محەمەد ئەمین پێنجوێنی.. كوردایهتیكردن له تهنیشت ئۆجالانهوه
سازدانی: كۆژین سدیق
لەم دیدارەدا لەگەڵ محهمهد ئەمین پێنجوێنی کەسایەتی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ھاوڕێی عهبدوڵا ئۆجالان باس لە مێژووی دروستبوونی پەکەکە و نھێنی خۆڕاگریی پەکەکە دەکات، باس لەوەش دەکات یەکەم دیدارمان لە مانگی ٢ی ساڵى ١٩٩٢بوو ئەو کاتە بانگێھشتیان کردین بۆ بیقاع بۆ ئەکادیمیای سەربازی قاسم قورقماز کە عهبدوڵا ئۆجالان خۆی لەوێ بوو.
پۆلەتیک: لە دەستپێکی کاری سیاسیت دەچیتە نێو حیزی شیوعی چی وایلێکردی واز لە حیزبی شیوعی بهێنی؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: یەکەم ڕاستە من ھەر لە سەرەتای ھۆشکردنەوەم، چومە قوتابخانە و پۆڵی پێنج و شەشی سەرەتایی بوو، بیرم لە سیاسەت و کوردایەتی و ھەواوھەوەسی شیعر و ئەدەبیاتی کوردیی ھەبوو. چی وایلێکردم بچمە ناو حیزبی شیوعییەوە، من ھەر بە تەبیعەتی حاڵ ھەست و سۆزم بەرامبەر بە چینی چەوساوە و زوڵملێکراو و کرێکار و جوتیار و ھەژاری کورد ھەر ھەبووە، وە نمونەش زۆرە یانی ئەوکاتەی کە قوتابی بووم و دواتریش کە گەورە بووم ھاتمە ناوەندی و ئەو ناوە، ھەر برادەرەکانم ئەو کوڕە ھەژارانە بوون بەڵام کوڕە ھەژارە خوێندەوار و ڕۆشنبیر وتێگەیشتووەکان.
بە ھەر حاڵ من ئەو وەختە حیزبی شیوعیم بەلاوە پەسەندتر بوو کە تێدەکۆشێ لە پێناوی ئازادی و یەکسانی و دروستکردنی ژیان و گوزەرانێکی باش بۆ خەڵکی ھەژار و ڕەشوڕوت، ماوەیەکی زۆر لەگەڵ حیزبی شیوعی بووم تا گەیشتمە سەرکردایەتی ناوەندی، ھەتا بووم بە بهرپرسی سلێمانی دوایی بە ماوەیەک بووم بە بهرپرسی لقی کوردستانی حیزبی شیوعی ـ قیادەی مەرکەزیی، دوای لە ھەولێر و سلێمانی و کەرکوک و ناوچەی بادینان و شاخوداخی کوردستان ھەمووی ئەو ناوانەم بەپێ ماڵ بە ماڵێ ھەژار و جوتیاری کورد گەڕاوم، بۆ ئەوەی بیروباوەڕی حیزبی شیوعی عێراقی بڵاوبکەینەوە.
چی وایلێکردم کە وازبھێنم گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە ئێمە میلەتێکی مەزڵومان ھەیە چەوساوەیە زوڵمی لێکراوە، ئەم میللەتە کە میللەتی کوردە لە ڕێگەی حیزبی شیوعیەوە ناگات بە ئازادی و سەربەخۆی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی وایلێکردم کە لەگەڵ بزافی پێشکەوتنخوازی کوردیدا ئیش بکەم و یارمەتیان بدەم.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی محەمەد ئەمین پێنجوێنی
جگە لەوەی شیوعیەت لە سەرەوە لە سۆڤیەتەوە لە بلۆکی ئیشتراکییەوە كە مەنزومەی ئیشتراکی ڕووخا ئیسپاتی کرد کە ئەو داواکارییەی مرۆڤی ئەو وڵاتانە دەیانەوێت ئەم حیزبە و ئەم قیادەیە و ئەم ڕێگەیە بۆیان بەدیناھێنێت، ئەوە بوو وردە وردە ڕووخا، ھەندێ لە حیزبە شیوعییەکان ناوی خۆیان گۆڕی ھەندێ وازیان ھێنا ھەندی گۆڕیان بە فەلسەفەی لە باتی فەلسەفەتی سۆسیالیستی و کۆمەنیستی فەلسەفەکەیان کرد بە فەلسەفەی دیموکراتیەت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ھەر ئەوە وایلێکرد مەسەلەن ئێمە ئەو وەختەی کە گەنج بوین سەیری شۆڕشی چین و شۆڕشی ڤێتنام و شۆڕشی کوبا و ئەو گۆڕانکاریی و ئەو ئازادیی و سەربەخۆییەی کە ئەوان بۆ ئەو گەلە لەژێر سایەی فەلسەفەی مارکسی و حیزبە شیوعیەکاندا بەدەستیان ھێنا، ئەوانە ھەر ھەمووی نەما، ئەو ئومەمیەتەی کە لینین و ستالین و مارکس و ئەمانە دروستیانکرد ئمومیەت نەما، ھەر حیزبەی دەستیگرت بەسەر وڵاتی خۆیدا و خەریکی گوزەران و ژیان و پێشخستنی وڵاتی خۆیان بوون، تا لە ئەنجامدا ڕووخا.
ئیتر ئەمەش لە بیر و مێشکی ھەزاران کادری شیوعی وەکو مندا گۆڕانکاریی دروستکرد، کە ڕێگەی ڕاست و تێکۆشانی ڕاستی کە ئێمە بمانەوێ بیکەین ئەوەیە کە ھەوڵبدەین کە میللەتەکەی خۆمان کە میللەتی کوردە چەوساوەیە ھەم بەشکراوە ھەم زوڵملێکراوە ھەم بەشخوراوە لە ڕێگەیەکەوە ئەم میللەتە ڕزگاریبێت .
پۆلەتیک: کەی تێکەڵ بە ئەدەبیاتی پەکەکە بوویت، یەکەم دیداری بەڕێزت وعهبدوڵا ئۆجالان کەی بوو؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: من ھەر لە دوای ڕاپەڕینەوە کادرەکانی پەکەکە ھاتن ئەو کاتە لە ھەولێر بووم، لە ھەولێر دەژیام، لەوێ لە دوای ڕاپەڕینەوە ئاشنایەتیم لەگەڵ ئەو کادرانە پەیداکرد، وە لە ڕێگەی ئەوانەوە کتێب و ئەدەبیاتی کە ئەوەی بە عەرەبی و بەکرمانجی و لاتینی ئاسایی نوسرابوو من سەرم لێدەردەکرد لە کرمانجی و لاتینیەکە ئەوانەم خوێندەوە، لەگەڵ یەکەم کادری پەکەکە کە لە کوردستانی باشور کاروچالاکی دەکرد ناوی ( ئازاد حاجۆ) کە خۆی ناوی ( نایف حاجۆ) بوو لە ماڵی ئاغاکانی حاجۆی ڕۆژئاوای کوردستاندا کە شەھیدە و برای ئەم جوان حاجۆی گۆرانیبێژ بوو، لە شەڕێکی نەبەردیدا لە باکوری کوردستان شەھید بوو، یەکەم کەس ئەو بوو ئیتر لەوێوە لە ساڵی ١٩٩٢ وابزانم گەر ھەڵە نەبم، بانگھشیان کردین بۆ بیقاع ـ لوبنان بۆ ئەکادیمیای سەربازیی مەعسوم قۆرقماز، کە عهبدوڵا ئۆجالان خۆی لەوێ بوو، یەکەم دیدارمان وابزانم مانگی ٢ ی ساڵی ١٩٩٢ بوو.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی له تهنیشت ئۆجالان قسه دهكات ـ بیقاع / لوبنان ـ 1992 محەمەد ئەمین پێنجوێنی له تهنیشت ئۆجالان قسه دهكات ـ بیقاع / لوبنان ـ 1992
پۆلەتیک: ساڵی ١٩٧٨ پهكهكه لەسەر دەستی سێ گەنج دروست دەکرێت کە یەکێک لەو گەنجانە کوردە دووانەکەی تر تورکن، ئایا پەکەکە کار بۆ نەتەوەیەک دەکات یان پڕۆژەکەی گەورەترە؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: پەکەکە پڕۆژەی بنەڕەتی کە لە یەکەم کۆنفرانس و کۆبوونەوەی ئەو کەسانەی دەڵێیت، ئەوان ٢١ کەس بوون ڕاستە دوو سەرکردەیان تورک بوون ئێستاش تورکێکی وەکو (دۆران کاڵکان)، کە ئەوانە فەلسەفەیان ئەوە بوو ئێمەی مارکسی ئەگەر ھەوڵبدەین میللەتێکی چل ملیۆنی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ڕزگار بکەین لەژێر چنگی داگیرکەران و لەژێر زوڵمی داگیرکەران مانای وایە خزمەتیێکمان بە مرۆڤایهتیی گەورە کردووە و چل ملیۆن خەڵک ڕزگاری بووە، ئەوان لەسەر ئەم فەلسەفەیە ھاتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالاندا پەکەکەیان دروستکرد و دەستیانکرد بە کار و یەکەم دروشمی بنەڕەتیان دەوڵەتێک بۆ کورد لە کوردستانی گەورە، لە ھەر چوار پارچە یان لە یەک پارچە یان لە دوو پارچە.
پۆلەتیک: پەکەکە یەکەم کۆنگرەی خۆی لە ٢٧ ی ١١ ی ١٩٧٨ وەک ڕێکخراوێکی لینینی مارکسی خۆی دەرخست، ئایا ھۆکاری چی بوو کە بەم فکرە و ناوە دروشمی مارکسیان ھەڵگرت ؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەمانە خۆیان ئەم گەنجانەی لە زانکۆکانی ئەنقەرە و ئەستەنبول بوون، لە شەستەکاندا شەپۆلێکی مارکسیزم زۆربەی زانکۆکانی ئەوروپای داگیرکردبوو خۆ شۆڕشی خوێندکارانی فەرەنسا کە خەریک بوو حکومەت وەرگرن و پاریسیان گرت و زۆر لە شارەکانیان گرت ئەو خوێندکارە مارکسیانە بوون، کە بە ئەفکاری مارکسی لینینی خەباتیان دەکرد، ئەم خوێندکارانەی کورد و تورک لە بازنەی مارکسیەکانی ترۆتسکی ھەندێکیان ماوی ھەندێکیان مارکسی لینینی ئەمانە لە زانکۆکانی ئەنقەرە و ئەستەنبۆڵ خەباتیان دەکرد، جەماوەریان دەھێنایە سەرشەقام، خۆپیشاندانیان دەکرد، ڕێپێوانیان دەکرد، پەکەکە لە ئەنجامی ئەم جۆرە چالاکیانەدا کە وەکو من ھەندێ لەو مامۆستایانەی بەڕێز ئۆجالان وانهی لە لا خوێندون لە زانکۆکانی ئەنقەرە، پرسیارم لێکردن دەیوت ئۆجالان ئەوکاتە سەرکردایەتی بەشێکی زۆر ڕەوتی مارکسی و قوتابیەکانی تورکیای دەکرد.
ئۆجالان به وردیى گوێی بۆ محەمەد ئەمین پێنجوێنی گرتووه ـ نهورۆزی 1993 ئۆجالان به وردیى گوێی بۆ محەمەد ئەمین پێنجوێنی گرتووه ـ نهورۆزی 1993
ئەمانە له ئەنجامی ئەم بازنە مارکسیانە کۆبوونەوە، ھەندێکیان ھاتن ئەوە بوو بیریان لەوە کردوە کە باشترین شوێن بۆ خەباتی مارکسی وە خەباتی چەکداریی کورستانە، کە وابوو با لە ناو کوردەکاندا ئەم ڕێکخراوە بەھێز بکەین وە بیری مارکسی لینینی بەھێز بکەین وە خەباتێک بکەین کوردستان ڕزگار بکەین، وەکو وتم بەشێکی مرۆڤایەتی ڕزگار دەبێت، لەسەر ئەم فەلسەفەیە ھاتن پەکەکەیان دروستکرد پارتی کارگەرانی کوردستان وە دروشمەکانیشیان دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی بوو.
پۆلەتیک: بۆچی ھەمیشە ڕێکخراو و بەشێک لە شۆڕشەکانی کورد فکرە و دروشمی مارکسیزمیان ھەڵگرتووە، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە زلھێزانەی کە ھەڵگری ئەم فکرەیە بوون دژی نەتەوەی کورد و تەنانەت ھەندێجار بوونەتە ھۆکاری شکست و ھەرەسی شۆڕشی کورد، ھۆکاری ئەمە چییە ؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: من لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەو وڵاتە مارکسیانە کە حوکمی دەکرد دژی بزوتنەوەی کوردی بن، ڕاستە دهكرێ ھەندێکیان لەگەڵ ئەوەدا نەبون کە دەوڵەتی کوردیی دروستبێت لەو کاتەدا، بەڵام بە دانپێدانانی سەرکردەکانی خۆمان وەکو بەڕێز مام جەلال وەکو بارزانی وەکو قاسملو وەکو ئەوانەی کە ناودارن و خەباتیان کردووە قەت ئەوەیان نەگوتوە کە سۆڤیەت یا حیزبە شیوعیەکانی ئەو وڵاتانە دژایەتی جوڵانەوەی کورییان کردبێت. بەڵکو بە گشتی پشتگیری جوڵانەوەی کوردییان کردووە، ھەتا وەکو ئەو ساڵانەی دوایش تا سۆڤیەت ڕووخا ئەو لەگەڵ جوڵانەوەی کوردیی بەتایبەتی باڵی بارزانی بوون و پشتگیرییان کردووە بە ھەموو شێوەیەک، وە مام جەلال چەند جار ئەم قسەیەی لە دانیشتندا کردووە و خۆم گوێم لێبووە، ھەتا سۆڤیەت ڕووخا یارمەتی بزوتنەی کوردی عێراقی داوە، وە بزوتنەوەی کوردی ئێرانیش بەھەمان شێوە. ئەوان دژایەتیان نەکردووە بەڵام دهكرێ ھەندێ دەوڵەتی کۆمەنیستەکان حکومیان دەکرد لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەو کاتەی ئەوانی تێدابووە بە بیروباوەڕی ئەو کاتەی ئەوان ئێستا وەختی ئەوە نییە خەبات بۆ دەوڵەتی کوردیی بکرێت و دەوڵەتی کوردی ڕابگەیێندرێ.
پۆلەتیک: ئۆجالان لە یەکێک لە کتێبەکانیدا دەڵێ ئێمە مارکسمان خوێندەوە و تێمانپەڕاند ئایا ئەم قسەیەی ئۆجالان ئەوە دەگەینێ کە پهكهكه فەلسەفەی خۆیان ھەیە، ئەو فکرەیە چییە ؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ڕاستە فەلسەفەی خۆیان ھەیە، ئەوان مارکسیە من ئەو پرسیارەشم کرد کە ئێمە چووین بۆ ئەکادیمیای سەربازی مەعسوم قورقماز، قوتابییەکانی کۆدەکردەوە کە نزیکەی ٧٠٠ بۆ ١٠٠٠ کوڕ و کچی تێدابوو، لەبەر چاوی ئەواندا من چەند ئەو پرسیارەم کرد، ڕاستە ئەو دەڵێت ئەو قۆناغەی کە مارکس داوای شۆڕشی پرۆلیتاریای دەکرد ئەو کاتە ئەوروپا چینی کرێکار بەھێزبوون، چینی کرێکار دەسەڵاتی ئابوریی بەھێز و بازووی ئەوان دەھاتە مەیدان، مارکس داوای لەوان کرد کە یەکبگرن و دەسەڵات بگرنە دەست وە زۆر لە حیزبە شیوعیەکانی ئەوروپا ئاوا ھاتنە سەر دەسەڵات دوای جەنگی جیھانی دووەم، بەڵام ئێستا زەمەن گۆڕاوە ئێستا شۆڕشی چەکداریی نەک شۆڕشی پرۆلیتاریای ناو کارگە، شۆڕشی چەکداری پێویستی بە گەلە بە میللەتە ھەتا فەلسەفەی ماویش ئاوایە نەک عهبدوڵا ئۆجالان، فەلسەفەی ماو ناکۆکی لەگەڵ سۆڤیەت و ئەو کاتەی سۆڤیەتیەکاندا ئەوە وابوو میللەت ھەمووی چەوساوەیە میللەت ھەمووی بەشخوراوە بێجگە لە چینێکی زۆرکەم نەبێ کە لە سەدا شەش یا دەی میللەتەکەیە ئەویتری ھەموو بەشخوراو، ھەموو چەوساوەیەو ھەموو کرێکارە، با ئەم میللەتە بێ شۆڕش بکات و دەسەڵات بگرێتە دەست لەو گۆشە نیگایەوە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی له تهنیش ئۆجالاندا ـ ئهكادیمیای پهكهكه ـ بیقاع / لوبنان ـ 1992 محەمەد ئەمین پێنجوێنی له تهنیش ئۆجالاندا ـ ئهكادیمیای پهكهكه ـ بیقاع / لوبنان ـ 1992
ئۆجالان زۆر سەرسام بوو بە ماو، بە ئۆشمهنه، ھەتا باسمکردووە من بەڕاستی ئەو ھەندێ شتی ئیزافەی فەلسەفەی مارکسی کرد ئەوە شۆڕشی گهل، پشتبهستن به میللەت لەسەر ژن بە بنەڕەتی کە بینیشمان لە بەرخۆدانی بەرەنگاری ڕۆژئاوا و لەشەڕی گەریلا کە ژن دەوری بنەڕەتیان ھەیە، ھەتا ئەوکاتە ڕاستە کۆمەنیستەکان وەکو یەک بەراود کردووە لە فەلسەفەی مارکسیا ئەوە ھەیە بەڵام ئەم ھات بە کرداری جێبەجێی کرد سەرکردایەتی دایە دەست ژن، خۆ زۆربەی شەڕی ڕۆژئاوا دژی داعش و دژی بەشار ئەسەد قیادەکانیان ژنن، ئەم شتانەى زیاد کردە سەر، ئەوە بوو بزوتنەوەی پەکەکە بوو بە بزوتنەوەیەکی میللی، بزوتنەوەی گەل بە ژن و پیاو دەوڵەمەند و ھەژار و ئاغا و جوتیار کردی، ئەوەی کە ھەستی شۆڕشگێریی ھەیە، ئەوەی کە دەیەوێ کوردستان ئازاد بێ ئیتر لە ھەر چین و توێژێ بێت دەتوانی لەم شۆڕشە شوێن خۆی بگرێ ئەمانە زیادەبوون لەو فەلسەفانەی پێشووی مارکس .
پۆلەتیک: لە ئێستادا وادەردەکەوێت پەکەکە لە باکوری کوردستان وەک ڕابردوو جموجوڵ و چالاکی نییە ھۆکاری ئەمە چییە ؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ھۆکاری ئەوە چالاکی ھەر ھەیە کەم تا زۆرێک جاران میدیاکانی تورکیا خۆیان سەربازێک بکوژرایە ھەموو میدیاکان باسیان دەکرد، ئێستا تاریکییەک لەسەر ھەموو میدیا ھەیە بە فەرمانی شەخسی ئەردۆگان کە نابێ باسی شەڕ بکرێت و باسی پەکەکە بکرێت، بەڵام چالاکی ھەر ھەیە خۆ ماوەیەک لەمەوپێش لە ناوچەی دەرسیم چالاکی سەربازیان کرد لە دەوری ماردین چالاکی سەربازیان کرد، بەڵام تورکیا ھێرشێکی گەورەی کردە سەر ئهو ناوچەیە، نیوەی سەربازی تورکی لە چیاکانی باکوری کوردستانە و بەدوای پەکەکە دەگەڕێن ئەوە یەکەم، دووەم ھەتا ئێستا بەگوێرەی ئاماری ڕەسمی ھەدەپە و پەکەکە و تورکیا ، زیاتر لە ١٣٠,٠٠٠ چالاکوان لە زینداندان. ئەمانە ھێرشێکیان کردە سەر خەڵک و گەل و ڕێخستنەکانی پەکەکە زۆریان دەستبەسەر کردون، زۆریان لە زینداندان و ئەو ژمارە زۆرە لە چالاکوانی کورد و نزیکی پەکەکە لە زیندانن و ئەو ھێرشەی کە تورکیا کردی لە ناوە و بە سەربازیی بۆ سەر چیاکان ڕاستە کاریگەریی کردۆتە سەر چالاکی وەکو جاران نییە بەڵام ھەر ھەیە.
پۆلەتیک: دەوترێت ئۆجالان فکرێکی تاکڕەویی ھەیە و بەڕێزیشت ھاوڕێی بوویت ئایا ئەم قسەیە تا چەند ڕاستە ؟
محهمهد ئەمین پێنجوێنی: ئەم قسەیە بەم شێوەیە نییە بەڵام عەبدوڵا ئۆجالان سەرکردەیەکی بە دیسپلین (ڕێکخراو) بوو کە ئەوان پێی دەڵێن دیکتاتۆریی نەخێر بە دیسپلین (ڕێکخراو) بوو، مەسەلەن ئەم ھەموو کوڕ و کچە گەنجەی باوەڕ پێکردبوون کە ئەوەی لە خەیاڵی گەنجدا ھەیە تێکەڵی و پەیوەندی و سێکسی ئەمە زنجیرێکە ئەبی لەملتان دایبنێن.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی و ئۆجالان ـ رۆما / ئیتالیا ـ 1998 محەمەد ئەمین پێنجوێنی و ئۆجالان ـ رۆما / ئیتالیا ـ 1998
عهبدوڵڵا ئۆجالان توانی ئەم ھەموو گەنجە باوەڕ پێبکات کە ئەبێ وابێ، ئەو سێ فەلسەفەی ھەبوو، لە بیری پەکەکە سێ شت ھەیە ئەو دەیوت مرۆڤ ھەموو مرۆڤێک سێ زنجیری لەملدایە بووە بە بەندە، بەھۆی ئەم سێ زنجیرە سێ کۆت، سێ زنجیر چۆتە ملی، بەھۆی ئەم سێ کۆتەوە بوە بە بەندە، یەکەم زنجیری پارە، ماددە، سامان، دەسەڵات، پۆست. زنجیری دووەم سێکس ھەموو گەنجێک کە لە حەڤدە ساڵ و ھەژدە ساڵ بەرەو سەرەوە دەبێ زنجیری سێکس کردن دەچێتە ملی. سێیەم، زنجیری ترساندنە لە مردن ھەرکەسێک ئازاد نابێ تا ئەم سێ زنجیرە لە ملی دەرنەھێنێت و فڕێی بدا. عەبدوڵا ئۆجالان ئەوەی لەو ئەکادیمیایە پەروەردەی کردن توانی بە ھەموو شێواز و ڕەوشتی خۆی بە دیسپلینی خۆی بە ئامۆژگاری و وانەی خۆی ئەم سێ زنجیرە تاڕادەیەک کی لە سەدا ھەشتا، نەوەد لە ملی ئەو گەنجانە داماڵێ ئینجا وتی ئێوە ئازادن شۆڕش بکەن مرۆڤێک تا ئازاد نەبێ ناتوانێ شۆڕشگێر بێ.
پۆلەتیک: ئۆجالان تێڕوانینی لەسەر کەسایەتی شەھید ئارام چۆن بوو؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەو زۆر نەیدەناسی من یەکێک بووم لەوانەی بۆم باسکردووە و لە زۆر شوێنیش باسمکردووە، ئەو شەھید ئارامی وەکو شۆڕشگێڕێکی مارکسی کلاسیکی وەسف دەکرد، وە ئیسپات بوو کە شۆڕشگێڕە و گیانی خۆی بەخشی لە پێناوی ئەو شۆڕشەی کە لە کوردستان ھێنایە ئاراوە.
پۆلەتیک: ئایا ئۆجالان ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێی بووە لە خۆیەوە پێشبینی ئەوەی کردبێ لە لایەن ئەوروپاوە خیانەتی لێ بکرێت؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەو باوەڕی بە ئەوروپا نەبوو، بەڵام لەم دواییهدا پێش گەیشتنی کە من لە لای بووم پێش ئەوەی کە لە سوریا دەربچێت، چەند جار چومەتە لای لە ئەوروپاشەوە چومەتە ئەوێ و لە کوردستانیشەوە. بیری لەوە دەکردەوە کە پێویستە ڕزگاری بێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وە سیستەمێکی تر لە کار و خەباتی پەکەکە دروستبکات وە ھەوڵی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپا و جیھان بدات، چونکە چارەنووسی میللەتەکە و میللەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەم قۆناغە مێژوییە کەوتۆتە دەست دەوڵەتە زلھێزەکانی ئەوروپا و ئەمریکا. لەبەرئەوە فکرەی گۆڕانکاری لە سیستەمی پەکەکە و لە سیستەمی ئیشکردندا لەو کاتدا پێش ئەوەی لە ڕوسیا دەرچێت، بەڵام کە کەوتە داوی (سی ئای ئەی و مۆساد و میتی تورکی) کە ئەو سێ دەزگا ھەواڵگیریەی کە تا ئێستاش ئیشی جیھان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی ئەوانە ئەیبەن بەڕێوە، ئەو سێ دەزگایە بڕیاریاندا عەبدوڵا ئۆجالان دەستگیر بکرێ. ئیتر لەو سەفەرانەی کە ناچاریان کرد سوریا بەجێبھێلێت بەرەو ڕوسیا ڕۆیشت و ڕوسیا قبوڵی نەکرد و دوای بەرەو یۆنان ڕۆیشت و وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ مێژوو وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی یۆنان، کە یۆنان زۆر دۆستی پەکەکە بوو، دۆستی کورد بوو، وە زۆر یارمەتی سیانزە چواردە ساڵی پەکەکەی لە یۆنان و لە ئەسینا بوو وەزیری دەرەوەی یۆنان لە ڕێگەی سی ئای ئەیە وە خیانەتی کرد، ھەم لە دەوڵەتی یۆنان ھەم لە پرسی کورد و عەبدوڵا ئۆجالان ئەو پلانەیان دروستکرد و ڕادەستی تورکیایان کرد، بە پیلانی ھەرسێ دەزگای ھەواڵگیری و ھەندێ ھەواڵگیری وڵاتانی تریش یارمەتیاندان.
پۆلەتیک: ئۆجالان دەڵیت هەموو ئامادەکارییەک کرابوو بێم بۆ شاخ چۆن بوو ڕووی کردە یۆنان ؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: من لە ڕۆما بینیم، کە من ڕۆشتم بۆ مێژوو ئەحمەد بامەڕنێ نوێنەری مام جەلال کە لەم دوایەدا بوو بە باڵوێز لە سوید، یەکێکە لە سەرکردەکانی یەکێتی زۆر نزیکی مام جەلال بوو، کە چووم لەبەر ژوورەکەی عەبدوڵا ئۆجالاندا ھات من ویستم بچمە ژوورەوە و ئەو برادەرانەی کە منیان برد بانگی کردم وتی، کاکە پێی بڵێ کە ئهحمهد بامهرنی ماوەیەکی زۆرە لێرەیه نامەیەکی مام جەلالم بۆت ھێناوە، کە چوومە ژورەوە دوای ئەوەی کە قسەکانی خۆم کرد و وەک چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ کرد، ھەر لەو ژوورە دوو بە سێدا بوو، وە دەرەوە یەک فەوج سەربازی ئیتاڵی لە دەوری ئەو بینایە بوون کە ئەوی تێدابوو، پێموت ئەوە فڵان کەس نامەی مام جەلالی بۆ ھێناوی، وتی ئەزانم مام جەلال جوابی بۆ ناردوم پێش ئەوەی لە سوریاش دەرچم بێمە کوردستان بەڵام چۆن بگەمە کوردستان، بۆیە ناچاربووم سورییەکان بەڵێنیان دامێ لە ڕۆژی ئەونە سەعاتی ئەونە ئەبێ تۆ شام بەجیبھێڵیت، چونکە سوپای تورکی ھاتوونەتە سەر سنور و وتویانە ئەگەر عەبدوڵا ئۆجالان لەوێ بمێنێ ئێمە شەڕ لەگەڵ حکومەتی سوریا دەکەین، حافز ئەسەدیش پێی وتوم کە من ناتوانم شەڕ بکەم تۆ سوریا جێبھێڵە.
سهڵاح رهشید، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، مام جهلال، د.كهمال فواد سهڵاح رهشید، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، مام جهلال، د.كهمال فواد
لەو کاتەدا ئەو برادەرانەی کە لە مۆسکۆ وبون وەڵامیان ناردبوو کە لەگەڵ حکومەتی ڕوسیا رێکەوتنمان کردووە، بێیت لەوێ دابنیشێ ھەتا وەکو چارەسەرێک دەدۆزینەوە، لەسەر بەڵێنی ئەو برادەرانەی کە بەرپرسی ئەوێ بوون ئەندامی ناوەندی پەکەکە بەرپرسی ڕێکخراوەکانی پەکەکە بوون لە ڕوسیا و لە ھەموو سۆڤیەتی کۆن، چەند پەرلەمانتاری ڕوسی لە پەرلەمان قسەکرابوو حکومەت بەڵێنی دابوو، ئەو کاتە یەڵسن سەرۆک بوو بریماکۆگ سەرۆک وەزیران بوو، لەگەڵ بریماکۆڤ قسەیان کردبوو، وتبوی بابێت بچێتە ناو کوردەکان ئێمە دوای پەناھەندەی دەدەینێ، بەم شێوەیە ڕۆیشت بۆ ڕوسیا، ئیتر ئەوە بوو ئەو کاتە ئەمریکا ھاتە سەر خەت من خۆم لە میدیاکانەوە گوێم لێبوو، بیل كلینتن لەگەڵ یڵسن بە تەلەفۆن قسەی کرد، وتی ئەبێ ئەو پیاوە دەرکەن لەوێ ئەمە تیرۆرستە ئەمە وایە و وایە.
لەوێ دەریان کرد کەوتە ژێر سەتەلایت و وردبینی ھەوڵگرییەکانی ئەو وڵاتە گەورانە و ئەو پلانەیان ڕێکخست و ئاوا ڕادەستی تورکیایان کرد.
پۆلەتیک: تێروانینی ئۆجالان لەسەر پارتەکانی پارچەکانی تری کوردستان چۆن بوو؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەو لە فەلسەفە شۆڕشگێریی و چەپەکەی خۆیەوە ھەندێ جوڵانەوەی کوردی بە جوڵانەوەی فیۆدالی و بۆرژوازی کوردی لەقەڵەم دەدا، کە دەیوت ئەمانە ناگەنە ئەنجامێک کە ئەو ئامانج و ئاواتەی کە میللەتی کورد ھەیەتی و دەیەوێ، بەڵام لەگەڵ یەکێتی و کەسیی مام جەلالدا زۆر دۆستایەتی و پەیوەندی تایبەتی و نھێنی و ئاشکرایان زۆر ھەبوو، لەگەڵ یەکێتیدا دۆست بوو، لەگەڵ ھەندێ لە سەرکردەکانی دیموکراتی کوردستان و چەپەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵاتدا ھاتم من لەوێ ئەمبینین و یا ئەم بیست کە سەردانی ئۆجەلان دەکەن دۆستایەتیان ھەبوو، بەڵام ئیتر ئەوانیش فەلسەفەی خۆیان ھەبوو بۆ خەبات دەیانوت ئێمە پێشڕەوی جوڵانەوەی کوردین و جوڵانەوەی کوردی و بەدیھێنانی ئامانجەکانی میللەتی کورد لەژێر دەستی ئێمەدا بەدی دێت، ئەمە فەلسەفەیانە و تائێستاش ئەمەیان ھەیە بەڵام ئەم گۆڕانکاریانەی دوای دڵنیایە ھەندێ گۆڕانکاریان کردووە لە ھەڵسوکەوتیاندا لەگەڵ ھێزە کوردییەکان ئەوان دەیانەوێت و ویستویانە لەگەڵ ھەموو ھێزە کوردییەکانی ڕۆژھەڵات و باشور پەیوەندییان ھەبێ بەڵام ھەندێ ھێز خۆی نایەوێت نزیکی پەکەکە بێت و دان بە پەکەکە نانێنن کە جوڵانەوەیەکی سیاسی کوردییە و ھەزار ناوناتۆر و قسەی سەیرو سەمەرەیان بۆ ھەڵدەبەستن، ئهوهش ڕاستە لەگەڵ ھەندێک پەیوەندیان باش نییە.
پۆلەتیک: زۆربەی سەرکردەکانی چوار پارچەی کوردستانت لە نزیکەوە بینیوە جیاوازی کەسایەتی ئەوان و ئۆجالان چییە ؟ چی وایکردووە ببێتە کاریزمایەکی تایبەت ؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنی: عەبدوڵڵا ئۆجالان وەک ئاماژەم پێدا، توانی ئەو سێ زنجیرەی باسمکرد ئەو سێ کۆت و زنجیرە لە ملی بەشێکی زۆر شوڕشگێڕانی کورد داماڵێت کە تا ئێستا لە ھیچ پارتێکی کوردیدا ئەوە نەکراوە، عەبدوڵا ئۆجالان خۆی ١٠ دۆلاری لە گیرفاندا نەبوو، کە دەیتوانی، پەکەکە پارتێکی زۆر دەوڵەمەندە وەبەرھێنانیان زۆر ھەیە لە ئەوروپو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش، ئەو پارانە و ئەو سەروەت و سامانە ھەموی بۆ شۆڕش و شەھیدان و کاروباری پارتەکە خەرج دەکرێت، ئەیتوانی ببێت بە سەروەتمەنێکی گەورە، ئەو ھەڵسوکەوتی ڕۆژانەی لەگەڵ گەریلاکان و لەگەڵ قوتابیەکانیدا و ئەکادیمیا سەربازییەکە پێکەوە نانیان دەخوارد و ھەڵسوکەوتیان دەکرد، بەس لە یەک شتا جیا بوو، زۆربەی خەڵکەکە نەیاندەزانی شەوان لە کوێ دەنوێت، ئەویش بۆ خۆپاراستن و بابەتی ئاسایش بوو، ھەندێ سیفاتی تری ھەیە، گرنگی نەدەدا بە ماڵ و خێزان و دروستکردنی نەوە، ئەمانە لە کەم سەرکردەی شۆڕشگێری دنیادا ھەبووە، ئەو جۆرێکی تر ھەڵسوکەوتی دەکرد لەگەڵ ژیان و ژیانی شۆڕشگێری کە جیاوازترە لە ھەندێ سەرکردەی کوردی تر .