خشڵ و جوانکاریی ژنانی کورد لە چاوی گەشتیارانی بیانییەوە

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٩:٣٧، ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «چیا عەزیزی سەرەڕای سەختیی ژیان و بارودۆخی نایەکسانی سروشتی، ژنانی کورد جگە لەوەی گرنگییان بە جلوبەرگ دەدا، هەمووکات گرنگیان بە خشڵ (کە ئیکسسواراتێکی جوانکارییە) دەدا و بۆ جوانکاریی خۆیان تەنانەت ئەگەر کەمێک بووبێت چاویان لێ دانەدەخست. بەهای ئە...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

چیا عەزیزی


سەرەڕای سەختیی ژیان و بارودۆخی نایەکسانی سروشتی، ژنانی کورد جگە لەوەی گرنگییان بە جلوبەرگ دەدا، هەمووکات گرنگیان بە خشڵ (کە ئیکسسواراتێکی جوانکارییە) دەدا و بۆ جوانکاریی خۆیان تەنانەت ئەگەر کەمێک بووبێت چاویان لێ دانەدەخست. بەهای ئەو زێڕ و زینەی بەکاریان دەهێنا بە گشتی پەیوەست بوو بە توانای داراییی خەڵکەوە.

بە شێوەیەکی سروشتی مرۆڤ تا دەوڵەمەندتر بووبێت، زینەی زیاتری دەتوانی بەکاری بهێنێت. زینەی ژنانی کورد بە گشتی بریتی بوون لە دەسبەن، گوارە، ملوانکە، پابەن(پامۆرە) و لووتەوانە (١)، کە بە دەگمەن بەکارهاتووە.(٢) بە گوتەی خاتوو فایفەر، بەکارهێنانی ئەڵقەی بچووکی لووت لەناو ژناندا، کەم تا زۆر باو بووە.(٣) لە یەکێک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان کە تۆماس بۆیس کۆی کردۆتەوە، ژنێکی جوان داوا لە زێڕینگەرێک دەکات کە گوڵێکی زێڕین لە کونە لوتی چەپیدا وەک ژنانی کورد بتاشێت(٤)، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم ئەڵقە یان لووتەوانەیە لە خشڵە باوەکانی نێو ژنانی کورد بووە.

Jinani-kurd-xshl-1 w500 h500.png

لە تێبینییەکانی گەشتیاراندا، هەرچەندە بەکورتی نموونەگەلێک لە خشڵ و جوانکاری ئاماژەیان پێ کراوە، بەڵام ئەم چەند کەرەستەیە تا ڕادەیەک دەتوانێت بۆ درووستکردنەوەی وێنەی ئەو شتەی ژنانی کورد لە ڕابردوودا بەکاریان دەهێنا، سوودی هەبێت. جۆرج فاولەر باسی لە حەزی ژنانی کورد بۆ خشڵ کردووە و بە شێوەی ڕیشکەگەلێک لە سکە کە بە تەوێڵ و بەشەکانی ترەوە دەیانبەست، وەسفی دەکات.(٥) واڵتەر هاریس لە ڕاپۆرتی سەفەرەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی لەوە کردووە کە زۆربەی ژنانی کورد لە بان سەریان ڕیشکەگەلێک درێژ لە پارەی زیویان بەستبوو کە تەوێڵیانی دادەپۆشی.(٦) لە بەشێکی دیکەی گەشتەکەیدا، ژنی سەرکردەی کورد دەبینێت کە ڕازێنراو بە سکەی پاشاکانی ئینگلیس، ناپێلۆئۆن و لیرەی تورکییە کە بە سەروێنەکەی و دەوری ملیەوە بەستراونەتەوە،(٧) فایفەر سەروێنەکانیانی بریتی لە سەرپێچی ڕەشی پێچراو بە دەوری سەریاندا، ڕازێندراو بە سکە و تارە زێوییە قورسەکانی بینیوە کە لە شەدەکانیان شۆڕ بوونەتەوە.(٨)

Jinani-kurd-xshl-2 w500 h500.png

یوجین ئوبن هاوشێوەی ئەوەی فاولەر و هاریس وتوویانە، خشڵ و ئێکسسواراتی ژنانی کوردی لە ڕێوڕەسمی سەماکانیان ئاوەها باس کردووە: «ئەڵقەی گەورەی زێڕین بە گوێچکەکانیانەوە هەڵواسراوە، ملوانکەیێک کە لە سکە دروستکراوە بە لەچکەی سەریانەوە دەبەسترێتەوە و لە ژێر چەناگەیاندا تێیدەپەڕێنن. یەکێکی تریش بە دەوری تەوێڵیانەوە دەبەستن.»(٩) لە ڕاپۆرتەکەی ئۆبێن وێڕای باسکردنی جۆری خشڵ، شێوازی بەکارهێنانیشی خراوەتە ڕوو، ئەو ملوانکەیە کە لە ژێر چناگەیانەوە تێیدەپەڕێنن، لە زمانی کوردی ناوی ژێرچەنە یا ژێرچەناگە(٩)یە کە زۆرتر لە زەماوەندەکانا بەکاریان دەهێنا.

Jinani-kurd-xshl-3 w500 h500.png


کلۆدیۆس جەیمز ڕیچ ئاماژەی بە خشڵی ژنانی ئاغاکان و خەڵکی ئاسایی کردووە و لە ڕاپۆرتەکەی بەم شێوەیە نووسیویەتی: «ژنانی ئاغا لە پێشەوی تەوێڵیان خشڵ دەبەستن کە پێکهاتووە لە ڕیزێک لە ئاوێزەگەلی گەڵای زێڕین و لە هەردوو لای سەرپۆشەکە، تارێک لە مەرجان شۆڕ بووتەوە، کە بە یەکەوە بەستراوەتەوە و بە خشڵی بەر تەوێڵیانەوە دەبەسترێتەوە. گەوهەرێکی زۆر کەمیان هەیە؛ خشڵەکانیان بە گشتی لە ئاڵتوون و مەرجان پێکدێت، ژنانی چینی خوارەوە لەسەر شەدە و سەروێنی خۆیان سکەگەلی زێوین، پارچەگەی بچووکی کانزایی و دەنکۆڵەی شووشەیی(مووری) دەبەستن.»(١٠) ڕاپۆرتی جان ئۆتەر سەبارەت بە وەسفکردنی خشڵی کچێکی کورد لە دەوروبەری کرماشان، ئاشکرای دەکات کە جۆری خشڵەکان فاکتەری جیاکردنەوەی چینەکان بووە: «ئەڵقەیەکی ئاسنی بە پانایی دوو سانتیمەتر لە یەکێک لە کونەکانی لووتییەوە شۆڕبوو، لەو جۆرە ئەڵقانە بۆ ڕازاندنەوە بەکاردەهێنران. ئەڵقەی ئەوانەی دەوڵەمەندبن، لە زێڕ یان زێو دروست دەکرا.»(١١) لە هەوراماندا، ژنان و پیاوانی دەوڵەمەند، لەسەر کڵاوەکەیان کە بە فێس(١٢) ناسراو بوو، مەرجان و مووری کەوگ و زێریان وەسڵ دەکرد.(١٣)

Jinani-kurd-xshl-4 w500 h500.png

کلارا کۆلیڤەر ڕایس(١٨) سەبارەت بە شێوازی قژی یەکێک لە کچە کوردەکان، وەهای نووسیوە: «بەزۆری جلوبەرگی کوردیی لەبەر دەکرد. قژەکانی بە دە یان دوانزە تاڵ دەهۆنیەوە و لە کۆتاییی هەر تاڵێکدا کە تا خوارەوەی کەلەکەی دەگەیشت، گوڵنگێکی ئاوریشمی دادەنا؛ ئەوەی لەسەری دەکرد زیاتر لە کڵاو دەچوو نەک چارشێو، و بە تاڵێک لە فیروزە بەسەریەوە بەسترابوو. بەشێک لە قژی بە شێوەیەکی لار بڕابوو کە بە سەرەوەی سەروێنەکەیەوە لکابوو.»(١٩)