین بیووک کایا) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی لە خنکان ڕزگار کرد.
لە ساڵانی 1976-1977 ڕۆڵی کارای بینیوە لە داینیکردنی پیداویستییە لۆجستییەکانی یەکێتی لەناو تورکیادا کە بردنی یەکەم پۆلی پێشمەرگە بە فەرماندەی برایم عەزۆ کە ژمارەیان 37 پێشمەرگە بووە لەناو سووریا و بۆ تورکیا و دواتر ناوچەی بادینان، هەروەها گەیاندنی چەندین بارە چەک لە سووریاوە بۆ بادینان. ساڵی 1977 بەشێکی ئەرکی بە سەلامەتی گەیاندنی تاڵەبانی لە ئیستامبوڵەوە بۆ سەر سنووری ئێراق- تورکیا لە ئەستۆ گرتووە. ساڵی 199 پاش ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران و لە کردەوەیەکی کەموێنەدا توانی بڕێکی زۆر چەکی سووک لە شاری قامیشلۆوە بە خاکی تورکیادا بگەیەنێتە سنووری ناوچەی سۆمای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕێگەی پێشمەرگەکانی (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان-ئێران) بگاتە شاری نەغەدە و پاشان بۆ باشووری کوردستان و بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی لە (خرەی ناوزەنگ) . دوای کودەتاکەی ساڵی 1980 جەنڕاڵ (کەنعان ئیڤرین) لە شاڵاوێکی ڕەشبگیریدا لە مانگی نیسانی 1982 لە شاری (ئامەد) دەستگیر دەکرێت و لە 22 تشرینی یەکەمی 1984 لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید دەبێت.[1] بەپێی هەندێک سەرچاوەی تر، نەجۆ لە ڕۆژی 24-01-1984 گیانی لەدەست داوە.