شانەدەر، وەك لانكە
نووسینی: نەبەز گۆران
چیرۆكە دێرینەكە لەمە درێژترە، بە پێی مێژووناسان، پشكێنەران، مرۆڤ لە دۆڵی_ڕیفی ئەفریقا_ وە، سەدو چلوحەوت هەزارساڵ بەر لە ئێستا، كۆچ دەكات بۆ هیلالی بەپیت، واتە: میزۆپۆتامیا. ئەم كۆچە دەبێتە بنەوانێك، تاكو مێژوو لەسەر ئەم تیۆرە خۆی هەڵچنێت. ئەشكەوت نشین، گوندنشین، شارنشین. لە هەرسێ وێسگەكەدا، خاكی كورد، زاگرۆس، بەشدارە لە دروستكردنی مێژوو.(مێژوو لەسەر دوو هێڵ كاردەكات، هێڵێكیان خۆی گرێدەدات بە مرۆڤ و كردەكانییەوە، هێڵێكی دیكەی پەیوەستە بە خاكەوە، لەهەردوو دیوەكەدا، زاگرۆس، چەقی مێژووە.) قۆناغی یەكەم، ئەشكەوت نشینی، سێ ئەشكەوتی بنەڕەتی پشكنینیان بۆكراوە، شانەدەر، هەزارمێرد، زەڕی. هەرسێكیان لە خاكی كورددان، لە هەرسێكیاندا بەرهەمی دۆزینەوە كەوتوەتە بەردەست. ئەم قۆناغە بە سەدهەزارساڵ دەخەمڵێنرێت. ئەوەی پەیوەندی بە شانەدەرەوە هەیە، دەگەڕێینەوە بۆ یەكەمین دۆزینەوە.
(تەها باقر) كە بەڕەچەڵەك كوردێكی ناوچەی خانەقینە، سەردەمێك بەرپرسی مۆزەخانەكانی عێراق بووە، یەكێك بووە لە لیژنەی پشكنینەكان، زمانی سۆمەری زانیوە و دەقەكانی ڕاستەوخۆ لە سۆمەرییەوە وەرگێڕاوە. لە چیرۆكی دۆزینەوەی یەكەمدا، سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ هەندێك پرس.(خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی كتێبەكانی.) دوو كەسایەتی دەدۆزرێنەوە، یەكێكیان بەپێی پشكنین دەردەكەوێت لە زگماكەوە ئفلیج بووە. هەتا تەمەنێكی ناوەندی بەم دۆخە گوزەراندوییەتی، پاشان مردووە، لە تەنیشتیدا پاشماوەی ئاسەواری تۆوی چەند گوڵێك دۆزراونەتەوە، بەشێك لە ئاسەوارەكانی گوڵەكان لە پشكنیندا دەركەوتووە دەرمانن و یەكێكیان ژەهرە. ئەم دۆزینەوەیە، شرۆڤەی مێژوونووسانی گۆڕی، بەمجۆرە شرۆڤەیان كرد، مرۆڤە سەرەتاییەكان ئاگاییان گەشتیوەتە ئاستێك، گوڵی دەرمان و گوڵی ژەهراوی بناسن، بە دیوێكی تردا، زمان پەیدابووە، ئیدی زمانەكە بە ئاماژەبووبێت، یان توانای بەرهەمهێنانی ناوی هەبووبێت ئامادەیی هەبووە، چونكە بەبێ بوونی زمان، گوڵەكان لەیەكتری جیاناكرێنەوە و پێویستیان بەناو، یان ئاماژەی شوناس پێدان هەیە. تەنها زمان ئەم ئەركە یەكلایی دەكاتەوە.
ئەم دۆزینەوەوە، لە چینێكی ئەشكەوتەكە بەردەست كەوت، لە دواهەمین دۆزینەوەدا لە چینەكانی دیكە، كەلەسەری خاتوونێك دۆزرایەوە. تیمێك، چەندساڵێك سەرقاڵی پشكنین و لێكۆڵینەوە بوون، پاشان وەك گریمانەیەك، شكڵێكیان بەخشییە ئێسقانەكە. شرۆڤەیەكیان خستە ڕوو، بە پێی پشكنینیەكە گرێیاندا بە حەفتاوپێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا. كەواتە: هێشتا نیوەی مێژووەكە دیار نییە، چونكە دۆزینەوەكە لە ناوەڕاستی ئەو مێژووەدایە. دوای ئەم قۆناغە، مرۆڤەكە لە ئەشكەوتەكانی زاگرۆس دێتە خوارەوە و گوند دروستدەكات، چل هەزارساڵ مێژووی گوندنشینیمان هەیە، حەوت هەزارساڵ مێژووی شارنشینیمان هەیە. بەرهەمە مەزنەكان لە گوندنشینیەوە دەست پێدەكات، چ لە ڕووی ماڵ دروستكردنەوە، چ لەڕووی چنین و كولتوور و بەرهەمهێنانی نەریت و ئایدیاكان و خێزان و بەماڵیكردنی گیانداران. بەڵام ئەوە ڕوونە، بەرهەمی گوندنشینی بەرهەمی مرۆڤی ژیرە پرسی دۆزینەوە نوێیەكە، پرسێكی وروژێنەرەی هوشیارییە. لەسەرخاكی گەلێك دۆزراوەتەوە، ئەویتری دەرەوەی ئەم گەلە هەمیشە كاریكردووە بۆ سڕینەوە و لە مێژووخستنی. ئەمە تەنها دۆزینەوەیەك نابێت، لە داهاتوودا ژێرخاكی ئەم گەلە چەندین بەرهەمی دیكەی دەبێت. بە تایبەت لە قۆناغی گوندنشین و شارنشینیدا. چونكە ڕیزبەندی گوندەكان بریتین لەو زنجیرە گوندەی دوای ئەشكەوت نشین دەست پێدەكەن و، هەموویان دەكەونە خوار كێوەكانی زاگرۆسەوە. وەك لاوژە سۆمەرییەكان دەڵێن: "بەرهەمی شار، بەرهەمی بیرۆكەی گوندنشینەكانە." واتە: شارنشینی دواوێستگەی كەڵەكەبوونی سەرمایە و كولتوور و گەشەی مرۆڤە. بەبێ گەڕانەوە بۆ ناساندنی گوند، لەو ئاڵوگۆڕە تێناگەین لە مێژوودا لەناو شارنشینیدا دروستدەبێت.
ڕەنگە بۆ ئەوانەی بەدوای ڕیشەی شتەكان ناكەون، هەر دۆزینەوەیەكی مێژوویی، وەك ڕووداوێك تەماشای بكەن، بەبێ ئەوەی درك بەوە بكەن، ئەم دۆزینەوانە بەشێكی زۆری ئایدیای مێژوونووسان و دونیا لەسەر پرسی مرۆڤ و ڕابردووەكەی دەگۆڕێت. قسەكردن لەسەریان، قسەكردنە لەسەر هەڵتەكاندنەوەی بەشێك لە ئایدیا چەسپیوەكان. كوردی باشوور، چونكە سیستەمی حوكومڕانییەكەی فەرهەنگەكەی لاوازە، لەم پرسانەدا توانای سەرمایەگوزاری مێژوویی نییە، بە پێچەوانەوە پرسە ڕۆژانەیەكانی بۆ گرنگە و، ناتوانێت دۆزینەوەكان بكاتە وێستگەیەك بۆ ڕیشەناسی گەل و هوشیارییەكی مێژوویی.
خاتوونەكەی شانەدەر لە جیهاندا بووە جێگای گفتوگۆ. بێگومان لە داهاتوودا قسەی زیاتری لەسەر دەكرێت و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەنووسرێت، نەك لەبەر ئەوەی دۆزینەوەیەكی نوێیە لە زاگرۆسدا، بەڵكو لەبەر ئەوەی وەك ساموێل نوح دەڵێت: "بەرهەمی شارستانییەتی سۆمەری، بەرهەمی مێژووی پێش خۆیەتی." واتە: لانكەكە بە تەواوەتی ڕووندەبێتەوە و ئەو شێواندنە مێژووییەی چەند سەدەیەكە بەرامبەر خاكی زاگرۆس دەكرێت، جارێكی دیكە لە ڕێگەی دۆزینەوەكانەوە شوناسە ڕاستەقینەكەی بۆ دەگەڕێتەوە. وەك چۆن هەمیشە دیدگایەك هەبوو، زاگرۆس و ئەشەكەوتەكانی و گوندەكانی بە لانكە ناودەبرد، بە دۆزینەوەی خاتوونەكە، ئەو شوناسە پتەوتربوو. وەك دایكێك، خۆی دەرخست و پایەكانی لانكەكەی سەرلەنوێ هەڵچنییەوە. ئەمجۆرە دۆزینەوانە بۆ گەلی هوشیار بە مێژوو، بۆ دەسەڵاتی خاوەن فەرهەنگ، دەبنە سەرچاوەی وزەبەخشین بە شوناس و ڕیشەكانی شوناس، ئەمما پێچەوانەكەی دۆخی نۆكەری بۆ دروستدەبێت، كە دژ بە ڕیشەكانی مێژووی خاكەكەی خۆی دەوەستێتەوە، هەتا كەسایەتییە نۆكەرو هزرە داگیركراوەكەی كەمێك ئاسودەبێت.