ئەنفال و کێشەی گوزارشت لە کن ڕۆژهەڵاتیەکان لە هونەری شێوەکاریدا.

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٢٠:٤٦، ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «نووسینی: '''سەردار حەمەڕەش''' وێنۆک لە بەر ئەوەی ئێمە ئاژەڵ نین و مرۆڤین، بۆیەکا ئاگییمان بە تامی شکست هەیە، ئێمە لە دەرئەنجامی شکستا زمان دەگرین و داستانی شکستی مرۆڤایەتی دەگێرینەوە بۆ نەوەکانمان، هەر ئەم خەسڵەتەیە زمانی پێ بەخ...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

Thumbnail 01.jpg

لە بەر ئەوەی ئێمە ئاژەڵ نین و مرۆڤین، بۆیەکا ئاگییمان بە تامی شکست هەیە، ئێمە لە دەرئەنجامی شکستا زمان دەگرین و داستانی شکستی مرۆڤایەتی دەگێرینەوە بۆ نەوەکانمان، هەر ئەم خەسڵەتەیە زمانی پێ بەخشیوین، لە بەر ئەوەی ئاژەڵان نازانن شکست چیە، بۆیەکا ئێمە ( بەستە – زمان) نین وەک ئەوان. دەزانین بدوێین و گوزارشت لە هەست و نەستمان بکەین، گوزارشت لە هەقیقەتی ڕووداوەکان بکەین. ئەگەر ئێمە بە جەستە لە ئەنفالدا نەژیاوین، ئەوا بێ شک لە ژیانماندا بە ئاگا هاتوینەتەوە لە دەرئەنجامی شکستێکدا، ئەگەر نا تۆ هەگبەکەت بۆشە و هیچت نیە بۆمانی بەیان بکەیت. خۆ ئەگەر تۆ تامی شکستت نەکردبێت، بۆ ساتێکیش خۆت وون نەکردبێت، ئەوا ئانفال وەک گەشتی سەیرانگایەک وەهایە بۆ تۆ، تەنها وشەیەکە بە دەم ڕێگاوە دوو بارە و سێ بارە و حەوت بارەی دەکەیتەوە وەک ئاوازێکی لاوەکی بە ىێ ئاگایی، دانشگا و شەهادەی دکتۆرایش هەرگیز ناتوانن بە ئاگات بهێننەوە.

جگە لە کوردستان لە هیچ وڵاتێکی ئەم جیهانەدا نەم بیستووە هونەرمەندێک دکتۆر بێت، ئەمەش هەستی خۆ بەکەم زانینە لە بەردەم زانستا، هەر ئەم هەستەیە دەمان خاتە تەڵەوە، دەمان خاتە هەڵەوە، چونکا لە بەر ئەوە نیە من دەخوێنم کەواتە دەتوانم ببمە هونەرمەندێک، دەتوانم گوزارشت لەهەستم بکەم بە شکڵ و ڕەنگ. بەهرەی هونەرمەندیی وەک تامی شکست لە دانشگادا فێر نابین. تۆ کە مێژووی هونەرت خوێندووە، تەکنیکی پەیکەرسازیت خوێندووە، ساڵ و سەردەمی ڕوداوەکانت لە بەر کردوون بە پێی سەردەم و کاریگەری ئابوری و سیاسی کۆمەڵگە، ئەوا ئەو زانیاریانە ناتوانن ببن بە هەستێکی هونەریی، دەتوانن مێژووی ڕووداوەکانی ئەنفالمان بۆ بگێرنەوە، بەڵام ناتوانن گوزارشت لە ئازاری ڕووداوەکان بکەن، گوزارشت لە ترس و لە گووم بوون، لە دابڕان بکەن بە شکڵ، ناتوانن ڕاڤە بۆ هەقیقەت بکەن بە شکڵ.


(وێنەی 01) کاری هونەرمەند، دکتۆر "بەیان نامی" بۆ ئەنفال
(وێنەی 01) کاری هونەرمەند، دکتۆر "بەیان نامی" بۆ ئەنفال

ئەو پەیکەرەی سەرەوە (وێنەی 01) پرۆژەی دکتۆر بەیان نامیە وەک مۆنیمۆنتێک بۆ ئەنفال، من وام دەزانی بۆ دایەنگەیەک کراوە، پێ دەچێت کاکی دکتۆر پێمان بڵێت؛ ئەنفال وەک مندالێکی ساوا وەهایە لە باوەشماندا، خۆشەویستە، یان لە دایک بونێکە، ئەی کەواتە کاکی دکتۆر لە دایک بوون چیە ؟

منداڵ و لە دایک بوون، ئازار و ڕوداوی ئەنفال نین. هیچ پەیوەندیەک ئەو وێنەیە نابەستێتەوە بە هەقیقەتی ئەنفال و ئازاری ئەنفالەوە، جگە لە کارێکی هاسان و بێ سەر ئێشە نەبێت. دەزانم وەک زۆر لە ڕۆژهەڵاتیەکان تەنگژی گوزارشتت هەس، ئەگەر منداڵیکمان خۆش گەرەکە لە بەر ئەوەی بەردەوامیی بە ژیان دەدات، بەردەوامیی بە بوون دەدات، ئەمەش بە ئەنستات و بە بێ ڕاڤەکردن بریتیە لە خۆشەویستی و شادی، بەڵام ئەنفال پێچەوانەی بوونە، گووم بوونە. بۆیەکا ئێوە وەک هەموو ڕۆژهەڵاتیەکان لە ئەشکەوتەکەی ئیفلاتوندا بەستراونەتەوە و ناتوانن رووتان وەرگێرن، ڕوداو و شکڵەکان بدەنە بەر پرسیار، بەراوردیان بکەن، بۆیە نازانن باسی جەوهەری ڕوداوەکان بکەن. بە رووکەشیی و بە بێ بیرکردنەوە لە جەوهەر، گوزارشت لە رووداوەکان دەکەن، لەبەر ئەوەی گەڕان بە دوای هەقیقەتا سەر ئێشەیە بۆ ئێوە، کاری ئێوەش لەوەڕینە، لە بەر ئەوەی فەرشی سورتان بۆ داخراوە، کەستان ڕوبەرووی دژ و ڕەخنە نابنەوە لەو سیستەمەدا. لێخوڕە دەشتە.


(وێنەی 02) ئەنساتالسیۆنی هونەرمەند عەلی ڕەزا .jpg

هەمان هەڵەی گوازارشت لە کاری ئەنساتالاسیۆنی هونەرمەند کاک عەلی ڕزا دەبینین (وێنەی 02). ووشەی ئەنستالاسیۆن بە مانای (دامەزارندن، ڕێکخستن) دێت، هونەرێکی داهێنراوی ساڵانی شەستە، بریتیە لە پرکردنەوەی شوێنێک، ژورێک، هۆڵێک باخچەیەک بە ئۆبژە، بە مەبستی ڕازاندنەوە یان دەربڕین و گوزارشتکردن لە باسێک. کاری ئەنستالاسیۆن کارێکی کاتیە، دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە و لە شوێنێکی تردا ڕێکبخرێتەوە وەک خۆی.

 وەک دەبینین لەم ئەنساتالسیۆنەدا کاکی هونەرمەند بە جل و بەرگی ڕەش، گوایە جل و بەرگی ئەنفالکراوەکانن، شکڵی کەعبەی دروستکردووە لە ناوەڕستی ساڵێکدا، دەیەوێت پێمان بلیت وەک چۆن ئیسلام کەعبە دەپەرستن، کەعبەی ئێمەی کورد ئەنفالە، یان کەعبە وەک ئەنفال پیرۆزە بۆ ئێمە. 

چواندنی ئەنفال بە کەعبە کارێکی هەڵەشەییە، گەوجیە، لەبەر ئەوەی جەوهەری کەعبە و ئەنفال یەکتری ناگرنەوە، چونکا ئەگەر کەعبە بۆ موسڵمانان پیرۆزە، خۆشەویستە، لە بەر ئەوەی بەهایەکی سپیریتوێڵی هەیە، دورە لە ئازار و ون بوون و لە ناوچوون. کەعبە بەردێکی ڕەشی پیرۆزە و لە خوداوە بۆمان هاتۆتە خوارەوە وەک دیاریەکی بە نرخ، وەهمێکە و هەقیقەتیش نیە، بۆیە دەی پەرستین، بۆیە پیرۆزە بەلامانەوە، بەڵام کاتێک ئێمە دەڵێین ئەنفال پیرۆزە و ڕیزی لێ دەگرین، یان ڕێزمان بۆ کەسانی ئەنفالکراو هەیە، بە هەمان جەوهەری ڕێز و پەرستنی کەعبە نیە، ئەوە زیاتر زمانی قسەکردنە، بە هەمان ئامانج خۆشمان ناوێت. ئەگەر هەموو ساڵێک یادی ئەنفال دەکەینەوە بۆ ڕێزگرتن لە دێهاتیە ئەنفالکراوەکان، ئەوا ئاواتە خواز نین دوبارە ببێتەوە، کاری ئەنفالکردن خۆی لە خۆیدا کارێکی پیرۆز نیە، کارێکی سپیریتوێڵ نیە، بە پێچەوانەوە تاوانێکە، پڕە لە ئازار و ئەشکەنجە، کە زمان ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات، کەواتە چۆن دەتوانیت ئەنفال ببەستیتەوە بە کەعبەوە ؟

تەنگژی ڕۆژهەڵاتیەکان لە هونەری شێوەکاریدا، گوزارشتکردنە، نازانن چۆن گوزارشت لە باسێک بکەن بە شکڵ، زۆر جاران سەرنجمان داوە زمانی ووشە وەردەگێڕن بۆ زمانی وێنە بە شکڵیکی سادە بە بێ بیرکردنەوە لە جەوهەری باسەکە، زۆر جاران وەها هەست دەکەین ئەو گوزارشتانە بریتین لە کارێکی هەڵەشەیی و بەرپەرچدانەوەی کەسێک، روداوێک، دژی ئایدیۆلۆژیەک یان کۆمەڵە کەسێک، لە کاتێکدا هونەر بریتیە لە واڵاکردنی هەقیقەت، هەڵماڵینی هەقیقەت لە ژێر روداو و شکڵی نمیاش کراو، شکڵی بە ڕووکەش. بەلام ئەوان نەک ڕوکەشی ئۆبژە و ڕوداوەکان نیشان دەدەن، ئەوا زمانی قسەکردن و نەخش تێکەڵ دەکەن، وەک ئەوەی ئیولستراسیۆن بۆ ڕستە بکەن.

ئەم کارانە هیچ پەیوەندیەکی ڕاستە و خۆ و ناڕاستەخۆیان نیە بە ئەنفال و گوزارشت لە ئەنفال ناکەن، ئەگەر لە کاری ئەنستالاسیۆنەکەدا پێ دەچێت بە بینینی جل و بەرگەکان بینەر بیر لە ئەنفال بکاتەوە بەبێ ڕاڤەیەکی ژیرانە، ئەوا ئەو منداڵە لە باوەشی ئەو ژنەدا، هیچیمان وەبیر ناخەنەوە کە پەیوەندی بە ئەنفالەوە هەبێت. ئەمیان دەیەوێت پێمان بڵێت ئەنفال وەک کەعبە پیرۆزە و ئەوی تریان پێمان دەڵێت ئەنفال وەک منداڵێک وایە لە باوەشماندا. ئەم جۆرە گوازرشتکردنانەش بەرهەمی هزری سادەن، ئەو هزرەی ناتوانێت لە پشت ئۆبژەی نمایشکەرەوە هەقیقەت ببینێت، شانۆیەکی بێ ئاگایە.

ئەمانە بەرهەمی ئەقڵی سادەن، ئەقڵی سادە ئەو ئەقڵەیە کە تەنها یەک ڕوووی روداوەکان، یەک ڕووی ئۆبژەکان دەبینێت، لە بەر ئەوەی بیرۆکەکان ڕوبەرووی دژ ناکەنەوە، هزریان ڕاستەوخۆ خۆی نمایش دەکات بە بێ شک، بە بێ ڕاڤەکردن وەک چۆن بیرۆکەکە تێپەڕیوە بە هزری هونەرمەندا. ئێمە مرۆڤی خاوەن هۆشین، ئاگایی ئەو خەسڵەتەی پێداوین کە بیرۆکەکانمان ڕوبەڕووی دژ بکەینەوە، لەبەر ئەوەی لە دایکبوونی هەر بیرۆکەیەک بە لۆژیک روبەرووی دژ دەبێتەوە، هیچ بیرۆکەیەک ناتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت ئەگەر بە دژدا تێپەڕ نەبێت، هەر بۆیەش بیرمەند و فەیلەسوفان هێندە درێژە دەدەن بە باسەکانیان، لەبەر ئەوەی بیرۆکەیەکی نوێ دەورووژێنن، تێروانینێکی نوێ، هەڵماڵینی هەقیقەتێکی نوێ، درێژەدان بە باسەکانیان بە مەبەستی بازدانە بەسەر ئەو دژانەدا کە روبەرووی بیرۆکەکانیان دەبنەوە لە هزریاندا لەبەر ئەوەی ئەوان کەسانی بەئاگان، ئاستی چەندایەتی دژەکان بەستراونەتەوە بە ئاستی ئاگایی بکەرەوە، چەندە ئەو کەسە بە ئاگا بێت هێندەش دژەکان زۆر تر دەبن. ئەوەی پێی دەڵێن:

تێز ئەنتی تێز سینتێز.

تێز بریتییە لە بیرۆکەی سەرەتایی، واتە لەدایکبوونی بیرۆکە. ئەنتی تێز بەمانی دژ دێت واتە کەسی بە ئاگا لە هەموو ڕوویەکەوە بیرۆکەکە دەداتە بەر پرسیار. سینتێز واتە دەرئەنجام، دەرئەنجامی تێپەڕبوونی بئرۆکەی سەرەتایی بە دژەبیرۆکەکاندا بە ئاگاییەوە.

واتە هیچ کارێک و هزرێکی نوێ ناتوانن بونیان هەبێت بە بی ئەوەی بە دژدا تێ نەپەڕن، دژیش لەم کارانەدا چەندەها پرسیارن روبەرووی هونەرمەند دەبنەوە؛ هەقیقەتی ئەنفاڵ چیە ؟ جەوهەری ئەنفال چیە ؟ مداڵێک لە باوەشی کەسێکدا چی دەورووژێنێت لە هزری ئێمەدا ؟ چۆن دەتوانین ئاکتی ئەنفال و کەعبە و منداڵیکی ساوا لەباوەشدا ببەستینەوە بەیەکەوە ؟ کەعبە چیە ؟ بۆچی موسڵمانان دەی پەرستن، شکڵی کەعبە لەکوێوە هاتووە ؟ بۆچی بە جل و بەرگ کەعبە دروست دەکەم ؟ کاتێك بینەر ئەم کارە دەبینێت بیر لە چی دەکاتەوە ؟ چی لەهەست و هزری ئەودا دەوروژێنم ؟ چ هەقیقەتێکم  واڵا کردووە لە ژێر ئەو کارە هونەریەوە ؟  بەڵام وادیارە ئەو هونەرمەندانە خۆیان ڕووبەڕوی هیچکام لەو پرسیارانە نەکردۆتەوە.

دەتوانین بڵێین کە ئاستی هونەرمەندانی کوردستان لە ئاستی ئەقڵی ئەو سیستەمەدایە کە حوکمڕانی دەکات. ب ئێمە کە باسی لۆژیک دەکەین مەبەستمان لە لۆژیکی هزری مرۆڤە، چونکا ئێمە ئەگەر شارەزایشمان لە هونەردا نەبێت ئەوا لۆژیکی شکڵ و وێنە کە بابەت دەئافرێنن لە نەستی هەموو تاکێکدا بوونی یە، ئەگەر کەسەکە بەئاگاش نەبێت ئەوا کارەکە کاریگەری نابێت لەسەری چونکا لە نەستیا لۆژیکی پەیوەندی نادۆزێتەوە لە نێوان شکڵەکان و بابەتەکەدا، پەیوەندی ئازاری ئەنفال بە کەعبە و منداڵێک لە باوەشدا بەو شێوەیە هیچ شتێک ناوروژێنن لەنەستی نیبەردا.