ڕەحمان مەولود (کاروان)

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٥:١١، ١٥ی نیسانی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «'''دەرسیم پێشەوا''' وێنۆک شەهید ڕەحمان مەولود (کاروان)، لاوە پۆڵایینەکەی ئەمنی '''هەولێر''': عەبدولڕەحمان مەولود محەمەد عەبدولعەزیز ساڵەیی ناسراو بە کاروان، لەدایکبووی ساڵی (1968)ی گوندی مەلاقەرە لە سنووری شارەدێی دیبەگە. ڕەحمان م...»ەوە)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

دەرسیم پێشەوا

428480363 .jpg

شەهید ڕەحمان مەولود (کاروان)، لاوە پۆڵایینەکەی ئەمنی هەولێر:

عەبدولڕەحمان مەولود محەمەد عەبدولعەزیز ساڵەیی ناسراو بە کاروان، لەدایکبووی ساڵی (1968)ی گوندی مەلاقەرە لە سنووری شارەدێی دیبەگە.

ڕەحمان مەلاقەرە (کاروان)، ئەندام کۆمیتەی هەولێری ئاڵای شۆڕش (یەکێتی)، لە ڕۆژی (21.1.1987)دا دوای چالاکییەک و ئاگادارکردنەوەی ئەمنی هەولێر لەلایەن (دکتۆر م. ع. ع)، لە پەیمانگای تەکنەلۆجی لە شاری موسڵ لەلایەن ئەمنی هەولێر گیرا، کە لە پۆلی یەکەمی پەیمانگاکە بوو. لەسەر داوای بنەماڵەی شەهید کاروان و هاوڕێکانی شەهید، ناوی دکتۆرەکەم بە پیت نووسیوە، بۆیە هیوادارم کەس داوای ئاشکراکردنی ناوەکە نەکات (هەر کەسێک ناوەکەی بنووسێت، کۆمێنتەکەی دەسڕمەوە، هەر بەردەوام بوو، یان وشەی ناشرینی بەکارهێنا بەرانبەر بە هاوڕێ و بنەماڵەی شەهید وەکو بێغیرەت، ترسنۆک و هتد ......، هەر کەسێک دەیەوێت ناوەکەی ئاشکرا بکات با لە فەیسبووکی خۆی بڵاوی بکاتەوە، نەک لێرە، ئەوانەی ڕێز لە داواکەشم ناگرن، بەناچاری بلۆکیان دەکەم).

شەهید کاروان، چونکە خوێندکارێکی زیرەک و لە دەیەمین یەکەمەکانی ئامادەیی بازرگانی هەولێر بوو، لەم پەیمانگایە وەرگیرابوو. کاروان دەیزانی دەگیرێ و سەرەڕای ئەوەی ئاگادار کرابووەوە لەوەی کە هاوڕێیەکی گیراوە و لەژێر ئەشکەنجەی سەختدایە، بەڵام ئەو لە وەڵامی هاوڕێ حەسەن خونچە و هاوڕێ لوقمان محه‌مه‌دئه‌مین عه‌لی زاهیر ناسراو به‌ کاروان، کە دواتر ئەویش لە ڕۆژی (5.11.1989)دا له‌لایه‌ن ئه‌منی هه‌ولێر له‌ شاری موسڵ شه‌هید کراوه، گوتویەتی: (دڵنیام و متمانەم بەخۆم هەیە کە هەرگیز جەللادانی بەعس ناتوانن ئیعترافم پێبکەن، بۆیە خۆم ناشارمەوە). ئەو ئەوەندە لەخۆی دڵنیا بووە کە جەللادە فاشیستەکانی بەغدا ناتوانن هیچ نهێنییەکی لێ وەرگرن، بەڵام ئەو نەیزانی جەللادەکان لەژێر ئەشکەنجە شەهیدی دەکەن!

425321270 .jpg

نێچیرڤان بارزانی، لە ساڵی (2004)دا ئەو دکتۆرەی هێنایەوە هەولێر و کردبی بە ڕاوێژکاری تەندروستی خۆی بۆ کاروباری تەندروستی دەرەوە، لە وەزارەتی شارەوانی لە هەولێر لەناو دۆسیەی ئەو دکتۆرە نووسراوە: (پارچە زەویەکی باش و گەورەی لە شوێنێکی پڕ بایەخ بدرێتێ لەپای ئەو خزمەتەی کە بۆ گەل و نیشتمان کردوویەتی)، دیارە پارتی و نێچیرڤان بارزانی بەگرت دان و شەهیدکردنی ڕۆڵە قارەمانەکانی هەڵگری دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی)، بەدەستی خۆفرۆشان بە خزمەتکردنی گەل و نیشتمان دەزانێت؟

کاروان مەلاقەرە، تەنیا بیست و سێ ڕۆژ مایەوە و لە ڕۆژی (11.2.1987)دا لەژێر ئەشکەنجە و بەهۆی ئەشکەنجەی دژوار و کاریگەری مانگرتنەکەی لە (خواردن، خواردنەوە و قسەکردن)، گیانی سپارد، چونکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و سات لەدوای سات بەهۆی مانگرتنەکە، جەللادانی ئەمنی بەعسی هەولێر هۆڤیانەتر و ڕقاوی تر ئەشکەنجەیان دەدا، تا کار گەیشتە ئەوەی لەژێر ئەشکەنجە گیانی بەخشی و بەمشێوەیە (کەم ژیا و کەڵ ژیا). ڕەحمان مەلاقەرە (کاروان)، زیندانییەکی خۆڕاگر، ورەبەرز، چاونەترس و نهێنی پارێز بوو، تەنیا شەش ڕۆژی یەکەم وەڵامی ئەفسەری لێکۆڵینەوەی دەدایەوە، دواتر بۆ ماوەی حەڤدە ڕۆژ و شەو بە مانگرتن لە (نانخواردن، خواردنەوە و قسەکردن) وەڵامی ئەشکەنجەی دڕندانە و نامرۆڤانەی جەللادانی ئەمنی بەعسی دەدایەوە، کە ئەو گیرا و لە ئینفرادی بوو، ڕۆژانە چەند جارێک بۆ ئەشکەنجە دەریان دەهێناو دەیانبرد، خۆم لە ژووری چواری زیندانی ئەمنی هەولێر بووم و دەنگوباسەکانی خۆڕاگری و مانگرتنەکانی دەگەیشتە ژوورەکەمان.

ئەو لەدوا ساتی قسەکردن بە ئەفسەری لێکۆڵینەوە و جەللاد دەڵێت: (بێزم نایە نانتان بخۆم، ئاوتان بخۆمەوە، تەنانەت خۆم زۆر لەوە بە گەورەتر و بەرزتر دەبینم کە وەڵامی پرسیارەکانیشتان بدەمەوە، بۆیە بە باوەڕ بەخۆبوون و سەربەرزییەوە لەبری خواردن، خواردنەوە و وەڵام دانەوە، بێدەنگی و مانگرتن تا شەهید بوون هەڵدەبژێرم).

پرسیاریان لێ دەکرد، ئەو بە بزەیەک سەیری دەکردن، کە مانای ئەوەبوو (گەمژەینە پێتانم گوت وەڵامتان نادەمەوە، بۆ تێناگەن، ئێوە ناتوانن بە ئەشکەنجەش بمهێننە قسە و ناچارم بکەن وەڵامتان بدەمەوە)! خواردنیان بۆ دێنا، ئەو بە ئاماژە دەیگوت: (نانتان ناخۆم ئێوە فاشیستن)!

ئاویان بۆ دێنا، بە زمانی جەستە دەیگوت: (ئاوی دەستی جەللاد ناخۆمەوە)!

فەلاقەیان دەکرد، کارەبایان لێدەدا و هەڵیاندەواسی، ئەو ورتە لە دەمی دەرنەدەچوو، پەنای نەدەبردە بەر هاوارکردن، یان ئاخ و ئۆف هەڵکێشان! کاروان لەبری هاوار و نوزانەوە، خەندە دەبوونە میوانی لێوەکانی و وەکو ئەوەی پێیان بڵێت: (بە ئەشکەنجەدانم، کردەوەی نامرۆڤانەی بەعسیانەتان، ڕەفتاری فاشیستانە و داگیرکەرانەتان، خەندە و خۆشی بۆ منداڵان و نەوەی داهاتووی ئەم کوردستانە بەرهەم دێنم)!

بەڵێ کاروان خاوەنی بەڵێنی خۆیی و پارێزەری دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی) بوو، هەروەکو بەڵێنی دا ئیعتراف نەکات، نەیکرد، هەروەکو باوەڕی بە دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی) هێنابوو، هەر وا ژیا.

دەرسیم پێشەوا

چوارشەممە (28.02.2024)

دانمارک