قوتابخانەى عەشایەر لە ئەستنەنبوڵ
پێشەکى: سوڵتانەکانى عوسمانى بەردەوام پشتگیرى خوێندن و خوێندەوارییان کردوەو لە هەوڵى بەرەوپێشبردنیدا بوون. چونکە قوتابخانە کارمەندى بۆ دەوڵەت دابیندەکرد، لەگەڵ دەرکەوتنیان یەکەم قوتابخانەیان لە ساڵى ١٣٢٧ لە شارى (ئیزمید) هەڵکەوتە لە ڕۆژهەڵاتى ئەستەمبوڵ بوونیاد ناوە.
لە کۆتایی سەدەى نۆزدەهەم و بە فەرمانێکى شاهانە سوڵتان عبدالحمدی دووەم قوتابخانەى عەشایەرى بە ڕووى سەرەک هۆز و خێلەکانى عارەب، ئەلیانى و کورددا کردەوە، مەبەست لە کردنەوەى قوتابخانەکە نیشتەجێکردنى هۆزەکان و بەشداریکردنیان بووە لە بەرهەمهێناندا، هاوکات تێکەڵاوکردنى هۆزەکان بووە بە دنیای مۆدێرن لە رێگاى پەروەردەوە، چونکە سوڵتان لە مەترسى هۆزەکان گەیشتیبوو، هەوڵیدەدا لە رێگاى خوێندەوارى و وەزیفەوە پشتگیرى و خۆشەویستى هۆزەکان بەدەستبهێنێت، بەشێکى خوێندەوارانى کوردیش لە ڕابردوودا سوودیان لەودەرفەتە وەرگرتووە، دواتر ڕۆڵیان لە بوارى سەربازى و مەدەنییدا بینیوە.
توێژینەوەکەى مێژووناسی ئەمریکايى (Eugene. L. Rogan) مێژوونووس، مامۆستاى زانکۆ و شارەزا لە مێژووى هاوچەرخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بایەخێکى تایبەتى هەیە، چونکە توێژینەوەکەى یۆجین بە یەکێک لە توێژینەوە دیارەکان لە سەر عوسمانێکان دێتە ئەژمار، سەرچاوەى توێژینەوەکە ئەرشیفى سەرەک وەزیرانى عوسمانى، ساڵنامەى تورکى و سەرچاوە و توێژینەوەى جۆراوجۆریترە. توێژینەوەکە وردەکارى زۆر لایەنى بابەتەکەى پیشانداوەک وەک ئامانج لە کردنەوەى قوتابخانەکە، ژمارەى خوێندکاران و شێوازى خوێندن و وانەکانى خوێندن، شێوەى وەرگرتنى خوێندکار و شوێنى مانەوەیان و ... هتد.
یەکێک لەو لایەنانە لە قوتابخانەى عەشایەردا گرنگى پێدراوە خوێندنى زمانە، خوێندکار سەربارى زمانەکانى تورکى، فارسى و عەرەبى، زمانى فەرەنسیان خوێندوە، چونکە ئەو ڕۆژگارە فەرەنسا قیبلەگاى خوێندەوارانى دنیابووە زمانى سەردەستەى خوێندەوارانبووە. باوەڕدەکەم تا ئەمڕۆ نەمتوانیوە بە تەواوى دەستبەردارى شێوازى خوێندن و پەروەردەى ئەو ڕۆژگارەبین. بە هیوام بەم چەند دێرە لاپەڕەیەکى مێژووى پەروەردەى ئەو ڕۆژگارەمان پیشانى خوێنەران دابێت و بتوانن بۆ داهاتوودا کەڵکى لێوەربگرن.
سوڵتان عبدالحمیدو قوتابخانەى عەشایەر
سوڵتان عبدالحمیدى دووەم (١٨٧٦- ١٩٠٩) لە ئەستەمبوڵ بە فەرمانێکى شاهانە لە تشرینى یەکەمى ساڵى ١٨٩٢ قوتابخانەى سوڵتانییەى بۆ کوڕوکاڵى سەرەک هۆزەکان کردەوە ، مەبەست لە مکارە دابینکردنى پەروەردەى عوسمانى بوو بۆ کوڕوکاڵى گەورە پیاوانى عەشایەر.
لەو خوێندنگەیەدا هاوشێوەى قوتابخانەکانى ناوخۆ ماوەى خوێندن پێنج ساڵ بوو، ڕێگە دەدرا بەو مێردمنداڵانەى تەمەنیان لە نێوان (١٢ بۆ ١٤) ساڵیدابوو لەو خوێندنگەیەدا ناونووسبکرێن، ئەم کارە بە خێرایی و بەشێوەیەک ڕاڤە کرا بەشێکە لە سیاسەتى پاونخوازانەى سوڵتان بۆ تێکڵاوکردنى ولایەتە عەرەب نشینەکان و نزیکردنەوەیان لە سیاسەتى مەرکەزى سوڵتان، کارەکە زیاتر پەلی هاویشت و سنوورى هەرێمە عەرەبێکانى تێپەڕاند تا گەیشتە سەربازگیرى کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتى ئەنادۆڵ. کارەکە پلانێکى کۆمەڵایەتى بوو بەمەبەستى پشتگیرى هەرێمەکانى عوسمانى لەدەورى ناوەندێکى بەهێز لە برى دابەشکردنیان بەسەر بەشى دوورو دابڕاوى عەشایەریدا، پێشتر کوڕوکاڵى گەورەپیاوانى کۆمەڵگا لە ئەستەمبوڵ خوێندبوویان و بەشى خۆیان لە دامەزراوەکانى عوسمانیدا بە دەستهێنابوو، دواتر پشتگیرى حکوومەتى عوسمانیان دەکرد، بۆیە ئامانجى سوڵتان و ڕاوێژکارانى لە دروستکردنى کۆمەڵێکدا گیرسابووەوە کە بتوانن نوێنەرایەتى نێوان عەشیرەتەکان و دەوڵەت بکەن، ئەم ئەزموونە بۆ ماوەى (١٤) ساڵ درێژەى کێشا تا لە ساڵى ١٩٠٧ قوتابخانەکە داخرا. هەتا ئەو ڕۆژگارە دەرچووانى ئەو قوتابخانەیە بەکۆمەڵ لە هەردوو بوارى سەربازى مەدەنییدا خوێندنى باڵایان دەخوێندو لە هەرێمەکان پۆستى حکوومیان بەڕێوەدەبرد، سیستمى پەروەردەى عەشایەرى یەکێک بوو لە دەست پێشخەرێکانى دەوڵەتى عوسمانى بەمەبەستى تێکڵاوکردنى کۆمەڵگاى عەشایەر لە ژیانى سیاسى دەوڵەتدا.
گرنگیدانى دەوڵەت بەهاوڵاتیانى (ڕەعیەت) ى کورد و عارەب لەم قۆناغەدا گەیشتە ترۆپک، هۆکارەکە قوڵبوونەوەى تەنگژەى بەلقان و پەیمانى بەرڵین (١٨٧٥- ١٨٧٨) بوو، هاوکات لە دەستدانى نزیکەى پێنج یەکى زەوى و پێنج یەکى دانیشتووانى ئیمبراتۆریاکە بوو. سوڵتان بەڕوونى لە مەوداى ئەو مەترسیانە گەیشتبوو کە بزوتنەوەى جوداخوازەکان لە سەر بەردەوامى دەوڵەتەکەى هەیانبوو. بۆیە دەوڵەت تێدەکۆشا لە رێگاى سەپاندنى پێناسەوە بەر لە جیابوونەوەى بزوتنەوە جوداخوازەکان بگرێت. خواستى وڵات پەروەرى عوسمانى لە چەمکى (تەنزیمات) ەوە وەرگیرابوو، یان ئەوى بە عوسمانیزم ناسرابوو. پڕوپاگەندەى کۆمەڵگاى ئیسلامى هۆکارێک بوو بۆ پشتڕاتسکردنەوەى ئەو جۆرە پێناسە، لەگەڵ ئەوەشدا ئایدۆلۆجیا جیاوازەکان ئەوانەى دەسەڵاتى نیشتمانیان تێدەپەڕاند جێگاى بایەخى ڕۆڵەکانى عەشایەرو هۆزەکان نەبوون، ئەوان وایان دەبینى پێکهاتەى کۆمەڵگاکانیان ناچێتە ژێر ئەو ڕیزبەندانەوە و زۆر دوورن لەو پێناسە، ئەزموونى قوتابخانەى عەشایەر ئامرازێک بوو دەوڵەت مەبەستى بوو ئەو پێناسانە تێپەڕێنێت و دەسەڵاتى عوسمانیزم بسەپێنێت. یاخود هاوخوێنى ئیسلامى لە کۆمەڵگا پەراوێز خراوەکانى هەرێمەکانى عوسمانى و ئەنادوڵدا بسەپێنیت. ئەم ئاریشەیە گرنگیەکى تایبەتى هەبوو، چونکە لە قۆناغێکى مێژوویدا ڕەهەندێکى دیکەى وەرگرت ئەویش بەئاگا هاتنەوەى عەرەب بوو لە سەرەتای سەدەى ڕابردوودا، سەربارى ڕۆڵى پیاوانى عەرەب لە شۆڕشى عەرەبى لە کاتى جەنگى جیهانى یەکەمدا.
تێڕوانینى عوسمانێکان بەرانبەر عەشایەر
تێڕوانینى عوسمانێکان لە بەرانبەر عەشایەردا لە گومانى قوڵدا ڕەنگڕێژ بوو بوو، کارمەندانى پایتەخت و هەرێمەکان جۆرەها ناو ناتۆرەیان لە هۆزەکان دەنا و بەکاریان دەهێنا، بەشێوەیەک تێیان دەڕوانین ئەوان لەنەفامیدا ڕۆچوون و خاوەن ڕەفتارى هەمەجی و دوور لە شارستانین، دەستەواژەى نەفام گوزارشت بوو لە ڕەخنەگرتن لە کولتوورى ئەو ڕۆژەگارە هاوکات بەشێوەیەکى شاراوە وەک توانجێک بەرانبەر سروتە ئاینێکان بەکاردەهات، دەستەواژەى کێوى ئاماژە بوو بۆ دواکەوتووى شارەستانییەتى کۆمەڵگا کۆچەرێکان، بەپێچەوانەى ئەو ڕەخنانە کارى لەپێشینە لەو ڕۆژگارەدا ڕۆڵى ئاین و جەختکردنەوە بوو لەسەر ڕۆڵى ئاینى خەلیفە و چاکسازى ئاینى کە خەلیفە کارى لەسەر دەکرد، ناوەندێتى دەوڵەت دیارترین ئەو چاکسازییە نوێگەریانە بوو خەلیفە جەختى لەسەر دەکردەوە، هۆزە کۆچەرێکان لە رێگاى خوێنەوە ئاستەنگیان لە بەردەم ناوەندێتى دەوڵەتدا پێکدەهێنا، کۆمەڵگا کۆچەرێکان نەیاندەتوانى بچنە ناو بازنەى داواکارێکانى دەوڵەتەوە کە خۆى لە پێدانى باج و خزمەتى سەربازیدا دەبینیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵگەنامە هاوچەرخەکانى عوسمانى بە ئاشکرا دەریدەخەن دەوڵەت بەشێوەیەک لە هۆزەکانى دەنواڕى بەخۆدزینەوەيان لەباج مەترسییەکى کاریگەرن لەسەر خۆشگوزەرانى ئابوورى، لەڕاپۆرتەکاندا زۆرجار بەتاڵانچى ناودەبران، لە ڕاستییدا هۆزەکان لە سێ ڕێگاوە بارگرانیان بۆ خەزێنەى دەوڵەت دروستدەکرد.
یەکەم: دەستکورتى بەرهەمهێنەران لە پێدانى باج بە هۆى هەڵکوتانە سەر جوتیاران و دانیشتوانى شارۆچکەکان.
دووەم: پاشەکشەى بەرهەمى ئابوورى بەهۆى کەمبوونەوەى ڕووبەرى زەوى چێنراو سەربارى ئاستەنگى بازرگانى.
سێیەم: زۆرى تێچوونى هێزى ئاشتى پارێز کە ڕێگرى ئەو هێرشانەى لە ئەستۆبوو، لەکاتێکدا ئەوان تەنها ناو بەناو لە کارەکەیاندا سەرکەوتوو بوون.
تاڵانى هۆكارى زڕاندنى ناو و ناوبانگی هۆزەکان بوو، ئەو کارە مەشخەڵێکیترى دەشاردەوە کە لەو چوارچێوەیەدا هۆزەکان هۆکارى مەترسى ڕاستەقینەبوون بۆ سەر دەسەڵاتى حکوومەتى ناوەندى لە بوارى رامیارى و ئابووریدا، گەورەهۆزەکان چەک و ئەسپى ئامادەیان هەبوو دەیاتوانى لەو ڕێگایەوە باج نەدەن، بە زمانى ناوچەیی بەکارەکەیان دەگوترا (برایەتى)، هێزەکانى عوسمانى نەیان دەتوانى بەرگریان لێبەکەن، چونکە هۆز هاوشێوەى رێکخراوێکى ڕامیارى و کۆمەڵایەتی بوو دەیتوانى کۆمەڵگا بۆ پشتگیرى (ولاء) پێویست کۆبکاتەوە، واتە گشت ئەو تایبەتمەندییانەى دەوڵەتى عوسمانى بانگەشەی دەکرد، عەشیرەتەکان لەو بوارەدا پێشى دەوڵەت کەوتبوون، عوسمانێکان هەردوو چەمکى عەشیرەت و هۆزیان بۆ ئەو کۆمەڵگا نیشتەجێیانەى وەک کورد، دروز، یەزیدی و یەمەنى بەکاردەهێنا.
عوسمانێکان بەر لەر هەر شتێک لە رێگاى نیشتە جێبوونەوە کاریان بۆ گۆڕینى سروشتى هۆزەکان دەکرد و هانیان دەدان لە جیاتى داچۆڕانى خەزێنەى دەوڵەت بەشداربن لە داهاتدا، لە ڕێگاى نیشتەجێبوونى زۆرە ملێوە هەوڵە سەرەتاییەکانى عوسمانى توانى ئامانجەکانى بەدیدبهێنێت، لە سایەی دەسەڵاتى (عبدالحمیدى دووەم)دا ئەنجامى جیاوازى بەدیهێنا، عوسمانێکان کاریان بە گوێرەى پشتگیرى (الولاء) بەڕێوەدەبرد، لە هەوڵى پشتگیرى تەواو بۆ سەڵتەنە لەوانەیە تێڕوانیى ڕۆڵەکانى عەشیرەت گۆڕانکارى بەسەردا بێت، لەم ڕێگایەوە پێویستە بیر لە دروستکردنى کردنى خوێندنگەى عەشایەر بکرێتەوە، شایەد کارەکە پشتگیرى عەشایەر بۆ بەرژەوەندى دەوڵەت بە دیبهێنێت. لێرەدا دوو نموونە بۆ پشتڕاستکردنەوەى بۆچونەکەمان دەخەینە ڕوو.
ساڵى ١٨٩٦ لە هەرێمە پەراوێزخراوەکانى وەک یەمەن، حیجاز و تەرابولسى ڕۆژئاوا، (٤٨) خوێندکار بە مەبەستى خوێندن ڕەوانەى ئەکادیمیاى سەربازى کران، دواى سێ ساڵ خوێندنیان تەواوکرد و ئەرکیان ڕادەستکرا، بەرلەوەى بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان دواى نوێژى هەینى سوڵتان چاوى بە بەشێک لەو ئەفسەرانە کەوت، سوڵتان لە ڕێگاى لە سکرتێرەکەیەوە پەیامێکى بەگوێچکەى ئەوسەربازانەدا خوێند کرۆکى وتارەکە جەختکردنەوە بوو لەسەر گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان و وڵاتپارێزى بوو، داوا لەو سەربازانە کرابوو بە خۆشەویستی و ئاکارەوە مامەڵەبکەن، سوڵتان گووتى: کاتێک ئێوە لە وڵاتن یاخود لە نێو هۆزەکانتاندان زۆرن ئەو منداڵانەى ئاواتەخوازن هاوشێوەى ئێوە دەربکەون، لەم پێناوەشدا هەر ئەفسەرێکى پلەدوو نیشانە (مەدالیا)، جلووبەرگى فەخرى (یاوز فەخرى) پێدان، لەم نمایشەدا ئەمکارەى سوڵتان بەمەبەستى بەهێزکردنى خۆشەویستى و پشتگیرى سوڵتان بووە .
لە سەرەتای نەوەدەکانى سەدەى نۆزدەهەمدا، پەرلەمانى دەوڵەتى عوسمانى پێشنیارێکى کرد ئەویش دەستپێشخەریەکى نوێبوو بۆ نیشتەجێکردنى سارانشینان لە چوارچێوەى هەرێمە عارەبێکاندا، یەکێک لە نەخشەڕێژەرانى ئەم پلانە عبدالله پاشاى ئال سعود پاشاى نەجد و ئەندام پەلەرمانى دەوڵەت بوو، نێوەندگیرى لە نێوان حکوومەت و هۆزەکاندا کرد، ئامانجى ئەم دەستپێشخەرییە ڕاکێشانى گەورە پیاوانى عەرەب بوو بۆ ئەستانە، لە رێگاى ئەو دەستپێشخەرییەوە نیشانەو نازناویان بە سەردا دابەشدەکرا بە هیواى ئەوەى هۆزەکانیان نیشتە جێبکەن، لەم پێناوەدا والى دیمەشق هانى (شێخ سەتام شەعلان) یدا کە شێخێکى گەورەى هۆزى (رۆلە) بوو، عەشیرەتى ناوبراو یەکێک بوون لە گەورە هۆزەکانى یەکێتى عەشیرەتى (عەنزە)، لەو ڕۆژگارەدا ژمارەى دەوارەکانیان بە (١٠٠٠٠) دەوار حساب دەکرا، ساڵانە لە نێوان باشورى سوریا و عێراقدا گەرمیان وکوێستانیان دەکرد، ئەو باجەى لە پاوان و وڵاخیان وەردەگیرا ساڵانە بە (٥٠٠٠٠) قورش مەزەندە دەکرا، لە ڕوانگەى ستراتیژى و ئابووریەوە عەشیرەتى (رۆلە) پێشەنگى سیاسەتى نیشتەجێکردن بووە.
شێخ سەتام لە تەک کۆمەڵێک کەسانى خانەوادەکەیدا گەیشتە ئەستانە، هاوکات پابەندبوونى خۆی دوپاتکردەوە بە دەستبەرداربوونى لە شێوە ژیانى باپیرانى و نیشتەجیکردنى عەشیرەتەکەى لە رێگاى کشتوکاڵەوە، ئەم زانیاریانە دواتر قونسڵى فەرەنسا لە دیمەشق یادداشتى کردوون. وەک ڕێزێک لە هەڵویستى شێخ و پابەندبوونى بە داواکارێکانى دەوڵەتەوە حکوومەتیش پلەى میرى میرانى بە شێخ بەخشى، هاوکات نیشانەى پلە دووى مەجیدیان پێبەخشى، کوڕە مام (زاوا) ەکەى، و سامى حەمیدى پلە سێیان پێبەخشى، شێخ محەمەد پلە چوارى هەمان مەدالیان کرد بە بەرۆکیدا.
وەکچۆن دەسەڵاتدارانى عوسمانى ئاواتە خوازبوون مەدالیا ببەخشێنەوە بەسەر سەرۆک هۆزەکانیتردا، شێخەکانیشى هاندا شوێن پاى شێخ سەتام هەڵبگرن، پاشان قونسولى فەرەنسایی لە دیمەشق دەنووسێت چۆن پێشوازى شێخ سەتام کاریگەرى لە سەر شێخەکانى دروز و سارانشینان داناوە، ئەوان چۆن لە (عبدالله پاشا) ى ئال سعود چونەتە پێشەوە بە هیواى بانگهێشتکردنیان بۆ ئەستانە، لە بەڵگەنامەکانى عوسمانیدا نموونەى ئەم خۆبردنە پێشەوانە دەبینرێت بە تایبەت لە لایەن پیاوانى هۆزەکان، بە تایبەت هۆزەکانى نەجد، موسڵ، حۆران، جبل دروز و رۆژهەڵاتى ئوردن.
شایەد ئەم نێوەندگیرییە بریکارى تازەى حکوومەتى عوسمانى دەموودەستیان تیادا وەردابێت، بەڵام ڕۆڵێکى کەمى گێراوە لە بەرانبەر ئارەزووى ئەو کەسانەى ئاواتە خوازبوون لە ئاستێکى بەرفراواندا هۆزەکان نیشتەجێبکەن. هەردوو ئەزموونەکە بە ئاشکرا گرنگى قوتابخانەى عەشایەرى دەردەخات، هەندێک لەو مێردمنداڵانە ساڵى (١٨٩٦) لە ئەکادیمیاى جەنگ خرانە بەر خوێندن، بە شێوەیەکى باش ئامادە نەکران و تەنانەت هەندێک لەوانەکان خرانە لاوە.
شێخ سەتام وەک پشتگیرىەک بەرانبەر بە دەوڵەت یەکێک لە کوڕەکانى لە ئەستانە بۆ خوێندن بە جێهێشت. پەروەردەو فێرکردن پێکەوە دەتوانن دڵ و ئاوەزى مێردمنداڵانى هۆزەکان ڕابکێشن، پیاوانى بەتەمەنى هۆز بۆ ئەوەى فێرى پشتگیرى و خۆشەویستى دەوڵەت بکرێن و دەوڵەت بتوانێت دەستکەوتى گەورە لە ڕێگاى نەوەکانیانەوە بە دەست بهێنێت، مێردمنداڵان پێویستیان بە قوتابخانەیە تاوەکو دواتر بۆ ئەکادیمیاى مەدەنى و جەنگى ئامادەبکرێن، لە حوزەیرانى ساڵى (١٨٩٢) بۆ یەکەمجار بیرۆکەى دروستکردنى قوتابخانەى عەشایەر خرایە بەرچاو.
دروستکردنى قوتابخانەى عەشایەر
پێکهێنانى دامەزراوەیەک لە ئەستەنبوڵ
بەشێوەیەکى گشتى گەڵاڵەکردنى بیرۆکەى قوتابخانەى عەشایەر دەدرێتە پاڵ عبدالحمیدى دووەم، بەڵگەنامەکان دەریدەخەن سوڵتان بۆخۆى گرنگى بەمکارە داوە، لە ڕووى ڕێکخستنەوە سوڵتان بە (چاودێرى قوتابخانە) و (بەڕێوەبەرى فەخرى) ناوبراوە، بەشى گەورەى بەڵگەنامەکان ئاراستەى کۆشکى (یەڵدز) کراوەـ کە پەیوەستن بە کارى ڕۆژانەى قوتابخانەکەوە، مەبەست لە دەستێوەردانى سوڵتانە لەو کارە، سوڵتان یەکێک لە کەسە نزیکەکانى خۆى (عوسمان نورى پاشا) ى ڕاسپارد یادداشتێک بنووسێت و بیرۆکەى قوتابخانەى عەشایەرى تیادا گەڵاڵە بکات، لە ١٢/حوزەیران/١٨٩٢ بیرۆکەکە پێشنیار کراو لە ٦/تەموز سەدرى ئەعزەم (سەرەک وەزیران) ڕاسپێردرا پێداویستێکانى کردنەوەى قوتابخانەکە لە ئەستۆ بگرێت، پەیام ئاراستەى دەسەڵاتدارنى هەرێمەکان کرا کە خوێندکار بۆ ئەو خوێندگەیە ناونووسبکەن، دواتر ڕەشنووسى پلان و پەیڕەوى کارەکە دیاریکرا، سەربارى دیاریکردنى شوێنى گونجاو بۆ بونیادنانى قوتابخانەکە، کۆشکى سوڵتان مەبەستیبوو ڕۆژى کردنەوەى قوتابخانەکە هاوکاتى ڕۆژى لە دایکبوونى پەیامبەرى موسڵمانان موحەمەد (درودى خوداى لێبێت) بێ کە هاوکاتى ١٢/ رەبیعى یەکەم/ ١٣١٠ بەرانبەر ٤/ تشرینى یەکەم١٨٩٢بوو، ڕۆژى کردنەوەى قوتابخانە بە مانشێتى ڕۆژنامەکان ڕووپۆشکرا.
بنەماى کۆمەڵێک سیستم داڕێژرا، لە کۆى پێنج ساڵى خوێندن پێرەوى دوو ساڵى سەرەتا دیاریکرا، لە کۆتایی مانگى تەموزدا ئەنجوومەنى وەزیران پرۆژەکەى پەسەند کرد، کۆشکێکى چۆل (ئەسما سوڵتان) لە ئەستانە وەک بنکەى سەرەکى قوتابخانەکە دیاریکرا، هاوکات پێنج خانووى تەنیشتى کۆشکەکە وەک بەشى ناوخۆى بۆ خوێندکاران دەسنیشانکران، بە پۆست سەرۆکى هەرێمەکانى حەلەب، زور و قودس لە سوریا، بەغداد، بەسرەو موسڵ لەعێراق، تەرابلسى ڕۆژئاوا و بەنغازى لە لیبیا، یەمەن و حیجاز لە دوورگەى عەرەبى، دیاربەکر لە ئەنادۆڵ ئاگادار کرانەوە لە چۆنێتى مامەڵە کردن لەتەک ئەو قوتابخانەیەدا کە بڕیارى لەسەر درابوو.
لە میانەى پەیڕەوى خوێندنگەى عەشایەرەوە تێدەگەین قوتابخانەکە خوێندنگەیەکى ناوخۆیی بووە بۆ پێگەیاندنى ڕۆڵەکانى هۆزە عەرەبەکان، لە قۆناغى دووەمدا کارەکە فراوان بوو کورد و دواتر ئەلبانێکانیشى گرتەوە، ساڵى یەکەم (٥٠) خوێندکار وەرگیران کە تەمەنیان لە نێوان ( ٠١٢بۆ١٤) ساڵاندابوو، ساڵى دواتر (٤٠) قوتابى، کۆى گشتى خوێندکارەکان (٢١٠) خوێندکارى تێنەپەڕاند، ئەوانەى بە دوادا چوونیان بۆ کارى خوێندنگەکە کردووە دەڵێن: بۆ هەر پولێک بە رێژەى (٢٠%) بە هۆکارى جۆاروجۆر خوێندکاران کەمیکردووە، هەموو خەرجى قوتابخانەکە حکوومەت لە ئەستۆى گرتووە، هەر خوێندکارێکیش مانگانە (٣٠) قورشى وەک مووچە بۆ دیاریکراوە و وەریانگرتووە.
سەرکار (بەرێوەبەر)ى قوتابخانەکە سەرپەرشتى کارەکانیکردووە و سکرتێر (نووسەر)ێک یارمەتیدەرى بووە، سەربارى دیاریکردن و ئامادەکردنى مامۆستایان و کادرى گونجاو بەشێوەیەک خوێندنگەکە لەتەک قوتابخانەى ئامادەییدا بگونجێت، هەموو کارەکانى پەیوەست بە دامەزراندن و دورخستنەوەى مامۆستایان و بەرپرسان، هەروەها دیاریکردنى پەیڕەو و دەقى دیاریکراو بۆ خوێندن وەزارەتى مەعاریف سەرپەرشتی کردووە، سەربارى ئەوکارە کارگێڕى قوتابخانەکە ڕاستەوخۆ لە ژێر سەرپەرشتى سوڵتاندا بووە. هەردوو مادەى (٩و ١٠) ى تەنزیمات وەک ددانپیادانانێکى قانوونى بوون لە مەڕ دیاریکردنى ئامانجەکانى قوتابخانەکە، هەردوو مادەکە پەرچەکردارى شاراوەى بەرنامەى پشتگیرى پیاوانى هۆزەکان بوون بۆ دەوڵەت لە رێگاى گتووبێژەوە، لێرەدا بە کورتى بەشێکى وەردەگرین و یادداشتى دەکەین.
ئامانجى بنەرەتى لە دروستکردنى قوتابخانەى عەشایەر بریتیبوو لە پێگەیاندنى تواناى کوڕوکاڵى هۆزەکان، ئەوکارەش بەمەبەشتى بەشداریکردنیان بووە لە بوژانەوەى زانین و ڕۆشنبیریدا، هەروەها پیشاندانى خۆشەویستیان بەرانبەر بە خەلافەت و سوڵتانى عوسمانى، سەربارى بەهێزکردنى پشتگیریان بەرانبەر بە دەوڵەت کە خۆى لە شەریعەتى ئیسلام و قانوونەکانى دەوڵەتدا دەبینیەوە.
خوێندکاران کاتێک خوێندنیان تەواودەکردو بڕوانامەیان وەردەگرت، دواتر دەگەڕانەوە بۆ ناو هۆزەکانیان، ئەوکات لەو قوتابخانانە وەک مامۆستا دەست بەکاردەبوون کە پێداگربوون لە سەر کردنەوەیان، یاخود هەندێک لەو خزمەتگوزاریە گونجاوانەیان بۆ هۆزەکانیان دابیندەکرد کە حکوومەت سەرپەرشتى دەکرد، سەرکەوتن و شکستى ئەو خوێندگایە پەیوەست بوو بە دەستنیشانکردنى خوێندکارى گونجاو لە لایەن دەسەڵاتدارانى هەرێمەکانەوە.
دەستنیشانکردنى خوێندکار لە لایەن هەرێمەکانەوە
قوتابخانەى عەشایەر دامەزراوەیەکى خێرخواز نەبوو تا کوڕوکاڵى چینە پەراوێز خراوەکان لە خۆبگرێت و فێریان بکات، بەڵکو ئامرازێکى ڕامیارى بووە بەمەبەستى پشتگیرى هۆزەکان لە حکوومەت دامەزراوە، ئەم گریمانە پێشنیارکراوە لە نامەى دەسەڵاتدارانى هەرێمەکاندا ڕەنگڕێژبوو بوو، کاتێک ئاماژەیان کردبوو پیاوانى هۆزەکان لە پشتگیریکردنى حکوومەتدا شوێنکەوتەى گەورەپیاوانى هۆزەکانیانن، ئەو پێوانانەى بۆ دیاریکردنى خوێندکاران دیاریکرابوون بە ئاشکرا لە مادەى (٤)دا ڕەنگیدابۆوە، بە ئاشکرا ئاماژەى کردبوو تەنها منداڵى ئەو خانەوادانە وەردەگیرێن کە گەورەماڵ و ڕێزلێگیراون، دیاریکردنى ئەم ڕێنمایانە لە نوسراوى کارمەندى هەرێمەکاندا ڕەنگیدابۆوە، لە مبارەیەوە پلەدارێک لە سوپاى شەشى عوسمانی نوسیبووى: بنەچەى سەعدونییە، لە دێر زەمانەوە گەورەپیاوانى هۆزبوون، چون خانەوادەن و خاوەنى ڕیزێکى زۆرن.
بەڵام لێرەو لەوێ جیاوازییەکى زۆر لە نێوان گوفتارو واقيع و ئەو نوسراوانەى لە هەرێمەکانەوە دەهاتن هەبوو، ڕاپۆرتەکان بەمشێوەیە باسیان لە شێوازى وەرگرتنى باو دەکرد کاتێک بەرپرسانى عوسمانى دێهاتەکان دەگەڕان و هەواڵى کردنەوەى قوتابخانەیان دەدا بە گوێچکەی هۆزەکاندا ئەوانیش هەلهەلەیان لە پاى بەخشندەیی سوڵتاندا لێدەدا و چۆن ڕکاربەریان دەکرد لە پێناو ئەوەى نەوەکانیان پێشەنگى خوێندکارانبن لە قوتابخانەى ناوبراودا، وەزیرى ناوخۆ بە شێوەیەکى کورت و پوخت ئاماژەى بۆ ئەم ڕاستیانە کردبوو.
وەک لە خشتەى ژمارە (١) دا دەردەکەوێت، دەریدەخات زۆرێک لە بەرپرسە ناوچەیەکان کەم توانابوون لە قەناعەت پێکردنى خوێندکاراندا، کوڕوکاڵى هۆزە گەورەکان بووبن یاخود تیرەو بنەماڵە ناودارەکان، لەتەک ئەو کارەشدا ڕیزپەڕى بە ئاشکرا دیاربوو، چونکە لە زۆر بارودۆخدا لە بەردەم بەرپرساندا ئاستەنگ دروستدەبوون لە باوەڕ پێهێنانى دەستە بژێرە عەشایەرەکاندا بەمەبەستى ناردنى ڕۆڵەکانیان بۆ ئەستەمبوڵ بۆ خوێندن.
خشتەى ژمارەى(١) یەکەم ٨٦ خوێندکار.
ژمارەى ناساندنى قوتابخانە | ناو | ناوی باوک | هۆز | هەرێم | |
---|---|---|---|---|---|
لیبیا-هەرێمى تەرابلسى غەرب | |||||
09 | خەلییل | شێخ مفتاخ | زنتان | - | |
10 (أ) | حاجى عەبدولسەلام | ||||
11 | حسین حسنى | جابر ورشفانە | - | - | |
12 | حافظ على | عبدالقادر | طوالب | خمس | |
66 | خضر | سالم النجف | حواوته | خمس | |
67 | محمد | مصطفى | زمامة | - | |
68 | سليمان | عزت | عوسجة | - | |
69 | محمد | حمزة | عوسجة | ||
08 | مختار | أبوبكر | مسلاتة | قصبة | |
سنجق بنغازى | |||||
40 | علي نورالدين | حامد | عبيدات | دارنا | |
41 | حسن نوري | حاجي محمد كوبرى | براعات | - | |
42 (د) | عبدالجليل | عثمان | براعات | - | |
43 | محمود | عبدالهادي | عرفة(عرفا) | ||
نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | |
نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | |
نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | |
نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | |
نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | |
نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | |
نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | |
نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | |
نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | |
نموونە | نموونە | نموونە | نموونە | نموونە |