ڤانگۆگ و ماتیس و دیاردەی شێتی و ناهاوسەنگی لە داهێناندا.
نووسینی: سەردار حەمەڕەش
تابلۆی شەوێکی پڕ لە ئەستێرە، پڕە لە ڕەنگی زەرد، دەشتێکی پڕ لە گەنم هەمووی زەرد، ژورێکی زەرد، گوڵەبەڕۆژەیەکی زەرد، دێهاتێکی زەرد، کۆڵانێکی زەرد، کڵاوەکەی سەری هەر زەرد. لای ڤانگۆگ ڕەنگی زەرد لە هەموو تابۆکانیدا بە زەقی وەدەردەکەوێت. داشکان بەلای ڕەنگی زەردا بەو ئاستە، جۆرێکە لە پشێوی دەروونی، هەرچەندە ڤانگۆگ لە ژیانیدا نەخۆشی( بی پۆلێری) هەبووە، دیاردەی سەرەکی ئەم نەخۆشیە ئەوەیە کە کەسەکە لەوپەڕی دڵخۆشیەوە لە کاتێکی کەمدا دەگاتە ئەو پەڕی خەمگینی و کەسانێکی ئێجگار کاران، چارەسەرنەکردنی ئەم نەخۆشیە، کەسەکە دەبات بەلای هەوەسی خۆکوژیدا. بەلام ئەوەی کە زۆر باسی ناکرێت لە ژیانی ڤانگۆگدا ئەوەیە کە ڤانگۆگ کحولی ئەبسانتی زۆر دەخواردەوە، کاتێک لە پاریس دەژیا لە گەڵ تولوز لۆترێکی هونەرمەندی هاوڕێی، فێری خواردنەوەی ئەبسانت بوبوو، کە ئەو سەردەمە زۆر باو بوو لە فەرەنسا.
ئەبسانت، گیایەکی مێدیسینالە و خاسیەتی باشی زۆرە. لەم گیایە کحولێک دروست دەکەن پێی دەڵین ؛ ئەبسانت، ئەبسانت کحولێکی دەرەجە 45 ی سەوز باوە وەک ڕووەکەکە خۆی. وەک کحولەکانی تر نیە، کاتێک دەیخۆیتەوە وزەیەکی زۆرت دەداتی و دەتبات بەلای کەم خەوی و سەرپەلی و جۆرێک لە سوربوون و هەڵەشەیی و سەرشێتی. ئەبسانت لە ساڵی 1915 وە قەدەغە کراوە لە فەرەنسا هەتا ساڵی 2011. هەرچەندە ڤانگۆگ لە خەستەخانەی شاری ئاڕل لە فەرەنسا چەند جارێک ماوەتەوە بۆ دوور خستنەوەی لەم کحولە، بەڵام بەردەوام بووە لە خواردنەوەی، هەتا ڕۆژێک بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
جۆری خواردنەوەی ئەپسانت جیاوازە، کەوچکێکی کونکون کە تایبەتە بە ئەبسانت، دەخەنە سەر پەرداخەکە بە ئاسۆیی و کڵۆیەک شەکر دەخەنە سەری و پاشان دڵۆپ دڵۆپ بە ئەسپایی ئەبسانتەکەی دەکەن بەسەریا هەتا شەکرەکە دەتوێتەوە و دەچیتە ناو پەرداخەکەوە، ئەوسا کەسەکە دەیخواتەوە. شەکرەکە هێندەی تر پلەی کحولەکە زێدەتر دەکات.
شێتی و ناهاوسەنگی دەرونی، پاڵنەرێکی کاران لە داهێنان لە هونەردا، هەموو هونەرمەندەکان لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەوە کاتێک ئازادییان بەدەست هێنا لە جۆری هونەری وێنەکێشاندا، لەبەر ئەوەی لەوەوبەر بە ناچاری بۆ کەنیسە و بابەتەکانی بایبلیان دەکرد بە هەوێنی هونەرەکەیان، یان پۆرترێی پیاوانی حوکمڕان و بەدەسەڵات و خانەدان، دەنا لە بازاڕدا تابلۆکانیان نرخیان نەبوو، بۆیە بازاڕی ئازادی هونەر یارمەتی هونەرمەندانی دا لە ئازادی دەربڕینی دید و بۆچونیان، ڤانگۆگیش بەرهەمی ئەو سەردەمەیە، سەردەمی ئەمپرێسیۆنیستەکان، کە بە بێ سنور و بەربەست هونەرمەند وەک ئەوەی کە خۆی دەیویست شکڵەکانی دەکێشا. لە سەرەتای ئەو تەوژمە هونەریەوە، دیاردەی ناهاوسەنگی باری دەرونیی هونەرمەند هەمیشە پاڵنەرێکی کارا بووە لە هەموو بوارێکی هونەریدا، تێروانینی تاک بۆ شکڵ و باسەکان، بووە جۆرێک لە مۆدێل لە ئەوروپا هەتا ئەمڕۆ، ئەم گۆڕانکاریەش هەموو جیهانی گۆڕی و کۆتایی بە جیهانی رابوردوو هێنا. بەڵام هونەرمەندێک کە خەڵکی زۆر نایناسن وەک پیکاسۆ و لیۆناردۆ داڤنچی، کە بە باوکی پیکاسۆ و پۆپ ئارتی ئەمەریکی ناسراوە، هەموو هونەرمەندەکانی جیهان زۆر سەرسام بوون پێی، هێنری ماتیس (Henri Matisse)ی فەرەنسیە کە زۆر لە هونەرمەندان ئێرەیی پێ دەبەن ؛ هونەرمەندی ئەمەریکی ئەندی وارۆڵ ( andy warhol ) و هەروەها ژۆن میشیل باسکیا (jean michel basquiat) ، کە خۆی کوشت لە تەمەنی 28 ساڵیدا، ئێرەییان بە ماتیس دەبرد. باسکیا لەسەر تابلۆیەکی خۆی، سێ جار نوسیویەتی ؛ ماتیس، ماتیس، ماتیس (بە داخەوە تابلۆکەیم نەدۆزییەوە)، بە تەنیشتیەوە تابلۆکەی ماتیسی کردۆتەوە کە بریتیە لە سێ ماسی سور لە ئەکواریۆمێکی بچوکدا و یەکێکە لە تەبلۆ بەناوبانگەکانی ماتیس.
لە لیۆناردۆ داڤنچیەوە هەتاوەکو پیکاسۆ، کاتێک بە تیشکی لازەر سەیری تابلۆکانیان دەکەین، دەبینن کە لەژێر هەمو تابلۆیەکەوە چەندەها وێنەی تر هەنە؛ هێڵکاری جیاواز، کە هونەرمەند کوژاندونیەتیەوە، تەنانەت لەژێر تابلۆیەکی پیکاسۆدا بە فڵچە حساباتی بانکی تێدا کردوە، ئەوەی جێی سەرنجە تابلۆکانی هێنری ماتیس یەک وێنەن، بە یەک فڕێدانی فڵچە بۆیە کراون، بە ئەسپایی بە بێ توڕەبون و هەڵەشەیی و کڕاندن و کوژاندنەوە وێنەیەکی سادە دەکات بەڵام تەواو بەهێز، کە دەبێتە جێگای پرسیار؛ چۆن هونەرمەندێک توانیویەتی بە تەنها، بە پێجەوانەی هەمووان، بە جۆرێکی تر رەسم بکات ؟ پیکاسۆ کە خاوەنی جوانترین وتەی سەردەمەکەیەتی، دەی ووت ؛ ( من ناگەڕێم بە دوایدا، بەڵام دەیدۆزمەوە ). سەردەمەکەی وەهابوو، هەموو شتێکمان دەدۆزیەوە و بابەت زۆر بوون، بە پێچەوانەی ئەم سەردەمەوە، دەگەڕیین و نای دۆزینەوە، بەڵام پیکاسۆ زۆر دەگەڕا، مەبەستم ئەوەیە لە سەر تابلۆیەک، کاتێک تابلۆیەکی دەکێشا، زۆر بە دوای ئەو شکڵەدا دەگەرا کە ببێتە کۆتایی شکڵی بڕیاردراو لەلایەن هونەرمەند خۆیەوە، وەک زۆر لە هونەرمەندەکانی تر، دەی کڕاند، بە بۆیەی تر دەی کوژاندەوە، جارێکی تر دەیکڕاندەوە...تاد، بەڵام ماتیس تەنها بە چەند خەتێک و فڵچەیەک، شکڵێلی سادە و بڕیاردەری بۆ دەکردین. لە کاتێکدا پیکاسۆ چاو و فڵچەکانی دەخستە ناو کوزی کچە مۆدێلەکانیەوە، بەڵام ماتیس وەک کەسێکی ڕێزدار، بە چاکەت و پانتۆڵەوە، بە بۆیناباخەوە، پێشوازی لە کچە مۆدێلەکانی دەکرد و ڕێزی لێ دەگرتن. تابلۆکانی هەمیشە جێگەی پرسیارن؛ چۆن هونەرمەندێک بە شکڵێکی ئاوا سادە توانیویەتی تابلۆیەکی ئاوا قەشەنگمان بۆ بکات ؟
پیکاسۆ زۆر ئێرەیی بە ماتیس بردووە، دەڵێن گوایە ڕۆژێک دەچێت بۆ لای ماتیس و سەیری ڕەسمێک دەکات کە ماتیس کێشاویەتی، بە ماتیس دەڵێت ئایا ئەو رەسمەی دەداتێ، ئەویش بە پیکاسۆ دەڵێت کە ئەو ڕەسمە هیچ بەهایەکی نیە و فڕێی دەدات، پێێ دەڵێت ئەگەر دەتەوێت بیبە بۆ خۆت، پیکاسۆ دەیبات و پاشان پیشانی برادەرە هونەرمەندەکانی دەدات بۆ گاڵتەپێکردنی و دەڵێت : ببینن ماتیس گەیشتۆتە چ ئاستێکی هونەری. چەمکی داهێنان لە داڕمان و توڕەبوندا بۆ گەیشتن بە شکڵێکی دیاری کراو، یان بەرهەمێکی هونەریی، ماتیس تەوا بە پێچەوانەیەوە کاری کردووە، ئەمەش پێمان دەڵیت کاتێک هەمووان دوای یەک مۆدێل دەکەون، ئەوا جێگا دەمێنێتەوە بۆ مۆدێلێکی تر لە ژیان دژ بە هەمووان.