زوڵێخا وەلی ئیسماعیل (زوڵێخا پشدەری)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

گۆرانی بێژی میللی زوڵێخا پشدەری

126661.jpg

زوڵێخا وەلی ئیسماعیل لەساڵی 1930 لە نزیک مەزاری شێخ باڵەک لە حاجی ئۆمەران لەدایکبووە.

ساڵی 1956 شووی بە ئامۆزای خۆی کردووە و سێ کچی لێبووە، لەساڵی 1962 بۆ جاری دووەم شووی بە حەمە مەحمود کردووە و لەو پیاوەش سێ کچ و کوڕێکی هەیە، لەساڵی 1969 مێردەکەی دەمرێ.

هەرچەندە زوڵێخا هەر لەمنداڵییەوە وەک ئافرەتێکی کۆچەری و لەنێو کانی و مێرگوزارو دارودرەختە مەڕو ماڵات حەزی لە گۆرانی کردووە، بەڵام داب و نەریتی کوردەواری ڕێگای نەداوە.

لە دوای نەمانی مێردەکەی و باری ناهەمواری ژیانی چەرمەسەری و لەخۆگرتنی منداڵەکانی، کاری کردۆتە ناخ و دەروونی و دەستی کردووە بە گۆرانی وتن و بەدیهێنانی حەزی سەردەمانی کچێنی و بۆ یەکەمجار لە ئاهەنگی جەژنی کرێکاران لەساڵی 1974 لە شاری سلێمانی و دوکان ئاهەنگی گێڕاوە.

هەر لەو ساڵەدا چۆتە ئێزگەی کوردی و ئەم گۆرانیانەی تۆمارکردووە: لاوکێ مەمێ، لاوکێ میوانۆ، بەستەی وە وەی زارا.

پاشان لە هەمان ساڵدا چووەتە تەلەفزیۆنی کەرکووک بۆ تۆمارکردنی لاوکی دەروێشی عەبدی، لۆرکێ، دەنگیان دێ.

بەبۆنەی جەژنە میللیەکان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن گۆرانیەکانی تۆمارکردووە و لەشەوی 31-01-1989 وەک میوان لە بەرنامەی لە کەلەپورەوە لە تەلەفزیۆنی کەرکووک بۆ ماوەی 32 خولەک لەگەڵ ئەسعەد عەدۆی ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەکە گفتوگۆی کردو گۆرانی چڕی.

هەموو ڕۆژی پێنج شەممە و هەینیەک لە ئاهەنگی بووک گواستنەوە و جەژنە میللیەکاندا گۆرانی دەوت. زولەیخا پشدەری دانیشتووی شارەدێی حاجیاوە و ڕانیە بوو بەردەوام هاتوچۆی سلێمانی دەکرد و ئەندامی نەقابەی هونەرمەندانی لقی سلێمانی بوو لەساڵانی هەشتاکاندا.

زوڵێخا بەناوبانگترین و دیارترین و یەکەمین خانمە گۆرانیبێژی میلی کوردە کە بە سێ زمانی فارسی و تورکی و کوردی و بە شێوازێکی لێهاتوانە گۆرانی وتوە، هاوکات هەرخۆشی تەپڵ لێدەری گۆرانیەکانی خۆی بووە.

بەداخەوە لە ڕووداوی کوشتن گیانی لەدەستدا. وەکو زانراوە لەلایەن بنەماڵەکەی خۆیەوە کوژراوە، بەدیاریکراوی ساڵی کوشتنی نەزانراوە.


سەرچاوە: وێنە کۆنەکانی سلێمانیجۆری کەس: هونەرمەند/گۆرانیبێژ