عوسمان سابونچی

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٨:٠٣، ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

ئامادەکردنی: جه‌مالی دەلاک

441879069.jpg

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ ته‌نها (40) به‌هار ژیاوه‌ ، له‌وته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌دا جوانه‌مه‌رگ بووه‌..! به‌ڵام له‌وڕۆژه‌وه‌ی هه‌ستی به‌تاڵ و سوێریه‌كانی ژیان و ئازار و چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌، بۆته‌ به‌رهه‌ڵستكارێكی توند دژ‌ به‌ڕژێمی پاشایه‌تی و ، ده‌نگ و گه‌روو هونه‌ره‌كه‌شی خستۆته‌ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی و پێشخستنی مۆسیقا و گۆرانی .

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ جوانه‌مه‌رگه‌ تێكۆشه‌ر و ده‌نگخۆشه‌ له‌وماوه‌ كه‌مه‌ی ژیانیدا چه‌ند ساڵێكی له‌زیندانه‌كانی ڕژێمی پاشایه‌تیدا به‌سه‌ربردووه‌‌، ئه‌و كاتانه‌شی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی زیندان و له‌ژیانێكی ئاساییدا ژیاوه‌ ، كه‌سێكی چوست و چالاك و هونه‌رمه‌ندێكی مه‌قامزان ومه‌قامبێژ و به‌سته‌ بێژی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و ڕادیۆی كوردی به‌غدا بووه‌.

هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی ...!

عوسمان محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان ، له‌ گەڕەکی سابونکەران له‌ساڵی (1931) چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌،ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و تێكۆشه‌ره له‌ناو خه‌ڵكی و له‌نێو هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی به‌ ( عوسمان سابونچی) ناوی ده‌ركردووه‌و ناسراوه‌، له‌وانه‌یه‌ بپرسن بۆ ئه‌و نازناوه‌ بۆته‌ پاشخانی ناوه‌كه‌ی؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی ده‌ست ڕه‌نگینی گه‌ڕه‌كی سابونكه‌رانه‌، كه‌ به‌پیشه‌ی (سابوون) دروستكردن ناسراون، ماڵی حاجی عه‌بدوڵڕه‌حمانی سابونچی كه‌ده‌كاته‌ باپیری هونه‌رمه‌ند، یه‌كێك بوون له‌و پێنج خانه‌واده‌یه‌ی گه‌ڕه‌كی سابونكه‌ران كه‌ به‌پیشه‌ی سابوون دروستكردن ناسراو بوون وه‌ك: ( ماڵی خاڵه‌ له‌ ،ماڵی حاجی كه‌ریمی حاته‌م ، ماڵی سه‌عیدی خه‌جه‌ خانێ ، ‌‌ماڵی ئه‌وڕه‌حمانی چاومار و ماڵی حاجی سه‌عیدی میرزا) (1)

دایكی هونه‌رمه‌ند ، خاتوو ( ئاسكۆڵ شێخ فه‌ره‌ج شێخ مارف ) یه‌كێك بووه‌ له‌و خاتوونه‌ شاره‌زا و ده‌ست ڕه‌نگینانه‌ی سابوون دروستكردن.

هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی، له‌ساڵی (1937) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن له‌قوتابخانه‌ی ( فه‌یسه‌ڵیه‌) ، له‌قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی هونه‌رمه‌ند ئاره‌زوو و خولیای گۆرانی و مه‌قام و مۆسیقا و هۆنراوه‌ بووه‌، له‌ قوتابخانه‌ی فه‌یسه‌ڵیه‌ به‌هۆی ده‌نگخۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ سوودی لێوه‌رگیراوه‌و گۆرانی و سرووده‌ نیشتمانیه‌كانیان پێخوێندووه‌ و ناوی به‌ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ند ده‌ركردووه‌،

ئه‌وه‌نده‌ عاشقی گۆرانی و مه‌قام و مۆسیقا بووه‌ زۆربه‌ی كاته‌كانی ژیانی تایبه‌تی و خوێندنه‌كه‌ی بۆ خوێندنی گۆرانی و مه‌قام ته‌رخان كردووه‌، زۆرجار دایكی هۆشداری داوه‌تێ ( هه‌رله‌منداڵییه‌وه‌ حه‌زی له‌گۆرانیی و مۆسیقا بووه‌ ، حه‌زی له‌گۆرانیی و شیعر و عوود لێدان ده‌كرد ، له‌گه‌ڵ ( ولیام) داییما عودییان لێداوه‌ ، هه‌رتاڵیب به‌ ئه‌وانه‌ بوو ، ده‌مگووت : تۆ ئه‌م شیعر و شانامه‌یه‌ له‌خوێندنه‌كه‌ت ده‌كه‌ن و دووات ده‌خه‌ن، ئه‌ویش ده‌یگووت . دواناكه‌وم ..!) (2).

671650403.jpg

هونه‌رمه‌ند قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌فه‌یسه‌ڵییه‌ ته‌واو ده‌كات ، ساڵی (1943) كاتێك قوتابی قۆناغی ناوه‌ندی ده‌بێت، له‌وساڵه‌دا له‌شاری سلێمانی خۆپیشاندان دژی ئیستعماری داگیركه‌ر ئه‌نجام ده‌درێت، عوسمان سابونچی مێرمنداڵ یه‌كێك ده‌بێت له‌ به‌شداربووانی خۆپیشاندانه‌كه‌، دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی سه‌رده‌می ( نوری سه‌عید، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق) ده‌سگیرده‌كرێت و ده‌خرێته‌ زیندان، دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ی له‌زیندان ئازادی ده‌كه‌ن..! به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌قوتابخانه‌ وه‌ریناگرنه‌وه‌، زۆر هه‌وڵ ده‌دات درێژه‌ به‌خوێندن بدات له‌به‌ردڵی دایكی كه‌ زۆر حه‌زوو ئاره‌زووی بووه‌ كوڕه‌كه‌ی بگاته‌ ئاستێكی به‌رزی خوێندن..! به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ده‌ستی چه‌په‌ڵی زۆرداره‌وه ‌ڕێگری لێده‌كه‌ن و ناهێڵن ئاواتی ئه‌و دایكه‌ بێته‌دی .

هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی له‌و ته‌مه‌نه‌ هه‌رزه‌كارییه‌دا عه‌شق و خولیایه‌كی زۆری بۆ فێربوونی مۆسیقا به‌تایبه‌تی ئامێری ( عوود) ده‌بێت ، له‌وسه‌رده‌مه‌شدا هونه‌رمه‌ند ومامۆستا ( ولیه‌م یوحه‌ننا) وه‌ك ژه‌نیاری ئامێره‌كانی مۆسیقا و فێركارێك ناسراو و‌ ، هه‌م وه‌كو گه‌ڕه‌كیش نزیكبوون له‌یه‌كه‌وه‌ ، عوسمان سابونچی بۆمه‌به‌ستی فێربوونی ئامێری عوود چۆته‌ لای هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا و له‌سه‌رده‌ستی ئه‌و مامۆستا و هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆزه‌ی هونه‌ر فێربووه‌، مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تاكانی فێربوون و خولیای ئۆ مۆسیقا ده‌ڵێت ( عوسمان وه‌ك گه‌نجێكی هه‌ستی هونه‌ری ببزوێ، ده‌هاته‌ لام له‌ماڵه‌وه‌ من فێری عوودم ئه‌كرد و ده‌رسی ( نه‌زه‌ری و عه‌مه‌لی) م ده‌دایه‌ و مه‌شقم پێده‌كرد ، ئه‌وه‌بوو به‌هه‌وڵ و كۆششی خۆی و ئاره‌زووی هه‌بوو ، زۆر به‌چاكی فێره‌ عود ژه‌نین بوو، له‌ساڵی (1955) به‌م لاوه‌ ئیتر ده‌هاته‌ ناو ئه‌ندامه‌كانی تیپی مه‌وله‌وی و له‌گه‌ڵیانا مه‌شقیده‌كرد) (3) .

محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمانی باوكی فه‌رمانبه‌ر بووه‌، له‌سه‌ره‌تای ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، ڕاژه‌ی وه‌زیفییه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ( ئه‌بوغرێب) له‌نێوان فه‌لووجه‌و حه‌ببانیه‌، ئه‌وكاته‌ش هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی ته‌مه‌نی له‌نێوان پانزه‌ بۆ شانزه‌ ساڵ بووه و گه‌نجێكی خوێن گه‌رم و متمانه‌ به‌خۆ بووه‌‌، له‌شاری سلێمانی یه‌وه‌ به‌ڕێ كه‌وتووه‌ بۆ ئه‌بوغرێب بۆ دیده‌نی باوكی، ئه‌وسه‌ردانیكردنه‌ی بۆلای باوكی چه‌ندجارێك بووه‌ و، شاره‌زای ڕێگه‌و شاری به‌غدا ده‌بێت، هونه‌رمه‌ند عه‌شقێكی په‌نگخواردوی لێوان لێو له‌ به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و توانای چرینی مه‌قام و به‌سته‌ی له‌سینه‌دا بووه‌ و مه‌به‌ستی بووه‌ له‌ڕێی گۆرانیه‌كانیه‌وه‌ خزمه‌ت به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات ‌، له‌و هات و چوونانه‌داخۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا، ئه‌و كاته‌ به‌ڕێز ( كامیلی كاكه‌مین) سه‌رپه‌رشتیاری ڕادیۆ بووه‌ و ، هه‌رده‌نگخۆش و به‌هره‌دارێكی هونه‌ری كه‌توانای خوێندنی گۆرانی هه‌بووبێ وه‌ریانگرتووه‌، عوسمان سابونچی ده‌چێته‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا و چه‌ند گۆرانییه‌ك ده‌خوێنێ ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و گۆرانیانه‌ له‌مێژوو و ئه‌رشیفی هونه‌ری ڕادیۆدا نه‌ماون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ئامێری تۆماركردن نه‌بووه‌، به‌ڵكو گۆرانی و مه‌قام و لاوك و حه‌یران به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، له‌وكاته‌ی هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی چۆته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا ، هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان له‌شاری به‌غدا ده‌خوێنێ له‌سلكی ( بێسم_مخابه‌ره‌) له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی به‌غدا، هه‌موو هه‌ینی یه‌ك كاتژمێر (5:00 بۆ 5:30) ی ئێواره‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 1/7/1945) یه‌كه‌م گۆرانی به‌ناوی ( ئه‌مبه‌ره‌و به‌ره‌ )به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ خوێندووه‌، هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان یادگارییه‌كی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ باس ده‌كات كه‌له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا بووه‌ ، عوسمان سابونچی سه‌ردانی ڕادیۆی كردووه‌( عوسمان سابونچی خوالێخۆشبوو، له‌نێوان (1945_ 1946) سه‌ری له‌ئیزگه‌ ئه‌دا، له‌ڕۆژانی هه‌ینی دا ، وابزانم مانگی دووجار له‌گه‌ڵ من دوو ئاهه‌نگییان دابوویه‌ پێكه‌وه‌ش به‌دووقۆڵی گۆرانیمان ده‌گووت)(4) .

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ساڵی چوونی هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا، ڕایه‌كی دیكه‌ش‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش له‌زاری ( سۆران) كوڕی هونه‌رمه‌نده‌وه‌ وه‌رگیراوه‌و ده‌ڵێت ( له‌ساڵی 1946_1947) یه‌كه‌م جار بووه‌گۆرانی گوتووه‌ له‌ڕادیۆ) (5) .

كه‌واته‌ ئه‌وساڵانه‌ به‌ده‌ستپێكی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند له‌بواری چرینی به‌سته‌و مه‌قام ئه‌ژمارده‌كرێت،

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1947) له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نیشتمانی جارێكی دیكه‌ ده‌گیرێته‌وه‌و ڕه‌وانه‌ی ژووره‌ تاریكه‌كانی زیندانه‌كانی ( كه‌ركوك و به‌غداد) ی ده‌كه‌ن ، تا له‌لایه‌ن ( مه‌حكه‌مه‌ی عورفی كه‌ركوكه‌وه‌) به‌ دووساڵ بڕیاری زیندانیكردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن و ڕه‌وانه‌ی به‌ندینخانه‌ی شاری ( كووت) ده‌كرێت، هونه‌رمه‌ندی‌ هه‌ست ناسك و عاشق به‌ نیشتمان و هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، ماوه‌ی دووساڵ له‌وزیندانه‌دا‌ به‌ڕێ ده‌كات ، تاله‌ساڵی (1949) ئازاد ده‌كرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زێده‌كه‌ی شاری سلێمانی، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنه‌وه‌ی به‌سلێمانی جارێكی دیكه‌ هه‌وڵ ده‌دات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خوێندن ، ته‌نانه‌ت به‌خوێندنی ئێوارانیش ڕازی بووه‌ ، ئه‌مجاره‌ش ده‌ستی نائومێدی ده‌نێن به‌ڕوویه‌وه‌ و وه‌رناگیرێته‌وه‌،

له‌ به‌رئه‌وه‌ی باوكی له‌ژیاندا نه‌ماوه‌و ئه‌ركێكی زۆر ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی و له‌شه‌قامی سابونكه‌ران چایخانه‌یه‌ك داده‌نێ و به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌چاوی پیاوه‌كانی ڕژێمی پاشایه‌تی.

هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی كاری چایچێتییه‌كه‌ی زۆر درێژه‌ ناكێشێ و وازی لێدێنێ، ناچار له‌ساڵی (1950) له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی ده‌چنه‌ شاری كه‌ركوك له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن، هونه‌رمه‌ند شان ده‌داته‌ به‌ر كاری كرێكاری، ماوه‌ی سێ ساڵ به‌وشێوه‌یه‌ ژیان ده‌گوزه‌رێنێ و له‌ساڵی (1953) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری سلێمانی و، به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێت، له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه‌سایه‌تی دیاری شاری سلێمانی ( ڕه‌مزی مه‌لا مارف 1976/7/27_1902) شاعیر و كورد په‌روه‌ر ، به‌رێوه‌به‌ری ( ئاو و كاره‌بای) شاری سلێمانی بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی خێزانی ( ڕه‌مزی مه‌لا مارف ) ئامۆزای هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی بووه‌، هه‌م له‌ڕووی خزمایه‌تی و هه‌م له‌ڕووی ئه‌وه‌ی كه‌ هونه‌رمه‌ند كه‌سێكی دڵسۆز و ‌نیشتمان و كوردپه‌روه‌ر و خۆشخوانێكی به‌توانایه‌، ڕه‌مزی مه‌لامارف ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ به‌ئه‌مه‌كه‌ خۆشیی ده‌وێت و هه‌وڵی بۆ ده‌د‌ات له‌ له‌دایره‌ی ئاو و كاره‌با به‌ ( نووسه‌ر _ كاتب) دایده‌مه‌زرێنێ ، له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی به‌ڕێك و پێكی ئه‌نجام ده‌دات و سه‌رنجی ده‌وروبه‌ری بۆلای خۆی ڕاده‌كێشێ ، له‌پای ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كه‌ی ده‌كرێت به‌ ( ئه‌مین سندوق) له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ دوای چه‌ند ساڵێك ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ( شاره‌وانی _ به‌له‌دیه‌) و ناونیشانه‌كه‌ی ده‌بێت به‌( تێبینه‌ر) تا دواساته‌كانی ژیانی .

هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی و تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ..!

به‌رله‌وه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی دابمه‌زرێت له‌شاری سلێمانی ، عوسمان سابونچی ده‌نگخۆش ، له‌نێوان ساڵی ( 1953_1954) جارێكی دیكه‌ ڕووده‌كاته‌وه‌ ڕادیۆی كوردی به‌غداد، به‌هه‌گبه‌یه‌كی پڕه‌وه‌ له‌تێكست و میلۆدی جوان ، له‌وكاته‌دا هونه‌رمه‌ند ( قادر دیلان) وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری ( كلارنێت) دامه‌زراوه‌، عوسمان سابونچی چه‌ند گۆرانییه‌ك له‌ئاوازی خۆی و هونه‌رمه‌ندان تۆمارده‌كات ، هونه‌رمه‌ند سوودی له‌هۆنراوه‌ی شاعیرانی وه‌ك ( گۆران ، ئه‌حمه‌د هه‌ردی ، أ.ب.هه‌وری ، فایه‌ق بێ كه‌س، شێخ سه‌لام ، حه‌مه‌عه‌لی مه‌دهۆش،میرزا مارف) ، كۆی ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه‌له‌ڕادیۆ ی كوردی به‌غدا تۆماری كردوون بریتی بووه‌ له‌ (8) گۆرانی وه‌ك ( خۆزگه‌ وابوایه‌ ، له‌بیرت نه‌چم ، حسێنی ، به‌یادی جاران ، یار یار : تانگۆ ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕه‌فیق چالاك ، ئه‌ی دڵ ، سكاڵا، گوناهی من ده‌بێ چی بێ و ست فاتمه‌)، له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا هه‌فته‌ی دوو له‌به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، بۆنموونه‌ (له‌خشته‌ی په‌خشی به‌رنامه‌كانی ڕادیۆ له‌ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ (3/11/1955) كاتژمێر (7:30) ئێواره‌ گۆرانی (خۆزگه‌ وابوایه‌ و له‌بیرت نه‌چم) ، له‌خشته‌ی ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ی (3/9/1957) كاتژمێر (6:50) ئێواره‌ گۆرانی (به‌یادی جاران) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌) (6).

له‌دوای وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی دبلۆمی هونه‌ری له‌بواری مۆسیقابه‌پله‌ی باڵا، له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدادله‌به‌غداد، هونه‌رمه‌ند ( ولیه‌م یوحه‌ننا) له‌ساڵی (1955) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری سلێمانی، هه‌روه‌ها دوای دوورخستنه‌وه‌ی له‌ كۆلێژی بازرگانی و ڕادیۆی كوردی به‌غداد، هونه‌رمه‌ند( قادر دیلان) له‌ساڵی (1954) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زێدی له‌دایكبونی، له‌و سه‌رده‌مه‌دا كۆمه‌ڵێك گه‌نج و لاوی خوێن گه‌رم و دڵسۆز و خه‌مخۆر بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، كه‌هه‌ریه‌كه‌یان له‌ئامێرێكی مۆسیقادا شاره‌زاییان هه‌بووه مه‌به‌ستیان بووه‌ كه‌ كاروانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی به‌ره‌و پێش ببه‌ن و هونه‌ری مۆسیقا به‌خه‌ڵك ئاشنا بكه‌ن‌، ڕۆژانه‌ له‌دوكانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ( به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ) كۆبوونه‌ته‌وه‌و ڕاوێژ و باس و خواسی هونه‌ری كراوه‌ ، له‌یه‌كێك له‌ ڕۆژ و مانگه‌كانی ساڵی (1955) له‌ دوكانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ، هونه‌رمه‌ند قادر دیلان كه‌هیوا و ئومێدێكی زۆری به‌هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی هه‌بووه‌ و پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه‌ بیر له‌دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا ده‌كه‌مه‌وه‌، هه‌موو هاوڕێكانی به‌په‌رۆش و دڵێكی پڕهیواوه‌و هه‌موو به‌ڵێن ده‌ده‌ن كه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ ناو ده‌ستی یه‌كتر وئه‌و كاره‌ پیرۆزه‌ ئه‌نجام بده‌ن، له‌وساڵه‌دا مژده‌ی دامه‌زراندنی ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ) ده‌ده‌ن به‌هاوڵاتیان و به‌نێو شاردا ئه‌و هه‌واڵه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌.

ئه‌ندامه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی پێكهاتبوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ ( قادر دیلان، ولیه‌م یوحه‌ننا ، به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ، نه‌جاتی عه‌بده‌ ، حاته‌م سه‌عید ، دكتۆر ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك، هادی عه‌نبه‌ر ، سه‌ردار ڕه‌مزی ، ساجد ڕه‌فیق ، قادر كوردی ، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و نوری به‌ده‌وی ) ،

هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌هه‌وڵی دڵسۆزانه‌یان ده‌كه‌ونه‌ كۆشش و چالاكی هونه‌ری و ، كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش په‌یوه‌ندی به‌تیپی ناوبراوه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌ست و په‌نجه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیارانه‌ ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كانیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ گوێ و هه‌ستی خه‌ڵك ، هونه‌رمه‌ندان ( ڕه‌شۆڵ ، محه‌مه‌د ساڵه‌ح دیلان ، شه‌ماڵ سائیب ، قادری حاجی حسێن، حه‌مه‌ی به‌كر ، عه‌لی مه‌ردان ، سێوه‌ ، ئیبراهیمی خه‌یات، ڕه‌فیق چالاك ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، محه‌مه‌دی ماملێ ، خه‌لیلی سه‌دیقی، باكووری ،عومه‌ر ڕه‌زا ، فه‌رجی حاجی ڕه‌شید ، كه‌ریم كابان ، به‌ختیار عه‌بدولڕه‌حمان و عوسمان سابونچی) .

هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی یه‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆشه‌كانی ئه‌و تیپه‌و به‌گۆرانی و مه‌قامه‌كانی به‌شداری هه‌موو ئاهه‌نگ و یاد و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆ لێقه‌وماوان و هه‌ژاران و چالاكییه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی كردووه‌ له‌شاری سلێمانی  و هه‌ولێر و كۆیه‌و هه‌ڵه‌بجه‌و ڕانیه‌دا كردووه‌.جیا له‌به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی ، له‌كاتی پێویستدا وه‌ك ژه‌نیارێكی ئامێری ( عوود) به‌شداری كردووه‌.

هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی له‌دوای ئه‌وكاره‌ساته‌ سروشتییه‌ له‌ڕێكه‌وتی (18/10/1957) شاری سلێمانی ڕووبه‌ڕووی لافاوێكی ترسناك بۆوه‌، كه‌بووه‌ هۆی ماڵوێرانی و زه‌ره‌رو زیانێكی ماڵی و گیانی به‌شاری سلێمانی گه‌یاند، له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌و به‌رفراوانیان ئه‌نجامدا ، له‌ڕێی گێڕانی ئاهه‌نگ و نمایشكردنی شانۆگه‌ری ( ڕه‌زیل و لافاو) بۆمه‌به‌ستی كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌ بۆ زیان لێكه‌وتووانی لافاواكه‌، به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی خۆبه‌خشانه‌ له‌ئاهه‌نگه‌كانی سلێمانی و شاری هه‌ولێر له‌ (13/11/1957) و له‌شاری كۆیه‌ (15/11/1957) به‌شداربووه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی هه‌ستێكی ناسك و هێمن و زمانشیرین و میهره‌بان و ڕۆشنبیر و دڵسۆزی خاك و نیشتمان و هونه‌ره‌كه‌ی بووه‌، هه‌روه‌ها كه‌سێك بووه‌ له‌نێو خه‌ڵك و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانیدا خۆشه‌ویست بووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی فراوانی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا، زۆر ڕێزی لێگیراوه‌و له‌هه‌مووئه‌وكارانه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئه‌نجامی داوه‌ هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی به‌دڵێكی فراوان و خۆبه‌خش و خۆنه‌ویستانه‌ بوونی خۆی سه‌لماندووه‌.

هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند كه‌سێكی به‌سه‌لیقه‌ بووه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی هۆنراوه‌ی شاعیران و ئاوازی له‌سه‌رداناون ، شاره‌زاییه‌كی باشیشی هه‌بووه‌ له‌ چرینی مه‌قامه‌ كوردییه‌كان وه‌ك( به‌یات ، حیجاز ، قه‌تار و ئه‌ڵڵاوه‌یسی) ،

له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌و خاوه‌نی كوڕو كچێك بووه‌ به‌ناوه‌كانی ( سۆران و سازان) ، ئه‌م باوكه‌ میهره‌بان و ‌ خۆشخوانه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی منداڵه‌كانی لاواندۆته‌وه‌ و گۆشی كردوون ( ئه‌و دوو منداڵه‌ نازداره‌ی ده‌خسته‌ سه‌رڕانی و قه‌تار و ئه‌ڵڵاوه‌یسی و گۆرانیی خۆشیی بۆ ده‌گوتن) (7).

به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری زۆرتر له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی ، له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ پێوه‌ندیم كرد به‌مامۆستای ئازیزم ، مامۆستا ( فه‌وزی) كوڕی شاعیری كوردپه‌روه‌ر ( ڕه‌مزی مه‌لامارف) له‌به‌رئه‌وه‌ی دایكی به‌ڕێزیان ئامۆزای هونه‌رمه‌ندی كۆچكردووه‌، مامۆستا فه‌وزی فه‌رمووی ( خوالێخۆشبوو ئامۆزای دایكم بوو ، كاكه‌ عوسمان به‌ته‌مه‌ن له‌من گه‌وره‌تربوو، باوكم زۆری خۆش ده‌ویست و ڕێزی لێده‌گرت ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌، زۆربه‌ی كات له‌ماڵی ئێمه‌ بوو، كاكه‌ عوسمان زۆر ده‌نگی خۆش بوو، باوه‌ڕت هه‌بێت نه‌ك ته‌نها خۆی ده‌توانم بڵێم به‌بنه‌ماڵه‌ ده‌نگیانخۆش بوو ، مامۆستا مه‌حمودی برای مامۆستای قوتابخانه‌بوو، ئه‌ویش زۆر ده‌نگی خۆش بوو، زۆرجار گوێم له‌ده‌نگی بووه‌ كه‌له‌خزمه‌ت باوكمدا گۆرانی بۆ خوێندووه‌ ، ئه‌وه‌ی بێته‌وه‌ بیرم چه‌ند هۆنراوه‌یه‌كی باوكمی به‌مه‌قام خوێندووه‌، یه‌كێك له‌وهۆنراوه‌ به‌رزه‌ی باوكم كه‌ كاكه‌ عوسمان به‌ئه‌دایه‌ك و مه‌قامێكی خۆش خوێندوویه‌تی هۆنراوه‌ی له‌مابه‌ینی دوو دولبه‌ردام  :

( له‌مابه‌ینی دوو دولبه‌ردام و حه‌یران و دوو دڵ ماوم

كه‌دڵ ئاخۆ به‌كامیان بده‌م، له‌م به‌ینه‌دا ماوم

له‌زۆریی حوسن و بازووی نه‌وجوانیی خۆی ئه‌وی ئه‌م لا

كه‌مه‌ندی زوڵفی خاوی خسته‌ ئه‌ستۆی فیكری شێواوم ) .ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی زۆر به‌چێژ و ده‌نگێكی خۆشه‌وه‌ ده‌یچڕی، به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ بواری نه‌دا و زۆر زوو به‌جێیهێشتین، به‌ڵام ئاواته‌خوازم كه‌ ده‌نگی كاكه‌ عوسمان له‌تۆمارگاكان بوونی هه‌بێت ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌رشیفی ڕادیۆی كوردی فه‌وتا و نه‌ما ، كه‌له‌وێش چه‌ندگۆرانییه‌كی هه‌بوو له‌ڕادیۆ بڵاوده‌كرایه‌وه‌) (8) .

هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی جیا له‌و گۆرانیانه‌ی كه‌له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆماری كردووه‌، له‌شاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و كۆیه‌و هه‌ولێر و ڕانیه‌ ، وه‌ك گۆرانیبێژێكی سه‌ره‌كی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌شداربووه‌ و گۆرانی و مه‌قامی خوێندووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ یه‌كێك له‌و ئاهه‌نگانه‌ وه‌كو ده‌نگ له‌ئه‌رشیفی گۆرانی و مۆسیقادا نییه‌..؟! دڵنیام كه‌تۆماركراون، له‌وسه‌رده‌مه‌دا هونه‌رمه‌ند ( نوری وه‌شتی) كه‌ خاوه‌نی سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رزو جوان بووه‌و زۆربه‌ی زۆری ئاهه‌نگه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی تۆماركردووه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ش به‌جێیهێشتین ڕۆحی شادبێت ، ده‌بێت ئه‌و خه‌رمانه‌ به‌نرخه‌، ئه‌وئه‌رشیفه‌ هونه‌رییه‌ كه‌وتبێته‌ كوێوه‌..؟

هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1968) دووچاری نه‌خۆشیی گه‌ده‌ ده‌بێت دووجار نه‌شته‌رگه‌ریی له‌شاری به‌غدا بۆ ده‌كرێت، له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه‌ ڕێنمایی ده‌كرێت،ده‌بێت له‌ژینگه‌یه‌كی پاك و ئارامدا بژیی ، له‌به‌ر چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌ی ( بیاره‌) وه‌ك فه‌رمانبه‌ر كاری خۆی ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی ته‌شه‌نه‌ ده‌سێنێ و ڕۆژ به‌ڕۆژ خراپتر ده‌بێت تا تووشی ( شێرپه‌نجه‌ی گه‌ده‌) ده‌بێت ، هه‌ر به‌و ده‌رده‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 16/6/1971) سه‌رده‌نێته‌وه‌و بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و چرای هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ جوانه‌مه‌رگه‌ ده‌كوژێته‌وه‌ ، دواهه‌واری گرده‌كه‌ی سه‌یوانی سلێمانی ده‌بێت.

مردنی هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگ زوڵاڵه‌ ، جیاله‌وه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌و هاوڕێیان و ئازیزانی داده‌نێ و خه‌مباریان ده‌كات، ڕه‌مزی مه‌لامارفی شاعیر كوردپه‌روه‌ر، به‌خامه‌ی پڕهه‌ستی به‌حوزنێكی زۆره‌وه‌ ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ بۆ مه‌رگی عوسمان سابونچی ده‌نوسێت و له‌سه‌ر كێلی گڵكۆی هونه‌رمه‌ند ده‌نوسرێت :

( فه‌له‌ك ئاوێنه‌ی دڵی كێت نه‌شكان

به‌ناحه‌ق یانه‌ت له‌كێ نه‌شێوان

عوسمان سابونچی لاوێ بوو كه‌وا

گۆی له‌مه‌یدانی مه‌ردیا ئه‌فڕان

به‌هێزو بازوی شێر په‌نجه‌ی مه‌رگ

چۆن جومگه‌ی له‌شیت له‌یه‌ك ترازان

فه‌له‌ك باكه‌ی وه‌ شومه‌ی ئه‌جه‌ل

گوڵ خونچه‌ی ژینی له‌پڕ هه‌ڵ وه‌ران) .

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی تێكۆشه‌ر و هونه‌رمه‌ند عوسمان سابونچی و یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌موو كات به‌رزو به‌ڕێزبێت.

جه‌مالی ده‌لاك (6/4/2022) هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌ :

و2 و 7) كتێبی ( رۆژێ له‌ڕۆژان) دیمانه‌ی كولتووریی و ڕۆژنامه‌نوسیی له‌نێوان ساڵانی (1966_2008 ) به‌رگی یه‌كه‌م ، گه‌ڵاڵه‌و تۆماركردنی ( بابی لالۆ _ كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) لاپه‌ڕه‌ ( 20 و 25).

و 4) كتێبی گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان ، به‌شی دووه‌م ، دانانی باكووری ، لاپه‌ڕه‌ ( 142).

(5) كتێبی ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كرنی ( تاهیر كرمانج) به‌رگی یه‌كه‌م 1990، لاپه‌ڕه‌ ( 59).

(6) كتێبی ئێزگه‌ ، ( باكووری) لاپه‌ڕه‌ ( 130 و 144).

(8) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مامۆستا ( فه‌وزی ڕه‌مزی مه‌لامارف ) له‌وڵاتی ( سویسرا) له‌ڕێكه‌وتی ( 2/4/2022) ( ج،د).