قوتابخانەى عەشایەر لە ئەستنەنبوڵ
نووسینی: وەهاب حەسیب محەمەد
پێشەکى: سوڵتانەکانى عوسمانى بەردەوام پشتگیرى خوێندن و خوێندەوارییان کردوەو لە هەوڵى بەرەوپێشبردنیدا بوون. چونکە قوتابخانە کارمەندى بۆ دەوڵەت دابیندەکرد، لەگەڵ دەرکەوتنیان یەکەم قوتابخانەیان لە ساڵى ١٣٢٧ لە شارى (ئیزمید) هەڵکەوتە لە ڕۆژهەڵاتى ئەستەمبوڵ بوونیاد ناوە.
لە کۆتایی سەدەى نۆزدەهەم و بە فەرمانێکى شاهانە سوڵتان عبدالحمدی دووەم قوتابخانەى عەشایەرى بە ڕووى سەرەک هۆز و خێلەکانى عارەب، ئەلیانى و کورددا کردەوە، مەبەست لە کردنەوەى قوتابخانەکە نیشتەجێکردنى هۆزەکان و بەشداریکردنیان بووە لە بەرهەمهێناندا، هاوکات تێکەڵاوکردنى هۆزەکان بووە بە دنیای مۆدێرن لە رێگاى پەروەردەوە، چونکە سوڵتان لە مەترسى هۆزەکان گەیشتیبوو، هەوڵیدەدا لە رێگاى خوێندەوارى و وەزیفەوە پشتگیرى و خۆشەویستى هۆزەکان بەدەستبهێنێت، بەشێکى خوێندەوارانى کوردیش لە ڕابردوودا سوودیان لەودەرفەتە وەرگرتووە، دواتر ڕۆڵیان لە بوارى سەربازى و مەدەنییدا بینیوە.
توێژینەوەکەى مێژووناسی ئەمریکايى (Eugene. L. Rogan) مێژوونووس، مامۆستاى زانکۆ و شارەزا لە مێژووى هاوچەرخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بایەخێکى تایبەتى هەیە، چونکە توێژینەوەکەى یۆجین بە یەکێک لە توێژینەوە دیارەکان لە سەر عوسمانێکان دێتە ئەژمار، سەرچاوەى توێژینەوەکە ئەرشیفى سەرەک وەزیرانى عوسمانى، ساڵنامەى تورکى و سەرچاوە و توێژینەوەى جۆراوجۆریترە. توێژینەوەکە وردەکارى زۆر لایەنى بابەتەکەى پیشانداوەک وەک ئامانج لە کردنەوەى قوتابخانەکە، ژمارەى خوێندکاران و شێوازى خوێندن و وانەکانى خوێندن، شێوەى وەرگرتنى خوێندکار و شوێنى مانەوەیان و ... هتد.
یەکێک لەو لایەنانە لە قوتابخانەى عەشایەردا گرنگى پێدراوە خوێندنى زمانە، خوێندکار سەربارى زمانەکانى تورکى، فارسى و عەرەبى، زمانى فەرەنسیان خوێندوە، چونکە ئەو ڕۆژگارە فەرەنسا قیبلەگاى خوێندەوارانى دنیابووە زمانى سەردەستەى خوێندەوارانبووە. باوەڕدەکەم تا ئەمڕۆ نەمتوانیوە بە تەواوى دەستبەردارى شێوازى خوێندن و پەروەردەى ئەو ڕۆژگارەبین. بە هیوام بەم چەند دێرە لاپەڕەیەکى مێژووى پەروەردەى ئەو ڕۆژگارەمان پیشانى خوێنەران دابێت و بتوانن بۆ داهاتوودا کەڵکى لێوەربگرن.
سوڵتان عبدالحمیدو قوتابخانەى عەشایەر
سوڵتان عبدالحمیدى دووەم (١٨٧٦- ١٩٠٩) لە ئەستەمبوڵ بە فەرمانێکى شاهانە لە تشرینى یەکەمى ساڵى ١٨٩٢ قوتابخانەى سوڵتانییەى بۆ کوڕوکاڵى سەرەک هۆزەکان کردەوە ، مەبەست لە مکارە دابینکردنى پەروەردەى عوسمانى بوو بۆ کوڕوکاڵى گەورە پیاوانى عەشایەر.
لەو خوێندنگەیەدا هاوشێوەى قوتابخانەکانى ناوخۆ ماوەى خوێندن پێنج ساڵ بوو، ڕێگە دەدرا بەو مێردمنداڵانەى تەمەنیان لە نێوان (١٢ بۆ ١٤) ساڵیدابوو لەو خوێندنگەیەدا ناونووسبکرێن، ئەم کارە بە خێرایی و بەشێوەیەک ڕاڤە کرا بەشێکە لە سیاسەتى پاونخوازانەى سوڵتان بۆ تێکڵاوکردنى ولایەتە عەرەب نشینەکان و نزیکردنەوەیان لە سیاسەتى مەرکەزى سوڵتان، کارەکە زیاتر پەلی هاویشت و سنوورى هەرێمە عەرەبێکانى تێپەڕاند تا گەیشتە سەربازگیرى کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتى ئەنادۆڵ. کارەکە پلانێکى کۆمەڵایەتى بوو بەمەبەستى پشتگیرى هەرێمەکانى عوسمانى لەدەورى ناوەندێکى بەهێز لە برى دابەشکردنیان بەسەر بەشى دوورو دابڕاوى عەشایەریدا، پێشتر کوڕوکاڵى گەورەپیاوانى کۆمەڵگا لە ئەستەمبوڵ خوێندبوویان و بەشى خۆیان لە دامەزراوەکانى عوسمانیدا بە دەستهێنابوو، دواتر پشتگیرى حکوومەتى عوسمانیان دەکرد، بۆیە ئامانجى سوڵتان و ڕاوێژکارانى لە دروستکردنى کۆمەڵێکدا گیرسابووەوە کە بتوانن نوێنەرایەتى نێوان عەشیرەتەکان و دەوڵەت بکەن، ئەم ئەزموونە بۆ ماوەى (١٤) ساڵ درێژەى کێشا تا لە ساڵى ١٩٠٧ قوتابخانەکە داخرا. هەتا ئەو ڕۆژگارە دەرچووانى ئەو قوتابخانەیە بەکۆمەڵ لە هەردوو بوارى سەربازى مەدەنییدا خوێندنى باڵایان دەخوێندو لە هەرێمەکان پۆستى حکوومیان بەڕێوەدەبرد، سیستمى پەروەردەى عەشایەرى یەکێک بوو لە دەست پێشخەرێکانى دەوڵەتى عوسمانى بەمەبەستى تێکڵاوکردنى کۆمەڵگاى عەشایەر لە ژیانى سیاسى دەوڵەتدا.
گرنگیدانى دەوڵەت بەهاوڵاتیانى (ڕەعیەت) ى کورد و عارەب لەم قۆناغەدا گەیشتە ترۆپک، هۆکارەکە قوڵبوونەوەى تەنگژەى بەلقان و پەیمانى بەرڵین (١٨٧٥- ١٨٧٨) بوو، هاوکات لە دەستدانى نزیکەى پێنج یەکى زەوى و پێنج یەکى دانیشتووانى ئیمبراتۆریاکە بوو. سوڵتان بەڕوونى لە مەوداى ئەو مەترسیانە گەیشتبوو کە بزوتنەوەى جوداخوازەکان لە سەر بەردەوامى دەوڵەتەکەى هەیانبوو. بۆیە دەوڵەت تێدەکۆشا لە رێگاى سەپاندنى پێناسەوە بەر لە جیابوونەوەى بزوتنەوە جوداخوازەکان بگرێت. خواستى وڵات پەروەرى عوسمانى لە چەمکى (تەنزیمات) ەوە وەرگیرابوو، یان ئەوى بە عوسمانیزم ناسرابوو. پڕوپاگەندەى کۆمەڵگاى ئیسلامى هۆکارێک بوو بۆ پشتڕاتسکردنەوەى ئەو جۆرە پێناسە، لەگەڵ ئەوەشدا ئایدۆلۆجیا جیاوازەکان ئەوانەى دەسەڵاتى نیشتمانیان تێدەپەڕاند جێگاى بایەخى ڕۆڵەکانى عەشایەرو هۆزەکان نەبوون، ئەوان وایان دەبینى پێکهاتەى کۆمەڵگاکانیان ناچێتە ژێر ئەو ڕیزبەندانەوە و زۆر دوورن لەو پێناسە، ئەزموونى قوتابخانەى عەشایەر ئامرازێک بوو دەوڵەت مەبەستى بوو ئەو پێناسانە تێپەڕێنێت و دەسەڵاتى عوسمانیزم بسەپێنێت. یاخود هاوخوێنى ئیسلامى لە کۆمەڵگا پەراوێز خراوەکانى هەرێمەکانى عوسمانى و ئەنادوڵدا بسەپێنیت. ئەم ئاریشەیە گرنگیەکى تایبەتى هەبوو، چونکە لە قۆناغێکى مێژوویدا ڕەهەندێکى دیکەى وەرگرت ئەویش بەئاگا هاتنەوەى عەرەب بوو لە سەرەتای سەدەى ڕابردوودا، سەربارى ڕۆڵى پیاوانى عەرەب لە شۆڕشى عەرەبى لە کاتى جەنگى جیهانى یەکەمدا.
تێڕوانینى عوسمانێکان بەرانبەر عەشایەر
تێڕوانینى عوسمانێکان لە بەرانبەر عەشایەردا لە گومانى قوڵدا ڕەنگڕێژ بوو بوو، کارمەندانى پایتەخت و هەرێمەکان جۆرەها ناو ناتۆرەیان لە هۆزەکان دەنا و بەکاریان دەهێنا، بەشێوەیەک تێیان دەڕوانین ئەوان لەنەفامیدا ڕۆچوون و خاوەن ڕەفتارى هەمەجی و دوور لە شارستانین، دەستەواژەى نەفام گوزارشت بوو لە ڕەخنەگرتن لە کولتوورى ئەو ڕۆژەگارە هاوکات بەشێوەیەکى شاراوە وەک توانجێک بەرانبەر سروتە ئاینێکان بەکاردەهات، دەستەواژەى کێوى ئاماژە بوو بۆ دواکەوتووى شارەستانییەتى کۆمەڵگا کۆچەرێکان، بەپێچەوانەى ئەو ڕەخنانە کارى لەپێشینە لەو ڕۆژگارەدا ڕۆڵى ئاین و جەختکردنەوە بوو لەسەر ڕۆڵى ئاینى خەلیفە و چاکسازى ئاینى کە خەلیفە کارى لەسەر دەکرد، ناوەندێتى دەوڵەت دیارترین ئەو چاکسازییە نوێگەریانە بوو خەلیفە جەختى لەسەر دەکردەوە، هۆزە کۆچەرێکان لە رێگاى خوێنەوە ئاستەنگیان لە بەردەم ناوەندێتى دەوڵەتدا پێکدەهێنا، کۆمەڵگا کۆچەرێکان نەیاندەتوانى بچنە ناو بازنەى داواکارێکانى دەوڵەتەوە کە خۆى لە پێدانى باج و خزمەتى سەربازیدا دەبینیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵگەنامە هاوچەرخەکانى عوسمانى بە ئاشکرا دەریدەخەن دەوڵەت بەشێوەیەک لە هۆزەکانى دەنواڕى بەخۆدزینەوەيان لەباج مەترسییەکى کاریگەرن لەسەر خۆشگوزەرانى ئابوورى، لەڕاپۆرتەکاندا زۆرجار بەتاڵانچى ناودەبران، لە ڕاستییدا هۆزەکان لە سێ ڕێگاوە بارگرانیان بۆ خەزێنەى دەوڵەت دروستدەکرد.
یەکەم: دەستکورتى بەرهەمهێنەران لە پێدانى باج بە هۆى هەڵکوتانە سەر جوتیاران و دانیشتوانى شارۆچکەکان.
دووەم: پاشەکشەى بەرهەمى ئابوورى بەهۆى کەمبوونەوەى ڕووبەرى زەوى چێنراو سەربارى ئاستەنگى بازرگانى.
سێیەم: زۆرى تێچوونى هێزى ئاشتى پارێز کە ڕێگرى ئەو هێرشانەى لە ئەستۆبوو، لەکاتێکدا ئەوان تەنها ناو بەناو لە کارەکەیاندا سەرکەوتوو بوون.
تاڵانى هۆكارى زڕاندنى ناو و ناوبانگی هۆزەکان بوو، ئەو کارە مەشخەڵێکیترى دەشاردەوە کە لەو چوارچێوەیەدا هۆزەکان هۆکارى مەترسى ڕاستەقینەبوون بۆ سەر دەسەڵاتى حکوومەتى ناوەندى لە بوارى رامیارى و ئابووریدا، گەورەهۆزەکان چەک و ئەسپى ئامادەیان هەبوو دەیاتوانى لەو ڕێگایەوە باج نەدەن، بە زمانى ناوچەیی بەکارەکەیان دەگوترا (برایەتى)، هێزەکانى عوسمانى نەیان دەتوانى بەرگریان لێبەکەن، چونکە هۆز هاوشێوەى رێکخراوێکى ڕامیارى و کۆمەڵایەتی بوو دەیتوانى کۆمەڵگا بۆ پشتگیرى (ولاء) پێویست کۆبکاتەوە، واتە گشت ئەو تایبەتمەندییانەى دەوڵەتى عوسمانى بانگەشەی دەکرد، عەشیرەتەکان لەو بوارەدا پێشى دەوڵەت کەوتبوون، عوسمانێکان هەردوو چەمکى عەشیرەت و هۆزیان بۆ ئەو کۆمەڵگا نیشتەجێیانەى وەک کورد، دروز، یەزیدی و یەمەنى بەکاردەهێنا.
عوسمانێکان بەر لەر هەر شتێک لە رێگاى نیشتە جێبوونەوە کاریان بۆ گۆڕینى سروشتى هۆزەکان دەکرد و هانیان دەدان لە جیاتى داچۆڕانى خەزێنەى دەوڵەت بەشداربن لە داهاتدا، لە ڕێگاى نیشتەجێبوونى زۆرە ملێوە هەوڵە سەرەتاییەکانى عوسمانى توانى ئامانجەکانى بەدیدبهێنێت، لە سایەی دەسەڵاتى (عبدالحمیدى دووەم)دا ئەنجامى جیاوازى بەدیهێنا، عوسمانێکان کاریان بە گوێرەى پشتگیرى (الولاء) بەڕێوەدەبرد، لە هەوڵى پشتگیرى تەواو بۆ سەڵتەنە لەوانەیە تێڕوانیى ڕۆڵەکانى عەشیرەت گۆڕانکارى بەسەردا بێت، لەم ڕێگایەوە پێویستە بیر لە دروستکردنى کردنى خوێندنگەى عەشایەر بکرێتەوە، شایەد کارەکە پشتگیرى عەشایەر بۆ بەرژەوەندى دەوڵەت بە دیبهێنێت. لێرەدا دوو نموونە بۆ پشتڕاستکردنەوەى بۆچونەکەمان دەخەینە ڕوو.
ساڵى ١٨٩٦ لە هەرێمە پەراوێزخراوەکانى وەک یەمەن، حیجاز و تەرابولسى ڕۆژئاوا، (٤٨) خوێندکار بە مەبەستى خوێندن ڕەوانەى ئەکادیمیاى سەربازى کران، دواى سێ ساڵ خوێندنیان تەواوکرد و ئەرکیان ڕادەستکرا، بەرلەوەى بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان دواى نوێژى هەینى سوڵتان چاوى بە بەشێک لەو ئەفسەرانە کەوت، سوڵتان لە ڕێگاى لە سکرتێرەکەیەوە پەیامێکى بەگوێچکەى ئەوسەربازانەدا خوێند کرۆکى وتارەکە جەختکردنەوە بوو لەسەر گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان و وڵاتپارێزى بوو، داوا لەو سەربازانە کرابوو بە خۆشەویستی و ئاکارەوە مامەڵەبکەن، سوڵتان گووتى: کاتێک ئێوە لە وڵاتن یاخود لە نێو هۆزەکانتاندان زۆرن ئەو منداڵانەى ئاواتەخوازن هاوشێوەى ئێوە دەربکەون، لەم پێناوەشدا هەر ئەفسەرێکى پلەدوو نیشانە (مەدالیا)، جلووبەرگى فەخرى (یاوز فەخرى) پێدان، لەم نمایشەدا ئەمکارەى سوڵتان بەمەبەستى بەهێزکردنى خۆشەویستى و پشتگیرى سوڵتان بووە .
لە سەرەتای نەوەدەکانى سەدەى نۆزدەهەمدا، پەرلەمانى دەوڵەتى عوسمانى پێشنیارێکى کرد ئەویش دەستپێشخەریەکى نوێبوو بۆ نیشتەجێکردنى سارانشینان لە چوارچێوەى هەرێمە عارەبێکاندا، یەکێک لە نەخشەڕێژەرانى ئەم پلانە عبدالله پاشاى ئال سعود پاشاى نەجد و ئەندام پەلەرمانى دەوڵەت بوو، نێوەندگیرى لە نێوان حکوومەت و هۆزەکاندا کرد، ئامانجى ئەم دەستپێشخەرییە ڕاکێشانى گەورە پیاوانى عەرەب بوو بۆ ئەستانە، لە رێگاى ئەو دەستپێشخەرییەوە نیشانەو نازناویان بە سەردا دابەشدەکرا بە هیواى ئەوەى هۆزەکانیان نیشتە جێبکەن، لەم پێناوەدا والى دیمەشق هانى (شێخ سەتام شەعلان) یدا کە شێخێکى گەورەى هۆزى (رۆلە) بوو، عەشیرەتى ناوبراو یەکێک بوون لە گەورە هۆزەکانى یەکێتى عەشیرەتى (عەنزە)، لەو ڕۆژگارەدا ژمارەى دەوارەکانیان بە (١٠٠٠٠) دەوار حساب دەکرا، ساڵانە لە نێوان باشورى سوریا و عێراقدا گەرمیان وکوێستانیان دەکرد، ئەو باجەى لە پاوان و وڵاخیان وەردەگیرا ساڵانە بە (٥٠٠٠٠) قورش مەزەندە دەکرا، لە ڕوانگەى ستراتیژى و ئابووریەوە عەشیرەتى (رۆلە) پێشەنگى سیاسەتى نیشتەجێکردن بووە.
شێخ سەتام لە تەک کۆمەڵێک کەسانى خانەوادەکەیدا گەیشتە ئەستانە، هاوکات پابەندبوونى خۆی دوپاتکردەوە بە دەستبەرداربوونى لە شێوە ژیانى باپیرانى و نیشتەجیکردنى عەشیرەتەکەى لە رێگاى کشتوکاڵەوە، ئەم زانیاریانە دواتر قونسڵى فەرەنسا لە دیمەشق یادداشتى کردوون. وەک ڕێزێک لە هەڵویستى شێخ و پابەندبوونى بە داواکارێکانى دەوڵەتەوە حکوومەتیش پلەى میرى میرانى بە شێخ بەخشى، هاوکات نیشانەى پلە دووى مەجیدیان پێبەخشى، کوڕە مام (زاوا) ەکەى، و سامى حەمیدى پلە سێیان پێبەخشى، شێخ محەمەد پلە چوارى هەمان مەدالیان کرد بە بەرۆکیدا.
وەکچۆن دەسەڵاتدارانى عوسمانى ئاواتە خوازبوون مەدالیا ببەخشێنەوە بەسەر سەرۆک هۆزەکانیتردا، شێخەکانیشى هاندا شوێن پاى شێخ سەتام هەڵبگرن، پاشان قونسولى فەرەنسایی لە دیمەشق دەنووسێت چۆن پێشوازى شێخ سەتام کاریگەرى لە سەر شێخەکانى دروز و سارانشینان داناوە، ئەوان چۆن لە (عبدالله پاشا) ى ئال سعود چونەتە پێشەوە بە هیواى بانگهێشتکردنیان بۆ ئەستانە، لە بەڵگەنامەکانى عوسمانیدا نموونەى ئەم خۆبردنە پێشەوانە دەبینرێت بە تایبەت لە لایەن پیاوانى هۆزەکان، بە تایبەت هۆزەکانى نەجد، موسڵ، حۆران، جبل دروز و رۆژهەڵاتى ئوردن.
شایەد ئەم نێوەندگیرییە بریکارى تازەى حکوومەتى عوسمانى دەموودەستیان تیادا وەردابێت، بەڵام ڕۆڵێکى کەمى گێراوە لە بەرانبەر ئارەزووى ئەو کەسانەى ئاواتە خوازبوون لە ئاستێکى بەرفراواندا هۆزەکان نیشتەجێبکەن. هەردوو ئەزموونەکە بە ئاشکرا گرنگى قوتابخانەى عەشایەرى دەردەخات، هەندێک لەو مێردمنداڵانە ساڵى (١٨٩٦) لە ئەکادیمیاى جەنگ خرانە بەر خوێندن، بە شێوەیەکى باش ئامادە نەکران و تەنانەت هەندێک لەوانەکان خرانە لاوە.
شێخ سەتام وەک پشتگیرىەک بەرانبەر بە دەوڵەت یەکێک لە کوڕەکانى لە ئەستانە بۆ خوێندن بە جێهێشت. پەروەردەو فێرکردن پێکەوە دەتوانن دڵ و ئاوەزى مێردمنداڵانى هۆزەکان ڕابکێشن، پیاوانى بەتەمەنى هۆز بۆ ئەوەى فێرى پشتگیرى و خۆشەویستى دەوڵەت بکرێن و دەوڵەت بتوانێت دەستکەوتى گەورە لە ڕێگاى نەوەکانیانەوە بە دەست بهێنێت، مێردمنداڵان پێویستیان بە قوتابخانەیە تاوەکو دواتر بۆ ئەکادیمیاى مەدەنى و جەنگى ئامادەبکرێن، لە حوزەیرانى ساڵى (١٨٩٢) بۆ یەکەمجار بیرۆکەى دروستکردنى قوتابخانەى عەشایەر خرایە بەرچاو.
دروستکردنى قوتابخانەى عەشایەر
پێکهێنانى دامەزراوەیەک لە ئەستەنبوڵ
بەشێوەیەکى گشتى گەڵاڵەکردنى بیرۆکەى قوتابخانەى عەشایەر دەدرێتە پاڵ عبدالحمیدى دووەم، بەڵگەنامەکان دەریدەخەن سوڵتان بۆخۆى گرنگى بەمکارە داوە، لە ڕووى ڕێکخستنەوە سوڵتان بە (چاودێرى قوتابخانە) و (بەڕێوەبەرى فەخرى) ناوبراوە، بەشى گەورەى بەڵگەنامەکان ئاراستەى کۆشکى (یەڵدز) کراوەـ کە پەیوەستن بە کارى ڕۆژانەى قوتابخانەکەوە، مەبەست لە دەستێوەردانى سوڵتانە لەو کارە، سوڵتان یەکێک لە کەسە نزیکەکانى خۆى (عوسمان نورى پاشا) ى ڕاسپارد یادداشتێک بنووسێت و بیرۆکەى قوتابخانەى عەشایەرى تیادا گەڵاڵە بکات، لە ١٢/حوزەیران/١٨٩٢ بیرۆکەکە پێشنیار کراو لە ٦/تەموز سەدرى ئەعزەم (سەرەک وەزیران) ڕاسپێردرا پێداویستێکانى کردنەوەى قوتابخانەکە لە ئەستۆ بگرێت، پەیام ئاراستەى دەسەڵاتدارنى هەرێمەکان کرا کە خوێندکار بۆ ئەو خوێندگەیە ناونووسبکەن، دواتر ڕەشنووسى پلان و پەیڕەوى کارەکە دیاریکرا، سەربارى دیاریکردنى شوێنى گونجاو بۆ بونیادنانى قوتابخانەکە، کۆشکى سوڵتان مەبەستیبوو ڕۆژى کردنەوەى قوتابخانەکە هاوکاتى ڕۆژى لە دایکبوونى پەیامبەرى موسڵمانان موحەمەد (درودى خوداى لێبێت) بێ کە هاوکاتى ١٢/ رەبیعى یەکەم/ ١٣١٠ بەرانبەر ٤/ تشرینى یەکەم١٨٩٢بوو، ڕۆژى کردنەوەى قوتابخانە بە مانشێتى ڕۆژنامەکان ڕووپۆشکرا.
بنەماى کۆمەڵێک سیستم داڕێژرا، لە کۆى پێنج ساڵى خوێندن پێرەوى دوو ساڵى سەرەتا دیاریکرا، لە کۆتایی مانگى تەموزدا ئەنجوومەنى وەزیران پرۆژەکەى پەسەند کرد، کۆشکێکى چۆل (ئەسما سوڵتان) لە ئەستانە وەک بنکەى سەرەکى قوتابخانەکە دیاریکرا، هاوکات پێنج خانووى تەنیشتى کۆشکەکە وەک بەشى ناوخۆى بۆ خوێندکاران دەسنیشانکران، بە پۆست سەرۆکى هەرێمەکانى حەلەب، زور و قودس لە سوریا، بەغداد، بەسرەو موسڵ لەعێراق، تەرابلسى ڕۆژئاوا و بەنغازى لە لیبیا، یەمەن و حیجاز لە دوورگەى عەرەبى، دیاربەکر لە ئەنادۆڵ ئاگادار کرانەوە لە چۆنێتى مامەڵە کردن لەتەک ئەو قوتابخانەیەدا کە بڕیارى لەسەر درابوو.
لە میانەى پەیڕەوى خوێندنگەى عەشایەرەوە تێدەگەین قوتابخانەکە خوێندنگەیەکى ناوخۆیی بووە بۆ پێگەیاندنى ڕۆڵەکانى هۆزە عەرەبەکان، لە قۆناغى دووەمدا کارەکە فراوان بوو کورد و دواتر ئەلبانێکانیشى گرتەوە، ساڵى یەکەم (٥٠) خوێندکار وەرگیران کە تەمەنیان لە نێوان ( ٠١٢بۆ١٤) ساڵاندابوو، ساڵى دواتر (٤٠) قوتابى، کۆى گشتى خوێندکارەکان (٢١٠) خوێندکارى تێنەپەڕاند، ئەوانەى بە دوادا چوونیان بۆ کارى خوێندنگەکە کردووە دەڵێن: بۆ هەر پولێک بە رێژەى (٢٠%) بە هۆکارى جۆاروجۆر خوێندکاران کەمیکردووە، هەموو خەرجى قوتابخانەکە حکوومەت لە ئەستۆى گرتووە، هەر خوێندکارێکیش مانگانە (٣٠) قورشى وەک مووچە بۆ دیاریکراوە و وەریانگرتووە.
سەرکار (بەرێوەبەر)ى قوتابخانەکە سەرپەرشتى کارەکانیکردووە و سکرتێر (نووسەر)ێک یارمەتیدەرى بووە، سەربارى دیاریکردن و ئامادەکردنى مامۆستایان و کادرى گونجاو بەشێوەیەک خوێندنگەکە لەتەک قوتابخانەى ئامادەییدا بگونجێت، هەموو کارەکانى پەیوەست بە دامەزراندن و دورخستنەوەى مامۆستایان و بەرپرسان، هەروەها دیاریکردنى پەیڕەو و دەقى دیاریکراو بۆ خوێندن وەزارەتى مەعاریف سەرپەرشتی کردووە، سەربارى ئەوکارە کارگێڕى قوتابخانەکە ڕاستەوخۆ لە ژێر سەرپەرشتى سوڵتاندا بووە. هەردوو مادەى (٩و ١٠) ى تەنزیمات وەک ددانپیادانانێکى قانوونى بوون لە مەڕ دیاریکردنى ئامانجەکانى قوتابخانەکە، هەردوو مادەکە پەرچەکردارى شاراوەى بەرنامەى پشتگیرى پیاوانى هۆزەکان بوون بۆ دەوڵەت لە رێگاى گتووبێژەوە، لێرەدا بە کورتى بەشێکى وەردەگرین و یادداشتى دەکەین.
ئامانجى بنەرەتى لە دروستکردنى قوتابخانەى عەشایەر بریتیبوو لە پێگەیاندنى تواناى کوڕوکاڵى هۆزەکان، ئەوکارەش بەمەبەشتى بەشداریکردنیان بووە لە بوژانەوەى زانین و ڕۆشنبیریدا، هەروەها پیشاندانى خۆشەویستیان بەرانبەر بە خەلافەت و سوڵتانى عوسمانى، سەربارى بەهێزکردنى پشتگیریان بەرانبەر بە دەوڵەت کە خۆى لە شەریعەتى ئیسلام و قانوونەکانى دەوڵەتدا دەبینیەوە.
خوێندکاران کاتێک خوێندنیان تەواودەکردو بڕوانامەیان وەردەگرت، دواتر دەگەڕانەوە بۆ ناو هۆزەکانیان، ئەوکات لەو قوتابخانانە وەک مامۆستا دەست بەکاردەبوون کە پێداگربوون لە سەر کردنەوەیان، یاخود هەندێک لەو خزمەتگوزاریە گونجاوانەیان بۆ هۆزەکانیان دابیندەکرد کە حکوومەت سەرپەرشتى دەکرد، سەرکەوتن و شکستى ئەو خوێندگایە پەیوەست بوو بە دەستنیشانکردنى خوێندکارى گونجاو لە لایەن دەسەڵاتدارانى هەرێمەکانەوە.
دەستنیشانکردنى خوێندکار لە لایەن هەرێمەکانەوە
قوتابخانەى عەشایەر دامەزراوەیەکى خێرخواز نەبوو تا کوڕوکاڵى چینە پەراوێز خراوەکان لە خۆبگرێت و فێریان بکات، بەڵکو ئامرازێکى ڕامیارى بووە بەمەبەستى پشتگیرى هۆزەکان لە حکوومەت دامەزراوە، ئەم گریمانە پێشنیارکراوە لە نامەى دەسەڵاتدارانى هەرێمەکاندا ڕەنگڕێژبوو بوو، کاتێک ئاماژەیان کردبوو پیاوانى هۆزەکان لە پشتگیریکردنى حکوومەتدا شوێنکەوتەى گەورەپیاوانى هۆزەکانیانن، ئەو پێوانانەى بۆ دیاریکردنى خوێندکاران دیاریکرابوون بە ئاشکرا لە مادەى (٤)دا ڕەنگیدابۆوە، بە ئاشکرا ئاماژەى کردبوو تەنها منداڵى ئەو خانەوادانە وەردەگیرێن کە گەورەماڵ و ڕێزلێگیراون، دیاریکردنى ئەم ڕێنمایانە لە نوسراوى کارمەندى هەرێمەکاندا ڕەنگیدابۆوە، لە مبارەیەوە پلەدارێک لە سوپاى شەشى عوسمانی نوسیبووى: بنەچەى سەعدونییە، لە دێر زەمانەوە گەورەپیاوانى هۆزبوون، چون خانەوادەن و خاوەنى ڕیزێکى زۆرن.
بەڵام لێرەو لەوێ جیاوازییەکى زۆر لە نێوان گوفتارو واقيع و ئەو نوسراوانەى لە هەرێمەکانەوە دەهاتن هەبوو، ڕاپۆرتەکان بەمشێوەیە باسیان لە شێوازى وەرگرتنى باو دەکرد کاتێک بەرپرسانى عوسمانى دێهاتەکان دەگەڕان و هەواڵى کردنەوەى قوتابخانەیان دەدا بە گوێچکەی هۆزەکاندا ئەوانیش هەلهەلەیان لە پاى بەخشندەیی سوڵتاندا لێدەدا و چۆن ڕکاربەریان دەکرد لە پێناو ئەوەى نەوەکانیان پێشەنگى خوێندکارانبن لە قوتابخانەى ناوبراودا، وەزیرى ناوخۆ بە شێوەیەکى کورت و پوخت ئاماژەى بۆ ئەم ڕاستیانە کردبوو.
وەک لە خشتەى ژمارە (١) دا دەردەکەوێت، دەریدەخات زۆرێک لە بەرپرسە ناوچەیەکان کەم توانابوون لە قەناعەت پێکردنى خوێندکاراندا، کوڕوکاڵى هۆزە گەورەکان بووبن یاخود تیرەو بنەماڵە ناودارەکان، لەتەک ئەو کارەشدا ڕیزپەڕى بە ئاشکرا دیاربوو، چونکە لە زۆر بارودۆخدا لە بەردەم بەرپرساندا ئاستەنگ دروستدەبوون لە باوەڕ پێهێنانى دەستە بژێرە عەشایەرەکاندا بەمەبەستى ناردنى ڕۆڵەکانیان بۆ ئەستەمبوڵ بۆ خوێندن.
خشتەى ژمارەى(١) یەکەم ٨٦ خوێندکار.
ژمارەى ناساندنى قوتابخانە | ناو | ناوی باوک | هۆز | هەرێم | |
---|---|---|---|---|---|
لیبیا-هەرێمى تەرابلسى غەرب | |||||
09 | خەلییل | شێخ مفتاخ | زنتان | - | |
10 (أ) | حاجى عەبدولسەلام | ||||
11 | حسین حسنى | جابر ورشفانە | - | - | |
12 | حافظ على | عبدالقادر | طوالب | خمس | |
66 | خضر | سالم النجف | حواوته | خمس | |
67 | محمد | مصطفى | زمامة | - | |
68 | سليمان | عزت | عوسجة | - | |
69 | محمد | حمزة | عوسجة | ||
08 | مختار | أبوبكر | مسلاتة | قصبة | |
سنجق بنغازى | |||||
40 | علي نورالدين | حامد | عبيدات | دارنا | |
41 | حسن نوري | حاجي محمد كوبرى | براعات | - | |
42 (د) | عبدالجليل | عثمان | براعات | - | |
43 | محمود | عبدالهادي | عرفة(عرفا) | ||
70 | مادي | - | - | - | |
71 | صالح | ||||
72 | غربيل | - | - | - | |
سوريا ( ولاية حلب) | |||||
05 | محمد نواف | صالح الجراح | حديدين | ||
06 | أحمد فؤاد | حمود | حديدين | ||
07 | محمد برجس | فرحان | عنزة/ سبعة | ||
05 (ب) | فاضل | - | - | - | |
سنجق دیر الزور(دیر الزور) | |||||
21 | محمد | سلطان | خابر | - | |
22 | عیسى علیو | حاجى فحل | سبخة | - | |
23 | رمضان | شلاش عبدالله | عقيدات/ البوسرایا | - | |
24 | أحمد توفيق | علي النجرس | عقيدات/ البوسرایا | - | |
25 | محمد تركى | عقيدات/ العزار | - | ||
سنجق حماە | |||||
26 (د) | سعود | - | - | - | |
27 | محمد | جمعە | بنی خالد | - | |
سنجق شام (دمشق) | |||||
28 | محمد | سطام | ولد علي | - | |
29 | محمد | شبلي | فواعيرى | - | |
13 | فهد | - | دروز سويداء | ||
15 | يوسف | - | - | سلا | |
38 | شامان | - | عنزة | - | |
57 | علي | - | سویداء | ||
63 | محمد | خطاب تركي | - | ||
⃰ (5) | منصور خلقي | سعيد خلقي | جيدور | حوران/ جاسم | |
سنجق قدس (اوشلیم) | |||||
(ج) | درویش | - | - | - | |
14 | جبار جودت | حمود | وحیدات | - | |
١٥ (ب) | حسین | - | - | - | |
١٦ | سلیمان | عید أبو عید | حناجرە | - | |
٤ | أحمد | سالم أبوکشک | - | ||
20 | محمود | طوفان / ضوفان | سویلمە | - | |
نیوەدورگەى عەرەب هەرێمى حیجاز | |||||
٣٧ | مستەفا نادر | مستەفا زادە | لە ڕاستییدا خەلکى هەرێمى حبجازە، بەڵام لە سیواس دادەنیشێت | ||
٣٩ | محمد فارس | - | |||
٤٦ | مهنا | - | الحمیرە | - | |
٥٦ | علی | حسن | زهران مکە | ||
٥٧ (ب) | عبدالله | - | - | - | |
٥٨ | عبدالله | - | بنی سفیان سەقیف | - | |
هەرێمى یەمەن | |||||
١٠ | محمد | عبدالله محسن | عمارە | تعزە قعتیە | |
١٧ | سید عبدالله | سید محمد | - | یاریم | |
١٨ | حافز ئەحمەد | محمد علی | - | آ نس |
ئەگەر چى خەڵکى ئەو ناوچانە ئەو سوودانەیان بینیبوو کە بە هۆى ڕۆڵى کەسایەتى ناوچەکەوە دەستیان کەوتبوو، چۆن کەڵک لەو پلەوپۆستە حکوومیانە دەبیننن، بەڵام لاوازى دەسەڵاتى عوسمانى هۆکاربوو ئەو کارە کەمتر جێگاى سەرنج بێت، والى بەغداد لە ڕاپۆرتێکدا بەمشێوەیە باس لە خۆگرتنى کوڕوکاڵى هۆزەکان دەکات لە لایەن حکوومەتەوە:
لە پێناو یارمەتى زۆربەى گەورەپیاوانى بەرێزو بەدەسەڵاتى هۆزەکان پێویستە لە کاتى جێبەجێکردنى وەها کارێکدا ئەو سوودە شارستانى و ڕامیاریانە لە بەرچاو بگیرێن کە لە تەواوکردنى ئەوکارەدا بە دەست دەهێندرێن، لەگەڵ تەواوکردنى ماوەى خوێندندا لەوانەیە (٤٠) کەسى دڵسۆزو خزمەتگوزار کە پەروەردە کراوى یەک پەریڕەون و لە ژێر کاریگەرى رێنمایەکانى پادشادان ڕەوانەى ناوەندى هۆزەکانى شەمەر، دلێم، ڕەبیعەو زوبێر بکرێن.
کاتێکى درەنگ و لە تەک دڕدۆنگى سەرکردەى هۆزەکاندا، لە کۆتایى مانگى ئەیلول لە هەرێمەکانى تەرابلسى ڕۆژئاوا، بەغداد و حەلب، هەروەها ناوچە سەربەخۆکان لە قودسی پیرۆز و زور (٢٠) خوێندکار بەمەبەستى خوێندن نێردران بۆ ئەستەمبوڵ. لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمەکان لە ژێر پاڵەپەستۆى بەردەوامى ئەستانەدا نەیانتوانى ژمارەى پێویستى خوێندکار بنێرین بۆ پایتەخت، لە تشرینى یەکەمى ساڵى ١٨٩٢ سەدرى ئەعزەم (سەرەک وەزیران) لە نامەیەکدا بۆ کۆشک ئاماژە دەکات حیجاز خوێندکارى نەناردووە بۆ خوێندنگاى عەشایەر لە ئەستانە، لە ڕۆژى دواتردا سەرەک وەزیران حیجازى لەو کارە ئاگادار کردەوە، پاش هەفتەیەک والى حیجاز جەختیکردەوە کارمەندەکانى سەرقاڵى تەواوکارى ئەو کارەن، لە سەرەتاى تشرینى دووەمدا و لەگەڵ گەشتى یەکەم پاپۆڕ بۆ ئەستانە دوو خوێندکار ڕەوانەى ئەستانە دەکرێن، بەگشتى لە ساڵى یەکەم و لە ولایەتەکانى حیجاز، یەمەن و سوریا (١٣) خوێندکار ڕەوانەى پایتەخت کران بۆ خوێندن.
بەڵام بەو شێوەى پلانى بۆ داڕێژرابوو پۆلەکانى خوێندن ژمارەى خوێندکارانى نەدەگەیشت بە (٥٠) خوێندکار، چونکە داتاکانى بەردەست ئاماژە بۆ وەها ژمارەیەک ناکەن، هاوکات لە ساڵى سێیەمدا ژمارەى خوێندکاران
لە (٨٠) خوێندکارى تێنەپەڕاند لە کاتێکدا بڕیاربوو ژمارەکە بگات بە (١٣٠) خوێندکار، ساڵى خوێندنى ١٩٠١ ژمارەى خوێندکاران (١٣٠) خوێندکار بوو، ساڵى ١٩٠٣ ئەو ژمارە کەمیکرد بۆ (١٢٠) خوێندکار. سێ ساڵى یەکەم، وەرگرتنى خوێندکاران لە خشتەى ژمارە (١) دا ڕوونکراوەتەوە، لەگەڵ گەیشتنى هەر خوێندکارێک ژماەى ناساندنى پێدراوە، ژمارەکان لە کاتى دەرکردن یان کشانەوەى خوێندکاردا دووبارە دەبوونەوە، لە هەر سێجارەکەدا دداننراوە بە (٨٨) خوێندکاردا، لە سەرەتایی ساڵى سێێەمدا ناوى (٧٢) خوێندکار لە تیانووسى تۆمارى قوتابخانەدا ماوەتەوە، ئەوانیتر (١١) خوێندکار دەرکراوان یان متمانەیان لێوەرگیراوەتەوە، دواتر دداننراوە بە پێنج خوێندکاردا لە نێوە ئەوکەسانەى قوتابخانەى عەشایەریان تەواوکردووە، دوو خوێندکاریش لە دەفتەرى تۆماردا ناویان ڕەشکراوەتەوە، یەکەم (سەید محمد) ژمارە (٦٢) و لە هۆزى (شامدینا)، بەڵام ئاماژە بۆ ناوى هەرێمەکەى نەکراوە، دووەم (بهاءالدین) لە ژێر ناوى (مضر زادە) شایەد ناوى کوڕى سەرەک هۆزێک بێت، ئەم نموونەیە تا ئەندازەیەک زۆر گرنگە، چونکە چاوگێڕانێک بەژمارەى خوێندکاران لە نێوان ساڵانى (١٩٠١ بۆ ١٩٠٣) دەریدەخات نێوەندى ژمارەى وەرگرتن لە ماوەى (١٥) ساڵى ئەو قوتابخانەیەدا لە (٣٣ بۆ ٣٥) خوێندکار تێنەپەڕیوە، کەواتە نموونەکەمان (٨٨) خوێندکار ١٩-٢٣% کۆى دەرچوانى قوتابخانەى عەشایەر دەکات کە ژمارەیان لە نێوان (٣٧٥ بۆ ٤٥٠) خوێندکاربووە.
ڕۆژى دەرچوون:
لە ڕۆژی دیاریکراودا قوتابخانەى عەشایەر دەرگاى کرایەوە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژى لە دایکبوونى پەیامبەر موحەمەد (دروودى خوداى لێبێت) لە ٤/تشرینى یەکەم/١٨٩٤، وەک ڕیزێک بۆ بەشداربوون وەزیرى مەعاریف وتەکەى بە زمانى عارەبى خوێندەوە، چونکە بەشێکى کەمیان نەبێت ئەوانیتر تەنها زمانى عارەبیان دەزانى، جەنابى وەزیر هەوڵیدا لە ڕێگاى وتەکانێوە کاریگەرى لەسەر گوێگران دابنێت، ئاماژەیکرد ئەوان جیهانى ئازار و ناڕەحەتییان بە جێهێشتووە، چونکە لەو دنیایەدا ئەوان لە پێناو مانەوەدا جەنگاون، هاوکات ئاماژەیکرد چۆن عارەبی سارانشین کاتییان نەبووە بۆ فێربوون کەڵک وەرگرتن لە شارستانیەت.
ئەو مێردمنداڵانەى تەمەنیان لە نێوان (١٢بۆ ١٦) ساڵیدابوو لەو کاتەوەى وڵاتیان بە جێهێشتبوو، لە هەفتەى سێیەم و چوارەمدا لە ژێر چاودێریەکى توندى پۆلیسدابوون، تا سوود و کەڵکى شارستانیەت ببینن، زۆربەیان ئەم گەشتە یەکەم ئەزموونیان بوو لە شارە گەورەکاندا، بە پاپۆڕێکى گەورە هەموویان گواسترانەوە بۆ ئەستەمبوڵ، لەگەڵ ئەوکارەشدا ئامادە نەبوون پایتەخت بە ڕەهەندە جۆراوجۆر و جیاوازەکانێوە ببینن، چونکە تایبەت بەو لایەنە زۆر بەسادەیی کردنەوەى قوتابخانە وەک پرۆژەیەک ئامانجى فێرکردنى کوڕوکاڵى سارانشینان بوو لە مەکە، دیمەشق، و بەغداد، دواتر گرنگ بوو خوێندکاران باوەڕبهێنن بە پێگەى ئەستەمبول تا لە ڕێگایەوە بتوانن دڵسۆزى و پشتگیرى هۆزەکانیانبن، شانازی بکەن ئەوان ئێستا بەشێکن لە ئیمبراتۆریاى عوسمانى.
جەنابى وەزیر کۆى وتەکانى هەڵگێرایەوە بەو جیاوازییەى لە نێوان ئەو بارودۆخە سروشتییەى خوێندکاران و شارەگەورەکاندا هەیە، ئەم پەرچە کردارە زیاتر دەرکەوت کاتێک ناوبراو (عەبدوڵا فریرس) هەوڵیدا وێنەى خوێندکاران بگرێت و بەناوى (وێنەى تایبەتى سوڵتانى) ناویبرد، دواتر سوڵتان (عبدالحمید) لە نێوان ساڵانى (١٨٩٣ و ١٨٩٤) وەک دیاریەک وێنەکەى پێشکەش بە کتێبخانەى نیشتمانى لە ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا کرد، لەگەڵ ڕەچاوکردنى لایەنى ئینثرۆپۆلۆجیاداـ وێنەى خوێندکارانى بەتاک و جوت لە ئیستۆدیۆ گیرا، وێنەگر لە بەردەم خەلیفەدا زەمینەسازیەکى گوندییانەى ڕەخساند، خوێندکاران پۆشاکى ناوچەییان لە بەردەکرد کە پێکهاتبوو لە عەبایەک، مێزەرو کۆمەڵێک پارچە جلووبەرگى جیاواز، خوێندکاران بە چاوى زەق و وەستانێکى ڕاست ڕوو بەڕووى کامێرا دەوەستان، تەواو بە پێچەوانەوە وێنەى (٢٨) خوێندکار بە پۆشاکى خوێندنەوە لە بەردەم قوتابخانەکەیاندا وێنەیان چرکێنرا، پۆشاکە ئەوروپیەکە بریتى بوو لە چاکەتى درێژ تا ئەژنۆ بەپێنج قۆپچە تا قوڕگ نەخشێنرابوو، شەرواڵ (پانتۆڵ) کەش ڕەنگى تۆخ بوو، سەربارى نیشانەى ئەفەندى کە لە تەڕبووش (کڵاو) دا ڕەنگى دابووەوە.
ژیانى خوێندکار:
ئەو ڕاپۆرتانەى لە قوتابخانەى عەشایەر باس لە خۆگرتنى خوێندکار دەکات هیچ ئاماژەیەکى تیادا نییە بۆ گۆڕینى ئەو خوێندکارانە لە کەسانى عەشایەرەوە بۆ ئەفەندى عوسمانى، یەکەم ئالەنگارى ڕوو بەڕووى بەڕێوەبەرێتى قوتابخانەکە بووەوە دانانى پرۆگرامێک بوو بۆ ئەو خوێندکارانەى زمانى تورکیان نەدەزانى، هاوكات ئاسۆیەک دەبینرا کە ڕەفتارى قوتابیان هاوتا بێت لەگەڵ ئەو پەیرەوەى مامۆستاى وانە دەقاودەق کارى پێدەکرد، لە پێناو کاراکردنى ئەم هەنگاوەدا هەوڵدرا خوێندکار لەکۆمەڵگاى ئەستەمبوڵیی و گەندەڵى شار دوور بخرێتەوە، ئەم لایەنەى ژیانى خوێندکار بەرنامەیەکى جێبەجێکراو بوو جۆرى ژیان و توندوتۆڵى گرنگیەکى تایبەتى هەبوو دەربارەى ئەو گریمانەى دەگوترا قوتابخانە ئەزموونێک بوو ئامانجى بەهێزکردنى پاڵپشتى بووە بۆ دەوڵەتى عوسمانى.
پەیڕەوى خوێندن
خولى خوێندن ساڵانە لەگەشە کردندابوو، ئەو بنەمایە پەیڕەو دەکرا کە بڕیارى ساڵانە کارى پێدەکرد، پەیڕەوى خوێندن بە شێوەیەکى بنەڕەتى تێکەڵەیەک بوو لە نێوان خوێندنى قوتابخانە لە قۆناغى ناوەندى (ڕەشیدى) و خوێندنى خوێندنگە لە قۆناغى دواناوەندى (ڕەشیدیە)، لە میانەى ڕێکخستنى خوێندن لە (٧ ساڵەوە بۆ ٥ ساڵ) چاوەڕوان دەکرا خوێندکار لە توانایدا بێت زمانى عەرەبى و تورکى فێربێت، سەربارى سێ ساڵ بۆ فێربوونى زمانى فەڕەنسى و دوو ساڵ بۆ زمانى فارسى، زانستەکانى مرۆڤایەتى و ئیسلامى (بەتایبەت بیرکارى، جوغرافیاو مێژوو) لە پێشەنگى ئەو زانستانەبوون دەخوێندران، لە کۆتا ساڵیشدا خوێنکار ئامادە دەکرا بۆ خوێندنى پێشکەوتوو لە ئەکادیمیاى سەربازى و شارستانى. لە ساڵى سێیەمى خوێندندا ئەنجامى خوێندن دەنێردرا بۆ سوڵتان تا چاوێک بەتواناى خوێندنى خوێندکاردا بگێرێت، تاقیکردنەوەکان بەهەند وەردەگیران و ماوەى مانگێک درێژەى دەکێشا و هەر بابەتێک (٢ بۆ ٣) جار تاقیکردنەوەى تیادا دەکرا.
بۆ دەربازبوون لە هەموو بابەتێک لایەنى کەم پێویستى بە (٤) نمرە بوو هاوکات لایەنى زۆریشى بە (١٠) نمرە، خوێندکارێکیش لە بابەتێکدا سەرکەوتوو نەبوایە دەیتوانى بۆ جارى دووەم تاقیکردنەوە ئەنجامبدات، ئەو خوێندکارانەى نمرەکانیان ٩٠% یان زیاتر بوو بە تازیار ناودەبران، بەڵام ئەو کەسانەى کۆ نمرەکانیان ٨٠% بوو یان زیاتر بە پلەى بەرز یان زۆرباشە ناودەبران، بەڵام ئەوانەى ٦٠% یان زیاتریان بە دەست دەهێنا پلەکەیان بە باشە تۆمار دەکرا، هەروەها ئەو خوێندکارانەى پلەکانیان لە نێوان ٤٠بۆ ٦٠% بوو پلەکانیان بە لاواز تۆمار دەکران، ئەو خوێندکارانەى کۆ نمرەکانیان کەمتر لە ٤٠% بوو بە لاواز تۆمار دەکران، ئەو خوێندکارانەى کۆنمرەکانیان کەمتر ٦٠% بوو ناچار دەکران لە ساڵى داهاتوودا خوێندنەکەیان دووبارە بکەنەوە.
ساڵى ١٨٩٤ ساڵى یەکەمى خوێندن (٣) پۆل تاقیکردنەوەیان ئەنجامدا لە کۆى (٢٣) خوێندکار (٤) یان دەرنەچوون، هەموویان خەڵکى هەرێمە عارەبنشینەکان بوون، لە خشتەى ژمارە (١) بە ژمارەکانى ٢٠، ٥٧، ٧٥ و٧٧ ئاماژەى بۆ کراوە، لەگەڵ ئەوەى نمرەى دەرچوون بەرز نەبوو (٦٠%)، ئەگەر تاقیکردنەوەکەیان بۆ دوبارە کرابایەتەوە لەو بابەتانەى دەرنەچووبن ئەوا نزیکبوو بابەتەکە تێپەڕێنن.
خشتەى ژمارە (٢) وانەکانى خوێندن
بە زۆرى ئەو کارە بەسەر مادەى ڕێنووسى عوسمانیدا جێبەجێ نەدەکرا، لەو بارودۆخەدا ساڵى یەکەم (٦) خوێندکار، ساڵى دووەم (٤) خوێندکارو (٣) خوێندکاریش لە ساڵى سێیەم دەرنەچوون، سەربارى ئەو بارگرانییە زۆرینەى خوێندکاران بە پلەى شەرەف لە تاقیکردنەوەکان دەرچوون.
ژیانى ڕۆژانە:
ئەنجامى تاقیکردنەوەکان دەرئەنجامى چاودێرى ڕۆژانەو ئەو زەبت و ڕەپتانەبوو لە تیانووسى خوێندکاراندا ڕەنگیدابۆوە، ئەوکارەش باشترین سەلماندن بوو لەو بوارەدا، چونکە مامۆستایان ناچاربوون ڕۆژانە لە دەفتەرى خوێندکاراندا وردبینى بکەن و بەردەوام ڕاستکردنەوەى پێویست لە دەفتەرەکاندا ئەنجام بدەن و ئاماژە بۆ کارەکانیان بکرێت، لەیەکەم پەڕەوە تا کۆتا پەڕە پێویستبوو سەربارى واژۆى مامۆستا وشەى بینراوە (لوحظ) لە دەفتەرەکاندا یادداشت بکرێت.
سەربارى پێداچوونەوەى وەڵامەکان، بەر لەوەى خوێندکار لە پۆلێکیتر دابنیشێت بە ئامانجى تاقیکردنەوە پرسیارى دیاریکراو لە وانەکانى پێشوو ڕادەستى خوێندکار دەکرا تاوەکو ئاستى تێگەیشتنى دەربکەوێت. بارودۆخى گوزەران قورس بوو، کۆشک شێدارو پلەى گەرما گونجاو نەبوو، یەکەم زستان قوتابخانەکە بەرانبەر قشڵەى تیپى سوڵتانیە بوو لە گەڕەکى (گوموش سویو) بە هۆى کەمى جل و بەرگ و خۆڕاکەوە بارودۆخەکە خراپتربوو، یەکێک لەو خوێندکارانه لە سەرەتاى یەکەم زستانەوە شەش مانگ لە خەستەخانەدا مایەوە، دەرچوویەکى دیکە ئەلوا موسیل، (تەماشاى خشتەى ١: ٧) بکە دەڵێ: پێنج ساڵى خوێندن تەندروستى وێران کردم، هۆکارەکەى کۆکردنەوەی خواردن خراپ و پۆشاک بووە لە دەرەوە، دەرئەنجامى کنەو پشکنینى ئەوکارانە دەرکردنى پزیشکى قوتابخانەکە بوو لە ساڵى (١٨٩٣)دا پاشئەوەى تۆمەتەکانى خرایە ئەستۆ.
دواى کۆتایی وانەى ڕۆژانە، بەمەبەستى خواردنى ژەمێکى هەژارانە، بەڕێوەبەرى قوتابخانە داواى لە خوێندکاران دەکرد لە هۆڵى قوتابخانە و بەمەبەستى نوێژكردن لەگەڵیدا کۆبنەوە، نزا بۆخودا، پەیامبەر و پادشاى بێخەوش بکەن، دواتر بوار دەدرا بەو کەسانەى تێبینى کورت وپوختیان لە سەر کارەکانى ڕۆژانە هەبوو قسەبکەن، لە کۆتایدا دەستبەردارى خوێندکاران دەبوون چێژ لە ماتەبەقاى ڕۆژەکەیان وەربگرن. سەربارى ئەو ڕێکارانە دەست گەیشتن بە زانستى دەرەکى بە شێوەیەکى توند کۆت و بەند کرابوو، پۆلەکان لە هەفتەیەکدا شەش ڕۆژ دەیانخوێند، ڕۆژانى هەینى بە مەبەستى بە جێهێنانى نوێژ خوێندکاران بە شێوەیەکى چڕ لە نێوان شوێنى مانەوەیان لە (بەشکەتاش) و قوتابخانە لە (کەبتاش) لەگەڵ کارمەندى قوتابخانەدا ڕۆژەکەیان دەگوزەراند، بە شێوەیەکى تەواو چوونە دەرەوەیان لێ قەدەغەکرابوو، بەرێوەبەرى قوتابخانەى عەشایەر لە ئەستانەوە نامەیەکى بە ئەفسەرێکدا نارد بۆ سەرکردەى سوپاى شەشەمى عێراق (نوسرەت) پاشا، لە پەیامەکەدا داوا لە قازى (نوسرەت پاشا) کرابوو میواندارى ئەفسەرەکە بکات و لەكاتى پشووى قوتابخانەدا دوو خوێندکارى عێراقى ببینێت لە (خشتەى ژمارە ١: ١ و٣٠) پیشاندراوە، چونکە ئەو کەسانە لە نێۆ هۆزەکاندا زیرەک و خاوەن شکۆن، مەبەست لە مکارە پاراوکردنى ئەزموونى ئەو کوڕوکاڵانەبوو، هەروەها پشتگیری و پەیوەستیان بوو بە ڕۆشنبیرى عوسمانییەوە، بەڵام لە ڕاستییدا هەستانەوەو بە هێزکردنى قوتابخانەکە ئامانجى گشتى بوو، لەگەڵ ئەوکارەشدا، بەرێوەبەرى قوتابخانەکە بە ئاشکرا گووتى: چوونەدەرەوەى خوێندکاران و تێکەڵاوبوونیان لەتەک ئەوانیتردا ڕیگە پێدراونییە.
لە پاى ئەو کۆت و بەندە توندوتۆڵانەى ڕۆشنبیرى نوێ سەپاندبووى، خوێندکارانى قوتابخانەى عەشایەر بەیاخیبوون جامى توڕەییان بەسەر قوتابخانەکەدا ڕشاند، ئەوکارە لە سەرچاوەى ڕاپۆرتە خولێکاندا بە (رەفتارى نەخوازراو) ناوى هاتووە. وەک پێشتر ئاماژەى بۆ کرا ئاریشەکان کەڵەکەبووى خواردنى خراپ و پۆشاکى نەگونجاوبوو، ئەوکارەش لە ئەنجامى بێباکى بەرپرسانى قوتابخانەکەوە ڕوویدابوو، لە پاى ئەو کارە وەک پەرچەکردا خێرا چوار خوێندکار بە هۆى (ڕەفتارى نەخوازراو) لە قوتابخانەکە دەرکران، وەک لەخشتەى ژمارە (١: ٤، ١٣، ٢٠، ٥٧) پیشاندراوە، هەروەها خوێندکارێکى سورى خشتەى (١، ٢٩) بە هۆى دواکەوتنى چەند ڕۆژێک لە دەوام ئاگادار کرایەوە، تەنانەت سوڵتان عبدالحمید لە رێگاى سکرتێرەکەیەوە إستنکارى ئەوکارەى کرد، چونکە لەچەندین ڕاپۆرتى زارەکیدا هاتووە خوێندکارانى قوتابخانەى عەشایەر شەڕەنگێزو خاوەن ڕەفتارى ناپەسەندن، جارێک پۆلیسى بەشکتاش هاتن بۆ ئارامکردنەوەى شەرێک لە نێوان چوار خوێندکارى کوردو شەش خوێندکارى عارەب رویدابوو بەپێلاو، مستەکۆڵەو چەقۆ لەیەکتریان دابوو، تەنانەت هاورێکانیشیان تێوەگلاندبوو کە هیچ کاریان بەسەر ئەو کێشەیەوە نەبوو.
بەگشتى تازە پێگەیشتوانى هۆزەکان هێندە لە قوتابخانەکە دوور دەکەوتنەوە ئەوەندە جێگاى بایەخیان نەبوو، بەهەرحاڵ مەکتەبەکە لەگەڵ سازو ئاوازى دەسەڵاتداراند نەدەگونجا، شێوازى خوێندن لە خوێندنگەى عەشایەر قسەکردن و گوێگرتن بوو، بەڵام قوتابخانە تایبەتەکانى بەریتانیا نموونەى ئەو دامەزراوانەن بەمەبەستى چەسپاندى بەهاى چینى دەسەڵاتدار کۆششى جەستە و زەبت وڕەبتى ئەکادیمیایان تێکەڵاوکردبوو. ناتوانرێت ئەزموونى قوتابخانەکە پشتڕاست بکرێتەوە ئەگەرچى ئەزموونێکى جوان بوو، بەڵام لایەنى گرنگ لە ئەزموونى قوتابخانەى عەشایەر بریتى بوو لە دابینکردنى پلەوپایە بۆ دەستەبژێرى دەسەڵاتدار، بەتایبەت ئەوکەسانەى تەمەنیان لە نێوان (١٧بۆ ٢١) ساڵیدابوو، لەگەڵ پێنج ساڵى خوێندن کاتێک خوێندنیان تەواو دەکرد ڕاستەوخۆ کوڕوکاڵى هۆزەکان دەبوون بەخاوەنى ئەزمونێک بتوانن لە خوێندنگەوە ڕاستەوخۆ لە بەشى سەربازى یان مەدەنى دەستبەکاربن، بەمشێوەیە دامەزراوەکانى تازەى خوێندنى باڵا وەک ئەکادیمیاى شارستانى و سەربازى لە بنەڕەتەوە بەشێوەیەک نەخشە ڕێژکرابوون پێشوازى لە خوێندکارانى قوتابخانەى عەشایەر بکەن و بۆ خزمەتکردنى دەوڵەت ئامادەیان بکات.
خوێندنى باڵاو شێوازەکانى وەزیفە
لە ئابى ١٨٩٦ سوڵتان عبدالحمید ڕێگایدا بە (٢٦) خوێندکارى دەرچوو لە قوتابخانەى عەشایەرو (٢٥) خوێندکارى کۆتا ساڵى خوێندن لە هەمان قوتابخانە بگوێزرێنەوە بۆئەکادیمیاى جەنگ یان قوتابخانەى سەربازى، ئەکادیمیاى خزمەتى شارستانى یاخود خوێندنگاى شارستانى، پێنج ساڵ بەسەر کردنەوەى قوتابخانەکەو ئەزموونى ڕاهێنانى کوڕو کاڵى هۆزەکان تێپەریبوو لە پشتگیریان بۆ دەسەڵاتى عوسمانى. ئەو بڕیارانەى لە خوێندنى باڵاوە دزەیان کردبوو ئەنجامى ئەزموونى قوتابخانەى عەشايەر ئارامى سوڵتانیان نەهێشتبوو، كارەکە بەوەشەوە نەوەستا، خوێندکارانى دواساڵى مەکتەبى عەشایەر لە کارى ئەکادیمیاى عەسکەرى و مەدەنى لەکاتێکى زوودا دەستبەکاربن، لەکاتێکدا (3) ساڵ پێویستە بۆ خوێندکارانى دیکە بۆ ئەوەى لە هەردوو ئەکادیمیادا خوێندنەکەیان تەواوبکەن، بەڵام ساڵێک بۆ پێگەیاندنى تازە پێگەیشتوانى عەشایەر لەو خوێندنگایانە دیاریکرابوو، نیازى سوڵتان ئاشکرابوو کوڕوکاڵى هۆزەکان لە هەرێمەکانیاندا لە نزیکترین دەرفەتدا پلەوپۆستى حکوومەت وەربگرن. ئامانجى کارەکە کارئاسانى بۆ دەسەڵاتى حکوومەت لە ناوچە عەشایەرەکاندا دەکرد یان هۆکارێک بووە بۆ هاندانى پیاوانى هۆزەکان بە مەبەستى ناردنى کورێژگەکانیان بۆ ئەستانە.
لە ئابى ساڵى ١٨٩٧ (٤٥) خوێندکار لە قوتابخانەى عەشایەر توانیان لە تاقیکردنەوەکانیان دەربچن و لە ئەکادیمیاى سەربازى و شارستانى بڕوانامەى دبلۆم وەربگرن، لە نێوان ئەو کەسانەدا (٣٣) کەسیان وەک ئەفسەرى پیادە و سوارە دەستبەکاربوون، هاوکات (١٢) کەسیان لە بەشى شارستانى دامەزران، گۆڤارى (سەروەت فنون) لە ئەستانە دەردەچوو وێنەى (١٣) دەرچووى کوردی لە خوێندننگاى عەشایەر و خوێندنگاى سەربازى و شارستانى سوڵتانى بڵاوکردۆتەوە و پلەیان بۆ (یوزباشى) (نەقیب) بەرزکراوەتەوە، سەربارى کارى فەخرى کە خۆیی لەو ئەفسەرانەدا دەبینیەوە یاوەری سوڵتان بوون، هاوکات وەک ئەفەندى (پلەی چوارەمى وەزیفەى شارستانى) ڕەوانەى هەرێمەکان دەکران، بەڵام ئەو مێردمنداڵانەى پێشتر وێنەیان گیرابوو نەدەناسرانەوە! دواتر وەک کۆمەڵەپیاوێک بە پۆشاکى فەرمیوەوە دەرکەوتوون و شەرەفى خزمەتى مەدەنیان پێبڕاوە، ئەو کەسانە کۆمەڵێک ئامانجى ڕەچاوکراویان لە ڕێگاى قوتابخانەى عەشایەرەوە بۆ دیاریکرابوو کە لە پیاوانى هۆزەوە گۆڕانکاریان بەسەردابهێنرێت بۆ کارمەندى عوسمانى، ئامانجى کارەکە لە ژێر سایەی سوڵتاندا پشتگیرى و ئاکارى هاوبەش بووە لە نێوانیاندا.
پاڵپشت بەو بەڵگانەى گروپى یەکەمى کوڕوکاڵى هۆزەکانى پێ دامەزرێنرا ئەکادیمیاى جەنگ و شارستانى پیاوانى هۆزەکانى لە زۆر وەزیفەو جێگاى جیاوازدا دامەزراند، بەمەبەستى پشتگیرى لە نێوان دەرچووانى قوتابخانەى عەشایەر بۆ دەوڵەتى ڕاهێنان و شوێنکارى دەرچوانى قوتابخانەکە جێگاى تیشکخستنەسەرو مشتوومڕبووە.
پۆلى خوێندنى عەشایەرى لە ئەکادیمیاى جەنگ ( قوتابخانەى سەربازى)
لەگەڵئەوەى دەسەڵاتداران مەبەستیان بوو بەشى یەکەمى دەرچوانى قوتابخانەى عەشایەر بەیەکسانى بۆ ئەکادیمیاى جەنگ و ئەکادیمیاى شارستانى بنێرن، بەڵام ئەنجامە فعلێکان دەریانخست زۆربەى دەرچووان ڕوویان لە ئەکادیمیاى جەنگ کردبوو، پێوانەکانى هەڵبژاردن ئاشکرانەبوو، خوێندکارانى قوتابخانەکە لە هەفتەیەکدا (٢٣) کاتژمێر وانەیان دەخوێند، هاوشێوەى ئەکادیمیاى جەنگ بەرنامەکەیان پێکهاتبوو لە (٣) ساڵ، لەگەڵئەوشدا بەرنامەى خوێندنى عەشایەرییان بەشێوەیەک گونجان لە سالێکدا چڕبکرێتەوە، خوێندکار زۆربەى ڕاهێنانە تەکنیکێکانى لە ساڵى پێنجەمدا جێبەجێیدەکرد. بەرنامەى خوێندنى قوتابخانەکە پێکهاتبوو لە (١٤) وانە بریتیبوون لە: ئاین، جوگرافیاى سەربازى، ڕاهێنان لە هەردوو بوارى تێۆرى و پراکتیکى، وەرزش، پیادەڕێ، نووسین، قانوونى تاوانەکانى سەربازى و شارستانى، فریاگوزارى سەرەتایی، بنەماکانى کیمیا و فیزیا، پێکهێنانى سوپا، ڕاهێنان لە سەر شمشێرو خۆپارێزى، لە دەرەوەى هوڵەکانى خوێندن، خوێندکاران مەشقى گەڕانیان فێردەکرا بە تایبەت پاشئەوەى ڕاهێنەرانى کۆشک فێردەکران.
بە گوێرەى بەڵگەنامەکان (٣٣) خوێندکار وەک ئەفسەرى پلە دوو ڕاسپێردران، (٢٧)خوێندکار وەک سەربازى سوارە (٦) سەربازیش لە بەشى پیادە جێگایان بۆ دیاریکرا، مامۆستایانى سەرپەرشتیار لە قوتابخانەکە پێشنیاریان دەکرد کوڕوکاڵى هۆزەکان هاوشێوەى ئەفسەرانى یاوەرى كۆشكى سوڵتان ڕێزیان لێبگیرێت، بەمەستى دڵنیایی ڕیزگرتنیان لە لایەن هەر ناوەندێکى حکوومەتەوە، وێنەى کارەکە لە گۆڤارى (سێرفت فنون) دا بڵاوکرایەوە کاتێک بەشێوەیەکى فیعلى کۆمەڵێک خوێندکارى کورد ڕێزیان لێدەگیریت، سەربارى ئەوکارە لیستێک بەناوى ئەو خوێندکارانە دیاریکراوە کە باوکیان زۆرترین کاریگەریان لە نێۆ هۆزەکاندا هەیە، لەو نێوەندەدا دوو خوێندکارى شارى بەسرە خشتەى (ژمارە١: ٣٠ و ٧٠)، دووخوێندکارى خەڵکى حەلەب خشتەى ژمارە (١: ٥ و ٧)، دوو خوێندکار خەڵکى قودس خشتەى ژمارە ( ١: ١٤ و ١٦) خوێندکارێک لە زور خشتەى ژمارە (١:٢٥)، سێ کوردیش خشتەى ژمارە (١: ٣٦، ٧٩ و ٨٤)، وێنەى سێ خوێندکارى کورد لە گۆڤارى (سێرفت فنون) بڵاو کراوەتەوە، چونکە سەرۆک و گەواهیدەرن لە بەجێگەیاندنى ئەو ئەرکانەى بۆیان دیاریکراوە، ئەو خوێندکارەى هەرێمى زور (کورى عەلى کورى نەجرەس) لە سوپاى عوسمانى خزمەتیکرد تا بوو بە ڕابەرى هۆزەکەى، دوو کەس لە دەرچوانى هەرێمى قودس پلەو پایەیی شیاویان بە دەستنەهێنا، لێرەو لەوێ باس لە دەرچوانى هەرێمەکانى بەسرەو حەلەب دەکرا.
نەواف ساڵح لە دایکبووى (١٨٨٠) کوڕى گەورە هۆزى حەدیدین بوو لە حەلەب، خوێندنى لە ئەستمبوڵ تەواوکردبوو، لە سوپاى عوسمانیدا گەیشتبووە پلەى سەرۆک (نەقیب)، بەڵام باوکى شێخ ساڵح شەرق کاتێک لەسەر جێگاى کەوتبوو داواکاریەکى نارد بۆ سوڵتان عبدالحمید، داواکار بوو کوڕەکەى بگەڕیتەوە نێو هۆزەکەى بەمەبەستى ڕابەرایەتیکردنیان، لە وەڵامى داواکاریەکەیدا سوڵتان ساڵى (١٩٠٧) فەرمانێکى شاهانەى دەرکرد و رێگایدا بە گەڕانەوەى نەواف بۆ نێو هۆزەکەى، هاوکات موچەو پلە سەربازێکەى هێشتەوە، لە ساڵانى چلەکانى سەدەى ڕابردوودا لە بەڵگەنامەیەکى سوپاى فەڕەنسیدا هاتووە نەواف خۆی بەمنەتبارى سوڵتان دادەنا لە بەرانبەر ئەوڕێزەدا لێیگیرابوو، نەواف لە رێگاى ژن و ژنخوازییەوە هەولێدەدا پەیمانى دورمەودا لەگەڵ هۆزەکانیتردا ببەستێت. لە نامیلکەیەکى بەریتانیایی کە هاوشێوەى بەڵگە نامەکەى سوپاى فەرەنسایە هاتووە کاتێک نەواف پلەو پایەیەکى گەورەى لە نێو شوێنکەوتوانیدا هەبوو، خۆشەویستانى پێداگربوون لە ناکۆکییە ناوخۆیەکاندا دادوەربێت، نەواف زەویووزارێکى فروان و بەرینى کشتوکاڵى هەبوو کارى بۆ ژیانەوەیان دەکرد، تا ساڵى (١٩١٨) کاتێک خۆیی ڕادەستى بەریتانیایەکان کرد نەواف پارێزگارى لە پلەوپایە سەربازییەکەى کرد.
محمد برجس فرحان ئەویش خەڵکى حەلەبە، کوڕى شێخێکە لە شێخەکانى سباعە و بەشێکن لە شێخانى عەنزە و دەورووبەرى، ساڵى ١٨٨٠ لە دایکبووە، وەختایەک لە خوێندنگەى عەشایەر وەرگیرا تەمەنى (١٢) ساڵبوو، کاـتێک تەمەنى گەیشتە (١٨) ساڵ لە ئەکادیمیماى دەریاوانى وەرگیرا، هاوشێوەى نەواف گەیشتە پلەى نەقیب و تا ساڵى ١٩٠٦ لە سوپادا مایەوە، ئەوساڵە باوکى ژینئاوای دەکات، هاوزەمان محمد لە سوپا دوورىدەکەوێتەوە تا رابەرێتى لقێکى هۆزەکەى بکات، دواى دوو ساڵ لەگەڵ جوگرافيناسى چیکى (ئەلوا مۆسیل) بەیەک دەگەن، ئەلوا بەشێکى کەمى گفتووگۆیەکەیانى تۆمار کردووە، ئاماژە دەکات پشتگیری محمد بۆ عوسمانێکان لە نەستییدا بووە، واتە لەگەڵ هەموو دابوونەریتێکى تورکاندابووە، لە درێژەى بابەتەکەدا ئەلوا دەنووسێت ئەو ڕەفتارە هۆکار بووە هۆزەکەى لە ڕەفتار خراپى بەرپرسانى تورک بپارێزێت، ئەو بەشێوازێک پەروەردە کرابوو زۆر باش شارەزاى بیرۆکراتى تورک بێت و خۆپەرستبێ، بەشێوەیەک بەشێکى زۆر زەوى و زارى حکوومەتى لە پێناو بەرژەوەندى خۆیی و هۆزەکەیدا داگیرکردووە، لە جیاوازێکانى ئەوکارە ئەوەیە کاتێک لە بەرژەوەندى عوسمانێکاندا کارى دەکرد زەوى و زارەکان لە ژێر دەسەڵاتییدا دەمانەوە.
خانووى بۆ جوتیارانى هەژار دروستدەکرد، هاوکات لە بەرانبەر هەشت یەک یان پێنج یەکى سافى داهاتدا کێڵگەى ڕادەست دەکردن، دەگێڕنەوە هانى جوتیارانى هەژاریداوە کەسوو کاریان تێکەڵ بە کارى کشتوکاڵى بکەن، باوەرى وابووە لە ماوەى چەند ساڵێکدا هەموو ناوچەکانى باکورى ڕۆژئاوى (تەدمور) دەبێت بە کیڵگەى بەرهەمهێن.
ئەو پرۆژانە لەگەڵ دەستپێشخەریە نیشتمانێکان فراوانتر دەبوون کاتێک عبدالله پاشاى ئال سعود پشتگیریانى دەکرد. محەمەد برجس پابەندبوو بەپەیمانەکەیەوە کە بریتیبوو لە سەوزکردنى تەپەو تەلانەکانى تەدمور بە ترێ، لەگەڵ پاراستنى بەرژەوەندێکانى عوسمانى بەشێوەیەکى بەرچاو، باس لە تەخشان و پەخشانى سەروەت وسامانى عەشیرەتەکەى دەکرا لە پێناو دەرکەوتنیدا وەک کەسێکى خاوەن شكۆ، ساڵى ١٩٣٤ کاتێک مایەپووچ بوو لە لایەن دەسەڵاتدارانى ئینتیدابى فەرەنساییەوە کرا بە سەرۆکى هۆزەکەى.
دوو خوێندکارى سەربازى هەرێمى بەسرە هەردووکیان برابوون ئەوانیش عبدالمحسن لە دایکبووى ساڵى١٨٧٩ و عبدالکریم کوڕى فەهد کوڕى سعدون، بنەچەى خێزانەکەیان دەگەڕایەوە بۆ حیجاز و خۆیان لە بنەماڵەى ئالووبەیت دەژمارد، ئال سەعدون بە زۆر یەکگرتنیان بە سەر هۆزى (مونتەفق) دا سەپاند، هەردوو برا، عبدالمحسن بەر لەوەى هەڵبژێردرێت بۆ ئەندام پەرلەمانى عوسمانى ساڵى (١٩٠٨) ژنێکى تورکى هێنا پلە سەربازێکەى بۆ سەرۆک (نقیب) بەرز کرایەوە، هاوکات لە پۆستەکەیدا مایەوە تا ساڵى ١٩١٨، دواتر لە عێراقدا و لە سەردەمى پاشایەتیدا چوار جار پۆستى سەرەک وەزیرانى بە دەستهێناوە، زۆر جار وەک نەیارێکى عەرشە لەرزۆکەکەى شا فەیسەڵ دەرکەوتووە، بە هۆى پشتگیرى ئینگلیز لە سیاسەتدا بە تەواوى پەراوێزخرا، ساڵى ١٩٢٩ خۆیی کوشت!
عبدالکریم وەک ئەندام پەرلەمان لە سەر هەرێمى بەسرە هەڵبژێردرا، توانى دەسەڵاتى بنەماڵەکەیان بەڕێوەبەرێت، هاوکات بە هۆى شارەزایی لە قانوونى زەوى وزارى عوسمانی توانى دەست بەسەر ناوچەیەکى فراوانى زەویدا بگرێت کە زیاتر لە (٢٨٦٠٠) دۆنم بوو لە ناوچەى مونتەفیقى ولایەتى بەسرە. پیاوانى عەشایەر ئەوانییان وەک دەرەبەگى چاوچنۆک تەماشادەکرد، ئال سەعدون بەرەنگارى ڕاپەرینى عەشایەرى ساڵى ١٩١١ بوونەوە، لەگەڵ دەسەڵاتى داگیرکارى بەریتانیایدا ساڵى ١٩١٥ دەسەڵاتەکەیان بەشێوەیەکى بەرچاو کەمبووەوە.
پۆلى خوێندنى تایبەت لە ئەکادیمیاى مەدەنى
لە بەڵگەنامەیەکى مێژوویدا پەیوەست بە ئەکادیمیاى خزمەتى شارستانیی عەلى جانیکا بانگەشەى ئەوە دەکات کە پرۆگۆامى تایبەتى خوێندن لە بنەڕەتەوە بە مەبەستى پێشوازى لە دەرچووانى قوتابخانەى عەشایەر دامەزرا، خوێندنەکە بریتیبوو لە دووساڵى خوێندن، بەڵگەنامەکانى هاوچەرخ ئاماژە بۆ بەرنامەیەک دەکەن کە پرۆگرامى تایبەتى ئەکادیمیاى شارستانى هاوشێوەى ئەکادیمیاى سەربازى بەشێوەیەک داڕێژرابوو لە ساڵێکدا تەواوبێت، لەوانەیە بانگەشەکانى عەلى جانیکا هەڵقوڵاوى توێژینەوەکەى بێت کە تیایدا چوار پۆل لە دەرچوانى عەشایەرى خستۆتە ڕوو، یەکەم ساڵى ١٨٩٧ و دوو پۆلى خوێندنى لە ماوەى دوو ساڵى دیکەدا (١٨٩٩، ١٩٠١ و ١٩٠٣)، کۆمەڵەى یەکەم لە پۆلى تایبەتدا دەستیان بە خوێندن کرد لە دەرچووانى قوتابخانەى عەشایەر و قۆناغى پ ێنجەم بوون، لایەنى کەم پێویستیان بە دوو ساڵ بوو بۆ ئەوەى پۆلێکیترى خوێندن تەواوبکەن، شایەد کەمبوونەوەى خوێندکار دەلاقەى خستبێتە دوو ساڵى دواترى خوێندنەکەوە. هاوشێوەى پۆلى عەشایەرى لە ئەکادیمیاى جەنگ ماوەى خوێندنى سێ ساڵ بوو، ئەم بابەتانەى تیادا تاوتوێ دەکرا، قانوونى مەدەنى و کارگێری، بنەما کارگێڕێکانى مەدەنى، زانستى ئاینى، فەلسەفەى ئاکار، رێنووس و ڕیزمانى تورکى، عارەبى و فارسى و هونەرى ڕێنووس. پاڵێوراوان لە کۆتایی ساڵدا تاقیکردنەوەیان دەکرد، پشت بەستوو بە نمرەى تاقیکردنەوەکان بڕیار لە سەر بەشداریکردنى خوێندکار لە ئەکادیماى مەدەنى دەدرا پێنج لە خوێندکاران لە قۆناغى سێیەم لە ئەکادیمیاى خزمەتى شارستانى وەرگیران، وەک لە خشتەى ژمارە (١: ٦،١٨، ٤٢، ٤٥ و ٨٠) پیشاندراوە، چوار خوێندکاریتر بە پلەى شەرەف ساڵى خوێندنەکەیان تەواوکردووە و لە پۆلى چوارەمى ئەکادیمیاى مەدەنى وەرگیراون وەک لە خشتەى ژمارە (١: ١٧، ١٩، ٢١، ٥١) پیشاندراوە، بەڵام سێ خوێندکارى دیکە بە ئاسانى قۆناغەکەیان بڕیووە و لە قۆناغى پێنجەم وەرگیراون وەک لە خشتەى ژمارە (١: ١٠، ١١، ٤٠) پیشاندراوە.
ئەو گفتووگۆیانەى لە ناوەندە فەرمێکاندا لە ئاستێکى فراواندا دەماو و دەمى پێدەکرا دیاریکردنى جێگایەکى گونجاو بوو بۆ دەرچوانى قوتابخانەى عەشایەر، لەگەڵ ئەوکارەدا پێویستە ددان بەو ڕاستیەدا بنرێت زۆرینەى دەرچوان ئامادە باشیان تیادا نەبوو وەک دەرچوانى ئەکادیمیاى شارستانى كە لە ڕێگاى ڕکابەریەوە وەرگیرابوون و بە قۆناغى پەروەردەى تولانى و توندو تۆڵتردا تێپەڕیبوون، کارەکە هانى بەرپرسانى وەزارەتى ناوخۆیدا لاى خۆیان پێگەى کارمەندى عەشایەر بەهێزبکەن بەوپێیەى هۆکارێکى کاراو گونجاوە بۆ خزمەتکردنى شارستانیەت لە هەرێمە دواکەوتۆکاندا، دواى تەواوکردنى خوێندن، پیاوانى هۆزەکان موچەیەکى کەمیان وەردەگرت (٣٥٠) قوروش لە مانگێکدا، پاشئەوەى بە تەواوى شارەزا دەبوون لە زێدى خۆیان وەک جێگرى بەڕێوەبەرە لاوەکییەکان (بەڕێوەبەرى ناحیە) دادەمەزران، لە پێناو بەهێزکردنى پایەیی جێنوشین (قائيمقام) تاقیکردنەوەى خزمەتى شارستانیان کردووە، پیاوانى عەشایەر دەنێردران بۆ هەرێمە دوورەکان لە یەمەن، تەرابولسى ڕۆژئاوا، بەنغازى و موسڵ. لەگەڵ ئەمشێوازەى وەزیفەدا (سەرکەوتن و پێگەیشتن لە وەزیفەدا پلە بە پلە)، سەرەتاى دامەزراندن کارمەندە نوێیەکان وەک دامەزراوى لاوەکى لە هەرێمەکانیاندا دادەمەزران، جانیکا لە توێژینەوەکەیدا زیاتر بیروڕاى لە سەر خوێندکارانى لیبیا لە ڕووى پێگەیاندنى کارەوە خستۆتەڕوو، ئەوانیش حوسێن حوسنى (خشتەى ژمارە ١: ١١) کە دووجار لە تەرابولسى ڕۆژئاوا لە نێوان ساڵانى (١٨٩٧ و ١٩٠٨) خزمەتیکردووە، جارێکیش لە قۆنیە لە ساڵى (١٩٠٧)، موختار ئەفەندی (خشتەى ژمارە١: ٨٠) لە تەرابولسى ڕؤژئاواو جەبەل غەربى (شاخى ڕۆژئاوا) خزمەتیکردووە.
ڕاهێنراوان لە سەر پیشەیەک پێویستیان بە کاتى زیاتر دەبوو تا لەسەر کارەکانیان بمێننەوە، بۆنموونە کوردێک لە هەرێمى مەعمورە پێویستى بە دەساڵ بوو تا بکرێت بە والى بە سەر هەرێمەکەوە ئەوکارەش ساڵى ١٩٠٩ ڕوویدا. بەڵام نور عەلى لە بەنغازى (خشتەى ژمارە ١: ٤٠) بە پلەکانى کارگێڕیدا سەرکەوت وەک جێگرى والى لە دیریس ١٩٠٣، بیریس ١٩٠٧، بمبا ساڵى ١٩٠٨ و کوبى ساڵى ١٩٠٩ بەر لەوەى ساڵى ١٩١٣ وەک والى مرى دەستبەکار بێت.
ئەوانیتریش پاش پێگەیشتنیان لە دەستپێکى ئیشەکەیاندا ڕاستەوخۆ وەک والى دىستبەکاربوون. موحەمەد سوڵتان (خشتەى ژمارە ١: ٢١) وەک والى چارمک لە شارى دیاربەکر ساڵى ١٩٠٠ دەستبەکاربوو، تا ساڵى ١٩١٩ دە پۆستى کارگێڕى وەرگرتووە لە دوورگەى ئیبن عومەر، مۆتکە لە هەرێمەکانى بەدلیس و قەطیف، مەحمودە و سەماوە، خۆى (باکورى ئێران) ، حلە و گولنەر ( باشورى ئەنادۆڵ). موحەمەد جەمیل ( خشتەى ژمارە ١: ٤٢) دواتر کرا بە والى سیفارک ( باشورى ڕۆژهەڵاتى ئەنادۆڵ) لە ساڵى ١٨٩٩ تا ساڵى ١٩٢٠ لە یازدە ولایەتى جیاوازدا کاریکردووە. موحەمەد حەمزە لە هەرێمى وان (خشتەى ژمارە ١: ٤٥) لە نێۆ دەرچوانى خوێندکارانى قوتابخانەى عەشایەر زیاد لە وەزیفەیەکى وەرگرتووە، دواى پێگەیاندنى لە هەرێمى وان لە بۆرصە دامەزرا، دواتر پلەکەى بەرزکرایەوە کرا بە والى بۆرصە، ساڵى ١٩١٢ هەڵبژێردرا بە ئەندامى پەرلەمانى عوسمانى، ساڵى ١٩١٤ گەڕایەوە بۆ کارى بەڕێوەبردن وەک والى لە ولایەتى هۆشاب دەستبەکاربوو، ساڵى دواتر گەڕایەوە پەرلەمانى عوسمانى، هەمانساڵ (١٩١٥) وەک موتەسەڕیف لە ناوچەى مونتەفیقى سەر بەر هەرێمى بەسرە دەستبەکاربوو، ساڵى ١٩١٦ لە هەرێمى کەربەلا دەستبەکاربوو، ساڵى ١٩١٧ جارێکیتر گەڕایەوە بۆ هەرێمى کەربەلا لەو پۆستەدا مایەوە تاساڵى ١٩١٧ ئەوساڵەى عێراق کەوتە بندەستى ئینگلیزو عوسمانێکان لەوڵات دەرنران، موحەمەد حەمزە ناچار کرا بگەڕیتەوە بۆ ئەستەمبوڵ ساڵى ١٩٢١ لەو شارە ژینئاوایی بکات.
دوو خوێندکار لە قوتابخانەى عەشایەر ڕێگایەکى تاڕادەیەک جیاوازیان گرتەبەر، بەشێکى زۆرى وەزیفەکەیان لە بەشى پەروەردەى دەوڵەتدا تەواوکرد، سەید عبداللە (خشتەى ژمارە ١: ١٧) بەر لەوەى وەک بەڕێوەبەر لە ناوچەى (R2 و مەحافق) لە ولایەتى جەبەلحەراز لە نێوان ساڵانى (١٩٠٣ و ١٩٠٤) دەستبەکاربێت، ساڵانى (١٨٩٩و ١٩٠٢) لە قوتابخانەى حکوومەت زمانى تورکى خوێندبوو، ساڵى ١٩٠٥ وەک خەزنەدارى بەرێوەبەرى پەروەردە دەستبەکاردەبێت. بەڵام حافز ئەحمەد(خشتەى ژمارە ١: ١8) وەک کارگێرو پەروەردەکار کاریکردبوو، جێگرى بەڕێوەبەرى قوتابخانەیەکى ئامادەیی بوو لە سەنعا، بەڕێوەەبەرى کۆڵێژێک بۆ پێگەیاندنى مامۆستایان، مامۆستاى زمانى عەرەبى، تورکى، بیرکارى، مێژوو و جوگرافیا لە نێوان ساڵانى ١٩٠١ و ١٩١١، پاشان بۆ کارى کارگێرى گوازرایەوە لە ساڵى ١٩١٢ کرا بە والى هەرێمى (یریم) لە وڵاتى یەمەن.
جانیکاى توێژەر سەرکەوتوو بوە لە پۆلینکردنى دەرچوانى قوتابخانەکە بۆ سێ گروپ، گروپى سێیەم نیوەى کۆمەڵەى دەرچوانى قوتابخانەى عەشایەر بوون لە ساڵى ١٩١٧دا، پاشان ناو، بنەچەو پلەو پۆست و شوێنکارى (١٩) خوێندکارى لە نێوان ساڵانى ١٨٩٩، ١٩٠١ و ١٩٠٣دا لە خشتەى ژمارە چواردا خستۆتە ڕوو.
هەڵسەنگاندنى قوتابخانەى عەشایەر:
ئەو دامەزراوانەى بە گەورەى و جوانى دەخرێنە بەرچاو زۆرجار بە بێدەنگى دادەخرێن، ئەو بەڵگەنامانەى بەردەست بەشێوەیەکى ئاشکرا ئاماژە بۆ داخستنى قوتابخانەى عەشایەر ناکەن. (عوسمان ئەرگن) بە شێوەیەکى دوژمنکارانە دەربارەى گەنجى بەنازپەروەردەکراوى عەرەب، کۆچەرەکان، ئەلبان و کوردە شەرانگێزەکان نووسیوێتى قوتابخانەى عەشایەر لە شوباتى ١٩٠٧ داخرا لە پاى یاخیبوونێک کە ئەنجامى شیکایەتێکى خوێندکارانبوو لەسەر خواردنى قوتابخانەکە، مەکتەبەکە داخراو خوێندکارانیان ناردەوە بۆ وڵاتەکانى خۆیان، دووبارە ناوى قوتابخانەکە گۆڕدرا بۆ (ئامادەیی کەبتاش). توێژەر مشتوومڕێک رێکدەخات و دەنووسێت دواى شۆڕشى تورکە لاوەکان بە (١٤) مانگ قوتابخانەکە نەیتوانى بەردەوام بێت، شایەد قسەکانى عوسمان لە چاوگەیەکى نەتەوەپەرستییەوە سەرچاوەى گرتبێت تاوەکو سیاسەتى تورکیا بەرانبەر تورکە لاوەکان، پوختەى قسەکانى توێژەر دەربارەى پازدە ساڵى تەمەنى قوتابخانەى عەشایەر دەپرسێت ئایا کارەکە بەفیڕۆدانى کات و کۆشش نەبوو؟!
توێژەر بە زمانێکى پاراو پرسیارەکەى دەکات، بەڵام پرسیارەکە شایانى خستنە ڕووە، چونکە پلانى کۆمەڵایەتى ئامانجى ڕاکێشانى پیاوانى عەشایەر بوو هاوکات گۆڕینیان بۆ دەستەبژێرى ڕامیارى و پشتگیرکارى دەوڵەتى عوسمانى، ئایا بەهاى قوتابخانەکە بارتەقاى ئەو هەموو پارەیە بوو کە تیایدا خەرجکرا؟
دەتوانین بڵێین قوتابخانەکە کاتێک داخرا دەسەڵاتداران کۆتا ئەنجامیان بینى کە چیتر پاساوێک نییە بۆ خەرجکردنى ئەو پارە یەیی قوتابخانەکەى لە پێناو بونیاد نرابوو، لە سەرەتاوە لێرەو لەوێ لەسەر ئەرزى واقیع تێبینى دەکرا دەرچوانى قوتابخانەکە لە بوارى دامەزراندنیدا ئاریشەیەکیان هەیە، دەرکەوت دەسەڵاتدارانى هەرێمەکان ناتوانن باوەڕ بە خانەوادە ناودارەکان بهێنن ڕۆڵەکانیان ڕەوانەى ئەستەمبوڵ بکەن، تەنانەت ژمارەى خوێندکاران نەگەیشتە ئەنجامى چاوەڕوانکراو، ساڵانى دواتر دەرکەوت ئەنجامەکان پێچەوانەبوون، پێویستى بەقوتابخانەى عەشایەر لە پاشەکشەدابوو کاتێک لە نێوان ساڵانى (١٨٧٦ و ١٩٠٩) و لەسەردەمى عبدالحمید ژمارەى قوتابخانە حکوومێکان (قوتابخانەى ڕەشیدى) لە ٢٥٠ قوتابخانەوە هەڵکشا بۆ ٦٠٠ قوتابخانە، هەروەها خوێندنگەى ناوەندى لە (٥ خوێندنگەەوە گەیشتە ١٠٤) خوێندنگە، فراوانبوون و بڵاوبوونەوەی بە شێوەیەکى ئاشکرا لە ولایەتە عارەبێکاندا خوێندنگاکان دەبینرا، بەمشێوەیە دەتوانرا پیاوانى عەشایەر لە ژێر کاریگەرى هەرێمەکاندا کۆبکرێنەوە، لە ڕاستییدا پاشئەوەى کۆرسێکى خوێندنى دوورودێژو توندوتۆڵیان تەواودەکرد، دواتر خوێندکاران ڕاستەوخۆ ڕەوانەى ئەکادیمیاى سەربازى و مەدەنى دەکران ، توێژینەوەکەى جانیکا دەریخستووە ژمارەیەکى زۆرى ئەو خوێندکارانەى لە هەرێمەکانەوە دەهاتن لەقوتابخانەى خزمەتى شارستانیەتدا دەگیرسانەوە، لەڕاستییدا داخستنى قوتابخانەى عەشایەر پەیوەست نەبوو بە کۆتا ئەنجامى چاوەڕوانکراو لەسەر قوتابخانەکە.
تۆمارى قوتابخانەکە پێویستە پێوەرێک بێت بۆ مەوداى سەرکەوتنى قوتابخانەکە لە دامەزراندنى پیاوانى عەشایەر وەک دەستەبژێر و کەسانێک کە توانای پشتگیرى دەوڵەتی عوسمانیان هەبووە ، لە سێ ساڵى یەکەمداقوتابخانەکە (٨٨) خوێندکارى وەرگرت، لەو ژمارەیە (٤٥) یان ڕوویان لە خوێندنى باڵا کرد کە ئەکادیمیاى جەنگ و شارستانیەت بوون، جارى یەکەم ٢٠ خوێندکارو دووەمجاریش ١٩ خوێندکار، بینا لە سەر ئەو زانیاریانە دەتوانین پوختەى هەندێک تێبینى هەڵبگۆزین و تیشک بخەینە سەر ئەو پرسیارانە.
خشتەى ژمارە (٤)
ماوەى وەزیفى کۆتا دەرچووانى قوتابخانەى عەشایەرو ئەکادیمیاى خزمەتى شارستانى
ئەو بەڵگانەى بەردەستن ئاماژە دەکەن سیستمى پەروەردەى عەشایەرى سەرکەوتوو بوو لە پێگەیاندنى دەرچووانى و دامەزراندیان لە هەردوو بوارى سەربازى و مەدەنى، هەموو ئەو کەسانەى ڕوویان لە بوارى سەربازى کرد پلەى سەرۆک (نقیب) یان زیاتریان بە دەستهێنا، ئەوانەشى لە بوارى شارستانییدا پلەو پۆستیان وەرگرت گەیشتن بە حاکمى هەرێمەکان، بە گوێرەى توێژینەوەکەى جانیکا (١٨ کەس لە کۆى ٣١ کەس) پلەى سەرۆکى هەرێمەکانیان بە دەستهێناوە، سەربارى باسکردنى ئەو پلەو پایانە (٢)ک ەس لەو خوێندکارانە پلەى پاشایان بە دەستهێناوە و (٥) کەسیشیان بوون بە ئەندام پەرلەمان. پرسیارێک لێرەدا سەرهەڵدەدات دەربارەى پشتگیرى خوێندکارانى عەشایەرە کە لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە سەختە، بەڵگەى بەردەست بە ئاشکرا ئاماژە دەکات کە خوێندکارانى قوتابخانەى عەشایەر پشتگیرى تەواوى ئمبراتۆریاى عوسمانیان کردووە، توێژینەوەکەى جانیکا بە ئاشکرا دەریدەخات زۆرێک لە دەرچووانى قوتابخانەکە تا کۆتایی دەسەڵاتى عوسمان خزمەتی ئمبراتۆریان کردووە، وەک لە تۆمارى دەوڵەتى عوسمانییدا تۆمارکراوە. بەڵکو پشتگیرى هەندێک لە خوێندکاران بۆ دەوڵەت تا سەردەمى کۆمارى درێژەى کێشاوە بە تایبەت دەرچووانى وڵاتى لیبیا (٣) کەسیان وەزیفەیان لە دەوڵەتى تورکیاى کۆمارى وەرگرت، مانەوەیان لەو وڵاتەدا پێباشتربوو لە مانەوە لە بندەستى داگیرکەرى ئیتالیایی، (نەواف ساڵح) لە کۆتایی ژیانییدا ئەوپەڕى پێزانینى خۆیی بۆ سوڵتان عبدالحمید دەربڕیووە. پیشاندانى ئەم بەڵگانە پێچەوانەیە لەگەڵ بابەتى ئەو خوێندکارانەى پشتیان لە ئەستانە کردوو ڕوویان لە بیرۆکەى نەتەوە پەرستى عەرەب کرد، فایز غەصین (١٨٨٣- ١٩٦٨) قوتابخانەى عەشایەرى لە ساڵى ١٨٩٩ تەواوکردووە، لە توێژینەوەکەى جانیکادا تەنها کەسە (خانە)یە لە ئەکادیمیای خزمەتى مەدەنی دەرکراوە، بە گوێرەى گێرانەوەیەکیتر بە شدارینەکردنى لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران وەک نوێنەرى حکوومەت هۆکارى دەرکردنی بووە، دەرکردنى ساڵى ١٩١٢ یان ١٩١٣ بووە، بەڵام ساڵى ١٩١٣ یان ١٩١٤ پەرتوکێکى پەروەردەى نوسیووە بە هیواى گەڕانەوەى بۆ کەرتى حکوومى، کاتێک دەگەڕیتەوە بۆ دیمەشق کارى پارێژەرى لە ئەستۆ دەگرێت، تیکەڵ بە لایەنگرانى بیرۆکەى نەتەوەپەرستانى عارەب دەبێت هاوشێوەى شوکرى عەسلى و عبدالوهاب ئینگلیزى، دواتر بڵاویکردەوە کە ڕەدى کردۆتەوە تێکەڵ بەکارى حکوومەت بێت و خزمەتى دەوڵەت بکات، پاشماوەیەکى کەم لە بەشدارى کردنى دەوڵەتى عوسمانى لە جەنگى جیهانى یەکەمدا دوو کەس لە کۆمەڵەى نەتەوەپەرستانى عارەب بە نهێنى لە غەصین لێى چوونەتە پێشەوە، لە ماوەیەکى کەمدا گەیشتە پلەى لیژنەى مەرکەزى کۆمەڵە، غەصین بە شێوەى بەڵگەنەویست بەرەى عوسمانێکانى بەجێهێشت، بانگەشەى بۆ کارەکەى بەشێوەیەک دەکرد و پاساوى بۆ دەهێنایەوە کە وەها کارێک گونجاو بووە بۆ ئەو کەسانەى بێهیوا بوون لە سوڵتان و گشت هێلکەکانیان خستە سەبەتەى سوڵتانەوە دواتر مایە پووچ بوون، لە کۆتایدا ڕوویان لە نەتەوەپەرستى عارەب کرد، بێگومان ئەوکارە دەرەنجامى خوێندن و پیشەکەى غەصین بووە. قوتابخانەکە نموونەیەکى ئاشکرا و زیندووى ئاستەنگى عەشایەرە لە بەرانبەر حکوومەتدا، لە ڕێگاى قوتابخانەکەو خوێندنى حکوومەتەوە پیاوانى هۆزەکان بەهاکانى دەوڵەتیان پیادە دەکرد، ئامانجى دەوڵەت گواستنەوەى بەهاکانىیبووە لە رێگاى دەرچوانى قوتابخانەکەوە بۆ هۆزەکان، کارە کە بریتیبوو ملکەچکردن بۆ قانوون لەڕێگاى باوەڕپێکردن و نموونە هێنانەوە پیادەکرا وەختایەک هۆزەکان ڕوو بە ڕووى دەبونەوەو بەرانبەرى دەوەستان، لەگەڵئەوەشدا حکوومەتى عوسمانى و ئەزموونى قوتابخانەکە نەیانتوانى بۆ ماوەیەکى دوور ئامانجى چاوەڕوانکراو بەدەستبهێنن، بەڵکو دەستکەوتەکانى کەمتر جێگاى بايەخبوون، چونکە چەند سەد کورد و عەرەبێک خوێندنى قوتابخانەکەیان تەواوکردوو لە بوارى سەربازى و مەدەنییدا پۆست و پلەى ئاست ناوەندیان بەدەستهێنا، بەهیوای دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵ سوڵتان، ڕکابەرى خوێن و هۆز هەوڵدرا گونجاندێک لە نێوان پەروەردەو وەزیفەدا پێکبهێنرێت، ئەوکارە پێویستى بە سەپاندنى دەسەڵاتى حکوومەتى ناوەندیبوو لە هەرێمە پەراوێز خراوەکانى کورد و عارەبدا، تەنانەت لەگەڵ ڕووخانى دەوڵەتى عوسمانییدا قوتابخانەکە نوونەیەکى بەرایبوو کە دەوڵەتى مۆدێرن بە نیازە خەڵکانى عەشایەر لە رێگاى سوپاو حکوومەتەوە تێکەڵ بە دەوڵەت بکات. لە هەرێمەکانیتردا ئەم هەوڵە ڕامیارییە بە سەرکەوتووى جێبەجێکرا. زانیارى دەربارەى هەندێک لەو کەسانەى کە لە قوتابخانەى عەشایەر خوێندویانە ١. نەواف کوڕى صالحى کەرخى، گەورە پیاوى هۆزى حەدیدینە لە نێوان شارەکانى حەماو حەلەبدا نیشتەجێن، گەورەى هۆزەکە لە ئێستادا کوڕەکەى (نوورى) یە لە گوندى (البویدر) دادەنیشێت. لە کتێبى عەشایەرى شام چاپى ساڵى ١٩٨٣ى ئەحمەد وەصفى لاپەڕەکانى (٥٢٤، ٥٢٥ و ٥٢٧) داهاتووە شێخ صالح ساڵى ١٢٩٧ى کۆچى لە دایکبووە، تا ساڵى ١٩٣٣ لە ژیاندابووە، لە پەرتوکى ناوبراودا بەمشێوەیە ئاماژە بۆ بن و بنەچەى کراوە ، نواف کوڕى صالح کوڕى جەرخ کوڕى ئیبراهیم. ٢. تورکى کوڕى على شێخى هۆزى (العقیدات) لە کتێبى عەشایەرى شام چاپى ساڵى ١٩٨٣ى ئەحمەد وەصفى لاپەڕەکانى (٥٨٣، ٦٣٣) داهاتووە کە شێخى ناوبراو تا ساڵى ١٩٤٢ لە ژیاندا بووە. ٣. برجس کوڕى فرحان کوڕى هدیب، گەورەپیاوى هۆزى عەنزەیە لە کتێبى عەشایەرى شام چاپى ١٩٨٣ساڵىى ئەحمەد وەصفى لاپەڕەکانى (٤٩٧، ٤٩٨) داهاتووە دواى ژینئاوایی بابى لە ساڵى ١٩٠٦ کارى سەرەک هۆزایەتى گرتۆتە دەست. ٤. محمد کوڕى سطام كو{ى جضعان کوڕى فەندى کوڕى زەید کوڕى کەنعانى تەیار.
سەرچاوە: مدرسة العشائر في أسطنبول
وەهاب حەسیب محەمەد
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە فایلی PDF کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە!