مرۆڤە پێست سپییەکان بە گەڕان بەدوای باوکیاندا، کارەساتی گەورەیان خولقاند

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٧:٠٠، ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

885oard01.jpg

ئارتیور ڕامبۆ دەڵێت:

پێست سپیەکان گەیشتن، ئیدی دەبێت خۆت پۆشتەکەیت ، بچیت بۆ کار، پاشان بۆ کەنیسە.

ئێمە کاتێک لە ڕۆژهەلات دەژیاین و هەموو خەون و خەیاڵمان ئەوە بوو کە بگەینە ئەوروپا و لە دیسکۆکاندا سەما بکەین، لەبەر ئەوەی وامان دەزانی کە خەڵکی ئەوروپی کارناکەن و پارە بەسەریاندا دەبارێت، بەڵام راستیدا پێچەوانە بوو، پارە بەسەر ئێمەدا ڕژابوو، ئەوروپایش ئەو گەلەن کە کەڵچەری کارکردن بەستراوەتەوە بە دین و بە باوەڕیانەوە. کە دەڵێین مرۆڤی پێست سپی، بە مانای مرۆڤی کارکەر دێت بە بێ وچان. سەدام حسەێن چەندە هەوڵی دا بەڵکو کاوە فێری کار بکات، بەڵام بێ چارە بوو، لەولاشەوە گۆرباچێڤیش لە روسیا بە سیاسەتێکی تر، بەلام نەیان زانی چۆن ئەو ئارەزووە لە ناخی تاکەکانیاندا بورووژێنن؛ ئارەزوی گەڕان و کارکردن، هەتاوەکو ئێرەیی بە مێرولە نەبەین.

لە کاتێکدا کە ئێمەی ڕۆژهەڵاتیی لەسەر تاشە بەردەکانی سۆمەری و بابلی نێرگەلەمان دەکێشاو قاوە و چای دیژلەمەمان دەخواردەوە، هەندێک کەسیش کردبوویان بە بەردەنوێژ، هیچ پرسیارێکمان لە خۆمان نە دەکرد کە ئایا چی نواسراوە لەسەر ئەو تاشەبەردانە، پرسن نەبووین بەو باسانە، هەتا پێست سپیەک ڕۆژێک بەویادا تێپەڕی و داوای لە گەنجێکی کورد کرد کە یارمەتی بدات لە چونە سەر شوێنێکی بەرز بۆ هێنانە خوارەوەی نوسراوێکی مزماری، ئیدی لەوەوە ئاشنا بووین بە هەموو شارستانیەتی سۆمەری و بابلی و سانسکریتی، پاشان نوسینەکانی میسر و هەروەها شارستانیەتی ئەنکا لە ئەمەریکای لاتین، بەم بۆنەیەوە ئەو گەلانەش ئاشنا بوون بە مێژووی ناوچەکەیان، بە مێژووی باو و باپیرانیان، بۆیە موفتی پێنجوێنی لە هۆنراوەیەکیدا دەڵیت:

  • من خاسی ئنگلیز ناچێ لە بیرم
  • کە پێی ناساندم باو و باپیرم .
Bo88887ard01.jpg


هەموو ئەم دۆزینەوانە بە تێکۆشان و پرسنیی مرۆڤی پێسست سپی بوون. لە کاتێکدا لای چینیەکان کۆپیکردنەوە هونەرێکە نەک دزینی فکرەیەک، موسڵمانانیش وایان باوەڕە کە قورئان کتێبێکی زانستیە و هەموو زانستەدۆزراوەکانی مرۆڤی پێست سپی پێشبینی کراوە لە کتێبەکەیاندا.

کاتێک چینیەکان باروتیان دۆزیەوە و بەکاریان دەهێنا بۆ ئاهەنگ و خۆشی، هەرگیز بە خەیاڵیاندا نە دەهات کە دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ بۆمب و چەکی کوشندە و هەمەجۆر، یابانیەکان کحولی ساکێیان وەک بۆمب بەکار دەهێنا دژی دوژمنەکانیان، هەتا پێست سپیەک درکی بەمە برد و لە مەوە هەموو جۆرە چەکێکیان داهێنا. هەموو ئەو ئیمپراتۆریەتانەی پێش ئەوان بە هەموو توانایانەوە هەوڵیان نەدا بزانن کە لەو سەری دەریای ئەتلەنتیکەوە چی ڕوو دەدات، هەتا کریستۆف کۆلۆمب بە گەشتێک ئەمەریکای دۆزییەوە. ئیدی دوابەدوای ئەمانە هەموومان دەزانین کە داهێنانەکانی مرۆڤی پێست سپی چۆن هەموو جیهانی گرتەوە بە کارەبا و تەلەفۆن و ئەنتەرنێت و چەکی ئەتۆمی و ...تاد.

پاشان مرۆڤی سپی، ئەمەریکای دروست کرد، وەک شارستانیەتێکی مۆدێرن و لیبێراڵ و جیاواز، وەک شورایەک بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی، لە هەمان کاتا وەک ئاوێنەیەک کە بتوانێت داهاتوی خۆی تێدا ببینێتەوە، پێویستی بە فاڵچی نییە پێی بڵێت: تۆ سەفەرێکت لەبەرە، سەفەر سەلامەت.

8891.jpg

ئەم کارەکتەرە پرسنییە، وەهایی لە مرۆڤی سپی کردووە کە خۆی ڕووبەڕوی پرسیار بکاتەوە؛ ئەگەر ئەو لە هەموو بوارێکدا لەوانی تر بەتواناترە، کەواتە پێ دەچێت کە ئەو لە ڕەگەزێکی جیاواز بێت، خاوەنی ڕەگەزێکی شکۆدار و شکڵێکی جوانیشی هەبوو بێت هەر لەسەرەتاوە، جیاواز لە مرۆڤی ئەفریقی کە زیاتر شکڵی مرۆڤی سەرەتاییان هەیە، ئەمەش شایەنی نەک قبوڵ کردنە بەڵکو تێگەیشتنە.

بۆیە کاتێک نوسینی سانسکریتی دەدۆزنەوە سەرنج دەدەن کە لێکچونێکی گرنگ هەیە لە نێوان زمانە ئەوروپاییەکان و زمانی ئەوان، پاش ئەوەی لە سەر تێکستی پاشای ئەخمەنی دەستەواژەی ئاری دەدۆزنەوە، ئیدی ئەمە دەکەن بە تێۆری "ڕەگەزی ئاری"، گوایە ڕەگەزێکی مرۆڤ لە ڕابوردوودا لەو ناوچەیەدا هەبوون، ئەوان باپیرە گەورەی مرۆڤی پێست سپین، پێشکەوتوو بوون و ناویان ئاری بووە، بەڵام بە تێکەڵاوبونیان لەگەڵ ڕەگەزی تردا شکڵیان گۆڕاوە، بۆیە دەبێت ڕەگەزی ئاری پوختە بکرێتەوە لەو تێکەڵاوییە، هەندێک لە ناسیۆنالیست و مرۆڤە بەفیزەکانیان وەک پیسبوون بە مرۆڤی دی لێکدانەوەیان بۆ دەکرد. ئیدی فکرەی نازی و مرۆڤی ڕەسەنی ئاری لەمەوە ڕەگی داکوتا و شەڕی جیهانی دووهەمیش دەرئەنجامەکەی بوو وەک کارەساتێکی مرۆیی دژوار.

کاتێکیش فۆتۆگرافێک یان ڕۆژنامەگەرێک ڕیپۆرتاژێکی دەکرد لەو ناوچەیەدا، هەتا ئەمڕۆش هەر خێرا منداڵیکی قژ زەرد و چاو شین دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بیخەنە پێشەکی دۆکیومەنتەریەکەیان و پێمان بڵێن : ئەوەتا بەڵگە. بەڵام هەنووکە هەرچەندە دەزانین کە ووشەی " ئار" بە مانای زەوی دێت و "ئاری" بە مانای کەسانی خاوەن زەوی، بەو کۆمەلگەیە وتراوە کە لەسەرەتای شارستانییەتا دەستیان کرد بە کشتوکاڵ، ئەوا ئەمڕۆ نەک تەنها ووشەی ئاری قەدەغەیە لە ئەوروپا، بەڵکو بۆت نیە ووشەی ڕەگەزیش بەکار بهێنیت لە ئاخافتنتا. بۆیکا کاتێک کچێکی ئێڕانی بە مامۆستا فەرەنسیەکەی گوتبوو کە ئەو لە رەگەزی ئارییە، مامۆستاکەی گاڵتەی پێ کردبوو، گوتبووی ئاری وەک ڕەگەز بوونی نیە و ووشەی ڕەگەزیش زاراوەیەکی ڕەگەزپەرستییە، کچە فارسەکە زۆر سەری سورمابوو، چونکێ ئەوروپاییەکان فێری ووشەی ئارییان کردین و هەر ئەوانیش لێمانی قەدەغە دەکەن.

ئەمەش هەر بە بڕیاری مرۆڤی پێست سپی بووە کە دان بەهەڵەکانی رابوردویدا دەنێت، هەمیشە بە مێژووی خۆیدا دەچێتەوە. لەم کەین و بەینەدا گەلانی هیندۆ ئەوروپیش چونە ژێر کاریگەری ئەو یاریەوە، ئەوانیش شانازی بە چاوشین و قژ زەردەکانیانەوە دەکەن، نەک هەر گەلی هندۆ ئەوروپی بەڵکو مرۆڤی شکڵی ئەوروپایی لای هەموو گەلانی تر بە مرۆڤی سەروتر لەوان ڕەچاوین لێ دەکرێت، بۆ نمونە ئەمڕۆ بچۆرە هەر ولاتێکی ڕۆژهەلاتی ئیسلامیش ئەگەر پێستت سپی بێت ئەوا زیاتر ڕێزت لێ گیراوە، بگرە موسڵمانبونیشت ئەو ڕیزەت زێدە ناکات. لەسەر ئەمە بابەتەش لە فەرەنسا نوکتەیک دروست کراوە ؛ منداڵیکی عەرەب دەچێت بۆ لای بەڕێوەبەری خوێندنگاکەی بە دەم گریانەوە، سکاڵای لا دەکاتەوە و دەڵیت کە هاوڕێ فەرەنسیەکەی پێی گوتووە عەرەبی پیس و پۆخەڵە، بەڕیوەبەرەکەش کە دەبینێت منداڵە عەرەبەکە دەگری، پێی دەڵیت : ئەوە کەی کێشەیە ؟ تۆش پێی بڵی فەرەنسی پیس و پۆخڵە. منداڵە عەرەبەکە سەیرێکی هاوڕێ فەرەنسیەکەی دەکات کە قژی زەردە و چاوی شینە، بە بەڕیوەبەرەکەی دەلێت : ئاخر ئەو پیس نیە.

965oard08.jpg

کاتێکیش مرۆڤی سپی مرۆڤی نێندەرتاڵی دۆزییەوە، سەرنجیان دا کە مرۆڤێکی بە شکڵ جیاواز بوون لەو؛ پەل قەوی و سەرزل و لوت زل و چوار شانەو گردە، هەر خێرا کەوتنە زەم کردنی کە گوایە مرۆڤێکی بێ توانا بووە لە بەردەم مرۆڤی ساپیاندا، کەلوپەلی بەکار نەهێناوە، زیرەک نەبووە و حۆل بووە. بەڵام ێستاکە بەهۆی زانسی دی ئای ئینەوە دەرکەوتووە کە دی ئای ئێنی مرۆڤی ئۆرازی و ئەوروپی لەسەدا سێ هەتا حەوتی تێکەڵە لەگەڵ مرۆڤی نێندەرتاڵدا، ئیدی هەر خێرا لەگەڵ نێندەرتاڵدا ئاشتبونەوە و تواناکانی ئەوانیان خستنە ڕوو کە گوایە مرۆڤی نێدەرتاڵ پێش ئەوان کەلوپەلیان بەکارهێناوە و راویان کردووە و شتی زۆر تریش، تەنها جیاوازیەک ئەوە بووە کە مرۆڤی ساپیان لە کارکردن بە کۆمەڵ و ئۆرگانیزاسیۆندا بەتواناتر بوون لەوان.

دواهەمین کارەسات کە مرۆڤی سپی ئافراندویەتی بەهۆی گەرانی بە دوای باوکیدا، ئەوەبوو کاتێک فەرەنسیەکان و بەلجیکیەکان چوونە رواندە لە ئەفریقا، بینیان کە سێ شکڵی مرۆڤی ڕەشی لێیە ؛ "ئوتو، توتسی، توا"، سەرنجیان دا کە توتسیەکان کەسانێکی بەشکڵ وەک مرۆڤی سپی وەهان، تەنها ئەوە نەبێت کە ڕەنگی پێستیان ڕەشە، بۆیەکا هەر خێرا گووتیان کە ئەمانە ڕەسەنی فیرعەونەکانن، ئەمەش بووە پاڵنەری ئەوەی کە بیسەلمێنن فیرعەونەکانیش کە خاوەنی شارستانیەتێکی نایاب بوون بە وێنای توتسیەکان بوون، نەک وەک مرۆڤی ئەفریقی سەرەتایی، ئیدی لەمەوە مرۆڤی توتسیان هێنایە پێشەوە و زیاتر گرنگییان پی دەدان، جیاوازاییان دەکرد لە نێوان ئێتنیەکاندا، بەم بۆنەیەوە توتسیەکان کە ژمارەیان لەسەدا بیست و پێنجی دانیشتوان بوو بەڵام ئەوان زیاتر خوێندەوار بوون و پۆستی باڵایان بەدەستەوە بوو، وەک بەرزە مرۆڤ ڕەچاویان لێ دەکرا، ئەم جیاوازیەش وەهای کرد کە دووبەرەکیەک بکەوێتە نێوان ئەم دوو ئێتنیە، ئەوە بوو لە سالی 1994 ئوتوەکان لە ماوەی تەنها سێ مانگدا نزیکەی 800 هەزار توتسیان بە ماشێت ( جۆرە چەکێکە لە نێوان شمشێرو چەقۆدا) کوشت، کە بووە هۆی لەناوبردنی لە سەدا هەفتا و پێنجی توتسیەکان، ئەم جینۆسایدەش بە دواهەمین جینۆسایدی مرۆڤایەتی دادەنرێت.

خۆ ئەم جیاوازییەی کە دەکرێت لە نێوان مرۆڤەکاندا لە هەموو سوچێکی ئەم زەویەدا بوونی هەیە، تەنها لای مرۆڤی مرۆڤدۆست و هۆشمەند بوونی نییە کە بوونیان هەیە لە ناو هەموو گەلێکدا، چەندەش ئەو گەلە سیستەمی پەروەردە و سیاسەتی مۆدێنتر بێت ئەو جیاوازییە کەمتر دەبێتەوە وەک سەرنجی دەدەین لە ئەوروپا.

2024 185735.jpg

هەتا ئەمڕۆ چەند جۆرێک لە مرۆڤ دۆزراونەتەوە، لەوانە مرۆڤی ساپیان کە ئێمەین، نێندەرتاڵ، ئێرێکتوس، دینۆڤای و چەند جۆرێکی تر کە هەتا ئەم ساتە لەژێر لێکۆڵینەوەدان، زۆر لە ناسیۆنالیستەکانی ئەوروپا هیوادارن کە ڕۆژێک ئەو جیاوازیە بە زانست بسەلمێنن؛ جیاوازییەک لە دی ئای ئێنیاندا، بەوهۆیەوە زیرەکی و بەتوانییان بسەلمێنن، لەسەر ئەم بنەمایەش بیسەلمێنن کە مرۆڤی سپی لە ڕەسەنێکی جیاوازە و جارێکی تر تیۆری مرڤی ئاری بەجۆرێکی تر زیندوو بکەنەوە، بۆیە ترسی ئەوە هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان زانست بەڵگەیەک بدۆزرێتەوە و بەکار بهێنرێت بۆ مەبەستی ڕەگەز پەرستیی و نانەوەی ئاژاوەیەکی گەورە لە نێوان کۆمەڵگەکانی رووی زەویدا. نۆوا هەراری لە کتێبەکەیدا بە ناوی ساپیان، ئەمە بە مەترسیەکی گەورە دادەنێت، بەڵام ئەگەر هۆکارەکەش ئابوری و دیمۆگرافی بێت ئەوا مرۆڤی سپی لە بەرپەرچدانەوەی ئەم تیۆریە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ڕێگریکردن لە روداوێکی نەخوازراوی ئاوا کۆمەڵگەیەکیی مولتی ئێتنیان پێکهێناوە، وەک ئەوەی دەیبینین لە ئەوروپا و لە ئەمەریکا، تێکەڵبونێکی بەجۆرێک کراوە لە نێوان هەموو جۆرە مرۆڤی کیشوەرەکانی تردا کە دوای چەند جیلێکی تر ئەو مرۆڤە ئەوروپیە چاوشینەی کە ئەمڕۆ دەیبینین بوونی نامێنێت و مرۆڤێکی نوێ دێتە کایەوە، کە تێکەڵە لە هەموو ڕەگەزێک. هەرچەندە لە ئەوروپا ناسیۆنالیستەکان ئەمە مۆدێلەیان بەردڵ نییە و لە ڕۆژهەلاتیش ئیسلامیەکان خۆیان مەڵاس داوە گوایە ئەوروپا دەکەنە ولاتێکی ئیسلامی، بەڵام ئەمانە هەمووی خەون و خەیاڵی مرۆڤی نەخۆشن. ئەمڕۆ لە فەرەنسا لەلای گەنجان بۆتە جۆرێک لە مۆدێلی دڵگیر و سەردەمیی ئەگەر یەکێک لە باوک و دایکت لە رەگەزێکی تر بن.

2024 185805.jpg

ئەگەر جاران باسی ڕەگەزپەرستیی دەکرا، بۆ نمونە چۆن کەسێک بۆ کارێک هەڵنابژێرن لە ئەوروپا لەبەر ئەوەی کە لە رەگەزێکی جیاوازە، ئێستاکە باسی جیاوازی کەڵچەریی دەکرێت، لەبەر ئەوەی کە کەڵچەرەکەی جۆرێک هەڵسوکەوتی پێ داوە کە بۆ ئەو کارە ناشێت و کەسێکی بە کارەکتەر دەریای ناوەڕاستە، وەک چۆن لە ئەمەریکا دەڵێن مەکسیکیەکان بۆ هەندێک کار باشترن، ئەم بۆچونەش کاریگەری کردۆتە سەر هەڵس و کەوتی پۆلیسێکیش کە بەجۆرێکی تر سەیرت بکات کاتێک تۆ رەنگی دەموچاوت جیاوازە. لە کاتێکدا لە نێوان ئەوروپیەکانیشدا ئەو جیاوازی کارێکتەر و هەڵسوکەوتە هەنە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تۆ بۆ کارێک بشێیت و بۆ کارێکی تر نەشێیت، کێشەکە ئەوەیە کە بیانیەکان دەستوبرد هۆکارەکەی دەبەنەوە بۆ کێشەی ڕەگەزپەرستیی، نەخێر کێشەی جیاوازی کەڵچەرییە، بۆ نمونە کاتێک دەبینێت باوکێکی ڕۆژهەلاتی بەسەر مندالە دوو ساڵانەکەیدا دەقیژێنێت و منداڵکەشی زراوی تۆقیوە لە باوکی، منداڵەکە تێ ناگات بۆچی باوکی ئاوا دەقیژێنێت بەسەریا، لەهەمان کاتا باوکی بەرامبەر بە کامێراکەی لەسەر فەیسبوک بە زەردەخەنەوە سەیری بینەر دەکات هەتاوەک و تێمان بگەیەنێت کە ئەو بە مەبەست و بۆ قازانجی کوڕەکەی ئەو کارە دەکات، هەتاوەکو منداڵەکەی بکاتە بە سەگێکی هار و توانای هەبێت لە داهاتودا لەگەل کوڕی گەڕەکدا بەرگری لە خۆی بکات. ئەمەش کەلچەرێک فێری کردووە، لە کاتێکدا ئەم جۆرە پەرەوەردەیە لە ئەوروپا جێگەی گاڵتە جاڕییە.

بە بیری نۆوا هەراری، خەڵکی دەڵین گوایە موسڵمانان تۆلێرەنسیان نیە، بەڵام ئەگەر سەیری مێژووی عوسمانی سەدەی شانزە بکەین دەبینین کە ئەوان زیاتر تۆلێرەنستر بوون لە ئەوروپا لەو سەردەمەدا، کەچی ئەمڕۆ پێجەوانە بۆتەوە. پێ دەچێت ئێمەش وەک گەردیلەکان هەڵسوکەوت بکەین؛ بڕیار لەسەر کەڵچەر و هەڵسوکەتمان دەدەین بە پێی ئەوەی بەرامبەرمان بۆئەوەی نەکەوینە خاڵی سفری ململانێ. هەموو گەلانی جیهان سەردەمێک لە مێژوویاندا پەلیان هاویشتووە بۆ داگیرکردنی گەلانی تر، بە جینۆسایدکردنیان و بە کۆیلە کردنیان، بەڵام ئەگەر مرۆڤی سپی بە گەڕان بە دوای زانست و لێکۆڵینەوە و داهێناندا چەندەها تاوانی ئەنجام داوە، لەهەمان کاتا هەر خۆیشی فکرەی مافی مرۆڤ و مرۆڤ دۆستی بڵاودەکاتەوە، نمونەیەکی جوانی کۆمەڵگەیەکی داهاتوومان بۆ دەڕەخسێنێت بە تێکەڵکردنی ئێتنیە جیاوازەکان کە مۆدێلێکی گرنگە بۆ نەهێشتنی جیاوازیەکانمان، ئەم نموونەیەش ئەمڕۆ بە هۆی هەندێک هۆکارەوە لەوانە ئیسلامی سیاسی کە مەبەستی تێکدانییەتی، لە ئەوروپاش هەندیک لە ناسیۆنالیستەکان خستویانەتە بەر مەترسیەوە . نۆوا هەراری لەسەر ئەم مۆدێلەی کە ئەوروپا پەیڕەوی دەکات، دەڵێت:

ڕیسکێکی گەورەیە بۆ ئەوروپا کە ئایا دەتوانێت کەسانێک زۆری بیانی بهێنیتە سەر خاکەکەی بەبی ئەوەی کەڵچەرەکەی لەناو نەبەن ؟ خۆ ئەگەر سەرکەوتوو بوو ئەوا دەبێتە مۆدێلێکی جیهانیی و هەموو گەلانی تر کۆپی دەکەنەوە، بەڵام ئەگەر شکستی هێنا، ئەوا دەبێتە کارەسات وەک ئەوەی بەرە و شەڕێکی جیهانی بڕۆین"